ئیلهام ئەحمەد: لەگەڵ تورکیا لە گفتوگۆداین بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی

20-04-2025
پەیمان محەممەد
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتییەکە بەشێک لەو نەوتەی لە رۆژئاوای کوردستان دەردەهێنرێت، رادەستی دیمەشقی دەکات؛ گوتیشی، لەوانەیە تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان کۆنگرەی سیاسیی هاوبەشی لایەنە کوردییەکان ببەسترێت.
 
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە لە بووڵتەنی نیوڕۆژی ئەمڕۆ یەکشەممە 20-04-2025 پەخشکرا، رایگەیاند، ئامادەکاریی بۆ بەستنی کۆنفرانسی هاوبەشی لایەنە سیاسییە کوردییەکان کراوە و لەوانەیە تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان ببەسترێت.
 
ئیلهام ئەحمەد باسی لە راگەیێندراوی دەستووری سووریا کرد کە 13ـی ئادارى 2025، لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا واژۆکرابوو و گوتی، ''ئێمە چاوەڕێ بووین کە لە دەستپێکدا لیژنەیەک پێکبهێنرێت و هەموو لایەنەکان لەخۆبگرێت، بەتایبەتی کورد بەشدار بێت.''
 
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، نە لیژنەی نووسینەوەی دەستوور و نە حکومەتی ئێستای سووریا نوێنەرایەتیی کورد ناکەن، ''ئەوە لە ئاست چاوەڕوانیی ئێمەدا نەبوو. پێویست بوو لیژنەیەک پێکبهێندرێت کە بەپێی ماف، هەر لایەنێک نوێنەری خۆی تێدا هەبووایە، بۆ ئەوەی دەستوورێک بنووسرێتەوە کە چەند ساڵی دیکە ئێمە دووبارە ناچار نەبین بیگۆڕین، بەتایبەتی لەبارەی مافی بنچینەیی نەتەوەیی کۆمەڵگەی سووری و لە سەرووی هەمووانیشەوە مافی کورد.''
 
دەستوورەکە پێنج ساڵ کاری پێدەکرێت. کە تێیدا زمانی عەرەبی بە زمانی فەرمی و ناوی وڵاتەکەش بە کۆماری عەرەبیی سووریا نووسراوە.
 
لە تەواوی دەستوورە کاتییەکەش کە 53 مادەیە، بە هیچ جۆرێک وشەی (کورد) ئاماژەی پێنەکراوە. ئیلهام ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، ''پێویستە دەستوورێک هەبێت کە تێیدا پەروەردە بە زمانی دایک بۆ هەموو نەتەوەکانی سووریا بنەما بێت، نەوەک زمانێک بنچینە بێت و زمانێکی دیکە نا. یان زمانێک فەرمی بێت و ئەوەی دیکە نا.''
 
لەنێو حکومەتی ئێستای سووریادا تەنیا محەممەد تورکۆ، وەزیری پەروەردەی سووریا کوردە. هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا پێیوایە، محەممەد تورکۆ نوێنەرایەتیی کورد ناکات و ''وەکو کەس بەشدار بووە. دەبێت گەلی کورد خۆی نوێنەری خۆی دیاری بکات و بینێرێتە نێو حکومەت.''
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئیلهام ئەحمەد باسی لەوە کرد، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەشێک لە بەرهەمی ئەو نەوتەی کە لە رۆژئاوای کوردستان دەردەهێنرێت، دەیداتە حکومەتی سووریا. گوتیشی، ''وەزارەتی نەوت لە شام خەرجیی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوتەکە دەداتەوە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.''
 
بەگوتەی هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لەگەڵ حکومەتی سووریا لەسەر بەڕێوەبردنی بەنداوی تشرین رێککەوتوون و ''تاوەکو رادەیەکی باش بەرەوپێشەوە چووە، لە رۆژانی داهاتووشدا لەوانەیە ئامادەکارییەکان تەواو ببن و رابگەیێنرێت.''
 
بەنداوی تشرین لە 22-4-2004 لەلایەن حکومەتی سووریاوە دروستکرا. ئامانجەکەش بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بوو، ئەو بەنداوە دەکەوێتە باشووری کۆبانێ و باکووری رۆژئاوای رەققە و سەر بە پارێزگای حەلەبە. توانای گلدانەوەی 1.9 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد:
 
رووداو: بەڕێز ئیلهام ئەحمەد بەخێربێن. زۆر دڵخۆشم بۆ ئەم چاوپێکەوتنە. رێککەوتنی ئەنەکەسە و پەیەدە کەی رادەگەیێندرێت؟
 
ئیلهام ئەحمەد: ماوەیەکی زۆرە دانوستاندن لەنێوان لایەنەکاندا بەردەوامە. لەم رۆژانەی دواییدا دەبووایە کۆنفرانس بەڕێوەبچێت. ئامادەکارییەکانی کۆنفرانس بەردەوامن. ئەو بەڵگەنامەیەی لەسەر داواکارییەکانی کورد و لایەنە کوردییەکان رێککەوتوون و بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە لەگەڵ دیمەشق چاوپێکەوتن دەکەن، ئامادەیە. بۆ راگەیاندنیش گفتوگۆ و باس بەردەوامە. ئامادەکاری هەیە کە ئەم رێککەوتنە لە کۆنفرانسێکدا رابگەیێندرێت. من وا بڕوادەکەم کە ئەمەش گەیشتووەتە کاتی کۆتایی. پێویستە ئیدی رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانس رابگەیێندرێت و کۆنفرانس بەڕێوەبچێت.
 
رووداو: بەپێی بۆچوونی ئێوە کۆنفرانس کەی بەڕێوەدەچێت؟
 
ئیلهام ئەحمەد: زۆر کەم ماوە. من بڕوام وایە و هیوادارم ئەو خاڵانەی کە گفتوگۆ و باسیان لەسەر دەکرێت چارەسەر بکرێن و پێویستە لەم مانگەدا کۆنفرانس بەڕێوەبچێت.
 
رووداو: بەپێی ئەو دانوستاندنانەی لەنێوان ئەنەکەسە و پەیەدە دا هەیە، ئێوە داوای فیدراڵی لە دیمەشق دەکەن یان ناناوەندێتی؟
 
ئیلهام ئەحمەد: باشترە ئەوان خۆیان ئەم بابەتە رابگەیێنن. لە هەندێک خاڵدا رێککەوتوون. ئەو خاڵانەی کە رێککەوتوون باشترە لە رێگەی کۆنفرانسێکەوە رابگەیێندرێن. لە چوارچێوەی چارەسەری کێشەی کورد لە سووریا، چارەسەری گشتیی سووریا، لە دەستووردا مافەکانی کورد چی دەبن، مافەکانی هەموو نەتەوەکان چی دەبن؟ چ دەوڵەتێک مافی هەموو نەتەوەکان لە ناو سووریادا دەپارێزێت؟ لەسەر ئەم بنەمایە هەندێک خاڵ هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، من پێموایە خۆبەڕێوەبردن داواکاری هەر دوو لایەنە.
 
رووداو: بەڕێز ئیلهام ئەحمەد، خۆبەڕێوەبردن ناناوەندێتییە یان فیدراڵییە؟
 
ئیلهام ئەحمەد: لەوانەیە من ئێستا نەتوانم ناوێکی لێ بنێم. لە بەڵگەنامەکەدا خۆیان گوتوویانە کە دەبێت سووریایەکی نا-ناوەندی هەبێت. لەناو ئەم نا-ناوەندێتییەدا مافەکانی کورد، ناسنامەیان، زمانیان چۆن دەبن؟ ئەمانە هەموو خاڵە سەرەکییەکانی رۆژەڤن، کە هەر دوو لایەن لەناو خۆیاندا باسیان کردووە.
 
رووداو: باستان لە دەستووری سووریا کرد. دەستووری کاتیی سووریا راگەیێندرا. ئایا ئێوە بە دەستووری نوێی سووریا شۆک بوون؟ بڕواتان وایە ئەم دەستوورە لە سووریا جێبەجێ دەکرێت؟
 
ئیلهام ئەحمەد:  بەڕاستی ئێمە چاوەڕوان بووین کۆمیتەیەک دروست بکرێت، ئەو کۆمیتەیە هەمووان لەخۆبگرێت و تێیدا کوردیش هەبێت. کۆمەڵگەی سووریا کۆمەڵگەیەکی فرەڕەنگە. گەلێک نەتەوەی تێدایە. گەلێک ئایینی تێدایە و هەروەها لە هزریدا هزرێکی نەرمە. بەرامبەر بە هەموو باوەڕەکان، کولتوورەکان و پێکهاتەکان نەرمە. لەبەرئەوەش دەبووایە نوێنەرانی کۆمیتەی ئامادەکاری دەستوور هەمووانی لەخۆبگرتایە.
 
رووداو: نوێنەری کورد لەناو کۆمیتەکەدا نییە؟
 
ئیلهام ئەحمەد: نا، نوێنەری کوردی تێدا نییە و ئەمە بەپێی داواکاری ئێمە نییە. دەبووایە کۆمیتەیەکی وا دروست بکرایە. دەبوایە هەموو کەسێک بە شێوەیەکی هاوبەش بۆچوونی خۆیان لەسەر دەستوور دەربڕیبا. بۆ ئەوەی چەند ساڵێکی دیکە ناچار نەبین جارێکی دیکە ئەم دەستوورە بگۆڕین، بەتایبەتی مافە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی سووریا و بەتایبەتی هی کورد.
 
رووداو: ئیلهام خان ئێوە دەتانەوێت دەستوور چۆن بێت؟
 
ئیلهام ئەحمەد: دەبێت لە دەستووردا پەروەردە بە زمانی دایک بۆ هەموو نەتەوەکانی سووریا بنەمابێت. نابێت زمانێک بنەمابێت و ئەوی دیکە بنەما نەبێت. زمانێک فەرمی بێت و زمانێکی دیکە فەرمی نەبێت. ئەو زمانانەی لەناو سووریادا هەن، ئەو کولتوورانەی لە ناو سووریادا هەن هەموویان فەرمین. لەو شوێنەی کە لێین، لەو شوێنەی کە تێیدا دەژین فەرمین. دەبێت لە دەستووری سووریادا خاڵێکی وا هەبێت، کە کورد بتوانن بە زمانی خۆیان پەروەردە ببینن، بە زمانی خۆیان بژین. کولتووری خۆیان زیندوو بکەنەوە و بەهێز بکەن. پێویستە پشتگیری بکرێت. دەبێت دەستوور ئەم مافە بدات. لە دەرەوەش لە سیاسەتدا رۆڵ گێڕان، مافەکانی سیاسی، نەتەوەکانی سووریا هەموو بە ئازادی و سەربەستی بتوانن بەشداری سیاسەت بن و ئەم وڵاتە بەڕێوەببەن. نوێنەرەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی سووریادا هەبن. دەبێت کورد نوێنەرایەتی خۆی لە بەڕێوەبەرایەتیی سووریادا دیاری بکات.
 
رووداو: ئێستا هیچ کوردێک لە ناو حکومەتی سووریادا نییە؟
 
ئیلهام ئەحمەد:  کوردێک هەیە لە ناو حکومەتی سووریادا. وەزیری پەروەردەی سووریایە. ئەو وەک تاکەکەس بەشداربووە.
 
رووداو: ئەو لە ناو حکومەتی سووریادا نوێنەرایەتی کورد ناکات؟
 
ئیلهام ئەحمەد: دەبێت گەلی کورد خۆی نوێنەری خۆی دیاری بکات و بینێرێتە حکومەت.
 
رووداو: ئەو وەزیرە نوێنەرایەتیی کورد ناکات؟ واتە تەنیا وەک کەسێک دیاریکراوە؟
 
ئیلهام ئەحمەد: وەک کەسێک دیاریکراوە و وەک کەسێک لەوێیە. لەوانەیە هەوڵەکانی و هەڵوێستەکانی بۆ کورد باش بن. ئێمە هیچ بەمە ناڵێین. بۆ ئەوەی ئیرادەی کورد لە بەڕێوەبەرایەتیی سووریادا دیار بێت، دەبێت کورد خۆی نوێنەرەکانی خۆی دیاری بکات.
 
رووداو: ئێوە دەتانەوێت ستاتۆی رۆژئاوای کوردستان وەک هەرێمێک لە دەستووری سووریادا بناسرێت و قبووڵ بکرێت؟
 
ئیلهام ئەحمەد: ئێمە وا بیردەکەینەوە کە دەبێت سووریا، سووریایەکی نا-ناوەندی بێت. ئەم نا-ناوەندیبوونە بەرپرسیارێتی خۆی هەیە، ئەرکەکانی هەیە. ئێمە دەڵێین دەبێت ئەم ئەرکانە فراوان بکرێن. لە بواری ئابووریدا بۆ نموونە دەبێت ئەم هەرێمە خۆی تێربکات. دووەم، لە بواری ئاسایشدا ئاسایشی ناوخۆ، دەبێت ئاسایشی هەرێمی بێت. هەروەها لە مەسەلەکانی زمان و پەروەردەشدا هەرێمی بن. 
 
بەڕێوەبەرایەتییە هەرێمییەکان تەنیا بۆ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا نەبن. دەبێت لە هەرێمەکانی دیکەیش هەبن، بەڕاستی بارگرانیی دیمەشقیش سووک دەبێت هەموو شتێک ناوەندی نەبێت.
 
رووداو: دیمەشق قبووڵ دەکات هەرێمی دیکە لە سووریا هەبن؟
 
ئیلهام ئەحمەد: وا دیارە بۆچوونێکیان هەیە، بەڵام ئەو بۆچوونە شاراوەیە. ئەمە شاراوەیە لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە روون نەبووەتەوە. سەرۆکی سووریا ئەحمەد شەرع جارێک لە راگەیاندنێکدا دیاری کرد، کە ئەوان فیدراڵی قبووڵ ناکەن. بەپێی بۆچوونی من ئەمە هێشتا تەواو روون نەبووەتەوە. لەبەرئەوەی لە مەیداندا دەستوورێک هەیە پێویستە ئەوە کۆتایی بێت، یان گۆڕانکاری تێدا بکرێت. ئەم شتەی کە راگەیێندراوە پێشنووسی دەستوورە، دەستووری بنەڕەتی و کۆتایی نییە. گۆڕانکاری دەبێت تێدا بکرێت. دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت. 
 
ئەمانە گرنگن بۆ ئەوەش دەبێت کراوە بن تاکو هەم سووریا یەکێتی خۆی پارێزراو بمێنێت و هەم ئارام بێت و بتوانێت بەرەو پێش بچێت و وەک ئێستا نەمێنێت.
 
رووداو: بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان چەندە نەوت و گاز دەدات بە دیمەشق؟
 
ئیلهام ئەحمەد: من ناتوانم شتێکی دیاریکراو بڵێم، بەڵام بەپێی بەهای رەمزی کە ئەو بەرهەمە پێی دەردەچێت، ئەو خەرجانەی کە لێی خەرج دەکرێن، بەرهەمێک دەدات بە دیمەشق. هەم بۆ ئەوەی بارودۆخی خەڵکی سووریا باش بێت بەتایبەت بۆ خەڵکی سووریا، هەم بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی بیر لەوە بکاتەوە رێگا بۆ چارەسەری بکاتەوە. رێگای رێککەوتنەکانی داهاتوو ئاسان بکات، ئەوان دەتوانن چۆن بەرەو پێش بکەون و لەسەر ئەمەش بیر بکەنەوە.
 
رووداو: لە بەرامبەر ئەو بەرهەمەی کە دەردەهێنرێت، دیمەشق خەرجییەکانی گاز و نەوتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەدات؟
 
ئیلهام ئەحمەد: بەڵێ بەو بەهایەی کە دروست دەکرێت.
 
ڕووداو: من تێنەگەیشتم.
 
ئیلهام ئەحمەد: من گوتم دەکرێت.
 
رووداو: تاوەکو ئێستا نەکراوە؟ کێ دەیکات؟
 
ئیلهام ئەحمەد:  وەزارەتی نەوتی سووریا دەیدات بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان.
 
رووداو: لەنێوان دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا لەسەر بەنداوی تشرین رێککەوتن کراوە، چۆن جێبەجێ دەکرێت؟
 
ئیلهام ئەحمەد: ئەو رێککەوتنە تا رادەیەک باش بەرەو پێش دەچێت. 
 
ڕووداو: رێککەوتنەکە چییە؟
 
ئیلهام ئەحمەد: رێککەوتنەکە ئەوەیە کە ئەم بەنداوە لە شەڕ و ناکۆکییەکان دوور بخرێتەوە. لەبەرئەوەی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزارییە. 
خەڵک سوودی لێوەردەگرێت و ژیانیان باش دەکات. ئەوە لە شەڕ دوور بخرێتەوە و بپارێزرێت و ئاگربەست پێک بهێنرێت. لەسەر بەڕێوەبردنی گفتوگۆ دەکرێت. ئەم بەنداوە چۆن بەڕێوەدەبرێت؟ چۆن باشتر دەکەوێتە خزمەتەوە؟ لەسەر ئەمەش گفتوگۆ هەیە.
 
رووداو: دەمەوێت هەندێک زانیاری نوێ لەسەر سەرێ کانی بدەیت بە من. لەسەر سەرێ کانێ چ شتێکی نوێ هەیە؟
 
ئیلهام ئەحمەد: لەسەر ناوچە داگیرکراوەکان؛ عەفرین، سەرێ کانێ، گرێ سپی گفتوگۆ هەیە. لە رێککەوتنی دیمەشق کە کرا لەسەر گەڕانەوەی خەڵک بڕیارێک، خاڵێک هەبوو ئەو کەسانەی کە بە زۆرەملێ دەرچوون دیسان بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان. رێککەوتن هەیە، لە دیدارەکانی دواییدا بڕیار درا کۆمیتەیەک پێک بهێنرێت، لەسەر ئەم مەسەلەیە گفتوگۆ بەردەوامە. بەتایبەتی مەسەلەی عەفرین زۆر لە رۆژەڤدایە. بۆ گەڕانەوەی خەڵک کە بگەڕێنەوەو نەگیرێن، زۆرداری لەدژ نەکرێت، ئەو گرووپە چەکدارانەی لەوێ دەرچن. خەڵکی ئەو ناوچەیە لە سیستەمی ئاسایشی ئەو ناوچەیەدا جێگای خۆیان بگرنەوە. لەسەر ئەمەش بەپێی پەیمانەکە هەوڵدان هەیە، کە خەڵک بە سەلامەتی بچنەوە ناوچەکانی خۆیان.
 
رووداو: ئیلهام خان، ئایا هیچ مەترسییەک هەیە دیمەشق هێرش بکاتە سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا؟
 
ئیلهام ئەحمەد:  چ بەرژەوەندییەکیان لە هێرشدا هەیە؟ ئایا لەو هێرشە چ سوودێک دەکەن؟ پێموایە ئەمڕۆ هەموو خەڵکی سووریا بەدوای ئارامیدا دەگەڕێن. هەم لە شەڕ ماندوو بوون. هەم بەڕاستی ئیتر دەیانەوێت وڵاتی خۆیان ئاوەدان بکەنەوە. دەیانەوێت رزگاریان بێت لەوەی هەمیشە پەنابەر بن.
 
ئەو کەسانەی ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی دیمەشقدان، دەڵێن "ئێمە دژی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد دەرچووین' ئەوان وا دەڵێن. رژێمی بەعس چ خراپییەکی کردووە، چ زۆردارییەکی کردووە، ئەوان دەڵێن دژی ئەوە وەستاونەتەوە. ئەگەر دژی ئەوە وەستاونەتەوە، دەبێت بیرۆکەی خۆیان، سیاسەت، سیستەم، دانوستان بە تەواوی بەپێی ئەوە دابمەزرێنن، کە بۆ گەلی سووریا ئارامی بهێنێت و بەپێی ئەوە بیربکەنەوە. 
 
رووداو: دیمەشقیش وا بیر دەکاتەوە؟

ئیلهام ئەحمەد:  تاوەکو ئێستا دانوستاندن هەیە و ئێمە هەڕەشەیەکمان نەبینیوە. مەترسییەکی وا، دوژمنایەتییەکمان نەبینیوە. ئێمە هەوڵی هێرشمان نەبینیوە. ئێمە لە بۆچوونی ئەواندا تا ئێستا شتێکی وامان نەبینیوە، بەڵام ئەمەش دەڵێین دەبێت لە دانوستاندندا بگەین بە چارەسەرێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا. واتە دەبێت سووریای نوێ ئێمە پێکەوە ئاوەدانی بکەینەوە. دەبێت سووریای نوێ تاکڕەوی نەبێت.
 
رووداو: ئێوە ئاگادارن کە جموجوولی داعش لە عێراق زیادی کردووە؟ ئایا داعش لە سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش بەهێزبووە؟
 
ئیلهام ئەحمەد:  کاتێک هێرش لەسەر ناوچەکان هەبێت، داعش خێراتر خۆی بەهێز دەکات. ئەم هەڕەشانە هەمیشە هەن بەڕاستی. ئەو هەوڵانەی ئەوان گیراوەکانی داعش لە زیندانەکان دەربهێنن، یان لە کامپەکان، ئەو شانە و خانەکانی داعشی خەوتوو خۆیان رێکدەخەن. بۆ ئەوەش ناتوانین بە تەواوی بڵێین ئەو هەڕەشەیە بە تەواوی کۆتایی هاتووە. تەنانەت لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتی دیمەشقدان، دیمەنی کەسانێک کە بە سیمبولەکانی داعشەوە دەگەڕێن دەبینرێن لە لایەکی حومسەوە، لە لایەکی دیکەوە لە سەحرا جوولەیەکی وا هەیە. ئێمە بڕوا ناکەین داعش لە سووریا کۆتایی هاتبێت و جموجوولەکانی کۆتایی پێهاتبن.
 
رووداو: واتە مەترسی هێشتا هەیە؟
 
ئیلهام ئەحمەد: بەڵێ.
 
رووداو: لەنێوان HSD، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و تورکیادا گفتوگۆ هەیە. ئەو گفتوگۆیە راستەوخۆیە یان بە ناوبژیوانی ئەمریکایە؟
 
ئیلهام ئەحمەد: لە مەسەلەی دانوستاندا تەنانەت ئەوانەی لەگەڵ دیمەشقیش، ئەمریکا رۆڵێکی سەرەکی هەیە. ماوەیەکی درێژە هەوڵەکانیان هەمیشە هەبوون. ئێمە بڕوا دەکەین هەندێک هەنگاو هاوێژراون، بەتایبەتی بۆ ئەوەی لەنێوان ئێمە و تورکیادا ئارامی دروست ببێت، بتوانین کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەین.
 
رووداو: ئێوە دەتانەوێت لەسەر چی لەگەڵ تورکیا رێککەون؟
 
ئیلهام ئەحمەد: لەگەڵ تورکیادا بەتایبەتی بۆ ئاگربەست، کەمکردنەوەی گرژی و کۆتاییهێنان بە شەڕ دەمانەوێت رێککەوین. ئەو شتەی دەبێت بەرەو پێش بچێت، بەرەو پێش دەچێت و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بۆ ئەوەی ئەمە بەردەوام بێت، چی داوا دەکرێت، ئێمە دەتوانین چۆن هەنگاوی لەگەڵدا بنێین، لەم چوارچێوانەدا گفتوگۆ دەکرێت.
 
رووداو: ئێوە داوای ئاگربەست دەکەن؟
 
ئیلهام ئەحمەد:  ئێستا بارودۆخ باشترە، لە پێشتر باشترە، ئارامییەک هەیە، چالاکی دژبەر نین، کە ئەمەش باشە. ئێمە بە ئەرێنی دەیبینین و هیوادارین ئەمە بەردەوام بێت و کاتی نەبێت.
 
رووداو: سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە ئەنتالیا لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە. ئەو کۆبوونەوەیە بۆ رۆژئاوای کوردستان و مافەکانی کورد لە سووریا چەندە سوودبەخشە؟
 
ئیلهام ئەحمەد: هەر کەسێک، بەرپرسێک، سەرۆکێک، نوێنەرێک کاتێک کە لەگەڵ شەرع دادەنیشن، هانی دەدەن کە چارەسەری لە مافەکانی کورددا هەم لە دەستووردا، هەم لە شێوەکانی دیکەدا ببینێت. ئەمە لەگەڵ لایەنی دیکەدا ئاسوودەییەک دروست دەکات و رێگا دەکاتەوە، کە ئەوان خۆشیان تۆزێکی دیکە ئاسوودەتر و سەربەستتر دانوستاندن بکەن، بتوانن کێشەکە چارەسەر بکەن. بەتایبەتی لە باشووری کوردستان و عێراق ئەزموونێک بەرەو پێش چووە. تەنانەت ئەم ئەزموونە بەرەو پێش چووە گەلێک زەحمەتیشی بینیوە. کاتێک ئەم ئەزموونە بۆ لایەنەکەی دیکەیش دەگوترێت، هاندانێک بۆ ئەمە دروست دەبێت کە چارەسەری بکەن، جێگای سوپاسە و ئەرێنییە.
 
رووداو: لە رۆژئاوای کوردستان پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاوە پاش رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد بەهێز بووە یان لاواز بووە؟
 
ئیلهام ئەحمەد: تا ئێستا لە دانوستاندندا جیاوازییەکی گەورە دروست نەبووە، هێشتا وەک پێشتر دانوستاندن هەیە. بۆ ئەوەی دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق سەرکەوتوو بێت رۆڵێک هەیە.
 
رووداو: پەیوەندییەکانی ئێوە لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوادا باش ماونەتەوە؟
 
ئیلهام ئەحمەد: بەڵێ پەیوەندییەکان باشن و ئێمە بڕوا دەکەین، کە لەمەودوا باشتریش دەبن.
 
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چۆنە؟
 
ئیلهام ئەحمەد:  لەگەڵ هەرێمیش گۆڕانکارییەک هەیە. بەتایبەتی لە رێککەوتنی لایەنە کوردییەکاندا هەم رۆڵی هەرێم، هەم ئەو پشتگیرییەی کە کردی بە ئەرێنی و باش دەیبینین، جێگای سوپاسە. ئێمە هیوادارین تا بە ئەنجامیش بگات لەم بوارەدا خاوەنی رۆڵێکی بەهێزتر بن. بەو رادەیەی کە لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا کێشە کەم ببێتەوە، دیالۆگ بەهێزتر بێت، لە هەموو لایەنەکانەوە بەشکردن هەبێت، تەنانەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پشتگیر بن، ئێمە وای دەبینین رێگا بۆ سووککردنی باری سەر شانی کۆمەڵگای ئێمەش دەکاتەوە، ورە و هێز دەدات. ئێمە هیوادارین ئەم پەیوەندییە بەرەو پێش بچێت و بەهێزتر بێت.
 
رووداو: زۆر سوپاس 
 
ئیلهام ئەحمەد: سوپاس بۆ ئێوەش
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

فوئاد حوسێن باسی پێکهێنانی حکومەت و پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەکات: "ئەمە زەنگی مەترسییە"

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی چەندین پرسی کرد، لەوانەش پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پرسی پۆستەکانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی عێراق، ناکۆکیی لایەنە کوردییەکان و شەڕی میدیایی میدیاکانی پارتی و یەکێتی