گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا: پێویستە سەرکردەکان سازش بکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستە سەرکردەکان سازش بکەن. چونکە بە بڕوای ئەو، "بەشێکی سەرکردایەتییش سازشکردنە." ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت سەرکردەکان "دان بەوەدا بنێن ئەو بەرژەوەندییەی هەر سەرکردەیەک لە هەر جێیەکی جیهاندا دەبێت بیخاتە پێشەوە و چەقی کاری بێت، بەرژەوەندیی گەلە."
 
ستیڤان دووجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتی دەستپێکردنی 78ـەمین گەڕی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامی پرسیارەکانی رووداوی دایەوە کە تایبەت بوون بە بابەتەکانی کۆبوونەوەی ئەم ساڵ، پرسی کورد، کێشەکانی هەولێر و بەغدا، پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران و چەند پرسێکی دیکە. گوتی، 
 
لەبارەی پرسی کوردەوە کە تاوەکو ئێستا نەبووەتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، دووجاریک رایگەیاند، "ئێمە هەموومان ئاگامان لە مێژوو و مێژووی سەختی گەلی کوردە. ئەگەر دۆخەکە وەک ئەوەی ئێستا هەیە وەربگرین کە دەزانین گەلی کورد بەسەر ناوچەیەکدا بڵاوبووەتەوە کە چەند وڵاتی جودا لەخۆ دەگرێت، ئەوە ئەرکی هەموو ئەو وڵاتانەیە کە کوردیان تێدایە مافی پێکهاتەکان بپارێزن، چونکە پێکهاتەیەک هەیە لە هەر جێیەک بێت رێزی دەگیرێت و دەبێت رێز لە مافە مرۆییەکانی و شکۆی بگیرێت." 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ستیڤان دووجاریک
 
رووداو: سوپاس بۆ ئامادەبوونت لەم هەڤپەیڤینەدا. پێم خۆشە بە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەست پێبکەم. هیوا و ئامانجی نەتەوە یەکگرتووەکان چییە؟ بابەتە سەرەکییەکانی ئەمساڵ چین؟
 
ستیڤان دووجاریک: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە لە رووداو. دەزانم ساڵانێکە رووداو زۆر لە نزیکەوە کارەکانی یوئێن رووماڵ دەکات. بۆیە زۆر خۆشحاڵم کە لێرەم و قسە بۆ بینەرانتان بکەم. گرنگترین شت ئامانجەکانی گەشەکردنی بەردەوامە. ئەو 17 ئامانجەی لە حەوت ساڵی رابردوودا پەسەند کران کە بە نزیکەیی هەموو لایەنەکانی ژیانمان دەگرنەوە، وەک تەندروستی، پەروەردە، مافەکانی مرۆڤ، بەڕێوەبردن و هی دیکە. بابەتەکە لەسەر ئەوەیە دڵنیایی بدرێت کە ئەم نەخشە رێگەیە بۆ جیهانێکی باشترە، بۆ گەڕانەوەیە بۆسەر رێڕەوەکە، چونکە بە راستی کۆرۆنا لە گەلێک لایەنەوە زۆر بە سەختی زیانی پێگەیاندین، وەک پەروەردە، تەندروستی، پەروەردە و مافی کچان. بۆیە پێویستە ئەوانە چارەسەر بکەین. پێم وایە لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەوە راگەیەنراوێکی سیاسیی زۆر باشمان لەسەر ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام هەبوو. دەمانەوێت بەردەوام بین و دڵنیا بین ئەو پابەندبوونە بەردەوام دەبێت.
 
رووداو: سەرۆکی وڵاتەکان کاتێک بەشداری کۆبوونەوەکە دەبن، ئەم بابەتانە دەکەنە مژاری سەرەکی؟
 
ستیڤان دووجاریک: سکرتێری گشتی کۆبوونەوەکە بەڕێوە دەبات. دەتوانێت پێگەکەی بەکاربهێنێت؛ دەتوانێت هێزەکان کۆبکاتەوە، بەڵام دواجار ئەو بڕیارەی کە دەبێت بدرێت بڕیارێکی سیاسییە و ئەو سەرکردانەی جیهان کە ساڵی جارێک لێرە کۆدەبنەوە دەبێت بڕیارەکە بدەن. سکرتێری گشتی دەسەڵاتی نییە هیچ چارەسەرێک بۆ کێشەکانی جیهان بسەپێنێت.  
 
رووداو: دەتوانین بڵێین نەتەوە یەکگرتووەکان هیوادارە؟
 
ستیڤان دووجاریک: سکرتێری گشتی زۆر پێداگرە. ئینجا پێم وایە گەلێک بابەت هەن کە دەبێت ئەو گفتوگۆیان بکات، کاتێک لە کۆمەڵەی گشتیدا قسە دەکات. ئەو لە بارەی دۆخی جیهان و ئەو ئاڵنگاریانەوە قسە دەکات کە رووبەڕوومان دەبنەوە بە تایبەتی لە بابەتی گۆڕانی کەشوهەوا و کێشەکانی حوکمڕانیی نێودەوڵەتی زۆر بەرچاوڕوونە. لەگەڵ ئەوەیشدا زۆر ئایندەبینە و لە گوتەکەیدا ژمارەیەک چارەسەر بۆ ئەو ئاڵنگاریانە پێشنیاز دەکات.
 
رووداو: تۆش دەزانیت هەڵبژاردن لە عێراق نزیک دەبێتەوە؛ هەروەها هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش نزیک دەبێتەوە و لە ساڵی 2024دا دەکرێت. نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت چی بکات تاوەکو هەڵبژاردن بە رێکوپێکترین شێوە بکرێت؟
 
ستیڤان دووجاریک: بەرپرسیارێتیی رێکخستنی هەڵبژاردنێکی ئازادانە و دادپەروەرانە بە شێوەیەکی سەرەکی و تەواوەتی لە ئەستۆی ئەوانەدایە لە دەسەڵاتدان و دەسەڵاتی نیشتمانییان هەیە. ئێمە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان وەک هەمیشە لەگەڵ خەڵکی عێراقدا دەبین و پشتیوانییان دەکەین، پشتیوانیی تەکنیکی یان هەر پشتیوانییەکی دیکە کە داوای بکەن، بەڵام دەبێت ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەرپرسیارێتیی ئەوانە بێت لە دەسەڵاتدان. بەڵام ئێمە بۆ هاوکاریی خەڵكی عێراق لەوێین.  
 
رووداو: کێشەی بودجە لەنێوان بەغدا و هەولێر بەردەوامە. هەندێکجار بەشێوەیەکی کاتی کێشەکە چارەسەر دەکرێت، بەڵام سەرهەڵدەداتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان چی پێشنیاز دەکات؟ ئەم بابەتە چۆن چارەسەر دەکرێت؟
 
ستیڤان دووجاریک: دەبێت ئەوان سازش بکەن. پێم وایە سەرکردایەتی بریتییە لە سازشکردن. زۆر گرنگە بۆ سەرکردەکانی هەموو لایەنەکان کە دابنیشن و رێکبکەون. هەموومان دەزانین عێراق لە چەند دەیەی رابردوودا بە زۆر قۆناخدا تێپەڕیوە. ئەرکی سەرکردەکانە دڵنیایی بدەن کە داهاتووی خەڵکەکەیان دابین کراوە. ئینجا بەشە گرنگەکەیشی پەیوەندی بە پرسی بودجە و داهاتەوە هەیە. 
 
رووداو: لەبەر بابەتی بودجە خەڵکی کێشەی هەیە. کاتێک لەنێوان حکومەتەکاندا کێشە بەردەوام دەبێت، ئەو کێشەیە کاریگەری لەسەر هاووڵاتی سڤیل دەبێت.
 
ستیڤان دووجاریک: مەبەستی منیش ئەوەیە؛ ئەوەیە کە دەبێت سەرکردەکان سەرکردایەتی بکەن. ئینجا بەشێکی سەرکردایەتییش سازشکردنە و دەبێت دان بەوەدا بنێن ئەو بەرژەوەندییەی هەر سەرکردەیەک لە هەر جێیەکی جیهاندا دەبێت بیخاتە پێشەوە و چەقی کاری بێت، بەرژەوەندیی گەلە. دەبێت بزانێت بەرژەوەندیی درێژخایەنی گەل چییە بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات کە وڵاتەکەی سەقامگیرە.
 
رووداو: لەنێوان عێراق و ئێراندا کێشە زیاتر دەبێت. نەتەوە یەکگرتووەکان لە پلانیدایە لەگەڵ هەردوولادا کۆببێتەوە؟
 
ستیڤان دووجاریک: سکرتێری گشتی دیداری لەگەڵ هەریەکە لە شاندی عێراق و شاندی ئێران دەبێت کاتێک دێن بۆ ئێرە بۆ نیویۆرک. دیدارەکان دوولایەنە دەبن. مەبەستم ئەوەیە، ئەوەندەی من بزانم دیداری جودا دەبن، نەک ئەوەی هەرسێکیان پێکەوە بەشدار بن. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە رێز لە یەکپارچەیی خاکی هەردوو وڵات بگیرێت. دەبێت رێز لە یەکپارچەیی خاکی عێراق بگیرێت. ئێمە دەزانین ئەو یەکپارچەییە چەند جارێک لە لایەن وڵاتانی جیاوازەوە و لە کاتی جیاوازدا پێشێلکراوە. ئەوە شتێکی سەرەکییە کە دەبێت ئەو یەکپارچەییە رێزی لێ بگیرێت. هەروەها هەردوولایش هیچ شتێک نەکەن کە گرژیی نێوانیان زیاد بکات. پێویستە رێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکە بدۆزینەوە لەو ناوچەیەی جیهاندا کە گرژیی تێدایە، چونکە دەکرێت شتەکان بە خێرایی لە دەست دەربچن.  
 
رووداو: وەک تۆش دەزانیت، ئێران بەرامبەر هاووڵاتییەکانی خۆی تووندە، بەتایبەت لە شارە کوردنشینەکان. ئێوە چی دەڵێن؟
 
ستیڤان دووجاریک: دەیڵێمەوە، بەرپرسیارێتیی هەر حکومەتێک پاراستنی خەڵکەکەیەتی، بە چاوپۆشین لە نەژاد و ئایین و پاشخانیان. ئێمە لە بابەتی پێکهاتەکان و ئافرەتان دا بەردەوام لە چەندین بۆنەدا نیگەرانیی خۆمان لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران راگەیاندووە. هەروەها سەرکۆنەی ئەو کردەوە تیرۆریستییانەمان کردووە کە کراونەتە سەر هەندێک شوێنی پیرۆز. ئینجا سکرتێری گشتی کە چاوی بە بەرپرسانی ئێرانی کەوتووە، پرسی مافەکانی مرۆڤ لەو پرسانە بووە کە  بەردەوام باسی کردووە.
 
رووداو: کورد لە جیهاندا تەنیا نەتەوەیە کە ژمارەی هێندە زۆر بێت و بێ دەوڵەت بێت. تۆش دەزانیت ئێمە باس لە زیاتر لە 40 ملیۆن کەس دەکەین. کورد کورسی لە نەتەوە یەکگرتووەکان نییە. ئەوە بە یەکسانی دەبینیت؟ کورد چۆن بتوانێ دەنگی خۆی بگەیێنێت؟
 
ستیڤان دووجاریک: پێم وایە لێرەدا پرسی جیاواز هەن. یەکێکیان بریتییە لە "چەمکی ئەوەی کێ دەبێتە وڵاتی ئەندام؟ کێ دێتە نێو نەتەوە یەکگرتووەکانەوە؟" ئەوەیش بڕیارێکە دەبێت وڵاتانی ئەندام خۆیان بیدەن. ئێمە هەموومان ئاگامان لە مێژوو و مێژووی سەختی گەلی کوردە. ئەگەر دۆخەکە وەک ئەوەی ئێستا هەیە وەربگرین کە دەزانین گەلی کورد بەسەر ناوچەیەکدا بڵاوبووەتەوە کە چەند وڵاتی جودا لەخۆ دەگرێت، ئەوە ئەرکی هەموو ئەو وڵاتانەیە کە کوردیان تێدایە مافی پێکهاتەکان بپارێزن، چونکە پێکهاتەیەک هەیە لە هەر جێیەک بێت رێزی دەگیرێت و دەبێت رێز لە مافە مرۆییەکانی و شکۆی بگیرێت. 
 
رووداو: ئەگەر کورد لێرە نەبێت و ئێوە نەتوانن دەنگی ببیستن، دۆزەکە لە شوێنی خۆیدا دەوەستێت. ئێوە چۆن دەتوانن هاوکاری کورد بکەن؟ دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر هاوکاریی کورد بکات. 
 
ستیڤان دووجاریک: سکرتێری گشتی دەسەڵاتی جیاکردنەوەی وڵاتان و بەخشینی هاوڵاتیبوون یان ئەندامێتیی نییە. ئەوە پرسێکە کە دەبێت وڵاتانی ئەندام خۆیان بڕیاری لەسەر بدەن، بەڵام زۆر وڵاتیش هەن کە پێکهاتەی گەورەیان تێدایە. ئینجا ئەرکی ئەو وڵاتانەیە دڵنیایی بدەن کاتێک لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قسە دەکەن، دەنگی ئەو پێکهاتانەیش دەگەیەنن.
 
رووداو: با بەم شێوەیە بیڵێم، لە داهاتوودا ئەم بابەتە دەگۆڕدرێت یان نا؟
 
ستیڤان دووجاریک: سەیربکە، ئەوە کاری من نییە پێشبینیی داهاتوو بکەم. من تەنیا دەتوانم بۆ ئێستا پەیوەندیم هەبێت بەوەی دڵنیایی بدەم کە مافەکانی مرۆڤ دەپارێزرێن و شکۆیان رێزی لێ دەگیردرێت. 
 
رووداو: پێت وایە نەتەوە یەکگرتووەکان لە داهاتوودا هاوکاری کورد بکات ئەگەر حەز بکات ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ؟ سکرتێری گشتی پشتیوانی دەکات؟
 
ستیڤان دووجاریک: ئەوە پەیوەستە بەوەی کاتێک باسی یو ئێن دەکەین، ئەوە گرنگە بزانین باسی چ یو ئێنێک دەکەین، چونکە یو ئێن سکرتێری گشتییە، ئەنجوومەنی گشتییە، ئەنجوومەنی ئاسایشە. بەشی جیاوازی هەیە. من تەنیا دەتوانم بە ناوی سکرتێری گشتییەوە قسە بکەم. ئەوە کاری سکرتێری گشتی نییە ئەو بڕیارە بدات. پرۆسەیەک هەیە کە لە رێگەیەوە وڵاتان و ناوچەکان دەتوانن داوای ئەندامێتی بکەن و ئەوە لە پەیماننامەکەدا هەیە. بەڵام ئەوە پرۆسەیەک نییە کە سکرتێری گشتی تێکەڵی ببێت.  
 
رووداو: سکرتێری گشتی پشتیوانی دەکات؟
 
ستیڤان دووجاریک: دەیڵێمەوە، ئەوە کاری ئەو نییە سەیر بکات و بزانێت دەکرێت چی روو بدات یان روونەدات. ئێستا سەرنجمان لەسەر ئەوەیە دڵنیا بین لەوەی مافی هەموو پێکهاتەکان و لەنێویاندا گەلی کورد لە هەر کوێیەک بژین، رێزی لێ بگیردرێت و ئەگەر رێزی لێ نەگیردرا دەنگ هەڵبڕن. 
 
رووداو: نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسانی کورد پەیوەندییان هەیە؟ پەیوەندییەکان لە چی ئاستێکدان؟
 
ستیڤان دووجاریک: ئێمە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە وڵاتانی جیاوازدا هەین کە کوردیان تێدایە. وەک دەزانیت، یوئێن لە عێراقە و لە کوردستانی عێراقیشە. دەزانم لە ئاستی هەرێمی و فیدراڵییشدا پەیوەندیمان هەیە.
 
رووداو: پێشنیازی ئێوە بۆ تورکیا، ئێران، سوریا و عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد هەیە؟
 
ستیڤان دووجاریک: ئەوە کێشەیەکی ئاڵۆزە. ئەوە یەکێکە لەوانەی لە رووی مێژووییەوە ئاڵۆزە. پێم وایە ئامۆژگاریمان لەم کاتەدا ئەوەیە دڵنیایی بدەن لەوەی رێز لە شکۆ و مافە مرۆییەکانی گەلی کورد بگرن لە هەر شوێن و وڵاتێکدا بژین.
 
رووداو: شەڕی سووریا 12 ساڵ زیاترە بەردەوامە. چی کێشەیەک هەیە کە وڵاتانی گەورە و نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانن کۆتایی بە شەڕ بهێنن؟
 
ستیڤان دووجاریک: ئێمە نێردەیەکی تایبەتمان هەیە، گێر پیدەرسن، کە لەسەر رێیەکی سیاسی کار دەکات، بەو جۆرەی لە بڕیاری 2254دا روون کراوەتەوە. ئەو ئەنجامانەی دەستکەوتوون کە هەن، بەڵام ئەوە روونە کە پێویستمان بەوەیە ئەوانەی لە دەسەڵاتدان ویستیی سیاسیی زیاتریان هەبێت. پێویستمان بە ئاماژەیەکی زیاتری یەکگرتووانەیە لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە. هەموومان دەزانین لەم ساتەدا ئەنجوومەنی ئاسایش زۆر دابەش بووە، بەڵام ئەوە دابەشبوونێکی سیاسییە. ئەوە جۆرە دۆخێکە لەناو وڵاتانی ئەندامدا کە بۆ ساتێکیش ئێمەی رانەگرتووە کە لە سووریادا بین و ئەو هاوکارییە مرۆییانە پێشکەش بکەین کە هەموو خەڵکی سووریا شایانیەتی و مافی خۆیانە. تەنانەت دوای ئەو بوومەلەرزە بەهێزەیش، ئێمە لە سووریا ماینەوە و هەرگیز خەڵکی ئەوێمان جێنەهێشت و ئێمە لەگەڵیاندا دەمێنینەوە.
 
رووداو: پێت وایە کە ئاستانە و کۆبوونەوە جیاکانی هاوشێوەی بەتەنیا دەتوانن شەڕی سووریا کۆتایی پێبهێنن یان دەبێت پلاتفۆڕمێکی نوێ بە بەشداربوونی وڵات و گرووپی زیاتر دروستبکرێت؟
 
ستیڤان دووجاریک: پێم وایە سەکۆی جیاوازمان هەبووە؛ رێکخستنی جیاوازمان هەبووە. تەنانەت ئێستاش ئەو سەکۆیانەیش هەن کە هەموو کۆمەڵگەی سڤیل لەخۆ دەگرن. دڵنیا نیم کە دروستکردنی سەکۆیەکی دیکە چارەسەر بێت. چارسەر ئەوەیە ئەوانەی دەسەڵاتیان هەیە بیانەوێت سازش بکەن و لەسەر هەمان مێز دابنیشن.
 
رووداو: بە پرسێکی دیکە هەڤپەیڤینەکە کۆتایی پێدەهێنم. شەڕی ئۆکراینا و رووسیا ساڵێک زیاترە بەردەوامە، پێشبینی نەتەوە یەکگرتووەکان چییە؟
 
ستیڤان دووجاریک: پێم وابێت چەند رۆژ لەمەوپێش تۆ لەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەی سکرتێری گشتیدا بوویت. ئەو زۆر گەشبین نەبوو کە کۆتاییەک بۆ ململانێکە ببینێت. ئێمە بەردەوام هەوڵی باشی خۆمانمان پێشکەش کردووە کە هەر بەردەست دەبێت. لەگەڵ ئەوەیشدا راستییەکە ئەوەیە هیچ ئەگەرێکی خێرا بۆ دانوستاندن لەسەر ئاشتی نییە. ئەوە ئەوی لە چالاکییەکانی نەوەستاندووە لە هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە نەرێنییەی شەڕی ئۆکراینا کە هەر تەنیا لەسەر خەڵکی ئۆکرینا نییە، بەڵکو لە رێگەی قەیرانی خۆراکیشەوە کاریگەری لەسەر جیهان داناوە.