بەربژێری هوداپار بۆ گەورە شارەوانیی ئێلێهـ بۆ رووداو: نەژادپەرستیی جەهەپە وەک خۆی ماوە

20-03-2024
عەبدولسەلام ئاکنجی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەرکان رامانلی، بەربژێری هوداپار بۆ گەورە شارەوانیی ئێلێهـ
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەرکان رامانلی، بەربژێری هوداپار بۆ گەورە شارەوانیی ئێلێهـ
نیشانەکردن هوداپار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەربژێری پارتی دۆزی ئازاد- هوداپار بۆ گەورە شارەوانیی ئێلێهـ دەڵێت، ئەگەر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی رۆژی 31-3-2024دا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوا بایەخ بە دوو شت دەدات؛ خوێندن و پەروەردە بە زمانی کوردی و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری. 
 
سەرکان رامانلی، بەربژێری هوداپار بۆ گەورە شارەوانیی ئێلێهـ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شاری ئێلێهـ لە باکووری کوردستان لەبارەی کێشەی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پەیوەندییەکانی نێوان هوداپار و ئاکپارتی، خوێندن بە زمانی کوردی، بۆچوونی پارتی گەلی کۆماری – جەهەپە لەبارەی پرسی کورد و زۆر بابەتی دیکە قسەی کرد. 
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە خوێندن و بەکارهێنانی زمانی کوردییەوە هەیە، سەرکان رامانلی گوتی، لە ئەگەری بوونی بە سەرۆکی شارەوانیی ئێلێهـ دەتوانێت سێ کار بکات. "یەکەم، خزمەتگوازی بە زمانی دایک دەبێت و پێویست ناکات تەنیا و تەنیا بە زمانی تورکی بێت. دووەم شت، پەیمانگەی بەدیعوزەمان دادەمەزرێنین" و تێیدا منداڵی کورد بە ژیان و ژیاننامەی کەسایەتییە دیارەکانی گەلی کورد بە زمانی کوردی ئاشنا دەکەن. "سێیەمین شتیش کە بۆ منداڵەکانمان دەیکەین ئەوەیە کە باخچەی منداڵان دەکەینەوە و مامۆستاکانمان بێ بەرامبەر منداڵەکان فێری زمانی خۆیان دەکەن، هەروەها فێری ئایینەکەیان دەکەن".
 
پارتی دۆزی ئازاد کە ناسراوە بە ھوداپار، پارتێکی ئیسلامیی سوننەی کوردستانییە و رۆژی 19-11-2012 دامەزراوە. 
 
هوداپار تائێستا بەشداری لە پێنج هەڵبژاردندا کردووە و زیاتر لە 11 هەزار و 500 ئەندامی هەیە. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانییی تورکیا لە 2018دا 157 هەزار و 324 دەنگی هێنا کە رێژەی 0.31%ـی دەنگەکانی تورکیا بوو. ئەوکات هوداپار نەیتوانی هیچ کورسییەک لە پەرلەمان مسۆگەر بکات، بەڵام لە هەڵبژاردنەکەی 14-5-2023 لە ژێر چەتری هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی سەرکردایەتی دەکات، هوداپار بەشداری لە هەڵبژاردندا کرد و چوار کورسیی لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، مێرسین، ئێلیهـ و دیلۆک بردەوە. 
 
لەم هەڵبژاردنەدا هوداپار لە بەشێک لە شارەکان سەربەخۆ بەشداری دەکات، بەڵام لە شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە پاڵپشتی لە بەربژێری ئاکپارتی دەکەن. 

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەرکان رامانلی، بەربژێری هوداپار بۆ گەورە شارەوانیی ئێلێهـ 

رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. بانگەشەی هەڵبژاردنتان چۆن بەڕێوەدەچێت؟ سەردانی کوێ دەکەن؟
 
سەرکان رامانلی: سڵاو، زۆر بەخێر بێن. لە شارێکدا کە دانیشتوانەکەی نیو ملیۆن کەسە کات بەشمان ناکات؛ دەمانەوێت بچینە لای هەموو کەس؛ دەمانەوێت رووبەڕوو خەڵک ببینین و ئامانجەکانمان بۆیان باس بکەین؛ هەروەها باسی پرۆژەکانی خۆمان بکەین؛ دەمانەوێت دەنگی هەمووان بەدەستبێنین.
 
رووداو: وەک هوداپار، تەنیا 4 پەرلەمانتارتان هەیە و لە حکومەتیش یارمەتیی دارایی وەرناگرن. چۆن بەردەوامی بە بانگەشەی هەڵبژاردنتان دەدەن؟ 

 

سەرکان رامانلی: چاومان لە گیرفانی هاوڕێیانمانە. هاوپەیمان و هاوڕێیانمان ئێمەیان خۆشدەوێت و دەست بۆ گیرفانیان دەبەن و یارمەتیمان دەدەن. کاتێک کەشی هەڵبژاردن دەستپێدەکات، هەر کەس بە گوێرەی توانای خۆی یارمەتیمان دەدات. بەو شێوەیە بەردەوامی بە بانگەشەکەمان دەدەین.
 
رووداو: لە ساڵی 2018ـەوە هوداپار بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەشداری هیچ هەڵبژاردنێکی نەکردووە. لە 2019دا لەگەڵ ئاکپارتی بوون و لە ساڵی 2023ـش بە هەمان شێوە. ئەم جارەش دەگوترا لەگەڵ ئاکپارتی پێکەوە دەبن. بۆچی ئەم جارە هاوپەیمانیتان لەگەڵ یەکدی نەکرد؟
 
سەرکان رامانلی: ئێمە ویستمان (پێکەوە بین)، بەڵام ئەوان نەیانویست؛ بۆیە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەشداریمان لە هەڵبژاردن کرد.
 
رووداو: بۆچی نەیانویست؟
 
سەرکان رامانلی: جاری پێشوو ئاکپارتی پێشنیازی بۆ کردین کە پێکەوە بین و ئێمەش قبووڵمان کرد و رێککەوتین. ئێمە خێرمان لەوە دیت، سەرۆککۆماریش خێری لەوە دیت، ئاکپارتیش بە هەمان شێوە، لەو بڕوایەداین کە میللەتەکەشمان خێری لەوە بینیوە. ئەم جارە ئێمە پێشنیازمان کرد و گوتمان دەمانەوێت ئەم جارەش هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ یەکدی بکەین. مەبەستمان بوو بزانین کە ئەگەر ژمارەیەک شارەوانی ببەینەوە، ئایا دەتوانین دۆخی شارەکان باشتر بکەین؛ ئایا دەتوانین خزمەتی گەلی خۆمان بکەین یان نا؟ گوتمان با خەڵک تاقیمان بکاتەوە. بەداخەوە، شاندەکەی ئاکپارتی گوتیان، ئێمە لە هیچ شوێنێک ناتوانین سەرۆکایەتیی شارەوانیتان پێ بدەین و تەنیا دەتوانین ئەندامی ئەنجوومەنی شار و ناوچەکانتان بدەینێ، ئەویش تەنیا 8 ئەندامی ئەنجوومەن لە هەموو تورکیا. ئێمەش بەوە رازی نەبووین و گوتمان بە کەڵکی ئێمە نایەت. دەتوانم ئەوەش بڵێم، لە ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ، ئیزمیر و بورسا لەسەر داوای سەرۆککۆمار، بەربژێرمان بۆ سەرۆکایەتی گەورەشارەوانییەکان دانەنا، بەڵام گوتمان لە شوێنەکانی دیکە هەر لایەنێک سەربەخۆیانە بەشدار دەبێت.
 
رووداو: واتە لەو چوار شارە (ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ، ئیزمیر و بورسا) پشتگیری ئاکپارتی دەکەن؟
 
سەرکان رامانلی: بەڵێ، لەو چوار شارە پشتگیریی ئاکپارتی دەکەین.
 
رووداو: بەڵێنەکانی سەرکان رامانلی بۆ خەڵکی ئێلێهـ چین؟ دەتانەوێت چۆن خەڵک رازی بکەن دەنگتان پێ بدات؟
 
سەرکان رامانلی: ئێستا زۆر کەس هەن دەڵێن، هەشت مانگ لەمەوبەر تۆمان هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببیت بە نوێنەرمان و ئێستا پەرلەمانتاری، بۆچی ئێستا داوای سەرۆکایەتیی شارەوانی دەکەیت؟ منیش دەڵێم، ئەوە هەشت مانگ تێپەری و هەندێک ئەزموونم بەدەستهێنا. دەسەڵاتی جێبەجێکارییم نییە؛ لە وەزارەت نیم؛ پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی نیم. لە هەشت تاوەکو نۆ مانگی رابردوودا بینیم زۆر شت بە دڵی ئێمە نییە یا کردنیان زۆری پێدەچێت.
 
رووداو: واتە بیرۆکراسی دەبێتە رێگر؟
 
سەرکان رامانلی: بەڵێ، بیرۆکراسی دەبێتە رێگر. ئەگەر بتوانین بە دەستی خۆمان خزمەتی گەلی خۆمان بکەین باشترە و پێویست ناکات سەر بۆ کەس دانەوێنین. گوتەیەک هەیە دەڵێت، ئەوەی چاوی لە دەرگە بێت، قوڕبەسەر دەبێت. بە دەستی خۆمان پشتی خۆمان بخورێنین باشترە. ئێستاش ئێلێهـ پێویستی بە خزمەتێکی یەکجار زۆر هەیە. پڕۆژەمان هەیە بۆی. 
 
رووداو: ئەگەر سەرکان رامانلی ببێتە سەرۆکی شارەوانیی ئێلێهـ، چ جیاوازییەکی دەبێت لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی ئاکپارتی و سەرۆکی شارەوانی دەم پارتی؟ چی دەکەن بۆ ئەم شارە؟
 
سەرکان رامانلی: پرسیارێکی باشە. کاتێک لە ساڵی 2014 بۆ یەکەم جار بووین بە بەربژێری بۆ شارەوانی لە ناوچەکەی خۆمان، گوتمان هەندێک پارتی وەک دەم پارتی دەڵێن، "ئێمە داوای زمانی خۆمان دەکەین، داوای ناسنامەی خۆمان دەکەین؛ کاتێک بردمانەوە چاوەڕی نەبن خزمەتگوازیتان بۆ بێنین"؛ بۆیە تائێستاش خزمەتی کەسیان نەکردووە. ئاکپارتیش دەیگوت، "داوای زمانتان مەکەن؛ داوای ناسنامەی خۆتان مەکەن؛ بۆ ئەو شتانەش مەیەن بۆ لامان؛ خزمەتگوزاریتان پێشکێش دەکەین؛ رێگەکانتان چاک دەکەین؛ رێگەکان قیرتاو دەکەین؛ بە هەموو شێوەیەک خزمەتگوزاریتان بۆ دابین دەکەین، بەڵام داوای زمانی خۆتان مەکەن". ئێمە گوتمان، "ئەو دوو شتە جێگرەوەی یەک نین، بەڵکو هەردووکیان لەگەڵ یەکدی دەبن. ئێمە داوای زمانی خۆمان دەکەین و داوای ناسنامەی خۆیشمان دەکەین؛ خاوەندارێتی لە خۆمان دەکەین؛ خزمەتگوزاریش پێشکێش دەکەین".
 
رووداو: پڕۆژەی گەورەتان بۆ ئێلێهـ چییە؟ چ شتێک هەیە باسی بکەی؟
 
سەرکان رامانلی: دەتوانم باسی سێ شت بکەم. یەکەم، مافی دروستکردنی خانوو و باڵەخانە لە شوێنی نوێ هەیە، بەڵام لە شوێنی کۆن ئەو مافە نییە. ئەوە جیاوازی دروست دەکات. شوێنە کۆنەکان هەژارنشینن و شوێنە نوێیەکان دۆخیان باش و خەڵکەکەی دەوڵەمەندن. ئەگەر سەرنجت دابێ، دەوروبەری پاسەوانێ هەمووی زەوییە، زەوی بەپیت. دەزانیت چی دەکەن؟ زەوییە بەپیتەکان تەخت دەکەن و دواتر باڵەخانەیان تێدا دروست دەکەن. ئەمڕۆ لەوانەیە خۆشحاڵ بین بەم کارە، بەڵام 50 ساڵی دیکە پەشیمان دەبینەوە. لەبەرئەوەشە کە نزیکەی 70 ساڵە زۆر شوێن کراونەتە کۆنکرێت و ناتوانی لەو شوێنانەدا کشتوکاڵ بکەیت. ئێمە ئاوەدانکردنەوە دەبەینە ئەو شوێنە کۆنانە. مافی دروستکردنی خانووی چەند نهۆمی بە خاوەنەکانیان دەدەین. کاتێک ئەوە کرا، ئیدی هەژاری نامێنێت و جیاوازی لە نێوانمان نامێنێت. ئەگەر گەل خێری لە شتەکانیان بینی، زەوی و خانووەکانیان بەنرخ بوون، گیرفانیشیان پڕ لە پارە دەبێت. کاتێک هەژاری نەما، دزیکردن نامێنێت، مادەی هۆشبەر نامێنێت، منداڵەکانیشمان رووناکەنە لای شتە قەدەخەکراو و ناشەرعی. ئەو کاتە منداڵەکانمان دزی ناکەن، کەس فریو نادەن، نابن بە چەتە. ئێستا منداڵەکانمان، ژن و بەساڵاچووەکانمان ناتوانن بچن بۆ پارکەکان و پشوویەک بدەن، چونکە لەوێ چەتە زۆرن و مادەی هۆشبەریش زۆرە. ئێمە ئەو شوێنانە لەو شتە خراپانە پاک دەکەینەوە و پارێزگاری لە پارک، بازاڕ و قوتابخانەکانیشمان دەکەین. هەر کەس ئارامی لە خەڵکی ئێمە تێکبدات، ئارامی بۆ ناهێڵین.
 
رووداو: بەپێی سەرژمێری، ژمارەی دانیشتوانی ئێلێهـ نزیکەی 650 هەزار کەسە. بەپێی دەزگەی ئاماری تورکیا- تویك نزیکەی 40٪ی دانیشتوانی پارێزگاکە لە ژێر تەمەنی 18 ساڵیدان، واتە یەکێک لە پارێزگا هەرە گەنجەکانە، بەڵام یەکێک لەو شوێنانەیە بەرزترین رێژەی بێکاری لێیە؛ هەروەها لە رووی دامەزراندنی فەرمانبەرانیشەوە، کەمترین رێژە لە ئێلێهـە. لەگەڵ ئەوەی میزۆپوتامیا زەویی کشتوکاڵی زۆرە، گەنجینەیەکی وەک نەوتی هەیە، چیای وەک رامانی هەیە، بەڵام سوود لەو سەرچاوانە وەرناگیرێت. ئەگەر براوە بن، بۆ رێگریکردن لە کۆچی گەنجان و چوونیان بۆ شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبووڵ چی دەکەن؟ ئایا بۆ زیاترکردنی دەرفەتی کار پرۆژەیەکتان هەیە، بەتایبەت بۆ گەنجان؟
 
سەرکان رامانلی: لە هەڵبژاردنی رابردوودا گوتمان 40 هەزار دامەزراندن بۆ سەر دامەزراندنی ئێلێهـ زیاد دەکەین، ئەوەش لە رێگەی دامەزراندنی هەندێک کارگەوە. ئەو پرۆژەیە ئێستا جێبەجێ دەکرێت و پێم وایە لە سێ ساڵدا تەواو بێت. لە رێگەی وەزارەتەوە خەریکە ئەو کارە دەکەین؛ ئەوە شتێکی سەرنجراکێش و گەورەیە و پشت بەخودا تێیدا سەرکەوتوو دەبین. ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە ببەینەوە، چی دەکەین؟ بۆ هەر پارکێک پاسەوانێک دادەمەزرێنین؛ ئەو گەنجانەی دەیانەوێت کار بکەن، ئێمە دەبینە رێگەپیشاندەریان بۆ ئەوەی بزانن لە کام کەرتدا کار دەکەن؛ ژنان شەو و رۆژ لە ماڵەوەن و خەریکی خاوێنکردنەوەی ماڵ و ئامادەکردنی خواردنن کە کارێکی زەحمەتە. ئەوان شەممە و یەکشەممەیشیان نییە و کاتێک دەڕۆن راپۆرتی دەستەی تەندروستی وەربگرن، کەس پێیان ناڵێت هەفتەیەک پشوو بدەن. ژنان دەرفەتی پشوودانیان کەمە. پێویستە کاریان بۆ ئاسان بکەین. چۆن؟ شوێنێکیان بۆ تەرخان دەکەین بۆ ئەوەی لەگەڵ دراوسێکانیان کاتی تێدا بەسەر ببەن. ئەو کەسانەش کە منداڵیان هەیە، منداڵەکانیان لە رووی زمانەوە پەروەردە دەکەین و فێری پەروەردەی ئایینیشیان دەکەین. زۆر مامۆستای کوردی هەن کە دەیانەوێت وانە وەربگرن. لە هەموو گەڕەکێک کارئاسانی بۆ ئەو مامۆستایانە دەکەین بۆ ئەوەی منداڵەکانمان فێری زمان بکەن.
 
رووداو: بەو جۆرە تێگەیشتم کە ئێوە لە هەر گەڕەکێکدا باخچەی منداڵان دروست دەکەن و ئەو مامۆستایانە دەخەنە سەر کار کە مامۆستای کوردین و دانەمەزراون ؟
 
سەرکان رامانلی: بەڵێ، باخچەی منداڵان دەکەینەوە. بۆ مامۆستاکانیش بەڵێ، ئەو کەسانە دەخەینە سەر کار کە هێشتا دانەمەزراون.
 
رووداو: مافی پەروەردە بە زمانی دایک مافێکی سرووشتی و رەوایە، بەڵام لە تورکیا ئەو مافە نادرێت. ئێوەش ئەم ساڵ لە کاتی بانگەشەکردن بۆ وانەی بژاردەی کوردی، لە زۆرێک لە شارەکانی وەک ئێلێهـ و ئامەد گوتتان، لەپێناو زماندا رێپێوان دەکەن. ئەگەر سەرکان رامانلی ببێتە سەرۆکی شارەوانیی ئێلێهـ ، چ خزمەتێک بە زمانی کوردی دەکات؟ 
 
سەرکان رامانلی: گوتوومانە دەتوانین سێ شت بکەین. یەکەم، خزمەتگوازی بە زمانی دایک دەبێت و پێویست ناکات تەنیا و تەنیا بە زمانی تورکی بێت. لە ماڵپەرەکەمان، لە بڵاوکراوە و نووسراوەکانیشماندا زمانی دایک بەکاردەهێندرێت. ئەوەندەی من بزانم، لە باتمان کورد، عەرەب و تورک دەژین. ئێمە دەتوانین بە هەر سێ زمان خزمەتگوازی پێشکێشی خەڵکی خۆمان بکەین. دووەمین شت، پەیمانگەی بەدیعوزەمان دادەمەزرێنین. چەندین رێبەر، سەرکردە، پێشەوا و زانای کورد هەن، هەر لە جابانی کوردییەوە بگرە کە یەکەمین سەحابەی کوردە تاوەکو دەگاتە سەلاحەدینی کوردی (ئەیوبی)، شێخ سەعید، شێخ بەدیعوزەمان، قازی محەممەد، مەلا مستەفا بارزانی، شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، مەحموود بەرزنجی. لەو پەیمانگەیەدا منداڵەکانمان بە ژیان و ژیاننامەی ئەو کەسایەتییانە بە زمانی کوردی ئاشنا دەکەین؛ هەروەها منداڵەکانمان فێری ژیاننامە و هەڵبەستی شاعیرە ناودارەکانمان وەک مەلای جزیری و فەقێ تەیران دەکەین بۆ ئەوەی بزانن گەلەکەیان کامەیە و رەگ و ریشەیان چییە و مێژوو لەبارەیانەوە چی دەڵێت. سێیەمین شتیش کە بۆ منداڵەکانمان دەیکەین بۆ ئەوەی فێری زمانمان بن ئەوەیە کە باخچەی منداڵان دەکەینەوە و مامۆستاکانمان بێبەرامبەر منداڵەکان فێری زمانی خۆیان (کوردی) دەکەن، هەروەها فێری ئایینەکەیان دەکەن.
 
رووداو: وەک سیاسەتمەدارێکی گەنج بەو جۆرە دەردەکەویت کە کەسێکی ئاسایی نیت، چ لە نێو کۆمەڵگە، چ لە بانگەشەی هەڵبژاردن و چ لە پەرلەمان. ئەو سیاسەتەی پەیڕەوی دەکەی، هەمان سیاسەتی هوداپاریشە؟
 
سەرکان رامانلی: من یەکێک لە دامەزرێنەرانی هوداپارم و لە سەرکردایەتییەکەی تاوەکو دەگاتە ئاستی گوتەبێژ، یاریدەدەری سەرۆکی گشتی و زۆر لە کار و خەباتی هوداپار بەشدار بووم، تەنانەت لە نووسینی بەرنامە و پەیڕەوی هوداپاردا بەشداریم کردووە. هوداپار سەرکان رامانلییە و سەرکان رامانلیش هوداپارە. دەتوانم ئەوە بڵێم. بەڵام ئەوەش هەیە کە هەر کەس بەپێی توانای، بەپێی دەرفەتەکانی، بەپێی بۆچوونەکانی هەندێک شت دەکات. یونس ئەمیرئۆغلۆ (یاریدەدەری سەرۆکی هوداپار) چۆن هوداپارە، سەرکان رامانلیش بە هەمان رادە هوداپارە؛ فارووق دینچ (سەرۆکی رێکخستنەکانی هوداپار لە ئامەد) چەند هوداپارە، شەهزادە دەمیر (سکرتێری گشتیی هوداپار)یش بە هەمان رادە هوداپارە.
 
رووداو: لە شاری قوبین سەردانی نووسینگەی چەندین پارتی جیاوازتان کرد و یەکێک لەوان دەم پارتی بوو. لەوێ گوتتان، "پێویستە یەکترمان خۆش بوێت، خێر و سوودی یەکترمان بوێت، هەرچەندە پارتەکانمان لە یەکدی جیاوازیش بن، ئەوەی لە دڵماندایە وەک یەکە و دۆزەکەشمان وەک یەکە". دۆزەکەی ئێوە و ئەوەی لە نێو دڵتاندا چییە؟
 
سەرکان رامانلی: ئەو رۆژە کاتێک بە نێو بازاری قوبیندا تێپەڕیم، سەرەتا لەسەر رێگەمان نووسینگەی ئاکپارتی هەبوو. ئەوان سەردانیان کردبووین و منیش سەردانم کردنەوە. دواتر کە گەڕاین ئۆفیسی یەنیدەن رەفاهیش هەبوو؛ دواتر نووسینگەی دەم پارتیش لەسەر رێگەمان بوو و سەردانی ئەوانیشمان کرد. ئێستا دۆزی تەواوی ئێمەی کورد ئاشتی، دادپەروەری و یەکسانییە؛ هەموومان داوای ئەوە دەکەین. بۆیە دەڵێم، ئەوەی لە دڵماندایە یەک شتە. ئێمە نامانەوێت ستەم بکەین؛ ناشمانەوێت ستەم لە ئێمە بکرێت. ئێمە داوای ئاشتی دەکەین؛ داوای سەلامەتی دەکەین و داوای خزمەتکردنی گەلی خۆمان دەکەین. ئەوە ئامانجی ئێمە و هەموو سیاسەتمەدارێکە. بەڵام ئەوەش هەیە کە هەر کەس بۆ خۆی رێگەیەک و پارتێکی هەڵبژاردووە. ئێمە دەڵێین، پارت هەن کە تاوەکو ئێستا تاقی کراونەتەوە و هیچ ئەنجامێکیان نەبووە و ناشبێت؛ ئێمە دەڵێین ئەم جارە هوداپار هەڵبژێرن و ئێمەش تاقی بکەنەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە ئارامی، دادپەروەری، برایەتی و یەکسانی و خۆشویستنی یەکدی، پشت بەخودا، بە ئێمە بەدی دێت.
 
رووداو: وەڵامێکی راشکاوانەم لە ئێوە دەوێت. ئایا دەتانویست لەگەڵ دەم پارتی بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن؟
 
سەرکان رامانلی: ئەوان بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەن و ...
 
رووداو: قسەی تۆم مەبەستە. ئێوە دەتانویست هاوپەیمانیتان لەگەڵ دەم پارتی هەبووایە؟
 
سەرکان رامانلی: ئێستا ناکرێت. ئێمە لەسەر ئەو شتانە قسە دەکەین کە دەکرێت جێبەجێ بکرێن. پێویست بەوە ناکات هەموو کەس وەک ئێمە بیر بکاتەوە و وەک ئێمە بێت. ئێمە باسی شتێکی لەو جۆرە ناکەین، بەڵام دەڵێین با کەس دژی ئیسلام قسە نەکات و دژایەتییمان نەکات. ئەگەر لایەنێک داوای شتێک دەکات، با بە چەک و پێکدادان نەبێت و نەڵێت، ئەوەش رێگەیەکە.
 
رووداو: وەک دەزانیت لەیلا زانا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، با سەرۆککۆمار رەجەب تەییب ئەردۆغان پرۆسەی چارەسەری لە ساردکەرەوە دەربهێنێت، دواتر سەلاحەدین دەمیرتاش گوتی، ئەگەر دەم پارتی و ئاکپارتی کۆبوونەوە نەکەن، کارێکی هەڵە دەکەن. ئەحمەد تورک گوتی، ئەگەر پرسی کورد چارەسەر بکرێت، تەنیا ئەردۆغان دەتوانێت ئەو کارە بکات. بە بۆچوونی ئێوە، پرسی کورد چییە و چۆن چارەسەر دەکرێت؟
 
سەرکان رامانلی: دەتوانم ئەوە بڵێم کە پرسی کورد پرسی زمانە، پرسی ناسنامەیە و دواجاریش جیاوازی نێوان شارەکانە؛ شارەکان لە ئانادۆڵ و شارەکانی گەلی کوردستان، چونکە دەوڵەمەندی لەوێ زیاترە و لێرە کەمە؛ خزمەتگوازی لەوێ زۆرە، بەڵام لێرە کەمە. ئەگەر ئەو کێشانە لەو سێ چوار بوارەوە چارەسەر بکرێن، کێشەی کوردیش نامێنێت. ئێمە دەڵێین، کوردیش وەک تورکەکان دامەزرێنەری ئەم دەوڵەتەن و پێویستە قبووڵ بکرێن، ئەوە یەکەمین شت. دووەم، دەبێت ناسنامەی کورد لە دەستووری تورکیادا بنووسرێت. من باسی پێناسەی هاووڵاتیبوون دەکەم و پێویستە زمانی ئێمەش ببێتە زمانی فەرمی و زمانی ئێمە ببێتە زمانی پەروەردە. چی دەبێت با ببێت، بەڵام پێویستە پرسی کورد چارەسەر بکرێت. ئەگەر دەوڵەتی تورکیا لەم بوارەدا هەنگاوی ئەرێنی نەنێت بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە، ئەم دۆزە تا هەتایە بەردەوام دەبێت. ئێمە ئەوەش دەڵێین، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە حکومەت و ئەردۆغانیش ناچار نین لەگەڵ لایەنێکی دیاریکراو قسە بکەن و ئەو قسەکردنە لەگەڵ ئێمەش پێویست نییە. دیارە کێشەکە هەیە و رێگەی چارەسەرکردنیشی روونە. تەنیا ئەوە دەمێنێت کە ویستێک هەبێت. با ویستی حکومەت و دەوڵەت هەبێ و ئەم پرسە چارەسەر بکەن، ئەو لایەنەش کە دەبێت حکومەت لەگەڵی بدوێت گەلی کوردە.
 
رووداو: چەند رۆژێک لەمەوبەر تولای هاتەم ئۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە شاری ئامەد لە کاتی خوێندنەوەی راگەیێندراوی نەوروزدا رایگەیاند، پرسی کورد کێشەی نەبوونی قەوارەیە و تورکیا هەروەک چۆن خاوەندارێتی پرسی فەلەستین دەکات، پێویستە لە بابەتی عەفرین و رۆژئاوایشدا بە هەمان شێوە مامەڵە بکات. چی دەڵێی لەم بارەیەوە؟
 
سەرکان رامانلی: ئەو دوو بابەتە وەک یەک نین، بەڵام ئەوەش دەڵێین، پێویستە جیهانی ئیسلامی کێشەکانی بێ چەک چارەسەر بکات؛ پێویستە بە دانوستاندن، بە کۆبوونەوە و بە یەکدی ناسین کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام ئێستا ئەو دەرفەتەمان لەبەر دەستدا نییە. لە لایەک دەوڵەتی تورکیا دەڵێت، ئەوان (هەسەدە) دەبنە هەڕەشە بۆ من و دەبنە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی وڵاتەکەم، بۆیەش ئەو ئۆپەراسیۆنانە دەکەم، لە لایەکی دیکە خەڵکی ئەو شوێنانە (عەفرین و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان) دەڵێن، ئەوێ خاکی ئێمەیە، خاکی باو و باپیرانمانە و دەوڵەتی تورکیا بە چ مافێک دێت و لەو شوێنانە ئۆپەراسیۆن دەکات؟ ئێمە دەڵێین، پێویستە ئاسایش لە لایەن هەردوو لاوە دابین بکرێت و ئەو ئۆپەراسیۆنانەش نەگەنە ئەو ئاستە کە خەڵک لە گوندەکانیان، لە شارەکانیان دووربکەونەوە و خەڵکێکی دیکەش شوێنیان بگرنەوە.
 
رووداو: لەو کاتەوەی چوونەتە پەرلەمان، مشتومڕێک لەنێوان ئێوە و جەهەپەدا هەیە؛ ئێوە بە پشتگیریکردنی حیزبوڵڵا تۆمەتبار دەکرێن. بەربژێری جەهەپەش لە شاری ئافیۆن بۆرجۆ گۆکسەل گوتی، "ئەگەر وەک سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردرێم، دەرگەکان لەسەر هوداپار و دەم پارتی دادەخەم". ئێوە بەنیاز بوون سەردانیان بکەن؟ بابەتەکە چییە؟
 
سەرکان رامانلی: بەخودا ئەوان بەرگەمان ناگرن. ئەو نەژادپەرستییەی لە جەهەپەدا هەبوو، هێشتاش بەردەوامە و هەربۆیە بەرگەمان ناگرن.
 
رووداو: بەڕێز زەکەریا یاپیجی ئۆغلۆ (سەرۆکی هوداپار) دەڵێت، کەس ناتوانێ بەهۆی کارەکانی پەکەکەوە دەم پارتی تۆمەتبار بکات و کەسیش ناتوانێت بەهۆی کارەکانی حیزبوڵڵاوە هوداپار تۆمەتبار بکات. ئایا روانگە و هەڵوێستێکی جیاوازتان لەم بارەوە هەیە؟
 
سەرکان رامانلی: راستە، بەو جۆرەیە. پێویستە ئێمە ئەوە قبووڵ بکەین کە پارتە سیاسییەکان بەپێی یاساکان دادەمەزرێن. لایەنێک بە کردەوەی 20 ساڵ لەمەوبەر تۆمەتبار بکرێت، کەس ئەوە قبووڵ ناکات؛ ئەوە یاسایی نییە، دادپەروەرانە و ویژدانیش نییە. 
 
رووداو: چەند مانگێکە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە بەردەوامن و زیاتر لە 30 هەزار کەس کوژراون. ئێوەش پشتگیری حەماس یان خەڵکی غەززە دەکەن. ئێوە ئەمە وەک ئەرکێکی ئایینی دەکەن یان وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی؟
 
سەرکان رامانلی: هەردووکیان. لەبەر ئەوەی ئێمە موسڵمانین، ئەركێکی ئایینییە بۆ ئێمە، بەڵام ئەوانەی کە موسڵمانیش نین، ئەرکێکی مرۆڤایەتییە. ئەم دۆزە دۆزێکی مرۆڤایەتییە، موسوڵمانانیش بەشێکن لە مرۆڤایەتی؛ بۆیەش ئەو کەسانەی پابەندی ئایین نین، دیندار یان موسوڵمان نین، دەکرێ ئەرکیان یەک شت بێ. ئەوەی ئێمە دوو شت.
 
رووداو: دوای گشتپرسی باشووری کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لاواز بوون. ئێوە ئێستا ئاستی پەیوەندییەکان چۆن دەبینن؟ 

 

سەرکان رامانلی: بەرەو باشبوون دەڕۆن. بۆ ئەوەی بەرەو باشبوونیش بڕۆن، ئەوەی دەکەوێتە سەر شانمان، ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەر ئێمە، دەمانەوێت بیکەین و دەشیکەین.
 
رووداو: لە پەرلەمان دانوستاندنەکانتان لەگەڵ پارتی دەسەڵاتدار چۆنن؟
 
سەرکان رامانلی: راستییەکەی ئێستا پەیوەندی زۆر بەهێزمان نییە. کاروباری ئێمە، خەباتی ئێمە، چی ئەوانەی هەڵبژاردن و چی ئەوانی پارتەکە بەگشتی، زۆرن. لەراستیدا دانوستاندنەکانمان و کۆبوونەوەکانمان بە دڵی ئێمە نین، بەڵام دەمانەوێت بە هەموو شێوەیەک بەرەوپێشەوە بڕۆین، لەگەڵ هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان و ئەو حیزبانەی لە پەرلەمانی کوردستانن، پەیوەندییەکی قووڵ و تەندروست بەرقەرار بکەین.
 
رووداو: پەیامێکتان بۆ دەنگدەران بە گشتی، نەوەک تەنیا دەنگدەرانی ئێلێه هەیە؟
 
سەرکان رامانلی: ئەم هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنی پڕ لە کێبڕکێیە بۆ خزمەتکردن؛ پێیان دەڵێین ئەو کەسەی دەتوانێت باش خزمەتتان بکات و خاوەندارێتی ئێوە بکات، بە ئازارەکانتان خەمبار دەبێت و بەکەڵکتان بێت، دەنگی پێ بدەن. من ناڵێم تەنیا و تەنیا دەنگتان بدەن بە هوداپار. دەڵێم، ئەگەر بەربژێری دیکە لە من باشتر، بەتواناتر هەیە و زیاتر بە کەڵکتان دێت، دەنگ مەدەن بە من و بیدەن بەو کەسە، بەڵام ئەگەر گوتتان لە من باشتر نییە، دەنگی خۆتان بدەن بە من.
 
رووداو: زۆر سوپاس
 
سەرکان رامانلی: سەر سەر و سەر چاوان.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.