ئەحمەد تورک: ئەردۆغان هێز و دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کێشەی کورد لە تورکیادا چارەسەر بکات

رووداو دیجیتاڵ

بەربژێری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ گەورە شارەوانیی مێردین دەڵێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان "دەسەڵات و هێز"ی ئەوەی هەیە کێشەی کورد لە تورکیادا چارەسەر بکات، چونکە دەتوانێت قەناعەت بە دەوڵەتی قووڵیش بکات لە تورکیا . 
 
ئەحمەد تورک، بەربژێری دەم پارتی بۆ گەورە شارەوانیی مێردین لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو باسی زۆر بابەتی تایبەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی چارەسەری، پەیوەندی نێوان دەم پارتی و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و، بەربژێرنەبوونەوەی لەیلا زانا و کشانەوەی باشاک دەمیرتاش بۆ پۆستی گەورە شارەوانییەکان و دانانی قەیووم لە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان کرد.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019ـدا هەدەپە لە بەشێک لە شارەوانییەکان دا پاڵپشتی لە بەربژێرانی جەهەپە و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکەی تورکیا کرد، وەک ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە و ئەوەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی بەربژێرەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەو دوو گەورە شارە سەرکەون.
 
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی مانگی ئاداری ئەمساڵیش دا هەدەپە پاڵپشتی لە کەمال کڵچداروغلو، بەربژێری جەهەپە و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە کرد. هەڵبژاردنەکە چووە گەڕی دووەم و لە رۆژانی پێش هەڵبژاردنەکەدا جەهەپە لەگەڵ ئومیت ئوزداخ، سەرۆکی پارتی زەفەری دژە کۆچبەر و دژە کورد کۆبووەوە و هەندێک بەڵێنی پێدا و بوونە هاوپەیمان. 
 
ئەحمەد تورک لەو بارەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ئەوەی جەهەپە کردی بریتی بوو لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ "رەگەزپەرستترین کەس" و هەر بۆیە دەم پارتی لەگەڵ جەهەپە رێگەیان لەیەکتر جیا کردەوە.
 
سیستمی دەم پارتی هاوسەرۆکایەتییە هەربۆیە شانبەشانی ئەحمەد تورک، دەڤریم دەمیریشی بەربژێر کردووە، بەڵام ئەحمەد تورک کەسایەتییەکی زیاتر ناسراوە لەبەرئەوە زۆربەی لایەنگر و ئەندامانی دەم پارتی لە مێردین پاڵپشتی لەو دەکەن. 

دەقی هەڤپەیڤینەکە:  

رووداو: بەڕێز ئەحمەد تورک، ئێستا دۆختان چۆنە؟
 
ئەحمەد تورک: رۆژ باش، سوپاستان دەکەم، هەر تەندروست بن. خەریکی چالاکین، بەڕاستی پڕۆسەیەکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە، بۆ داهاتووی گەلی کورد، بۆ ئازادی و ئاشتی؛ لەپێناو سەرکەوتنی پارتەکەمان خەریکی خەباتین. ئامانجمان تەنیا بردنەوەی شارەوانییەکان نییە، بەڵکو ئامانجمان ئەوەیە گەلی کورد خاوەندارێتی لە خۆی و ناسنامەکەی بکات، هەروەها خاوەندارێتی لە ژیانی بکات. وەک تۆش باست کرد، دوو جار قەیوومیان بۆ شارەوانیی مێردین دانا، بۆ ئەم شارە مێژووییە. بۆ ئەوەی ویستی گەلەکەمان روون بێت، جارێکی دیکە خۆمان بۆ گەورە شارەوانییەکە بەربژێر کردووەتەوە، واتە خەریکی ئەم خەباتەین.
 
رووداو: کاتێک کەشی هەڵبژاردن دەستی پێکرد، ئێمە لەنێو خەڵک دا راپۆرتمان دەکرد و ئەوەیان پێ گوتین کە دەم پارتی ئەحمەد تورک لە مێردین، لەیلا زانا لە ئامەد دەکاتە بەربژێر و لە ئیستەنبووڵیش باسی بەربژێربوونی باشاک دەمیرتاش و مەرال دانیش بەشتاش هەبوو. بۆچی لەیلا زانا نەبووە بەربژێر. ئێوە هاوڕێی یەکن و هیچ زانیارییەکتان لەبارەی هۆکارەکە هەیە؟
 
ئەحمەد تورک: دەمانویست لەیلا زانا لەگەڵ دەم پارتی بگەڕێتەوە نێو سیاسەت و لەگەڵ پارتەکەی و گەلەکەی کار بکات. لەیلا زانا لای گەلی کورد بەهایەکی زۆری هەیە؛ هەربۆیە پارتەکەمان داوای لێکرد و خۆیشم قسەم لەگەڵی کرد.
 
رووداو: داواتان لێکرد ببێتە بەربژێری شارەوانیی کام شار؟
 
ئەحمەد تورک: داوامان لێکرد بۆ ئیستەنبووڵ، هەروەها بۆ رووهاش. ئەویش گوتی، سیاسەت ناکات و ئیدی بەسە. بڕیارەکەی ئەوە بوو.
 
رووداو: بۆچی نەیکرد ؟
 
ئەحمەد تورک: نامەوێت لەبارەی کەس قسە بکەم؛ ئێوە دەتوانن پرسیار لە خۆی بکەن کە بۆچی پەسندی نەکرد؟ لە سەرەتاوە ئەم کار و خەباتە کرا بۆ ئەوەی لەیلا و هەڤاڵانی لەنێو سیاسەت دا رۆڵی خۆیان بگێرن، بەڵام ئیوە دەتوانن ئەو پرسیارە کە هەتبوو لە خۆی بکەن.
 
رووداو: ئەوەی کە پەیوەندی بە باشاک دەمیرتاشەوە هەیە، جۆش و خرۆشێکی زۆر لەنێو خەڵک و دەنگدەری دەم پارتی دا دروست بوو. بۆچی دەم پارتی بڕیاری خۆی گۆڕی، بەتایبەت دوای ئەوەی باشاک دەمیرتاش گوتی، دەیەوێت ببێتە بەربژێر لە ئیستەنبووڵ؟
 
ئەحمەد تورک: دەتوانی ئەو پرسیارە لە ناوەندی گشتیی پارتەکە بکەیت بۆ ئەوەی بزانیت بۆچی دۆخەکە وای لێهات. وەک خۆم، دەمویست باشاک لە ئیستەنبووڵ ببێتە بەربژێر، بەڵام ئەوە بڕیاری حیزبە و دەتوانن لە ئەوان بپرسن کە هۆکار چییە. من ناتوانم لەسەر ئەو بابەتە هیچ بڵێم.
 
رووداو: ئێمە لە مانگی ئادارداین. بۆ زۆربەی خەڵک ئادار سەرەتای بەهارە و مانگی بیستنی دەنگی سرووشتە؛ هەروەها بۆ گەنجان مانگی خۆشەویستییە؛ بۆ سرووشتیش مانگی ژیانەوەیە. ئایا بەهار بۆ ئەحمەد تورک چ واتەیەکی هەیە؟
 
ئەحمەد تورک: لە ئاداردا زۆر شتمان بەسەر هاتووە. لە 2ـی ئاداری 1994ـدا لە پەرلەمان دوورخراینەوە و زیندانی کراین؛ نزیکەی ساڵێک لە زیندان ماینەوە. بەشێک لە هەڤاڵانمان 10 ساڵ سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندرا. ئەو رۆژانە بۆ گەلی کورد و پارتەکەمان رۆژانی پڕ لە تاریکی بوون؛ ئەوەش کاریگەریی خراپی کردە سەر ئێمە.
 
لە لایەکی دیکەوە 8ـی ئادار رۆژی جیهانیی ژنانە، رۆژێکی نوێ و خۆشە؛ مافی ژن و پاراستنی مافەکانی ژن لە هەموو شوێنێک باسی لێوە دەکرێ. ئەگەر لە وڵاتێکدا ژن بەشداری لە سیاسەت دا نەکات، ئەو وڵاتە نابێتە وڵاتێکی دیموکراسی. ژنی کوردیش، شۆڕشگێڕە و خاوەندارێتی رۆژی خۆی دەکات، هەروەها خاوەندارێتی 8ـی ئادار دەکات. لە باکووری کوردستانیش ئەو رۆژە بۆ ئێمە رۆژێکی پیرۆز و بەنرخە. هەروەها 21ـی ئادار نەورۆزە کە رۆژی سەرەتای بەهار و رۆژێکی نوێیە. نەورۆز بۆ کورد رۆژی بەرخودانە. ئێمە بەوجۆرە نەورۆز پیرۆز دەکەین و دەڵێین رۆژی بەرخودانە و پیرۆزی دەکەین.
 
رووداو: تۆ لە پەرلەمان دوورخرایتەوە، زیندانی کرایت، کاری سیاسیت لێ قەدەخە کرا و زۆر شتی دیکەش روویاندا. لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا بوویتە سەرۆکی شارەوانیی مێردین و دوای 3 مانگیش قەییووم دانرا بۆ شارەکە، بەڵام دیسانیش وازتان لە سیاسەت نەهێنا و ئێستا بوونەتە بەربژێر. چی دەڵێی لەم بارەیەوە؟
 
ئەحمەد تورک: بەڕاستی نەوەک تەنیا لە مێردین، ئێمە دەمانەوێت لە خاکی خۆمان، لە وڵاتمان لە کوردستان ژیانێکی نوێ و ژیانێکی ئازاد دەستپێبکات. رێکخستنی ئەو ژیانەش لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە دەکرێت. چەندین ساڵە ئێمەش سیاسەت دەکەین. ئێمە بۆ داهاتووی گەلەکەمان، بۆ ژیانێکی ئازاد و ژیانێکی ئاشتییانە خەبات دەکەین.
 
رووداو: ترسی ئەوەتان هەیە کە جارێکی دیکە قەییووم دابنرێت؟
 
ئەحمەد تورک: ئەوەی راستی بێت، نازانین. ئەم دەسەڵاتە جێگەی متمانە نییە و دیار نییە چی دەکات، بەڵام دوو جار قەییووم دانرا و جاری سێیەم بڕوا ناکەم رووبداتەوە. قەییوومەکان هیچ شتێکیان بۆ خەڵکی نەکرد. قەییووم دەرگەی شارەوانی لەسەر خەڵک داخست. ئێستا بۆ ئەوەی بچیتە باڵەخانەی شارەوانی، دەبێت مۆڵەت لە پۆلیس وەربگریت و دواتر بچیت. شارەوانی بۆ کەسی دەسەڵاتدار و ئەو کەسانەی لە دەوروبەری دەسەڵاتن کار دەکات. زۆر شت هەن کە ئێمە نامانەوێت ئێستا باسیان بکەین. پێش سێ رۆژ، پارەی شارەوانییەکە بەسەر سێ شارەوانی کە لە دەستی ئاکپارتیدان دابەش کرا. ئێستا ئەم شتانە دەکەن.
 
رووداو: بۆچی شتێکی وایان کردووە؟
 
ئەحمەد تورک: وادەبینن کە گەورەشارەوانییەکە لەدەست دەدەن؛ نایانەوێت ئێمە لە گەورەشارەوانییەکە لە بواری ئابووریدا کارێک بکەین. زۆر لە کار و چالاکییەکانی شارەوانییان بەستووەتەوە بە پارێزگاوە و هاوئاهەنگییان دروست کردووە، واتە دەیانەوێت شارەوانی بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان و لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بەڕێوەی ببەن.
 
رووداو: گوتتان، بڕوا ناکەم جارێکی دیکە قەییووم دابندرێت. لەسەر چی بنچینەیەک وا دەڵێن؟ ئایا پارتی دەسەڵاتدار بەڵێنێکی داوەتە ئێوە یان تەنیا پێشبینی دەکەن؟
 
ئەحمەد تورک: نەخێر، هیچ بەڵێنێکی نەداوەتە ئێمە. بەڕاستی لە نێوانماندا هیچ رێککەوتن و بەڵێنێک نییە. ئێمە ئەوە دەبینین. ئەو کەسانەی دەسەڵاتدارن، ئاکەپە، بەم سیاسەتە ناتوانن سەرکەوتوو بن، رۆژ دوای رۆژ دەنگیان کەم دەکات و ناچار دەبن پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیاندا بکەن و سیاسەتی خۆیان بگۆڕن. ئەگەر ئەوان بە دوژمنایەتیکردنی گەلی کورد سیاسەت بکەن، ئەوا دەدۆڕێن. بۆیە هیوادارین سیاسەتێکی نوێ بێتە ئاراوە. بە راستیش پێویستە دەرگە بە رووی گەلی کورددا بکرێتەوە. ئەگەر بە چاوی نەیار سەیری گەلی کورد بکرێت، تورکیا نابێتە وڵاتێکی دیموکراسی؛ هەروەها لە بواری ئابووریشدا ناتوانێت بەرەوپێش بڕوات و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش رۆژ دوای رۆژ کاریگەرییەکەی کەمتر دەبێتەوە. بۆیە پێویستە سیاسەتێکی نوێ پەیرەو بکەن.
 
رووداو: دڵنیای کە سەرکەوتن بەدەستدەهێنیت؟
 
ئەحمەد تورک: بە پێی ئەو راپرسیانەی دەکرێن، ئێمە ٪56 و ئەوان لەنێوان 32-33٪ دەنگ دەهێنن. ئەنجامەکان بەو جۆرە دەبن.

 

رووداو: بە پێی قسەکانت بێت، دەنگەکانی ئاکپارتی کەمیان کردووە و ئەو دەنگانەی ئێوەش بەدەستیان دەهێنن، وەک دەنگەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2019 دەبن.
 
ئەحمەد تورک: بەڵێ، دەنگەکانیان کەمی کردووە، بە رای ئێمە وایە.
 
رووداو: ئەگەر لە هەڵبژاردندا سەرکەوتنتان بەدەستهێنا و وەک سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردران، یەکەمین کار کە بیکەن چی دەبێت؟

 

ئەحمەد تورک: پێویستە باوەش بۆ گەل بکەینەوە. ئەمڕۆ لە شاری مێردین کورد هەیە، عەرەب هەیە، سریانی هەیە، ئێزدی و زۆر ئایینی دیکەش هەن. ئێمە دەمانەوێت هەموویان لە باوەش بگرین. مێردین شارێکی مێژووییە؛ شارێکە کە دەرگەی بە رووی گەشتیارییدا کراوەیە. پێویستە ئەو دەرفەتانەی لەبەردەستمانن، گەلیان لێ ئاگادار بکەینەوە. پێویستە سیاسەتێکی کراوە پەیرەو بکەین. هەر کارێک کە دەیکەین، پێویستە بە شەفافی بیکەین.
 
رووداو: مێردین شارێکی فرەنەتەوە و فرەزمانە. هەڵوێستی سریان و عەرەبەکان بەرامبەر سیاسەتەکانتان چۆنە؟ بۆ ئەوەی ئەوان دەنگتان پێ بدەن، ئێوە چ بەڵێنێکیان پێدەدەن؟
 
ئەحمەد تورک: لە بواری خزمەتکردندا هەموویان لەخۆدەگرین. لە بواری کولتوورییشدا دەڵێین، پێویستە سریانەکان بتوانن بە زمانی خۆیان بدوێن. ئێمە دەمانەوێت لە ژێر سایەی دەسەڵاتی شارەوانییدا ئەم دەرفەتە دروست بێت. بۆ کورد، سریان و عەرەبیش بیر لە کردنەوەی کۆرسی خوێندن دەکەینەوە. لە بواری کولتووری و بوارەکانی دیکەیشدا دەمانەوێت تەواوی گەلی خۆمان، هەموو بیر و بڕوایەک لەخۆ بگرین. ئێمە سیاسەتێکی وەها پەیڕەو دەکەین. کاتێک سەیری مێردین دەکەم، دەڵێم خۆزگە هەموو تورکیا وەک مێردین بوایە. ئەمڕۆ سریان، کورد، عەرەب، تات، محەلمی و ئێزدی لە مێردین دەژین. بەراستیش هیچ کێشەیەک لە نێوانیاندا نییە.
 
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ ئەو پێکهاتانە چۆنە؟ سریانەکان چۆن سەیری ئێوە دەکەن؟ عەرەب چۆن سەیری سیاسەتی ئێوە دەکات؟
 
ئەحمەد تورک: ئێوەش باش دەزانن، ئێستا پەرلەمانتارێکی ئێمە سریانە. سریانەکان بە متمانەی تەواوەوە سەیری پارتەکەی ئێمە دەکەن. ئەوان نزیکن لە ئێمە و بڕوایەکی زۆریان پێمان هەیە؛ بە هەموو شێوەیەک هاوکاریمان دەکەن و دەنگی خۆیان بە ئێمە دەدەن. ئێمە لە سیاسەتماندا دەڵێین، ئێمە پارتی هەموو گەلانین؛ ئێمە بەرگری لە برایەتی گەلان دەکەین؛ دەمانەوێت گەلانی کورد، تورک و عەرەب لە بواری دیموکراسیدا بۆ داهاتوویەکی ئازاد، یەکسان، دادپەروەر و دیموکرات پێکەوە خەبات بکەن.
 
ئێستا کەسانی سۆسیالیست، تورکە شۆڕشگێڕەکان لەنێو ئێمەدا هەن. دەم پارتی دەیەوێت هەموو گەلان لەخۆ بگرێت، بەڵام ئەمڕۆ کێشەی کورد هەیە و یەکەمین شتیش ئەوەیە کە دەبێت دۆزی کورد چارەسەر بکرێت. دەبێت هەموو کورد لەنێوان خۆیاندا دیالۆگێکیان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن بۆ داهاتووی کورد دیدارێک بکەن. ئێمە دەمانەوێت بگەین بەو ئامانجە. ئەمڕۆ لەنێو کورددا لە باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا، بۆ داهاتووی گەلی کورد کەموکورتی لە پەیوەندیدا هەیە. دەمانەوێت هەموو کێشەکانی کورد لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن. کورد دەتوانێت پێکەوە بژیت، پێکەوە خەبات بکات. داوای ئێمە ئەوەیە کە بۆ داهاتووی گەلی کورد یەکگرتوویی دروستبکەین.
 
رووداو: گوتتان لەنێو پارتەکەتاندا لە هەموو پێکهاتە و نەتەوەیەک هەیە، بەڵام بەهۆی پشتیوانی لایەنە چەپەکان دەنگدەرانی ئێوە ناڕازین. لە هەڵبژاردنی رابڕدوودا ئەو رەخنەیەش هەبوو، واتە هاوپەیمانێتی نێوان دەم پارتی و چەپە تورکەکان رەخنەی زۆری لێگیرا. ئێوە ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
 
ئەحمەد تورک: ئەوە راست نییە. ئەو کەسانەی لەگەڵ ئێمە خەبات دەکەن، هاوشێوەی رۆژی یەکەم بەو بیر و بۆچوونەوە لەگەڵ ئێمەن، بەڵام سۆسیالیستە تورکەکانیش جیاوازن و ئەوانیش یەکگرتوو نین. هەندێک کەس هەن بەڕاستی دەیانەوێت لەگەڵ گەلی کورد خەبات بکەن. ئێمە دەڵێین، پێویستە سۆسیالیستەکان هاوکاری گەلی ستەملێکراو بکەن، نەوەک ئەوەی لەسەر میراتی کورد خۆیان گەورە بکەن. ئەمڕۆ لە تورکیادا کاتێک سەیری دۆخەکە دەکەین، دەبینین کە 80٪ برسییە؛ کاتێک سەیری پارتە سۆسیالیستەکانی تورکیا دەکەی، دەبینی کە هێزیان نییە. کاتێک لە وڵاتێکدا بە رێژەی 80٪ برسیبوون هەبێ، پێویستە سۆسیالیستەکان زیاتر بتوانن کار بکەن، بەڵام لەم بوارەدا لاوازییەک دەبینین؛ هەربۆیە هەندێک جار مشتومڕ دروست دەبێت.
 
رووداو: بە رای ئێوە، لایەنی سۆسیالیستی وەها هەیە کە خۆی لە سەرووی سیاسەتی کوردەوە ببینێتەوە؟

 

 ئەحمەد تورک: ئێمە ئەوە قبووڵ ناکەین. ئەوە راست نابینین.

 
رووداو: ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە، هەن؟
 
ئەحمەد تورک: هەندێک لایەن بە هێزی کورد، بە دەنگ و خەباتی کورد چوونەتە پەرلەمان و دواتر جیابوونەتەوە. پێمان وایە ئەوە دروست نییە.
 
رووداو: ئایا مەبەستتان پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ)ـە؟
 
ئەحمەد تورک: بۆ نموونە، با بڵێین ئاهمەت شیک (پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی تورکیا) و زۆر کەسانی دیکە هەن. ئێمە دەڵێین ئەو کەسانەی کە دۆستی گەلانی چەوساوەن، پێویستە خزمەتی گەلانی ستەملێکراو بکەن و خواستی گەلانی چەوساوە دەرببڕن و بۆ ئەو مەبەستەش خەبات بکەن. نابێت ئەو کەسانە بە دەنگی گەلانی ستەملێکراو پێگەی خۆیان بەهێز بکەن. ئێمە ئەوە دەڵێین.
 
رووداو: بانگەشەتان بە کوردییە یان بە تورکی؟ پەیوەندیتان لەگەڵ خەڵکی مێردین چۆنە؟
 
ئەحمەد تورک: بانگەشە زیاتر بە کوردی دەکەین، لە ناوچە جیاوازەکان بە کوردی دەیکەین. لەو شوێنانەی عەرەب هەیە، لەبەر ئەوەی عەرەبیمان زۆر باش نییە و ئەوانیش کوردی نازانن، هەندێک جار بە تورکی دەیکەین، وەک رشمل، ناوەندی شاری مێردین، میدیاد، گەڕەکی محەلمییەکان و ئەستێل. کاتێک لەو شوێنانە لەگەڵ خەڵک کۆدەبینەوە یان میتینگێک ساز دەکەین، کەمپینەکەمان بە تورکی دەکەین. بەڵام لەو شوێنانەی کە کورد دەژیت، بە کوردی لەگەڵیان قسە دەکەین.
 
رووداو: لەنێو نەوەی نوێدا بەکارهێنانی زمانی کوردی زۆر کەم بووەتەوە. ئەگەر بوون بە سەرۆکی شارەوانی، بۆ ئەوە چی کارێک دەکەن؟ ئایا زمانی شارەوانی دەکەنە کوردی؟ بۆ کوردی چی دەکەن بۆ ئەوەی ئەم زمانە جارێکی دیکە لە نێو ئەم نەوەیەدا ببووژێتەوە؟
 
ئەحمەد تورک: بە شێوەیەکی فەرمی ئەو شتە قەدەخەیە، کەواتە بە فەرمی ناتوانین شتێکی لەو جۆرە بکەین، چونکە شارەوانی شوێنێکی فەرمییە. بەڵام کاتێک دەست بە کار و چالاکییەکانمان دەکەین، لە دیدارەکاندا لەگەڵ خەڵک و لەگەڵ ئەو کەسانەی لە شارەوانیدا کار دەکەن، بە کوردی قسە دەکەین. بەڵام شتی فەرمیش بە تورکی دەکەین.
 
رووداو: بەڵام وەک شارەوانی، ئێوە دەتوانن زۆر شت بکەن، وەک کردنەوەی کۆرسی کوردی و کردنی تابلۆکان بە کوردی و شتی دیکەش.

 

ئەحمەد تورک: لە هەموو گوندەکان تابلۆمان بە زمانی کوردی داناوە.
 
رووداو: ئەو تابلۆیانە لە شوێنی خۆیانن؟
 
ئەحمەد تورک: بەڵێ، لە شوێنی خۆیانن، بەڵام زۆر شتیان هەڵگرتووە و تێکیان داوە. لەسەر باڵەخانەی شارەوانیش نووسراوی بە کوردی هەیە کە نووسراوە شارەوانیی گەورەی مێردین، چی بە تورکی هەیە و چی بە کوردی نووسراوە. ئەمە لە سەردەمی ئێمەدا کراوە.
 
رووداو: ئێوە ئەو تابلۆیانەتان داناون؟
 
ئەحمەد تورک: بەڵێ، ئێمە داماننابوون. پێشتر لە هیچ گوندێک و لە هیچ شوێنێکی دیکە تابلۆ بە زمانی کوردی نەبوو. ئێمە دەستمان پێکرد و ئێستا لە هەموو گوندەکان بە تورکی و بە کوردی هەن.
 
رووداو: لە مێردین 10 ناوچە هەن. ئێستا پێنج ناوچە لە دەستی ئاکپارتیدان و پێنجی دیکەش لە دەستی دەم پارتیدان. ئێوە بۆ ئەو ناوچانەی لە دەستی ئاکپارتیدان، کارێکی جیاواز دەکەن؟
 
ئەحمەد تورک: بەڵێ، ئێمە خەباتێکی جیاواز بۆ ئەو ناوچانە بەڕێوەدەبەین، بەتایبەتیش کار دەکەین بۆ ئەو ناوچانەی هەندێک ئاڵۆزییان تێدایە. وەک دەبینین لە دەرەوە ژمارەیەکی زۆری پۆلیسیان هێناوەتە هەندێک ناوچە. لە ستەورێ نزیکەی 60-70 ناوی رووسی ئاشکرا کران.
 
رووداو: دەکرێت گەشتیار بن؟
 
ئەحمەد تورک: نازانین، بەڵام لەوێ تۆمار کراون و ئێمەش سكاڵامان كرد. لە قەزاکانی وەک شەمرەخ، ئۆمەرلی، کەربۆران، مەهسەرت ژمارەیەكی زۆر دەنگدەری نوێ تۆمار کراون. گوێمان لەم شتانە دەبێت. ئێمە ناڕەزایی دەردەبڕین، بەڵام ناڕەزایەتییەکانمان لەبەرچاو ناگیرێت. ئەمە نەوەک تەنیا لە مێردین، بەڵکو لە هەموو کوردستان دەكرێت. ئەمڕۆ لە شوێنێکی وەک شرنەخ 4-5 هەزار پۆلیس و سەرباز ناویان تۆمار کراوە. لە چەلێش هەمان شتە. لە راستیدا حکومەت و ئەو کەسانەی ئەمڕۆ کار دەکەن، كەسانی وەک دادوەر و دەستەی هەڵبژاردن لەژێر کاریگەرییی دەسەڵاتدان. ئێمە هەرچەندە ناڕەزایەتیش دەرببرین، ناڕەزایەتییەکە لەبەرچاو ناگیرێت.
 
رووداو: وەک دەزانرێت زۆرێک لە ئێزدی و سریانەکان کۆچیان کردووە، بەڵام دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. هیچ هەوڵێکتان لەو بارەوە هەیە؟ ئێوە دەتوانن لەو بارەیەوە چی بکەن؟
 
ئەحمەد تورک: ئێمە دەڵێین وەرنەوە بۆ وڵاتی خۆتان؛ بانگەوازم بۆ هەموو ئەو کەسانەیە ژیانیان لە کوردستان، لە وڵاتی خۆیان بەسەر بردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە. هەروەها بانگەوازم بۆ ئەوانەیە منداڵەکانیان لە ئەڵمانیا، سویسرا و ئەورووپا گەورە بوون و گەنجەکان نایانەوێت بگەڕێنەوە. ئەگەر سریانەکان مێردینیان بەجێ نەهێشتایا، ژمارەیان زۆر زیاتر دەبوو.
 
رووداو: ئەوان دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بەڵام رووبەڕووی زۆر کێشە دەبنەوە. زەوی و زارەکانیان كەوتووتە دەستی خەڵکی دیكە. کێشەی لەو جۆرە روویداوە. ئایا شارەوانی دەستوەردان لەو بابەتەدا دەكات؟
 
ئەحمەد تورک: ئەو کارە بە شارەوانی چارەسەر نابێت. ئەوانەی زەوییەكانیان بە زەبری هێز لێ وەردەگیرێت، تەنیا حکومەت و دەوڵەت دەتوانێت کێشەکە چارەسەر بکات. ئێستا دەرفەتەکانمان چین؟ نازانین. لە راستیدا کاتێک دەبینە سەرۆکی شارەوانی، حكومەت هاوکارییەکان دەبڕێت. رێگەمان پێنادات پڕۆژەکانمان جێبەجێ بکەین.
 
هەندێك پڕۆژەی پاڵپشتیی دارایی ئەوروپی ھەبوون كە هێنامانن بۆ ئێرە، بەڵام نەیانویست لە مێردین جێبەجێیان بکەین. ئەو پڕۆژانە نەک تەنیا بۆ مێردین، بەڵکو بۆ هەندێک شاری دیكەی تورکیاش دانرابوون. لە ئەنقەرە لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا قسەم کرد و ئەوانیش گوتیان، ئەگەر لە مێردین مۆڵەت نەدرێت، هاوکاریی شارەکانی دیکەش ناکەین، بەڵام لە ناچارییدا واژۆیان كرد. ئەوە پڕۆژەیەکی زۆر گەورە بوو بۆ گەیاندنی ئاو بە زۆرێک لە گوند و ناوچەكان.
 
رووداو: ئێوە لە باڵەخانەی شارەوانی رازین؟ من کاتێک دەیبینم بێزار دەبم.
 
ئەحمەد تورک: باڵەخانەكە لە سەردەمی ئێمەدا دروست نەکراوە. یەکەم جار ساڵێک و 2 مانگ سەرۆکی شارەوانی بووم. ئەو کاتە رێگەم بە پڕۆژەی زیاتر لە 4 نھۆمی نەدا. لەنێوان قوبالا و مێردین شاخێک هەیە و گوتم، مەرجێکم هەیە و ئەگەر باڵەخانەکان بە شێوەی ڤێلای 1-2 نهۆمی دروست دەکرێن، مۆڵەت دەدەم. ئەگەر شوقە دروست بکەن، رێگە نادەم. ئەو باڵەخانەیەی باسی دەکەیت خراپەیەکی گەورەیە کە لە مێردین کراوە. کاتێک سەیری دەکەین، دەبینین هەموو سیمایەکی مێردینی گۆڕیوە.
 
رووداو: مێردین شارێکی مێژوویی و جیاوازە. ئەگەر ببیتە سەرۆکی شارەوانی، ئایا رێگری لەو باڵەخانانە دەكەیت کە لەگەڵ دیزاینی مێردین یەکناگرنەوە؟

 

ئەحمەد تورک: بەڵێن دەدەم رێگە بە باڵەخانەی بەرز نەدەم.

 
رووداو: ئەی ئەگەر دەنگدەرەکانت زویر بوون لەو بڕیارە؟

 

ئەحمەد تورک: با زویر بن. دەبێت ئەم شارە بپارێزین. ملیۆنان گەشتیار دێنە مێردین. ئەگەر ئەوە بگۆڕن، هیچ گرنگییەکی شارەكە نامێنێتەوە.
 
رووداو: بۆچی مێردین لە سنووری خۆی دەرنەچووە؟ واتە بە بچووكی ماوەتەوە. بۆ ئەوەی گەشتیاری زیاتر بێن بۆ ناوچەكە، پێویستە چی بكرێت؟

 

ئەحمەد تورک: لە چەند ساڵی رابردوودا مێردین بووەتە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە نموونەییەکان. زۆرجار لە زۆربەی هۆتێلەکاندا هیچ شوێنێك نامێنێ. لە مانگەکانی ئادار، نیسان و ئایاردا زۆرێک لە گەشتیاران شوێنێک نادۆزنەوە تێیدا بمێننەوە. کاتێک سەیری دۆخی ئابووریی تورکیا دەکەین، تێدەگەین کە رۆژانە ئەو کەسانەی سەردانی شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکان دەکەن کەم دەکات، نەوەک تەنیا لە مێردین، بەڵکو لە هەموو تورکیا بەو جۆرەیە، چونکە لە لایەنی ئابوورییەوە ئاستەنگیی زۆر گەورە هەن.
 
رووداو: لەیلا زانا پێشتر بانگەوازی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد و رایگەیاند، پێویستە پڕۆسەی چارەسەری لە ساردکەرەوە دەربهێنرێت، دواتر دەمیرتاشیش رایگەیاند، ئەگەر دەم پارتی لەگەڵ ئاکپارتی کۆنەبێتەوە، کارێکی هەڵە دەکات. پاشان ئێوە قسەتان كرد و گوتتان نە کڵچداروغلوی سەرۆکی پێشووی جەهەپە و نە ئەوەی ئێستاش بەرنامەیەكیان بۆ چارەسەری کێشەی کورد نییە. ئەوەی کێشەی کورد چارەسەر بکات، ئەردۆغانە. مەبەستتان چییە؟
 
ئەحمەد تورک: دەمانەوێت لەم وڵاتەدا گفتوگۆ و ئارامی هەبێت. پێشتریش گوتمان بە شەڕی چەکداری کێشەکە چارەسەر نابێت. بە کۆبوونەوە دەتوانین کێشەی کورد بە رێگەیەکی دیموکراسی چارەسەر بکەین. دیالۆگ بۆ ئێمە پێویستە. ئێمە دەمانەوێت دیالۆگ لەگەڵ هەموو لایەك بكەین. داوای ئێمە ئاشتییە. خواستی ئێمە برایەتیی گەلانە. جەهەپە ناتوانێت دەوڵەتی قووڵ رازی بکات. کەسێکی وەک ئەردۆغان کە ئەمڕۆ هەموو دامودەزگاکانی بەدەستەوەیە، ئەگەر بیەوێت دەتوانێت ئەو کارە بکات و کێشەکە چارەسەر بکات. بەڵام جەهەپە ئەگەر بیشیەوێت، ناتوانێ دەوڵەتی قووڵ رازی بکات. من ئەوەم گوتووە، واتە نەمگوتووە تەنیا ئەردۆغان کێشەی کورد چارەسەر دەکات، بەڵام گوتم ئەردۆغان دەسەڵات و هێزی هەیە. ئەوەی ئەمڕۆش ستەم لە كورد دەكات، ئەردۆغانە.
 
رووداو: بە بۆچوونی ئێوە، ئایا ھێز و دەسەڵاتی ئەردۆغان تا ئەمڕۆش ماوە؟
 
ئەحمەد تورک: پێم وایە ئەمڕۆش ئەو دەسەڵاتەی هەیە؛ تا ساڵی 2028ـش لە دەسەڵاتدایە. خەبات و ئەرکی ئێمە ئەوەیە پڕۆسەی چارەسەری دووبارە ببێتە رۆژەڤ.
 
رووداو: ئایا بۆ ئەوە كار و هەوڵتان ھەیە؟
 
ئەحمەد تورک: بە شێوەیەكی فەرمی هەوڵێکمان بۆ ئەو بابەتە نییە. ئێمە کۆبوونەوە دەكەین و دەبینین زۆر کەس ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر هەوڵێکی لەو جۆرە دەردەبڕن.
 
رووداو: دیدار و کۆبوونەوەتان لەگەڵ ئاکپارتی هەیە؟
 
ئەحمەد تورک: بەڵێ، لەگەڵ هەندێک کەس، بەڵام بە فەرمی لەگەڵ ئەردۆغان نەخێر. لەگەڵ هەندێک کەسایەتی لە نێو پەرلەماندا کۆدەبینەوە.
 
رووداو: ئەو کەسانە کێن؟
 
ئەحمەد تورک: ناتوانم ناویان بهێنم. ئه‌وه‌ دروست نییه.‌.
 
رووداو: ئایا مەبەستی ئەردۆغانتان پێ دەگەیێندرێت؟ ئایا سەرەڕای هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپە، ئەردۆغان شتێکی لەو جۆرەتان بۆ دەكات؟

 

ئەحمەد تورک: ئەمڕۆ ئەو دەرفەتە نییە. دەمانەوێت بەرەوپێشەوە بڕوات.
 
رووداو: دوای هەڵبژاردن دەكرێت رووبدات؟
 
ئەحمەد تورک: تاوەکو ئەو كاتەی هاوپەیمانییان لەگەڵ مەهەپە هەبێت، ئەوە نابێتە رۆژەڤ. ئەوان بە ھاوپەیمانی لەگەڵ مەھەپە رۆژ دوای رۆژ دەسەڵاتی خۆیان لەدەست دەدەن. ئەگەر رۆژێک لە رۆژان لە مەهەپە جیاببنەوە و هیچ پەیوەندییەکیان پێكەوە نەمێنێ، ئێمە دەڵێین ناچارن سیاسەتێکی نوێ بگرنەبەر.
 
رووداو: لەو بڕوایەدان كە لە مەهەپە جیا ببنەوە؟
 
ئەحمەد تورک: پێم وایە دەكرێت؛ بارگرانییەکی گەورە لەسەر شانیانە. دادوەر و داواکاری گشتی هەموویان لەدەستی مەهەپەدان. دیموکراسی بەم شێوەیە بەدی نایەت؛ ھەروەھا گەلی کورد، گەلی تورک، ئەو گەلانەی ئەمڕۆ لە تورکیا دەژین، لەم سیاسەتە ناڕازین.
 
رووداو: لە ساڵی 2019 هاوپەیمانیی راستەوخۆتان لەگەڵ جەهەپە هەبوو. ئەو کات نەتاندەزانی کە کلیچدارئۆغڵو و ئۆزگور ئۆزێل ناتوانن چارەسەرییەك بدۆزنەوە. ئێوە ئێستا هەستتان بەمە کردووە یان ئەوە تاقیکردنەوەیەك بوو؟
 
ئەحمەد تورک: ئەوەی ئێمە تاقیکردنەوەیەک بوو و ویستمان کاریگەریی سیاسەتی مەهەپە – ئاکەپە لەسەر تورکیا کەم بکەینەوە. سیاسەتی ئێمە راست بوو. ئێمە دەمانگوت جەهەپە هەنگاوێک بۆ دیموکراسی دەنێت، بەڵام لە کۆتاییدا بینیمان کە ئەوان پەیوەندییان لەگەڵ رەگەزپەرستترین کەسەکاندا کردووە. ئێمەش گوتمان ئەگەر ئەو پەیوەندییە هەبێت، ئێمە بە شێوەی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەین و هیچ هاوپەیمانێتییەکیان لەگەڵ ناکەین.
 
رووداو: کەسە ژیرەكانی نێو کۆمەڵگە بانگەوازیان بۆ پەكەكە کردبوو دەست لە چەك ھەڵبگرێت بۆ ئەوەی رێگە لەبەردەم چارەسەریی سیاسی بكرێتەوە. ئایا لەم بابەتەدا بانگەوازتان بۆ پەكەكە و پارتەكەتان هەیە؟
 
ئەحمەد تورک: لەو بابەتەدا ناتوانین هیچ بکەین. رۆژانە رۆژئاڤا بۆردوومان دەکەن. تا ئێستا رۆژئاڤا یەک گوللەی بە ئاراستەی تورکیا نەتەقاندووە. کاتێک ئەم دوژمنایەتییە بەرامبەر کورد بکەن و نەیانەوێت کورد لە هیچ ناوچەیەکدا دەستکەوت بەدەستبهێنێت و مافەکانی بەدەستبهێنێت و دوژمنایەتی كورد بكەن، ئێمە ناتوانین بانگەوازێک بکەین. بۆیە کاتێک بیانەوێت لەگەڵ کورد بن، ئامێزیان بۆ كورد بكەنەوە، دیالۆگێک دەستپێبكەن، زمانی کوردی و ناسنامەی کورد قبووڵ بکەن، ئەو کات ئێمەش بانگەوازێک دەکەین بۆ ئەوەی شەڕی چەکداری بوەستێت. ئەو کاتە چیمان لەدەست بێت، دەیكەین. ئەمڕۆ ئێوە دەبینن لە رۆژئاڤا، لە قەندیل شەو و رۆژ كورد دەکرێتە ئامانج. دۆخەکە بەم شێوەیە بێت، چۆن بڵێین دەست لە چەك ھەڵبگرن؟ ئەگەر بشڵێین ھیچ بەهایەکی نابێت. پێویستە بناخەی دۆخەکە ئامادە بێت. ئەگەر ئەو بناخەیە نەبێت، بە گوتن و قسە هیچ ناکرێت.
 
بناخەکە چۆن ئامادە دەکرێت؟ بەو جۆرە دەبێت کاتێک ئەو کەسانەی دەسەڵاتدارن بیانەوێت ئامێز بۆ کورد بکەنەوە، دان بە کورددا بنێن و بڵێن کورد نەتەوەیە و مافی خۆیەتی زمانی خۆی هەبێت. ئەگەر بەو بیرکردنەوە تەماشای بکەن، ئەو کاتە کێشەکە چارەسەر دەبێت.
 
رووداو: پێتان وایە ئەردۆغان دەیەوێت جارێکی دیکە پڕۆسەی چارەسەری دەستپێبکاتەوە؟
 
ئەحمەد تورک: من ئێستا ئەوە نایبینم، بەڵام سیاسەت رۆژ دوای رۆژ لە گۆڕاندایە. ئێمە لەو بڕوایەداین، پێش هەموو شتێک کورد دەبێ دیالۆگێک لە نێوان خۆیاندا دەستپێبكەن. ئەم دیالۆگە دەبێت لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا هەبێت. ئەوە کاریگەری لەسەر وڵاتانی دیکەش دەبێت. دەوڵەتیش بە پێی ئەوە هەنگاو دەنێت. بۆیە ئەگەر کورد بە چاوی دوژمنایەتییەوە سەیری یەکدی بکەن، هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت. ئەوە بناخەكەیە.