وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بۆ رووداو: پێویست ناکات گۆڕانکاری لە سیاسەتمان بکەین لە عێراقدا

19-10-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
هەڤپەیڤین لەگەڵ بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا
هەڤپەیڤین لەگەڵ بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا
نیشانەکردن وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئەڵمانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بە سەبارەت بە بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت "لەو باوەڕەدام پێوست نەکات لە عێراق گۆڕانکاری لە سیاسەتمان بکەین، بەڵام بڕیارەکە رێگەمان پێدەدات ژمارەی هێزەکانمان زیادبکەین.''
 
پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا، دوێنێ (چوارشەممە، 18-10-2023) بە ئامادەبوونی 672 پەرلەمانتار کۆبووەوە و 560 پەرلەمانتاریان دەنگیان بە مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق بۆ ساڵێکی دیکە دا.

 

بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو سەبارەت بە بڕیارەکە قسە دەکات و دەڵێ "حکومەتی عێراق داوای لێکردین و ئێمە ئەوەمان کرد و ماوەی ئەرکەکانمان درێژکردەوە، تەنانەت ئەگەر دۆخی ئەمنی بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بووبێت، بەڵام ئێمە دەڵێین پێکەوە باشترە بەشداری بکەین لە سەقامگیریی زیاتر.''
 
لەدوای دەرچوونی بڕیارەکە، هەر دوێنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی حکومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیای کرد و رایگەیاند "پێکەوە شکستی هەمیشەیی داعش مسۆگەر دەکەین."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا:
 
رووداو: گرنگیی مانەوە و رۆڵی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان چییە؟
 
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا: ئەڵمانیا لە چوارچێوەی ئەرکی هاوپەیمانان رۆڵێکی گرنگی هەیە، ئەرکەکانیمان بۆ ماوەیەک درێژکردەوە، چونکە ئێمە زۆر لە نزیکەوە و بە هاوکاری لەگەڵ بەرپرسان چ لە باکووری عێراق و چ لە بەغدا پێکەوە کاردەکەین، حکومەتی عێراق داوای ئەمەی لێکردین، ئێمە ئەوەمان کرد و ماوەی ئەرکەکانمان درێژکردەوە، تەنانەت ئەگەر دۆخی ئەمنی بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بووبێت، بەڵام ئێمە دەڵێین پێکەوە باشترە بەشداری بکەین لە سەقامگیریی زیاتر. ئێمە بە هاوئاهەنگی زۆرەوە پێکەوە کاردەکەین. هەربۆیە خۆشبەختانە پەرلەمان رازی بووە بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی هێزەکانمان، زۆر دڵخۆشم بە بڕیارەکە.
 
رووداو: ئێوە تەنها بە 250 سەرباز، هێزەکانتان لە عێراق چالاک دەبن، یاخود زیاتری دەکەن؟ هەروەها ئێوە وەک وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا چۆن دەتانەوێت زیاتر هاوکاریی هەرێمی کوردستانی عێراق بکەن؟ 
 
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا: لەو باوەڕەدام پێوست نەکات لە عێراق گۆڕانکاری لە سیاسەتماندا بکەین، بەڵام بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانمان و ئەرکەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، رێگەمان پێدەدات ژمارەی هێزەکانمان زیادبکەین، ئەگەرچی ئێستا بەم قەبارەیە دەمێنینەوە (250 سەرباز)، بەڵام ئێمە لە هەرکاتێکدا دەتوانین کاردانەوەمان هەبێت بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکان.
 
رووداو: ئێوە، چۆن هاوکاریی رێکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن لە هەرێمی کوردستان؟ 
 
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا: ئێمە، وەک پاڵپشتیکارێکی بێلایەن رۆڵمان هەیە بۆ دەستەبەرکردنی ئەو پرۆسانەی بەڕێوەدەچن بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکان، بە راستی ئەوە گرنگە لەو قۆناخەیدا عێراق لە گەشەسەندنی باشدایە، لەبەرئەوە زۆر خۆشحاڵین بە هاوئاهەنگی هاوبەش ئەم کارە بکەین.
 
رووداو: ئایا بەم زووانە سەردانی عێراق دەکەیت؟
 
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا: لە راستیدا پلانم دانابوو بۆ ئەمساڵ ئەوە بکەم، بەڵام رووداوەکان رێگەیان نەدا بۆیە ئێستا پلانم هەیە ساڵی داهاتوو بە زووترین کات ئەو کارە بکەم.
 
رووداو: بە سەیرکردنی دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەندە گرنگە کە مانەوەی هێزەکانتان لە عێراق درێژکرایەوە؟ 
 
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا: هەرچەندە هێزەکانمان ژمارەیەکی دیاریکراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا روونە کە ئامادەبوون چەند گرنگە، ئاماژەکە گرنگە؛ ئەوەی ئێمە لە تەنیشت هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەدا بووەستین، لەبەرئەوە دڵخۆشین کە دەتوانین مانەوەی هێزەکانمان درێژبکەینەوە.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە