پەرلەمانتارێکی کوردی بەریتانیا: کار دەکەم بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
فەریال کلارک، پەرلەمانتارێکی کوردی بەریتانیایە لەسەر لیستی پارتی کار
فەریال کلارک، پەرلەمانتارێکی کوردی بەریتانیایە لەسەر لیستی پارتی کار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەریال کلارک، پەرلەمانتارێکی کوردی بەریتانیایە لەسەر لیستی پارتی کار، بە رووداوی گوت، "هەرێمی کوردستان زۆر زۆر گرنگە بۆ هەر حکومەتێکی بەریتانی و کاردەکەم بۆ ئەوەی دڵنیابمەوە لەوەی ئەو پەیوەندییە بەهێزبکرێت و لە بەهێزییەوە و بۆ بەهێزتر بگۆردرێت".
 
فەریال کلارک لە هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ رووداو کە هێڤیدار زانا پێشکەشی کرد، "کورد لە سووریا نەهامەتیی گەورەیان چەشتووە بۆ ماوەی چەندین ساڵ. هێرشی بەردەوامی وڵاتانی دەروبەریش یارمەتیدەر نەبووە. یەکێک لەوانە تورکیا کە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ناوچە کوردییەکان لە سووریا، کە من بەردەوام لە پەرلەمان باسم کردووە بەردەوامیش دەبم لە باسکردنی".
 
لەبارەی بەشداریی کورد لە پەرلەمان و حکومەتی بەریتانی، کلارک ئاماژەی بەوە کرد، "دەتوانم بڵێم ئێمە کارێکی زۆر باش دەکەین. وەک خۆتان دەزانن، خوولی رابردوو، من پەرلەمانتاری پارتی کار بووم، هەروەها نەدیم زەهاویمان هەیە کە تەنانەت بووە وەزیری دارایی و لەگەڵ پارتی پارێزگاران کارێکی باشی کرد. زۆر ئەندامی ئەنجوومەنەکانمان هەیە لە سەرانسەری بەریتانیا کە کوردن. واتە خەڵکی کورد لە حکومەتە خۆجێیەکان کارێکی زۆر باش دەکەن، هەروەها لە نێو پارتی کاردا زۆر باشن. مێژوومان لە بەریتانیا زۆر کۆن نییە، بەڵام وێڕای ئەوەش کارێکی زۆر باشمان کردووە. پێموایە لە داهاتووشدا ژمارەیەکی زۆر زیاتری خەڵکی کورد خۆیان بەربژێر دەکەن. من و نەدیم زەهاوی دەرگاکەمان کردووەتەوە و بە کراوەیش جێیدێڵین".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فەریال کلارک
 
رووداو: خاتوو فەریال ئەمکاتەت باش
 
فەریال کلارک: سڵاوتان لێبێت. زۆر سوپاس بۆ میوانداریکردنم. خۆشحاڵم کە لەگەڵ ئێوەم.
 
رووداو: دەمەوێت لە ناوی تۆ دەستپێبکەم، ناوی تۆ فێریاڵە یان فریاڵ کلارکە؟ 
 
فەریال کلارک: ناوی من فەریال کلارکە.
 
رووداو: دایک و باوکت هەردووکیان کوردن و خەڵکی مەڵاتین؟ 
 
فەریال کلارک: دایک و باوکم هەردووکیان کوردن و خەڵکی مەڵاتین؛ ناسناوی کلارکم وەرگرتووە، چونکە من ژیانی هاوژینیم لەگەڵ پیاوێکی ئینگلیز پێکهێناوە.
 
رووداو: دەمەوێت بچینە سەر دوایین هەڵبژاردن و سەرکەوتنی پارتی کار لە بەریتانیا؛ پارتی کار چۆن توانی ئەو سەرکەوتنە گەورەیە بە جیاوازییەکی زۆر بەدەستبهێنێت؟ 
 
فەریال کلارک: پێموایە چەندین رەهەندی هەیە، ئەوە بۆ ئێمە بوومەلەرزەیەکی گەورە و سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ پارتی کار، پێموایە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو سەرکەوتنە گەورەیە ئەوە بوو کە کیەر ستامەری سەرکردە، پارتەکەی گۆڕیوە، وای لە پارتەکە کردووە کە بتوانێت بەشێوەیەکی گونجاو رکابەرایەتی لە هەڵبژاردندا بکات؛ هۆکارێکی دیکە ئەوە بوو کە ئێستا وڵاتەکە پەکیکەوتووە و پارتی پارێزگاران بۆ ماوەی چواردە ساڵ لە دەسەڵاتدا بوو، کاری زۆر خراپیان کرد و وڵاتەکەیان بێ هیوا کرد. بۆیە هۆکارەکە تێکەڵەیەکە لە سەرۆکایەتییەکی باش لە پارتی کار و بەڕێوەبردنێکی خراپی وڵات لەلایەن پارتی پارێزگارانەوە بۆ ماوەی 14 ساڵ. پارتی پارێزگاران هیچ شتێکیان نەبوو پێشكێش بە وڵاتی بکەن، بەڵام پارتی کار ئۆفەرێکی زۆر ئەرێنی و زۆر بەهێزی هەبوو بۆ وڵات. بۆیە ئەو هەموو کورسیانەمان بردنەوە.
 
رووداو: پرسی کۆچبەر و پەنابەران یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە پارتی پارێزگاران رووبەڕووی ئەو شکستە گەورەیە ببێتەوە؟ 
 
فەریال کلارک: شتە ناخۆشەکە ئەوەیە کە پارتی پارێزگاران وەک نەریتی هەموو هەڵبژاردنێکیان، هەوڵی دا کە پرسی کۆچبەران وەکو سیاسەتێک و وەک رێگەیەک بۆ دابەشکردنی خەڵک بەکاربهێنێت، بەڵام ئەو سیاسەتەی ئەمجارە و ناردنی خەڵک بۆ رواندا سەرکەوتوو نەبوو، ئەو سیاسەتە دڕندانە و نایاسایی بوو، هەروەها خەڵکیش بڕوای پێنەبوو، بۆیە نەیانتوانی خەڵک دابەشبکەن وەک لە پێشتردا دەیان کرد.
 
رووداو: ئێستا ئێوە وەکو پارتی کار دەسەڵاتدارن، ئێوە چۆن دەتوانن پرسی کۆچبەر و پەنابەران چارەسەر بکەن، ئێوە دەڵێن، کە سنوورەکان بەهێزتر دەکەن، ئێوە چی دەکەن؟ 
 
فەریال کلارک: ئێستا هەروەک دەزانن بنی نۆکەندی ئینگلیز و بنی دەریاکان پڕبوون لە خەون و هیوای کۆچبەران، ئەوانەی کە  گەشتێکی پڕ لە مەترسی ئەنجام دەدەن، ئەوەش جێگەی قبووڵکردن نییە و ئێمە پێویستیمان بە رێگەیەکی دادپەروەرانەتر و باشتر هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەران، پێویستیمان بە رێگەیەکی یاسایی هەیە بۆ کۆچبەران، هەروەک بۆ ئۆکراینییەکان و ئەفغانییەکان هەمانە کە خەڵک دەتوانن لە وڵاتانی خۆیان داواکاری هاتن بۆ بەریتانیا پێشکێش بکەن و گەشت بکەن بەبێ ئەوەی پێویستییان بەوە بێت کە ئەو رێگە پر مەترسییە بگرنە بەر. ئێمە دەمانەوێت ئەو باندە قاچاخچییانەی کە کۆچبەران بەقاچاخ دەبەن و بە بەلەم دەگوازنەوە و ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە، کارەکەیان لێ زەحمەت دەکەین، دەبێ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت بۆ ئەوەی نەتوانن کە خەڵک بەکاربهێنن و ژیانیان بخەنە مەترسییەوە.
 
رووداو: لە کەرتی تەندروستیش چەند پرسێک هەن، وەکو بوونی نۆرەی درێژ و چاوەڕوانیکردن لە نەخۆشخانەکانی بەریتانیا، ئەوە بووەتە پرسێکی گەورە و مشتومڕێکی زۆری لێکەوتووەتەوە، ئێوە وەکو پارتی کار چ چارەسەرێکتان بۆ ئەو پرسە هەیە؟
 
فەریال کلارک: وەک خۆتان دەزانن، فەرمانگەی نیشتمانیی تەندروستیی بەریتانیا یەکێکە لە باشترینەکان، یاخود دەیەوێت ببێتە یەکێک لە باشترینەکانی جیهان، خزمەتگوازرییەکانی بۆ هەموو کەسێک بێ بەرامبەرن و یەکێکە لە سوودبەخشترینەکانی سەر ئاستی جیهان. بەڵام پارتی پارێزگاران لە چواردە ساڵی رابردوودا بە مەبەست وەبەرهێنانیان تێدا وەستاندووە و لەم کاتەدا پەکیکەوتووە. پلانی پارتی کار ئەوەیە کە 40 هەزار چاوپێکەوتنی دیکەی پزیشک رێکبخات بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی کورتدا ئەم هەموو ریزە درێژانەی چاوەڕوانی کۆتایی پێبێنین. زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس چاوەڕێی چارەسەرن، لە نێویاندا نەشتەرگەری. بۆیە چاوپێکەوتنی زیاتر رێکدەخەین. هەروەها پارە بە پزیشک و پەرستارەکان دەدەین بۆ ئەوەی لە کۆتایی هەفتە و کاژێری زیاتر کاربکەن بۆ ئەوەی ئەو ژمارەیە کەمبێتەوە. بەڵام بۆ داهاتووی دوور، پزیشکی زیاتر دادەمەزرێنین، کورسیی خوێندن لە کۆلێژە پزیشکییەکان دووهێندەی ئێستا زیاددەکەین، لایەنی کەم 15 هەزار کورسی دیکە لە کۆلێژە پزیشکییەکان زیاددەکەین، وەبەرهێنانی زیاتر لە پەرستارەکان و مامانەکاندا دەکەین. پلانی هێزی کار، کێشەیەکی زۆر گەورەیە. بۆیە ئێمە ئەو هێزەی کارە وەبەردەهێنین، کە پێویستمان پێیەتی، کە پارێزگاران لە چواردە ساڵی رابردوودا شتی لەم جۆرەیان نەکردووە. شتێکی زۆر سەرشێتانە بوو، لە کاتێکدا ئێمە زۆر پێویستمان بە پزیشک بوو، پارێزگاران سێ هەزار کورسیی خوێندنیان لە کۆلێژە پزیشکییەکان کەمکردنەوە. ئەمانە بەشێکن لەو شتانەی بۆ باشترکردنی فەرمانگەی نیشتمانیی تەندروستیی دەکەین."
 
رووداو: ژمارەیەکی زۆر کورد لە بەریتانیا هەن، بەڵام کوردی دیاسپۆرانشینی بەریتانیا کەم لەنێو سیاسەتی بەریتانیا دەبیندرێن، هۆکاری ئەوە چییە؟
 
فەریال کلارک: دەتوانم بڵێم ئێمە کارێکی زۆر باش دەکەین. وەک خۆتان دەزانن، خوولی رابردوو، من پەرلەمانتاری پارتی کار بووم، هەروەها نەدیم زەهاویمان هەیە کە تەنانەت بووە وەزیری دارایی و لەگەڵ پارتی پارێزگاران کارێکی باشی کرد. زۆر ئەندامی ئەنجوومەنەکانمان هەیە لە سەرانسەری بەریتانیا کە کوردن. واتە خەڵکی کورد لە حکومەتە خۆجێیەکان کارێکی زۆر باش دەکەن، هەروەها لە نێو پارتی کاردا زۆر باشن. مێژوومان لە بەریتانیا زۆر کۆن نییە، بەڵام وێڕای ئەوەش کارێکی زۆر باشمان کردووە. پێموایە لە داهاتووشدا ژمارەیەکی زۆر زیاتری خەڵکی کورد خۆیان بەربژێر دەکەن. من و نەدیم زەهاوی دەرگاکەمان کردووەتەوە و بە کراوەیش جێیدێڵین."
 
رووداو: دوای ئەوەی کە پارتەکەی ئێوە سەرکەوتنی بەدەستهێنا و هاتە سەر دەسەڵات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لێکردن. پێتوایە کە پارتەکەی ئێوە پەیوەندی بەریتانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناخێکی دیکە؟
 
فەریال کلارک: بێگومان هەرێمی کوردستان زۆر زۆر گرنگە بۆ هەر حکومەتێکی بەریتانی. پێموایە حکومەتی پێشووی پارێزگارانیش بایەخیان بەو پەیوەندییە دەدا، نازانم تا چەند پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد، بەڵام ئەو پەیوەندییە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. منیش کاردەکەم بۆ ئەوەی دڵنیابمەوە لەوەی ئەو پەیوەندییە بەهێزبکرێت و لە بەهێزییەوە و بۆ بەهێزتر بگۆردرێت."
 
رووداو: هەروەک دەزانن رۆژئاوای کوردستان لە چ دۆخێکدایە، ئایە پارتی کار دەتوانێت ئەوە مسۆگەر بکات کە کوردی رۆژئاوای کوردستان ئارامتر بژین و بەریتانیا ئەوان بپارێزێت؟ 
 
فەریال کلارک: کورد لە سووریا نەهامەتیی گەورەیان چەشتووە بۆ ماوەی چەندین ساڵ. هێرشی بەردەوامی وڵاتانی دەروبەریش یارمەتیدەر نەبووە. یەکێک لەوانە تورکیا کە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ناوچە کوردییەکان لە سووریا، کە من بەردەوام لە پەرلەمان باسم کردووە بەردەوامیش دەبم لە باسکردنی. پارتەکەم، پارتی کار ئاشتی دەوێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، منیش هەوڵدەدەم دڵنیاببمەوە کە ئەو ئاشتییە سەلامەتی و ئاساییشی کورد لە سووریا بگرێتەوە. من زۆر لەو کەسانەم لەگەڵدایە لە پەرلەمانی بەریتانیا کە هاوپەیمانی کوردی سووریان، لەگەڵ ئەوان تواناکانمان یەکدەخەین و هاوبەندیێک پێکدێنین بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی پرسی کوردی سووریا لە ئەجێنداکەدا باس بکرێت. دڵنیادەبمەوە لەوەی هەمیشە بگاتە شوێنی خۆی و گوێی لێبگیرێت.
 
رووداو: لە باکووری کوردستانیش هەروەک دەزانن چەندین ساڵە شەڕێکی دووروودرێژی چەکداری هەیە، دۆخی سیاسیش خراپە و ژمارەیەکی زۆر لە سیاسییەکان لە بەندیخانەن، پەیوەندی تورکیا و بەریتانیاش پەیوەندییەکی بەهێزە، پارتەی ئێوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی؟
 
فەریال کلارک: پێموایە پرسی کورد لە تورکیا یەکێکە لەوانەی کە چارەسەرەکەی زۆر دواکەوتووە و وا دەخوازێت کە ئەو وڵاتە، واتە تورکیا لەسەر ئەو پرسە کاربکات. حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی بەریتانیا داوایان لە تورکیا کردووە دان بە کورد دا بنێت و مامەڵەیەکی دادپەروەرانەیان لەگەڵدا بکات. هەر پڕۆسەیەکی ئاشتیش هەبێت، نەک تەنیا لە لایەن بەریتانیاوە، بەڵکو لە لایەن تەواوی جیهانەوە پێشوازیی لێ دەکرێت. هەبوونی تورکیایێکی ناسەقامگیر، لە بەرژەوەندیی هیچ کەسدا نییە. کاتێک تورکیا یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵانی خەڵکەکەی دەچەوسێنێتەوە و بەو بێ ڕێزی و شێوازە تووندە مامەڵە لەگەڵ زیاتر لە
20 ملیۆن کەسی وڵاتەکەی دەکات، لە بەرژەوەندیی هیچ کەسدا نییە. بۆیە بێگومان ئێمە پێشوازی لە پڕۆسەی ئاشتی دەکەین. ئەگەر تورکیا هەر هەنگاوێک بەرەو پڕۆسەی ئاشتی بنێت، دڵنیام پشتیوانیی زۆریان لێ دەکرێت، نەک تەنیا لە لایەن بەریتانیاوە، بەڵکو لە سەرانسەری جیهانەوە. ئەوان داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەن هەنگاو بنێت. لە بەرژەوەندیی ئەواندایە وڵاتێکی سەقامگیری ئارامیان هەبێت. بۆ من هەمیشە جێگەی پرسیارە کە بۆچی ئەوان هەوڵ نادەن پرسی کورد چارەسەر بکەن و دەست بە گفتوگۆی پڕۆسەی ئاشتی بکەن بۆ ئەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە لە تورکیا دروستبێت کە بە جۆرێک بێت، بتوانێت بەردەوامبێت و بمێنێتەوە.
 
رووداو: دۆخی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانیش خراپە، راپۆرتەکانی رێکخراوە مرۆییەکانیش رۆژانە باسی دەکەن، ئێوە چی دەکەن بۆ ئەوەی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان ببنە خاوەنی ماف؟ 
 
فەریال کلارک: بەداخەوە لە زۆر ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کورد هێشتاش رووبەڕووی چەوساندنەوە دەبێتەوە، ئێرانیش لەوە بەدەر نییە. کێشەکە ئەوەیە کە ئێران نایەوێت هاوئاهەنگی لەگەڵ هیچ کەسێکدا بکات. ئەو سزایانەی کە چەندین ساڵە بەسەریدا سەپێنراون، بە راستی یارمەتیدەر نەبوون. بەڵام بەهۆی ئەو هەڵبژاردنەی کە تازە لە ئێران کراوە، هیودارم کە نەک تەنیا بۆ خەڵکی ئێران، بەڵکو بۆ خەڵکی کوردیش ئاشتی و سەقامگیریی زیاتر ببینین.
 
رووداو: گرنگی بۆ بەریتانیا چییە کوردەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بگەن بە مافی خۆیان؟ بەریتانیا هیچ ستراتیژییەکی بۆ ئەوە هەیە؟
 
فەریال کلارک: ئەوە بۆ بەریتانیا زۆر گرنگە کە وڵاتانی ئارام هەبن بۆ ئەوەی کاری لەگەڵ بکات، هەروەها ئەوە لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتانە دایە کە پەیوەندییەکی باشییان لەگەڵ کوردەکان لە باکووری عێراق و لە کوردستان هەبێت. ئەو وڵاتانەی پێویستییانە بەوەیە کە لە ناوچەکە هاوپەیمانیان هەبێت. هیوا و ئاواتی گەلی کورد بریتییە لە هەبوونی دەوڵەت. بەڵام پێموایە کە لە بەرژەوەندی بەریتانیا دایە دەوڵەتێکی پێشکەوتوو و عەقڵانی هەبێت کە بتوانن گفتوگۆیان لەگەڵ بکەن و کاریان لەگەڵ بکەن، هەروەها پێموایە کە کوردەکان چەندین ساڵە ئەوەیان سەلماندووە کە ئەوانە هاوپەیمانی زۆر باشن بۆ رۆژئاوا و بۆ بەریتانیا".
 
رووداو: دەمەوێت پرسیارێکی تایبەتیشت لێ بکەم. دەتوانی بە کوردیش وەڵامی پرسیارەکەم بدەیتەوە، من دەزانم کە تۆ هەندێک کوردی دەزانیت و خەڵکی مەلاتیی. تۆ گوێ لە میوزیکی کوردی دەگریت؟ گوێ لە کێ دەگریت؟
 
فەریال کلارک: بەڵێ من گوێ لە گۆرانی کوردی دەگرم.
 
رووداو: حەزت بە دەنگی کامە هونەرمەندە؟
 
فەریال کلارک: "هونەرمەندێک هەیە ناوی رۆژدایە و من حەز بە دەنگی ئەو دەکەم".
 
رووداو: لە ماڵی ئێوە دایک و باوکت بە کوردی قسەی لەگەڵدا دەکردن؟ 
 
فەریال کلارک: بەڵێ، دایک و باوکم بە کورمانجی قسەیان لەگەڵدا دەکردین، بەڵام کورمانجییەکەی ئێمە کەمێک جیاوازە. دایک و باوکم بەردەوام بە کوردی قسەیان لەگەڵدا دەکردین، هەرچەندە کوردییەکە هی ناوچەیەکی تایبەت بوو، بەڵام کوردی هەر کوردییە.
 
رووداو: ئەو شێوەزارەی تۆ قسەی پێ دەکەیت هی مەلاتییە و من زۆر باش لەتۆ تێدەگەم. تۆ هەوڵدەدەیت کە منداڵەکانی خۆشت فێری کوردی بکەیت؟ 
 
فەریال کلارک: بەڵێ، بێگومان. براکەم بە کوردی و بە ئینگلیزی قسە لەگەڵ منداڵەکانم دەکات، منیش دەمەوێت دڵنیابمەوە لەوەی منداڵەکانم فێری کوردی دەبن. دەمەوێت دڵنیابمەوە لەوەی منداڵەکانم زمانی من وەردەگرن، هەروەها ناوی کوردیشم لە منداڵەکانم ناوە.
 
رووداو: فەریال خان تۆ هەرگیز هاتوویتەوە کوردستان و سەردانی هەرێمی کوردستانت کردووە؟
 
فەریال کلارک: یەک جار سەردانی ئەوێم کردووە لە ساڵی 2004، سەردانی ئامەد و نووسەیبینم کرد، بەڵام لەوکاتەوە نەگەڕاومەتەوە لە ساڵی 2004ـەوە. تەنیا یەک جار سەردانی ئەوێم کرد.
 
رووداو: سەردانی باشووری کوردستانت نەکرد؟ 
 
فەریال کلارک: نەخێر، تاوەکو ئێستا سەردانی ئەوێم نەکردووە، بەڵام سەردانی دەکەم، پێشتر منداڵەکانم بچووک بوون و نەمدەتوانی گەشت بکەم، بەڵام زۆر حەز دەکەم لە دوو ساڵی داهاتوو سەردانی بکەم.
 
رووداو: خۆشحاڵ دەبین بە هاتنی تۆ بۆ هەرێمی کوردستان. لە کۆتاییدا دەمەوێت بزانم پێشنیازی تۆ گەنجەکانمان لە ئەورووپا و بەریتانیا چییە بۆ ئەوەی زیاتر لەنێو سیاسەتدا چالاک بن؟ 
 
فەریال کلارک: من بە گەنجەکانمان دەڵێم، سیاسەت گرنگە، سیاسەت لە هەموو بەشێکی ژیانمان گرنگی خۆی خۆی. حەز و خولیاکانت هەرچییەک بن، بەڵام تکایە بەشداری لە سیاسەتدا بکەن، ئەو پارتەی ئێوە کاری تێدا دەکەن، پارتی کار بێت یان هەر پارتێکی دیکە بێت گرنگە ئەوەیە بەشداری سیاسەت بکەن و تێیدا چالاک بن و دڵنیابنەوە لەوەی هەموو کەسێک دەربارەی کوردەکان بزانێت.
 
رووداو: دەمەوێت دووبارە بگەڕێمەوە سەر بابەتی کۆچبەران، ئەوانەی کە دەگوترێت رەوانەی رواندا دەکرێن. ئایە ئەوان رەوانەی رواندا دەکرێن یان هەر لە بەریتانیا دەمێننەوە؟ 
 
فەریال کلارک: ئێمە بەدڵنیاییەوە رێگری لەوە دەکەین، یەکێک لەو شتانەی کە ئێمە بەڵینمان دا ئەوەبوو کە کۆچبەران رەوانەی رواندا ناکەین. لەوەتەی پارتی پارێزگاران ئەو پلانەی راگەیاند، تەنیا دوو کەس رەوانەی رواندا کراون، ئەوانیش بەشێوەیەکی خۆبەخشانە چوون، ئێمە بەهیواین کە ئەوانیش بگەڕێندرێنەوە و هیچ کەسێک مافییان پێشێل نەکات.
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ خاتوو فەریال کلارک کە لە بەریتانیاوە میوانمان بوو. زۆر سوپاس.
 
فەریال کلارک: خۆشحاڵ بووم کە میوانی ئێوە بووم، هیوادارم دووبارە ببمەوە میوانتان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 جۆن کێربی، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا و گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا، کە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن لەگەڵی کردووە

جۆن کێربی بۆ رووداو: داعش هەوڵدەدات بەشێک لە تواناکانی خۆی بەدەستبێنێتەوە

جۆن کێربی، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا و گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا، کە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن لەگەڵی کردووە، رایگەیاند، داعش بەراورد بە ساڵی 2014 لاواز بووە، بەڵام هێشتا رێکخراوەکە "توانادار و تووندوتیژە". هەروەها دەڵێت، "داعش هەوڵدەدات بەشێک لە تواناکانی خۆی بەدەستبێنێتەوە".