بەڕێوەبەری نووسینگەی UNDP لە عێراق: 50 هەزار خێزان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا لە نزیک زۆنگاوەکانەوە کۆچیان کردووە

رووداو دیجیتاڵ 

ئاوکی لوتسما، بەڕێوەبەری نووسینگەی (UNDP) لە عێراق، بە رووداوی گوت مەترسی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق هەیە و 50 هەزار خێزان، ناوچەکانی نزیک زۆنگاوەکانیان بەجێهێشتووەو  چوونەتە شارەکان، دەشڵێت لە هەفتەی داهاتوودا کۆنفرانسێکی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت و بڕیارە شاندێکی باڵای عێراق بەشداری تێدا بکات، ئەوەش دەرفەتێکی گونجاو دەبێت بۆ عێراق تاوەکو کێشەکانی لەبارەی ئاو لەگەڵ ئێران و تورکیا چارەسەربکات.
 
ئاوکی لوتسما، بەڕێوەبەری نووسینگەی (UNDP) لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ هەوراز گوڵپی، کە رۆژی 18-3-2023 پەخشکرا، باسی لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق کرد، بە گوتەی ئاوکی لوتسما، مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراق دەرکەوتوون، خۆڵبارین و وشکبوونی زۆنگاوەکان دوو لێکەوتەی گۆڕانی کەشوهەوان لە عێراق، دەشڵێت: تاکە چارەسەر بۆ کۆتایهێنان بە خۆڵبارین، چاندنی درەختە. 
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی (UNDP) لە عێراق دەڵێت 80٪ـی ئاوی عێراق بۆ کشتوکاڵ بەکاردێت، ئەوەش مەترسی دروستدەکات و وادەکات لە داهاتوودا کێشەی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیان دروستبێت، بۆیە پێویستە عێراق گۆڕانکاری لە شێوازی ئاودێری بکات و لە سیستمی جۆگەوە بیگۆڕێت بۆ سیستمی دڵۆپاندن، دەشڵێت: مەترسی وشکبوونی دیجلە و فورات نییە، بەڵام دەبێت رێژەی بەفیڕۆچوونی ئاوی دیجلە و فورات کەمبکرێتەوە و عێراق پەنا بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو ببات.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئاوکی لوتسما، بەڕێوەبەری نووسینگەی (UNDP) لە عێراق.
 
رووداو: وا پۆلێنکراوە عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی جیهان، کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانکاری کەشوهەوای لەسەر دەردەکەوێت، ئەو پۆلێنکردنە لەسەر چ بنەما و پێوەرێکە؟
 
ئاوکی لوتسما: سەرەتا زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵتانم و باسی ئەم بابەتە زۆر گرنگە بکەم، کە گۆڕانی کەشوهەوایە. پێموایە عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی جیهان، زۆرترین زیان تووشی ئاو و هەواکەی دەبێت. پێم وایە هەموومان کە لێرەین لە عێراق، ئەمانەمان ئەزموون کردوون؛ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، کەمبوونەوەی ئاو و بەبیانبانبوون، بەڵام بۆ نموونە ئەو خەڵکانەشی لە زۆنگاوەکاندا کەمبوونەوەی ئاو کاری تێ کردوون، ناچار بوون بۆ شارەکان کۆچ بکەن. ئەمانە هەموویان شوێنەوار و ئەنجامەکانی کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوان لە عێراق. بۆیە ئەمڕۆ لە بەسرەین. گفتوگۆ دەکەین لەسەر ئەوەی لە لایەنی سیاسەت و ستراتیجی و داراییەوە، دەکرێت چی بکرێت لە بارەی ئەو پێوانانەی، کە بەر لە هەر شتێک دەتوانن یارمەتیی عێراق بدەن خۆی لەگەڵ گۆڕانی ئاو و هەوادا بگونجێنێت و ئەنجامەکانیشی لەسەر خەڵک بەتایبەتی کەم بکاتەوە.  
 
رووداو: لەسەتا چەندی خاکی عێراق بووەتە بیابان بەهۆی گۆڕانکاری کەشوهەواوە؟
 
ئاوکی لوتسما: ئەوە پرسیارێکی باشە. قورسە وا بگوترێت، بەڵام تەواو گرنگە. بینیومانە کە لێواری ناوچەکە، بەتایبەتی لە ناوەڕاست و بەشی رۆژئاوای عێراق بەبیابانبوون بەرەو سەرتر و سەرتر دەڕوات و بە خراپی کاری تێ کردوون.   جا ئەوەی پێویستە بکرێت ئەوەیە؛ بە راستی دڵنیایی بدرێت، کە لەوە زیاتر نەچێتە سەرەوە و دەتوانین بیشیگەڕێنینەوە. بۆ نموونە هەرچی زووترە درەخت بچێنرێت، زۆر گرنگ دەبێت، چونکە ئەوە بە راستی یارمەتیی وەستانی نەک بەبیابانبوون، بەڵکو شەپۆلی خۆڵبارینیش دەدات، کە کاریگەریی لەسەر تەواوی عێراق داناوە. حکومەت باسی چاندنی نزیکەی پێنج ملیۆن درەختی کردووە و پێم وایە ئەوە دەستپێکێکی باشە و رەنگە بکرابووایە زیاتریش بکرێت، بەڵام ئەمە شتێکە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان و یووئێن ‌دی ‌پییەوە پشتیوانیی دەکەین، چونکە لەلایەکەوە یارمەتیی کەمبوونەوەی بەهەڵمبوونی ئاو دەدات، هەروەها یارمەتیی وەستانی بەبیابانبوونی وڵاتەکەیش دەدات. 
 
رووداو: ئێستا لەسەتا چەندی رووبەری خاکی عێراق بەکەڵکی کشتوکاڵ دێت؟
 
ئاوکی لوتسما: ئەوە کەمێک پشت بە شیوازی ئاودێری دەبەستێت. ئێمە دەزانین کە 80٪ـی بەکارهێنانی ئاو بۆ کشتوکاڵە. ئەمەیش ژمارەیەکی بەرچاوە. ئەگەر سەیر بکەیت، ئەگەر دابینکردنی ئاو رۆژبەڕۆژ کەم ببێتەوە، ئاشکرایە کشتوکاڵ گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر تێکڕای ئاوی بەردەست لە وڵاتەکەدا. دەشزانین کە لە باکوور (هەرێمی کوردستان) کشتوکاڵ بەتایبەتی زۆر پشت بە باراناو دەبەستێت. ئێستا بۆ ئەوەی پەسندی بکەین، پێم وایە پێویستە گۆڕانکاریی بنچینەیی لە تەکنەلۆجیای ئاودێریدا بکرێت. بۆیە دەبێت لە ئاودێریی جۆگەوە بۆ ئاودێریی دڵۆپاندن یان پرژاندن بچن، بۆ ئەوەی زۆر زیاتر سوود لە ئاوی بەردەستی وڵات وەربگرن، هەروەها بۆ ئەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی زیاد ببێت. ئەمە کێشەیەکی زۆر گرنگە، چونکە لەم ساتەدا هێشتا عێراق وەک رێگەیەکی دەستخستنی داهات، هەر پشت بە بەرهەمی نەوت دەبەستێت، بۆ هەناردەکردنیش هەر بەو جۆرە. بۆیە بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری، کشتوکاڵ رۆڵێکی زۆر گرنگ لە داهاتووی وڵاتەکەدا دەگێڕێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەردەستبوونی ئاو شتێکە کە بە پلەی یەکەم کاریگەریی لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی هەیە. ئەوە بۆیە ئێمە زۆر باسی باشترکردنی تەکنیکەکانی ئاودێری دەکەین، بۆ ئەوەی بە راستی بەرهەمەکە لە باکوور و ئەو ناوچانەی دیکەی وڵاتیش زیاد بکەین، کە توانای بەرهەمهێنانی کشتوکاڵییان تێدایە. 
 
رووداو: عێراق پشت بە لیدانی بیر دەبەستێت، راتان چییە لەسەر ئەو پلانەی عێراق؟
 
ئاوکی لوتسما: پێم وایە عێراق هەمیشە پشت بە ئاوی سەرزەوی دەبەستێت، بەڵام دەبێت ئەمە زۆر باشتر رێکبخرێت، بۆ ئەوەی حکومەت بە باشی کۆنترۆڵی بکات، کە لە رووی بەکارهێنانەوە بە سەر زەویدا دێت، بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە ستراتیجییەکی تەواوی فراوانتری بەڕێوەبردنی ئاو تاوەکو بتوانرێت سەرچاوە بەردەستەکان باشتر بکرێن. ئێمە، دەزانین کە ئاستی ئاوی ژێرزەوی رۆژبەڕۆژ دادەبەزێت. بۆیە دەبێت خەڵکی زیاتر و زیاتر هەڵبکەنن تا بتوانن ئاو دەست بخەن چ بۆ خواردنەوە چ بۆ کشتوکاڵ. بۆیە ئێمە وەک یووئێن ‌دی ‌پی هەست دەکەین لێرە ئەگەر سیاسەتی دروست جێبەجێ بکرێت، دەتوانرێت زۆر بەرەو پێش بچن. جا بە دڵنیاییەوە ئەوەش مانای کۆنترۆڵکردن و بەدەستهێنانی داهاتە بەشێوەیەکی بنچینەیی لە رێگەی سیستمی رێگەدانەوە. ئەوە بۆ بەڕێوەبردنی گشتیی ئاو لە وڵاتدا زۆر گرنگە. بەدڵنیاییەوە ئێستا دابینکردنی ئاوی گشتی هێشتا کەم دەبێتەوە.  
 
رووداو: چۆن خۆڵبارین کۆنترۆڵ دەکرێت؟
 
ئاوکی لوتسما: پێم وایە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەمڕۆ لە کوێداین، کەمبوونەوەی خۆڵبارین پرسێکی کورتمەودا نییە. بۆیە لەپێناو ئەوەی بتوانیت خۆڵبارین کۆنترۆڵ بکەیت، دەبێت ژمارەیەکی زۆر درەخت بڕووێنیت. جا ئەمەش بە شەو و رۆژێک روونادات. هەر بۆیە بە لایەنی کەمەوە بۆ ئەم هاوینە نیگەرانین کە خۆڵبارینی زۆر بە درێژایی ئەو هێڵانە هەبێت کە پار دیومانە. بۆیە پێم وایە مانای ئەوەیە ئەمە هەر ئەوەندەیە ئێوە بە دەستی دێنن. بە راستی کاری بەپەلەی دەوێت. جا ئەمە تەنیا بۆ کەمکردنەوەی خۆڵبارین و کاریگەرییەکانی نییە، بەڵکو بۆ پرسی ئاو و گواستنەوەی وزەیشە، کە عێراق دەبێت پێیاندا بڕوات. مەبەستم لە گواستنەوەی وزە لەوەیە زۆر زیاتر بەرەو وزەی نوێبووەوە بچێت بۆ پلێتی وزەی خۆر و گەرمکردنی ئاو لەسەر بان. بۆیە کاتێک سەیری گۆڕانی ئاو و هەوا دەکەین، تەنیا پرس ئەوە نییە کە سەیری خۆڵبارین بکەیت، بەڵکو سەیرکردنیەتی بەشێوەیەکی گشتگیر. 
 
رووداو: مەزەندە دەکەن بەهۆی گۆڕانکارییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە، چەند هەزار خێزان کۆچبکەن؟
 
ئاوکی لوتسما: ئێمە، ئاوارەبوونمان بینیوە، بەتایبەتی لە باشوور و لە ناوچەکانی بەسرە، کە خەڵک لە زۆنگاوەکانەوە بۆ شارەکان چوون. ئەمانەش ژمارەی زۆرن. تاوەکو بە خێرایی شتێک بۆ باشترکردنی ئەم دۆخە نەکەین لە زۆنگاوەکان، ئەم ئاوارەبوونە بەردەوام دەبینرێت. ئێمە 50 هەزار خێزانمان تۆمار کردووە، کە چوونەتە شوێنی دیکەی دەرەوەی زۆنگاوەکان بۆ شارەکانی دەوروبەری بەسرە. بۆیە ئەوە ژمارەیەکی زۆر گەورەیە. هەروەها ئاماژەی ئەوەیە کە کرداری خێرا پێویستە. بۆیە بووژاندنەوەی زۆنگاوەکان کاری لەپێشینەیە. هەروەها لە حکومەتی عێراقیشەوە تێگەیشتووم کە ئەوە کاری لەپێشینەیە لەناو حکومەتیشدا. ئێمە دەخوازین لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتدا لەلایەنی پرۆگرامەکان و داراییەوە کار بکەین، بەتایبەتی بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی ئێستا لەو ناوچانە کاریگەرییان لەسەرە، بەتایبەت زۆنگاوەکان.  
 
رووداو: مەترسی دروستکردنی بەنداو لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە لەسەر سەرچاوەکانی ئاو، چەندە لەسەر عێراق؟
 
ئاوکی لوتسما: خۆی عێراق وڵاتی دوو رووبارە. جا هەریەکە لە دیجلە و فورات لە تورکیاوە دێن و ئەوە تەواو راستە، کە لە وڵاتە دراوسێکانەوە ئاوی کەم دەڕژێتە ئەو دوو رووبارەوە، کە بە دڵنیاییەوە کاریگەریی لەسەر تێکڕای ئاوی عێراق دەبێت، کاتێک بارانبارین بە رێژەیی لە وڵاتدا کەم بێت. بۆیە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە. ئەوەی لای خۆمانەوە جەختی لێ دەکەینەوە ئەوەیە؛ دیپلۆماسیەتی ئاو بوارێکی زۆر گرنگە کە عێراق پێویستە لە رێگەیەوە مامەڵە لەگەڵ وڵاتە دراوسێکاندا بکات، بۆ گفتوگۆ لەسەر پشکی ئاوی بەردەست وەک بەشێک لە بەستنی رووبارەکان. راستییەکەی، بەم نزیکانە لە 22 بۆ 24ـی ئادار لە نیویۆرک کۆنفرانسێکی گرنگی ئاومان هەیە و من ئاگادارم عێراق شاندێکی باڵا بۆ نیویۆرک دەنێرێت، کە سەرۆک سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات. پێم وایە ئەم کۆنفرانسی ئاوە سەکۆیەکی باش بۆ عێراق دابین دەکات، تاوەکو کەیسەکەی دروست بکات و قسە لەسەر کاریگەرییەکەی بکات لە لایەنی کەمبوونەوەی ئاوی هاتووەوە بۆ وڵات. 
لە هەمان کاتدا گرنگە جەخت لەسەر ئەوەش بکەنەوە، کە بەردەستە و پێویستە بە چالاکترین رێگە بەڕێوەببرێت. بۆیە هەر کارێک بتوانرێت لە ناوخۆدا بکرێت، بە یەکسانی ئەوە گرنگە، بۆ ئەوەی ئەو ئاوە بە فیڕۆنەچێت و ریسایکڵ بکرێت. ئەوە لەلایەنی بەکارهێنان و دابینکردنیشەوە کاریگەرە. ئەو کاتە ئاوەکە لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە بەرهەم دەهێنرێت نەک تەنیا ئاوی ژێرزەوی یان رووبار، بەڵکو لە رێگەی خوێگرتن و ریسایکڵینیشەوە بەرهەم دێت. 
 
رووداو: بە بڕوای تۆ، بەڕێوەبردنی ئاو لە عێراق بەڕێوەبردنێکی سەرکەوتووە؟
 
ئاوکی لوتسما: وەک ئەوەی ئاماژەم بۆ کرد، پێم وایە کە دێتە سەر بەڕێوەبردنی ئاو، دەتوانرێت زۆر شت باشتر بکرێت. لە زۆربەی شوێنەکان هێشتا ئاو بەرهەمێکی خۆڕاییە و وا دەزانم لەوانەیە پێویست بێت لە داهاتوودا ئەمە بگۆڕدرێت و وەک شوێنەکانی دیکە نرخی هەبێت. لەبەرئەوەی وەک ئەو کاڵا یان خزمەتگوزارییەیە لە بازاڕدا خەڵک دەیکڕن، چونکە خەڵک زۆر بەئاگاییەوە بەکاری دەهێنن. جا ئەوە لایەنێکە. بۆیە ئەوە لە پێویستیی بەکارهێنانی مرۆڤ زیاترە. کاتێک دێتە سەر کشتوکاڵ، ئەوا جێبەجێکردنی ئاودانی چالاکیش زۆر گرنگە، بەڵام پێشم خۆشە ئاماژە بەوە بدەم، بۆ نموونە، لە بواری پیشەسازی و بەرهەمهێنانی نەوتدا ئاو بەشێوەیەکی بەرچاو بەکاردەهێنرێت. بۆ نموونە، بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی دەرهێنراو، پێویستە بەرمیل و نیوێک ئاو بخرێتە جێی بۆ ئەوەی گوشار لەسەر زەوی بهێڵێتەوە تا بتوانرێت نەوتی زیاتر دەربهێنرێت. بۆیە نەوت یان ئاو لە هەموو کەرتەکاندا بەکاردەهێنرێن، جا بۆیە کە سەیری بەڕێوەبردنی ئاو دەکەیت، دەبێت ئەوەیش لەو سێ کەرتە جیاوازەدا بکرێت. دوایین خاڵ کە دەمەوێت بیڵێم کێشەی ریسایکڵکردن و پیسبوونە. دەزانین لە عێراق رووبارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو پیسکراون و ئەوە وای کردووە بۆ بەکارهێنان زۆر سەخت بێت. بۆیە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی پیسبوون و توانای مامەڵەکردن لەگەڵ زێراب و چارەسەرکردنی بە باشی تا بەکار بهێنرێتەوە، هۆکارێکی زۆر گرنگە لەوەی وا بکات ئاوی زیاتر بۆ کشتوکاڵ یان پیشەسازی بەردەست بێت. 
 
رووداو: بەبڕوای تۆ چۆن دەکرێت ئێران و تورکیا ناچاربکرێن کێشە بۆ پشکی ئاوی عێراق دروستنەکەن؟
 
ئاوکی لوتسما: بە لای منەوە، بەدڵنیاییەوە بابەتی دانوستاندنە لەنێوان سێ وڵاتدا. جا بۆیە ئێمەش پشتیوانیی حکومەتی عێراق دەکەین لە لایەنی دانوستاندنی ستراتیجی و توانای بونیاتنانی دانوستاندنکەر، بۆ ئەوەی بتوانێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بە راستی پشت بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و یاسای نێودەوڵەتی ببەستێت، تاوەکو بگاتە رێککەوتنێک لەسەر ئەوەی چۆن سەرچاوەکانی ئاو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان بەش بکرێن.    
بەدڵنیاییەوە ئەمە پرۆسەیەکی ئاسان نییە و ماوەیەکی زۆری دەوێت، بەڵام لە هەمان کاتدا پێم وایە بە یارمەتیی ئەمریکا و ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمە رێگە دروستەکەی کارەکەیە. ئەمە دەبێت بە شێوەیەکی دیپلۆماسییانە رێک بخرێت. بۆیە پێداگری و مامەڵەی بەردەوام لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا ئەوپەڕی گرنگە.  
  
رووداو: ترسێک هەیە لە عێراق تا ساڵی 2050 عێراق لە وڵاتی دوو رووبارەوە ببێتە وڵات سفر رووبار، ئێوەش ئەو ترسەتان هەیە؟
 
ئاوکی لوتسما: پێم وا نییە بەو شێوەیە بێت. مەبەستم ئەوەیە، نیگەرانییەکە ئەوەیە ژمارەی دانیشتووانی عێراق زۆر بەخێرایی گەشە دەکات، بۆیە کە باسی 2050 دەکەیت، پێشبینییەکە ئەوەیە ئەو کاتە 80 ملیۆن کەس بێت. جا ئەوەش زۆر گەورەیە، بۆیە زۆر گرنگە دڵنیایی بدرێت وڵاتی دوو رووبارەکە بە وڵاتی دوو رووبارەکە بمێنێتەوە و رووبارەکان تەوژم بدەن. پێم وایە ئەمە بە گشتی کارێکی ئەستەم نییە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئێستا بیرۆکە باشەکان و سیاسەتەکان و ستراتیجییەکان دەبێت جێبەجێ بکرێن و پارەیان بۆ خەرج بکرێت. لەبەر ئەمەیە ئەمڕۆ لە بەسرەین بۆ قسەکردن لەسەر ئەوەی چۆن حکومەت دەتوانیت لە ئاستی سیاسەتدا بچێتە پێشەوە، هەروەها چۆن دەکرێت لە لایەنی بەدەستهێنانی پارەی پێویست بەرەو پێشەوە بچێت تاوەکو تەوژمی رووبارەکە بۆ رژانە کەنداو خاو بکرێتەوە و چۆن وا بکرێت دیسان ئاو بەرەو حەوزی زەوی رۆبچێت و بە باشترین شێوە بەکاربهێنرێتەوە، پێم وایە ئەمە دەتوانرێت بکرێت، ئێستا تەنیا پێویستی بە کردارە.  ئێمە زۆر دڵخۆش دەبین ئەوە لەلایەن دیدگەی حکومەت و سەرۆکوەزیرانەوە ببینین کە دوێنێ بە درێژی باسی کرد. ئێستا لە عێراقدا مامەڵەکردن لەگەڵ ئاو کاری لەپێشینەیە، کە بە شێوەیەکی بنچینەیی هەوڵبدرێت نەک تەنیا تێکچوون رابگیردرێت، بەڵکو دابینکردنی ئاوی سەرانسەری باشتریش بکرێت. 
 
رووداو: مەترسی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بەبیابانبوون لەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان چەندە، بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق؟ زیانەکە کەمترە؟
 
ئاوکی لوتسما: ئەوە ئاشکرایە کە هەندێک ناوچەی عێراق زیاتر لەوانی دیکە کاریان تێکراوە. بۆیە پێم وایە دێتە سەر بەئامانجگرتنی پشتیوانی و جێبەجێکردنی پرۆژەکان، دەبێت ئەمەش لە بەرچاو بگیردرێت. هەروەها دەمانەوێت دڵنیابین کە کاریگەریی گۆڕانی ئاو و هەوا لە ناوچەیەکی دیاریکراودا هەستی پێ کرا، نابێتە مایەی کێبڕکێ یان ململانێ لەسەر سەرچاوەکان. بۆیە رێگەیەکی هەستیاری ململانێ، وەک ئەوەی پێی دەڵێین، بۆ هەنگاونان زۆر گرنگە. جا دەبیت ئەمە بەشێک بێت لە پلانێکی گەورەتر تا دڵنیایی بدرێت کە ناوچە زۆر کارەساتبارەکانیش سەرەتا هەر یارمەتی نەدرێن، بەڵکو بە رێگەیەکی زۆر بەرچاو لە لایەنی گرنگیپێدان و پارەخەرجکردنەوە یارمەتی بدرێن.  
  
رووداو: کارەکانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق چۆن هەڵدەسەنگێنن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا؟
 
ئووکی: پێم وایە ئەوەی زۆر هاندەرە ئێستا بیبینین ئەوەیە هەریەکە لە دەسەڵاتەکانی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بایەخی زۆر بەمە دەدەن. ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە هاوئاهەنگیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، هەروەها هاوئاهەنگیی نێوان وەزارەتە جیاوازەکان زیاتر باشتر بکرێت. بە مانایەکی دیکە، بۆ نموونە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی کشتوکاڵ تەواو هاوئاهەنگی بکەن و پێکەوە کاربکەن بۆ مامەڵەکردن لەسەر کێشەکانی ئاودێری. من، تەنیا وەک نموونە باسم کرد، ئەگینا دەبێت پلانێکی گشتگیریشت بۆ چوونە پێش هەبێت کە بابەتەکە مامەڵەکردنە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی کە دێتە سەر پارەتەرخانکردن دەبێت پلانێکی متمانەپێکراو و رێگەیەکی متمانەپێکراوی چاودێریکردن و پشتڕاستکردنەوە هەبێت. هەروەها دواجار دەبێت جۆرێک لە لێپرسینەوە لە دەسەڵاتداران هەبێت بۆ ئەوەی دڵنیا ببیتەوە هەرچییەک لە پلانەکەدایە، جێبەجێ دەکرێت. لە کۆنفرانسەکەدا باسی ئەوەم کرد کە دێتە سەر لێپرسینەوە، ئەوە زۆر گرنگە کە میکانیزمێکی روونمان هەبێت کە سەیری ئەوە بکات لە دانە بەدانەی پلانە گشتییەکەدا چی بکرێت، چۆن جێبەجێ بکرێت، چۆن پارەی بۆ تەرخان بکرێت، ئەنجامەکانی ئەو پرۆژانە چی دەبن کە جێبەجێ دەکرێن. لە لایەنی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئێمە هیوادارین لەگەڵ هەریەکە لە حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان کار لەسەر ئەمە بکەین، چونکە ئەمە تەنیا پرسی وەزارەتەکانی حکومەت نییە، بەڵکو هی تەواوی گەلە. تەواوی دانیشتووان ئاگایان لەوەیە چی دەکرێت بۆ کەمکردنەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی ئاو و هەوا لە عێراق. 
 
رووداو: بەبڕوای ئێوە ناکۆکییە سیاسییەکان و ناسەقامگیریی دۆخی سیاسی عێراق، رێگر دەبن لە جێبەجێکردنی ئەو پلان و رێکارانەی دەگیرێنەبەر بۆ کەمکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا؟
 
ئاوکی لوتسما: پێموایە ئەوە خاڵێکی زۆر گرنگە کە تۆ لێرەدا باسی دەکەیت. هەر زۆر گرنگە. ئێستا حکومەتی نوێی عێراق هاتوونەتە پێشەوە و بە ژمارەیەکی زیاتر دەستی بە کار کردووە. ئێمە بەرەو پێشەوە دەچین و بودجەی نیشتمانی پەسند دەکەین کە توخمێکی زۆر گرنگە بۆ کردنی هەموو ئەمانە. بۆیە هەر جۆرە نائارامی یان ناسەقامگیری یان نائاسایشێک لە وڵاتدا یارمەتیدەر نابێت. جا عێراق لەسەر دووڕیانە و ئێمە بەو بەرەوپێشچوونەی لە یەک، دوو مانگ و ساڵی رابردوودا هەبووە دڵگەرمین. پێموایە ئێستا کاتیەتی پێ بە بەنزیندا بنرێت و لەم لایەنەوە بەرەو پێش بچێت. بۆیە زۆر گرنگە کە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دابین کرابێت. راستییەکەی، پێم وایە بەرەنگاربوونەوەی گۆرانی کەشوهەوا یارمەتیدەر دەبێت نەک تەنیا بۆ سەقامگیریی وڵات، بەڵکو بۆ ئەوەش زیاتر و بەهێزتر بیخاتە سەر رێگەی گەشەکردن. عێراق زۆر شتی لە بەردەمدایە بیانکات و پێموایە ئێستا رەنگە کاتی بێت بۆ بەرەوپێش چوون. ئەوەیش گرنگە کە سەیری گۆڕانی ئاو و هەوا بکەیت، بەڵام نەک وەک هەڕەشەیەک، بەڵکو وەک دەرفەتێک. ئەمە دەرفەتێکە کە لە وڵاتێکی بە زۆری پشتبەستوو بە نەوتەوە بچێت بۆ ئابوورییەکی زۆر سەوزتر، کە تێیدا کەرتی تایبەت بە راستی بدرەوشێتەوە و بە رێگەی جیاواز مامەڵە لەگەڵ کێشە زۆرەکانی ئاو و هەوا بکات. بۆ نموونە، وەک پانێڵەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر و جێبەجێکردنیان، ئاو و هەوا و کشتوکاڵی زیرەک. 
 
رووداو: نەتەوەیەکگرتووەکان چی کردووە، یاخود چی دەکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لەسەر عێراق؟
 
ئاوکی لوتسما: ئاشکرایە ماوەیەکە لەسەر گۆڕانی ئاو و هەوا لەگەڵ عێراقدا مامەڵە دەکەین و لەگەڵ حکومەتدا کارمان کردووە، کە خۆیان بۆ ژمارەیەک دیداری ئاو و هەوا و گەشەدان بە سیاسەتی نیشتمانی لە دەرەوە ئامادە بکەن. عێراق دەتوانێت دەردراوەکان کەم بکاتەوە و دەشتوانێت ئابوورییەکەی سەوز بکات و لایەنی پیسکەری ئابوورییش بگۆڕێت. 
بۆ نموونە، ئێستا بابەتێکی گەورە ئەوەیە چۆن دەتوانین سووتانی گاز رابگرین کە بەهۆی بەرهەمهێنانی نەوتەوە دەردەدرێت. دەستگەیشتن بەمە ئەوەندە ئاسانە، کە نەک تەنیا یارمەتیدەرە گازی میسان و گازە دەردراوەکانی دیکە کەم بکاتەوە، بەڵکو لەلایەنی دەستگەیشتن بە سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی وزەیش. هەروەها ئێمە توانای وەزارەتی ژینگە بونیاد دەنێین و وەزارەتەکانی دیکەیش یارمەتیمان دەدەن کە زیاتر ستراتیجییەکە باش بکەین و بەرەو پێشیشەوە بچین. هەروەها لە لایەنی کردەییەوە لە یووئێن‌ دی ‌پی دوو شتی سەرەکی هەن کە بە راستی پێمان خۆشە تێیاندا یارمەتیدەر بین؛ یەکەمیان، لە لایەنی چوستی ئاوەوەیە، بەڕێوەبردنی ئاو، کە ئەوە گرنگترین توخمە و تازەگی قسەمان لەسەر کرد، بەڵام ئەوەش گرنگە کە چۆن عێراق دەتوانێت لە 100٪ بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی نیشتووی وزەوە بچێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە لە رێگەی تەختی خۆر (سۆلەر پانێڵ) و وزەی ئاو و ئەو شتانەوە. ئەمانە دوو توخمی سەرەکین کە یوو ئێن دی پی لەگەڵ حکومەتدا کار دەکات بەرەو پێش بچن، تا بە راستی گواستنەوەکە بکەن. 
 
رووداو: چیرۆکی سەرکەوتنی کەسێک یا لایەن و گرووپێک تۆمارکراوە لەبابەتی گۆڕانکاری کەشوهەوا بۆمان بگێڕێتەوە، تا بکرێتە نموونەیەک بۆ خەڵکی دیکەش؟
 
ئاوکی لوتسما: پێم وایە ژمارەیەکی باش نموونەمان هەیە، کە چ تاک چ ئەندامانی کۆمەڵگە توانیویانە بە گواستنەوەکەدا بڕۆن و بە جۆرێک ئاگادار بن لەوەی کاریگەرییان لەسەر ئاو و هەوا چییە، هەروەها بەرەو وزەی نوێبووەوە بچن. پێم وایە ئەوەی هێشتا پێویستە بکرێت، هەڵمەتێکی گەورەتری هۆشیارکردنەوە و داکۆکیکردنە، بەتایبەتی لەناو لاوانی عێراقدا. بۆ نموونە ئەوەی پێم خۆشە بیکەم ئەوەیە بە راستی بچمە زانکۆ جۆراوجۆرەکانی سەرانسەری عێراق و لەگەڵ قوتابیان و فاکەڵتییەکاندا کار بکەم، بۆ ئەوەی لەو ئاستەدا هۆشیارییەکی زۆر گەورەتر دروست بکرێت، هەروەها بۆ ئەوەی بزانین لە کوێ دەتوانین کۆرسێکی تایبەت لەسەر گۆڕانی ئاو و هەوا دروست بکەین و لە لایەنی گرتنەبەری سیاسەت بۆ بەرەنگاربوونەوە دەتوانرێت چی بکرێت. مەبەستم ئەوەیە عێراق پێویستی پێیەتی. پێویستە بۆ نەوەکانی داهاتووی عێراق بیکەین. پێموایە ئەوە رێگەیەکی باشترە کە لەم پرۆسەیەدا مامەڵە لەگەڵ نەوەی داهاتووی عێراقدا بکرێت و بکرێنە بەشێک لە چارەسەر، بۆیە ئەمە شتێکە ئێمە سەرنجی دەخەینە سەر و زیاتر جەختی لێ دەکەینەوە. بە راستی ئاواتەخوازم لەگەڵ ئەکادیمییەکان و زانکۆکاندا لەسەر ئەمە کار بکەین.  
 
رووداو: زیاتر لە ساڵێکە تۆڕی میدیایی رووداو گرنگییەکی زۆر بە پرسی گۆڕانی کەشوهەوا دەدات، بەرنامەیەکی تایبەتمان هەیە بەناوی 2050، هەروەها هەفتانە مژارێکی تایبەتمان هەبووە و هەوڵمانداوە بینەرەکانمان هۆشیار بکەینەوە، بۆ نموونە چەند مانگێک پێش ئێستا یەک رۆژی پەخشمان تەرخانکرد بۆ هۆشیاری کەمبوونەوەی ئاو و دەستگرتن بە ئاوەوە، پێتان وایە میدیا دەتوانێت لەو بوارەدا چ رۆڵێکی هەبێت؟
 
ئاوکی لوتسما: خۆت نموونەیەکی زۆر باشت هێنایەوە. پێم وایە گۆڕانی ئاو و هەوا تەنیا کێشەیەک نییە، بەڵکو دەبێتە کێشەیەکی ئاسایشی نیشتمانی و لە هەندێک ئاستدا بۆ عێراق دەبێتە کێشەیەکی وجوودی، بەتایبەتی کە باسی دۆخی ئاو دەکەین. بۆیە پێموایە رۆڵی میدیا لە لایەنی هۆشیارکردنەوەی خەڵک و لەبەرچاوگرتنی ئەو کەسانەی سیاستەکە دروست دەکەن و هەوڵدان بۆ خەڵک خستنە ناو چارەسەرەوە زۆر گرنگە. خۆشحاڵم ئەمڕۆ دەرفەتم هەبوو قسە لەسەر گۆڕانی ئاو و هەوا و کاریگەرییەکەی لەسەر عێراق بکەم. بەڵام ئاواتەخوازیشین لەگەڵ تۆڕە میدیاییەکەتان و ئەوانی دیکەدا کار بکەین تا لە بڵاوکردنەوەی پەیامەکە بەردەوام بین و بزانین چۆن دەتوانین لە عێراقدا لەناو گۆڕانە ئەرێنییەکەدا مامەڵە بکەین. چونکە وەک گوتم، گۆڕانی ئاو و هەوا تەنیا هەڕەشەیەک نییە، بەڵکو لە زۆر لایەنەوە دەرفەتێکی مەزنە، کە دێتە سەر کارکردنی لاوان و ئابووریی سەوز. پێم وایە بۆ من ئەمە ئەو شوێنەیە کە دەبێت سەرنجی بخەینە سەر و سەیری بکەین، نەک تەنیا لە روانگەی خەفەت و ئازارەوە، بەڵکو بۆ عێراق خاڵێکی چوونە ناوەوەی بدەینێ تا بتوانێت ئابوورییەکەی هەمەچەشن بکات و لە لایەنی خستنەسەرکار و داکۆکیکردنەوە مامەڵە لەگەڵ لاواندا بکات، بزانین چۆن دەتوانین بە رێگەیەکی زۆر ئەرێنی بەرەو پێش بچین.