جێگری نوێنەری سکرتێری گشتیی UN: لە 8 ساڵدا عێراق 8 ملیار دۆلار هاوکاریی مرۆیی پێگەیشتووە

19-08-2023
دلبخوین دارا و غوڵام ئیسحاق
دلبخوین دارا و غوڵام ئیسحاق
نیشانەکردن نەتەوە یەکگرتووەکان ئاوارە غوڵام ئیسحاق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

"لە 8 ساڵی رابردوودا عێراق زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار هاوکاریی مرۆیی پێگەیشتووە"، ئەمە گوتەی غوڵام ئیسحاق، جێگری نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسی کاروباری مرۆیی و نیشتەجێبوونە لە عێراق کە ئاشکراشی دەکات "هەندێک لە بەخشەرەکان پارەکانیان بۆ عێراق کەمکردووەتەوە."
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ دلبخوین دارا، پێشکێشکاری دیاری تۆڕی میدیایی رووداو، غوڵام ئیسحاق، جێگری نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسی کاروباری مرۆیی و نیشتەجێبوون لە عێراق باسی ئەوە دەکات ''قەبارەی کاری مرۆیی بەراورد بە 20 ساڵی رابردوو، 10 هێندە زیادی کردووە'. دڵنیاییش دەدات لەوەی "رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق جێناهێڵن".
 
ئێستا ژمارەی ئاوارەکان لە عێراق بە گوتەی غوڵام ئیسحاق گەیشتووەتە ملیۆنێک و 200 هەزار عێراقی کە دەشڵێ "ئێمە نزیکەی 170 بۆ 180 هەزار ئاوارەمان لە 25 کەمپی هەرێمی کوردستاندا هەیە."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: 19ـی مانگی ئاب رۆژی کاری مرۆییە، ساڵانە ئەو یادە دەکرێتەوە، گرنگی ئەو رۆژە چییە و چ گۆڕانکارییەکی دروستکردووە؟
 
غوڵام ئیسحاق: زۆر سوپاس بۆ میواندارییەکەتان. 19ـی ئاب رۆژێکی زۆر گرنگە بۆ جیهان و بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان. بە داخەوە رۆژێکە کە تێیدا 22 هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکانمان لە بۆردوومانی کەناڵ هۆتێلدا لەدەست دا لە ساڵی 2003 و 100 کەسیش بریندار بوون. ئەم کارەساتە بەتەواوەتی تێڕوانینی بۆ شێوەی کاری مرۆیی و چالاکیی کاری مرۆیی لە گرووپێکی رێزلێگیراوەوە بۆ گرووپێکی بەئامانجگیراو گۆڕی. ئەم کارەساتە بوو وای لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، رۆژی 19ـی ئاب وەک رۆژی کاری مرۆیی دیاری بکات. 
 
ئامانجی سەرەکیی؛ زیادکردنی هۆشیاری بوو لە بارەی کارەکەوە، کارێکی زۆر سەخت کە خۆبەخشە مرۆڤدۆستەکان لە جیهاندا دەیکەن. ئەو پشتیوانی و خزمەتگوزارییانەی ژیان دەپارێزن، بە ملیۆنان کەسی داماو دەگەیەنن. ئەوە، هەروەها رۆژێکە کە تێیدا رێز لە قوربانیدانی ئەو کەسانە دەگرین، کە بۆ پاراستنی ژیانی کەسانی دیکە، گیانی خۆیانیان سپارد. بەداخەوە ئەوەی دەیبینین ئەوەیە؛ قەبارە و ئاڵۆزییەکانی کاری مرۆیی لە 20 ساڵی رابردوودا گۆڕاون. ئێستا زیاتر لە 250 ملیۆن کەس پشت بە هاوکاریی مرۆیی دەبەستن. ئەمەش بەراورد بە 20 ساڵ لەمەوبەر، 10 هێندە زیادی کردووە. بەدڵنیاییەوە ئێمە لە عێراق بە درێژایی 20، ساڵ پشتیوانیی مرۆییمان بۆ ئەو عێراقییانە دابین کردووە، کە پێویستییان پێیەتی.  
 
رووداو: لە عێراقدا هاوکاریی کاریی مرۆیی لەگەڵ کەمبوونەوەی بودجە کەمدەبێتەوە؟ یاخود بە کەمبوونەوەی بودجە، رێکخراوەکانی تایبەت بە هاوکاریی مرۆیی عێراق جێدەهێڵن و چالاکییەکانیان دەوەستن؟ 
 
غوڵام ئیسحاق: با بەم جۆرە بیخەمەڕوو؛ سەرەتا لە عێراق کەمبوونەوەی هاوکاریی مرۆیی بە زۆری پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی پێویستبوونییەوەیەتی. ئەگەر سەیری پێنج ساڵ لەمەوپێش بکەین، دوابەدوای شکاندنی داعش، زیاتر لە 11 ملیۆن عێراقی هاوکاریی مرۆییان پێدەگەیشت. ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ دوو ملیۆن کەمبووەتەوە، کە هێشتا پێویستیان بە هەندێک جۆر هاوکارییە، هەروەها لە هەشت ساڵی رابردوودا عێراق بایی زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار هاوکاریی مرۆیی پێ گەیشتووە. زۆربەیان لەلایەن رێکخراوە مرۆییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بوون. گەرچی ئیدی ئەو پێویستییە نەماوە، بەڵام دەبینین کە ژمارەیەکی زۆر خەڵک زیاندمەندن و زۆربەیشیان ئەوانەن کە لە ناوخۆدا ئاوارە بوون و ئێستا گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان. هەروەها عێراق پەرەی بە توانای خۆی داوە تا بەرپرسیاریێتیی زیاتر لە ئەستۆ بگرێت تاوەکو پشتیوانیی مرۆیی بۆ خەڵکی نیازمەند دابین بکەن. هەروەها دەبینین لە ئاستی جیهانیدا بارودۆخی دابینکردنی پارە زۆر گژنێی لە بەردەمدایە. هەندێک کاری لەناکاو لە سەرانسەری جیهاندا هەن کە پێویستییان بە هاوکاریی مرۆییە، هەر بۆیە هەندێک لە بەخشەرەکان پارەکانیان بۆ عێراق کەمکردووەتەوە. بەڵام وێڕای کەمبوونەوەی پارەی بەخشراو رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق جێناهێڵن. رێکخراوە مرۆییەکان عێراق جێناهێڵن. تەنیا ئەوەندەیە کە ئێمە سەرنجمان لە هاوکاریی مرۆییەوە دەگۆڕین بۆ چارەسەری جێگیر و بەردەوام و درێژخایەن. 
 
رووداو: واتە بودجەکەتان بەشی ئەوە دەکات ئێوە بەردەوامبن لە هاوکاری و کاری مرۆیی لە عێراق و هیچ کەموکوڕییەک و ئاستەنگێکتان بۆ دروست نابێت؟
 
غوڵام ئیسحاق: وەک ئاماژەم پێ دا، کاتێک نیازمەندی هەیە، ئێمە هەوڵی گەیاندنی سەرچاوەکان دەدەین، بەڵام نیازمەندی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و، ئێستا ئێمە داوا لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکەین بەرپرسیاریێتیی هەندێک لەو پێویستییان لە ئەستۆ بگرن کە ماون، بەڵام دەیڵێمەوە، دوای هەشت ساڵ لە ئاوارەبوون، چارەسەرەکە پشتیوانیی مرۆیی نییە. چارەسەرەکە ئەوەیە پێویستە ئەم خەڵکە بگەڕێنینەوە بۆ شوێنی خۆیان و لەناو ئەم سیستەمی گەیاندنی خزمەتگوزارییەی ئێستا و ئەو پشتیوانییانەی دیکەدا کە هەر عێراقییەک پێی دەگات، ئاسایی بکرێنەوە. بۆیە پێویستە سەرنج بگۆڕین بۆ ئەوەی چارەسەرێکی بەردەوام بۆ ئەم ملیۆنێک و 200 هەزار خەڵکە ئاوارەیە بدۆزینەوە. 
 
رووداو: ئێستا ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی ناوخۆی عێراق لە هەرێمی کوردستان و هەندێ ناوچەی دیکەی عێراقن، ئێوە هاوکارییان دەکەن، ئایە هیچ پلانێکتان هەیە ئێوە ئەو ئاوارانە بگەڕێننەوە شوێنەکانیان، هیچ ئاستەنگێک هەیە بۆ گەڕانەوەیان؟
 
غوڵام ئیسحاق: زۆر راستە. وەک گوتم، لەکاتێکدا ژمارەی ئاوارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، هێشتا دەبینین کە بە لایەنی کەمەوە لە تۆمارەکانماندا ملیۆنێک و 200 هەزار عێراقی بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاوارەن و بە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بڵاوبوونەتەوە. هێشتا زۆربەیان لە شوێنی نیشتەجێبوونی نافەرمیدان، بەڵام ئێمە نزیکەی 170 بۆ 180 هەزار کەسمان لە 25 کەمپی هەرێمی کوردستاندا هەیە. ئێستا لەلایەنی پشتیوانییەکانمانەوە، کاتێک ئێمە پشتیوانییە مرۆییەکانمان کەمکردەوە، خۆ بە شەو و رۆژێک نەمانکردووە. ئەمە بە شێوەیەکی تەواو بەرەبەرەیی کرا. لە دوو ساڵی رابردوودا ئێمە قسەمان لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کردووە کە چۆن دڵنیاببینەوە ئەم گۆڕانکارییە نەرم بێت و کاریگەریی لەسەر هاوکاریی مرۆیی بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان نەبێت.  
 
بۆیە بە دوو پلان گەیشتین، یەکەمیان ئەوە بوو؛ پار دەستمان پێکرد، بریتییە لە "تێڕوانینێکی گشتی بۆ گواستنەوەی مرۆیی"، کە ئێمە وەک پێویستیی ماوەی ئاوارە ناوخۆییەکان دەیناسێنین، کە هێشتا پێویستیان بە هاوکاریی حکومەت و نەتەوە یەکگرتووەکانە. جا لێرەدا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکەین تاوەکو هەندێک بەرپرسیاریێتی لەئەستۆبگرێت و، زۆر خۆشحاڵین کە بڵێین لە هەندێک بواری وەک ئاو و پاکوخاوێنی و پەروەردە و تەندروستییەوە بەرەو پێشەوە چووە و، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە هەندێک لەم بوارانەدا بەرپرسیاریێتیی لەئەستۆگرتووە. هەروەها لە عێراقی فیدراڵیشدا لەگەڵ حکومەت کارمان کردووە تاوەکو دڵنیاببینەوە لەوەی زۆرینەی ئاوارە ناوخۆییەکان جۆرێک بەڵگەنامەی شارستانییان هەبێت، چونکە ئەوە بەڵگەنامەی شارستانی و ناسنامەیە، کە رێگە دەدات دەستیان بە خزمەتگوزارییەکان بگات، چ چوونە قوتابخانە بێت، چ دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاریی تەندروستی و چ قەرەبووکردنەوە و هاوکاریی ماددی و هاوکاریی حکومەت بێت. بۆیە ئەوە ئەو پشتیوانییەیە کە ئێمە لە لایەنی پاراستن و ئاسانکاریی کارلێکی نێوان دەسەڵاتی دادوەری و حکومەت لەگەڵ ئاوارەکاندا هێشتا دابینی دەکەین. 
 
راوێژی یاساییان دەدەینێ، بە چەندین رێگە پشتیوانییان دەکەین. لە عێراقی فیدراڵدا لە لایەن رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ئەمە بە شێوەیەکی فراوان کراوە، وەک یوو ئێن ئێچ سی ئاڕ، هەروەها لە عێراقی فیدراڵدا ئای ئۆ ئێمیش گەلێک هاوکاریی دابین کردووە لە لایەنەکانی کاڵا و پەناگەوە. ئەوان پشتیوانیی نزیکەی 54 شوێنی نیشتەجێبوونی نافەرمی یان کەمپ دەکەن، کە نزیکەی 20 هەزار کەس لەخۆدەگرن. ئینجا هەندێک کات ئەو پشتیوانییە درێژ دەبێتەوە بۆ یارمەتیدانیان تا لە شوێنی سەرەکیی خۆیان نیشتەجێ ببنەوە، لە رووی بژێوییەوە هەندێک هاوکاری و دەرفەتیان بۆ دابین دەکرێت و راهێنانی کارامەییان پێ دەکرێت. هەروەها لە هەندێک دۆخدا بەیارمەتیی دەسەڵاتی ناوچەیی، یارمەتییان دەدەین لە ناوچەکانی خۆیاندا نیشتەجێ ببنەوە. جا تۆ ئاماژەت بە گژنێیەکان (تحدیات)ـدا، بەدڵنیاییەوە گژنێ هەن و ئەوە رێ لە گەڕانەوەیان دەگرێت و هەندێکیشیان سیاسین، هەندێکیان تەناهی، بەڵام هەندێک لە گژنێیەکان کارگێڕین کە دەکرێت بە ئاسانی چارەسەر بکرێن. ئەوە لە لایەنی گەڕاندنەوەوە، بەڵام ئێمە لە رێگەی دووەمماندا لەگەڵ حکومەتدا کاردەکەین بۆ ئەوەی بگەینە ئەو شتەی پێی دەڵێین ستراتیجی یان پلان بۆ چارەسەری بەردەوام. ئێمە باوەڕمان وایە، زۆرینەی ئەم ئاوارە ناوخۆییانە نابێت زۆر لە کەمپدا بمێننەوە. پێم وایە پێویستیان بەوەیە ئاسایی بژین و بگەڕێنەوە و تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە و وەک عێراقییەکانی دیکە دەستیان بە خزمەتگوزارییەکان بگات. جا ئەو کارە بەردەوامە بۆ ئەوەی کۆتایی پێبهێنین و قۆناخی ئاوارەی ناوخۆیی لە عێراقدا تەواو بکەین. 
 
رووداو: زیاتر لە نۆ ساڵە ئاوارەکانی شنگال لەژێر چادرگەکان بە کوڵەمەرگی لە ئاوارەییدا دەژین، بۆ باشترکردنی ژیانی ئەوان هیچ ستراتیژییەکی نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە، هەرچەندە هەندێکیان گەڕانەوە بەڵام بەهۆی خراپی ژیان لەوێ گەڕانەوە ژێر چادرەکانیان، ئێوە پلانێکتان هەیە بۆ گەڕاندنەوەیان و باشترکردنی دۆخی شنگال؟
 
غوڵام ئیسحاق: بەدڵنیاییەوە ئەوە دۆخێکی ناخۆش بوو بۆ بەشێکی زۆری ئەم ئێزدییانە کە بوونە قوربانیی تووندوتیژی و ململانێ. ئەوان ئێستا شایانی ئەوەن بە شکۆ و پارێزراوییەوە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. من، نامەوێت لە لایەنی سیاسییەوە بچمە ناو تەواوی دۆخی شنگالەوە، چونکە زۆر ئاڵۆزە و، لەو بڕوایەدام پێویستی بە کارکردنە لەگەڵ حیزبە جیاوازەکاندا تاوەکو دڵنیا ببیتەوە کە دۆخەکە گونجاوە بۆ ئەوەی ئاوارە ناوخۆییەکان بە پارێزراوی و رێکوپێکی بگەڕێنەوە، بەڵام با هەندێک راستی بڵێم لە بارەی ئەوەی یوو ئێن لە چوار بۆ پێنج ساڵی رابردوودا کردوویەتی. نۆ رێکخراوی یوو ئێن خەریکی دابینکردنی هاوکاریی جۆراوجۆر بوون بۆ خەڵکی شنگال. زیاتر لە 450 هەزار کەس لە شنگال لە پشتیوانییەکانمان سوودمەند بوون. زیاتر لە سێ هەزار پەناگەمان نۆژەن کردووەتەوە یان پەناگەی نوێمان دروست کردووە بۆ ئەوانەی دەگەڕێنەوە. هاوکاریمان بۆ نۆژەنکردنەوەی بنکەکانی چاودێریی تەندروستی دابین کردووە. رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گەلێک بینای حکومییان نۆژەن کردووەتەوە. لە راستیدا پار خۆم بۆ کردنەوەی بنکەیەکی پۆلیس لەوێ بووم کە بە هاوکاریی یوو ئێن نۆژەن کرایەوە. تەنانەت ئێمە بە درێژایی 45 کیلۆمەتر لە بەنداوی موسڵەوە کارەبامان راکێشا. هەندێک (پڕۆژەی) خزمەتگوزاریی ئاویمان نۆژەن کردنەوە تاوەکو دڵنیاببینەوە کە خەڵک ئاویان پێ دەگات. هەروەها هەڵمەتی کوتان و بەرگریی منداڵان، خولی رۆشنبیری و راهێنانی پیشەییمان کردووەتەوە. بۆیە ئێمە بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری وەبەرهێنانی زۆرمان کردووە تاوەکو هانی ئەو کەسانە بدەین، کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی بتوانن لەوێ بژین. لەگەڵ ئەوەشدا، پێموایە پرسە سەرەکییەکە ماوە کە ئەوەیە؛ دۆخی شنگال لە لایەنی حکومەتی یەکگرتوو و ئاسایشی ناوچەیی هەندێک ئاسایی بکرێتەوە و فەرمانگە حکومییەکان رێکبخرێنەوە بۆ ئەوەی بتوانن جڵەوی دۆخەکە بکەن و پشتیوانیی بەردەوام دابینبکەن، چونکە وەک گوتم، پشتیوانیی ئێمە وەک یوو ئێن کاتییە، تەنیا بۆ ئەوەیە یارمەتییان بدەین لە کەمپەوە بگوازنەوە بۆ ژیانی ئاسایی، بەڵام ئەم خەڵکە پێویستیان بە پشتیوانیی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە وەک رابردوو دەست بە ژیانیان بکەنەوە. ئینجا من ناتوانم زیادەڕەوی بکەم لە جەختکردنەوە لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال کە یوو ئێن زۆر پشتیوانیی دەکات تاوەکو حیزبەکان بگەنە ئەنجام. 
 
رووداو: تاوەکو ئێستا رێککەوتنی شنگال جێبەجێنەکراوە، جێبەجێنەکردنی ئەو رێککەوتنە چ کاریگەرییەکی بەسەر ئەو ئاوارانەوە هەیە کە گەڕاونەتەوە شنگال؟
 
غوڵام ئیسحاق: پێموایە، پێشتر ئاماژەم بە هەندێک کاریگەری دا، بەڵام با زۆر راشکاویش بین، کە جێبەجێنەکردنی رێککەوتننامەی شنگال ژینگەیەکی لەبار بۆ گەڕانەوەی پارێزراوانەی ئاوارە ناوخۆییەکان دروست ناکات. هێشتا لەوێ نیگەرانی لە بارەی ئاسایش و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە هەیە. پێویستە بەڕێوەبەرایەتییەک هەبێت کە سەرۆکی شارەوانی سەرۆکایەتیی بکات. دەبێت سەرۆکی شارەوانی هەبێت. بەدڵنیاییەوە نەبوونی ئەم توخمانە باوەڕبەخۆبوون بە ئاوارە ناوخۆییەکان و ئێزدییەکان نابەخشێت، کە بگەڕێنەوە. من ناڵێم کە خەڵک ناگەڕێنەوە، هەندێک کەس گەڕاونەتەوە، بەڵام بۆ ئێمە کە هانی ژمارەیەکی زۆر خەڵک بدەین تاوەکو بگەڕێنەوە، پێم وایە پێویستی بەوەیە رێککەوتنی شنگال بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت. 
 
رووداو: ئاستی هاوکاریی ئێوە چەندە و چۆنە بۆ ئەو پەنابەرانەی لە هەرێمی کوردستانن، بەتایبەت لەلایەنی گەشەپێدانی پەروەردەیی، بۆ نموونە بۆچی ناتوانرێت مووچەی ئەو مامۆستایانە دابین بکرێت، کە وانە بە خوێندکارانی رۆژئاوای کوردستان دەڵێنەوە؟ پلانێکتان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی ئەو کێشەیە؟
 
غوڵام ئیسحاق: سەرەتا با بە راستی ستایشی ئەو میواندۆستییە جوان و پشتیوانییەی خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەم و بەرزی بنرخێنم کە پێشوازییان لە پەنابەرە سوورییەکان کرد و گرتنیاننەخۆ. من لە زۆر شوێنی جیهان بووم و کۆژان و دۆخی پەنابەرانم بینیوە و، ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا بینیم بە راستی نموونەیەکە بۆ ئەوەی دەبێت چۆن ئەو پەنابەرانە بە ئەرێنی و رێزەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێت. بۆیە پێموایە بە راستی ئەوە یەکێکە لە گرنگترین و ئەرێنیترین توخمەکان. پاشان، کاتێک شتەکە پەیوەندیی بە پشتیوانیی یوو ئێنەوە هەیە، دەزگای سەرەکی لە رێگەی یوو ئێن ئێچ سی ئاڕەوە پشتیوانیی پەنابەران دەکات و یوو ئێن ئێچ سی ئاڕ لەم ساڵانەی دواییدا زۆر لە هەرێمی کوردستان ئامادەبووە و پشتیوانیی پاراستنی بۆ پەنابەران دابین کردووە. هەروەها لە ئاستێکی فراوانیشدا سەروکاریان هەبووە لە بەڕێوەبردنی ئەم کەمپانەدا و لە چەند ساڵی رابردووشدا بە ئاشکرا لە لایەنی تەندروستی و پەروەردە و ئاو و پاکوخاوێنی و شتی دیکە و مووچەی دیاریکراوەوە، پشتیوانییان کردووە. من، ئەوەندە دەزانم و، دەیڵێمەوە، شارەزا نیم و هەموو وردەکارییەکانم لا نییە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مامۆستاکان دەدات، لە راستیدا یوو ئێن مووچەی مامۆستایان نادات. هەروەها زۆر دڵخۆش بووم کە زانیم حکومەتی هەرێمی کوردستان یان وەزارەتی پەروەردە لە پرۆگرامێکی پەروەردەییدا زیاتر لە 400 مامۆستای پاڵێوراوی سووریایی وەرگرتووە تاوەکو ببنە مامۆستا و ئەو پشتیوانییەی کردوون. دەیڵێمەوە؛ پشتیوانییەکانمان بە زۆری بەندن بە بڕی ئەو پارەیەی بەردەستن و، بۆ فراوانکردنی بەردەستبوونی ئەو پارەیەش، پێویستە ئێوە ئەم کارانە هاوبەشی پێ بکەن بۆ ئەوەی بزانرێت، دەتوانرێت چی دابین بکرێت. هێشتا یوو ئێن هەندێک هاوکاری بە بڕە پارەی کاش و راوێژی یاسایی و ناوتۆمارکردن و پاراستن لە تووندوتیژی دابین دەکات، بەڵام دەیڵێمەوە، پێم وایە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەنی کارەبا، ئاو و هاتووچۆی خۆڕاییەوە هاوکاری و پشتیوانییان دەکات کە ئەوەیش گرنگترین بەشی ژیانی هەر پەنابەرێکە تاوەکو بتوانێت لە وڵاتی خانەخوێدا بژی.  
 
رووداو: ئێوە چ هاوکارییەک بۆ پەنابەرانی کەمپی مەخموور دابین دەکەن، ئایە چارەنووسی ئەو پەنابەرانە و کەمپی مەخوور چییە؟
 
غوڵام ئیسحاق: با لەبارەی کەمپی مەخموورەوە راشکاو بم، پێشتریش نوێنەری یوونیسێف قسەی کردووە، راستییەکە ئەوەیە ئێمە لەوێ پشتیوانیمان نییە. وەک دەزانن، لەبارەی سرووشتی سیڤیلیی کەمپەکەوە نیگەرانی هەیە. سوودمەندبوون لە دۆخی پەنابەری یان پەناگە، تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە لە تووندوتیژی و پێکدادان هەڵدێن، بۆیە بۆ ئێمە سەختە دەستەبەریی ئەوە بکەین، کە کەمپی مەخموور کۆمەڵەی چەکداریی تێدا نەبێت و ئەو کەسانەی تێدا بێت، کە سرووشتە سڤیلییەکەی دەستەبەر بکەن. بۆیە لە ئەنجامدا، ئێمە لە کەمپی مەخموور نین و پشتیوانیی ناکەین. 
 
 
رووداو: لە رۆژی جیهانیی کاری مرۆیی چ پەیامێکت بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە؟
 
غوڵام ئیسحاق: پێمخۆشە جارێکی دیکە رێز و پێزانینم بۆ هەموو عێراقییەکان دەرببڕم بۆ پیشاندانی ئەو خۆڕاگرییە بەهێزەیان بەرامبەر ئەو ماوەی 20 ساڵی رابردوو. بەدڵنیاییەوە زۆر عێراقی ژیانی خۆیان بەخت کرد و پێویستە ئەوە بەرز بنرخێنرێت و، ئێمە رێزی دەگرین و قوربانیدانەکەیان بەرز دەنرخێنین.  پەیامی من ئەوەیە کاری مرۆیی لەسەر بنەمای هاوسۆزی، بێلایەنی، سەربەخۆیی، بەزەیی و پشتیوانییەوە بەندە. بۆیە دەبێت ئەو گیانە بپارێزین، کاری مرۆیی بە دوای ململانێدا دێت لە کاتێکدا کە ململانێکە خەریکە دەگاتە کۆتایی. مرۆڤ ناتوانێت دڵنیابێت لەوەی ئیدی کارەساتی سرووشتی یان شتی دیکە روونادەن، بۆیە پێویستی بە هاوکاری مرۆیی دەبێت. بۆیە ئێمە لەم رۆژی جیهانییەی کاری مرۆییدا هەمووان بانگ دەکەین رێز لەو کەسانە بگرن، کە کاری مرۆیی دەکەن و بیانپارێزن. رێیان بدەن بە باشترین شێوە کارەکانیان بکەن، چونکە بە لای منەوە، ئەوانە فریشتەی بێدەنگن کە ژیانی خەڵک دەپارێزن و لە کاتی پێویستیدا خەڵک دەپارێزن. 
 
رووداو: بەڕێز غوڵام ئیسحاق، جێگری نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسی کاروباری مرۆیی و نیشتەجێبوون لە عێراق زۆر سوپاس.
 
 غوڵام ئیسحاق: زۆر سوپاس. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.