وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ رووداو: هاوکاریی ئەو ئێزدییانە دەکەین کە دەیانەوێت بێنە ئەڵمانیا

19-01-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
 ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا قسەی بۆ رووداو کرد
ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا قسەی بۆ رووداو کرد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، بڕیارەکەی پەرلەمانی وڵاتەکەی بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش دژ بە کوردانی ئێزدی "تەنیا دروشم نییە". دەشڵێت، ئەوانەی نایانەوێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، دەیانبەنە ئەڵمانیا و لەوێ چاودێرییان دەکەن. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2023، ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە هەڤپەیڤینێکدا بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە ناتوانین ئەو کۆمەڵکوژییە بگەڕێنینەوە، بەڵام دەتوانین وابکەین دادپەروەری بەرقەرار بێت. ئەمڕۆ، ئەم بڕیارە کە لەلایەن پەرلەمانی حکومەتی فیدڕاڵیی ئەڵمانییەوە وەرگیرا و کۆمەڵکوژییەکە بە جینۆساید ناسێندرا، تەنیا دروشم نییە. دەبێت ناوی بکوژەکان دیاریبکەین بۆ ئەوەی دادپەروەری بەدیبێنین." 
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەشڵێت، نابێت تەنیا یادی جینۆساید بکەنەوە و سەرکۆنەی بکەن، بەڵکو وەکو خۆی دەڵێت، دەبێت بۆ ئەو سێ هەزار ژنە بێسەروشوێنبووانە تێبکۆشین و "کار بۆ گەڕانەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگەی ئێزدی بکەین." 
 
بێربۆک قسەی لەبارەی ئەو کوردانەی ئێزدی کرد کە لە کامپەکاندا دەژین گوتی، "دەبێت کار بکەین بۆ ئەوەی شوێنەکانیان ئاوەدان بکەینەوە و بیانگەڕێنینەوە زێدی خۆیان." گوتیشی کە چاوی بەو منداڵانە کەوتووە کە دەستدرێژییان کراوەتەسەر و "دەبێت کار لەسەر ئەو ژن و منداڵانە بکەین. بەشێکیان بێ ناسنامەن و نایانەوێت بگەڕێنەوە. دەبێت ئەوان بهێنینە ئەڵمانیا و ببەینە لای ئەو منداڵ و خێزانانەی کە دەیانەوێت لایان بن". بۆ ئەوانەشی کە دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان بمێنن، بێربۆک گوتی، "دەبێت لەوێوە هاوکارییان بکەین. هاوکات، کارێکی زۆر گرنگ لە بواری هاوکاریی دەروونی دەکرێت. کاری ژان کزلهان و کەسانی دیکە لە بواری چارەسەرکردنی تراومادا زۆر گرنگە." 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا:
 
رووداو: بەڕێز وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئێستا پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند، لە دوای ئەمە چی روودەدات؟ ئەڵمانیا دەیەوێت چۆن هاوکاریی کوردانی ئێزدی بکات؟
 
ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: ئێمە ناتوانین ئەو کۆمەڵکوژییە بگەڕێنینەوە، بەڵام دەتوانین وابکەین دادپەروەری بەرقەرار بێت. ئەمڕۆ، ئەم بڕیارە کە لەلایەن پەرلەمانی حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانییەوە وەرگیرا و کۆمەڵکوژییەکە بە جینۆساید ناسێندرا، تەنیا دروشم نییە. دەبێت ناوی بکوژەکان دیاریبکەین بۆ ئەوەی دادپەروەری بەدیبێنین. نابێت تەنیا یادی بکەینەوە و سەرکۆنەی بکەین، چونکە ئێستا سەروو سێ هەزار ژن بێسەروشوێنن و دەبێت بۆ هەریەکێک لەوانە تێبکۆشین و کار بۆ گەڕانەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگەی ئێزدی بکەین. هێشتا بە هەزاران کەسی ئێزدی لە کامپەکاندا دەژین. دەبێت کار بکەین بۆ ئەوەی شوێنەکانیان ئاوەدان بکەینەوە و بیانگەڕێنینەوە زێدی خۆیان. 
 
ئێمە دەزانین زۆر قورسە، چونکە دۆخی ئەمنی لەو شوێنانە رۆڵێکی گرنگ دەبینێت. بۆ ئەوەش، ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراقیش کاردەکەین. بۆ من خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوەیە کە من خۆم چوومە ئەوێ و زۆر ژنم بینیوە. چاوم بەو منداڵانە کەوتووە کە دەستدرێژییان کراوەتەسەر. دەبێت کار لەسەر ئەو ژن و منداڵانە بکەین. بەشێکیان بێ ناسنامەن و نایانەوێت بگەڕێنەوە. دەبێت ئەوان بهێنینە ئەڵمانیا و ببەینە لای ئەو منداڵ و خێزانانەی کە دەیانەوێت لایان بن و ئەوانەشی دەیانەوێت لە باکووری عێراق بمێنن، دەبێت لەوێوە هاوکارییان بکەین. هاوکات، کارێکی زۆر گرنگ لە بواری هاوکاریی دەروونی دەکرێت. کاری ژان کزلهان و کەسانی دیکە لە بواری چارەسەرکردنی تراومادا زۆر گرنگە. 
 
ئێمە وەکو ئەڵمانیا دەتوانین تەنیا پاڵپشتییان بکەین. بەرپرسیارییەکە لەسەر شانی حکومەتی عێراق و کوردستانی باکووری عێراقە. ئێمە دەتوانین پاڵپشتیی ئاوەدانکردنەوە بکەین، چونکە بۆ ئەوان شنگال گرنگە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. بۆ ئەوەش، ئێمە لە زۆر رووەوە کار دەکەین و وەکو ئەڵمانیا ئەوەی لێمان داوا دەکرێت، دەیکەین. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.