ستیفان دووجاریک: رێگرییەکانی بەردەم گەڕانەوەی کوردانی عەفرین بۆ زێدی خۆیان قبووڵنەکراوە

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینان تونجدەمیر
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، رێگرییەکانی بەردەم گەڕانەوەی کوردانی عەفرین بۆ زێدی خۆیان "قبووڵناکرێن" و باس لەوە دەکات، هێشتا جۆلانی لە لیستی تیرۆری ئەنجوومەنی ئاسایش دایە و دەتوانرێت پێداچوونەوە بە لیستەکەدا بکرێ. 
 
ستیفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، رایگەیاند، هێشتا ئەحمەد شەرع (ئەبو محەممەد جۆلانی) لە لیستی تیرۆردایە و ئەنجوومەنی ئاسایش دەتوانێت لە لیستەکە دەریبهێنێت. دەشڵێت: "کاتی ئەوە هاتووە وڵاتانی ئەندام بیر لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا بکەنەوە و لەوانەیە سەیری لیستەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشیش بکەن." 
 
گێیر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا سەردانی سووریای کردووە. رۆژی چوارشەممە (18ـی کانوونی یەکەمی 2024)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دیمەشقی پایتەختی سووریاوە رایگەیاند: "هیوایەکی زۆر دەبینین لەو سووریا نوێیەی دروست بووە. سووریایەکی نوێ کە دەستوورێکی نوێ پەسند بکات و لەکاتێکی گونجاویشدا هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانەی لەدوای قۆناخی راگوزەری سیاسیدا تێدا بکرێت."   
 
لەبارەی ئەوەی کە بۆچی پێدەرسن سەردانی دیمەشقی کردووە و سەردانی رۆژئاوای کوردستانی نەکردووە، دووجاریک گوتی: "ئەمە یەکەم سەردانیەتی بۆ دیمەشق دوای گۆڕانکارییەکە. پێدەرسن و نووسینگەکەی لە چەند ساڵی رابردوودا لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی سووریا لە پەیوەندیدا بوون، بێگومان بزووتنەوە کوردییەکانیش یەکێکن لەوانە. دڵنیام لە سەردانی داهاتوویدا دەچێتە شوێنەکانی دیکەی وڵاتەکە." 
 
گرووپە چەکدارەکان رێگری لە گەڕانەوەی کوردانی ئاوارەی عەفرین بۆ زێدی خۆیان دەکەن و بەشێکیان دەستگیر دەکەنە. لەو بارەیەوە دووجاریک دەڵێت: "ئێمە ئاگاداری ئەم دۆخانەین و دەبێت پێتان بڵێم، ئەمە قبووڵ ناکرێت. شتێکی ترسناکە کاتێک خەڵکانێک کە نزیکەی هەموو شتێکیان لەدەست داوە، کە لە وڵاتی خۆیاندا ئاوارە بوون، دووچاری تووندوتیژیی زیاتر دەبنەوە."
 
هاوکات، دووجاریک باسی لە بەشداریکردنی کورد لە حکومەتی نوێی سووریادا دا کرد و گوتی، "پەیامی بەهێز"یان بە دیمەشق داوە کە دەبێت حکومەتی داهاتوو گشتگیر بێت و کەمینەکانیش لەخۆ بگرێت. 
 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ستیفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان

رووداو: نزیکەی دوو هەفتەیە دوای رووخانی بەشار ئەسەد سەردەمێکی نوێ لە سووریا دەستیپێکردووە. مەبەستم ئەوەیە کە رژێم رووخا و وەک گوتمان سەردەمێکی نوێ دەستیپێکردووە. دەمانەوێت بزانین ئەم دەستپێکە بۆ کورد چۆن دەبێت، بەتایبەتی بۆ کوردانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. ئەم بابەتە لەگەڵ گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ستیفان دووجاریک تاوتوێ دەکەین. زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە ستیفان. دەمەوێت بە پرسیارێک دەست پێبکەم لەبارەی بەڕێز پێدەرسن. وەک ئاگاداریت، بەڕێز پێدەرسن لە دیمەشقە و لەوێ لەگەڵ جۆلانی و ئەو خەڵکە کۆبووەوە. ئەمە مانای ئەوەیە جۆلانی و دەستەی تەحریری شام لە لیستی تیرۆر نەماون. دەبێت چۆن لەمە تێبگەین؟
 
دووجاریک: سەرەتا، سوپاس بۆ ئەوەی جارێکی دیکە میوانتانم لە تۆڕی میدیایی رووداو. هەمیشە خۆشحاڵم بە قسەکردن لەگەڵ رووداو. وەڵامی کورتم، نەخێرە. بەڕێز پێدەرسن وەک نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە راسپاردەی ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەرکەکەی خۆی جێبەجێ دەکات. هەر وەک لە پێشەکییەکەتدا باست کرد، دەستپێکی نوێیە لە سووریا. رژێمی ئەسەد نەماوە، هەر وەک سکرتێری گشتی گوتی، رژێمی دیکتاتۆری نەماوە. ئێمە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک سکرتێری گشتی، دەبێت رووبەڕووی راستییەکان ببینەوە. هەر بۆیە بەڕێز پێدەرسن دەبێت قسە لەگەڵ ئەو کەسانە بکات کە لە دیمەشق بەرپرسن، کە بەڕێز جۆلانییە. ئەمانە ئەو کەسانەن کە ئێمە وەک دەسەڵاتی کاتی دەیانناسین. پرسی بوونی هەیئەی تەحریری شام لە لیستی ئەنجوومەنی ئاسایش پرسێکی جیاوازە، ئایا لە لیستەکە دەردەهێنرێن یان نا؟ ئەوە کاری ئەنجوومەنی ئاسایشە. ئایا ئەو سزایانەی لەلایەن ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا و ئەوانی دیکەوە سەپێنراون لەسەر سووریا هەڵدەگیرێن؟ ئەوە بۆ وڵاتانی ئەندامە. بەڵام ئێمە لەگەڵ هەموو ئەوانە گفتوگۆ دەکەین کە پێویستە گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین.
 
بۆ نموونە، وەک دەزانن، نەتەوە یەکگرتووەکان نێردەیەکی سیاسی لە ئەفغانستان هەیە. ئێمە لەگەڵ تاڵیبان گفتوگۆ دەکەین، چونکە ئەوان دەسەڵاتی راستەقینەن. بۆیە مەرج نییە کە ئەمەیان وابوو، ئەوی دیکەیشیان وابێت. بەڵام پێموایە بەڕێز پێدەرسن لەم چەند رۆژەی دواییدا روون بوو. کاتی ئەوە هاتووە وڵاتانی ئەندام بیر لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا بکەنەوە و لەوانەیە سەیری لیستەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشیش بکەن.
 
رووداو: لەو بارەیەوە، پێموایە هەمان بابەتە، بەڵام دەمەوێت ئەمە بپرسم: لەلایەکەوە دەزانین هەیئەی تەحریری شام لە لیستی تیرۆردایە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی سووریای دیموکرات بە رێکخراوێکی تیرۆریستی نەناسێنراون. بۆچی بەڕێز پێدەرسن سەردانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریای نەکرد و هیچ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ئەوێ نەکرد، مەبەستم دەسەڵاتی کوردی یان سەرکردە کوردەکانی ئەوێیە؟
 
دووجاریک: سەرەتا، ئەمە یەکەم سەردانیەتی بۆ دیمەشق دوای گۆڕانکارییەکە. چەند رۆژێک لە دیمەشق دەمێنێتەوە. لەگەڵ تیمەکەیدا لەوێ دەمێنێتەوە. هەروەک دەزانن، بەڕێز پێدەرسن و نووسینگەکەی لە پەیوەندیدان و لە چەند ساڵی رابردوودا لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی سووریا لە پەیوەندیدا بوون، بێگومان بزووتنەوە کوردییەکانیش یەکێکن لەوانە. بەڵام دەیڵێمەوە، ئەمە یەکەم سەردانی بوو. دڵنیام لە سەردانی داهاتوویدا دەچێتە شوێنەکانی دیکەی وڵاتەکە.
 
رووداو: باشە، بەڵام پێتوایە بەم نزیکانە چاوەڕێی شتێکی وابکەین کە خودی خۆی سەردانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بکات؟
 
دووجاریک: ناتوانم لەجیاتی ئەو قسە بکەم. پێموایە چ رۆژنامەنووسان بن، چ نەتەوە یەکگرتووەکان بێت، هەمووان بەشدارن و دەبێت رۆژ بە رۆژ ئەم دۆخە چارەسەر بکەن. شتەکان زۆر بە خێرایی دەگۆڕێن. ئەمە ساتێکی گۆڕانکاریی گرنگە بۆ گەلی سووریا، بۆ سووریا وەک وڵات. دەبێت دەرفەتی بونیاتنانی سووریایەک هەبێت بە دامەزراوەی بەهێز و بەرپرسیار، شوێنێک کە هەموو کەمینەکانی نێو سنوورەکانی سووریا، چ کورد بن، چ مەسیحی، چ عەلەوی، هەموویان هەست بە نوێنەرایەتیکردن و پاراستنیان بکەن.
 
رووداو: راستییەکەی دەمەوێت بڵێم، وەک دەزانن، کورد دووەم نەتەوەن لە سووریا و حکومەتێکی راگوزەر هەیە. کورد بەشێک نین لەم حکومەتی راگوزەرە. بۆچوونتان چییە؟
 
دووجاریک: لەو شتانەوەی لە سەرکردایەتیی دیمەشقمان بیستوون، ماوەیەکی سێ مانگی دەبێت کە ڕێگەیەکە بەرەو حکومەتێکی راگوزەر. پەیامی بەهێزی ئێمە بۆیان ئەوەیە گشتگیر بن. ئێمە نازانین حکومەتی تەواو چۆن دەبێت، بەڵام زۆر گرنگە چ لە سووریا بێت یان لە زۆر وڵاتی دیکە، ئەو کەمینانە نوێنەرایەتی بکرێن. هەندێک جار کەمینە مانای ژمارەیەکی کەمی خەڵک دەگەیەنێت، بەڵام لە حاڵەتی کورددا ژمارەیەکی زۆری خەڵکن. دەبێت هەموو ئەو کەمینانە نوێنەرایەتی بکرێن و لە حکومەتدا هەست بە نوێنەرایەتیکردنیان بکەن. ئێستا لە قۆناخی راگوزەرداین، بەڵام تێدەگەین ئەمە دەگاتە حکومەتێکی راگوزەر و دواتریش هەڵبژاردن. ئەوەی دەتوانین وەک نەتەوە یەکگرتووەکان بیکەین ئەوەیە گوشار بکەین تا قۆناخی داهاتووی حوکمڕانی لە سووریاگشتگیر بێت.
 
رووداو: باشە. پرسیاری داهاتووم ئەوەیە بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان دەکەون، کورد فیدراڵییەتیان لە باکووری سووریا دەوێت، بۆچوونی سکرتێری گشتی لەم بارەوە چییە؟
 
دووجاریک: سەیرکە، ئەوە کاری سکرتێری گشتی نییە بیروبۆچوونی خۆی بەسەر گەلی سووریادا بسەپێنێت کە حکومەتەکەیان چۆن دەبێت. دەیڵێمەوە، پێویستە ماوەیەک بۆ دیالۆگ هەبێت، ماوەیەک بۆ راگواستن کە تێیدا بەرژەوەندی هەموو خەڵکی نێو سنوورەکانی سووریا و یەکپارچەیی خاکی سووریا زۆر گرنگە، هەست بە نوێنەرایەتیکردن بکەن. کەواتە با بەم پرۆسەیەدا تێبپەڕین. پەیامی ئێمە لە هاوکاریکردنی ئەم پرۆسەیەدا سوورییەکان سەرکردە و خاوەنین، گشتگیرییە، پاراستنی کەمینەکانە، تاوەکو سووریا بتوانێت شوێنی خۆی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بگرێتەوە.
 
رووداو: دەمەوێت ئەمە بپرسم. تەنیا کورد نین، هەروەها مەسیحی و شیعە هەن و هەندێکیان لە دیمەشق دەژین و دەڵێن لەم حکومەتە نوێیە دەترسن، مەبەستم حکومەتی راگوزەرە. نەتەوە یەکگرتووەکان یان سکرتێری گشتی دەتوانن چ جۆرە یارمەتی یان پاراستنێکیان پێشکەش بکەن؟ پەیامی سکرتێری گشتی بۆ ئەوان چییە تاوەکو هەست بە ئاسایش بکەن؟
 
دووجاریک: دەزانین لە کاتی گۆڕانکاریی دوای زیاتر لە دەیەیەک لە شەڕی نێوخۆی دڕندانە، دوای زیاتر لە دوو دەیە لە رژێمێکی دڕندانە، کە ئەمە قۆناخێکی ناسەقامگیرە و ئاساییە خەڵک نیگەران بن. دەیڵێمەوە، ئەو پەیامەی بەڕێز پێدەرسن و بەڕێز فلیچەر، سەرۆکی کاروباری مرۆیی دایان، هەمووی یەک شتە، ئەویش دڵنیابوونە لەوەی هەموو ئەو خەڵکەی باستان کرد، لە وڵاتی خۆیاندا هەست بە ئاسایش بکەن. تاوەکو ئێستا شتی باش لە سەرکردایەتیی دیمەشقەوە دەبیستین. گرنگە ئەو وشانە بە کرداری بن. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەمە ببینێت. بەڵام ئێمە لێرەین بۆ یارمەتیدان و کارکردن لەسەر پرسەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، پاراستنی کەمینەکان، پاراستنی ئافرەتان. ئێمە لێرەین بۆ یارمەتیدان.
 
رووداو: باشە. پێتوایە هەنگاوی داهاتوو دەبێت چی بێت؟ مەبەستم ئەوەیە، پێتوایە بەڕێز گێر پێدەرسن لەگەڵ تیمەکەی دەبێت لەسەر دەستوورێکی نوێ کاربکەن؟ یان پێتوایە دەبێت لەسەر سیستمێکی هەڵبژاردن کاربکەن؟
 
دووجاریک: دەیڵێمەوە، ئەم پرۆسەیە سوورییەکان خاوەن و سەرکردەین. نەخشەڕێگەیەکمان هەیە. ئەویش بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشە. بێگومان لە کاتێکی جیاوازدا دەرچووە کە ئۆپۆزیسیۆن و حکومەتێک لە دەسەڵاتدا هەبوون. وەک دەزانین، ئەمە گۆڕاوە. بەڵام بنەماکانی ئەو بڕیارە نەگۆڕاون. دەگەڕێمەوە سەر پرسی گشتگیری، پرسی حوکمڕانیی سوورییەکان کە خۆیان سەرکردە و خاوەنن، ئەویش دروستکردنی دەستوورێکی نوێیە. ئێمە لێرەین بۆ یارمەتیدانی پرۆسەکە. هیچ سوودی نییە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستوورێک یان پرۆسەیەک بسەپێنێت. بۆ سەرکەوتنی ئەمە، پێویستە ریشەی لە سووریادا هەبێت. پێویستە ریشەی لە هەر کۆمەڵگەیەکی سووریادا هەبێت. بۆیە ئێمە لێرەین باشترین رێگە و باشترین میتۆد پێشکەش بکەین بۆ ئەوەی سوورییەکان پێکەوە، نوێنەرانی هەموو سوورییەکان پێکەوە، کۆببنەوە و کار لەسەر ئەم پرسانە بکەن.
 
رووداو: دەمەوێت جارێکی دیکە باسی کورد بکەم. دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، ناوچە کوردییەکان، هەر هیچ نەبێت ئەو ناوچانەی کورد بەڕێوەیان دەبەن، لەژێر هێرشدان. مەبەستم ئەوەیە ئەو گرووپانەی تورکیا پشتیوانیان دەکات هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات و ناوچە کوردییەکان. نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە چی دەکات؟
 
دووجاریک: لەوە تێدەگەین کە لە ناوچەی منبج ئاگربەستێک هەبوو کە ئێستا کۆتایی هاتووە. زۆر هیوادار بووین ئاگربەستەکە درێژتر بووایە. ئەمە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان و تورکیا و ئەوانی دیکەوە دانوستاندنی لەسەر کرا. خەڵک پێویستیان بەوەیە لە ناوچەیەکدا بژین کە شەڕی تێدا نەبێت. ئەو ناوچەیە شوێنێکە چەندین چەکداری نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی تێدایە. گرنگ ئەوەیە هەموو کەس رێز لە خەڵکی سووریا بگرێت، رێز لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و یەکێتیی سووریا بگرێت. پەیامەکانی ئێمەش هەر ئەمە دەبن.
 
رووداو: دەمەوێت کەمێک باسی عەفرین بکەم. وەک دەزانن، 120 هەزار کەس لە عەفرین ئاوارە بوون کە زۆربەیان کوردن و، دوای پێکدادانەکانی ئەم دواییەش دووبارە ئاوارە بوونەتەوە. ئێستا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە دۆخێکی زۆر خراپدان. لە دەوروبەری تەل رەفعەت و دەوروبەری منبج. نەتەوە یەکگرتووەکان چ جۆرە هاوکارییەکی مرۆییان پێشکەش دەکات؟
 
دووجاریک: هەوڵ دەدەین بگەینە خەڵکە ئاوارەکان و بە هەر شێوەیەک بتوانین یارمەتییان بدەین و فریایان بکەوین. یەکێک لە دەرئەنجامە ئەرێنییەکانی کۆبوونەوەی تۆم فلیچەر، بەرپرسی کاروباری مرۆییمان لە دیمەشق، ئەوەیە کە حکومەت رەزامەندیی دەربڕی لەسەر هاتنی هاوکارییەکان لە چەندین خاڵی سنوورییەوە، چ لە تورکیاوە بێت، چ لە عێراق، ئوردن و لوبنانەوە. ئەمەش رێگەمان پێدەدات بە راستی لە بڕی ئەو هاوکارییە مرۆییانەی دەیانهێنین زیاد بکەین. وەک دەزانن، لەژێر دسەڵاتی رژێمی کۆندا زۆر ئاستەنگ هەبوون لە هێنانی هاوکارییەکان لە سنوورەوە. ژمارەیەک لە خاڵەکانی سنوور داخرابوون و، ئێستا دووبارە کراونەتەوە. ئەوانەی عێراق داخرابوون. ئێستا زۆر سوپاسگوزارین کە دەسەڵاتەکان زوو رەزامەندییان دەربڕی و گوتیان هەموو ئەم خاڵانە کراوە دەبن بۆ هەر ماوەیەک پێویستتان پێیان بێت. بەڕێز فلیچەر دەچێتە حەلەب و حمس، لەوانەیە بۆ شوێنەکانی دیکەش و هەروەها بۆ تورکیایش بچێت. ئێمە هەوڵ دەدەین کارە مرۆییەکانمان چالاکتر و بەهێزتر بکەین تاوەکو بگاتە هەموو سوورییەکان، چ کورد بن، چ مەسیحی، شیعە، عەلەوی، هەر کەسێک بن.
 
رووداو: دوا پرسیارم. هەر لەسەر خەڵکی عەفرینە. هەندێک خێزان هەوڵدەدەن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بەڵام کاتێک دەگەڕێنەوە، هەندێک گرووپی چەکدار دەستگیریان دەکەن و داوای پارەیان لێدەکەن بۆ ئازادکردنیان، تەنانەت دەبێت بەشێک لە خانووەکانیان، زەوییەکانیان یان پارە بدەن بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان - رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ هەمیشە لەو بارەیەوە راپۆرتەکانی بڵاو دەکاتەوە. داخۆ نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێریی ئەمەش دەکات؟
 
دووجاریک: ئێمە ئاگاداری ئەم دۆخانەین و دەبێت پێتان بڵێم، ئەمە قبووڵ ناکرێت. شتێکی ترسناکە کاتێک خەڵکانێک کە نزیکەی هەموو شتێکیان لەدەست داوە، کە لە وڵاتی خۆیاندا ئاوارە بوون، دوچاری تووندوتیژیی زیاتر دەبنەوە. ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانە و یەکێکە لەو پەیامانەی داومانە بە دەسەڵاتەکانی دیمەشق بۆ سەپاندنەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت و ئاسایش بەسەر گرووپە چەکدارەکانی سووریا بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی یاسا و سیستەم هەیە. بەڵام یاسا و سیستەمێک کە کەمینەکان بپارێزێت، خەڵک لەم جۆرە پێشێلکارییانە بپارێزێت.
 
رووداو: زۆر سوپاس ستیڤان بۆ ئەم دەرفەتە.
 
دووجاریک: زۆر خۆشحاڵ بووم. زۆر سوپاس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە