رووداو دیجیتاڵ
جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) بە رووداوی گوت هەولێر رۆڵێکی گرنگ لە ئارامی و سەقامگیریی باکوور و رۆژهەڵاتی فورات دا دەبینێت.
لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو، عەلی رەحموون، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە دیمەشقی پایتەختی سووریاوە قسە دەکات و باسی دوا پێشهاتەکانی سووریا و هەوڵەکان بۆ ئاشتی و سەقامگیری دەکات، جەختیش دەکاتەوە لە پێویستیی یەکگرتوویی هێزە سوورییەکان بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ.
عەلی رەحموون ئاماژە بە "دیدارە گرنگەکانی'' مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و، سەرۆک بارزانی، هەروەها دیداری جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە دیمەشق دەکات و پێیوایە ئەم دیدارانە هەنگاوی ئەرێنین بۆ بڵاوکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە تەواوی سووریا. ئاماژە بە رۆڵی گرنگی هەولێریش لەم پرۆسەیەدا دەکات.
جێگری هاوسەرۆکانی مەسەدە هەروەها تیشک دەخاتە سەر کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیی داهاتوو، کە تائێستا میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی روون نییە. باسی دیدگەی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات سەبارەت بە سووریای داهاتووش دەکات، کە سووریایەکی نامەرکەزیی دیموکراتیی فرەییە.
دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ عەلی رەحموون، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە):
رووداو: با گفتوگۆکە لەو دیدارەوە دەستپێبکەین کە چەند رۆژێک پێش ئێستا لەنێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی لە هەولێر ئەنجامدرا، چۆن سەیری ئەم دیدارە دەکەن؟ چۆن بوو؟
عەلی رەحموون: سەرەتا سڵاوتان لێبێت لە دیمەشقی پایتەختی سووریاوە، بەتایبەت دوای هەڵاتنی ستەمکار و رووخانی رژێمی دیکتاتۆر، بۆیە ئێستا ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات وەک دەستەیەکی سیاسیی سووری بوونێکی شەرعی لە پایتەختەکەیدا هەیە. راستییەکەی وەک ئاماژەتان پێکرد، دۆخی سووریا لە قۆناخێکی نوێدایە کە پێویستە هەموومان یەکگرتوو بین بۆ ئەوەی سووریا بگەیێنینە کەناری ئارامی لە رووی ئاسایش و بەشداریی سیاسییەوە، چونکە رژێمی ستەمکار رێگر بوو لە یەکگرتنی سوورییەکان و لەگەڵ یەکتر بوونیان. بۆیە ئەمڕۆ لەم قۆناخەدا پێویستە هەموو لایەک وەک یەک دەست بن بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ.
دیدارەکەی نێوان جەنەراڵ مەزڵووم وەک فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لەگەڵ کاک مەسعود بارزانی، تەتویجی ئەو دیداری پێشتری جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە دیمەشق بوو. ئەمانە هەموویان هەوڵێکن بۆ بڵاوکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بەسەر تەواوی جوگرافیای سووریادا، چونکە رژێمی پێشوو لەسەر بنەمای جیاکاری و پەرتکردن و پەرشوبڵاوکردنی هێز و ناوچەکان کاری دەکرد. بۆیە ئەمانە هەنگاوی ئەرێنین و بە ئاراستەی دروستدا دەڕۆن بۆ بڵاوکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بەسەر تەواوی جوگرافیای سووریادا. ئێمە دەزانین هەولێر رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە ئارامی و سەقامگیری باکوور و رۆژهەڵاتی فورات، بەهۆی کاریگەری و پەیوەندیی برایانەی نێوان هەردوو ناوچەکە.
رووداو: دیدارەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی سووریا و مەزڵووم عەبدی لە دیمەشق چۆن بوو؟
عەلی رەحموون: خاڵێکی ئەرێنییە کە دانیشتن بۆ گفتوگۆ کرا بۆ گەیشتنە رێککەوتنی هاوبەش و هەنگاوێکی زۆر باش بوو بۆ رێگریکردن لە پێکدادان و گەڕانەوە بۆ بازنەی تووندوتیژی. بۆیە گفتوگۆ سەروەرە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن کە وڵات بگەیێنێتە جۆرێک لە سەقامگیری و ئارامی. کۆمەڵێک خاڵ لەنێوان هەردوولادا تاوتوێکران، وەک دوولایەنی سووری. وەک رایانگەیاند، دیدارەکە زۆر ئەرێنی بوو و دیداری دیکەی بەدوادا دێت بۆ گەیشتنە رێککەوتن لەنێوان سوورییەکان، چ لە ئاستی سەربازی، کارگێڕی، ئەمنی یان سیاسی.
لەو روانگەیەوە هەموو چاودێران بە ئەرێنییەوە سەیری ئەمەیان کرد، بۆ کپکردنەوەی پێکدادان وەک هەندێک لایەنی دیکە هەوڵی بۆ دەدەن. هەروەها داوا لە ئەحمەد شەرع کرا، وەک سەرۆکی دەسەڵاتی ئێستا و بەڕێوەبردنی وڵات لەم قۆناخەدا، رۆڵی نێوەندگیر و پردی پارێزەر ببینێت بۆ رێگریکردن لە پێکدادان لەنێوان، بۆ نموونە، گرووپەکانی بەناو سوپای نیشتمانی و هێزەکانی سووریای دیموکرات.
لێرەدا، دەبێت جەخت لەوە بکەینەوە، نەرمیی جەنەراڵ مەزڵووم و ئامادەیی بۆ گفتوگۆ بۆ گەیشتنە بە لێکتێگەیشتن، کە وڵات لە شەڕی ناوخۆی نوێ بپارێزێت بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و ئارامی، بەشێوەیەک کە سەلامەتیی سووریا و گەڕانەوەی سووریای ئاسایی بپارێزێت، بە جۆرێک کە یەکپارچەیی خاک و گەلی سووریا مسۆگەر بکات لەلایەکەوە، هەروەها کار بۆ سەقامگیریی ناوچەکە بکات بە هەموو لایەنەکانییەوە، چ لە باکووری رۆژهەڵات یان باکووری رۆژئاوا.
بۆیە گفتوگۆ لەنێوان سووریاییەکان دا پێویستە و لێرەدا دەبێت جەخت لەوە بکەمەوە؛ لە راستیدا کۆنگرەی دوایی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات وەک دەستەیەکی سیاسی سووری، بڕیاری دا یەکێتی سووریاییەکان تاکە رێگەیە بۆ گەیشتنە چارەسەری سیاسی و گفتوگۆ دەمانگەیێنێتە ئەوە. لەم روانگەیەوە، ئەم دیدارە "سەمام ئەمان' بوو بۆ گەیشتنە رێککەوتن لەنێوان سوورییەکان بۆ ئەوەی رۆڵی سەرەکیمان لە بنیاتنانی سووریادا هەبێت.
رووداو: لە قسەکانتەوە تێدەگەم، ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی رێککەوتن لەسەر پەنانەبردنە بەر تووندوتیژی و چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە، راستە؟
عەلی رەحموون: بەڵێ، بەڵێ، رێککەوتن لەسەر ئەوەی بەردەوام بن لە گفتوگۆ بۆ گەیاندنی وڵات بە کەناری ئارامی لە رێگەی چەندین رێگەوە. بۆ نموونە، یەکێک لە بابەتە خراوەڕووەکان پێکهێنانی لیژنە بوو بۆ لێکۆڵینەوە لە هەموو پرسە هەڵپەسێردراوەکان، یان ئەوانەی دەکرێت ببنە هۆی کێشە. وەک باسمکرد، پێشتر سووریاییەکان بێبەش بوون لە دیدار و گفتوگۆ و مشتومڕ لەنێوان خۆیاندا، بەڵام ئەمڕۆ هیچ رێگرییەک نییە بۆ ئەوە.
بۆیە دیدارەکە پێشەکییەک بوو بۆ دیداری دیکە، کە پێموایە نزیک دەبن لەنێوان دوو لایەنی سیاسیی سووری لەسەر چەندین ئاست، لەوانەیە سەربازی بێت، ئەمنی بێت یان کارگێڕی بێت. نەرمیی جەنەراڵ مەزڵووم بە ئامادەیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە سوپای سووری نیشتمانی داهاتوو، دەرکەوت. هەروەها داوای لە ئیدارەی نوێ کرد ئەو کارگێڕییانە وەربگرێتەوە، کە پێشتر دەسەڵاتی ئەسەد بەڕێوەی دەبردن، هەروەها وەرگرتنەوەی دەروازە سنوورییەکان. بۆیە وەک پێموایە دڵخۆشییەک هەبوو لە هەردوولا بۆ ئەم دیدار و دانوستانانە.
رووداو: ئایا ئەو لیژنانە پێکهێنراون کە باسی دەکەیت، ئەوانەی کە لە کۆبوونەوەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع رێککەوتن لەسەر پێکهێنانیان؟
عەلی رەحموون: پێموایە لە قۆناخی پێکهێناندان، وەک دەزانی دەسەڵاتی شەرع دەسەڵاتێکی نوێیە و تاوەکو ئێستا لە قۆناخی بنیاتناندایە. هەروەها دەسەڵاتی ئیدارەی ئێستا بە بڕوای من شتی زۆری کەمە بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی پێویست، بەڵام بابەتەکە لە قۆناخی پێکهێناندایە لەلایەن هەردوولاوە. جەنەراڵ مەزڵووم ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، کە ئەم لیژنانە ئامادە بن و پێموایە تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئیدارەی شەرعدایە.
رووداو: دیدارێکی دیکە لەنێوان هەردوولا دەبێت؟
عەلی رەحموون: سەبارەت بەم بابەتە، من نازانم دیدارێکی دیکە دەبێت یان نا، بەڵام بێگومان پەیوەندی بەردەوامە، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر خاکی سووریا روودەدات، هەوڵێکە بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاشتی و سەقامگیری و بەبێ دیدار ئەمە ناکرێت. بەتایبەتی وەک دەزانین هەوڵ هەیە لەلایەن هەندێکەوە، چ رۆڵی هەرێمی بێت یان ناوخۆیی، بۆ دروستکردنەوەی ئاژاوە. بۆیە بۆ کپکردنەوەی هەر پێکدادان یان شەڕێکی ناوخۆ، پێویستە پەیوەندی و دیدارەکان بەردەوام بن و کاتێک پێویست بکات، بەدڵنیاییەوە بە رای من ئەمە بەردەست دەبێت. بەتایبەتی دوای دیداری شەرع لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵووم، بینیمان جەنەراڵ مەزڵووم پێشوازی لە شاندێکی حکومەتی هەولێر کرد و پاشان سەردانی حکومەتی هەولێری کرد.
پێموایە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رۆڵی نێوەندگیری سەرکەوتوو و باش و ئەرێنی دەگێڕێت و ئەم رۆڵە زۆر گرنگە و راستییەکەی بۆیان تۆمار دەکرێت بۆ بڵاوکردنەوەی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە بە گشتی و لە سووریا بە گشتی، نەوەک تەنیا لە باکوور و رۆژهەڵاتی فورات.
رووداو: با بچینە سەر کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی، ئایا بەشداری لەم کۆنفرانسەدا دەکەن کە لە دیمەشق دەبەسترێت؟
عەلی رەحموون: بۆ کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی وەک ئیدارەی سیاسی بانگەوازی بۆ کردووە، یان وەک پڕوپاگەندە بۆ ئەم کۆنفرانسە کراوە، تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی ئاشکرا بانگهێشت نەکراوە و کۆمەڵێک پێداویستیی کەمە. سەرەتا هیچ لیژنەیەکی ئامادەکاری راگەیێندراو نییە. وەک هەموو سووریاییەکانی دیکە بیستوومانە کە بانگەوازێک هەیە بۆ کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی، کە لە 1200 کەس پێکدێت، بەڵام کێن ئەو کەسایەتییانە؟ میکانیزمەکان چین؟ کێ نوێنەرایەتیی گەلی سووریا دەکات؟ هەموو ئەمانە تاوەکو ئەمڕۆ نادیارن.
ئەوەی ئاماژەی پێکراوە یان بانگەوازی بۆ کراوە، تەواو ناڕوونە لەلایەکەوە و لەلایەکی دیکەوە وەک ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات، دەیبینین وەک خۆڕسک وایە. بۆیە بانگەوازەکە چەندین جار دواخرا بەهۆی ئەو تێبینییانەی ئاراستەی ئەم بانگەوازە نهێنییە کراون، جگە لە راگەیاندنی کەسایەتییەکان. تاوەکو ئەمڕۆ وەک دەزانی هیچ لیژنەیەکی ئامادەکاری بۆ ئەمە و هیچ میکانیزمێکی روون نییە. هێزە سیاسییەکان و نوێنەرایەتیکردنیان لەم کۆنفرانسەدا دوورخراونەتەوە. بۆیە ئەوانەی بانگهێشتکراون وەک دزەی کردووە، لەسەر بنەمای کەسی یان ئایینی یان تایەفی یان جوگرافی بووە. زۆر کەسایەتی هەن کە رەتیانکردووەتەوە لەسەر بنەمای ئەم بانگەوازە (بەشدار بن). بۆیە ئەمڕۆ هەرکاتێک تێبینییەک ئاراستە کراوە، ئەم بانگەوازە دواخراوە و تاوەکو ئەمڕۆ پێموایە کۆنفرانسەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە، سەرەڕای ئەوەی بە شێوەیەکی نافەرمی دزەی کردووە کە لە 20ی شوبات دەبێت. دووبارە جەخت دەکەمەوە کە ئەوە دزەی کردووە.
کەواتە هیچ بانگەوازێکی روون نییە بۆ ئەم کۆنفرانسە، چونکە میکانیزمەکانی بەستنی روون نین و راستییەکەی ناڕەزایەتییەکی گشتی هەیە لەلایەن هێزە سیاسییەکان و هێزەکانی کۆمەڵگەی سووری، تەنانەت لەلایەن چالاکڤانان و کارمەندانی کاروباری گشتییەوە لەسەر ئەم میکانیزم و رێگایە. بۆیە پێموایە ئەم کۆنفرانسە ئەگەر میکانیزمی روونی نەبێت، لە کات یان داهاتوویەکی نزیکدا کاری لەسەر ناکرێت.
رووداو: ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا داوای فیدراڵی دەکات، ئایا مەسەدە (ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات)ـیش داوای فیدراڵی دەکات؟
عەلی رەحموون: ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات سەرەتا بەپێی دیدگا سیاسییەکەی بۆ سووریای داهاتوو و وەک لە نەخشەڕێگاکەیدا خستوویەتیەڕوو، ئەوەی گونجاوە بۆ سووریا ئەوەیە؛ سووریایەکی دیموکراتیی فرەیی نامەرکەزی بێت. نامەرکەزی، گەلی سووریا، دەستووری سووریا و پەرلەمانی سووریا دایدەڕێژن، بۆیە دیدگەیەکی گەڵاڵەکراویان لەوبارەیەوە نییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە سووریا دەبێت لەبەر کۆمەڵێک هۆکار کە دەگەڕێمەوە سەری، نامەرکەزی بێت لەسەر بنەمای جوگرافی.
ئەمەش لە دوو خاڵی گرنگەوە سەرچاوە دەگرێت: یەکەم بۆ نەگەڕانەوەی ستەمکاری، چونکە دەسەڵاتی ناوەندی دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ستەمکاری بۆ حوکمی سووریا. لەلایەکی دیکەوە، گەشەپێدانی هاوسەنگی لەسەر ئاستی جوگرافیی سووریا دەتوانێت لەسەر بنەمای نامەرکەزیی جوگرافی زۆر باشتر بێت.
واتە دەکرێت سووریا لەسەر بنەمای هەرێم بێت، لەنێو کەوانەدا وەک پێشتر لە سەردەمی رژێم وەک پارێزگا بوو، بەڵام راستییەکەی تاوەکو ئەمڕۆ هیچ دیدگایەک لەلایەن ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتەوە نییە کە بانگەشەی فیدراڵی لە سووریا دا بکات. وەک باسمکرد، ئەوەی سوورییەکان لەسەری رێکدەکەون چ لە پەرلەمان یان لە دەستووری سووریا، ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لەگەڵ دیدی گەلی سووریا هاوئاهەنگ دەبێت.
رووداو: لەبارەی چارەنووس و داهاتووی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئایا وەک هێزەکانی پێشمەرگە (لە هەرێمی کوردستانی عێراق) دەبن، واتە بەشێک لە سیستمی بەرگریی سووریا دەبێت و پارێزگاری لە کیانی تایبەتی خۆی لەنێو هێزەکانی سووریا دا دەکات؟
عەلی رەحموون: وەک هێزەکانی سووریای دیموکرات رایدەگەیەنن، سەرەتا ئەوان هێزێکی نیشتمانین و لە دیدی ئەوانەوە هێزە چەکدارەکان دەبێت بۆ پاراستنی سنوور بن. لە بنەڕەتدا بۆ پاراستنی بەشێکی جوگرافیای سووریا و بەرەنگاربوونەوە و تێکشکاندنی داعش دروستکراون وەک دەزانن. دوای تەواوبوونی تێکشکاندنی داعش، هێزەکانی سووریای دیموکرات ئامادەیی خۆیان دەربڕی لەوەی ببنە بەشێک لە سوپای سووریا.
پێموایە ئەمڕۆ ئەمە لە قۆناخی پێکهێنانی سوپای سووریای خوازراودایە تاوەکو ببێتە بەشێک، چۆن دەبێتە ئەم بەشە و میکانیزمەکان چین، پێشموایە ئەمە کەوتووەتە ژێر گفتوگۆ و دیالۆگ لەسەر ئەم میکانیزمانە. دووبارە جەخت دەکەمەوە وەک جەنەراڵ مەزڵووم رایگەیاند، ئامادەیی هەیە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات ببنە بەشێکی سوپای نیشتمانیی خوازراو.
ئەمڕۆ زەحمەتە بڵێم بە واتای بەراوردکردن لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەوەش بەهۆی سرووشتی پێکهاتەی نەتەوەیی لە کوردستان. وەک دەزانن هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزی هاوبەشی فرەنەتەوە و فرەئایینن. هێزەکانی سووریای دیموکرات عەرەب، کورد، ئاشووری، سریانی، چەرکەس و تورکمان لەخۆدەگرێت. هەروەها هێزی دیکە هەن کە گرووپی سوپای ئازاد بوون لە تەواوی جوگرافیای سووریا دا.
بۆیە لێرەدا جیاوازە لە هێزەکانی پێشمەرگە، چونکە ئەوان هێزێک بوون لە هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ رزگارکردنی هەرێمی کوردستانی عێراق، کەواتە هەریەکەیان ئەرکێکی جیاوازی لەوی دیکە هەیە. بۆیە زووە بڵێم کۆپییەک دەبێت لە هێزەکانی پێشمەرگە، یان کۆپییەکی ئامادە هەیە کە ئەمڕۆ لەسەری رێککەوتوون، یان بیروڕا لەسەر بوون و میکانیزمەکەی جێگیر بووبێت. ئەمەش پێموایە دەکەوێتە ژێر جۆرێک لە گفتوگۆی قووڵ، بەڵام دووبارە جەخت دەکەمەوە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات سوورن لەسەر ئەوەی ببنە بەشێک لە پاراستنی جوگرافیای سووریا و بەشێک لە پاراستنی گەلی سووریا بە هەموو چین و پێکهاتە سوورییەکانییەوە، چ عەرەب، کورد، چەرکەس، سریان، ئاشووری و هتد بن.
رووداو: ئامانجتان چییە لە هەوڵەکانتان لە دیمەشق بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی سیاسیی سووری؟
عەلی رەحموون: وەک دەزانن رژێمی پێشوو و رژێمی دیکتاتۆر رێگر بوون لە بوونی هەر هێزێکی سیاسی لەسەر خاکی سووریا. بۆیە وەک ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات و وەک دەستەیەکی سیاسی کە لە کۆمەڵێک حیزب و کەسایەتی پێکهاتووە، بۆی نەدەکرا لە دیمەشق بێت. ئەمڕۆ دوای رووخانی رژێمی دیکتاتۆر، بوون و شوێنی سرووشتی لە پایتەختدایە. بۆیە یەکەم هەنگاو بوونیەتی لە پایتەخت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکە، کە رژێمی پێشوو کاری لەسەر پەرتکردن و پەرشوبڵاوکردنیان دەکرد، تاوەکو بەتەنیا لەگەڵ هەر هێزێکدا مامەڵە بکات. ئەمڕۆ، ئێمە لە پێویستترین کاتداین کە یەکدەست بین بۆ بنیاتنانی سووریا و بەشداریکردن لە چارەنووسی سووریا و چۆنیەتی رۆڵمان لە بەشداریمان لە بنیاتنانی سووریا لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکە دا.
بۆیە ئێمە لێرەین تاوەکو لەگەڵ گەلەکەمان، هێزە سیاسییەکان و هێزە کۆمەڵایەتییەکانمان بین تاوەکو رۆڵی کاریگەرمان هەبێت لە بنیاتنانی سووریاکەمان، بۆ ئەوەی هەموومان سووریایەکی دیموکراتی و فرەیی بنیات بنێین، بەبێ هیچ دوورخستنەوە و پەراوێزخستنێک. ئەمە مافی سرووشتیی ئێمەیە پێموایە کە لێرە لە پایتەختی دیمەشق بین تاوەکو رۆڵمان لەگەڵ نوێنەرانی دیکەی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سووریا بگێڕین.
رووداو: ئایا ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات، نووسینگەی خۆی لە پایتەختی دیمەشق کردووەتەوە؟
عەلی رەحموون: بەڵێ، ئێمە ئەمڕۆ لە دیمەشقین و ئەمە مافێکی سرووشتی و یاسایی و شەرعییە، مادام دیدگا سیاسییەکەمان لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان ناکۆک نییە و وەک هەموو هێزە سیاسییەکان بۆ بنیاتنانی سووریای داهاتوو کاردەکەین، سووریایەک کە مافی هەمووان مسۆگەر بکات. وەک دەزانین یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات بنیاتنانی دەوڵەتی هاووڵاتیبوونی یەکسانە لەنێوان هەموو سوورییەکان. بۆیە ئەمە مافی ئێمەیە و ئەمە خواستی ئێمەیە لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکە. بۆیە بانگەواز دەکەین بۆ دیداری راوێژکاری لەگەڵ هێزە سیاسییەکان تاوەکو رۆڵی گرنگمان هەبێت لە بنیاتنانی سووریاکەمان. سووریا لایەنێک بنیاتی نانێت، بەڵکو دەبێت هەموو هێزەکان بە هەموو چینەکانیانەوە بنیاتی بنێن، بەبێ هیچ دوورخستنەوە و پەراوێزخستنێک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ