رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، بەشداریکردن لە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەرزە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر کێشەیەکی تەکنیکی دروست ببێت، تیمەکانیان توانای چارەسەرکردنیان هەیە.
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 20-10-2024 کاژێر 07:00 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی هەینی 18-10-2024 دەنگدانی تایبەت بەڕێوەچوو.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەغدا وەڵامی چەند پرسیارێکی زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لەبارەی پڕۆسەکە دایەوە.
دەقی پرسیار و وەڵامی زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو و جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق:
رووداو: چۆن دەڕواننە کەشی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان؟
جومانە غەلای: سڵاوتان لێبێت. کەشەکە بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە بەدەست من گەیشتوون، دیارە کە ئاهەنگی هەڵبژاردنە لە هەرێمی کوردستانی عێراق. بەشداریکردنێكی یەکجار زۆر هەیە. ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان 1266 بنکەی دەنگدانی کردەوە کە 6318 وێستگە لەخۆدەگرن و زیاتر لە دوو ملیۆن و 600 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان لە چوار بازنەی هەڵبژاردن مافی دەنگدانیان هەیە.
رووداو: سەبارەت بە کێشە تەکنیکییەکان، ئایا هیچ کێشەیەک لە وێستگەکانی دەنگدانی هەرێمی کوردستان هەیە؟
جومانە غەلای: هێندەی بزانم هیچ کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵام سەرەڕای ئەوە، ئامێری یەدەگ هەن و کارمەند و شارەزایانی کۆمیسیۆن لە هەموو وێستگەیەکدا هەن کە توانای چارەسەرکردنی هەر گرفت و کێشەیەکیان هەیە؛ بۆیە با دەنگدەران دڵنیابن و سەردانی بنکەکانیان بکەن، دەنگیان پارێزراوە.
رووداو: سکاڵا لە بازنەی هەڵەبجە هەیە. ئایا بە هیچ ئەنجامێك گەیشتوون؟
جومانە غەلای: هیچم نەبیستووە کە سکاڵایەک هەبێت، بەڵام با وای دابنێین سکاڵایەک هەیە. دەبێت ئەو سكاڵایە لەسەر کاخەز بێت. لە هەموو وێستگەیەک سندووق و فۆرمی ژمارە 101ی تایبەت بە سكاڵاکردن هەیە و سکاڵاکار دەتوانێت پڕی بکاتەوە؛ ئەوانەی مافی سكاڵاکردنیان هەیە تەنیا دەنگدەر و نوێنەری لایەن و پارتە سیاسییەکانن. سکاڵاکە دەبێت بەڵگەی هاوپێچ بکرێت، دواتر ئەنجوومەنی کۆمیسیاران رێکاری تایبەت بەو بابەتە دەگرێتەبەر.
رووداو: هیچ سندووقێك هەیە لە هەر چوار بازنەکە ئەنجامەکەی هەڵوەشێندرابێنەوە؟
جومانە غەلای: هێشتا پرۆسەکە تازە دەستی پێکردووە.
رووداو: مەبەستم لە دەنگدانی تایبەتە؟
جومانە غەلای: نەخێر، هەرگیز؛ ئەوە رووی نەداوە، نە لە دەنگدانی تایبەتی هەرێمی کوردستان و نە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و نە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. ئەنجامی هیچ سندووقێك هەڵنەوەشاوەتەوە؛ ئەنجام لە هیچ سندووقێك لە هیچ وێستگەیەک هەڵنەوەشێندراوەتەوە، چونکە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران سوورە لەسەر پاکی و شەفافیەتی هەڵبژاردن. رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەتی هەرێمی کوردستان 97% بوو و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست و ئەلیکترۆنی وەک یەک بوون و هیچ جیاوازییەکی تێدا نەبوو، تەنانەت ناردنی ئەنجامەکانیش لە ماوەی کەمتر لە کاژێرێك بوو؛ بۆیە پرۆسەکە لە هەموو روویەکەوە باشە. ئێمە ئێستا لەم بنکەیەکی دەنگدانین لە بەغدا کە کۆمیسیۆن لە هۆتێل رەشید کردوویەتیەوە. ئەم بنکەیە بۆ گەورە بەرپرسانە و هەروەها هەر کەسێكیش کە هەڵگری کارتی بایۆمەتریی هەرێمی کوردستان بێت مافی دەنگدانی لەم بنکەیەدا هەیە. بنکەکە لەلایەن نووسینگەی هەڵبژاردنی کەرخ و لە لایەن ئەمینداری گشتی کۆمیسیاران سەرپەرشتی دەکرێت.
رووداو: کەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن رادەگەیێندرێت؟
جومانە غەلای: پەنا بە خودا کاتێك پرۆسەی دەنگدانەکە لە کاژێر شەش کۆتایی دێت و ئامێرەکان دەکوژێنەوە، دەستبەجێ ئەنجامەکە دەنێردرێت و جیاکردنەوەی دەنگەکانیش بە دەست دەستپێدەکات و لەگەڵ ئەنجامە ئەلیکترۆنییەکە بەراورد دەکرێت و لە ماوەی 24 کاژێردا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئەنجامە بەراییەکان رادەگەیێنێت کە مافی تانەلێدانیان لەسەر نییە؛ پاشان دەست دەکرێت بە وردەکارییەکانی دیکە لەوانەش بڕیاردان لەسەر سکاڵاکان و دابەشکردنی کورسی. بەگوێرەی یاسای ژمارە یەکی هەموارکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان - عێراق پشتی بە سیستەمی هیر بەستووە کە لەسەر بنەمای دابەشکاری هەڵبژاردن کاری پێ دەکرێت؛ جۆرە میکانیزمێكی بیرکارییانەیە؛ دوای تەواوبوونی ئەو هەموو کار و وردەکارییانە، ئینجا ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن ئەنجامی کۆتایی رادەگەیێنێت کە ئەو کاتە دەکرێت تانەی لێبدرێت و لەدوای کۆتاییهاتنی ئەو پرۆسەیەش، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئەنجامی هەڵبژاردن بە فەرمی پەسند دەکات.
رووداو: ئەمڕۆ هیچ سکاڵایەکتان بە دەست گەیشتووە؟
جومانە غەلای: ئەمڕۆ نەخێر، چونکە دەزانن ئەوەی کە سکاڵایەکی هەبێت دەیکاتە نێو سندووقەکەوە و لەدوای کۆتاییهاتنی پرۆسەکە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران تەماشای سکاڵاکان دەکات و بڕیاریان لەسەر دەدات، بەڵام لە رۆژی دەستپێکردنی بانگەشەکانی هەڵبژاردنەوە تاوەکو دوێنی 19ی تشرینی یەکەم بە گشتی 55 سکاڵا تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ