فەلاح مستەفا: دۆستەکانمان دەیانەوێت پەیوەندییەکی باش لەنێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت

18-02-2023
سۆران حوسێن
فەلاح مستەفا
فەلاح مستەفا
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە بەشداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ماوەی دوو رۆژە بەردەوامە. لە کۆنفرانسەکەدا نێچیرڤان بارزانی چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان ئەنجام داوە. راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە دەڵێت، کۆبوونەوەکانیان ئەمڕۆ و سبەی بەردەوام دەبن. بە گوتەی ئەو، وڵاتان بە گرنگەوە دەڕواننە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
 
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا، کە یەکێکە لە گەورەترین سەکۆی گفتوگۆکردنی ئاسایش لە جیهاندا دوێنێ (هەیینی، 17-2-2023) دەستی بە کارەکانی کرد و سبەی یەکشەممە کۆتایی بەکارەکانی دەهێنێت. لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کورستان، رۆژی شەممە 18-2-2023، فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە لە هەڤپەیڤێنێکدا کە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا لەگەڵی ئەنجامیدا، باسی لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکان و گرنگیی دیدارەکان کرد. 
 
فەلاح مستەفا دەڵێت، دۆستانی گەلی کوردستان و هەرێمی کوردستان خوازیاری ئەوەن پەیوەندییەکی باش لەنێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت؛ دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا دەیانەوێت لە پرسە گرنگەکان ئاگاداریان بکەنەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ فەلاح مستەفا:
 
رووداو: دەمانەوێت بزانین بەرپرسانی باڵا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی چی دەکەن؟
 
فەلاح مستەفا: بێگومان وڵاتان بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن، دەیانەوێت دوایین زانیاری لەسەر دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و ئاستەنگییەکانی نێوانییان بزانن. ئەوان دەیانەوێت بزانن لە ئاستی دووقوڵیدا دەتوانن چی بکەن و چۆن ئەو پەیوەندییانە بەرەو پێشەوە ببەن.
 
رووداو: جۆزێپ بۆرێڵ لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانمان باسی کێشەکانی پارتی و یەکێتی کردووە؛ بۆ ئەوە چی داوایەکی هەبوو؟
 
فەلاح مستەفا: هەموو دۆستانی گەلی کوردستان و هەرێمی کوردستان خوازیاری ئەوەن سەقامگیری و پەیوەندییەکی باش لەنێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت بۆ ئەوەی پێکەوەش بتوانن لەسەر ئەو کێشانە گفتوگۆ بکەن کە لەگەڵ بەغدا هەن.
 
رووداو: ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجان باسی چیتان کرد؟
 
فەلاح مستەفا: پەیوەندییەکی لەمێژینە هەیە، نەوەکو پەیوەندییەکی فەرمی، لەبەرئەوەی کوردی زۆر لە ئازەربایجان دەژین. باس لە ئەگەری کردنەوەی کۆنسوڵخانەیان لە هەرێمی کوردستان کرا و باسیش لە هاندانی کۆمپانیاکان بۆ کاری هاوبەش و بواری دیکەش کرا بۆ بەرەپێشبردنی پەیوەندییەکان.
 
رووداو: سەرۆکی ئازەربایجان سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتی باکۆ کرد؟
 
فەلاح مستەفا: بەڵێ، گوتی: "خۆشحاڵ دەبین لەوێ بتانبینین بۆ ئەوەی دەرفەتێک بێ بۆ بینینی وڵاتەکە و باسکردنی چۆنییەتی بەرەپێشبردنی پەیوەندییەکان و دیداری کۆمەڵگەی کوردیش لەو وڵاتە، کە شانازیان پێوە دەکەین و رۆڵیان باش بووە و پێمان خۆشە، لە رێگەی بزنسەوە کە بووە بە پردی پەیوەندیی، ئەو پەیوەندییانە بکەینە پەیوەندی فەرمی".
 
رووداو: لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، بەریتانیا، کوێت و ئوردن و چەندین وڵاتی دیکە کۆدەبنەوە. دوێنێ و ئەمڕۆش ئەمریکا بایەخی زۆری پێدان. ئەمریکا داوای چی دەکات؟
 
فەلاح مستەفا: پرسەکە تایبەت بە داواکردن نییە؛ دەرفەتێکە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری دوایین پەرەسەندنەکان بین؛ ئەو پرسانەی کە بۆ ئێمە گرنگن ئەمریکایان لێ ئاگادار دەکەینەوە، هەروەها ئەمریکاش لە سیاسەت، هەڵوێستیان و بەرنامەی ئاییندەیان ئاگادارمان بکەنەوە تاوەکو بتوانین لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەی کە لەگەڵ عێراق لە چواچێوەی دیالۆگی ستراتیژییدا هەیانە، هەرێمی کوردستانیش سوودمەند بێت. باسی ئەوە دەکرێت چۆن ئەو پەیوەندییانە بەرەوپێش ببەین. بێگومان پرسی ئاشتی و سەقامگیریی و بەردەوامی شەڕی داعش، پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و کولتوورییەکان و هەبوونی هاوپەیمانان، هەموو ئەو پرسانەن کە قسەیان لەبارەوە دەکرێت. بەڵام بەگوێرەی پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانە، وەکو پرسەکانی کۆچ یان کەمپی ئاوارەکان و شنگال، بەگوێرەی کۆبوونەوەکان و تایبەتمەندییەکانی باس دەکرێن.
 
رووداو: دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، قەیرانی وزە روویکردووەتە ئەوروپا. بۆیە ئەوروپا هەوڵی جێگرەوەی رووسیا دەدات.  سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا بە رووداوی گوت کە باسی وزەیان لەگەڵ کردوون. ئایا عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن ببنە جێگرەوەیەک بۆ ئەوروپا؟
 
فەلاح مستەفا: بۆ ئێمە پرسی ئاسایشی وزە گرنگە، بەڵام بەرلەوە بۆ ئێمە {گرنگە} حکومەتی هەرێمی کوردستان یان لەنێو هەرێمی کوردستان یەک هەڵوێستی و کارکردن بە بەرنامەیەک لەگەڵ بەغدا {هەبێت} بۆ ئەوەی بتوانین سوود لەو سامانە سرووشتییە وەربگرین بۆ زیاتر پەرەپێدانی وڵات. ئەوەی هەیە تاوەکو ئێستا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی نێوخۆییە و دواتریش بە هاوکاری هەولێر و بەغدا لەگەڵ تورکیا دەکرێت بتوانین هاوکاربین لەو پرسە جیهانییەدا.
 
رووداو: کۆبوونەوەکانتان بەردەوام دەبن؟
 
فەلاح مستەفا: ئەمڕۆ و سبەی کۆبوونەوەکانمان بەردەوام دەبن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە