رووداو دیجیتاڵ
جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن رەتیدەکاتەوە بنکەی سەربازییان لە کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان هەبێت، دەشڵێ "لەم ئیدارەیەدا پلانیشمان نییە بۆ دامەزراندنی بنکە."
لە ژووری کۆنفرانسی رۆژنامەوانیی پێنتاگۆن، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو لەبارەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، ئەرکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، روانگەی ئەمریکا بۆ دەستەی تەحریر شام (هەتەشە)، دەنگۆی دامەزراندنی بنکەی ئەمریکا لە کۆبانێ، هەروەها حەشدی شەعبی و ئێران قسەی کرد.
سابرینا سینگ لە گوتەکانیدا جەختی کردەوە لەوەی ئەمریکا 900 سەربازی سەرەکیی لە سووریا دا هەبووە و لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیش، "هیچ گۆڕانکارییەک لە پێگەی هێزەکانمان لە سووریا رووینەداوە."
لەبارەی بوونی بنکەی سەربازی لە کۆبانێ کە زۆر راپۆرت باسی بوونی "بنکەی کاتیی ئەمریکا" دەکەن جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن جەختی کردەوە لەوەی "دەتوانم بەدڵنیاییەوە پێت بڵێم؛ ویلایەتە یەکگرتووەکان لەژێر ئەم ئیدارەیەدا نە پلانێکی هەیە بۆ دامەزراندنی بنکە و نە بنکەشی هەیە لە ناوچەی کۆبانێ دا."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن:
رووداو: با لە سووریاوە دەستپێبکەین. ئەمریکا لەم دواییانەدا هێزی زیاتری ناردووەتە سووریا، ئەمەش دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد بوو. چی وایکرد ئەم بڕیارە بدەن و بۆچی ئەم هێزانەتان ناردووەتە سووریا؟ رۆڵیان چییە و تاوەکو کەی لەوێ دەمێننەوە؟
سابرینا سینگ: دەبێت کەمێکت بۆ راست بکەمەوە. ئێمە لە مێژە ئەو هێزانەمان لەوێن، زۆر پێش رووخانی بەشار ئەسەد...
رووداو: مەبەستت لەو 2000 هێزەیە؟
سابرینا سینگ: راستە، ئەوانەمان هەبوو...
رووداو: من باسی هێزە زیادکراوەکان دەکەم، 1100 سەربازەکە.
سابرینا سینگ: ئەو هێزانە، ئەو ژمارەیەی تۆ باسی دەکەیت، ئەو 2000 سەربازە چەند ساڵێکە لەوێن. ئێمە 900 سەربازی سەرەکیمان هەبووە کە هەمیشە بەشی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنی تێکشکاندنی داعش بوون لە سووریا. جار جار ژمارەی هێزەکانمان زیاد کردووە بۆ ناوچەکە بەگوێرەی گۆڕینی تواناکان. هەندێک جار کارمەندەکانمان گۆڕیوە، کاتێک دێن و دەڕۆن، جار جار دووبارەبوونەوە هەیە. بۆیە هەندێک جار زیادبوونی سەربازت بینیوە، بەڵام ئەو ژمارەیە هیچ کات لە وەڵامی رووخانی ئەسەددا نەبووە. ئەو 2000 سەربازەی لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکانی پێنتاگۆندا لێرە باسمان کردووە، بۆ ماوەیەکی درێژ ژمارەیەکی جێگیر بووە و وەڵامدانەوە نەبووە بۆ رووخانی ئەسەد.
رووداو: کەواتە تۆ پێمدەڵێیت ئەو 2000 سەربازە تەنانەت پێش رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدیش لە سووریا بوون؟
سابرینا سینگ: راستە، ئەمە شتێکی راگەیێندراو بووە. لە وەڵامدانەوەی رووخانی ئەسەددا نەبووە، هیچ گۆڕانکارییەک لە پێگەی هێزەکانمان لە سووریا یان عێراق رووینەداوە و هیچ گۆڕانێکیش لە ئەرکەکانمان لەو دوو وڵاتەدا نەبووە. ئەرکەکان تێکەڵن و ئەو ئەرکەش، کە دڵنیام تۆ و بینەرانیش ئاگاتان لێیەتی، ئەرکی تێکشکاندنی داعشە. بۆیە توخمی سەرەکی و هۆکاری بوونی هێزەکانمان لە سووریا و ئەو 2000 سەربازەی باسی دەکەیت، بۆ دڵنیابوونە لە تێکشکاندنی بەردەوامی داعش.
رووداو: کەواتە ئێستا 2000 سەربازتان هەیە. چەند بنکەتان لە سووریا هەیە؟ هیچ بنکەیەکتان لە کۆبانێ هەیە، کە راپۆرتی زۆر باس لە بنکەی کاتیی ئەمریکا دەکەن لە کۆبانێ؟ یان دەتوانی هیچ زانیارییەکمان لەوبارەیەوە پێبدەیت؟
سابرینا سینگ: سەبارەت بە کۆبانێ، دەتوانم بەدڵنیاییەوە پێت بڵێم ویلایەتە یەکگرتووەکان لەژێر ئەم ئیدارەیەدا نە پلانێکی هەیە بۆ دامەزراندنی بنکە و نە بنکەشی هەیە لە ناوچەی کۆبانێ. سەبارەت بە شوێنی پێگەکانمان لە ناوچەکەدا، ناتوانم ژمارەیەکی دیاریکراوت پێبدەم، بەڵام دەتوانم پێت بڵێم لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریاین. ئەوە، ئەو شوێنەیە کە لە دەیەی رابردوودا هەمیشە لەوێ بووین. لەوێوە هێزەکانمان کار دەکەن کاتێک کارەکە پەیوەندیی بە ئەرکی بەردەوامی تێکشکاندنی داعشەوە هەیە. بەڵام لەم ئیدارەیەدا، ئیدارەی بایدن وهاریس، نە پلان هەیە و نە کارێکی بەردەوامیش هەیە بۆ دامەزراندنی بنکەی ئەمریکی لە ناوچەی کۆبانێ.
رووداو: تۆ گوتت لە سووریان بۆ تێکشکاندنی داعش، بەڵام هاوبەشێکتان لە سووریا هەیە کە لەگەڵتان داعش تێکدەشکێنن، ئەو هێزانە بەهۆی هەڕەشەی دیکەوە سەرقاڵ کراون کە لە گرووپەکانی نزیک لە تورکیا و هاوپەیمانەکەتان لە ناتۆ، واتە تورکیاوە دێت. بەدواداچوونم کردووە کە وەزیر ئۆستن (لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا) چەند جارێک لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی بە تەلەفۆن قسەی لەو پرسە دا کردووە. ئایا لەگەڵ تورکیا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک سەبارەت بە کێشەکانیان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات و هاوبەشەکانتان لە سووریا؟ چونکە راستە ئێوە لەوێ نین بۆ پاراستنیان، بەڵام ئەوان یارمەتیتان دەدەن لە تێکشکاندنی داعش، کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئەرکەکەتان هەیە لەوێ.
سابرینا سینگ: گرنگە بیرمان بێت کاتێک باسی ئەرکی تێکشکاندنی داعش دەکەین، ئێمە بەشێکین لە هاوپەیمانییەکی جیهانی. ئەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییە وڵاتانی سەرانسەری جیهان لەخۆدەگرێت کە تێدەگەن هەرچەندە داعش وەکو دەیەیەک لەمەوبەر هەڕەشە نییە، بەڵام هێشتا هەڕەشەیە. ئێوە ئەوەتان لێرە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بینی کاتێک هێرشەکەی نیو ئۆرلیانزمان بینی، کە هێرشکەرەکە لەلایەن داعشەوە هاندرابوو. داعش بڵاودەبێتەوە و بۆ گەیشتن بە خەڵک رێگە دەدۆزێتەوە، چ لە وڵاتان بێت یان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە. بۆیە با بگەڕێمەوە بۆ پرسیارەکەت لەسەر چۆنیەتیی ئەرکەکەمان و تەلەفۆنەکانی وەزیر (ـی بەرگریی ئەمریکا) لەگەڵ تورکیا و هاوتاکەی. پێموایە هەمووان تێدەگەن و بێگومان رۆڵێکیان هەیە لێرەدا بۆ دڵنیابوون لەوەی داعش جارێکی دیکە نەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی دەیەیەک لەمەوبەر. تورکیا تێدەگات، ئێمەش لەو هەڕەشانە تێدەگەین کە رووبەڕووی تورکیا دەبنەوە، بەڵام ئەوەی لەگەڵ تورکیا کردوومانە و بینیوتانە وەزیر کردوویەتی، پەیوەندییەکی کراوەیە و هەرچەندە ناتوانم باسی ئەوە بکەم کە ئیدارەی داهاتوو چ بڕیارێک دەدات، تەنیا دەتوانم باسی ئەم ئیدارەیە بکەم. زۆر بە روونی دیاریمان کردووە مەبەست و ئەرکەکەمان جەختی لەسەر ئەرکی تێکشکاندنی داعش کردووەتەوە و هاوبەشمان لەو ئەرکەدا هێزەکانی سووریای دیموکراتە و، بێگومان لەگەڵیشیدا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییش.
رووداو: کەواتە کاتێک هاوبەشەکانتان لە سووریا هەڕەشەیان لێدەکرێت لەلایەن گرووپەکانی دیکەی نێو سووریا، ئایا لەبەرژەوەندیی ئێوەدایە بیانپارێزن یان قسە لەگەڵ وڵاتانی دیکە و هاوپەیمانە ناتۆییەکەتان بکەن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست، بۆ ئەوەی بتوانن جەخت لە ئەرکەکەتان بکەنەوە لە سووریا؟
سابرینا سینگ: پێموایە بەشێک لەوەی تۆ ئاماژەی پێدەکەیت ئەو گرژییانەیە کە لە ناوچەی کۆبانێ سەریان هەڵداوە. ئێستا دەبینین رێککەوتنێک یان لێکتێگەیشتنێک لەنێوان هەردوولادا هەیە و تا رادەیەک راوەستانی تووندوتیژیمان لەو ناوچەیەدا بینیوە. بۆیە پێشوازی لەوە دەکەین. کاتێک بابەتەکە پەیوەندیی بە هەڕەشەکانی دیکەوە هەیە دژی هاوبەشەکانمان و هێزەکانی دیکەی ناوچەکە، بێگومان ئێمە ئەوە بەجیددی وەریدەگرین، بەڵام ناتوانین رێگە بدەین لە ئەرکەکەمان دوورمان بخاتەوە، کە دڵنیابوونە لەوەی داعش ناتوانێت جارێکی دیکە سەرهەڵبداتەوە و هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا بکات، هەڕەشە لە هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکە بکات و هەڕەشە لە نیشتمانەکەمان بکات، بۆیە ئێمە لە سووریاین.
رووداو: ئێستا لە سووریا، توخم و گرووپی جیاوازمان هەن کە دیمەشق بەڕێوەدەبەن، کاتێکیش باسی حکومەتی نوێی دیمەشق دەکەین، سیستمی بەرگریی نوێمان هەیە. را و بۆچوونتان لەبارەی سیستمی بەرگریی نوێی سووریا چییە، کە هەتەشە سەرکردایەتی دەکات؟ ئایا هیچ نیگەرانییەکتان نییە لەبارەی شەڕکەرە بیانییەکانی نێو ئەو گرووپە، کە لەم دواییانەدا هەندێکیان پلەیان بەرزکراوەتەوە و پۆستی باڵایان لە وەزارەتی بەرگری و سیستمی بەرگریی نوێی سووریا وەرگرتووە؟
سابرینا سینگ: پێموایە گرنگە لە یادمان بێت گەلی سووریا قسەی خۆیان هەیە لەسەر ئەوەی چۆن حکومەت و وڵاتەکەیان بەڕێوەدەبرێت. ئێمە خۆمان لەو پرۆسەیە دوور ناخەینەوە. بەڵام لە کۆتاییدا گەلی سووریا داهاتووی وڵاتەکەیان دیاری دەکەن. لەگەڵ ئەم حکومەتە نوێیەی پێکدێت، دەبێت جەخت لەوە بکەمەوە زۆر نوێیە و، سەرکردەکانی هەتەشە هەموو شتە راستەکان دەڵێن، بەڵام دەبێت کردەوەکان لەگەڵ قسەکانیاندا یەکبگرنەوە. بینیتان شاندێکی ئەمریکی چوو و دیداری لەگەڵ ئەم سەرکردایەتییە کرد. خۆزگە دەمتوانی ئێستا بە روونی پێت بڵێم داهاتووی سووریا چۆن دەبێت، بەڵام هێشتا لەگەڵ ئەمەدا نوێین، بە تایبەتی لەوەدا ئەم حکومەتە چۆن پێکدێت و چۆن یەکدەگرێتەوە. بۆیە بۆ وەڵامی پرسیارەکەت پێموایە دەبێت چاوەڕێ بکەین و ببینین ئەم حکومەتە چۆن دەبێت، بەڵام لەکۆتاییدا دەکەوێتە سەر گەلی سووریا کە ئەوە دیاری بکەن.
رووداو: بەپێی ئەوەی هەتەشە تاوەکو ئێستا کردوویەتی، مانگێک تێپەڕیوە.
سابرینا سینگ: راستە، مانگێکە. بەڵێ، مانگێکە. بۆیە پێمانوایە گرنگە ئەوەمان لەبیر بێت.
رووداو: بەڵێ، کەواتە هیچ نیگەرانییەکتان نییە لەبارەی ئاسایشی داهاتووی ئەو وڵاتە؟
سابرینا سینگ: بێگومان، هەمانە.
رووداو: هەتەشە لە بەرەی نوسرەوە هاتووە و پەیوەندییان بە قاعیدەوە هەبووە...
سابرینا سینگ: ئێمە، بە ئاشکرا گوتوومانە دەرفەتێکی گەورە لە سووریا هەیە و مەترسییەکی گەورەش هەیە، دەکرێت هەردووکیان لە هەمان کاتدا یەکسان بن. دەرفەتەکە بۆ داهاتوویەکی دیموکراتی هەیە، یان ئەو داهاتووە چۆن دەبێت، بەڵام دەبێت لەلایەن گەلی سووریاوە بڕیاری لەسەر بدرێت. مەترسییە گەورەکە ئەوەیە دەزانین گرووپگەلی وەک داعش سوود لە دۆخی وا وەردەگرن، لەو دۆخانەی سەرکردایەتییەکی روون نییە و لەوانەیە ئاژاوە هەبێت. ئەوە ئەوەیە کە نامانەوێت بیبینین. بۆیە ئێمە لە سووریاین و بۆیە بوونمان لە سووریا زۆر گرنگە. بۆ دڵنیابوونە لەوەی داعش ناتوانێت سوود لەو ساتە وەربگرێت کە گەلی سووریا داهاتووی خۆیان دیاری دەکەن. دەبێت رێگەیان پێبدەین ئەوە بکەن.
رووداو: هەندێک گفتوگۆ لەنێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات، هاوبەشەکانتان، هەیە. ئایا پشتیوانی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن بۆ چوون بۆ دیمەشق و گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی بەشداریکردنیان لە سیستمی بەرگریی نوێی سووریا؟ ئایا ئەمە شتێکە پشتیوانی لێدەکەن؟ یارمەتییان دەدەن بۆ بوون بە بەشێک لەو سیستمە بەرگرییە نوێیە، یان هێشتا پێتانوایە زووە بۆ ئەو بڕیارە؟
سابرینا سینگ: پێموایە ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە تەنیا دەتوانم لەبری ئەم دامەزراوەیە قسە بکەم، بەڵام ناتوانم لەبری هێزەکانی سووریای دیموکرات قسە بکەم لەسەر بیرکردنەوەیان لەم پرسەدا.
رووداو: ئەم دامەزراوەیە چۆن بیر لەم پرسە دەکاتەوە؟
سابرینا سینگ: ئەم دامەزراوەیە چۆن بیر لەم پرسە دەکاتەوە؟ لە رێگەی ئەرکەکەمانەوە. جا ئەرکەکەمان هێشتا نەگۆڕاوە. بۆیە کاتێک پەیوەندی بە ئەرکی تێکشکاندنی داعشەوە هەیە، بێگومان بەرژەوەندیی خۆمان لەوەدایە دڵنیابین داعش ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ خاڵێک کە هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا بکات و ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیمان. بۆیە هەموو شتێک دەکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو ئەرکە لەم ئیدارەیەشدا بەردەوام دەبێت. دەزانیت، پێموایە دەبێت هێزەکانی سووریای دیموکرات بڕیار بدەن داهاتوویان چۆن دەبێت لەم حکومەتە نوێیەی پێکدێت. ئەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان نییە بڕیار لەوە بدات. ئەوەی دەتوانم بیڵێم و دەتوانم لەبری هێزەکانی سووریای دیموکرات قسەی لەسەر بکەم، هاوبەشایەتیمانە لە تێکشکاندنی داعشدا. دەیڵێمەوە، تۆ گوتت ئەم حکومەتە تەمەنی مانگێکە. بەڵێ تەمەنی مانگێکە، بۆیە دەبێت رێگە بدەین شتەکان بەردەوام بن و دەربکەون. پێموایە تۆ هەموو پرسیارە راستەکان دەکەیت. ئێمەش هەمان ئەو پرسیارانەمان هەن.
رووداو: باشە، ئەگەر بڕیارەکە بۆ هەسەدەیە بیدات، ئەگەر بڕیاریاندا بچنە نێو سیستمی بەرگریی نوێی سووریا و پێتان بڵێن، باشە، ئێمە دەچینە دیمەشق و هاوبەشایەتی لەگەڵیان دا دەکەین. ئێوە دەڵێن، باشە، پێشوازی لەو بڕیارەتان دەکەین، یان دەڵێن، دەبێت بیری لێبکەینەوە؟
سابرینا سینگ: پێموایە ئەوە پرسیارێکی گریمانەییە، بۆیە ناتوانم وەڵامت بدەمەوە.
رووداو: باشە، با لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بمێنینەوە.
سابرینا سینگ: فەرموو.
رووداو: بەرپرسانی کورد لە چەند رۆژی رابردوودا بیرۆکەی ئەوەیان خستووەتەڕوو هێزەکانی فەرەنسا و ئەمریکا کۆنترۆڵی سنووری باکووری سووریا بگرنەدەست بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا، کە پێتانوایە ئەو نیگەرانییە ئەمنییانەیان هەیە. ئایا بەرپرسە کوردەکان پەیوەندییان پێوەکردوون، ئایا هیچ کات گفتوگۆتان لەسەر ئەو بیرۆکەیە کردووە؟ چۆن سەیری ئەم پێشنیازە دەکەن؟ پێتانوایە پێشنیازێکی نموونەییە بۆ ئەوەی هاوڕێکانتان لە تورکیا و هاوبەشەکانتان لە باکووری رۆژهەڵات دڵخۆش بکەن؟
سابرینا سینگ: بینیومە هەندێک راپۆرت لەبارەی جۆرێک پێشنیاز یان رێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی وڵاتانی دیکە هەن. من ئاگاداری هیچ شتێکی وا نیم. دەیڵێمەوە، شتەکان بەردەوام لە گەشەکردندان لەو ناوچەیە. کاری لەپێشینەی ئێمە، ئەرکی ئێمە، سەرنجی ئێمە، هێشتا نەگۆڕاوە و تاکە هۆکاری بوونمان لە سووریا دڵنیابوونە لەوەی داعش ناتوانێت سەرهەڵبداتەوە. بۆیە ئەوە بە سەرنجی ئێمە دەمێنێتەوە. دەیڵێمەوە، ئەو راپۆرتانەم بینیوە، بەڵام هیچم نییە لەو بارەیەوە پێشکەشی بکەم.
رووداو: کەواتە ئێوە لە سووریا بۆ تێکشکاندنی داعشن. بەڵام وەک پێشتر باسمکرد، شت هەن کە لەو ئەرکەتان دوورتان دەخەنەوە. ئایا هیچ کات بیرتان لە پاسەوانیکردنی سنووری باکووری سووریا کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا، یان ئەمە بیرۆکەیەکی نوێیە؟ پێشنیازێکی نوێیە بۆ ئێوە؟
سابرینا سینگ: سەیرکە، کاتێک بابەتەکە پەیوەندیی بە دامەزراندنی هەر جۆرە بنکەیەکی زیادەوە هەیە، پێموایە ئەوەی تۆ ئاماژەی پێدەکەیت، دیسانەوە ناوچەی کۆبانێیە. لەم ئیدارەیەدا هیچ پلانێک نییە بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی ئەمریکی لە کۆبانێ یان لەو ناوچەیە. دەیڵێمەوە، شوێنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و لە سووریا لەو بەشەی باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیە و سەرنجمان لەسەر ئەوێیە. خۆت دەزانیت ئێستا نەخشەیەکم لەبەردەمدا نییە، بەڵام دەتوانیت سەیری بکەیت و دەتوانیت ببینیت هێزەکانی ئەمریکا لە کوێن. جا لە نزیک کۆبانێ نین. بۆیە دەیڵێمەوە، دەبێت ئەو راپۆرتانە رەتبکەمەوە کە بڵاوبوونەتەوە و باس لەوە دەکەن کە دەمانەوێت جۆرێک لە هەیکەلی هەمیشەیی دابمەزرێنین. لەم ئیدارەیەدا چەند رۆژێکمان ماوە، بۆیە لەم ئیدارەیەدا ئەوە لە پلانماندا نییە.
رووداو: زۆر باشە، پێموایە کاتێک ئیدارەی نوێ دێتە سەر دەسەڵات، یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەم ئیدارەیە و ئیدارەی داهاتوو هەیە سەبارەت بە هەندێک پرسی زۆر گرنگ بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. کەواتە لە رۆژانی داهاتوودا، کاتێک ئیدارەی ترەمپ دەستبەکار دەبێت، ئایا هیچ لێکتێگەیشتنێک لەنێوان ئەم ئیدارەیە و ئیدارەی داهاتوو هەیە سەبارەت بە هێزەکانتان لە عێراق و سووریا؟
سابرینا سینگ: چ جۆرە لێکتێگەیشتنێک؟
رووداو: بۆ مانەوەی هێزەکانتان لەوێ، یان تەنیا پاراستنی جەختکردنەوەتان لەسەر داعش، چونکە داعش هێشتا تێکنەشکاوە
سابرینا سینگ: دەزانم چی دەپرسیت...
رووداو: جاری پێشوو بینیمان، کاتێک هێزەکانی ئەمریکا لەژێر ئیدارەی ترەمپدا لە بەشەکانی سووریا کشانەوە، کێشەیەکی گەورە بوو بۆ هاوبەشەکانتان و تەنانەت داعش ئەو کاتە تێکنەشکابوو. ئایا لەگەڵ ئیدارەی داهاتوو قسەتان کردووە سەبارەت بەو هێزانە لە سووریا و عێراق کە بۆ ماوەیەکی درێژتر لەوێ بمێننەوە؟
سابرینا سینگ: ئەوە پێتدەڵێم سەبارەت بە گفتوگۆکان لەگەڵ ئیدارەی داهاتوو. یەکەم، ئەم سەرۆکە و وەزیر پابەندن بە دڵنیابوون لە دەستاودەستێکی ئارام. کاتێک گۆڕانکاری بەسەر پارتە سیاسییەکان و ئیدارەیەکی نوێدا دێت، کاتێک دەستاودەستەکە روودەدات، ئاگاداریان دەکەینەوە لە هەموو جۆرە شتێک لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە. دەزانیت پێگەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە. دەکرێت لەسەر کۆمەڵێک بابەتی فراوان بێت. لە کۆتاییدا، هیچ یاداشتی لێکتێگەیشتن لەبارەی دڵنیابوون لە شتی دیاریکراو نییە. لە کۆتاییدا دەکەوێتە سەر ئیدارەی داهاتوو، دەکەوێتە سەر سەرۆکی داهاتوو بڕیار بدات دەیەوێت چی بکات. بۆیە ئێستا، تەنیا دەتوانم لەبری ئیدارەی بایدن و هاریس و ئەم وەزیرە قسە بکەم. ئەم وەزیرە، بێگومان وەک فەرماندەی پێشووی سێنتراڵ کۆماند، کەسێک کە لە عێراق و ئەفغانستان خزمەتی کردووە، پێموایە لە گرنگیی تێکشکاندنی داعش تێدەگات و لە گرنگیی هێزەکانمان لە سووریا تێدەگات و بێگومان هیوادارین ئیدارەی داهاتوو و وەزیری بەرگریی داهاتوویش لەوە تێبگات. سەیربکە، ئەوان دەبن بە بڕیاردەر. دێنە نێو ئەم دامەزراوەیە، هەموو رۆژێک لەگەڵ ئەو پیاو و ژنانەدا کۆدەبنەوە کە پشتیوانی لەو ئەرکە دا دەکەن. لەوانەیە دەرفەتی سەردانی ناوچەکەیان هەبێت. لەکۆتاییدا دەکەوێتە سەر ئیدارەی داهاتوو بڕیار بدات چی لەگەڵ هێزەکانمان دەکات.
رووداو: باشە، دەزانم کاتێکی زۆر کەمت ماوە و منیش پرسیاری زۆرم هەیە. با باسی عێراق بکەین، لە عێراق حەشدی شەعبی، هێزەکانی حەشدی شەعبیمان هەیە، کە بەشێکن لە سیستمی بەرگری و ئێوە نیگەرانیتان لە هەندێک گرووپ هەیە لە عێراق. هێشتا لە گفتوگۆدان لەگەڵ عێراق لەبارەی چۆنیەتی دروستکردنی هاوبەشایەتییەکی نوێی ئەمنی لەگەڵ عێراق. هیچت هەیە لەگەڵم دا باسی بکەیت لەبارەی نیگەرانییەکانتان سەبارەت بە گرووپە میلیشیاکانی عێراق کە ئێران پشتیوانیان دەکات؟
سابرینا سینگ: رێک نیگەرانیمان ئەوەیە گرووپە میلیشیاییەکان لە عێراق و سووریا هەن و ئێران پشتیوانیان دەکات. مەبەستم ئەوەیە، زۆر بە ئاشکرا باسی نیگەرانییەکانمان کردووە لەبارەی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، ئەو هێرشانەی لەوێ لە ئەرکەکە دوورمان دەخەنەوە. سەیرکە، نهێنی نییە. لە گفتوگۆکانماندا لەگەڵ حکومەتی عێراق زۆر راشکاو بووین و هەوڵدەدات زیان بەو هێزانەی ئەمریکا هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان بگەیێنێت کە لە ناوچەکەن. پێموایە بینیوتانە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە سەروەختی ئەم وەزیرەدا هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ لێپێچینەوە لە گرووپەکانی سەر بە ئێران و لێپێچینەوە لە ئێران. با ئەمە فراوانتر بکەینەوە. دەزانیت، سەیری دوورتر لە عێراق و سووریا بکەین و سەیری هەندێک لەو کارە بکەین کە کردوومانە بۆ پشتیوانی لە هاوبەشەکانمان لە ئیسرائیل. پێویستە بیر لە نیسان و تشرینی یەکەم بکەیتەوە، کاتێک ئێران چەندین مووشەکی بالیستیی بەرەو ئیسرائیل هاویشت. ویلایەتە یەکگرتووەکان رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە خستنەخوارەوەی هەندێک لەوانە و بەرگریکردن لە هاووڵاتییانی ئیسرائیل لەوێ. پێموایە گرنگە بیر لەوە بکەینەوە کە بێگومان بە شێوازی جیاواز لێپێچینەوەمان لەگەڵ ئێران کردووە، چ لە رێگەی گرووپە نوێنەرەکانیانەوە، وەک حوسییەکان یان گرووپە میلیشیاکان کە لە عێراق و سووریا کار دەکەن یان راستەوخۆ لەگەڵ ئێران خۆی.
رووداو: ئایا زۆر روون بوون لەگەڵ حکومەتی عێراق سەبارەت بەم گرووپە میلیشیایانە لە عێراق، کە بەشدارن و هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل؟ هێرشیان کردووەتە سەر باڵیۆزخانەکەتان، هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانتان لە عێراق. ئایا زۆر روون بوون لەگەڵیاندا بۆچی ئەو گرووپانە کۆنترۆڵ ناکەن؟
سابرینا سینگ: لە گفتوگۆکانماندا لەگەڵ حکومەتی عێراق زۆر راشکاو بووین و ...، ئیتر هەر ئەوەندە دەڵێم.
رووداو: با دوا پرسیارم بکەم.
سابرینا: فەرموو.
رووداو: ئێوە هاوبەشایەتیتان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە و پشتیوانیان دەکەن بۆ چاکسازی و هێنانی هەموو هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە. ئایا دوایین هەڵسەنگاندنتان هەیە لەبارەی ئەم چاکسازییانە و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان؟
سابرینا سینگ: هیچ زانیارییەکی تازەم لەسەر ئەو چاکسازییانە نییە کە باسی دەکەیت. دەتوانم پێت بڵێم کە بێگومان سوپاسگوزاری کارەکانی هێزەکانی پێشمەرگەین و، دیارە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق کاردەکەین کاتێک پەیوەندی بە ئەرکەکەمانەوە هەیە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوام تێکشکاندنی داعش، بەڵام زانیاریی زیاترم لەسەر ئەو چاکسازییانە نییە.
رووداو: زۆر سوپاس سابرینا.
سابرینا سینگ: سوپاس.
رووداو: زۆر خۆشحاڵم کە لە رووداو بوویت و زۆر دڵخۆش بووم بە کارکردن لەگەڵت لە چەند ساڵی رابردوودا.
سابرینا سینگ: بێگومان زۆر سوپاس بۆ ئێوە. کارکردن لەگەڵ تۆ شتێکی نایاب بوو و زۆر دڵخۆشم کە ئەمڕۆ لێرەم.
رووداو: زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ