رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی دەڵێت، عێراق بۆ دابینکردنی بەشێکی مووچە قەرز لە بانکەکان دەکات و لە عێراقیش هەندێکجار مووچە دوادەکەوێت.
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو دەڵێت، لیستی مووچە بەپێی داواکاریی بەغدا دەنێردرێت، ناردنی مووچەش پابەندییە لەسەر بەغدا و گرێدراو نییە بە رادەستکردنی داهاتی نێوخۆ لە لایەن هەولێرەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێت، دابەزینی نرخی نەوت کاریگەریی لەسەر داهاتی عێراق دەبێت و کێشەی سیولە دروست دەکات.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق:
رووداو: دەنگوباسی مووچە ھیچ ھەیە؟
نەرمین مەعرووف: تاوەکو ئێستا ھیچ ھەواڵێکی ناخۆش نییە. وەک دەڵێن، مادام ھەواڵی ناخۆش نییە، واتە باشە.
رووداو: لە سەرەتای ساڵدا گوترا خشتەیەک [بۆ مووچە] ئامادە دەکەین. ئەم خشتەیە جارانی 12 دەکەین و بۆ ھەموو مانگەکانی دیکەیە، بەڵام لە مانگەکانی دوو و سێدا ئەوە کێشەی تێکەوت، با بڵێین ئەو لیستەیەی ھەرێمی کوردستان ناردی بۆ مووچەخۆران، چی شتێکی تازە ھەیە کە وەزارەتی دارایی داوای کردبێت لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان؟
نەرمین مەعرووف: خۆی دەبێت دوو شت رەچاو بکەین. یەکێکیان ئەوەیە کە با بڵێین لیستی مووچە بە سیستمی پەیڕۆڵ دەنێردرێت، واتە ئەمە داواکاری بەغدا بوو. ئەوە بۆ ئێمەش وەک حکومەتی کوردستان کارئاسانییەکی زیاترە و بۆ ھەردوولا کاتێکی زۆر دەگەڕێنێتەوە بۆ وردبینی. دووەم، سێ تەمەنی جیا لە ھەرێمی کوردستان بەسەر یەکەوە خانەنشین کران، ئەمە گۆڕانکاری دەبێت لە لیستی مووچەدا دەرکەوێت، لەبەر ئەوەی ھەرچەندە بەشی زۆری ئەو خانەنشینانە ھێشتا مامەڵەیان تەواو نەکراوە، بەڵام لە چەند مانگی داھاتوودا ئەوانە لە مووچەخۆری مەدەنییەوە دەچنە سەر خانەنشینی، لەبەر ئەمە گۆڕانکاری لە لیستی ھەردوولا دەکات.
رووداو: مەبەستت چییە کە دەڵێی دەردەکەوێت؟ بڕی بودجە بۆ مووچە زیاتر دەبێت یان کەمتر دەبێت؟
نەرمین مەعرووف: بەپێی دۆخی خانەنشینەکان، چونکە بەپێی راژە و بڕوانامەکانیان و یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، دۆخی خانەنشینان جیاوازە لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی دیکە. ھەندێکیان لەوانەیە بۆ نموونە پاداشتی خزمەتی 12 مانگەکەیان بۆ خەرج بکرێت، ھەندێکی دیکە رەنگە بۆیان خەرج نەکرێت. لەبەر ئەم گۆڕانکارییانە، بە دڵنیاییەوە لەسەر خشتەکانی یان لیستی مووچەی ھەردوو خانەنشینان و فەرمانبەران گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
رووداو: گوێم لە قسەیەک بوو گوتیان حکومەتی عێراق، لەبەر خاتری مانگی رەمەزان و لەبەر خاتری جەژنی رەمەزان کێشەی دروست نەکردووە بۆ مووچەی مانگی سێ، بۆیە پارەی ناردووە، بەڵام رەنگە لە مانگی چواردا کێشەیەک دروست بکات، کێشەکەش بریتییە لەوەی دەبێت داھاتەکان، داھاتی نانەوتی رادەست بکرێت. مەبەستم لە داھاتی نێوخۆییە. ئێستا ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسا دەبێت چەندێک پارە بنێرێت بۆ حکومەتی عێراق حکومەتی عێراق بە چەندێک رازییە؟
نەرمین مەعرووف: خۆی لە راستیدا دەبێت رەچاوی بابەتێک بکەین، ئەویش ئەوەیە بابەتی رادەستکردنی داھاتی نانەوتی بەشێکە یان مەرجێکی سەر ھەرێمی کوردستانە کە لە یاسای بودجەدا ھاتووە و لە بڕیاری دادگەی فیدراڵیشدا جەختی لێکراوەتەوە. حکومەتی کوردستانیش ئامادەیی خۆی دەربڕیوە.
رووداو: ئاخر رادەستکردنی داهاتی نێوخۆ پەیوەست کراوە بە ناردنی مووچەوە؟
نەرمین مەعرووف: نەخێر، بە ھیچ شێوەیەک، کەواتە لە بنەڕەتدا سکاڵاکردن لەسەر بابەتی مووچە لە دادگەی فیدراڵی، دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ بابەتی مووچە بۆ ئەوەیە بە دوور بکرێت لە ھەموو شتێک. بابەتی داهاتی نێوخۆش پابەندییە. ھەندێکجار بەغدا رەنگە ئەمە بکاتە بیانوویەک بۆ ئەوەی ھەندێک دواکەوتن لە بابەتی مووچەدا دروست بێت، بەڵام دواجار مووچە شایستەی فەرمانبەرانە. بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی نابێت نەدرێت، بەڵام بابەتی داھاتە نانەوتییەکان، ئەمە ئەرکی ھەرێمی کوردستانە، ھەروەک چۆن پارێزگاکان بەشدارن لە بودجەی فیدراڵیدا، ھەرێمی کوردستانیش دەبێت بەشدار بێت. کێشەکەمان لە بڕەکەیدایە؛ بەپێی لێکدانەوەمان بۆ مادەی 29 یاسای ئیدارەی دارایی، ھەرێمی کوردستان ئەو لێکدانەوەی کە ھەیەتی بۆ ئەو داھاتانە جیاوازە لە لێکدانەوەکەی حکومەتی فیدراڵی. ئەوان [حکومەتی فیدراڵی] دەڵێن 50٪ـی هەموو داهاتە نانەوتییەکان، ھەرێمیش دەڵێت نەخێر 50٪ـی تەنیا داھاتی دەروازە سنوورییەکان و داھاتە فیدراڵییەکانی وەک با بڵێین باج. بەڵام ئەم بابەتە با بڵێین شتێکی نوێ نییە لەبەر ئەوەی ھەموو مانگەکان سەرهەڵدەدات، بەڵام گرنگ ئەوەیە بەدەر بێت لە بابەتی مووچە. ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە مووچە وابەستەی ئەم بابەتانە نەکرێت.
رووداو: واتە لە رووی یاساییەوە، لە رووی داراییەوە و لە رووی کارگێڕییەوە بابەتی مووچە پەیوەندی بە ھیچ شتێکی دیکەوە نییە بە داھاتی نانەوتیشەوە.
نەرمین مەعرووف: نەخێر [نیەتی].
رووداو: حکومەتی عێراق داوای چەند دەکات دیارە؟
نەرمین مەعرووف: بڕەکەی جێگیر نییە، لەبەر ئەوەی داھاتی نانەوتی دەگۆڕێت لە مانگێک بۆ مانگێکی دیکە. گرنگ رێژەکەیە کە 50٪ـیە. دەکرێت مانگێک داھاتەکە زۆر بێت ئەو بڕە پارەیەی کە 50٪ـیە بگاتە 70 ملیار، رەنگە 80 ملیار، رەنگە 50 ملیار، رەنگە 48 ملیار [دینار]. واتە ئەمە جێگیر نییە. بۆچی؟ چونکە بڕی داھات گۆڕانکاری بەسەردادێت.
رووداو: دوو بۆ سێ ملیار [دینار] کاری بەخێرە، بەڵام ئەم مانگە 50 ملیار، مانگی داھاتوو 150 بێت، نابێت ئەو گۆڕانکارییە زۆرە.
نەرمین مەعرووف: ئاخر جیاوازی هەیە، بۆ نموونە، ئەمە شتێک نییە با بڵێین، جەنابت پسپۆڕی بواری ئابووریت و دەزانیت، بۆ نموونە باج. خۆ لە مانگی یەکدا باج کۆ ناکرێتەوە. لە ھەموو دنیادا ھەر وایە. ھەموو وڵاتانی دنیا لە سەرەتای ساڵدا دووچاری قەیرانێک یان کورتهێنانێک دەبن لە بودجە لەبەر ئەوەی داھاتی حکومەت کە پەیوەندی ھەیە بە باج و با بڵێین خەراجەوە و با بڵێین بەشێکی گشتی، ئەمانە لە سەرەتای ساڵدا کۆناکرێنەوە، ئەمەش وا دەکات داھاتی حکومەت لەو چەند مانگەی سەرەتای ساڵدا کەم بێت، بۆیە ئەوەی ھەرێمی کوردستانیش بە ھەمان شێوەیە.
رووداو: لە عێراق دەست دەکرێت بە دابەشکردنی مووچە. پێم وایە لە حەوت رۆژدا تەواو دەبێت. ئێمە لە دوای ئەوانەوە مووچەمان بۆ دێت. مادام ھەواڵی ناخۆش نییە کەواتە ھەواڵە خۆشەکە هەر ماوە، وانییە؟
نەرمین مەعرووف: بەڵێ بەدڵنیاییەوە. دەبێت ھەمیشە گەشبین بین، بەڵام یەک شت ھەیە، بەھۆی ئەو دۆخەی لە جیھاندا روویداوە؛ مەبەستم دابەزینی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیھان، کە ئەمە وەکو خۆت دەزانیت بودجەی عێراق بە رێژەی زیاتر لە 90٪ پشت دەبەستێت بە داھاتی نەوت، بۆیە ئەمە تاوەکو رادەیەک کاریگەری دەبێت لەسەر داھاتی حکومەتی فیدراڵ؛ ئەمە خاڵی یەکەم. دووەمیش، باش دەزانیت لە چەند مانگی رابردوودا بەھۆی سنووردارکردنی تواناکانی عێراق بۆ سوودمەندبوون لە داھاتی نەوت، کاتێک کە داھاتی نەوت بە دۆلار دەفرۆشرێت و کردنەوەی ئەم دۆلارە بە دینار، کەمێک قەیرانی سیولەمان بۆ دروست دەبێت.
رووداو: پاسێکی زۆرباشت دامێ. هەر بەجیدی، عێراق کێشەی کەمی نەختینەی ھەیە؟ حەز دەکەم لە زاری کەسێکەوە ئەو پرسیارە بزانم کە لە سەرەتادا گوتم شارەزاییەکی زۆرت لەناو بودجە و پارە ھەیە. کەسێکی ئەکادیمی، لە رووی سیاسی و یاساییەوە دەستت لەناو ئەکادیمیایە، دەستێکیشت لەناو یاسا و سیاسەتە. ھەر بەجیدی ئێمە کێشەی کەمی نەختینەمان ھەیە؟ من پێشتر گوتوومە کێشەی کەمی نەختینەی ھەیە، بەڵام توانای چارەسەرکردنی ھەیە.
نەرمین مەعرووف: ئەمە زۆر ئاساییە. بەڵێ ئێمە با بڵێین کێشەی داراییمان نییە، بەڵکو ھەندێک کێشەی سیولەمان ھەیە. ئەمە دوو شتی جیاوازە.
رووداو: دەتوانی بە یەک خولەک ئەمە روونتر بکەیتەوە؟ واتە چی کێشەی داراییمان نییە، بەڵام کێشەی سیولەمان ھەیە؟
نەرمین مەعرووف: مەبەستم تاوەکو ئێستا، تاوەکو ئێستاش هەناردە دەکرێت. ھێشتا گرێبەستەکانی ئایندەی عێراق [بۆ فرۆشتنی نەوت] بەردەوامن، چونکە راستە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دابەزیوە، بەڵام ئەوە بۆ گرێبەستەکانی مانگەکانی داھاتوو، واتە ھێشتا ھەر بە نرخی کۆن کار دەکەن. نەوتەکەمان دەفرۆشت، واتە ھێشتا مایە بە دۆلارێکی باشین، بەڵام ئەم دۆلارە چۆن بکەینەوە بە دینار؟ لێرەدا کێشەکە دروست دەبێت، ئەویش ئەوەیە کە وەک خۆت دەزانیت بانکی فیدراڵی ئەمریکا، با بڵێین بە مەرجێک رێگە دەدا عێراق ئەو دۆلارەی دەستی کەوتووە بیکاتەوە دینار بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە کە نەڕواتە دەرەوەی عێراق. بێگومان بانکی ناوەندی [عێراقیش] لە ئێستاوە ئەو میکانیزمەی چەند ساتێک رابردووش پەیڕەوی کردووە چۆن دیناری دەست دەکەوێت، جێبەجێی دەکات و دێت لە رێگەی مەزادی دۆلارەوە یان ئەو سەکۆیەی کەوا دۆلار دەفرۆشێت بە بازرگانان، مامەڵەکاران بە ھاوردەکاران لە بەرامبەردا دیناریان لێ وەردەگرێت. ئەم بڕە دینارەی کە کۆی دەکاتەوە بۆ ئەو میکانیزمە نوێیە و بۆ مەرجەکانی فیدراڵی ئەمریکی وای کردووە دۆلار کەمتر بێت لە پێداویستی مانگانەی.
رووداو: ئەی بە چی پڕی دەکاتەوە ئەو کورتهێنانە؟ دەڵێن قەرز دەکات لە ھەندێک بانک.
نەرمین مەعرووف: خۆی رێگە پێدراوە بەپێی یاسای بودجە. بەپێی یاسای بودجە، ھەر بە ئاشکرا لەناو دەقەکانی یاسای بودجەدا ھەیە کورتهێنان یان شتێکی نایاسایی نییە. بەڵام بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە حکومەت پەنا دەباتە بەر فرۆشتنی قەواڵە یان حەواڵات و سەنەداتی گەنجینە. بەشێکی بە بانکی ناوەندی دەفرۆشێت لە یەدەگەکان، واتە لەبری ئەوەی یەدەگەکان دۆلار و ئاڵتوون بێت، دەکرێت ئەو کاخەز و قەرزی حکومەتە بێت کە وەک جێگرەوەی دراوی یەدەگ ھەڵی دەگرێت، بەشێکی لە بانکەکانی خۆی وەردەگرێت وەک رافیدەین و رەشید و TBI [بانکی بازرگانیی عێراق].
رووداو: رێژەی سوودەکەی چەندە؟
نەرمین مەعرووف: ئێستا هەڵە نەبم دوایین جار نزیکەی پێنج تریلیۆن دینار حەواڵاتی گەنجینە فرۆشراوە، لەبەر ئەوەی کە خواست نەبوو لە گوژمەی یەکەمی کە فرۆشرا. بۆیە رێژەی سوودەکەیان بەرزکردەوە. ھەڵە نەبم گەیاندیانە 8 بۆ 10٪.
رووداو: مانگ هەبووە حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی خەرجی بەکارخستن و مووچەی بەتایبەت، قەرزی لە بانک کردبێت بە رێژەی سوودی 8٪؟
نەرمین مەعرووف: ئاساییە، بەڵام ئەو قەرزانە ئەو حەواڵاتانە بۆ یەک رۆژ و دوو رۆژ نییە، بۆ ساڵە یان زیاتر لە سێ ساڵە، لەبەرئەوە دەستبەجێ رێژەی سوودەکە نادرێت.
رووداو: تاوەکو چەند راستە ھەندێکجار لە عێراقیش مووچە دواکەوتووە. دەڵێن بەهۆی نەبوون و کەمی نەختینەوە بووە؟
نەرمین مەعرووف: بەڵێ چەندین جار، بەتایبەتی لەم مانگانەی دوایی دەگەیشتە رۆژی 30ـی مانگ یان 31ـی مانگ.
رووداو: بە گوێرەی بودجە بێت، عێراق ساڵانە 90 تریلیۆنی پێویستە بۆ مووچە. مانگانە 7.5 تریلیۆن دەکات. خێرە لە تریلیۆنێکی ھەرێمی کوردستان کێشە دروست دەبێت؟
د. نەرمین مەعرووف: ھەمووی مووچە نییە. وەک مووچە دەبێت جیاوازی بکەین، واتە بەشێکی چاودێری کۆمەڵایەتییە، واتە ئەوەی نەختینەیە و خەڵک وەریدەگرێت.
رووداو: مووچە، خانەنشینی، چاودێری کۆمەڵایەتی، کۆی گشتی 7 تریلیۆن و 500 ملیارە. خێرە لەسەر ئەم تریلیۆنەی ھەرێمی کوردستانە عێراق دیناری نامێنێت و دەڵێت، وردەم پی نییە. بابەتەکە چییە؟ سیاسی نییە؟
نەرمین مەعرووف: بێگومان هەر شتێک بێ، با بڵێین لە دنیای بزنس، بەتایبەتی لەو پەیوەندییانەی ئێستا ھەیە لە عێراق، بەدەر نییە لە رەهەندە سیاسییەکە، بەڵام ھەر چوارشەممە سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ دووپاتی کردەوە کە گوتی ئێمە کێشەکانمان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لەو قۆناخەی تێپەڕیوە کە سیاسی بێت، زیاتر تەکنیکی و یاساییە.
رووداو: ئێوە ھیچ رێککەوتنێکتان ھەیە لەگەڵ لایەنی عێراقی، واتە ئەم مانگە، مانگی چوار مانگی پێنج با ئێمە دوای وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ نموونە دووەم وەزارەت، مووچەی ھەرێمی کوردستان بنێردرێت ئینجا مووچەی وەزارەتەکانی دیکەی عێراق بێت. بۆچی ھەموو مانگێک دەبێت ئەوان یەکەمجار وەریبگرن ئینجا ئێمە؟
نەرمین مەعرووف: بەڵێ قسەیەکی جوانە. لەبەر ئەوەی ئێمە ھیشتا بەداخەوە دەقی ئینفاقی فیعلی [خەرجی کرداری] لەناو یاسای بودجەی سێ ساڵەدا ماوەتەوە. ئەو بابەتی ئینفاقی فیعلییەی کە لە 2015ـەوە خراوەتە ناو یاسای بودجەوە، بووەتە کۆت و بەندێک لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان. حکومەتی فیدراڵ دەیەوێت خۆی بزانێت چەندێکی خەرج کردووە. ئینجا بەپێی ئینفاقی فیعلی پشکی ھەرێمی کوردستان دەنێرێت بە رێژە.
رووداو: ھیچ ھەواڵێکی خۆشت پێیە چارەسەرێکی خێرا بۆ 25 تاوەکو 27 ھەزار خێزان لە ھەرێمی کوردستان کە خانەنشین بوون؟ ھەیانە لە مانگی 11 [ـی پارەوە] مووچەی وەرنەگرتووە. واتە چوار مانگە. شتێک بکرێت لە بەغداوە بە قەرز ئەمە بدرێت تاوەکو مامەڵەکانیان چارەسەر دەکرێت.
نەرمین مەعرووف: لێت ناشارمەوە کە شاندەکانی شاندە تەکنیکییەکانی ھەرێمی کوردستان ھاتنە بەغدا، بیستمان کە رێککەوتوون لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئەوەی بڕێک پارە دیاری بکرێت بۆ ئەوەی بدرێت بە خانەنشینان تاوەکو ئەو کاتەی مووچەکانیان یەکلا دەبێتەوە، بەڵام بەداخەوە پێدەچێت ئەوە تەنیا رێککەوتنێکی سەرەتایی بووبێت و جێبەجێ نەکرابێت.
رووداو: چارەسەرەکەی چییە؟
نەرمین مەعرووف: چارەسەرەکەی تەنیا ئەوەیە پەلە بکرێت لە تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینان، لەبەر ئەوەی حکومەتی فیدراڵ دەڵێت ئێمە تەواوی بکەین، ئەو کاتە مووچەکان دەنێردرێت.
رووداو: ھەرێمی کوردستان دەڵێت ئەوەندە ستافم نییە. جاران مانگانە 100 کەس 200 کەس خانەنشین دەبوون، بەڵام بەقەدەر ئەوە ستافم ھەبوو. ئێستا بیست و شەش ھەزار کەس.
نەرمین مەعرووف: ھەنگاوێکی باشە رێگە دراوە بە خانەنشینی پارێزگاکان مامەڵەکان بکەن، چونکە پێشتر لە سەرەتای بڕیارەکە دەبوو ھەمووی بچووبان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی گشتیی ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا شۆڕبوونەوەی ئەو دەسەڵاتە کارئاسانییەکی زیاتر دەکات. بەداخەوە ئەمە لەبەر ئەوەی کە بەڕاستی ژمارەکەش زۆر دەبێت، لەبەر ئەوەی کە لە عێراقیشدا کاتی خۆی کاتێک کە لە 2019 یاساکەیان هەموار کردەوە و تەمەنی خانەنشینییان کەمکردەوە بۆ شەشت ساڵ، ئەم دۆخە ھاتووەتە ئاراوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە بتوانرێت لە داھاتوو یان کاتێک شاندە تەکنیکییەکانی ھەرێمی کوردستان چوونەوە بەغدا بتوانن بڕێک پارە وەربگرن وەک پێشینەیەک تاوەکو بدرێت بەو خانەنشینانە تاوەکو ئەو کاتەی کەوا مووچەکانیان بۆ ئەبەسترێت.
رووداو: من لە رەمەزان پێشنیازێکم کرد وتم لە پەنجا دەوڵەمەند لە ھەرێمی کوردستان دوو ملیاریان لێ وەربگرن بە قەرز، دەکاتە 100 ملیار، بەڵام دڵی 26 ھەزار خێزان خۆش دەکەین. دوایی بیدەینەوە، میکانیزمێک ھەیە قەرزێک لە حکومەتی عێراق بکەین لە شوێنێکەوە؟
نەرمین مەعرووف: من نامەوێت لەبری حکومەتی ھەرێم ئەوە بکرێت. با باسی بکەم، چونکە دەکرێت بە راستی ئەمە پەیوەندی بە نێوان ھەردوو حکومەتەوەیە واتە ئەمە یاسا نییە تاوەکو ئێمە کاری لەسەر بکەین وەکو پەرلەمان، بەڵام دەکرێ حکومەتی ھەرێم لەگەڵ نێردراوەکانی لە حکومەتی فیدڕاڵدا لەگەڵ بانکە فیدراڵییەکاندا رێککەوتنێک بکەن بۆ ئەوەی قەرزێک وەربگیرێت تاوەکو ئەو کاتە بە زەمانەتی حکومەتی عێراق یان بە زەمانەتی وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی بتوانرێت وەکو پێشینەیەک پێیان بدەن تاوەکو ئەو کاتەی کە مووچەکانیان دەکرێت.
رووداو: دوو بۆ سێ خولەکی دیکە وەردەگرم بۆ دوو بابەتی زۆر زۆر گرنگ؛ خشتەی بودجەی ساڵی 2025 لە پەرلەمانە یان لای حکومەتە ھێشتا؟
نەرمین مەعرووف: ئەو خشتەیە ھێشتا ناتەواوە بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار نووسراوە، بەڵام ئەمڕۆ بەرمیلێک نەوت بە 64 دۆلارە. ئێمە نەوتەکەمان بە نزیکەی پێنج دۆلار کەمتر دەفرۆشرێت؛ واتە 59 دۆلار، ئەوەش کورتهێنانێکی زۆر بۆ بودجە دروست دەکات. بەتەمای چین؟ یانی ئێمە چاوەڕێ بکەین بزانین حکومەت خۆی کەی پڕۆژەکە دەنێرێت. ئەو پرۆژەیەش کە دەینێرێت ئایا ھەمواری لەگەڵە یان لەگەڵی نییە، چونکە پڕۆژەیاسای بودجە ئیشی پەرلەمان نییە ئامادەی بکات. پەرلەمان بەس گفتوگۆی دەکات و پەسندی دەکات بە پێی دەستوور. بەڕێزت دەزانی یاسا بە دوو شێواز ئامادە دەکرێت؛ یان ئەوەتا پێشنیاز دەکرێت پەرلەمان بیکات. یانیش پڕۆژەیە. پڕۆژە ئیشی حکومەتە، بەڵام بە تایبەت پڕۆژەیاسای بودجە، تەنیا حکومەت دەسەڵاتی ئەوەی ھەیە ئەو پڕۆژەیە ئامادە بکات یان ئەگەر حکومەت پڕۆژەکە نەنێرێت، ئێمە بۆمان نییە وەکو پەرلەمان پڕۆژە پێشکێش بکەین، لەبەر ئەوە چاوەڕێی حکومەت دەکەین خۆی کەی پڕۆژەکە دەنێرێت. کاتێک ناردیشی، ئایا داوای ھەموار دەکات لەگەڵی؟ چونکە ئەگەر نەینێرێت، خۆی دواجار تووشی کێشە دەبێت، لەبەر ئەوەی کە خەمڵاندنێکی بە زیاترەوە کردووە بۆ داهاتەکانی کە ئەمە واقیعی نییە.
رووداو: ئەوە 90 تریلیۆن بۆ مووچە، 45 تریلیۆن بۆ خەرجی بەکارخستن، 54 تریلیۆن بۆ خەرجی و بودجەی ساڵی رابردووە، واتە بە تێکڕا ئێمە 135 تریلیۆن دینارمان پێویستە کە کەلەپچەیە و ناتوانین دەستکاری بکەین، مووچە ناتوانین دەستکاری بکەین. خەرجی بەکارخستنیش با بڵێین پێنج تریلیۆنێکمان کەمکردەوە.
نەرمین مەعرووف: ئەوەی کە دەبێتە قوربانی ھەمیشە بودجەی وەبەرھێنانە. بەتایبەتی ئەوەی ساڵی پاریش کە خەرج نەکراوە لەو 156 تریلیۆن دینارەش بەشێکی کەمی بۆ بۆ بەرھێنان بووە.
رووداو: باشە دکتۆرە ئەگەر وا بڕوا نرخی نەوت ئاوا بەردەوام بێت لە دابەزین، ئێمە ساڵی 2025 و نیوەی 2026 بەبێ پڕۆژە دەمێنینەوە. دروستە؟
نەرمین مەعرووف: چاوەڕوان دەکرێت، رەنگە بۆ ساڵی 2026ـیش بودجە نەبێت، لەبەر ئەوەی کە بە پێی وادەی دیاریکراو بۆ هەڵبژاردن کە لە مانگی 11ـدا بەڕێوە دەچێت، خۆمان باش دەزانین لە دوای هەڵبژاردنیش دەستبەجێ حکومەت پێکناهێندرێت. پڕۆژە کۆنە بەردەوامەکان بەردەوام دەبن، لەبەر ئەوەی کە ھەندێکیان بە ئەمانەتە یان ئەوەی ئەوەی کە بۆی تەرخان کراوە لەناو بودجەدا وەریان گرتووە و تەمویل کراون، بەڵام بە ئەمانەت ھەڵگیراوە. لەبەر ئەوە لێی سەرف دەکات، بەڵام پڕۆژەی نوێ بە ھیچ شێوەیەک نابێت.
رووداو: سەرقاڵی پڕۆژەیاسایەکی زۆر گرنگن. ئێستا وابزانم دەستت لەناو ھەویرەکەیە. لەم بابەتە حەز دەکەم ئەگەر کورتەیەکم بدەیتێ لەسەر ئەوەی کە پڕۆژەی یاسای داھاتە فیدراڵییەکان و چاودێریکردنی داھاتە فیدراڵییەکان. ئەوە چییە؟ ھەرێمی کوردستان لێی قازانج دەکات یا ئەوەش زەبرێکی دیکەیە بۆ ھەرێمی کوردستان؟
نەرمین مەعرووف: نەخێر ئەمە یاسایەکە کە بەپێی دەستوور دەرکراوە لە ساڵی 2017 بۆ چاودێریکردنی داھاتە فیدراڵییەکان لە خەمڵاندنی داھاتەکان و لە چۆنیەتی دابەشکردنی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لە نێوان ھەرێم و پارێزگاکانی عێراق، واتا ئەوەی کە پەیوەندیدارە بە داھاتی فیدراڵی جا چ نەوت بێت یاخود داھاتی نانەوتی بێت. ئەم دەستەیە لە کاتی دامەزراندنیەوە بەڕاستی بەداخەوە کارا نەبووە. پەیکەربەندییەکەی پێویستە پەیوەست بێت بە پەرلەمانەوە، لەبەر ئەوەی پەرلەمان دامەزراوەیەکی چاودێرە، بەڵام ئێستا پەیوەستە بە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، بەتایبەتی وەزارەتی پلاندانان، ئەمەش وای کردووە کاری چاودێریکردنی بۆ ئەو پرۆسەیە وەکو پێویست نەبێت.
رووداو: هەرێمی کوردستان بەشێک دەبێت لەم بابەتە؟
نەرمین مەعرووف: ئێمە داوامان کردووە یان ئێستا وەکو لیژنەی دارایی کار لەسەرەوە دەکەین کە ئەم یاسایە ھەموار بکرێتەوە. یەکێک لە بڕگەکان کە زۆر بەلامانەوە مەبەستە ئەوەیە کە ئەم دەستەیە رۆڵی ھەبێت لە خەمڵاندنی داھات و خەرجییەکاندا ئێمە یەکێک لەو کێشانەی کە لە عێراقدا رووبەڕوومان دەبێتەوە وەکو جەنابت دەزانی، ھەمیشە، بە زیاتر لە ئاستی خۆی خەمڵاندن دەکەین بۆ داھاتەکان؛ دەڵێین ئێمە سەد و ئەوەندە تریلیۆن داھاتی نەوتمان ھەیە ئەوەندە تریلیۆن داھاتی نانەوتیمان ھەیە. کاتێکیش دەێتە سەر واقیعی جێبەجێکردن، دەبینین لە 50٪ بۆ 60٪ـی ئەمانە بەدی دێت. ئەوەی دیکەی بەدینەھاتووە.
رووداو: نە داھاتەکە وەکو خۆی دێت ئەوەندەش خەرج دەکەین.
نەرمین مەعرووف: بەڵێ. ئەمە وا دەکات یانی ژمارەکان گەورە بێت واقیعی نەبێت. بۆیە ئێمە دەمانەوێت ئەم دەستەیە کاراتر بێت. بەشداری بکات لەگەڵ ھەر یەکێک لە دامەزراوەکانی حکومەت و وەزارەتەکاندا کاتێک کە خەمڵاندن دەکەن بۆ بودجەی وەزارەت و دامودەزگاکان.
رووداو: کەی تەواو دەبێت ئەم بابەتە؟
نەرمین مەعرووف: لە ھەفتەی داھاتوودا ئێمە وێرکشۆپێکی فراوانمان ھەیە لەگەڵ ھەموو دامودەزگاکان و حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدار دەبێت. من پێشنیازم کرد کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی باج و ھەروەھا گومرگی هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدار بن، چونکە ئەوەی زیاتر کێشەی تێدا دروست دەبێت داهاتە نانەوتییەکانە.
رووداو: جەنابی دکتۆرە نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، زۆر سوپاستان دەکەین بۆ ئەو قسە و زانیارییە بەنرخانەی پێتان بەخشین. هەر بژین، سوپاس.
د. نەرمین مەعرووف: سوپاس بۆ ئێوەش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ