وەزیری دەرەوەی بۆسنیا و هێرزگۆڤینا بۆ رووداو: کۆچبەران دەگەڕێنینەوە سڕبیا

20-09-2023
هەڤپەیڤین لەگەڵ عیلمەدین کۆناکۆڤیچ، وەزیری دەرەوەی بۆسنیا و هێرزگۆڤینیا
هەڤپەیڤین لەگەڵ عیلمەدین کۆناکۆڤیچ، وەزیری دەرەوەی بۆسنیا و هێرزگۆڤینیا
نیشانەکردن عیلمەدین کۆناکۆڤیچ کۆچبەران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی بۆسنیا و هێرزۆگۆڤینیا بە رووداوی گوت ئێستا کۆچبەران دەگەڕێننەوە سڕبیا دوای ئەوەی پشتڕاست بووەوە بەو وڵاتەدا هاتوون، روونیشیکردەوە کە ئەوان دۆخەکەیان "جڵەو کردووە" و، ئەو کۆچبەرانە ژمارەیان چەند هەزارێکە، لەکاتێکدا پێشتر دەیان هەزار بوون.
 
وەزیری دەرەوەی بۆسنیا و هێرزگۆڤینا لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ دیار کوردە، نێردراوی رووداو لە نیویۆرک سەبارەت بە پرسی کۆچبەران، پلانەکانی وڵاتەکەی بۆ بوونە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ، هەروەها پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەروەها ئێران قسەی کرد.
 
بەشێکی زۆری ئەوانەی دەیانەوێت لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لەنێویشیاندا عێراق بە قاچاخ کۆچ بکەن، بۆسنیا وەک وڵاتێکی ترانزێت بەکاردەهێنن، دواتر دەچنە وڵاتانی دیکە، لەبارەی مامەڵەکردنی ئەو وڵاتەشەوە لەگەڵ ئەو کۆچبەرانە، عیلمەدین کۆناکۆڤیچ، وەزیری دەرەوەی بۆسنیا و هێرزگۆڤینیا دەڵێ "دەتوانین بڵێین جڵەو کراوە، چونکە گەشەمان بە سیستەمی ئاسایش داوە و بەتایبەتییش لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا هاوکاری دەکەین... چەند ساڵ لەمەوپێش زۆر خراپ بوو. خەڵک زۆر بوون و نەماندەتوانی جڵەویان بکەین. دوای کۆرۆنا توانیمان دۆخەکە بخەینە ژێر رکێفی خۆمان."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵە عیلمەدین کۆناکۆڤیچ، وەزیری دەرەوەی بۆسنیا و هێرزگۆڤینا:
 
رووداو: با لەوەوە دەست پێ بکەین؛ بۆسنیا دەیەوێت ببێتە ئەندامی یەکێتییی ئەوروپا، تائێستا لە رێی بوونە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپادا بە کوێ گەیشتوون؟ 
 
عیلمەدین کۆناکۆڤیچ: ئەوە کاری لەپێشینەمانە. یەکێتیی ئەوروپا پار مانگی کانوونی یەکەم ئێمەی بۆ بوونە ئەندام بەربژێر کرد. ئێستا دەتوانین بڵێین باشتر بووین. ئەوە سەردەمێکی تازەیە بۆ وڵاتەکەمان و پێویستە ئەم دەرفەت و هەلە بقۆزینەوە.  
 
بە داخەوە بەهۆی شەڕی ئۆکرایناوە سیاسەتی فراوانکردن لەنێو یەکێتیی ئەوروپادا بەتەواوەتی گۆڕاوە، بۆیە ئێستا ئێمە ئەمەمان هەیە کە پێی دەڵێین تەکان. ئێستا هەلێکی نوێمان هەیە بۆ بەدیهێنانی ئەم 14 ئەرکە بنچینەییە لەپێشینەیە کە یەکێتیی ئەوروپا داوای لێ کردووین. ئینجا بەردەوام دەبین تاوەکو بە لایەنی کەمەوە لە یەکێتیی ئەوروپا، لە بازاڕی هاوبەش و هەندێک بەخششی دیکەی نێو سیستمی یەکێتیی ئەوروپا نزیک ببینەوە.  
 
دەتوانم بڵێم، دوای ساڵانێک کە ئێمە لە هەمان شوێندا راوەستابووین، لە سەردەمی ئەم ئەنجوومەنە تازەیەدا جووڵاین، پێنج یاسای گرنگمان لەو 14 کارە لەپێشینە بنچینەییە بەدیهێنا. هەروەها بەرنامەی چاکسازیمان گرتەبەر و کارمان لەسەر پرسی دیکەی سەر بەم 14 کارە لەپێشینەیە کرد. دوایین راپۆرت لە بارەی بۆسنیاوە دەڵێت 'ئێمە باشتر بووین'. لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمدا دەیبینین لە برۆکسل و ستراسبۆرگ زۆر دیدارمان لە بارەی فروانبوونەوە دەبێت.  
 
رووداو: ئایا هیچ کاتێکی دیاریکراو هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم 14 خاڵە کە یەکێتیی ئەوروپا داوای کردووە؟ 
 
عیلمەدین کۆناکۆڤیچ: بەداخەوە، کات دیاری نەکراوە. دەبێت لە 5 بۆ 10 ساڵدا جێبەجێ بکرێن. 20 ساڵ لەمەوپێش کۆبوونەوەیەکی گەورە لە سالۆنیک کرا کە لە ئەنجامدا تەنیا کرواتیا بووە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، وڵاتانی دیکە، وڵاتانی خۆرئاوای بەڵکان نەچوونە نێویەوە. بۆیە چەند ساڵ لەمەوپێش بابەتی فراوانکردن بە تەواوەتی راگیرا و، ئێستایش ئێمە دەرفەتێکی نوێمان هەیە. دەیڵێمەوە، بەداخەوە ئەوەش بەهۆی شەڕی ئۆکرایناوەیە، بەهۆی ئەوەوەیە ئەورپییەکان وا دەزانن رەنگە لێرە لەم بەشەی جیهاندا کێشەیان لەگەڵ کاریگەریی رووسیا هەبێت ئەگەر بەپەلە نەجووڵێنەوە و لەگەڵ وڵاتاندا دەست بە دانوستاندن نەکەن. ئێستا پێویستە ئێمە جددی بین و ئەم دەرفەتە بقۆزینەوە.  
 
رووداو: بۆسنیا دەیەوێت ببێتە ئەندامی ناتۆش. ئایا ئێوە پێشنیازتان کردووە یان هیچ شتێکتان خستووەتە سەر مێزی ناتۆ تاوەکو ببنە ئەندامی؟ با ئەمەیشی بۆ زیاد بکەم: ئایا ئەمە سەرنجی هیچ لایەکی راکێشاوە؟ 
 
عیلمەدین کۆناکۆڤیچ: ئەگەر من هەڵبژێرم، ئەوا ناتۆ وەک ئامانجی سەرەتا و کۆتایی هەڵدەبژێرم. چونکە پێموایە ئەوە بۆ بۆسنیا و هێرزگۆڤینا لە بوونە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا گرنگترە، بەڵام کێشەمان هەیە، چونکە سربیا و بەشێک لە بۆسنیا و هێرزگۆڤینا، بە ناوی کۆماری سربسکا بەتەواوەتی دژی بوونە ئەندامی ناتۆن. 
 
ئێمە لە بۆسنیا و هێرزگۆڤینا دەستوور و یاسای خۆمانمان هەیە. لە راستیدا ئێمە وڵاتی کۆدەنگیین. دەبێت هەموو خەڵک رازی بکەین، وەک سڕبەکان، بۆسنییەکان، کرۆشەکان و ئەوانی دیکە. دەبێت رازیبین و ئەگەر بمانەوێت بچینە ناتۆوە، پێویستە هەمووان دەنگ بدەن، بەڵام ئێستا سڕبەکان نایانەوێت بچنە ناتۆوە. 
 
رووداو: هۆکارەکە چییە؟ بۆچی بەوە ناڕازین؟ 
 
عیلمەدین کۆناکۆڤیچ: هۆکارەکە ئەوەیە دەڵێن 'ناتۆ لە کاتی شەڕی بۆسنە و هێرزگۆڤینادا کۆماری سڕبیای بۆردوومان کردووە'. هەروەها لەبەر کۆسۆڤۆیش. هەموویان پێیان وایە ناتۆ دۆست نییە. ئێستا واقیعە سیاسییەکە ئەوەیە کە من ببمە دڵخۆشترین پیاوی جیهان، بەڵام پێم وا نییە ببێتە واقیع. هیوادارم لە ماوەیەکی کورتدا بگۆڕێت.  
 
رووداو: ئەی رووسیا چی؟ ئایا رووسیا گوشار دەکات کە نەبنە ئەندامی ناتۆ؟ 
 
عیلمەدین کۆناکۆڤیچ: رووسیا لە ناوچەی ئێمەدا و لە بۆسنیا و هێرزگۆڤینا کاریگەریی زۆری هەیە. لە بەشێکی سەردەمی سیاسیماندا دەسەڵاتی کۆماری سربیا بە تووندی پەیوەست بوو بە رژێمی پووتینەوە. میلۆراد دۆدیک چەند هەفتە لەمەوپێش چووە مۆسکۆ و بە چەند مەدالیایەک خەڵاتی پووتینی کرد. شانازی بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ رژێمی پووتیندا دەکات. ئەویش گرفتی زۆری بۆ هەموومان لە بۆسنیا و هێرزگۆڤینا دروست کردووە. رووسیا کاریگەریی زۆری لەسەر رۆژئاوای بەڵکان داناوە. ئەوەش هیی ئەو سەردەمەیە کە ئەوروپاییەکان خەوتبوون. پێموابێت ئەو کاتە 10 ساڵ لە بۆسنیا و هێرزگۆڤینا و وڵاتانی دیکەیش هیچیان نەکرد.  
 
رووداو: هەڵوێستتان لەسەر شەڕی ئۆکراینا چییە؟ 
 
عیلمەدین کۆناکۆڤیچ: ئێمە، بە تەواوەتی لەگەڵ گەلی ئۆکرایناداین کە بەرگری لە وڵاتەکەیان دەکەن. وەک گوتم بەشێک لە بۆسنیا و هێرزگۆڤینا پەیوەستە بە رژێمی پووتینەوە و ئەوان هەوڵدەدەن بێلایەن بن، بەڵام هەموو ئەوانی دیکە بەتەواوەتی لەگەڵ ئۆکرایینییەکاندان، چونکە ئێمە دەزانین پەلامار چییە. من، لە شەڕی بۆسنیا و هێرزگۆڤینا بەرگریم لە وڵاتەکەم دەکرد. من، سەربازێکی سوپای بۆسنیا بووم. بۆیە دەزانم شەڕ چ مانایەکی هەیە. لە راستیدا ئەمە پەلاماردانی خاک و سەروەریی ئۆکراینایە. ئێمە بەتەواوەتی لەگەڵ گەلی ئۆکراینادا دەبین و هیوادارین بەرگری لە خاک و گەلەکەیان بکەن. 
 
رووداو: یەکێک لەو گرفتانەی بۆسنیا رووبەڕووی بووەتەوە کۆچە، چونکە بەشێکی زۆری ئەوانەی دەیانەوێت لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ نموونە لە عێراقەوە کۆچ بکەن، دەچنە تورکیا و پاشان لە بۆسنیا دەوەستن. ئەوان بۆسنیا وەک ترانزێت بەکاردەهێنن. دواتر دەچنە وڵاتانی دیکە. ئێوە لە ولاتەکەتاندا چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی کۆچدا دەکەن؟ 
 
عیلمەدین کۆناکۆڤیچ: دەتوانین بڵێین جڵەو کراوە، چونکە گەشەمان بە سیستەمی ئاسایش داوە و بەتایبەتییش لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا هاوکاری دەکەین. لە بەرزترین ئاستدا هاوکاری دەکەین. ئێستا لەگەڵ کرواتیا و سربیا لە بارەی وەرگرتنەوەوە هاوکاریی باشترمان هەیە و جڵەو کراوە. چەند ساڵ لەمەو پێش زۆر خراپ بوو. خەڵک زۆر بوون و نەماندەتوانی جڵەویان بکەین. دوای کۆرۆنا توانیمان دۆخەکە بخەینە ژێر رکێفی خۆمان. بەڵام هێشتا خەڵکێکی زۆر هەن کە هەوڵدەدەن بگەنە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەم رێگەیە بەکاردەهێنن کە بەنێو سربیا، بۆسنیا، هێرزگۆڤینا و کرواتیادا بەرەو ئەوروپا دەچێت. 
 
رووداو: چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەدا دەکەن کە دەگەنە بۆسنیا؟ ئایا دەیانگەڕێننەوە، یان رادەستی نەتەوە یەکگرتووەکان یان یەکێتیی ئەوروپایان دەکەن؟ چۆن ئەمە چارەسەر دەکەن؟ 
 
عیلمەدین کۆناکۆڤیچ: کەمپمان هەیە کە زۆر باش رێکخراون بۆ ئەوەی بتوانن بۆ ماوەیەک تێیاندا بمێننەوە. لە بۆسنیا و هێرزگۆڤینا نامێننەوە، ئەوان ئێرە وەک رێگەیەکی ترانزێت بەکاردەهێنن.  
 
رووداو: ئایا ئاسانکاری دەکەن؟ 
 
عیلمەدین کۆناکۆڤیچ: راستییەکەی ئێستا ئێمە دەیانگەڕێنینەوە. ئەگەر بتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە لە سڕبیاوە هاتوون، ئەوا دەیانگەڕێنینەوە بۆ سربیا. ئەگەر نەیشتوانین، ماوەیەکی کورت لە سربیا و هێرزگۆڤینیا دەمێننەوە، پاشان دەچن بۆ رۆژئاوا، بەڵام وەک گوتم، دۆخەکەمان جڵەو کردووە. ئێستا باسی چەند هەزار کۆچبەرێک دەکەین، بەڵام پێشتر دەیان هەزار بوون کە گرفتێکی گەورە بوو بۆ بۆسنیا و هێرزگۆڤینا کە سێ ملیۆن و 500 هەزار ژمارەی دانیشتووانەکەیەتی و خاکەکەی بچووکە.  
 
رووداو: جاران پەیوەندییەکی باشتان لەگەڵ ئێراندا هەبوو، بەڵام ئێستا وا دەردەکەوێت هەندێک گرفتتان بۆ دروست بووە یان ئیدی حەزتان لەو پەیوەندییە نەماوە. دەکرێت پێمبڵێیت ئێستا پەیوەندیتان لەگەڵ ئێراندا چۆنە و ئایا حەزدەکەن پەیوەندییەکی بەهێزتان لەگەڵیدا هەبێت؟ 
 
عیلمەدین کۆناکۆڤیچ: ئێمە هەرگیز ناتوانین هاوکاری هاوڕێ و براکانمان لە رۆژهەڵات لە ماوەی شەڕ لە وڵاتەکەماندا لەبیربکەین. ئەوان لەپشتمان بوون، لەگەڵمان بوون. یارمەتییان داین و هەرگیز ناتوانین لە بیری بکەین. لە هەمان کاتیشدا، ئێستا ئێمە وەک وڵاتێکی بەربژێر بۆ بوونە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، رێسای ئەوروپیمان هەیە کە دەبێت پەیڕەوییان بکەین. ئێمە رێساکانمان پەسند کردوون و پەیڕەوی لە سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەکەین. ئێمە 100٪ لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا هاوتەریبین. بۆیە دەبێت بیر لە داهاتووی بۆسنە و هێرزگۆڤینا و گەلەکەی بکەینەوە. ئێمە ئەوەمان بۆ هەندێک لە هاوڕێکانمان لە رۆژهەڵات روون کردووەتەوە، کە ناتوانین دوای سیاسەتێک بکەوین کە دەشێت هەندێک جار دڵمان بیەوێت دوای بکەوێت، بەڵام مێشکمان دەڵێت پێویستە عەقڵانی بیت و دەبێت وڵاتەکەت بپارێزیت. 
 
رووداو: ئەمە مانای وایە ئێستا هیچ پەیوەندییەکتان لەگەڵ ئێران نییە؟  
 
عیلمەدین کۆناکۆڤیچ: پەیوەندیمان هەیە. باڵیۆزخانەمان لە ئێران هەیە. پەیوەندی دەکەین. بەڵام راستییەکەی لەگەڵ ئەم رێسا ئەوروپییانەدا، لەگەڵ هەندێک راگەیەنراوی هاوبەشدا لە ستراسبۆرگ، ئێمە لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا هاوتەریب دەبین. بەڵام دووپاتی دەکەمەوە، ئێمە بە راستی ئەوە کارانە دەنرخێنین کە ئەو خەڵکە لە رابردوودا بۆ وڵاتەکەمیان کردووە.  
 
رووداو: ئەگەر پرسیارێکیش لەسەر عێراق بکەم، ئایا هیچ پەیوەندییەکتان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە؟ 
 
عیلمەدین کۆناکۆڤیچ: عێراق زۆر لە بۆسنیا و هێرزگۆڤینیا دوورە. ئێمە بە پلەی یەکەم سەرنج دەخەینە سەر ئەم پرسە بازرگانییانە، لەگەڵ ئەوەشدا کێشەیەکی گەورەی دیمۆگرافیمان هەیە. خەڵک بۆسنیا و هێرزگۆڤینا جێدەهێڵن. ئێمە لە جیهاندا لە پلەی یەکەمدا دێین. خەڵکێکی زۆرمان لەدەستداوە. سەرنجمان لەسەر ئەوەیە ژینگەیەکی باشتر بۆ خەڵکەکەمان دروست بکەین تاوەکو هەلی کار بڕەخسێنین بۆ ئەوەی لەگەڵ هەندێک لە وڵاتاندا گەشە بە ئابووری و بازرگانی بدەین. بە راستی عێراق زۆر دوورە. ئێمە هیچ گرفتێکمان لەگەڵیدا نییە. پەیوەندیمان هەیە و پەیوەندیی ئاسایی دیپلۆماتیمان هەیە، بەڵام لە لایەنی هاوکاریی ئابووری و پەروەردە و ئەو بوارانەوە هیچ شتێکی جددی نییە. بەڵام ئێمە بەشێکین لە رێسای یەکێتیی ئەوروپا و وەک بەربژێرێک بۆ بوونە ئەندامی ئەو یەکێتییە دەبێت پابەندی ئەو رێسایانە بین. 
 
رووداو: ئەی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ ئەمریکادا چۆنن؟ ئایا پەیوەندییەکی باشتان هەیە؟ 
 
عیلمەدین کۆناکۆڤیچ: ئەمریکا گرنگترین هاوبەشی وڵاتەکەمانە. من، ئەمریکا بە هاوبەشی ژمارە یەکی بۆسنیا و هێرزگۆڤینا دادەنێم. ئەوانیش لە رابردوودا زۆر یارمەتییان داوین. ئەوان  شەڕی چوار ساڵەیان لە بۆسنیا و هێرزگۆڤینا راگرت، کە بە داخەوە شەڕێکی دوورودرێژ بوو. بەڵام لە رووی دیپلۆماتییەوە من ئەمریکا بە گرنگترین هاوبەشی بۆسنیا و هێرزگۆڤینا دادەنێم و پەیوەندییەکی زۆر باشمان پێکەوە هەیە. 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە