هاوڕێ تۆفیق: ئەنجامی سەرژمێری کاریگەری لەسەر ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانیش دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت، ئەنجامی سەرژمێری، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق زیاد دەکات، گوتیشی ''ئەگەر هەرێمی کوردستانیش دەستووری تایبەت بە خۆی نەبێت، بەهۆی سەرژمێرییەوە، کورسییەکانی خولی حەوتەمی پەرلەمانەکەی کەم دەبنەوە.''
ئەمڕۆ (دووشەممە، 20-11-2024) هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە هیڤیدار زانا و سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشیان کرد، سەبارەت بە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی عێراق و باشووری کوردستان زانیاریی خستەڕوو.
بەگوتەی هاوڕێ تۆفیق، ئەنجامی سەرژمێریی گشتی، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق دەگۆڕێت، ''لەبەرئەوەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە، بۆ هەر 100 هەزار هاووڵاتییەک، یەک کورسیی پەرلەمان دیاری دەکرێت.''
ئێستا پەرلەمانی عێراق 325 کورسی هەیە. هاوڕێ تۆفیق گوتی ''ئاماژەکان پێمان دەڵێن، ژمارەی دانیشتووانی عێراق نزیک دەبێتەوە لە 45 ملیۆن کەس، کەواتە بەپێی دەستوور، دەبێ 450 کورسیی پەرلەمانی بۆ دیاری بکرێت.''
پەرلەمانی کوردستان 100 کورسی هەیە. بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت، ''ئەگەر لە ماوەی خولی شەشەمدا دەستووری تایبەت بە هەرێمی کوردستان نەنووسرێت و دەنگی لەسەر نەدرێت، بێگومان دەبێ بەگوێرەی دەستووری عێراق، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان بۆ شەش ملیۆن و 700 هەزار کەس، بۆ نزیکەی 67 کورسی کەم بکرێنەوە، چونکە دەستوورەکە بۆ هەر 100 هەزار دانیشتوو یەک کورسیی پەرلەمانی دیاری دەکات.''
هاوڕێ تۆفیق ئاماژەی بەوەش کرد، رێککەوتن کراوە تیمێکی تەکنیکیی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ژووری سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەرژمێری بمێننەوە، بۆ ئەوەی ئاگاداری چۆنیێتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بن، خولەک بە خولەک ئەنجامەکان ببینن و لە سەلامەتیی رێکارەکان دڵنیاببنەوە.
ئەمڕۆ، سەرژمێریی گشتیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بڕیارە سبەی قۆناخی سێیەمی سەرژمێرییەکە، کە تۆمارکردنی زانیاریی خێزانە، کۆتایی بێت.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق:
رووداو: ئەمڕۆ بەڕێز سەرۆککۆماری عێراق لە کوێ بەشداری سەرژمێریی کرد؟ لە کوێ خۆی تۆمارکرد؟ لە بەغدا یان لە سلێمانی؟
هاوڕێ تۆفیق: بێگومان دوێنێ سەرککۆماری عێراق گەڕایەوە بۆ سلێمانی بۆ ئەوەی وەکو دانیشتووانی سلێمانی لە شاری سلێمانی لە ماڵی خۆی، لە پڕۆسەی سەرژمێری خۆی تۆمار بکات، ئەم بەیانییە تیمی سەرژمێری سەردانی ماڵی بەڕێز سەرۆککۆماریان کرد و پڕۆسەکەیان ئەنجامدا و و وێنەی پڕۆسەکەش لە پەڕەی فەیسبووک و ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتیی کۆمار بڵاوکراوەتەوە.
رووداو: سەرۆککۆمار لەگەڵ کێدا دەژیێت کاک هاوڕێ؟ ئەوەی بەڕێز محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقمان بینیم کە گوتی ''حەوت منداڵم هەیە، دایکم لەگەڵمدا دەژیێت و بەیەکەوە دەژین'' ماڵێکی قەرەباڵخن. جەنابی سەرۆککۆمار لەگەڵ کێدا دەژیێت؟ ماڵیان قەرەباڵخە؟ چۆنە؟
هاوڕێ تۆفیق: راستییەکەی ئەمە بابەتێکی زۆر تایبەتی و خێزانییە، خۆت دەزانی لەوانەیە لەباری پیشەییەوە رێگەپێدراو نەبێت باسی ژیانی خەڵک بکەین، بەڵام من پەیوەندییەکی هاوڕێیەتیم لەگەڵ منداڵەکانی سەرۆکدا هەیە. ئەو دوو کوڕی هەیە، کاک ئاسۆس و کاک دێرین، هاوکات سارا خان، بەڵام هەموویان خێزانیان پێکهێناوە، منداڵی خۆیان هەیە و وەکو کوردەواری دەڵێت ''چوونەتە ماڵی خۆیان'' تەنیا خۆی و شاناز خان لە ماڵەکەدا ماونەتەوە.
رووداو: سەرژمێرییەکە تاوەکو چەند زانیاریی دروست دەخاتەڕوو؟
هاوڕێ تۆفیق: من ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشم وەکو هاوڵاتییەک، ئەگەر بیرتان بێت لە کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هەموو لایەکمان دوودڵ بووین، دەستمان لەسەر لایەکی دڵمان دانابوو کە کەمپەینی هەڵبژاردنەکە تووندە و رەنگە بارێکی نەخوازراوی لێبکەوێتەوە. بەڵام گەلی کوردستان سەربەرزییەکی گەورەی لە دیموکراسیدا تۆمارکرد. راستە هەندێک حیزبی سیاسی تانەیان هەیە لەسەر پاکوبێگەردی هەڵبژاردن، بەڵام زیاتر لە 72٪ی کوردستان کە ئەوە دەیان ساڵە نە لە عێراق نە لە کوردستان نە لە ناوچەکە، خەڵک بەو شێوەیە پێشوازیی لە دیموکراسی نەکردووە، کەرنەڤاڵێکی دیموکراسی بوو، سەربەرزییەک بوو بۆ گەلی کوردستان. ئەمڕۆش زۆر دڵخۆشم کە دەبینم بە تایبەت لە ناوچەکانی کەرکووک، دوزخورماتوو و خانەقین و ماددەی 140 وەکو خۆشتان کە ئێستا رووماڵی دەکەن، لە کەرنەڤاڵێک دەچێت، لە جەژنێک دەچێت. جا من بۆ دڵخۆشم بەمە؟ خۆت دەزانی ماوەی چەند ساڵێکە خەڵک بەهۆی ئەو کێشە دارایی و رەخنە و سەرنجانەی هەیەتی، بۆچوونێک دروستبووبوو کە خەڵک ئەوەندە هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی نەماوە و وایلێهاتبوو کە گومان لەو هەستە خاوێنە بکرێت. ئەمڕۆ بە ئاشکرا بۆمان دەرکەوت کە خەڵکی وڵاتەکەمان چەندە بەپەرۆشە بۆ چارەنووسی نیشتمانەکەی. لەگەڵ ئەوەی کە چەندە بە گلەییشە، بەڵام کە دێتە سەر خاک و نیشتمانەکەی چەند دڵێکی زیندوو و بەهێزی هەیە، ئێوە ئەو دیمەنانە دەبینن کە چەند خێزانێک لە دەوری قاپێک خواردنی کوردەواریدا کۆبوونەتەوە و هەموویان بە جۆش و خرۆشەوە چاوەڕێی ئەو کەرنەڤاڵە دەکەن. خۆتان دەزانن ئەم پڕۆسەیە بەپەلە کەوتینەوە ناوی، تۆ تێبینی بکەیت بەهۆی کەمپەینی هەڵبژاردن، بەهۆی ئەو تێبینییانەی حکومەتی هەرێم هەیبوو، خەڵک لە کاتێکدا زانی لە پڕ بوو بە قەدەخەی هاتووچۆ و ئێستا سەرژمێری دەکەین، بۆ خەڵک کتوپڕ بوو، بەڵام ئەو بابەتە ماوەی شەش مانگ بوو لە عێراقدا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرا، سەرنج و تێبینی هەبوون، سەرنج و تێبینییەکان چاککراون. بەشێکیشی ماون، بەڵام ئێمە با جارێ پەلە نەکەین، رەنگ نییە وەکو ئەو گومانەی هەمانبوو لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن، رەنگە ئەوەش پەیوەندیی هەبێ بەوەی کە هەندێک کەس بەباشی لە مەسەلەکە تێنەگەیشتنبن، من بەش بە حاڵی خۆم هەست بە مەترسی ناکەم، ئەم هەستەشم هەستێکی دەروونی نییە، بەڵکو بەهۆی ئەوەی کە بەندە بە تەواوی چوومەتە ناو پرۆسەکەوە. فۆڕم و زانیارییەکان کە گرنگن هەموو خەڵک بیانخوینێتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی کە کاربەدەستی سیاسین، میدیایین، پیاوی دەوڵەتن، بۆ ئەوەی کە هەڵوێستەکەیان هەڵوێستێکی دیراسەکراو (بەدواداچوون بۆ کراو) بێت. کاتێک دەڵێیت مەترسی بۆ خەڵکی کورد تێدا نییە، مەترسی بۆ گۆڕانکاری دیموگرافیی خەڵکی عێراق تێدا نییە، ئەمە شتێک نییە تۆ بە پێداگری بیڵێیت، دەبێت دیراسەت کردبێت (بەدواداچوونت کردبێت)، رۆیشتبیت و خوێندبێتتەوە و لێی تێگەیشتبیت. من بەو بنەمایە کە چوومەتە ناوی، هەست بە مەترسی ناکەم، کە چەند پرسیارێکی گرنگی تێدایە لێت دەپرسێت تۆ شوێنی لەدایکبوونت کوێیە؟ تۆماردەکرێت، هاووڵاتییەک لە سلێمانییە، لەدایکبوونەکەی لە رومادییە. دووەم، لێی دەپرسێت تۆ لە کەیەوە لێرەیت و بۆچی لێرەیت؟ هۆکارەکە چییە، بۆ نموونە، تیرۆرە، لەبەر ئەوەی شەڕ و ئاژاوە هەبووە، بووە بە میوان لێرە، یان لەبەر هۆکاری بژێوی. لە هەمووی گرنگتر، بۆ کەرکووک و ماددەی 140، ناوەکان کە ئێستا سەرژمێری دەکرێن، لیژنەیەک لەنێوان هەرێم و بەغدا پێکدەهێنرێت، هەڵدەستن بە بەراوردکردنی ئەو ناوانە بە سەرژمێری ساڵی 57، ئەوەی باوانی باوکە گەورەی لە تۆماری ساڵی 57دا نەبێت، ناوەکەی لەسەر کەرکووک دەسرێتەوە، دەگێردرێتەوە سەر شوێنی ئەسڵی باوانی.
رووداو: ئەمە یەکێک بوو لە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانیش وانییە کاک هاوڕێ؟
هاوڕێ تۆفیق: بەڵێ جێبەجێبووە و بووە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، چونکە چەند جارێکی دیکە لەم کەناڵەوە چەندین کەناڵی دیکەوە گوتوومانە. شاندی هەرێمی کوردستان هاتن بۆ بەغدا، داوایان لە بەڕێز سەرۆککۆمار کرد وەکو پارێزەری دەستوور کە گوێ لە سەرنج و تێبینییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت، هەموو وەزیرە کوردەکان بانگکران، سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بانگکرانە کۆشکی بەغدا، بەندەش ئامادەبوو. گفتوگۆیەکی بەرپرسیارانەی نیشتیمانی کرا و لەسەر ئەم بنەمایە، لەسەر داواکاریی هەرێمی کوردستان، بەڕێز سەرۆککۆمار بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی فیدڕاڵ لە کۆشکی بەغدا لە بارەگای سەرۆکایەتیی کۆمار کۆبوونەوەیەکی سەرۆکایەتیی رێکخست، وەزیری پلاندانانی فیدرالی، دەرەوە، دارایی و تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆی چڕوپڕ کرا، لەسەر ئەو گفتوگۆیانە، سەرۆکوەزیران بڕیاری دا کە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران چارەسەر بکرێت، کە حەوت خاڵ بوو، پاش ئەوەش ئاوی نەکرد بە دڵی خەڵکی کوردستان و هەرێمدا، بەڕێز سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم، کاخەزێکی فەرمی بۆ سەرۆکوەزیرانی فیدرال نووسی، لەسەر ئەوە بڕیارێکی دیکەش دەرچوو، چەند بڕگەیەکە، بەڵام جەوهەرییە؛ ئێمە ئێستا کە سەرژمێری دەکەین، دەبێت لەدوای رۆژی شەممە یان یەکشەممە ئەنجامی زانیارییە گشتییەکانی سەرژمێری بۆ هەموو عێراق بڵاو بکەنەوە، چی بڵاودەکەنەوە؟ من ئێستا لە سلێمانیم، بۆیە نموونە لەسەر سلێمانی دەهێنمەوە. دەڵێت، پارێزگای سلێمانی بە هەموو پێکهاتە کارگێڕییەکەی، بۆ نموونە دوو ملیۆن و حەوت سەد هەزار کەسە، لەو ژمارەیە ئەوەندەی نێرە، ئەوەندەی مێیە و لە ئەوەندە سەرخێزانە پێکهاتوون. واتا زانیارییە گشتییەکانی ژماردنی هەموو خەڵکی عێراق بڵاودەکەنەوە. بەڵام هی کەرکووک و ناوچەکانی ماددەی 140، بەپێی ئەو بڕیارە تازەیەی ئەنجوومەنی وەزیران، نابێت بڵاوبکرێتەوە و نرخی یاسایی نییە، بۆچی؟ گەرەنتی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، واتا ئەگەر لە یەکشەممە پابەند نەبوون و ئەو ئەنجامەیان بڵاوکردەوە، کورد دەتوانێت لە دادگەی فیدڕاڵی تانەی لێ بدات کە ئەوە پێشێلکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بەپێی پەیڕەوەی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران، بەپێی دەستوور، بەهای قانوونی و هێزی قانوونی هەیە و جۆرێک لە پارێزبەندییە بۆ ناوچەکانی ماددەی 140.
رووداو: کێشەی ئەمنیی و تەکنیکی لەماوەی دوو سێ رۆژی رابردوو زۆر دروست بوو، نموونە شەو رێگەنەدەدرا خەڵک بگەڕێنەوە کەرکووک، خێزانێکی زۆر نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانی ماددەی 140 و دەوروبەری، ئەمە چۆن چارەسەر دەکرێت؟ نموونە من کەرکووکیم لە هەولێرم، ئەمڕۆ لێرە دەتوانم بە خەڵکی کەرکووک خۆم سەرژمێر بکەم؟ خۆم تۆماربکەم؟
هاوڕێ تۆفیق: سوپاست دەکەم کە ئەو پرسیارەت کرد، ئێمە بە هەموو خەڵکی کوردستانمان دەگوت بڕۆنەوە بۆ شوێنی خۆتان بۆ کەرکووک، خانەقین، دوزخورماتوو. ئەگەر نەشڕۆیتەوە بەپێی ئەوەی کە چەسپێندراوە، تۆ لە هەرکوێ بیت، خەڵکی هەر کوێ بیت تۆمارت دەکەن، دواتر کە بەراوردی دەکەن، پرۆسەیەکیان هەیە بە ناوی ''بەراوردکردن''، کە گواستنەوە و بڕینی زانیارییەکانە، نموونە من خەڵکی کەرکووکم، نەمتوانیوە دوێنی بڕۆمەوە بۆ کەرکووک، بەڵام بەڵگەنامەم پێیە، کارتی نیشتمانیم پێیە کە نووسراوە کەرکووک، هەروەها کارتی زانیاری و نیشتەجێبوونم پێیە کە نووسراوە کەرکووک، لە سلێمانیم. کاتێک تیمەکان دێن من لەسەر کەرکووک تۆماردەکەن، لێم دەپرسن، ''تۆ لەکەیەوە لە سلێمانیت، بۆچی لێرەیت؟'' من لێرەوە داوا لە هەموو خەڵک دەکەم بۆ ئەوەی کێشەی یاساییان تووش نەبێت، ئەگەر خەڵکی کەرکووک، خانەقین و خورماتوو بیت، نابێت وەکو کەسێکی هەمیشەیی لێرە خۆت پیشان بدەیت، بەڵکو دەبێت پێی نیشان بدەیت کە تۆ ماوەی ساڵێکە یان دوو ساڵە لێرەیت، لەبەر هۆکاری تیرۆر، لەبەر هۆکاری بژێوی، لەناو فۆرمەکە ئەو پرسیارەی تێدایە لێت دەپرسن. ئەمە بەس بۆ کەرکووک نییە بۆ هەموو شوێنەکانی دیکەیە، نموونە هاووڵاتییەکی عەرەب لە سلێمانییە، لێی دەپرسن تۆ بۆ لە شارەکەی خۆت نیت هۆکارەکەی چییە؟ بۆیە ئەوانەی کە نەیانتوانیوە بچنەوە بۆ کەرکووک، خانەقین و خورماتوو، کە بەشێکی زۆریان لە سلێمانین لە دەوروبەری هەولێرن، ئەوانەی کات نەماوە و سنوورەکان داخراوە و ناتوانن بگەڕێنەوە، بێگومان تۆماردەکرێن و دواتر ناوەکانیان و زانیارییەکانیان کە پێی دەگوترێت ''قەتعی بەیانات'' واتا بڕینی زانیاری، ئەمەی بۆ دەکەن و دەیگەڕێننەوە سەر شوێنەکەی خۆی. بەڵام کاتێک ئێمە لە رۆژانی رابردوو بە خەڵکمان دەگوت بڕۆنەوە، دەمانگوت نەکا ئەو لیژنەیە کارەکانی بەباشی بەڕێوەنەبات و بەپیشەیی کارنەکات، با ئەو سەرکێشیە نەکەین. ئەگەرنا بەپێی ئەسڵی لایەنی تیۆری، بەپێی رێنماییەکان کە پلانی بۆ دانراوە، پێویست ناکات بچیتەوە بۆ شوێنی خۆت، من لە بەغدام، بەڵام کارتەکەم نووسراوە سلێمانی، لەوێ تۆمارم دەکەن و دەمخەنەوە سەر سلێمانی. تۆ لە دهۆکیت بەڵام خەڵکی ئەنباریت، پێویست ناکات بچیتەوە بۆ ئەنبار، بەڵام خەڵک ترسی هەبوو، ترسێکی دیکەشی هەبوو کە ئەمە ببێتە بنچینە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، بۆ نموونە بەتایبەتی لە کەرکووک، ئەوەی لە سەرژمێری 2024 بەشداریی کردووە، ئەوە بکرێتە بنچینە بۆ تۆماری دەنگدەران، مادام تۆ لە 2024 بەشداریت نەکردووە، مافی بەشداریی هەڵبژاردنت نییە لەسەر بازنەی کەرکووک، ئەمە وەکو پێشبینی و گریمانە، ئەگەرنا ئێستا، هیچ یەکێک لەم شتانە لە پرۆسەکە بوونی نییە. تەنانەت شتێکی دیکە دەڵێن کە پەیوەندیی بە بەغدای پایتەختەوە هەیە، دەمەوێت بیڵێم، کە ئەمە زیاتر پەیوەندیی بە خوشک و برا مەسحییەکانمانەوە هەیە، پەیوەندیی بە خوشکوبرایانی عەرەبەوە هەیە، چونکە خوشک و برایانی عەرەب کە لە هەرێمی کوردستان دەژین، فێری کوردییەکی شیرین بوون، لەگەڵ کولتوورەکانمان راهاتوون و گوێ لە کەناڵەکانمان دەگرن، بوون بە بەشێک لە کولتووری ئێمە. ئێستا ژمارەی دانیشتووانی بەغدا زۆر زیادی کردووە، بووە بە نۆ ملیۆن وەکو باسیدەکەن، مەترسییەک هەیە کە ئەو کەسانەی خەڵکی بەغدان و لە شارەکەی خۆیاندا نەبن لەوانەیە عێراق لە چوار پێنج ساڵی داهاتوودا بڕیارێک دەربکات وەکو جارانی پێشوو، ئەوەی کە لە سەرژمێری 2024 لە بەغدا نەبووە، بۆی نییە لە بەغدا خانوو دروست بکات، چونکە هەموو خەڵکی شوێنەکانی دیکەی عێراق دەڕۆن بۆ بەغدا و بەغدا بە ئەندازەیەک گەورە بووە، بەهۆی کێشەی هاتووچۆ، خزمەتگوزاری و ژیان شارەکە خنکێندراوە. بۆیە لەوانەیە دەوڵەت لە داهاتوودا ئەم پلانە جێبەجێبکات. هەرچەندە ئێستا کات نەماوە، واباشتر بوو ئەوانەی کە خەڵکی بەغدان و لە شارەکانی دیکەن، بگەڕێنەوە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی لە داهاتوودا رووبەڕووی ئەو کێشەیە نەبنەوە.
زانیارییەکی دیکەش بڵێم، هەرچەند من داوای لێبووردن دەکەم، دەمەوێت یەک دوو شتی تەکنیکیش بڵێم؛ یەکەم بەپێی ئەو پلانە هونەرییەی کە داندراوە، هەرچەند من هونەری نیم، بەڵام بەباشی بەدوایدا چووم، لە نێوان 100 بۆ 120 ماڵیان کردووە بە زۆنێک و یەک ژمێرکاریان بۆ داناوە، بۆ پێنج ژمێرکاریش دوو یاریدەدەریان داناوە و لەو زۆنانە دەسووڕێنەوە، کە کاریان ئەوەیە یارمەتیی هونەری و رێنمایی بدەن بە کارمەندەکان، بۆ نموونە چوونەتە ماڵێک و کێشەی ئینتەرنێتیان هەیە، یان داتاکەیان نەڕۆیشتووە، بۆ نموونە لەوانەیە کارمەندەکە لەکاتی راهێناندا بە باشی هەندێک شت فێر نەبووبێت، ئەمە وەکو تیمێکی هاوکاری، کە ناویان هاوکار و یارمەتیدەرە بۆ تیمەکان هەن.
خاڵێکی دیکە، ئەوان کە ئێستا لەم دوو رۆژەدا کە سەردانی ماڵەکان دەکەن، ئەو فۆرمە دوور و درێژە پڕ ناکەنەوە کە فۆڕمێکی زۆرە، زانیاریی گشتی تێدایە، باری خێزانیی تێدایە گسکی کارەباییت هەیە، بەفرگرت هەیە، نەخۆشییەکانت چین، خانووی خۆت هەیە. ئەم رۆژانە کە دێن، تەنیا زانیاریی گشتی وەردەگرن. بۆنموونە، ناوت، چەند کەسن، سەرۆک خێزانەکە کێیە، چەند کەسی نێر و چەند کەسی مێن و رۆژانەش دووبارەی دەکەنەوە، بزانن کەسی نوێ لەدایک بووە، هیچ کەسێک مردووە؛ دواتر 13 رۆژی دیکە هەیە و لەو 13 رۆژەی دیکەدا دێن بۆ ماڵەوە و ئەو زانیارییانە پڕ دەکەنەوە.
زانیارییەکی دیکە بۆ کوردەکانی ئەورووپا و رەوەندی کوردی، زۆر پرسیار دەکەن، ئەمە زۆر گرنگە، ئێستاش کات ماوە، ئەگەر تۆ بۆ هەمیشە لە دەرەوەی وڵاتیت، من باسی ئەوە ناکەم کەسێک چووە بۆ میوانی یان نەخۆشە، ئەوە بە خەڵکی ئێرە هەژمار دەکرێت، ئەوانەی کە هەمیشەیین و لە دەرەوە دەژین، دوو رێگەیان لە بەردەمە بۆ خۆتۆمارکردن.
رێگەیەکیان چاوەڕێ بکەن دوای سێ مانگی دیکە لە رێگەی کۆنسووڵخانەکانی عێراقەوە بە هەمان پڕۆسە بە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی هونەرییەوە تۆمار دەکرێن، ئەمە بۆ هەموو خەڵکی عێراقە کە لە دەرەوە دەژین؛ بەڵام لەبەر ئەوەی کۆنسووڵخانەکانی عێراق سنووردارن، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا تۆ ئەگەر ماڵت لە میونشن بێت، دەبێ بڕۆیت بۆ فڕانکفۆرت، کۆنسووڵخانەی عێراق لە فرانکفۆرتە. واتا هەندێک جار هاووڵاتییەک لە شارێکە و لەوانەیە پێویست بکات چوار کاژێر، پێنج کاژێر بە ئۆتۆمبێل یان شەمەندەفەر بڕوات و بارگرانییەک بێت. لە ئەورووپا کارکردن و خوێندن قورسە و وەکو لای خۆمان نییە بە ئاسانی مۆڵەت وەربگریت.
رێگەی دووەم کە دەتوانن لێرە خۆیان تۆمار بکەن، دەتوانیت کارتی نیشتمانییەکەت کە دەرتهێناوە، یان ئەگەر کارتی نیشتمانیت پێ نییە، تەزکەرە و جنسییەکەت بە وەتسئەپ بە رێکوپێکی وێنەی لێ بگریت و بینێریتەوە بۆ دایکت، باوکت یان خوشک و براکەت، ئەوانیش لێرە رایدەکێشنەوە، کە تیمەکە دێت، دەڵێن ئێمە ئەمەشمان هەیە لەسەر ماڵی ئێمە بینووسە بە میوانی چووەتە [دەرەوە]، واتا ناچاری سیناریۆکە دەستکاری بکەیت، ئەگەر بڵێیت بەردەوام لەوێ دەژیت، نابێت؛ بەڵکو بۆ نموونە دەڵێیت لە ماڵی مندایە، برامە و هەر لەگەڵ ئێمە دەژیت، بەڵام بۆ گەشتوگوزار چووە بۆ دوبەی یان ئیستەنبووڵ؛ ئەوکات لەسەر ئێرە تۆمار دەکرێن. لەوانەیە ئەمە بیرۆکەیەکی ئاسان بێت بۆ ئەوەی کە داهاتوو تووشی سەختی و زەحمەت نەبنەوە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا، دوای سێ مانگی دیکە لە رێگەی کۆنسووڵخانەکانەوە لە دەرەوەی وڵات تۆمار دەکرێن.
رووداو: گەرەنتی هەیە هاووڵاتییەکی کەرکووک لە هەولێر ناوی خۆی تۆمار بکات، بەڵام دڵنیا بێت لەوەی کە لەسەر کەرکووک تۆمار کراوە؟
هاوڕێ تۆفیق: من وەڵامی ئەو پرسیارەی بەڕێزتانم دایەوە و گوتم ئێمە بە خەڵکەکە دەڵێین بڕۆنەوە بۆ ئەوەی ئەو مەترسییەەبێت، لە ئەگەری ئەوەی کە ئەو لیژنەیە کارەکانی پێکنەهات، یان بە پیشەییانە کاری نەکرد، بۆیە باسم کرد و گوتم لە چەند رۆژی رابردوودا، بەردەوام ئێمە باسی ئەوەمان دەکرد و باسی بڕگەی دووەممان کەمتر دەکرد، چونکە لەوانەیە ئەم زانیارییەی دووەم ببووایە هۆی دڵساردکردنەوەی خەڵکەکە، بەڵام ئێستا بۆیە باسی دەکەین، لەبەر ئەوەی بەشێک لە بازگەکان داخراون، مەگەر بە یارمەتیدان و کارئاسانی، ئەگەرنا لەوانەیە ئێستا گەڕانەوە قورس بێت، بۆیە ئێستا من ئەوە دەڵێم کە ئەو خەڵکانەی بۆیان نەگونجاوە بگەڕێنەوە، دڵشکاو نەبن، بێهیوا نەبن، ئەگەرنا وەکو بەڕێزت فەرمووت، دروست ئەوەیە کە خەڵک بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکەی خۆی، نەوەک هەر لەبەر ئەوەی کە لیژنەکە پێکنەهێنرێت، بەڵکو وەکو باسم کرد، لەوانەیە ئەوە بکرێت بە بنچینەی تۆماری دەنگدەرانی هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەو کاتە بڵێن چونکە تۆ لە سەرژمێرییەکەدا نەبوویت، ئەمە دەکەین بە بنچینەیەک، ئەمە بچینەیەکی دروستە بۆ تۆماری دەنگدەران.
رووداو: ژمارەی دانیشتووان، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان دەگۆڕێت؟
هاوڕێ تۆفیق: ئەمە هەواڵێکی خۆشە بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت خۆیان بەربژێر بکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ژمارەکە زۆر زیاد دەکات، لەبەر ئەوەی لە دەستووری عێراقدا دەڵێت، بۆ هەر 100 هەزار هاووڵاتییەک، ناڵێت دەنگدەر، چونکە دەنگدەر سەروو 18 ساڵە، بەڵام هاووڵاتی هەموو مرۆڤێکە، ئەوەی کە تەمەنی کاژێرێکیشە هەژمار دەکرێت. بۆ 100 هەزار کەس یەک نوێنەر دەچێتە پەرلەمان، واتا ئێستا لە سلێمانی 18 کورسیمان هەیە، بەڵام ئێمە بەپێی ئەو زانیارییانەی کە هەیە، نزیکین لە دوو ملیۆن و 900 هەزار کەس، لەو حاڵەتەدا دەبین بە 29 کورسی، واتا ئێستا پەرلەمانی عێراق 325 کورسییە، ئاماژەکان پێمان دەڵێن نزیک دەبێتەوە لە 450 کورسی و لە 20 ساڵی داهاتوودا، نزیک دەبێتەوە لە 700 کورسی، ئەوکات لە پەرلەماندا دەبێ تیروپشک بکەن، ئەگەر نا، هەر ناتوانیت قسە بکەیت، ئەمە کێشەیەکە کە بەسەر لیژنەی دەستووردا تێپەڕیوە و کاتی خۆی چارەسەرێکی کاتیشیان کرد، حەز دەکەم باسی ئەوەش بکەم، لە دادگەی فیدراڵی بڕیارێکیان دەرکردووە، بەپێی بڕیارەکە رێککەوتوون، (پەرلەمان) 325 کورسی بێت و زیاد و کەمی نەکەن، تاوەکو سەرژمێریی دانیشتووان دەکرێت، کەی سەرژمێریی دانیشتووان کرا، ئینجا دەست بکەن بە جێبەجێکردنی ئەو مادەیەی دەستوور، کەواتە ئەگەر سەرژمێری بکرێت، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، کورسییەکان زیاد دەبن.
بۆ پەرلەمانی کوردستان ئێستا ئەمە وەکو خۆی دەمێنێتەوە بۆ خولی داهاتوو، بۆ خولی داهاتوو (خولی حەوتەم)، پەرلەمانی کوردستان دوو بژاردەی لە بەردەمە، من باسی لایەنی دەستووری دەکەم، یەکەم ئێستا ئێمە نزیک دەبینەوە لە شەش ملیۆن و نیو (ژمارەی دانیشتووان)، ئێمە دەبین بە 65 کورسی بەپێی ئەوە، بەڵام ئێستا پەرلەمان 100 کورسییە، ئەگەر ئەمەمان بەدڵ نەبێت، دەبێ ئێمە دەنگ لەسەر دەستووری هەرێمی کوردستان بدەین، راپرسی بۆ بکەین و خەڵکەکە پەسندی بکات، ئەوکات ئێمە مافی ئەوەمان هەیە وەکو هەرێمێک لە دەستوورەکەماندا کە خەڵک دەنگیان پێداوە، پشت بە پێوەرێکی دیکە بۆ دیاریکردنی ژمارەی (کورسییەکانی پەرلەمانی) خۆمان ببەستین، ئەگەر ئەو مەسەلەیە لە دەستووری هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ نەبێت، بێگومان ئێمە ئەوکاتە دەبێ ژمارەی کورسیی پەرلەمانیش وەکو ئەوەی عێراق دیاریکردووە، هەر کورسییەک بۆ 100 هەزار کەس بێت.
رووداو: خولی داهاتوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان کەم دەبنەوە؟ ئەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی چی لێ بەسەر دێت؟
هاوڕێ تۆفیق: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دەڵێت، تاوەکو سەرژمێری دەکەن، ئێستا کە سەرژمێری کرا بڕیارەکە کۆتایی پێدێت، ئەو بڕیارە چارەسەرێکی کاتی بوو، چونکە دەیانگوت ئێمە ژمارەی راستەقینەمان لەبەردەستدا نییە. کاتێک دەڵێین 100 هەزار کەس (بۆ هەر کورسییەک)، چۆن بزانین ژمارەی راستەقینەی کەرکووک چەندە، سلێمانی چەندە، چونکە سەرژمێری نەکراوە.
رووداو: مەبەستم بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵییە کە 100 کورسی بۆ پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە، ئێستا سەرژمێری کرا، ئەگەر دەرکەوت کە (رێژەی دانیشتووان) کەمترە، دەبێ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو کورسییەکان کەم بکرێنەوە؟
هاوڕێ تۆفیق: نەخێر، ئێستا ئەم خولە دەنگدان کراوە و هەڵبژاردن کراوە، دادگەی پێداچوونەوە ئەنجامەکەی پەسند کردووە و ئێستا 100 کورسییە و تاوەکو چوار ساڵی دیکە باسی ناکەین، بەڵام کە ئێستا ئەم سەرژمێرییە دەکرێت، دەبێتە بنچینە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو (خولی حەوتەم). بۆ هەلبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دوو بژارەمان لە بەردەمە، یان بەپێی ئەو سەرژمێرییەی کە هەیە، ئێستا پێشبینی دەکەین شەش ملیۆن و 700 هەزار کەسێک بین، ئەوکات (بەپێی دەستووری عێراق)، دەبین بە 65 بۆ 67 کورسی، یان ئەگەر لەم چوار ساڵەدا پەرلەمانی کوردستان دەستووری هەرێمی کوردستان بخاتە دەنگدانەوە و دەستوور دەربکات، لە نێو دەستووری هەرێمی کوردستاندا، رێگەیەکی نوێ دیاری بکات بۆ دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکان، ئەو کات هەرێمی کوردستان سەرپشک دەبێت، بەڵام بۆ پەرلەمانی فیدراڵی کە ساڵیک و چوار مانگی ماوە، ئەم سەرژمێرییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە پەرلەمانی عێراق لە 325 کورسییەوە، نزیک ببێتەوە لە زیاتر لە 435 بۆ 450 کورسی، واتا بۆ هەر 100 هەزار کەسێک، کورسییەک زیاد دەکات.
رووداو: ئەنجامی سەرژمێری کاریگەری لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی نێوان بەغدا و هەولێریش دەبێت؟
هاوڕێ تۆفیق: هەرێمی کوردستان قوربانیشی داوە، ئەوەی کە من تێبینیم کرد، تێبینی و سەرنج و دڵەڕاوکێی هەبوو، بەڵام لەبەر دوو هۆکار، ئەگەر تێبینی بکەیت ئێستا لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تاڕادەیەک لێکتێگەیشتنێکی باش هەیە، مووچە دەنێرن، بەڵام کێشەی تەوتین کە بۆچوونی جیاوازی لە نێو حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیدا کردووە، لەوانەیە ببێتە هۆکارێکی سەرەکی (بۆ چارەسەرنەبوونی کێشەکان)، ئەگەرنا لەگەڵ ئەوەی ئێستا ئێمە ناتوانین نەوت بفرۆشین، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان هەر بودجەمان بۆ دەنێرن و هەروەها ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیش بڕیاری داوە کە نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی دوو مانگ بە (تێچووی بەرهەمهێنانی) 16 دۆلار دەست بە فرۆشتن بکاتەوە و لەو دوو مانگەدا بڕۆن کۆمپانیایەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتی بهێنن، نرخاندن و خەمڵاندیان بۆ بکات، بە جۆرێک کە هەردوولا بەو نرخە نوێیە رازی بن؛ لەبەر ئەوە هەرێمی کوردستان نەیویست بایکۆتی پڕۆسەکە بکات و ئەو پەیوەندییە لەگەڵ بەغدا تێکبدات، بە کۆمەڵێک نیگەرانییەوە بەشداریی پڕۆسەکەی کرد، ئەوەش بۆ پارێزگاریکردن بوو لەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ بەغدا هەیەتی و پێموایە حکومەتی نوێ، پەیوەندییەکانی بەهێزتریش دەبێت لەگەڵ بەغدا، چونکە ئەو حکومەتەی ئێستا ماوەکەی لە رووی یاساییەوە تەواو بووە، بێگومان حکومەتی نوێش رەواییەکی یاسایی بەهێزی هەیە، پەرلەمانێکی هەڵبژێردراوی بەهێزیش دەبێت کە ئەمانە دەبن بە پشتیوانییەکی بەهێز، بۆ حکومەتی نوێ و لە بەردەم بەغدا بەهێزی دەکات.
رووداو: ئایا سەرژمێرییەکە بە ئۆنڵاین کرابووایە باشتر نەبوو؟
هاوڕێ تۆفیق: لە قسەکانتدا وەڵامی نیوەی پرسیارەکەت دایەوە، ئێستا ئەم سەرژمێرییە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی دەکرێت و ژمێرکارەکان، ئایپەدێکیان پێیە کە لە رێگەی ماڵپەڕێکەوە داتاکان داخڵ دەکەن و بە ئینتەرنێت دەیگوێزنەوە بۆ ناوەند، لە بواری هونەرییەوە زۆر پێشکەوتووە، بەڵام ئەوەی کە خەڵک خۆی بڕوات زانیاری پڕ بکاتەوە (ئەستەمە)، لەبەر ئەوەی ئێمە هاووڵاتییانی عێراقی پێشووتر سەرژمێری نەکراوین، لە ئەورووپا هەموو کەسێک کارتی نیشتمانی هەیە، کارتی بانکی هەیە و هەروەها لەبەر ئەوەی لە وڵاتەکە (عێراق) کێشەی نەتەوەیی و تایفی هەیە، ئێمە ئێستا باسی کەرکووک دەکەین، ئەوە بۆ دەوڵەتێک دەبێت کە کێشەی نەتەوەیی و تایفی تێدا نەمێنێت و بە ئاسانی دەکرێت، بەڵام لە عێراق لەوانەیە ئێستا لەم قۆناخەدا قورس بێت، بۆیە ئێستا ئەوان بەو شێوەیە دەیکەن.
بیرت دەخەمەوە، سەرژمێریی ساڵی 1957ـی پاشایەتی نزیکەی سێ مانگی پێچووە، کە ئێستا بە 20 رۆژ جێبەجێ دەکرێت، سێیەم، کاتی خۆی سێ ساڵیشی ویستووە تاوەکو زانیارییەکانیان یەکخستووە، بەڵام ئێستا دوای دوو مانگ یان سێ مانگی دیکە، ئەنجامی کۆتایی بە هەموو وردەکارییەکانەوە رادەگەیێندرێت؛ لە یەک دوو رۆژی داهاتووشدا وەکو باسم کرد، ئەنجامەکانی گشتیی، واتا ژمارەی گشتیی دانیشتووان رادەگەیێندرێت، کەواتە سیستمەکە پێشکەوتووە، ئەوەی عێراق دەیکات سیستمێکی سەرژمێریی پێشکەوتووە. بەڵام بابەتێک هەیە کە دەچێتە زانستی کۆمەڵزانی و زانستی دەروونزانییەوە، لە زانستی سەرژمێریدا، بێگومان داوای لێبووردن دەکەم، من یاساییم، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە زۆر چوومەتە قووڵایی ئەم بابەتەوە، چەند سەرنجێکی کەم پێشکێش دەکەم.
یەکەم، عێراق لە داڕشتنی ئەمە پشتی بە کۆمەڵێک پێوەری نێودەوڵەتی بەستووە و تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر هاوکاریی هونەرییان پێشکێشی عێراق کردووە، دەمێکە لە عێراق سەرقاڵی ئەم پڕۆسەیەن، بەڵام ئێمە لەبەر کەمپەینی هەڵبژاردن بایەخێکی ئەوتۆمان پێنەداوە، من رەخنەیەکیشم هەیە، رەخنەکەم لە حکومەت نییە، بە پلەی یەکەم رەخنەکەم لە خۆمانە، لە زانکۆکانمان، ئێمە چەند کۆلێژی ئامارمان هەیە، چەند ناوەندی توێژینەوەمان هەیە، لەوانەیە هەموومان فێربووبین بە سەرپێیی قسە بکەین، واتا خەڵک و ئەو ناوەندە توێژینەوانە تاقەتیان نەبووە بچن کلیکی فۆڕمەکە بکەن (دایبەزێنن) کە سێ بۆ پێنج مانگە داندراوە، بۆ ئەوەی لانیکەم بیخوێنیتەوە.
جۆرێک هەیە لە ئامار کە بەدەستهێنانی ئاماژەیە، لەبەر ئەوەی هۆکاری کولتووری هەیە، خەڵک ناچارە کە راستی نەڵێت، بۆیە ئەم جۆرە سەرژمێریکردنی ئاماژەیی بۆ وڵاتانی جیهانی سێیەم و ئەو وڵاتانە پەیڕەو دەکرێن، مەبەستم لەم قسەیە ئەوەیە کە ئەگەر بە خەڵک بڵێیت، بەدیاریکراوی هەژارە یان دەوڵەمەند، لەوانەیە راستییەکە نەڵێت، لەبەر ئەوەی هەژماری بانکی نییە ئێمە وردبینی بکەین، بەڵام لە ئەورووپا ئەم پرسیارە ناکەین، هەر لە ژمارەی بانکەکاندا دەردەکەوێت کە ئاستی بژێویی خەڵک چەندە و داهاتیان چەندە.
لەوانەیە لێرە لەبەر هۆکاری رێزگرتن لە کەرامەتی خۆی کەسێک بڵێت من زۆر باشم، بەڵام هەژاریش بێت، یان بەپێچەوانەوە لەوانەیە زۆر دەوڵەمەند بێت، بەڵام بڵێت مامناوەندم، واتا بە هۆکاری کولتووری و دەروونی زانیارییەکان بە دروستی دەرناکەون، بۆیە دێن ئاماژە وەردەگرن، بۆ نموونە دەپرسن تۆ بەفرگرت هەیە، ئەگەر تۆ بەفرگرت نەبێت، کەواتە تۆ بواری داراییت زۆر زۆر سنووردارە. لەبارەی ئەوەی کە موەلیدەی خۆتان بەکاردەهێنن یان موەلیدەی گەڕەک و کارەبای نیشتمانی پرسیارت لێ دەکات، ئەمانە بە ناڕاستەوخۆ ژمارەیەک بە دەستەوە دەدات، ئێستا زۆر کەس دەڵێت ئەم پرسیارەم بۆ لێدەکەیت، ئەوە پێشێلکردنی مافی مرۆڤە، بەڵام ئەوان رەچاوی کۆمەڵگەی عێراقیان کردووە و وا پۆلێن کراوە لەو جۆرە کۆمەڵگەیانەیە کە تایبەتمەندیی کولتووری هەیە، بۆیە داڕشتنی پرسیارەکانیان بە شێوەی ئاماژە بووە، بۆ ئەوەی رەچاوی ئەوە بکەن کە ئاماژەکان لەگەڵ هەندێک ژمارەی دیکەدا بمانگەیێنێتە راستی و رزگارمان بکات لە زانیاری دژ بە یەکدی، لە شوێنێک بڵێت، من دەوڵەمەندەم و لە شوێنێکی دیکە بڵێت بەفرگرم نییە.
رووداو: بەپێی رێککەوتنی بەغدا و هەولێر، دوای سەرژمێرییەکە لیژنەیەک لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست دەکرێت، هەر کامەیان ئەنجامی سەرژمێرییەکەیان بەدڵ نەبوو و گوتیان ساختەکاری تێدایە، دەتوانێت رەتی بکاتەوە، بەڵام کێ نێوبژیوانە لەم نێوانەدا؟
هاوڕێ تۆفیق: نەخێر. ئەو بڕگەیەی تێدا نییە بۆ ئاگاداریت و رێککەوتن نییە، بەڵکو بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە. با قسەکانمان ورد بکەینەوە، داوای لێبوردن لە بەڕێزت دەکەم، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیار لە دەوڵەتەوە، کە بایەخی یاسایی هەیە و بە شێوەی نووسراو بڵاوکراوەتەوە. ئەو بڕیارانە وەکو باسم کرد، دەرئەنجامی ئەو کۆبوونەوەی هەرێمی کوردستان بوون کە بەسەرپەرشتیی بەڕێز سەرۆککۆمار لە کۆشکی بەغدا کرا. ئەمە دەستپێشخەریی سەرۆککۆمار بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش ئاماژەی پێکراوە.
خاڵەکانت بە کورتی پێدەڵێم، یەکەم لە ناوچەکانی مادەی 140 نابێت یەک کارمەند هەڵبستێت بە پڕۆسەی سەرژمێری، بەڵکو دەبێ سێ کارمەند بن، کوردێک، عەرەبێک و تورکمانێک؛ دەقی بڕیارەکە هەیە و لە ماڵپەڕی فەرمیی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی بڵاوکراوەتەوە و ئەم بڕیارە نرخی یاسایی هەیە.
دووەم، لە نێوان وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ بە سەرپەرشتیی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ، دوای تەواوکردنی کاری سەرژمێری، ئەو لیژنەیە دادەنیشێت بۆ مادەی 140 و کەرکووک، بۆ بەراوردکردنی لەگەڵ سەرژمێریی ساڵی 1957، لەگەڵ بەراوردکردنی بە تۆماری ناوی کۆچبەرانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران.
سێیەم، پێویست دەکات لەبەر ئەوەی داتابەیسەکە لە بەغدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرنجی هەبوو کە ئاخۆ دەستکاریی ئەلیکترۆنی ناکرێت، یان ئەوەی کە پێیدەگوترێت ئاسایش، هاککردن و دەستوەردان روونادات، چۆن دڵنیاببینەوە لەوەی کە ئەو زانیارییانە بەشێوە ئەلیکترۆنییەکە بەبێ دەستکاری دەگوێزرێنەوە. بڕیار وابوو پێشووتر لە هەولێر لقێکی ئەو سەنتەرە سەرەکییە بکرێتەوە، بەڵام کات نەمابوو و رێککەوتن کە تیمێکی هونەریی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئێستا لە بەغدایە و لە یەکەم قۆناخەوە تاوەکو دوا قۆناخ لە ژووری ئۆپەراسیۆنی داتابەیس داخڵکردنی سەرەکی، دانیشتوون و خولەک بە خولەک دەیبینن.
چوارەم، رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە وەزارەتی پلاندانانیش دەست بکەن بە ئامادەکردنی دەفتەر یان تۆمارێک کە خۆیان هەیانە و ناوی ئەو خەڵکانەی تێدایە کە کۆچبەرن، ئەمە بۆ هەولێر و سلێمانی و دهۆک، بەڵام ئەو (بەغدا) بۆ هەموو عێراقی داناوە، رەخنە هەبوو 710 هەزار کەس لە خوشک و برایانی عەرەب لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەژین، بۆچی لەسەر هەولێر تۆماریان دەکەن، ئەوان رێککەوتوون و دەڵێن ئێمە ئەو رۆژە لە فۆرمەکەشدا تێیدایە ( ئەگەر) لە هەولێرە، بەڵام شوێنی لەدایکبوونی بۆ نموونە ئەنبار یان موسڵە (تۆمار دەکرێت)، ئەو لیژنەیە لەم رێگەیەوە دەیگێڕێتەوە و دەیخاتەوە سەر شوێنە بنچینەییەکەی خۆی، بەڵام لە هیچ کامە لەو بڕیارانە ئەوەی تێدا نییە کە ئەگەر سەرژمێرییەکە کرا و لایەنێک ئەنجامەکەی بەدڵ نەبوو (ئەنجامەکەی رەتبکاتەوە)؛ ئەوە دەمانبات بەرەو دوو رێگە، واتا ئەمە باس نەکراوە لە بڕیارەکەدا با بە راستگۆیی قسە بکەین. دەمانبات بەرەو دوو رێگە، رێگەیەکیان مەسەلەی تانەیە لە دادگەی دەستووری، چونکە وەکو گوتم ئەمە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە و بەهای یاسایی هەیە کە دەبێ تۆ بچیت لە دادگەی فیدراڵی ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی وەزیران کە هەیە ئەگەر پابەندێتییەکەی وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە و بەڵگەت پێیە، تانەی لێ بدەیت و بڵێیت، ئەمە بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران نییە، لەلایەکی دیکەوە، ئێمە یاسای سەرژمێریمان هەیە لە ساڵی 2008 و یاساکە هەموارکراوەتەوە، هەروەها یاسایەکی دیکەشمان هەیە کە هی دەستەی عێراقی فیدراڵییە و لە ساڵی 2023 دەرکراوە، ئەو دوو یاسایە دوو بنچینەی یاسایین و پڕۆسەی سەرژمێرییەکە بنچینەیەکی یاسایی هەیە، وەکو باسم کرد ئێمە بەهۆی پەلەپەلەوە، زۆر نەپڕژاوینەتە سەر ئەوەی کە دیوە یاسایی و دەستوورییەکەی و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەین.
دەمەوێت دێڕێک بڵێم، هەرچەند دەبێت بە درێژدادڕی، بەڵام ئێمە نابێت لە هەرێمی کوردستان وەکو گەلی کوردستان بە مەنتیقێکی نادەوڵەتی قسە لەگەڵ دەوڵەتدا بکەین، ئێستا عێراق بووژاوەتەوە، دەیەوێت تاڕادەیەک بەرەو حکومەتی ئەلیکترۆنی بڕوات، کارتی نیشتمانی بووە بە ئەلیکترونی، جۆری نوێی پاسپۆرتی عێراقی زۆر پێشکەوتووە و بووە بە ئەلیکترۆنی و مووچە بووە بە ئەلیکترۆنی و تەوتین، ئەم سەرژمێرییەش بەشێکە لە پڕۆسەی گەشەپێدانەکە، لەبەر ئەوەی ئێمەش وەکو هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان نابێت هەر بە دوو دڵیی سیاسییەوە وا لێکبدرێتەوە کە دژی گەشەپێدان و سیستماتیکین، بەپێچەوانەوە ئەم جۆرە پێشکەوتن و سیستمە بۆ ئێمە بەسوودن.