نەوەیەکی شێخ سەعیدی پیران: خەزووری عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەرپرسی بەشێکی هەواڵگریی [میت] بوو

رووداو دیجیتاڵ 

نەوەیەکی شێخ سەعیدی پیران چیرۆکی ژیانی و کارو چالاکیی خۆی و خێزانەکەی دەگێڕێتەوە، دەڵێت، "لە ساڵانی 1993 ژیتەم و پەکەکە پێکەوە زوڵمیان دەکرد و خەڵکیان ناچارکردبوو کۆچ بکەن." سەبارەت بە ئەردۆغان رایگەیاند، کە ئەردۆغان "سەرۆکێکی دادپەروەر نییە" ئەگەر پشتگیری ئەوان نەبووایە نەدەبوو بە سەرۆکی شارەوانیی و "پیاوێکی بێوەفایە."
 
لە بەشی دووەمی بەرنامەی پەنجەمۆردا کە لەلایەن کاوە ئەمینەوە پێشکێش کرا، شێخ عەبدولیلا فرات، نەوەی شێخ سەعیدی پیران سەرگوزەشتەی ژیانی خۆی و خێزانەکەی و خەبات و چالاکییە سیاسییەکانی گێڕایەوە و لەنێوانیاندا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو کە پەیوەندی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان چۆن بووە گوتی، "چەند جارێک بینیومە، کەسێکی بێ باوەڕ بوو، جارێک بۆ پیرۆزبایی دامەزراندنی فیدراسیۆنی رۆشنبیری لە ئەنقەرە چووینە بارەگەی فیدراسیۆنەکە محەممەد لەوێ بوو کوڕێکی بەڕێز بوو و دانیشتین لەگەڵیدا، دوای گفتوگۆ، کاتی بانگ بوو، پێمانگوتن بەرماڵتان هەیە، دەمانەوێت نوێژەکانمان بکەن. بەڵام ئەوان گوتیان "خۆ ئێمە نوێژکەر نین، کەواتە بەرماڵیشمان نییە". ئێمەش چاکەتەکانی خۆمان راخست و دەستمان بە نوێژی جەماعەت کرد. لەو کاتەدا ئۆجەلان هاتە ژوورەوە و لە محەممەد توڕە بوو، گوتی'ئەوە چییە ئەو شەریعەت پەیڕەوانەتان هێناوەتە ئێرە و سەرکردایەتیان دەکەن لە نوێژدا'. خەریک بوو ببێتە شەڕ و لەیەکدی بدەن، بەڵام کەوتنە نێوانیانەوە و نەیانهێشت لەیەکدی بدەن. دواتر میت [دەزگای هەواڵگریی تورکیا] محەممەدیان گرت، زۆریان ئەشکەنجە کردبوو، باشیان لێدا بوو، هەر بەو هۆیەشەوە کۆچی دوایی کرد."
 
شێخ ئەبدولیلا فرات باسی سەردانێکی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز، دامەزرێنەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دەکات بۆ تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەو کاتی تورکیا و دەڵێت، "کاتێک من بینیمن، داوای لێکردم بچنە نێو پەرلەمانی تورکیا و من ئەو کات پەرلەمانتار بووم، ئەوانیش هەموویان قیافەیەکی کوردییانەیان هەیە، عەباو جبەی کوردیان لەبەردایە. تورکەکان کاردانەوەی سەیریان بەرامبەر ئەو شتانە هەبوو، وەکو گورگ وابوون، هێرشیان دەکردە سەر خەڵک. ئەوکاتە حوسامەدین جندرۆک سەرۆکی پەرلەمان بوو، قسەم لەگەڵ کرد و گوتم وەفدی پارتێکی تورکمانی عێراق لێرەن، نەدەکرا بڵێم پارتێکی کوردی! گوتی نا! گوتم بەڵێ لێرەن و دەیانەوێت پەرلەمان ببین، بەڵام لەبەرئەوەی وەفدێکی فەرمیین با پۆلیس پاسەوانێتیان بکات."
 
نەوەکەی شێخ سەعیدی پیران باس لەوە دەکات، کە"سەرۆکی پەرلەمان رێبەری پەرلەمانی نارد بەدواماندا کە زمانی عەرەبی دەزانی، کاتێک بەرەو ساڵۆنی خواردنگەی پەرلەمان دەچووین، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەرەو روومان هات، ئێستا ناوی ئەو 'تورکە سەگەم' لەبیر نییە، رێگەی لێگرتین و دەستی بەهاوار هاوار کرد، دەینەڕاند، مستەفا کەمال ئەتاتورک تۆ لە کوێی؟ ئەوەتا نەوەکانی شێخ سەعید بوون بە ئەندام پەرلەمان و بەوەشەوە نەوەستاون، هاتوون نوێنەرانی پارتی ئیسلامی کوردستانیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و بەناو پەرلەماندا دەیانگێڕن، شاتە شاتی زۆر کرد، گوێمان نەدایە و بەرەو ساڵۆنەکە رۆیشتین."
 
لە درێژەی گوتەکانی عەبدولیلا فرات دەڵێت، "سەیرم کرد ئەرداڵ ئینینۆ کوڕی عیسممەت پاشا هاتە ژوورەوە، گوتم ئینجا نۆرەی ئەمەیە، دەبێت ئەم چی بڵێت! گوتم ئەگەر قسەیەکی خراپی کرد، چی دەبێت با ببێت، کورسییەک دەکێشم بە تەپڵی سەریدا. هات لە پشت ئێمەوە دانیشت، بانگی کردم بەڕێز فرات دەتوانیت دەقەیەک بێیت بۆلام! کە چووم گوتی بیستوومە وەزیری دەرەوە بەرامبەر میوانەکانت کاری نابەجێ و قسەی پیسی کردووە، پێمخۆشە بێم بۆلای میوانەکانت داوای لێبووردنیان لێبکەم. ئەرداڵ ئەوکاتە جێگری سەرۆکی پارتەکەیان بوو، بردمە لای خۆمان و لەگەڵمان دانیشت. داوای لێبوردنی کرد لەوەی کە وەزیری دەرەوە قسەی نابەجێی کردووە و گوتی ئێمە هەموو خەڵکی وڵاتێکین و کەسمان غەریبە نین، هیوادارم لێبووردنەکەم قبووڵ بکەن. شێخ عوسمان شتێکی گوت کە لەبیرم ناچێتەوە "ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ تورکەکان وەکو برا بین، ئەوە ئەمریکایە کە تەفرەقە دەخاتە نێوانمانەوە."
 
نەوەکەی شێخ سەعیدی پیران چیرۆکی سەردانیکردنی بۆلای سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری هەدەپ دەکات و رایگەیاند، "ساڵی 1994، هادەپ 25 ئەندام پەرلەمانی هەبوو، کۆبوونەوە و گوتیان دەمانەوێت بچینە لای سەرۆککۆمار، ئەوکاتە سڵێمان دیمیڕاڵ سەرۆککۆمار بوو، گوتیان، دەچین باسی ئەو زوڵم و زۆرەی بۆ دەکەین کە لە رۆژهەڵات [باکووری کوردستان] دەکرێت، ئەوکاتە لە خەڵک دەدرا، خەڵکیان دەخستە زیندانەوە، زوڵمێکی بێ رادە بەدەریان بەرامبەر کورد دەکرد، من وەکو کوردێکی ناو پارتی رەفا لەگەڵیان چووم، کوردەکانی دیکە نەهاتن، من لە پێش ئەوانەوە گەیشتمە شوێنی دیدارەکە، بەڵام کاتێک چووینە ژوورەوە ئەوان پێش من کەوتن، من لەدوای ئەوانەوە چوومە ژوورەوە، سڵێمان دیمیراڵ بەپێوە وەستابوو، بەخێرهاتنی کردین، کە دانیشتین دمیراڵ گوتی کاک فرات فەرموو جەنابتان وەرنە لای منەوە دابنیشن."
 
هەروەها باسی لەوە کرد، "سەرۆککۆمار رووی لە ئەندامەکانی هادەپ کرد و گوتی، منداڵینە (چوجوقلەر)، ئێوە قەت نابن بە میللەت، لە تورکیا ئەوەی کە زۆرترین خزمەتی بە کورد کردووە شێخ سەعیدە، من دەبینم نەوەی شێخ سەعید لەگەڵ ئێوەدا هاتووە، خۆتان پێشکەوتن و ئەوتان خستە دوای خۆتانەوە، ئەگەر ئێوە میللەتێکی باش بوونایە دەبوو عەبدولیلاتان بخستایەتە پێش خۆتانەوە، ئەوکاتە من زیاتر خۆشحاڵ دەبووم و دەمگوت بزانە ئەمانە قەدری گەورەکانی خۆیان دەگرن، رێزی ئەوانە دەگرن کە خزمەتی میللەتەکەیانی کردووە، بەڵام دیقەتمدا کەستان سڵاوێکتان لە ئەبدولیلا نەکرد.! 
 
عەبدلولیلا فرات گوتی، "ئێوە درۆزنن، کورد نین، ئەگەر کورد هەبێت عەبدولیلایە. کەسیان وەڵامیان نەدایەوە. ئینجا باسی مەسەلەی کوردیان کرد. کە تەواو بووین، دیمیراڵ گوتی تۆ بمێنەرەوە، پێی گوتم ئا ئەمە میللەتەکەی ئێوەیە بۆیە نابن بەهیچ، گروپێکی بیست کەسیان دروست کردووە، وەختێک مرۆڤ نەبێت بە مرۆڤ، حیزب بەدەردی چی دەخوات! گوتی ئەگەر ئەوان تورک بوونایە، تۆیان دەخستە پێش خۆیانەوە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ شێخ ئەبدولیلا فرات، نەوەی شێخ سەعیدی پیران، بەشی دووەم
 
رووداو: سوپاست دەکەم کە لە گفتوگۆکەمان لەگەڵماندا بەردەوامیت.
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: منیش سوپاسی ئێوە دەکەم.
 
رووداو: ئێوە لە سورگون (مەنفا) لەدایک بوون؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: بەڵێ، وایە. من لە ژیانی دیلایەتیدا لەدایک بووم، ئازار و ناخۆشییەکی زۆرمان بینی، خێزانەکەمان رووبەرووی برسێتی و هەژاری و دیلێتی بووەوە، پەیوەندییان لەگەڵ کوردستان نەما، لە دۆستەکانیان دابڕان. نەیاندەهێشت کەس قسەیان لەگەڵدا بکات، پەیوەندییەکان بچڕان. کەسوکارمان لەژێر چاودێریی سەربازیدا بوون، نەیاندەهێشت شێخ عەلی رەزا سەردانی مزگەوتیش بکات. دواتر من سەردانی ئەو شوێنەم کرد، میدیە دەکەوێتە سەر کەناری دەریای رەش، ئەوەش بە مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری و یاداوەریەکان، لەوێ پێیانگوتم سەرەتا بۆ ماوەی دوو ساڵ شێخ عەلی رەزایان هێنایە ئێرە، والی و بەرپرسە سەربازییەکان بە خەڵکەکەیان راگەیاند کە نابێت بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی لەگەڵ شێخ عەلی رەزا گرێ بدەن. دوای دوو ساڵ رێگەیاند، شێخ عەلی رەزا سەردانی مزگەوت بکات، نیوەڕۆ و ئێواران دەچووە مزگەوت. خەڵکی تراخێ دەهاتنە بەردەم ماڵەکانیان و تەماشای شێخ عەلی رەزیان دەکرد، ئەوان لەوە تێگەیشتبوون کە زانا و پیاوچاکێکی بەناوبانگە، خەڵک خۆشیان دەویست، دوای ئەوە پەیوەندی شێخ عەلی ڕەزا و خەڵک دروست بوو. ماوەیەک دوای ئەوە، نەخۆشی (لەرز و تا) بڵاو دەبێتەوە و چەند کەسێکیان لێ دەمرێت، بۆیە دەیانگوێزنەوە بۆ گوندێک کە دەکەوێتە ناو دارستانێکەوە، گوندێکی خۆشە، من لەو گوندە لە دایک بووم، دایکم دەیگوت ئەوەندە فەقیربووین، هیچمان نەبوو تێتەوە بپێچین، مەجبوور کراسەکەی خۆمم دڕی و تێمەوە پێچایت. بەو شێوەیە بە هەژاری و نەداری دەستمان بە ژیان کرد.
 
رووداو: تاوەکو کەی لەو شوێنە (کرکلەرێلی) مانەوە؟ 
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: تا ساڵی 1947، دوای ئەوە بەر لێبوردنێک کەوتین، گەڕاینەوە بۆ وڵات، شێخ عەلی رەزا قوتابخانەکەی خۆی کردەوە و دەستی بە وانە گوتنەوە کرد، بەڵام نەیاندەهێشت شێخ عەلی رەزا بەم لاولادا بڕوات، بۆ نموونە نێوان خنوسێ و قەزاکەمان تەنیا چوار کیلۆمەتر بوو، کاتێک بیویستایە بچێت بۆ ئەوێ، دەبوو موختار خەبەر بە قایمقام بدات، ئەگەر رازی بوایە دەیتوانی بچێت، ئەگەریش رازی نەبوایە نەیدەتوانی لە گوندەکە دووربکەوێتەوە.
 
رووداو: باوکت تێکەڵاوی سیاسەت بوو؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات:  نەخێر، خۆی تێکەڵاوی سیاسەت نەکرد. ساڵی 1966 لە ئەرەزرۆم، بوومەلەرزەیەک روویدا، خانووەکانمان رووخان و قوتابخانەکانمان تێکچوو، ناچار روومان لە شاری ئەلعەزیز کرد، رۆژێک نەجمەدین ئەربەکان هات، ئەو خۆی نەناساند، گوتی، ئەگەر رێگام بدەن هاتووم زیارەتی شێخ عەزیز ئەفەندی بکەم! شێخ عەزیز ئەفەندی لێی پرسی تۆ کێیت و بۆچی هاتوویت؟ ئەربەکان گوتی من کوڕی سەبری ئەفەندیم کە لەسەردەمی عوسمانییەکاندا لە ئەرەزرۆم قازی بووە. سەبری ئەفەندی زانایەکی گەورەبووە، قازییەکانی سەردەمی عوسمانی عالم بوون، کاتێک شێخ سەعید ئەفەندی بچووبایەتە ئەرەزرۆم سەردانی دەکرد و گفتوگۆیان دەکرد. شێخ عەزیز ئەفەندی بەو دیدارە خۆشحاڵ بوو. لە ئەربەکانی پرسی، بەچییەوە مەشغوڵی؟ ئەربەکان وەڵامی دایە کە لە زانکۆی ئیستەنبووڵ بەشی تەکنیک دەخوێنێت. هەر ئەوکاتە قایمقام هات بۆلای شێخ. ئەربەکان لە شێخ عەزیز ئەفەندی پرسی، لە ئیسلامدا مافی دارستانە چییە؟ دوای ئەوەی بۆی روونکردەوە، ئەربەکان باسی ریفۆرمی زەوی و زاری کرد، پرسی دەربارەی دابەشکردنی (پێدانی) زەوی بەسەر خەڵکدا چی دەڵێت؟ 
 
شێخ ئەفەندی گوتی، کاتێک عومەری کوڕی خەتاب دەبێت بە خەلیفە، دەوروبەری رووباری نیل بەسەر خەڵکیدا دابەش دەکات، خەڵکی ئەو دەوروبەرە هیچیان نەبوو، زەوی بەسەر جووتیارەکاندا دابەش کرد، کەواتە لە تورکیاش ئەگەر زەوی دەوڵەت هەبێت دەتوانێت بیدا بەخەڵک بەو مەرجەی دادپەروەرانە بێت. موناقەشەکە ئاوا بوو. دواتر شێخ عەزیز ئەفەندی بەهۆی نەخۆشییوە چووە ئەنقەرە، ئەوکاتە نەجمەدین ئاربەکان مامۆستای زانکۆ بوو، رۆژێک بەڕێکەوت بینیمان، لێیپرسین هیچ خەبەرێکتان لە جەنابی شێخ هەیە؟ گوتمان ئەوە لێرەیە لە ئەنقەرەیە، زۆری پێخۆش بوو، داوای لێکردم بیبەم بۆ خزمەتی. ئێوارەبوو کە بردم بۆلای شێخ. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شێخ کە لە زاناکانی دیکەی تورکیادا نەبوو، زانیارییەکانی بوو لەسەر سیستمە سیاسییەکانی دنیا، لە کاپیتاڵیستەوە بگرە هەتا کۆمۆنیزم و بیروباوەڕە جیاوازەکانی دیکە،  وەختی خۆی شێخ سەعید ئەفەندی وەکو سەرۆکی دەوڵەت پەروەردەی کردبوو. زاکیرەیەکی یەکجار بەهێزیان هەبوو، کتێبیان ئەزبەر کردووە. ئەوکاتەی کە لە تەراغە بوو، کەسێک نامەیەکی بۆ دەنێرێت، لەنامەکەدا شیعرێکی جەلالەدینی رۆمی بۆ دەنووسێت، کاتێک شیعرەکە دەخوێنێتەوە شێخ عەزیز ئەفەندی دەست بە گریان دەکات! کاتێک لێی دەپرسن بۆچی دەگریت؟ لە وەڵامدا دەڵێت، وەختی خۆی باوکم وەسێتی بۆ کردم کە کتێبی مەسنەوی بخوێنەرەوە کە لە 10 بەرگ پێکدێت، ئەزبەری بکەم، بەڵام ئەوەبوو منیان نەفی کرد و  ئەو دەرفەتم بۆ نەڕەخسا ئەو کارە بکەم، ئێستا کە ئەو شیعرەم بینی، شێخ سەعیدم بەیادهاتەوە بۆیە گریام.
 
رووداو: باشە، با بگەڕێنەوە سەر ئەربەکان، راستە دەڵێن ئەربەکان کوردە؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: دیارە ئەو خۆی سەربە عەشیرەتێکی کوردە، عەشیرەتی خۆزانییەکان.
 
رووداو: ئەو خۆی دەیگوت کە کوردە؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: باوکی ئەربەکان گوتبووی کە کوردن، ئەویش دەیگوت، بەڵام بە منی گوت زوڵم و زۆرێکی زۆرمان لێکراوە، کە مردم ئینجا بڵاوی بکەرەوە کە من کورمانجم (کوردم).
 
رووداو: کەواتە ئەو لەلای تۆ ددانی بەوەداناوە کە کوردە، بەڵام کوردی نەدەزانی؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: بەڵێ، وایە، ئەربەکان لە ئیستنەبووڵ گەورە ببوو، باوکیشی قازی بوو لە ئەرەزرۆم. دواتر مستەفا کەمال قانونێکی دەرکرد،  شتێک روویدا کە بە یاخیبوونی شەپقە ناوی دەرکرد، نزیکەی 200 بۆ 300 کەسیان کوشت، ئەوەبوو باوکی ئەربەکانیان نەفی کرد بۆ سینۆپ کە لە دەریای رەشەوە نزیکە، لەوێ ژنەکەی دەمرێت و ژنێکی گورجی دەهێنێت، ئەربەکان خوشکەزای گورجییانە، دواتر دەچێتە ئیستەنبووڵ و لەوێ گەورە دەبێت.
 
ئەربەکان زۆر کوردی خۆشدەویست و بەردەوام دەیگوت کە بڕۆن زانا و ئاقڵمەندە کوردەکان بهێننە ناو پارتەکەمانەوە، تەنیا کوردەکانن کە دەنگمان پێ دەدەن، ئەگەر کوردەکان دەنگ بە ئێمە نەدەن، ئەوا زەرەرێکی زۆر لەم حکومەتە دەکەن. 
 
رووداو: بەڵام یاشێخ، کورد چ خێرێکیان لە ئەربەکان و حیزبەکی بینی؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: ئەربەکان، زوڵم و زۆری تورکەکانی باس دەکرد، زوڵم و زۆری سوپا و ژیتەمی باس دەکرد، ئەو کۆمەڵکوژییانەی دەیانکردن و ماڵ و حاڵی خەڵکیان تاڵان دەکرد. بۆ نموونە کاتێک من لە ساڵی 1992 بوو یان 1993 بوو، ئەوکاتە ژیتەم لە لایەک و پەکەکەش لەلایەکی دیکەوە زوڵمیان دەکرد، خەڵک ناچاربوون کۆچ بکات. 
 
رووداو: بۆچی دەڵێیت پەکەکە زوڵمی دەکرد؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات:  دەیانگوت دەبێت مەیل بدەن بە ئێمە، ئێ دەوڵەتی تورکیا زۆر زاڵمە، مرۆڤ نەیدەتوانی بە ئاشکرا مەیلداری پەکەکە بێت، دەوڵەت خەڵکیان دەخستە زیندانەوە، وێرانت دەکات، تاڵانت دەکات، ئەوەی پێی دەگوترێت ئینساف و مەرحەمەت لە دەوڵەتی تورکیادا نییە، ئێ تۆ بێیت مەیلت بۆ خەڵکانێک هەبێت کە ئامۆزا و پورزاتبن و پێشتر پەکەکە بووبێتن یان پێشتر هاورێت بوون و پەکەکە بوون، حکومەت دەتگرێت، ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە زیندانەکاندا ژیان بەسەر دەبەن.
 
رووداو: باشە یاشێخ ئێوە دەڵێن داواتان دەکرد کورد دەنگتان پێ بدات، ئەی ئێوە لە پەرلەماندا بە قازانجی کورد چیتان کرد، لە لایەنی فەرهەنگی و زمانەوە، هیچتان کرد؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: زۆرجار لە سمینارەکاندا کە سێ مانگ جارێک رێکی دەخست دەیگوت ئەگەر لە کوردستان پیشەسازی پێشبکەوێت، ئەوا دەوڵەت ناتوانێت زۆر زوڵم لە خەڵک بکات، خەڵک گرێدراوی دەوڵەت دەبێت، ئەوانەی کە دەچنە بەر خوێندن زۆرتر دەبن. 
 
رووداو: بەڵام ئەمەش جۆرێک لە توانەوە (ئاسیمڵاسیۆن) نییە؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: جارێک ئەربەکان لە بینگۆڵ لە گردبوونەوەیەکدا بەشداربوو، منیشی لەگەڵ خۆی برد، بە فرۆکە چووینە ئەلعەزیز لەوێ سواری هەلیکۆپتەرێک بووین، فەرماندەی سوپاشمان لەگەڵدا بوو، بەرپرسی ئیستیخباراتمان لەگەڵدا بوو، فەرماندەی جەندەرمە و ئەمینداری گشتیی وەزیری بەرگریشمان لەگەڵ بوو، هەلیکۆپتەرەکە بەسەر ئەو ناوچەیەدا دەرۆیشت کە خاکی شێخ سەعید بوو، پالۆ، ئەو شوێنانەم پێشانی ئەربەکان دا کە بە ئاڵای تورکیا داپۆشرابوو، نووسرابوو (خوا تورک رزگار بکات)! کاتێک گەیشتینە بینگۆڵ ئەربەکان لە گوتارەکەیدا گوتی کاتێک بەرەو ئێرە دەهاتین، ئەبدولیلا ئەو شوێنانەی پێشاندەدام کە  هەمووی بە دروشمی (خوا تورک رزگار بکات) داپۆشرابوو، داوای کرد شتی وا بەرامبەر کورد مەکەن، لەسەر خاکی ئەوان ئەم شتانە مەنووسن، دەنا ئەوانیش دەڵێن خوا کورد رزگار بکات، ئەوە دەبێتە هۆی ناکۆکی و دووبەرەکی و نەفرەت لەنێوانماندا دروست دەکات، واز لەو کارانە بهێنن!  لەسەر ئەو قسانە ئەوەبوو لە پرۆسەی کودەتای 28 شوبات 1997، ئەربەکانیان کەنارگیر کرد و پۆستی سەرۆکوەزیرانیان لێوەرگرتەوە. 
 
رووداو: باشە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی ئەوکاتەی کە خوێندکار بوویت، ئایا کاتێک خوێندکار بوویت، پەیوەندیت لەگەڵ گروپە ئیسلامی و راستڕەوەکان دا هەبوو؟ کۆمەڵەی خوێندکاران هەبوو؟
 
شێخ عەبدولیلا فرات: لەو سەردەمەدا رێکخراوی تورکەشچییەکان ئەوانەی سەر بە (مەهەپە) هەبوون، زۆر بەهێز بوون، چەپ و سۆسیالدیموکراتەکانیش هەبوون، لە سەرووی ئەمانەشەوە دۆغو پەرینچەک هەبوو، بەڵام ئەو ئەفسەری هەواڵگری بوو، لەبنەچەدا خۆی فەلەیە، سۆسیالیست هەبوون، پارتی کرێکارانی تورکیا هەبوو. هەروەها خوێندکاری ئایینی کوردیش هەبوون، ئەوە ئێمە بووین، تورکیشمان لەنێودا بوو، پێیان دەگوتین "پەیڕەوانی شەریعەت". ئێمە بەرگریمان لە ئیسلام دەکرد. سیمینار و کۆبوونەوە دەکرا، لەوێدا بیروباوەڕی خۆمان دەهێنایە گۆڕێ، ئەوانیش بۆچوونی خۆیان دەردەبڕی و دەبوو بە مشتومڕمان.
 
رووداو: هیچ رێکخراوێکتان هەبوو؟
 
عەبدولیلا فرات: رێکخراوی خوێندکاران هەبوو، پارتە سیاسییەکانی وەکو مەهەپە، سۆسیالیست، سۆسیالدیموکراتەکان و لیبراڵەکان هەرەیەکە و لیستی خۆی دیاری دەکرد، هەریەکە کاری بۆ خۆی دەکرد؟
 
رووداو: ئێوە لیستی سەربەخۆتان هەبوو؟
 
عەبدولیلا فرات: ئێمەش لیستێکمان دروست دەکرد. لە زۆر شوێندا بەقازانجی ئێمە شکایەوە، ئاخر ئەوان بەگژیەکتردا دەچوون و پەرش بڵاودەبوونەوە و ئێمەش کەڵکمان لێوەردەگرت. 
 
رووداو: ئێوە ڕێکخستنێکتان بەناوی (چرا) دروست کرد، ئەوە ساڵی چەند بوو؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: ساڵی 1969 بوو، لەو سەردەمەدا بزووتنەوەی خوێندکاری زۆر بوون. ناڕەزایەتی هەبوو، گردبوونەوە هەبوو، دەستە و تاقم دروست دەبوون. بەهۆی قەدەغەکردنەکانەوە، ناوی ئێمەیان نابوو "گروپی چرا، بە واتایەکی دیکە "رووناکی". بەو شێوەیە خەباتی خۆمان بەڕێوە دەبرد.
 
رووداو: رێکخراوی چرا تەنیا کوردەکان ئەندام بوون تێیدا؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: تورکە شەریعەتچییەکانیشمان لەگەڵ بوو. 
 
رووداو: ئێوە لەگەڵ تورکە شەریعەتچییەکاندا چۆن لەسەر مەسەلەی کورد رێکدەکەوتن، دانیان بە مافی کورددا دەنا یان تەنیا شەریعەت کۆیدەکردنەوە؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: مەیلیان بەلای ئێمەدا هەبوو، کاتێک هەڵبژاردن دەکرا دەنگی خۆیان بە ئێمە دەدا، ئێمەش مەیلمان بەلای ئەواندا هەبوو. 
 
رووداو: لەگەڵ سۆسیالیست و چەپەکاندا بەگژیەکتردا دەچوونەوە؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: رووداوی گەورە گەورە روویاندەدا. بۆ نموونە رۆژێک لە دەوام بووین، لەگەڵ سەرۆکی کۆمەڵەی خوێندکاران پێکەوە بووین، گوتیان شەڕ قەوماوە. ئێمەش چووین بزانین لە کێ دەدەن، بۆمان دەرکەوت کە خەریکە کەسێک دەکوژن، دڵنیا نەبووین کێیە، بەڵام فریایی کەوتین و رزگارمان کرد. ئەو قوتابییە گوتی فریام بکەون بمخەنە ناو ئۆتۆمبیلەکەمەوە و بمبەن، مارسیدسێکی وەرزشی ئەخیر مۆدیلی پێبوو، گوتمان ئێمە و ئۆتۆمبێل؟ ئێمە شۆفێری نازانین. تەکسییەکمان گرت و سوارمان کرد بۆ نەخۆشخانەمان برد. لەوێ گوتی بەو ژمارە تەلەفۆنە کەسوکارم ئاگادار بکەن با بێن بەلامەوە. تەلەفۆنمان کرد، پۆلیس هاتن بۆ ژوورەکە، هەروەها ژنەکەی دەمیراڵ خاتوو نەزمیش هاتبوو، بەلامانەوە سەیر بوو، ئەو لێرە چی دەکات؟ تێگەیشتین کە ئەو خوێندکارە ژن برای سڵێمان دمیراڵ بوو. بە خوشکەکەی گوت، سوپاسی ئەبدولیلا و جەماعەتەکەی بکە کە فریامان کەوتن، ئەو نەبوایە دەیانکوشتم. دوای ئەوە پزیشکەکان کۆبوونەوە و تیماریان کرد و سواری ئەمبوڵانسێکیان کرد، ئێمەشیان لەگەڵ خۆیان برد و چووین بۆ ماڵی دیمیراڵ. ئەوکاتە خوێندکارەکان هەژار بوون، خواردنێکی خۆشیان بۆ ئامادەکردین و خزمەتیان کردین، خۆشحاڵیان کردین.
 
رووداو: ئەوکاتە دیمیراڵ پۆستی چی هەبوو؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: ئەوکاتە سەرۆکوەزیران بوو، هەر خۆشی هات بۆلامان سوپاسی کردین. پاشان تەلەفۆنی بۆ وەزیرەکەی خۆی کرد و داوای لێکرد کە سەد لە هاورێکانی ئەبدولیلا بکەنە فەرمانبەر، چونکە ئەمانە هەژارن، بەوشێوەیە هاوڕێکانمان بوونە فەرمانبەری حکومی. بەوشێوەیە مەیلیان بۆ ئێمە پەیدابوو، ئێمەش مەیلمان بۆ ئەوان هەبوو، نەماندەزانی ئەوانە کێن، بەڵام نەماندەویست لە زانکۆکەدا زوڵم لە کەس بکرێت. کاتێک بمانبینیایە زوڵم دەکرێت، یەکسەر خۆمان تێهەڵ دەقورتاند، ئەوان نەیاندەوێرا لەگەڵ ئێمە شەڕ بکەن. بۆ نموونە بوڵند ئارنج ، ماوەیەک پەرلەمانتاری ئێمە بوو لە پارتی رەفا. ئەوکاتە ئێمە لە کۆڵێژی حقوق دەمانخوێند، لە مەرحەلەی یەکەمدا بووین، بوڵند لە مەرحەلە دوو دەیخوێند، ئەوکاتە لایەنگری نوورچییەکان بوو، رۆژێکیان قوتابییە سۆسیالیستەکان گرتبوویان تێڕوپڕیان لێدابوو، پەرێشانیان کردبوو، گوتی لە مزگەوت دەریان هێنام و زۆریان لێدام و خراپیان بەسەرهێنام.
 
پێمانگوت با بچین تۆڵەیان لێ بکەینەوە، ئەو قوتابیانەی کە لێیاندابوو پێشان داین، ئێمەشە هەڕەشەمان لێکردن و گەڕاینەوە.  
 
ڕووداو: پەنا بۆ بەکارهێنانی چەک دەبرا؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: نەخێر چەک بەکارنەدەهێنرا، بە دەست و مەچەکمان شەڕمان دەکرد.  
 
رووداو: باسی دیدارێکی خۆت و ئۆجەلانمان بۆ بکە؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: کۆمەڵە کوردییەکان خەریکی دامەزراندنی فیدراسیۆنی یانەکانی رۆشنبیری بوون. کەسێک هەبوو بە ناوی محەممەد خەڵکی بینگۆل بوو، کوڕێکی زۆر بەڕێز بوو، بڕیار بوو ئەو سەروکاری ئیشەکە بکات. ئێمەش گوتمان با بچین پیرۆزبایی لێبکەین. ئۆفیسەکەیان دەکەوتە سەر شەقامی زیا گۆکاڵپ لە ئەنکارا. ئەوەبوو چووین، پیرۆزباییمان لێکردن و دانیشتین. دوای گفتوگۆ، کاتی بانگ بوو، پێمانگوتن بەرماڵتان هەیە، دەمانەوێت نوێژەکانمان بکەن. بەڵام ئەوان گوتیان "خۆ ئێمە نوێژکەر نین، کەواتە بەرماڵیشمان نییە". ئێمەش چاکەتەکانی خۆمان راخست و دەستمان بە نوێژی جەماعەت کرد. لەو کاتەدا ئۆجەلان هاتە ژوورەوە و لە محەممەد توڕە بوو، گوتی"ئەوە چییە ئەو شەریعەت پەیڕەوانەتان هێناوەتە ئێرە و سەرکردایەتیان دەکەن لە نوێژدا". لە مەحەممەد توڕە بوو، خەریک بوو ببێتە شەڕ و لەیەکدی بدەن، بەڵام کەوتنە نێوانیانەوە و نەیانهێشت لەیەکدی بدەن. دواتر میت (دەزگای ئیستخیباراتی تورکیا) محەممەدیان گرت، زۆریان ئەشکەنجە کردبوو، باشیان لێدا بوو، هەر بەو هۆیەشەوە کۆچی دوایی کرد.
 
کە محەممەد گیرا، ئێمە داوامان لە ژنبراکەی دەمیراڵ کە ناوی عەلی شەنەر بوو کرد کە بەدواچوونێک بکات، بەڵکو محەممەد بدۆزنەوە، ئەوە بوو محەممەدیان لە کونجێکی میت پەیداکرد، بەڵام زۆریان ئەشکەنجەدابوو، پەرێشان بوو، هەرگیز چاک نەبووە، هەر بەو هۆیەشەوە گیانی سپارد. خەزووری عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەرپرسی بەشێکی دەزگەی ئیستیخبارات بوو. 
 
رووداو: لە نزیکەوە عەبدوڵڵا ئۆجەلانت دەناسی؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: من تەنیا یەک دوو جار بینیومە.
 
رووداو: ئەوکاتە ئەو چەپ و مارکسیست بوو؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: کەسێکی بێدین بوو.
 
رووداو: بەڵام دەڵێن پێشتر کەسێکی بڕوادار بووە؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: درۆ دەکەن.
 
رووداو: لەسەر پەیوەندی (مەهەپە)یەکان و ئیسلامییەکان بەتایبەتی لە شارێکی وەکو بینگۆڵ، دەڵێن پێکەوە کاریان کردووە؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: هەندێک مرۆڤی گەمژە و نەزان هەن کە بە تەعەسوبەوە کار دەکەن، وابیردەکەنەوە کە بەو شێوەیە دژایەتیی کۆمۆنیست و بێدینەکان دەکەن، بۆیە دەڵێن هەرچۆنێک بێت ئەگەر(مەهەپە)ییەکان تورکیشبن، تورکێکی موسڵمانن، بۆیە ئەگەر لەگەڵ ئەوان کاربکەین باشترە، ئەوە خەتایەکە و دەیکەن، ئاخر ئەوانە بێشعورن، میللەتێک کە شعوری نەبێت دەکەوێتە هەڵەوە، میللەتێک کە شعوری نەبوو، ناتوانێت دۆست و دووژمنی خۆی لەیەک جیابکاتەوە، بێگومان دەکەونە هەڵەوە. بۆیە ئەو خەتایانە دەکرێن.
 
رووداو: ئەوکاتەی کە ئێوە خوێندکاربوون و خەریکی شەریعەتچێتی بوون، بەدیوەکەی دیکەدا کوردایەتیتان دەکرد یان نا؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: نکۆڵیمان لە کوردبوونی خۆمان نەدەکرد، لەناوخۆماندا بە کوردی قسەمان دەکرد، ئێمە لەگەڵ ئەوەی هاورێی تورکمان هەبوو، بەڵام بەردەوام  کە ئەوانیشی لێبوو بە کوردی قسەمان دەکرد. هیچ کاتێک سازشمان لەسەر زمان و داب و نەریت و عەقیدەی خۆمان نەدەکرد.
 
رووداو: گۆڤار و رۆژنامەی خۆتان هەبوو؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: نەخێر، نەمانبوو. ئێمە ئەو دەرفەتانەمان بۆ پەیدا نەبوو. دواتر پەرش و بڵاوبووینەوە، کە حیزبەکانیش دامەزران، هەریەکەو پەیوەندیمان بە حیزبێکەوە کرد و بڵاوەمان لێکرد.
 
رووداو: ئەوکاتە (حەفتاکان) هیچ حیزبێکی ئیسلامی هەبوو؟ 
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: ئەربەکان پەیدا بوو، ساڵی 1971 پارتی رەفا (ژیانێکی ئاسودە) ی دروست کرد. هەڵبەت پێش ئەوەش پارتی رزگاری نیشتمانی هەبوو، دواتر ئەربەکان سەربەخۆیانە کاری کرد و پارتی رەفای دروست کرد. 
 
رووداو: کام لە حیزبە تورکییەکان لە کوردستان لایەنگریان زۆرتر بوو؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: ئەربەکان لایەنگری زۆر بوو، سەدی حەفتای لەگەڵ بوو.
 
بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1986 یان 1989 پارتی رەفا زۆرترین دەنگی لە دیاربەکر [ئامەد] هێنا، لە هەموو ناوچەکانی رۆژهەڵات پەرلەمانتارمان هەبوو. دیارە کوردی بەهۆش نەدەهاتنە ناو پارتەکەمانەوە، ئەربەکان دەیگوت بڕۆن لەگەڵیان قسە بکەن و قەناعەتیان پێبهێنن کە بێنە ناو (رەفاوە). بەڵام هەرچییەکمان کرد نەهاتن و نەهاتن، خەڵکە عەوامەکە دەنگیان دەداینێ، بەڵام خەڵکە رۆشنبیرەکە نەهاتنە ناو رەفاوە. 
 
رووداو: ساڵی چەند بوویت بە ئەندامی پارتی رەفا؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: من لە ئەندامە سەرەتاییەکانی پارتیم، هەر کاتێک ئەربەکان پارتێکی دامەزراند بێت، من بووم بە ئەندام تێیدا، ئەوکاتە من سەرۆکی یەکێتیی لاوان و خوێندکاران بووم. لە کۆنیا کاندیدێکی سەربەخۆمان هەبوو، چووم بوومە هاوکاری و کارم لەگەڵ کرد، پاشان گوتیان بچۆرە ئەو قەزا و ناحیانەی کە کوردی لێ دەژی، بۆ ئەوەی پشتگیریمان بکەن. 
 
رووداو: پارتی رەفا هیچ بەرنامەیەک یان پرۆژەیەکی هەبوو لەسەر دۆزی کورد و چارەسەری، یان لەلایەنی فەرهەنگی و زمانەوە؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: خوای گەورە کە نەتەوەکانی دروست کردووە بۆ هەریەکەیان عورف و عادات و زمانێکی تایبەتی پێ بەخشیووە، خۆ ناتوانین بێین زمان و مێشک و سەری خۆمان بگۆڕین، رەفا دەیگوت ئیسلامیەت چ مافێکی دیاری کردووە بۆ گەلان منیش ئەومافانە قبووڵ دەکەم و دەشیکرد. 
 
رووداو: لەگەڵ ئەو کوڕانەی کە ئەندام بوون لە پارتەکانی دیکەدا، هاوکاری یەکدیتان دەکرد؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: لە پەرلەمان، دەنگمان بەو پرۆژە یاسایانە نەدەدا کە دژایەتی کوردی بکردایە، دژی دەوەستاینەوە، ئەربەکان پێگوتم کە لەگەڵ مافەکانی کورد بە، بەڵام دەبێت هۆشیاربیت، نابێت نەژادپەرستەکانی ناو پارتەکەمان پێت بزانن، چونکە بزانن دەکەونە دووژمنایەتی کردنت. 
 
رووداو: ساڵی 1991 بوویت بە ئەندامی پەرلەمان، چۆن توانیت لە ئەرەزرۆم  ئەو دەنگە زۆرە بەدەست بهێنیت؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: پێش ئەوەی رەفا دابمەزرێت، پارتی رزگاری نیشتمانی و نەزمی نەتەوەیی هەبوو. بەرلەوەی ئەرباکان بچێتە ناو سیاسەتەوە یەکترمان بینی بوو. شێخ عەزیز ئەفەندی گوتی پشتگیری بکەن، ئەو کوڕی سەبری ئەفەندییە، دۆستی ئێمەیە، گەنجێکی موسڵمان و دیندارە، بەدڵنیاییەوە پشتگیری لێبکەن. ئەوکاتە شێخ عەزیز ئەفەندی گەورەی خێزانەکەمان بوو و هەروەها باوکم و مامم هانیانداین کە پشتگیری رەفا بکەین، منیش لە ئەنکار چوومە نێو رێکخستنەکانی رەفا. 
 
رووداو: بۆچی مەلیک فورات دژایەتی رەفای کرد؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: مەلیک فورات لەناو دیموکراتەکاندا بوو، سەرەتا لەلای موندەریس بوو بە ئەندام پەرلەمان، ئیدی وازی لێنەهێنان.
 
رووداو: کاتێک لە ساڵی 1984 پارتی کرێکارانی کوردستان دەستی بە خەباتی چەکداری کرد، ئێوە وەکو پارتی رەفا دژیان وەستانەوە؟ 
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: بەڵێ ئەربەکان بە ئاشکرا دژایەتی کردن، لە ناو پەرلەماندا قسەی کرد، پێی گوتم تۆ قسە نەکەیت باشە، با تووشی سەرئێشە نەبیت، ئێوە بنەماڵەی شێخ سەعیدن ناتوانین پارێزگاریتان لێ بکەین، ئەگەر کاردانەوەی دروست بێت.
 
رووداو: تۆ بۆخۆت دژ بوویت؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: من دژی ستەمکارانم، ناتوانم زاڵمم خۆش بوێت، من دژی هەر کەسێکم کە ستەم بکات.
 
رووداو: مەبەستم ئەوەیە دژی خەباتی چەکداری بوویت؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: من خۆم لەوان نەدەگەیاند و ئەوانیش خۆیان لە ئێمە نەدەگەیاندا. ئەوکاتە قورسایی ئێمە لە هەڵبژاردنەکاندا لە هی ئەوان زیاتر بوو.
 
رووداو: ساڵی 1991 شێخ عوسمان عەبدولعەزیز سەردانی تورکیایی کرد و هاتە ناو پەرلەمانی تورکیاوە، چیرۆکی رووداوەکانی ئەو سەردانە چۆن بوو؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: رۆژێک تەلەفونیان بۆ کردم گوتیان ئەربەکان دەڵێت بەپەلە و بێ وەستان بێت بۆلام، منیش چووم بۆ لای سکرتێرە تایبەتیەکەی، پێم گوت چی روویداوە؟ پێی گوتم وەفدێکی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان میوانی ئەربەکانن، لەبەر ئەوە بانگی کردوویت، کە چووم بینیم هەموو بە جلی نەتەوەییەوە دانیشتبوون، ئەربەکان زۆر بەگەرمی پێشوازی کردن و زۆری رێز لێگرتن، ئەربەکان سەرۆکی حیزبمان بوو. هەستم بە ترسێک لەلایەن ئەربەکانەوە دەکرد، ئاخر سەرۆکی پارتێکی کوردی هاتووە لای. بە ئەربەکانم گوتم، خۆجە، میوانەکان با لەگەڵ ئێمە بن و ئێمە لە خزمەتیاندا دەبین. بە مامۆستا مەلا عوسمانیشم گوت، خەڵکێکی زۆر سەردانی ئەربەکان دەکەن، رەنگە تۆ نەتوانیت زۆر کەڵک لە دیدارەکە وەربگریت، ئەگەر جەنابتان پێتان باش بێت، فەرموو ببنە میوانی ئێمە، دواتر ئەربەکانیش بانگ دەکەین بۆلایی خۆمان و بە ئیسراحەت قسەی خۆتان بکەن.
 
دوای سێ ڕۆژ،  شێخ عوسمان گوتی حەزدەکەم بمبەیت بۆ نێو مەجلیسی تورکیا (پەرلەمان)! ئێ ئەوانیش هەموویان قیافەیەکی کوردییانەیان هەیە، عەباو جبەی کوردیان لەبەردایە. تورکەکان کاردانەوەی سەیریان بەرامبەر ئەو شتانە هەبوو، وەکو گورگ وابوون، هێرشیان دەکردە سەر خەڵک. ئەوکاتە حوسامەدین جندرۆک سەرۆکی پەرلەمان بوو، قسەم لەگەڵ کرد و گوتم وەفدی پارتێکی تورکمانی عێراق لێرەن، نەدەکرا بڵێم پارتێکی کوردی! گوتی نا! گوتم بەڵێ لێرەن و دەیانەوێت پەرلەمان ببین، بەڵام لەبەرئەوەی وەفدێکی فەرمیین با پۆلیس پاسەوانێتیان بکات. ئەوەبوو رێبەری پەرلەمانی نارد بەدواماندا کە زمانی عەرەبی دەزانی، کاتێک بەرەو ساڵۆنی خواردنگەی پەرلەمان دەچووین، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەرەو روومان هات، ئێستا ناوی ئەو تورکە سەگەم لەبیر نییە، رێگەی لێگرتین و دەستی بەهاوار هاوار کرد، دەینەڕاند، مەستەفا کەمال ئەتاتورک تۆ لە کوێی؟ ئەوەتا نەوەکانی شێخ سەعید بوون بە ئەندام پەرلەمان و بەوەشەوە نەوەستاون، هاتوون نوێنەرانی پارتی ئیسلامی کوردستانیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و بەناو پەرلەماندا دەیانگێڕن، شاتە شاتی زۆر کرد، گوێمان نەدایە و بەرەو ساڵۆنەکە رۆیشتین، سەیرم کرد ئەرداڵ ئینینۆ کوڕی عیسەمت پاشا هاتە ژوورەوە، گوتم ئینجا نۆرەی ئەمەیە، دەبێت ئەم چی بڵێت! گوتم ئەگەر قسەیەکی خراپی کرد، چی دەبێت با ببێت، کورسییەک دەکێشم بە تەپڵی سەریدا. هات لە پشت ئێمەوە دانیشت، بانگی کردم بەڕێز فرات دەتوانیت دەقەیەک بێیت بۆلام! کە چووم گوتی بیستوومە وەزیری دەرەوە بەرامبەر میوانەکانت کاری نابەجێ و قسەی پیسی کردووە، پێمخۆشە بێم بۆلای میوانەکانت داوای لێبوردنیان لێبکەم. ئەرداڵ ئەوکاتە جێگری سەرۆکی پارتەکەیان بوو، بردمە لای خۆمان و لەگەڵمان دانیشت. داوای لێبوردنی کرد لەوەی کە وەزیری دەرەوە قسەی نابەجێی کردووە و گوتی ئێمە هەموو خەڵکی وڵاتێکین و کەسمان غەریبە نین، هیوادارم لێبووردنەکەم قبووڵ بکەن. شێخ عوسمان شتێکی گوت کە لەبیرم ناچێتەوە "ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ تورکەکان وەکو برا بین، ئەوە ئەمریکایە کە تەفرەقە دەخاتە نێوانمانەوە". ئەرداڵ گوتی من فەرق و جیاوازی ناکەم، بەڵام حیزبەکانی دیکە دەیکەن.
 
سیندۆروک (سەرۆکی پەرلەمان) تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی، باشە کاک فرات تۆ چیت بۆ ئێمە هێناوە، ئەو سەگە (وەزیری دەرەوە) هات بۆ لام، بەسەرمدا قیژانی و دەڵێت، حیزبێکی کوردیتان بۆ هێناوینەتە نێو پەرلەمانەوە!  لەناو تورکەکاندا کەسانی بێ ئەدەبی وا هەبوون کە بووبوون بە وەزیری دەرەوە، کەچی لە بەرامبەر شاندێک کە لە دەرەوە هاتبوون، کارێکی وا بێمانایان کرد و دەیکەن بە رۆژی قیامەت. 
 
رووداو: ئێوە لەگەڵ تورگۆت ئۆزالیشدا پەیوەندیتان هەبوو، کەسێکی چۆن بوو، ئەویش کورد بوو؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: ئۆزال دایکی کورد بوو. پیاوێکی زاڵم نەبوو و زوڵمی نەدەکرد، مەیلی بەلای کوردیشدا هەبوو. چاکەی بەسەر مام جەلال و مەسعود بارزانییەوە هەبوو، پاسپۆرتی بۆ دابین دەکردن، لەگەڵ کوردی عێراقدا باش بوو. پیاوێکی دیموکرات بوو، نەژادپەرست نەبوو، پیاوێکی ئاقڵ و زانا بوو. لە نەتیجەدا میللەت کە خۆی نەبێت بە میللەت، خێری بۆ خەڵکی دیکەش نابێت. 
با شتێکت بۆ باس بکەم، ساڵی 1994، هادەپ 25 ئەندام پەرلەمانی هەبوو، کۆبوونەوە و گوتیان دەمانەوێت بچینە لای سەرۆککۆمار، ئەوکاتە سڵێمان دیمیڕاڵ سەرۆککۆمار بوو، گوتیان دەچین باسی ئەو زوڵم و زۆرەی بۆ دەکەین کە لە رۆژهەڵات (باکووری کوردستان) دەکرێت، ئەوکاتە لە خەڵک دەدرا، خەڵکیان دەخستە زیندانەوە، زوڵمێکی بێڕادە بەدەریان بەرامبەر کورد دەکرد، من وەکو کوردێکی ناو پارتی رەفا لەگەڵیان چووم، کوردەکانی دیکە نەهاتن، من لە پێش ئەوانەوە گەیشتمە شوێنی دیدارەکە، بەڵام کاتێک چووینە ژوورەوە ئەوان پێش من کەوتن، من لەدوای ئەوانەوە چوومە ژوورەوە، سڵێمان دیمیراڵ بەپێوە وەستابوو، بەخێرهاتنی کردین، کە دانیشتین دمیراڵ گوتی کاک فرات فەرموو جەنابتان وەرنە لای منەوە دابنیشن!
 
رووی لە ئەندامەکانی هادەپ کرد و گوتی، منداڵینە (چوجوقلەر)، ئێوە قەت نابن بە میللەت، لە تورکیا ئەوەی کە زۆرترین خزمەتی بە کورد کردووە شێخ سەعیدە، من دەبینم نەوەی شێخ سەعید لەگەڵ ئێوەدا هاتووە، خۆتان پێش کەوتن و ئەوتان خستە دوای خۆتانەوە، ئەگەر ئێوە میللەتێکی باش بوونایە دەبوو عەبدولیلاتان بخستایەتە پێش خۆتانەوە، ئەوکاتە من زیاتر خۆشحاڵ دەبووم و دەمگوت بزانە ئەمانە قەدری گەورەکانی خۆیان دەگرن، رێزی ئەوانە دەگرن کە خزمەتی میللەتەکەیانی کردووە، بەڵام دیقەتمدا کەستان سڵاوێکتان لە ئەبدولیلا نەکرد! گوتی ئێوە درۆزنن، کورد نین، ئەگەر کورد هەبێت ئەبدولیلایە. کەسیان وەڵامیان نەدایەوە. ئینجا باسی مەسەلی کوردیان کرد. کە تەواو بووین، دیمیراڵ گوتی تۆ بمێنەرەوە، پێی گوتم ئا ئەمە میللەتەکەی ئێوەیە بۆیە نابن بەهیچ، گروپێکی بیست کەسیان دروست کردووە، وەختێک مرۆڤ نەبێت بە مرۆڤ، حیزب بەدەردی چی دەخوات! گوتی ئەگەر ئەوان تورک بوونایە، تۆیان دەخستە پێش خۆیانەوە.
 
بەداخەوە لەناو کورددا ئەنانیەت و غرور و خۆبەگەورەزانین هەیە، ئەندام پەرلەمانێتی چییە؟ مرۆڤ نابێت عورف و عاداتی خۆی لە بیربچێتەوە.
 
راستییەکەی خۆشەویستی لەنێوانماندا نەبوو، سەرپێی سڵاومان لەیەکتری دەکرد. ئەگەر پرسیەکیان هەبوایە دەچووین، بەڵام تێکەڵاویمان نەبوو. 
 
رووداو: بۆچی ساڵی 1997 پارتی رەفا قەدەغەکرا؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: وەکو بۆم باس کردیت، لەسەر قسەکانی ئەربەکان کە لە بینگۆڵ کردی. 
 
رووداو: لەسەر عەبدوڵڵا گویل، چی دەڵێیت، ئینکاری هەبوونی کوردی دەکرد؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: هەموویان دەیکەن بە عەبدوڵڵا گولیشەوە. لەناو سەرکردە تورکەکاندا کە دڵسۆزانە پشتیوانی کوردی دەکرد تەنیا نەجمەدین ئەربەکان بوو. دیارە ئەویش خۆی دەپاراست و دەترسا. 
 
رووداو: بەڵام ئەویش تەنیا لە دڵی خۆیدا و لەلای خەڵکی وەکو ئێوە بە باشە قسەی لەسەر کورد کردووە؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: نەخێر بەو شێوەیە نییە، لەناو پارتەکەشماندا بە ئاشکرا قسەی دەکرد، بەڵام خۆی لە راگەیاندن دەپاراست. ئەو راشکاوانە دەیگوت، ئەگەر بە گوێرەی عەقیدەی خۆم قسە بکەم ئەوا پارتەکە دادەخەن، ئەگەر درۆش بکەم ئەوا لەبەر دەمی خوای گەورەدا خۆم بە بەرپرسیار دەزانم، من لاڵ بووم، نەدەتوانم قسەی راست بکەم، ئێ خۆ ناشکرێت درۆ بکەم، لەنێو دووڕانێکدا بوو.
 
رووداو: باشە ئەوە چ دادپەروەرییەکە؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: لەناو تورکدا شتێک نییە بەناوی دادپەروەری، نە هەبووە نە دەشبێت، میللەتێکە هەم زوڵم لە خۆی هەم لە خەڵکی دیکە دەکات.
 
رووداو: بە ئیسلامیەکانیشیانەوە؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: رەنگە وەکو تاک هەبێت، بەڵام سیستمی حوکمڕانی ئەوان لەسەر زوڵمە هەڵچنراوە.
 
رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ ئەردۆغان چۆنە؟ 
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: پێشتر باشم دەناسی و کاریشم لەگەڵ کردووە، بەڵام کە بوو بە سەرۆککۆمار خۆی لێمان نەناس کرد و قسەی لەگەڵ نەکردین. خۆ وەختی خۆی ئەگەر ئێمە نەبوینایە نەیدەتوانی ببێت بە سەرۆکی شارەوانی. سەرۆکێک کە دادپەروەر نەبوو، وەفایشی نابێت. کاتێک بۆ بەرژەوەندی خۆیان دزی و گەندەڵی بکەن، چاوەڕێ چاکەیان لێناکرێت. 
 
رووداو: ئێستا ئەندامی هیچ پارتێک هەیت؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: ئەندامی پارتی سەعادەتم. من لەگەڵ موسڵمان کار دەکەم، هیچ پارتێکی موسڵمانی کوردیش نییە بچمە ناویەوە. سەردەمانێک ویستمان پارتێکی ئیسلامیی کوردی دروست بکەین، بەڵام بۆمان دروست نەکرا؟
 
رووداو: بۆچی ناتوانن؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: پارەی پێویستە، ئێمەش پارەمان نییە. دروستکردنی پارتێک، سەرمایەی دەوێت، ملیۆنان دۆلاری دەوێت. 
 
رووداو: ئەو هەموو زوڵمەی لە باکووری کوردستان دەکرا، بوو بە رۆژەی پارتەکەی ئێوە لە پەرلەماندا؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: لەژێر لێوەوە، هەر ئەوەندە بوو. مرۆڤ لەناو پەرلەمانی تورکیادا شتێکی وابکات، هەموو لێی دەبن بە دووژمن و هێرشی دەکەنە سەر.
 
رووداو: بەڵام جاربەجارێک پارتی هادەپ دەیکەن؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: هادەپ هێزیان هەیە، شەست بۆ حەفتا ئەندام پەرلەمانیان هەیە. پەرلەمانتاری بۆ ئەوەیە بەرژەوەندی خۆیانی تێدایە، ئەوان کەڵک لە مەسەلەی کورد وەردەگرن نەک لە دڵەوە بۆ کورد و بیرباوەڕی کوردبوون تێبکۆشن، شتێکی وا لە مەزهەبی هادەپدا نییە.
 
رووداو: رەوشی ئیسلامیەکان لە چیدایە؟
 
شێخ ئەبدولیلا فرات، دەتوانم بڵێم مەحکومی هەرە گەورە لە تورکیا سەرەتا کورد و پاشان موسڵمانەکانن، بۆ کورد و موسڵمانەکان لەم وڵاتەدا، ماف و دادپەروەری و مرۆڤایەتی نییە. 
 
رووداو: یاشێخ زۆر سوپاست دەکەم کە تەڤلی بەرنامەی پەنجەمۆر بوویت.
 
شێخ ئەبدولیلا فرات: شەرەفێکی گەورەیە کە ئێمەتان بەسەرکردەوە، خوای گەورە هەموو باشییەک بەسەر خەڵکی کوردستاندا ببارێنێت. بەهیوای ئەوەی کە ناکۆکی و دوودڵی لەناو کورددا وەکو نەخۆشی کۆرۆنا ببڕێتەوە، بۆ ئەوەش دەبێت دەست لەبەرژوەندی حیزبایەتی بەردەین و یەکێتییەک لەناو نەتەوەکەماندا دروست بکەین کە بتوانین خزمەتی خەڵی خۆمان بکەین.