بەربژێری ئاکپارتی بۆ شارەوانیی شرنەخ: کوالێتیی نەوتی شرنەخ لە نەوتی کەرکووک باشترە

رووداو دیجیتاڵ

بەربژێری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بۆ سەرۆکی شارەوانیی شرنەخ بە رووداوی راگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا "بەڕاستی گەلی کوردی زۆر خۆشدەوێت، تەنانەت زۆر ئێوەی خۆشدەوێت، کوردستانی عێراقی خۆشدەوێت." 
 
مەهمەت یارکا، بەربژێری ئاکپارتی بۆ سەرۆکی شارەوانیی شرنەخ لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ـی تۆڕی میدیایی رووداودا لە شرنەخ بە نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری بەرنامەکەی راگەیاند، ساڵی 2019 ئاکپارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە شرنەخ براوە بوو و لەوکاتەوە دەستیکردووە بە خزمەتکردنی شارەکە و رەجەب تەیب ئەردۆغانیش پاڵپشتیکارێکی گەورە بووە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆجێیی بتوانێت بە سەرکەوتوویی کارەکانی راپەڕێنێت. 
 
بەربژێرەکەی ئاکپارتی ئاماژەی بەوە کرد کوردە و شانازی بە کوردبوونییەوە دەکات و گوتی، "چوومە بەلجیکا و گوتم کوردم و لە هەڵبژاردن دا لەسەر لیستی ئاکپارتی سەرکەوتنم بەدەستهێناوە، بەڵام بڕوایان نەدەکرد". 
 
لەبارەی ئەگەری بایەخدانی زیاتر بە زمانی کوردی، مەهمەت یارکا رایگەیاند "ئێستا هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ زمان نییە. ئەگەر بچیت بۆ دادگە، بچیت بۆ داواکاری گشتی، دەتوانیت بە کوردی قسە بکەیت؛ هیچ کێشەیەک نییە. لە هەندێک لە زانکۆکان دا خوێندنی کوردی هەیە و هیچ کێشەیەکی زمان نییە". 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:

رووداو: رکابەریی تووند لەسەر پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانیی شرنەخ هەیە. پڕۆژەتان بۆ خەڵکی شرنەخ چییە؟
 
مەهمەت یارکا: سەرەتا تۆ و تیمەکەی کە لەگەڵتن، تیمی تۆڕی میدیایی رووداو، زۆر بەخێربێن. ناوچەی شرنەخ 5 ساڵ پێش ئێستا زۆر کێشەی هەبوو بە جۆرێک 65٪ـی شرنەخ وێران ببوو. هاتنی ئێمە بۆ شرنەخ لە ساڵی 2019ـدا بوو. لە هەڵبژاردنی 2019 خەڵک دەسەڵاتی بە ئێمە دا. کارەساتی زۆر گەورە روویاندا، چ لە تورکیا و چ لە جیهان. ئەو هەموو کارەساتە روویاندا، بەڵام ئێمە لە شرنەخ لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە بە تەواوی پشتگیریمان لێ کرا. شارەوانیی پێشوو هیچ خزمەتێکی نەکرد.   
 
رووداو: بەڕێز مەهمەت، بۆ یەکەمین جار ئاکپارتی لە شرنەخ شارەوانی بەدەستهێنا لە سەردەمی تۆدا بوو کە ساڵی 2019 بوو. ئەوکات، تەنانەت بە بیرم دێت رەجەب تەیب ئەردۆغان زۆر دڵخۆش بوو و گوتی، ئیستەنبووڵ چوو، بەڵام شرنەخمان بەدەستهێنا. بۆچی شرنەخ ئەوەندە بۆ ئاکپارتی گرنگە؟
 
مەهمەت یارکا: ئێستا ئاکپارتی... با بەم شێوەیە بڵێم، سەرۆککۆمارمان بەڕاستی گەلی کوردی زۆر خۆشدەوێ، تەنانەت زۆر ئێوەی خۆشدەوێت، کوردستانی عێراقی خۆشدەوێت. هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان هەموو کەسی خۆشدەوێت. شرنەخ چەندین ساڵ بەهۆی تیرۆرەوە دواکەوت، بەڵام حکومەتی ئاکپارتی هیچ کاتێک ئەوەی نەگوتووە کە ئەو کەسەی دەنگی نەدا بە من، ئەو کەسە لەگەڵم نییە. ئاکپارتی لە هەر کوێ بووبێت خزمەتی کردووە. پێشتر خزمەتی ئێرە دەکرا، بەڵام بەداخەوە نەیاندەهێشت، کێشەیان دروست دەکرد و خەڵکیان دەترساند؛ ئێستا کێشە نەماوە. ئێستا شرنەخ بووەتە شوێنێکی ئارام. رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆمارمان دەڵێت، دوای ئەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە گەڕایەوە، پێویستە کەموکورتییەکان و کێشەکانی خەڵکیش چارەسەر بکەین. بۆچی لە قەیسەری، ئەدەنە، مێرسین، ترابزۆن، ئاماسیا و چۆرووم خۆشی هەبێت، بەڵام لە ناوچەکەی ئێمە ناخۆشی هەبێت؟ چەندین ساڵ بوو ئەم خەڵکە دەنگی بەو کەسانە دەدایەوە؛ هەدەپە بوو، زۆر ناویان گۆڕی، ئێستا دەم پارتییە. بە بۆچوونی من، ئەوانە بۆ ئەم کارە نابن.
 
رووداو: دەم پارتی لێرە لە شرنەخ رکابەرێکی بەهێزە. لەو بڕوایەدان لەم هەڵبژاردنەدا سەردەکەونەوە؟
 
مەهمەت یارکا: ئێمە سەرکەوتوو دەبین؛ ئەوان سەرکەوتوو نابن.
 
رووداو: هۆکاری ئەو بڕوابەخۆبوونەی ئێوە چییە؟ کە دەڵێن سەرکەوتوو دەبین.
 
مەهمەت یارکا: بە رۆژ و بە شەو تاوەکو کاژێر 2 یان 3ی بەرەبەیان لەنێو خەڵک دا لە شرنەخ دەگەڕێین. خەڵک دەڵێت، 'ئیدی بەسە.' خەڵک کار و خزمەتی ئەم پێنج ساڵەی لەبیرە کە پێشکێشمان کردووە. بۆ نموونە، کاتێک لە گەڕەکێکەوە دەچینە گەڕەکێکی دیکە و شتێکی نوێ روویداوە، دەی خەڵک دەزانن و پێم دەڵێن. ئەوان تاقی کرانەوە و هیچ خزمەتێکیان نەکرد. خەڵک چاوی کراوەیە و دەڵێن، پێویستیمان بە ئایدیۆلۆژیا نییە بەڵکو خزمەتمان دەوێت. سەیربکەن، 94٪ـی خەڵکی شرنەخ گازی سرووشتیی هەیە، ئەمەش رێژەیەکی بەرزە. دووبارە دەیڵێمەوە، خودا لە سەرۆککۆمارمان رازی بێت، لە شرنەخ زۆر پشتگیری ئێمەی کرد. ئێستا دەبینین دۆخمان زۆر جیاوازە و ئەوەش خەڵک وادەڵێت، نەوەک ئێمە. کاتێک دەچینە نێو خەڵک، پێمان دەڵێن، هەر لەئێستاوە بەخێر و خۆشی بێن؛ پێمان دەڵێن ئەگەر هیچ کارێکیش نەکەن، هەر بەخێر و خۆشی بێن، بەڵام ئێمە وا ناکەین؛ ئێمە هاتووین خزمەت بکەین. ئێستا شارەوانی ئەوەیە و ئەرکیشی هەیە. شارەوانی ئەوە نییە بچیت شوێنێک خراپ بکەیت، شوێنێک تێکبدەیت، شتی ناپەیوەندیدار بکەیت. بەردەوام دەڵێم، لە شارەوانی دا ئەگەر دەسەڵات پشتیوانیت بکات، دەتوانی کار بکەی؛ ئەگەر پشتیوانیت نەکات، ناتوانی کاری باش بکەیت. داهاتی شارەوانیی شرنەخ لە حکومەتی ناوەندییەوە دێت؛ هەروەها بە پڕۆژەکانمان خزمەت پێشکێشی شارەکە دەکەین.
 
رووداو: باشە، ئێوە بەنیازن شتێک بۆ زمانی کوردی بکەن؟ بینیم ئەم باڵەخانەیە نوێیە و بە کوردی لەسەری نووسراوە شارەوانیی شرنەخ. ئێوە وەک سەرۆکی شارەوانی لە ساڵانی رابردوودا هیچ پڕۆژەیەکتان بۆ زمان هەبووە؟ هەروەها بۆ ساڵانی داهاتوو پڕۆژەتان بۆ زمانی کوردی دەبێت؟ بەنیازن شتێک بۆ زمانی کوردی بکەن؟
 
مەهمەت یارکا: برای بەڕێز، ئێستا هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ زمان نییە. ئەوەتا من پێت دەڵێم، منیش کوردم و چوومەتە ئەورووپا، چوومە بەلجیکا و گوتم کوردم و لە هەڵبژاردن دا لەسەر لیستی ئاکپارتی سەرکەوتنم بەدەستهێناوە، بەڵام بڕوایان نەدەکرد. شانازی بە کوردبوونمەوە دەکەم و ئەمڕۆ لە هەموو دەزگە فەرمییەکاندا لە تورکیا، ئەگەر بچیت بۆ دادگە، بچیت بۆ داواکاریی گشتی، دەتوانیت بە کوردی قسە بکەیت؛ هیچ کێشەیەک نییە. لە هەندێک لە زانکۆکان دا خوێندنی کوردی هەیە و هیچ کێشەیەکی زمان نییە. ئەوانی دیکەن بابەتی زمان گەورە دەکەن، بەڵام ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەو بوارەدا نییە؛ نە خۆمان و نە پارتەکەمان.
 
رووداو: با بچینە سەر نەخشەی شرنەخ. پێش چوار ساڵ کە بوویت بە سەرۆکی شارەوانی، شرنەخ چۆن بوو و ئێستا چۆنە؟
 
مەهمەت یارکا: شرنەخی کۆن دیارە. زۆر شوێن و گەڕەکی نوێ دروستکراون. پێشتر لە دەوروبەری شاری شرنەخ پڕۆژە و بیناسازی نەبوو، بەڵام ئێستا لەو شوێنانەش هەیە. هەندێک شوێنی نوێ هەن لێرە (لەسەر نەخشە) دیار نین، لەبەرئەوەی هێشتا نەخشەکەمان نوێ نەکردووەتەوە. ئێستا شرنەخ زۆر گەورە بووە و زۆر پێشکەوتووە، خەڵک خانوو دروست دەکات، وەبەرهێنان دەکات و ئەوانەی پێشتر لەبەر کێشە دەچوونە دەرەوە، ئێستا لە ئەدەنە، ئەنقەرە، مێرسێن و لە ئیستەنبووڵەوە دەگەڕێنەوە، چونکە ئەمڕۆ توانای ئابووری لێرە بەرزە؛ لێرە نەوتمان هەیە. کواڵێتی نەوتی کەرکووک 41 گراڤیتە، ئەوەی باتمان 15 و ئەوەی ئێمە 46 دەبێت. ئێستا بەرهەمی رۆژانەی نەوت لە شرنەخ دەگاتە نزیکەی 40 هەزار بەرمیل، پشت بەخودا تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ واتە ساڵی 2024، ئامانجمانە بیگەیێننە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێک دا.
 
رووداو: خێر و سوودی نەوتەکە بۆ خەڵکی شرنەخیش دەبێت؟
 
مەهمەت یارکا : زۆر. شتێک گەلەکەمان داوای بکات، ئێمە دەیکەین. ئەمە وێنەی ساڵی 2016ـی شرنەخە (وێنەکە پیشان دەدات)؛ ئەمە لەبیر ناکرێت، ماڵمان وێران بوو. لەبەر ئەمەیە گەل دەڵێت 'ئیدی بەسە.' خەڵک دڵخۆشی دەوێ، ئارامی دەوێ؛ ئەو دڵخۆشی و ئارامییەش بە ئێمە دەکرێت.
 
رووداو: بەڕێز یارکا، خۆت ویستت ببیتە بەربژێر بۆ سەرۆکی شارەوانی یان ئاکپارتی داوای لێکردی؟
 
مەهمەت یارکا: گەلی ئێمە داوای کرد و منیش پەسندم کرد.