رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرای دەکات، کە بڕیاری ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دراوە، بەڵام نیوەی ئەو بڕە خەرج دەکرێت.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاردراوە بە رەوانەکردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی پەسەندنەکردنی بودجە و کەمی پارەی کاشەوە نیوەی ئەو بڕە لە چەند رۆژی داهاتوودا خەرج دەکرێت کە دەکاتە 200 ملیار دینار.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێڕاق:
رووداو: سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە، کەی پرۆسەی هەناردەکردنەوە دەستپێدەکاتەوە؟
باسم عەوادی: خۆتان ئاگادارن هەڤپەیڤینێکی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی هەبوو لەگەڵ ژمارەیەک لە دەزگاکانی راگەیاندن، بەڕێز سەرۆکوەزیران باسی لەوەکرد کە بەمنزیکانە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان ئێمە لە کاتەکانی کۆتایداین، تەنیا چەند رێوشوێنێکی تەکنیکی ماوە، چونکە دەزانن رێککەوتن کراوە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی کە هەردوو وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانەسروشتییەکان کردوویانە کۆمەڵێک رێوشوێنی زۆر هەن، لەوانە ئێمە پێویستە هەژمار بکەینەوە و لەگەڵ بانکی ناوەندی قسەبکەین، لەگەڵ وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانەسروشتییەکان هەماهەنگی بکەین، لەگەڵ کۆمەڵێک وردەکاریی کە پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی نەوتەوە هەیە، بۆیە هەموو ئەمانە رێوشوێنن و لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا کۆتایی پێدەهێنرێت و دواتر کۆمپانیای سۆمۆ پەیامێک دەنێرێت بۆ تورکیا تا دووبارە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، ئەوەی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی باسیکردووە بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی کە لەلای وەزارەتی نەوتن لە چەند رۆژێکی کەمدا ئەم دۆسیەیە یەکلایی دەبێتەوە.
رووداو: بڕیاربوو ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەیەک بکرێت لەنێوان کڕیارانی نەوت و سۆمۆ، ئایا ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجامدرا کە پێشبینی دەکرا کڕیارانی نەوتی هەرێمی کوردستان واژۆی رێککەوتنی نوێ لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆدا بکەن؟
باسم عەوادی: من گوتەبێژم بەناوی حکومەتەوە، هەرچی پەیوەندی بە پرسە هونەرییەکانەوە هەیە و کۆبوونەوەی وەزارەتی نەوت لەگەڵ کۆمپانیاکان و مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە هەیە، یان دەتوانرێت ئاراستەی وەزارەتی سامانەسروشتییەکان بکرێت، بەڵام لەکۆی گشتی من جەخت لەوە دەکەمەوە کە حکومەتی عێراق هاندەرێکی باشی هەیە و هەمان هاندەری باش بۆ هەرێمی کوردستانیش هەیە بۆئەوەی کە نەوت هەناردەبکرێتەوە. حکومەتی ناوەندیی ئەو 400 هەزار بەرمیلەی داناوە کە بەشێکە لە رەشنووسی بودجە و هەر رۆژێک کە دوابکەوێت زیانی دەگات بە بودجە و مافەکانی هەرێمی کوردستانیش، بۆیە ئێمە هەمان هاندانمان هەیە و هەمان تێڕوانینمان هەیە بۆئەوەی کە ئەمڕۆ نەوت هەناردەبکرێت باشترە لە سبەینێ، بۆیە ئومێدمان هەیە و ئامادەکاریمان کردووە و کارەکانیش بەردەوامن بۆئەوەی بگەینە ئەو ساتەی کە بەزووترین کات رایبگەیەنین کە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێتەوە لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە.
رووداو: بەڕێز عەوادی، وەک باستکرد حکومەتی عێراق رژدە لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستانیش بە هەمانشێوە، گوتت پرسەکە تەکنیکییە؛ بەڵام لە بەشێک لە میدیا نێودەوڵەتییەکان باس لەوەدەکرێت تورکیا گرفتی هەیە لەسەر هەناردەکردنی نەوت و داوادەکات دانوستاندن لەگەڵ عێراقدا ئەنجام بدات، بەتایبەت لەو پرسەی کە پەیوەندی بە یەکلاییکردنەوەی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار هەیە، ئایا گرفتەکە لای تورکیایە کە داوای دانوستاندن دەکات لەگەڵ عێراق پێش ئەوەی کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکرێتەوە؟
باسم عەوادی: بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە پێماندراوە، پرسەکە زۆر ئاساییە، تەنانەت ئەگەر تورکیا داوای وتوێژیش بکات ئەوە هیچ کێشەیەک نییە، ئەوە فاکتەرێکی هاندانە و هەرسێ لایەن دەبێت بچنە وتوێژەوە و دەگەینە رێککەوتن. پێشتر رێککەوتنی نێودەوڵەتی هەبوون کە پەێوەندییان هەیە بە هەناردەکردنی نەوت، رێککەوتنی دووقۆڵیش هەیە لە ساڵی 1973ەوە لەنێوان تورکیا و عێراقدا واژۆکراوە و لە ساڵانی هەشتاکاندا ئەم رێککەوتنە نوێکراوەتەوە، تورکیا وڵاتێکی دراوسێیە و ئەم بابەتە بابەتێکی هەستیارە، وەک چۆن ئێمە ۆێویستمان بە سامانە سروشتییەکانە تورکیاش بە هەمان شێوە پێویستی پێیەتی، بۆیە بڕواناکەم کێشەیەکی ئەوتۆ لەم بابەتەدا هەبێت.
رووداو: گوتت رەنگە لە چەند رۆژێکدا هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە پێشبینی دەکەن ئەو ماوەیە چەند رۆژ بێت، دەزانین جەژنمان لەپێشە و ئەم چەند رۆژە پشووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەدوای جەژن هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە؟
باسم عەوادی: بەڵێ، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە هەیە باس لە چەند رۆژێکی کەمی داهاتوو دەکەین، بەڕێز سەرۆکوەزیران دەڵێت چەند رۆژێکی کەم، بۆیە ئەگەر رۆژانی پشوو ناچاری کردبین کە لە 5 شەممە تاوەکوو دووشەممەی داهاتوو لە کارەکانمان بووەستین، ئەوە بە دڵنیاییەوە لەدوای جەژن ئومێدێکی زۆر هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.
رووداو: زانیارییەکی دیکە هەیە باس لەوە دەکرێک کە پێش پشووی جەژن بەشێک لە نەوتی عەمبارکراوی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە دەکرێت، تا چەند دروستە زانیارییەکە؟
باسم عەوادی: زانیارییەکی وردم نییە لەوبارەیەوە.
رووداو: چ حکومەتی هەرێمی کوردستان و چ حکومەتی عێراق زۆر گەشبینن بە رێککەوتنیان لەبارەی دۆسیەی نەوت، ئەم رێککەوتنە تاوەکو کەیە تا پەسەندکردنی بودجە، یان تا دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز؟
باسم عەوادی: پێویستە ئەم رێککەوتننامەیە بەردەوام بێت تا ئەوکاتەی یاسای نەوتوگاز پەسەند دەکرێت، ئەمە یەکێکە لە رێککەوتننامە زۆر گرنگەکان و دەبێتە یەکێک لە یاسا گرنگەکان و عیراق پێویستر بەوەیە کە ئەم یاسایەی هەبێت، ئەگەر یاسای نەوت و گاز پەسەند بکرێت ئیتر پێویستمان بە رێککەوتن نابێت چونکە لەرێگەی یاساکەوە هەموو ئەو زانیارییانە بەردەست دەبن کە پەیوەندییان بە هەناردەکردن و هەژمارەکان و کۆمپانیا و کێڵگەکان هەیە، بۆیە ئەم رێککەوتننامەیە بەردەوام دەبێت تاکو ئەو کاتەی رێککەوتن دەکرێت لەبارەی یاسای نەوت و گازەوە.
رووداو: رۆژی سێشەممە راگەیەندرا کە حکومەتی عێراق بڕیاریداوە بڕی 400 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات، کەی ئەو پارەیە دەگاتە هەولێر؟
باسم عەوادی: ئەمە پرسێکی هونەرییە و پشت بە دامەزراوەکان دەبەستێت، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە کە 200 ملیار دینار بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان بۆ یارمەتیدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان
رووداو: بەڕێز عەوادی 200 ملیار دینارە یان 400 ملیار دینار؟
باسم عەوادی: ئەو بڕەی کە پەسەندکراوە نیوەی دەنێردرێت کە 200 ملیار دینارە.
رووداو: ئەم بڕەپارەیە وەکو چی دەدرێ بە هەرێمی کوردستان، ئایا وەکو قەرزە یان وەکو پێشینە؟
باسم عەوادی: وەک پێشینەیە، ئێمە دەزانینی راگرتنی هەناردەکردنی نەوت کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، کاتێک هەناردەکردنی نەوت دەوەستێت کۆمەڵێک کاریگەریی لێدەکەوێتەوە. هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و رێککەوتن هەیە لەنێوان لەیەنەکانی بەڕیوەبردنی دەوڵەت، بەپێی رێککەوتنەکانیش حکومەتی عێراق کۆماندەکاتەوە، ئێمە تەماشای داهاتووی نەوەکان دەکەین چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بەشێوەیەکی هاوسەنگی. مانگێک لەمەوبەر سەرۆکوەزیران لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی گوتی کە نایەوێت گوێی لە چەمکی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بێت، بەتایبەت ئەو کێشانەی کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە، هەربۆیە هەردوولا پێویستە بگەنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش و سازش بۆ یەکتر بکەن تا لەماوەی یەک ساڵدا هەموو ئەو کێشانە چارەسەربکرێن.
رووداو: ئەگەر لە پەرلەمان بودجە پەسەند نەکرێت و دوابکەوێت، ئایا حکومەتی عێراق بەردەوام دەبێت لە ناردنی ئەو بڕەپارەیەی کە مانگانە دەینێرێت بۆ هەرێمی کوردستان؟
باسم عەوادی: بودجە بەمنزیکانە پەسەند دەکرێت و هەواڵی مژدەبەخش هەیە لەبارەیەوە، لەماوەی 10 رۆژی داهاتوودا بودجە پەسەند دەکرێت دواتر کارەکان بەشێوەیەکی دروست دەڕۆن، وەک سەرۆکوەزیران زیاتر لەجارێک گوتویەتی بەرپرسیارێتی نیشتمانیمان هەیە بەرامبەر هاوڵاتییانمان لە بەغدا و هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچەکانی عێراق.
رووداو: پێشتر هەواڵەکە وابوو کە ئەو پارەیەی دێت بۆ هەرێمی کوردستان بڕەکەی 400 ملیار دینارە، بەڵام ئێستا دەڵێی 200 ملیار، بۆچی ئەو بڕە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، ئایا رێککەوتنی نوێ هەیە؟
باسم عەوادی: نەخێر رێککەوتننامەی نوێ نییە، بەڵام بەهۆی پەسەندنەکردنی بودجەوە پارەی کاش کەمە و ماوەیەکی دیکە کە بودجە پەسەنددەکرێت ئەو رێککەوتنانەی کە پابەندبوونیان تێدایە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا بەردەوام دەبن و جێبەجێ دەکرێن.
رووداو: سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەیەکی هیوابەخشی کرد کە گوتی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەرکی حکومەتی عێراقە و پابەندین بە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەگەر هەرێمی کوردستان رووبەڕووی کەمی پارە ببێتەوە پێشبینی دەکرێت کە حکومەتی عێراق هاوکاری دارایی زیاتری پێشکێش بکات؟
باسم عەوادی: جارێکی دیکە جەخت دەکەمەوە کە سەرۆکوەزیران گوتی بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەیە بەرامبەر هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان، ئێستا و لە داهاتووش هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان پێویستیان بە هەر یارمەتییەکی حکومەتی ناوەندی بێت، ئەوا بەغدا دەستبەرداری ئەرکە نیشتمانییەکانی خۆی نابێت.
رووداو: ئەگەر بودجە پەسەند بکرێت ئەم بودجەیە بۆ ساڵێکە، ئایا پارەی مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵ پێکەوە خەرج دەکرێن؟
باسم عەوادی: ئەمە پرسیارێکی گریمانەیی و هونەرییە، ئێستا شاندەکان سەردانی یەکتر دەکەن و بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن چارەسەرێک دەدۆزنەوە. نیازی باش هەیە لە هەرێمی کوردستان و لە بەغدا، ئامانجە سەرەکییەکە ئەوەیە کە هەردوولا هاوئاهەنگی بکەن بۆ چارەسەری کێشەکان بەشێوەیەکی دروست.
رووداو: ئەگەرچی بەپێی رێککەوتنەکان پێویستە لەماوەی 6 مانگدا یاسای نەوت و گاز دەربکرێت، بەڵام وەک سەرۆکوەزیرانیش گوتی رەنگە ئەو وادەیە کەمێک دوابکەوێت، پرسیارەکە ئەوەیە چاوەڕوان دەکرێت یاساکە چەند دوابکەوێت؟
باسم عەوادی: حکومەت تووشی هەندێک گرفت بوو لەوانە دابەزینی بەهای دینار کە کاریگەریی هەبوو لەسەر دواکەوتنی رەشنوسی بودجە، هەندێک وردەکاریی دیکەش هەن کە کاریگەرییان هەبوو لەسەر بەرەوپێشچوونی کارەکان، بەڵام رێککەوتنی نەوتی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بەرەوپێشچوونێکی باشە کە پێشتر نەگەیشتبووە ئەم قۆناخە و ئەگەر پابەندی رێککەوتنەکان بین لە داهاتوودا دەتوانین رێککەوتنی باشتر بکەین. پێویستە رێککەوتننامەکان بە هیچ جۆرێک پەراوێز نەخرێن و هەمووان پێوەی پابەندبن، رەنگە یاسای نەوت و گاز لە وادەی خۆی دوابکەوێت کە 6 مانگ بوو، بەڵام ئەوەش وادەکات کە بگەینە زەمینەیەکی باشتر پێکەوە.
رووداو: بەڕێز گوتەبێژی حکومەتی عێراق، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
باسم عەوادی: سوپاس بۆ ئێوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ