فەهمی بورهان: گومانمان لە سەرژمێری هەیە و کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی باڵای حیزبەکان دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گومانێکی زۆریان لە پڕۆسەی سەرژمێری هەیە و ئەوەش تاکە دۆسیە نییە کە بە گومانەوە تەماشای دەکەن، "لەبەر ئەوەی هەمیشە ئەزموونی تاڵمان زۆر بووە لەگەڵ حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق." بۆیە سبەی لە هەولێر کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت و کۆی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2024، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "پڕۆسەی سەرژمێری هێندە گرنگە کە شایەنی ئەوەیە هەموو پڕۆسە سیاسی و حوکمڕانییەکان بە هەڵبژاردنیشەوە بۆی وەلابنرێت، چونکە ئەو پڕۆسەیە پەیوەندیی بە ئاییندەی نەتەوەکەمانەوە هەیە."
فەهمی بورهان پەیامێکی ئاراستەی هاونیشتمانییانی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان کرد و پێی راگەیاندن کە "ئەگەر هەر ئیش و کارێکتان هەیە، کارتی نیشتمانی و فۆڕمی خۆراکتان بنێرنەوە بۆ نزیکترین خزمتان کە لەو ناوچانە کوردستانیانەدا دەژین بۆ ئەوەی لە پڕۆسەی گەمارۆدان و ژمارەکردن ناوتان تۆمار بکرێت."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فەهمی بورهان
رووداو: دەڵێن لە سەرژمێریکردن بەگومانن. گومانەکەتان لە چییە؟
فەهمی بورهان: ئەمە تاکە دۆسیە نییە کە بە گومانەوە تەماشای دەکەین، لەبەر ئەوەی هەمیشە ئەزموونی تاڵمان زۆر بووە لەگەڵ حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق. ئێمە لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکان دەمانەوێت ئەوەی کە راستییە باسی بکەین بۆ خەڵکی خۆمان و ناچینە ژێرباری هیچ ئۆباڵێکی مێژووییەوە، چونکە ئێمە لە وڵاتێکداین کە دەبێت خۆمان لە کار و کاردانەوەکان بپارێزین؛ بۆیە روونکردنەوەی راستییەکان بەشێک لەو ئەرکە قورسەی سەر شانمان کەم دەکاتەوە.
سبەی لە هەولێر کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت بۆ ئەوەی بابەتی سەرژمێریان لەگەڵ تاوتوێ بکەین، بۆئەوەی ئەو بابەتە روون بکەینەوە.
بڕوام وایە پرسی سەرژمێری هێندە گرنگە کە ئەوە دەهێنێت هەموو کار و کردەوەکانی فەرمانڕەوایی جگە لە مووچە بۆی وەلا بنێین. لە کۆبوونەوەکەدا دەمانەوێت تاوتوێی وردی پرسی سەرژمێری بکەین. ئێمە هەمیشە گوتوومانە؛ کێشەکانمان لە ناوچە کوردستانییەکان دەستووری و یاسایی نین؛ بەڵکو سیاسین.
رووداو: گومانەکەتان بە دیاریکراوی لەسەر چییە؟ لەسەر هاوردەکردنی عەرەبە یان دەستکاریکردنی ئامارەکانی ئەو ناوچانە؟
فەهمی بورهان: ئەزموونەکانمان تاڵن، بۆیە لە هەموو گۆشەیەکەوە بە گومانەوە تەماشای دەکەین. راستە وەزارەتی پلاندانان کاری زۆری کردووە بۆئەوەی سەرژمێرییەکە کەمترین کاریگەری سیاسی هەبێت، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆی رەواندنەوەی گومانەکانمان، چونکە لەو سەرژمێرییەدا هەموومان عێراقین. ئێمە دەمانەوێت لانیکەم بە ناسنامەیەکی کوردییەوە عێراقی بین.
ئێمە دەزانین لە حەوت ساڵی رابردوودا 9 گەڕەکی عەرەبی لە کەرکووک دروستکراون. ئەگەر سەرژمێری بکرێت ئەو عەرەبانە بە فەرمی دەبنە هاووڵاتی کەرکووک و دوای چەند ساڵێک دەڵێن ئێمە بە رەچەڵەک کەرکووکین و لە سەرژمێری گشتیی تۆمارکراوین. بۆنموونە، لە دوو رۆژی رابردوودا لیژنەی گەمارۆ و ژماردن چوونەتە ناوچەی شوان کە چوونەتە گوندێک چوار ماڵی تێدابووە؛ سێ ماڵی کورد بوون و ماڵێکیش عەرەب، بە جۆرێک ئەو سێ ماڵە کوردە 16 کەس بوون کەچی تەنیا ماڵە عەرەبەکە 18 کەس بوون. بۆیە ئەمە بۆ ئێمە جێگەی پرسیارە.
رووداو: پرسیارەکەتان چییە؟ کێشەی تۆمارکردنی ئەو 18 کەسە لە چیدایە؟
فەهمی بورهان: قسەکە لەسەر ئەوە نییە ئەو کەسانە تۆمارکراون. کێشەکە لە بوونی ئەو ژمارە زۆرەی عەرەبە لەو ناوچە کوردیانەیە. دواجار قسەکە ئەوەیە کە دەڵێن ئەم ژمارە گەورەیە بۆ پرسی مادەی 140 کاریگەری نابێت، چونکە سەرژمێری 1957 کراوەتە بنەما بۆی، هەرچەندە بە بڕوای ئێمە، ئەوە تەنیا بە قسە گوتراوە و بە نووسراو واژۆ نەکراوە.
رووداو: ئەگەر دواتر لە ئەنجامی سەرژمێرییدا گوترا عەرەب لە کورد زیاترە، چ گەرەنتییەک هەیە کە کار بەم سەرژمێرییە نوێیە نەکەن؟
فەهمی بورهان: من بەرپرسیارم لە بەرامبەر نیشتمان و گەلەکەم. راستە لە سەرژمێرییەکەدا لە عەرەبەکان دەپرسن بۆچی هاتوونەتە ئەو ناوچانە، بەڵام ئەزموونەکانمان ئێجگار تاڵن؛ بۆیە ئەمە تەنیا بەرچاوی هەنگاوەکانی داهاتووی ئێمە روون ناکاتەوە. شتێکی دیکە کە زۆر مەترسیدارە بەلای ئێمەوە ئەوەیە کە دەڵێن راستە ئەو عەرەبانەی دوای 1957 هاتوونەتە کەرکووک حیسابیان بۆ ناکرێت، بەڵام سەرژمێری دەکرێن و دواتر لە کۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووانی کەرکووک رێژەی کورسیی پەرلەمانی و ئەنجوومەنی پارێزگا دیاری دەکرێت. کەواتە لە رووی هەڵبژاردن و سیاسییەوە ئەوانە دەبنە ئەمری واقیع.
ئێمە کە باسی کەرکووک دەکەین با بیرمان نەچێت، خانەقین، خورماتوو، شنگال، شێخان، مەخموور و دەوروبەری دەشتی نەینەوا، ئەوانە هەموویان لە یەک دۆخدان.
رووداو: ئەوانەی ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون ئێستا دەبێت بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان یان رۆژی دەستپێکردنی سەرژمێری؟
فەهمی بورهان: داوا لە سەرجەم هاونیشتمانیانی ناوچە کوردستانییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم ئەوانەی لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین، ئەگەر هەر ئیش و کارێکیان هەیە، لەم کاتەدا کارتی نیشتمانی و فۆرمی خۆراکیان بنێرنەوە بۆ نزیکترین خزمی خۆیان کە لەو ناوچانەدا ماونەتەوە بۆئەوەی لە پڕۆسەی گەمارۆدان و ژمارەکردن ناویان بنووسرێت، بۆئەوەی لە رۆژی 20ـی مانگی 11ـی ئەم ساڵدا گرفتیان بۆ دروست نەکرێت.
بەڕاستی ئەم لیژنانە ئەوەندە بەخێرایی هاتوونەتە نێو پڕۆسەکەوە، بەپێی زانیارییەکانمان زۆر جیدی بوون لەسەر کارەکانیان، ئەمەش گومانی ئێمەی زۆر زیاتر کردووە. ئێمە ئاگادارین کە ئەو لیژنانە چوونەتە نێو هەندێک ماڵ کە خاوەن ماڵ پێی گوتوون؛ ئێمە دوو خێزانین و لەنێو یەک خانوودا دەژین، یەکێک لە خێزانەکانیان چووەتە هەولێر بۆ گەشت و سەیران، لیژنەکە پێی گوتوون بەڵگەنامەکانمان بدەنێ و پیشانمان بدەن بۆ ئەوەی لە 20ـی 11 تۆمار بکرێن.
ئەم بابەتانەیە کە رووبەری گومانی لای ئێمە فراوانتر کردووە. ئێمە دەبێت راستییەک بزانین؛ کەرکووک، خانەقین و شنگال زۆر لە هەر پڕۆسەیەک گرنگترن کە بڕیارە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت؛ بۆیە نابێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەرچاوی خەباتی نیشتمانیمان لێڵ بکات؛ دەبێت تەرکیزمان لەسەر ئەو ناوچانە بێت و نابێت هیچ بیانوویەک رێگەمان لێبگرێت و پشتگوێیان بخەین.
رووداو: دەتانەوێت سبەی بگەنە چ ئەنجامێک لە کۆبوونەوەکەتان لە هەولێر لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان؟ کۆبوونەوەکە لەسەر چ ئاستێک بەڕێوەدەچێت؟
فەهمی بورهان: کۆبوونەوەکەی سبەینێمان لەسەر ئاستی سەرکردایەتیی سەرجەم حیزبە کوردستانییەکانە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. ئێمە دەمانەوێت سبەی ئەم بابەتە تاوتوێ بکرێت. دەبێت بزانین دەتوانین ئەو سەرژمێرییە رابگرین. گومان دەکەم لە توانای ئێمەدا بێت ئەوە.
رووداو: ئەو رێککەوتنە نوێیەی لایەنە کوردستانییەکان لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەکان کردوویانە، هیچ لە بابەتەکە دەگۆڕێت؟
فەهمی بورهان: فراکسیۆنە کوردییەکان زۆر هەوڵ دەدەن ئەو پڕۆژە یاسایە (پڕۆژە یاسای خانوو و زەوی) تێپەڕێنرێت و لە دوایین دانیشتن جۆرێک لە دڵنیایی دراوە، بەڵام هیوادارین جارێکی دیکە بێ ئومێد نەبین و لە کۆبوونەوەی داهاتوودا دەنگی لەسەر بدرێت. ئەگەر ئەو پڕۆژە یاسایە تێپەڕێنرێت ئەوا هیچ گومانێکمان لەسەر سەرژمێرییش نامێنێت.
رووداو: ئەگەر دەنگی لەسەر نەدرا ئەوکات چی؟ گومانتان زیاتر دەبێت؟
فەهمی بورهان: ئەوان ئەگەر بڕیاربێت دۆنمێک زەوییمان بۆ نەگەڕێننەوە بە یاسا کە مافی خۆمانە، ئێستا چۆن سەرژمێرییەکی بێ کێشە ئەنجام ئەدەن؟ رۆژانە دەیان پەیوەندی لەگەڵ کوردی ئەو ناوچانە ئەنجام دەدەن کە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەژین بۆئەوەی بگەڕێنەوە و هەمووشیان ئامادەن بگەڕێنەوە، چونکە ئەمە پەیوەندی بە حیزبایەتییەوە نییە و پەیوەندی بە کوردایەتی و نیشتمانەوە هەیە. بەرپرسانی عێراقی هەمیشە بە قسەی نەرم پرسی نیشتمانیان لەبیر بردووینەتەوە.
رووداو: هەموو بەرپرسەکان بەو شێوەیەن؟
فەهمی بورهان: گرفتەکانی ئێمە لەگەڵ کارەکتەرە سیاسییەکان نییە، بەڵکو لەگەڵ کۆی سیستمی سیاسییە لە عێراق. ئەگەر ئێمە بەشێکین لە عێراقی فیدراڵ، ئەم هەموو بیانووە چییە بە بەردەوامی پێمان دەگرن؟