رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی رایگەیاند، ئەمڕۆ دوا دەرفەتە بۆ خەڵکی ناوچەکانی مادەی 140 تاوەکو بگەڕێنەوە و لە سەرژمێری هەژمار بکرێن.
د. دارا رەشید ئەمڕۆ (سێشەممە، 19-11-2024) لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال رایگەیاند حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەک دەکات بۆ گەڕانەوەی هاونیشتمانییان بۆ ناوچەکانیان، تەنانەت "هەر کەسێك پێویستی بە هاوکاریی مادی هەبێت یان شوێنی نەبێت، هۆتێلی بۆ دابین دەکەین."
بە گوتەی د. دارا رەشید، ئەم سەرژمێرییە گرنگە و دەبێتە بنەمای گرنگ بۆ داهاتوو". بۆیە تکا دەکات "خەڵکی کەرکووک و ناوچەکانی مادەی 140، ئەمڕۆ بەر لە قەدەخەی هاتووچۆ، بگەڕێنەوە" و پارێزگاری لە کوردستانیبوونی ناوچەکانیان بکەن.
لەبارەی بەبنەماگرتنی سەرژمێریی ساڵی 1957 بۆ سەرژمێریی 2024 و هەژمارکردنی خەڵکی کەرکووک بەگوێرەی ئەو سەرژمێرییە، وەزیری پلاندانان گوتی "راستە لەگەڵ عێراق رێککەوتووین، بگەڕێنەوە بۆ داتاکانی سەرژمێریی 1957، بەڵام هیچ شتێک لە عێراق گەرەنتی نییە و دەمانەوێت دوو رۆژی داهاتوو، خەڵکی ئەو ناوچانە بە واقیعی لە شوێنەکانی خۆیان بن."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
رووداو: تاوەکو ئەمڕۆ پرۆسەی سەرژمێری چۆن بەڕێوەدەچێت و بژمێرەکان چەندیان تۆمار کردووە؟
د. دارا رەشید: ماوەیەکە وەکو هەرێمی کوردستان و عێراق خەریکی سەرژمێرین، هەرێمی کوردستان زۆر لەدوای عێراق پرۆسەی سەرژمێری دەستپێکرد، بەهۆی ئەو کێشانەی پێشتر هەمانبوون. لە عێراق قۆناخی گەمارۆسازی و ژمارەدانان لە یەکی ئەیلوول دەستیپێکرد، لە هەرێمی کوردستان لە یەکی ئۆکتۆبەر، ئەوە یەکێک لەو کێشانە بوو کە بەو هۆیەوە دواکەوتین، بەڵام ئەگەر بەراوردی بکەین بەگوێرەی ئەو کاتە و ئەو بودجەیەی لەبەردەستی هەرێمی کوردستان و دەستەی ئامار بووە، توانیمان بە ماوەیەکی زۆر کەم دەستکەوتی باشمان هەبێت، پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات و لە ماوەی یەک مانگ، توانیمان تەواوی بکەین، لە کاتێکدا عێراق بە دوو مانگ ئەو قۆناخەی تەواو کرد.
قۆناخی دووەم کە دەستیپێکرد، دەبووایە لە 16ـی مانگ دەستپێبکات، بەڵام ئێمە نەمانتوانی خولی راهێنان بۆ بژمێرەکان بکەینەوە، بۆیە کەوتە 17ـی مانگ، ئەوەی تاوەکو ئەمڕۆ باسی لێوە دەکەم، زۆر باش بەڕێوەدەچێت، پێشبینی دەکەم ئەمڕۆ تاوەکو 12ـی شەو، تیمەکانمان لە کاردا بن، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین رێژە بەجێبهێنین لەو قۆناخەی ئێستا هەیە، چونکە خۆتان دەزانن بەیانی قۆناخی 20 و 21ـی مانگ، قەدەخەی هاتووچۆ دەبێت، یەک لەو کێشانە هەیە زۆربەی هاووڵاتیان زۆر هاوکار نین، کە بژمێرەکان سەردانیان دەکەن یان لە ماڵ نین یان دەڵێن دواتر وەرنەوە، ئەوانە هەمووی کێشەی دروستکردووە و وایکردووە دوابکەوین.
رووداو: قۆناخی 16 بۆ 19ـی مانگ لە هەرێمی کوردستان بەسەرکەوتوویی کۆتاییدێت؟
د. دارا رەشید: پەنا بە خودا و کارمەندانی دەستەی ئامار، دەتوانین ئەمڕۆ کۆتایی پێبهێنین. بەڵام پڕۆسەکە بەردەوامە.
رووداو: هەندێک کەس پرسیار دەکەن، دەمەوێت گرنگیی دوو شت روونبکەیتەوە، یەکەم ئەوەیە گرنگیی 20 و 21ـی مانگ چییە؟ دووەمیان، هەندێک کەس پرسیار دەکەن و دەڵێن، ئێستا هاتوون، پێشتر هاتوون، کارمەندانی سەرژمێری 20 و 21ـی مانگ بۆچی دێنەوە؟
د. دارا رەشید: ئەوەی باسم کرد، قۆناخی گەمارۆسازی و ژمارەدانان، زیاتر دانانی ژمارە بوو بۆ باڵەخانەکان، چونکە سەرژمێریی ئەمجارە، سەرژمێریی دانیشتووان و ئاڤاهییە، باڵەخانەکانیش دەگرێتەوە، قۆناخی ژمارەدانان قۆناخی یەکەم بوو، قۆناخی یەکەم تەنیا ژمارە بۆ باڵەخانەکان دادەنرا. لەگەڵ سەرۆکی خێزانەکە و ژمارەیان چەندە، لەگەڵ دیاریکردنی نێر و مێی خێزانەکە. لەم قۆناخەدا زیاتر دەچێتە وردەکاری و ناوەکان دەنووسرێت. قۆناخی 20 و 21ـی مانگ، پێداچوونەوەیە بە قۆناخی یەکەم و دووەم، بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لە زیادبوونی ژمارەی خێزان یان مردن، دڵنیابوونەوەیە لە قۆناخەکانی دیکە، چونکە رەنگە خێزانەکە لە قۆناخەکانی دیکە لە ماڵەوە نەبووبێت، بەڵام 20 و 21ـی مانگ هیچ دەرفەتێکی لەبەردەمدا نییە و دەبێت لە ماڵەوە بن.
رووداو: لە 20 و 21ـی مانگ ئیدی مۆر لە فۆڕمەکە دەدرێت و ئەوە کۆتایی دێت، کە ئەو خێزانە چەند کەسن؟
د. دارا رەشید: بەڵێ، ئەوەی پێیدەگوترێت تۆماری خێزانی، لە کاژێر 12:00ـی شەوی 21ـی مانگ کۆتایی دێت. واتە کە تۆماری خێزانی داخرا، ناتوانرێت هیچ ئەندامێکی دیکە بۆ خێزانەکە زیادبکرێت.
رووداو: ئەگەر گریمان بۆ نموونە لە شوێنێک، لە گوندێک، لە شارێک ئەو خێزانە هیچ فۆڕمی پڕ نەکرابووەوە و ناوی نەنووسرابوو، چارەنووسی چی لێدێت؟
د. دارا رەشید: ئەگەر کەسێک خۆی نەیویستبێت، یان دەرگای نەکردبێتەوە، چونکە بژمێرەکانمان مەدەنین و لە دەرگا دەدەن، جاری وا هەیە دەرگەیان بە ڕوودا ناکرێتەوە، ئەگەر کەسێک خۆی نەیەوێت تۆمار بکرێت، بەرپرسیاریێتییەکە لە ئەستۆی خۆیەتی.
رووداو: بەرپرسیارێتییەکەی چییە؟
د. دارا رەشید: بەگوێرەی یاسا؛ ئەگەر یەکێک خۆی بەدوور بگرێت لە پێدانی زانیاری، لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، بەڵام ئەوەی تۆ باسیدەکەیت کە تۆمار دەکرێت، رەنگە بڵێت ئاگادار نەبووم، لەم حاڵەتەدا خۆی زەرەرمەند دەبێت.
رووداو : مەبەستم ئەوەیە ئەو زەرەرە چییە کە دەیکات؟ بۆ نموونە لە داهاتوودا کاریگەریی چی دەبێت لەسەر فۆڕمی خۆراک، بەشە خۆراک، لیستی هاووڵاتییان، پاسپۆرت، ناسنامە و ئەوانە، کاریگەریی هەیە؟
د. دارا رەشید: مافی هاووڵاتیبوون بە سەرژمێری ناسەندرێتەوە، بەڵکو ماف و ئیمتیازاتە، بەڵام سەرژمێری داتای وردی پێ دروست دەکرێت، نموونەیەک بۆ قسەی جەنابت کە لەوانەیە چی رووبدات، بۆ نموونە لە ساڵی 1957 کە سەرژمێری کرا، حکومەتی عێراق بڕیاری دەرکرد، هەر کەسێک لە سەرژمێرییەکەدا لە بەغدا نەبووبێت، خانوو، زەوی و ئۆتۆمبێلی بەناو ناکرێت. خۆ ئەمە بڕیارە و لە دەستوور و یاسادا نەهاتووە، بەڵام لەوانەیە بڕیاری پێدەربکرێت. بەڵام وەکو باسم کرد، بابەتی سەرژمێری ناگاتە ئەوەی مافی هاووڵاتیبوونی لێبسەنرێتەوە.
رووداو: واتە سەرژمێری بۆ نموونە کاریگەریی لەسەر کۆبۆنی خۆراک نابێت؟
د. دارا رەشید: نەخێر.
رووداو: هەندێک کێشەی بچووک لە سێرڤەر و ئینتەرنێت هەبوون لە رۆژانی رابردوودا، بۆ 20 و 21ـی مانگ ئەو کێشانە چارەسەرکراون یاخود بەردەوام دەبن؟
د. دارا رەشید: سەرژمێریی ئەمجارە ئەلیکترۆنییە و یەکەمجارە لە عێراق و ناوچەکە، بواری ئەلیکترۆنی کێشەی زیاترە، چونکە یەکەم خەڵکی ئێمە پێی ئاشنا نییە، هەروەها پێداویستییەکانی زیاترە، چونکە ئەوە نییە بەس تابلێتەکەی هەبێت، بەڵکو دەبێت ئینتەرنێت هەبێت، لە زۆربەی گوندەکان کێشەی ئینتەرنێت هەیە، بەڵام ئەوانە کێشەی تەکنیکین لە هەموو عێراق هەن، بۆ نموونە لە گەرمیان و شێخان ئێمە کێشەمان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەر بکەین. بەڵام هەر کێشەیەک تەکنیکی بێت، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ دەگرن، بەوەی مافی ئەو هاووڵاتییە لە بژمێرکردن پارێزراو بێت. بۆیە ئەو کێشانەی تەکنیکین، چارەسەرکردنیان لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین بەو هۆیەوە مافی هیچ هاووڵاتییەک بفەوتێت.
رووداو: چۆن دەزانن بژمێرەکان فۆڕمیان بە هەڵە نەناردووە بۆ بەغدا؟ واتە چۆن هەڵە دەدۆزرێتەوە؟
د. دارا رەشید: لە پرۆسەی یەکەم زیاتر تۆماری خێزانییە، هاووڵاتی خۆی زانیاری و ناسنامەکان دەدات، زانیارییەکانی هەموو خێزانەکە دەنووسرێت، دوای ئەوەی تەواو دەبێت، بژمێر دەینێرێتە بەغدا، بواری هەڵەی کەم تێدایە، بەڵام قۆناخی دوای 20 و 21ـی مانگ، کە پرسیارە زۆرەکەیە، لەوانەیە کێشە هەبێت، بەڵام ئەوەی لای ئێمە گرنگە، سەرۆک و ژمارەی خێزان، ژمارەی نێر و مێ. هەروەها لە پرسیارەکانی داهاتوو کە پرسیاری کۆمەڵایەتی و تەندروستی زۆر سێکتەری دیکە هەیە، ئەگەر هەڵەش هەبێت، کاریگەریی نابێت.
رووداو: هەندێک کەس پرسیاری لە من کردووە، هاونیشتمانییەک کە خەڵکی کەرکووکە بۆ خۆی، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێیە، دەیەوێت لێرە خۆی بنووسێت، ئەمانە دواتر ناوەکانیان دەخرێتەوە سەر کەرکووک؟
د. دارا رەشید: بەداخەوە سەرژمێری و مێژووی سەرژمێری لە عێراق زۆر سیاسی بووە، ئەو ستەمەی لە کورد کراوە و لە تورکمانیش کراوە، هەمیشە دەگەڕێتەوە بۆ سەرژمێری، ئەگەر پڕۆسەکانی سەرژمێری تەماشا بکەین لە 1957 بۆ 1997، رێژەی کورد لە ساڵی 1957، لە کەرکووک نزیکەی 50٪ بووە، بەڵام بۆ سەرژمێرییەکانی دیکە رێژەکە هێدی هێدی دابەزیوە بۆ 20٪، چونکە لەگەڵ پڕۆسەکانی سەرژمێری گۆڕانکاری دیمۆگرافی و جوگرافییان کردووە. لە سەرژمێریی 1977، پێش ئەوەی بکرێت، ساڵی 1976 گۆڕانکاریی ئیداریی کرا، چەمچەماڵ و کفری و خورماتوو لەسەر کەرکووک لادرا، هەموو ئەو گۆڕانکارییانە وایانکرد، کورد ستەمی لێبکرێت. کورد لە سەرژمێری ستەمی لێکراوە، بەڵام ئەو کات کورد پەنای نەبووە، بەڵام ئێستا کەرکووکییەک ئامادەیی نەبێت، لەم دۆخەدا کە پارێزگارەکەی کەرکووکییە و ئاسایشی پارێزراوە، کە دەتوانێت بگەڕێتەوە و نەگەڕێتەوە، ستەم لەخۆی دەکات، چونکە پێشتر لە سەرژمێری ستەم لە کورد کراوە، بە راگواستن و تەعریب، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە کەرکووکییەکان، هەموو ئەوانەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانن، خەڵکی شنگال و خانەقین و بەدرە و جەسانن، بگەڕێنەوە شوێنەکانیان، چونکە هیچ گەرەنتییەک نییە لە داهاتوودا هەژمار بکرێن، نموونەی 1957ـی بەغدام هێنایەوە، رەنگە بڕیارێک لەسەر ئەو بنەمایە دەربکرێت.
رووداو: واتە رەنگە بڕیارێک دەربچێت بگوترێت ئەوەی لە سەرژمێریی 2024 لە کەرکووک نەبووبێت، کەرکووکی نییە؟
د. دارا رەشید: بەڵێ، ئێمە توانیومانە 1957 بکەینە بنەما بۆ سەرژمێریی 2024، ئەوە داوای خەڵکی کەرکووک بووە، ئەوانەی ساڵی 1957 کەرکووکی بوونە، بە کەرکووکی تۆمار دەکرێنەوە، لە سەرژمێریی دیسان تۆمار دەکرێنەوە، بەڵام ئەوەی لە 1957 کەرکووکی بووبێت و لە 2024 لە کەرکووک نەبێت، چارەنووسی نازانرێت، ئەوەی ئێمە باسی دەکەین، راستە داتاکان بەراورد دەکرێن و تۆمارێک دروستدەکرێت بۆ داتاکان و ئاوارەکان، کە دەستکەوتی زۆر گەورە و مێژوویین و یەکەمجارە دوای دەرکردنی دەستووری فیدڕاڵی، سەرژمێریی 1957 دەکرێتە بنەما، بەڵام دیسانەوە دووپاتیدەکەمەوە، ئەمە دەستکەوتە لەسەر کاخەز، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە خەڵک بە واقیعی لە کەرکووک و شنگال و خانەقین بێت بە واقیعی، بۆیە داوا لە خەڵک دەکەم، ئەمڕۆ دواڕۆژە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان لە کەرکووک، شنگال، مەندەلی، خانەقین، بەدرە و جەسان و هەر شوێنێک کە خاکی کوردستانە و پێیدەگوترێت سنووری مادەی 140، هیچ کەسێک نەڵێت لە قۆناخی گەمارۆسازی و ژمارەدانان لەوێ نەبوومە و ناتوانم بگەڕێمەوە، نەخێر وانییە، هەموو کەسێکی خەڵکی ئەو ناوچانە پێش ئەوەی ببێتە قەدەخەی هاتووچۆ، دەتوانێت بگەڕێتەوە ناوچەکانی و تۆمار بکرێت.
رووداو: ئەوە دوو، سێ پرسیاری تێدایە، یەکەمیان دەڵێن بەپێی پرۆسەکە ئەگەر چەند خێزان لە ماڵێکدا بن تۆمار دەکرێن؟ بۆ نموونە لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە دەڵێن هەندێک بژمێر دێن، دەڵێن خێزانەکانتان زۆرە، تۆماری ناکەین، ئەمە یاساییە؟
د. دارا رەشید: نەخێر، هیچ بژمێرێک بۆی نییە ناوی خێزانەکان تۆمار نەکات، هیچ بژمێرێک بۆی نییە بچێتە وردەکاری، بەگوێرەی یاسا خەڵک لە هەر شوێنێک بێت دەبێت تۆمار بکرێن. تەنانەت بیانییەکانیش دەبێت تۆمار بکرێن، کەس بۆی نییە بڵێت بۆچی ئەم خانووە خەڵکی زۆری تێدا دەژیت، ئەو کاتە کێی لێبوو دەبێت تۆمار بکرێت.
رووداو: کەواتە نابێت لێپرسینەوە بکات و بڵێت بۆچی ژمارەی خێزانەکان زۆرە و هاتوونەتە ئێرە؟
د. دارا رەشید: نەخێر، ئەو دەتوانێت تەنیا پرسیاری سەرۆک خێزانەکان بکات و ئەو فۆڕمەی لەنێو تابلێتەکە لەبەر دەستیەتی، پڕی بکاتەوە، بژمێرەکە کاری تۆمارکردنە، کاری ئەو لێکۆڵینەوە نییە.
رووداو: ئەگەر بژمێر ئەو کارەی کرد لەو ناوچانە، هاونیشتمانی چۆن دەتوانێت رێوشوێن لە دژی بگرێتەبەر؟
د. دارا رەشید: لە هەرێمی کوردستان و کەرکووک سەنتەری پەیوەندی هەیە، لە عێراقیش هەیە، خۆم هاوئاهەنگیم لەگەڵ بژمێرەکانی تەنانەت کەرکووکیش هەیە، حاڵەتی وام گوێ لێنەبووە، بەڵام هیوادارم هەر حاڵەتێکی لەم شێوەیە هەبێت، پەیوەندیمان پێوە بکات، چونکە ئەوە دژی یاسای سەرژمێرییە، بژمێر تەنیا فەرمانبەرێکە و کاری نووسینەوەی واقیعەکەیە، نەک لێکۆڵینەوە.
رووداو: لە کۆبوونەوەی کۆشکی بەغدا، پێداگیریت لەسەر زۆر شت کردبوو، گومانی خۆشت نەشاردبووەوە کە دەشێت وەک رابردوو سەرژمێری بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا بەکاربێت. ئێستا لەم سەرژمێرییە گومانەکەت رەویوەتەوە؟ گەرەنتی هەیە کە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا بەکارنەیەت؟
د. دارا رەشید: بابەتی سەرژمێری دەبێت خەڵک بزانێت، بۆ دەستوور شەڕی زۆر باشمان کردووە، بەڵام یەک لەو خاڵانەی بەباشی نازانم، سەرژمێری بووەتە دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی. بەغدا بڕیار لە سەرژمێری دەدات، بەڵام ئێمە توانیومانە شەڕی خۆمان بکەین و ببینە هاوبەشی سەرژمێری، لە هەموو کۆبوونەوەکان دا بە داتا مەترسییەکانی سەرژمێریم خستووەتەڕوو، کە چەند سیاسی بووە و دژی پێکهاتەکان بەکارهاتووە، لە کۆبوونەوکەی کۆشکی بەغدا، بە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانم گوت، ئەو ستەمەی لە کورد و تورکمان کراوە، بە پرۆسەکانی سەرژمێری، وایکردووە سەرەتا دژی سەرژمێری بم، سەرژمێریش کە دواخراوە بۆ ئەوە بووە وابکەین زیان نەکەین یان بە کەمترین زیان لێی دەرچین، وەکو هەرێمی کوردستان ئەو بژاردەیەمان هەبوو کە بایکۆتی سەرژمێری بکەین، بەڵام دەسەڵاتمان بەسەر ناوچە کوردستانییەکان نەبووە، شەڕەکەی منیش بۆ ناوچەکانی مادەی 140 بووە، بۆیە ئەوەی لە کۆشکی بەغدا باسکرا، سەرۆکوەزیرانی عێراق لێی تێگەیشت و زانیی کە داواکاریمان وەکو هەرێمی کوردستان چییە.
رووداو: کەواتە ئێستا هەرێمی کوردستان لەم سەرژمێرییە لەگەڵ بەغدا، لە بڕیاری سەرژمێری هاوبەشە؟
د. دارا رەشید: ئەوەی داوامان دەکرد، هەر کەسێک خەڵکی کوێیە، لەسەر ئەو شوێنە هەژمار بکرێت، بەڵام نەکرا، دواتر دانوستاندنمان کرد و رێککەوتووین لەسەر کاخەز کە تۆماری ئاوارەکان دروست بکرێت، کە دەستکەوتێکی باشە، ئاسان نەبوو سەرژمێریی 1957 بکرێتە بنەما.
رووداو: بەڵام گومان لە جێبەجێکردنی هەیە؟
د. دارا رەشید: لە عێراق هیچ شتێک دڵنیایی نییە جێبەجێ بکرێت.
رووداو: ئەی ئەو لیژنەیەی بڕیارە بۆ جیاکردنەوەی ناوەکان و وردبینیی تۆماری ئاوارەکان پێکبهێندرێت، گەرەنتی هەیە لە سێ مانگدا پێکبهێنرێت؟
د. دارا رەشید: ئەو لیژنەیە جێبەجێکارییە و بووەتە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، ئەو تۆمارەی هەیە، سێ مانگی ناوێت، چونکە داتابەیسی سەرژمێریی 1957 هەیە و داتای سەرژمێریی 2024 بە ئەلیکترۆنی تۆمار دەکرێت. تۆماری ئاوارەکانیش هەیە، لەگەڵ ئەوانەی فۆڕمی خۆراکیان کردووە، ئەو تۆمارە کە جیادەکرێتەوە، دەبێتە تۆماری باوەڕپێکراو بۆ کەرکووک و ناوچەکانی مادەی 140.
رووداو: راستەوخۆ دوای سەرژمێری لیژنەکەی بۆ دروست دەکرێت؟
د. دارا رەشید: بڕیار لە دروستکردنی لیژنە دراوە و بەردەوام هەمانە، لە نێوان وەزارەتی پلاندانانی عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەوەی گرنگ بوو ئەنجامی کۆتایی لە ناوچە کوردستانییەکان و ناوچەکانی مادەی 140 راناگەیێنرێت، تاوەکو ئەو تۆمارە باوەڕپێکراوە دروست نەکرێت.
رووداو: ئەگەر کورد ئەنجامی سەرژمێریی بە دڵ نەبوو، دەسەڵاتی چیدەبێت؟
د. دارا رەشید: وەکو باسم کرد، کورد لەسەر سەرژمێری هیچ دەسەڵاتی نییە، بەڵام هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە، زۆر شتمان پێدەکرێت وەکو هەرێمی کوردستان بەکاریبهێنین، بەڵام لە کەرکووک و شوێنەکانی دیکە نا. باشترین شت بۆ ئەوەی نەگەینە ئەو رۆژە ئەوەیە، ئەوەی کوردستانییە لە سنووری مادەی 140، هیچی تێناچێت ئەم دوو رۆژە بگەڕێتەوە شوێنەکانی خۆی. وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە هەموو ئاسانکارییەکمان کردووە.
رووداو: ئاسانکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چین؟
د. دارا رەشید: لە 15 بۆ 23ـی مانگ هەموو ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان دەژین و خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان، مامۆستا و فەرمانبەر و پۆلیس و ئاسایش و خوێندکار بن یان هەر وەزیفەیەکی دیکەیان هەبێت، بە مۆڵەت بۆیان هەژمار دەکرێت. ئەگەر خوێندکار تاقیکردنەوەی هەبێت پێیدەکرێتەوە یان تاقیکردنەوەی پێشووتری بە دوو بۆ هەژمار دەکرێت. لە بواری مادیش بە هەموو لایەنەکانمان گوتووە، هەروەها لەگەڵ دەستەی ناوچە کوردستانییەکان کۆبووینەتەوە و پێمانگوتوون، پێویست بە هەر پاڵپشتییەک بێت، مادی و مەعنەوی، ئێمە ئامادەین، وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی بە لامانەوە گرنگ نەبووبێت، لایەنی مادی بووە و ئامادەیشمان پێشانداوە، ئێستاش دووپاتیدەکەمەوە هەر پێویستییەک هەبێت، ئامادەین.
رووداو: وەکو هەڵبژاردن بۆچی پاس بۆ خەڵک ئامادە ناکرێت؟
د. دارا رەشید: هەڵبژاردن جیاوازە، کەسەکە دەچوو دەنگی دەدا و دەگەڕایەوە، بەڵام بۆ سەرژمێری دەبێت رۆژانی 20 و 21ـی مانگ لەو ناوچانە بن.
رووداو: لەنێو خەڵک باس دەکرێت نزیکەی 700 هەزار کەس هاووڵاتیی عەرەب لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و هەژمار دەکرێن، هەژمارکردنیان مەترسیی هەیە لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیا؟
د. دارا رەشید: وەکو باسم کرد، تۆمارێکی سەرژمێری دروست دەکرێت بۆ هەموو ئەوانەی ئاوارەن، بەزۆر راگوێزراون یان خۆیان کۆچیان کردووە، پرۆسەکە ئەوانیش دەگرێتەوە، لە هەرێمی کوردستان 707 هەزار کەس ناویان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران تۆمارە کە نیشتەجێن، لەوانەیە زیاتر لە 300 هەزار کەسی دیکە هەبن کە تۆمار نەکراون و لەنێو شارەکان دەژین، ئەوانە لەسەر هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێن، کە هەژمارکردنیان قازانجە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە رێژەی دانیشتووانی زیاد دەکات و ئەوەش وادەکات بەشە بودجە و نوێنەرایەتیی لە پەرلەمان زیادبکات. بەڵام لە کۆبوونەوەکەی کۆشکی بەغدا ئێمە بەرگریمان لە ئەوانیش کرد، چونکە ئەوان بە خۆشیی خۆیان نەهاتوون، دۆخێک روویداوە کە وایکردووە کۆچ بکەن و ئێستا هەموویان خەون بە گەڕانەوەیان دەبینن، بۆیە ئێستا تۆمار دەکرێن و دواتر دەگەڕێنەوە.
رووداو: دوا داوات وەکو سەرۆکی لیژنەی باڵای سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان و وەزیری پلاندانان چییە بۆ خەڵکی کوردستان؟
وەزیری پلاندانان: پەیامم بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە هاوکاری تیمەکانی سەرژمێری بکەن، لە کۆتاییدا داتاکانی ئەو سەرژمێرییە بە سوود بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، ژمارەی دانیشتووان و بەشە بودجە و نوێنەرایەتیمان لە بەغدا زیاد دەکات و دەنگی کورد لە بەغدا زوڵاڵتر دەبێت. پەیامە گرنگەکەم، بۆ خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانە. کە شەڕی ئێمە لەسەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانە، تکایان لێدەکەم، ستەم لە خۆتان و میللەتەکەتان و مێژووی ئەو شارانە مەکەن، تکایە بگەڕێنەوە شوێنی خۆتان، ئەمڕۆ دوا دەرفەتە و هەموو ئاسانکارییەک دەکەین، دەبێت هەموو کەسێک لە شوێنی خۆیەوە هەست بەوە بکات، پێشتر بە ستەم دەرکراوە، ئازادی و ماف وەردەگیرێت نادرێت، دەبێت هەموو کەرکووکییەک ئەمرۆ ئامادەیی هەبێت، لە هەر شوێنێک بێت، بگەڕێتەوە شارەکەی. هیچ کەرکووکییەک نییە ماڵە خزمێکی لە کەرکووک نەبێت. هەر کەسێکیش پێویستی بە هەر هاوکارییەک بوو، شوێنی نەبوو و هۆتێلی پێویست بوو، وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هاوکارییەکی دەکەین. هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانیشمان ئاگادار کردووەتەوە. تکایان لێدەکەین بگەڕێنەوە شوێنەکانیان. راگەیاندنەکانیش دەبێت رۆڵیان هەبێت و هەواڵی ناڕاست بڵاونەکەنەوە، بەڵکو کەرکووکییەکان دەبێت لە کەرکووک بن، بڕۆن سەیری عەرەبی هاوردە بکەن، لە ماڵێکدا 10 خێزان هەن. هەر کەرکووکییەک ئەمڕۆ نەگەڕێتەوە، ستەمێکی گەورە لە خۆی و شارەکەی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ