ماهیر حەسەن: فیلمی 'ژان' زۆر شتی لە ناخمدا جێهیشتووە

18-01-2023
هونەرمەند ماهیر حەسەن
هونەرمەند ماهیر حەسەن
نیشانەکردن ماهیر حەسەن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ماهیر حەسەن، هەرچەند زیاتر وەک ئەکتەرێکی کۆمێدی ناسراوە، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا لە چەند بەرهەمێکدا رۆڵی جیاوازی گێڕاوە، لە دوایین بەرهەمیدا کورتە فیلمێکە بەناوی 'ژان' کە رۆڵی کارەکتەری جەلالی گێڕاوە و بەرهەمهێنەری فیلمەکەشە، لە هەڤپەیڤینێکدا کە بانوو دڵشاد لەگەڵیدا ئەنجامداوە، تەمەنی راستەقینەی خۆی ئاشکرا دەکات و باس لە پەیوەندی و خۆشەویستی نێوان خۆی و هونەرمەند ئەحمەد جۆڵا دەکات.
 
رووداو: دەتەوێت بە چی بانگت بکەم، کاک ماهیر یان بە چی؟
 
ماهیر حەسەن: ناوەکەی من وەک جۆکەر وایە، بە چی بانگم دەکەیت بانگم بکە؟
 
رووداو: رۆڵی کۆمیدی و جدیت گێڕاوە، دەمەوێت بزانم کام رۆڵ لە کەسایەتی راستەقینەی خۆتەوە نزیکە؟ چونکە لە فیلمە نوێیەکەتدا، ماهیر حەسەن تەواو جیاواز دەبینرێ.
 
ماهیر حەسەن: یاخوا بەخێربێن، ئەرکتان کێشا و زۆر سوپاسیش بۆ رووداوی ئازیز، راستییەکەی لەلای من کاری کۆمێدیا زۆر قوڕسە، لە هەموو دنیاشدا ئەکتەرە کۆمێدییەکان بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، بەڵام بە بڕوای من ئەکتەر ئەگەر توانای هەبێت و متمانەی بەخۆی بێت و بتوانێت کۆمێدیا بکات، دەتوانێت کاری جدیش بکات. لەبەرئەوە من لە هیچ رۆڵێک نەترساوم و ویستوومە لە دوای کۆمێدیا کاری جدیش بکەم، سوپاس بۆ خودا چەند کارێکم کردووە و لە ئاستێکی باشدا بوونە و مافی تەواویشم بەو کارەکتەرانە داوە کە رۆڵیانم گێڕاوە، لەوانەش لە فیلمی 'سفر نۆ' کە کارم تێیدا کردبوو، بۆخۆتان کارەکەتان بینی، بەڵام ئەم کارە زۆر زۆر جیاوازترە، لە رووی ناواندن و لە رووی دەربڕینەوە، لە رووی هەستەوە، چونکە بۆ خۆی ژانە.
 
رووداو: لە دوای رۆڵگێران لە فیلمی 'ژان'، فیلمەکە هیچ شتێکی لە دەڵی تۆدا جێهێشت؟
 
ماهیر حەسەن: چیرۆکی فیلمی 'ژان' لە نووسینی خاتوو لەیلا باغپیرا کە هاوژینی بورهان ئەحمەدییە و دەرهێنەری فیلمەکەیە. بەڕاستی کاتێک کاک بورهان چیرۆکی فیلمەکەی بۆ ناردم، گوتی بیخوێنەوە و حەز دەکەین کاری بەرهەمهێنانی بۆ بکەیت، کە سیناریۆکەم خوێندەوە ئەوەندە کاری لێم کرد، چیرۆکەکەی ئەوەندە ناخ هەژێن بوو، یەکەسەر پێمگوت تۆ تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی بە منت گوتووە؟ ئەی رۆڵی جەلالتان بە کێ داوە؟ گوتی بە کەسمان نەداوە و کە وای گوت ئاهێک بە دڵمدا هات، کەسایەتی جەلالم لە ناو خۆمدا دەبینییەوە، کۆمێدیا تۆ دروست دەکات بۆ ئەوەی ئەکتەرێکی تراژیدی و جدی بیت، لە پشتی هەموو پێکەنینێکەوە دەریایەک فرمێسک هەیە، ئەمە وات لێدەکات تۆ ئەکتەرێکی بەتوانا بیت، بتوانیت رۆڵە تراژیدییەکانیش بەرجەستە بکەیت، 'ژان' زۆر شتی لە ناخی مندا جێهیشتووە، بەڕاستی چیرۆکەکە کاری لێم کردووە، نامەوێت قسە لەسەر بیرۆکەی چیرۆکەکە و ناخی چیرۆکەکە بکەم، بە قەد ئەوەی دەمانەوێت بازانین ئەم کارەمان چۆن کردووە.
 
رووداو: کورتە فیلمێک لە سینەما پێشانبدرێت، چۆن بوو ئەم بیرۆکەتان بۆ پێشاندانی فیلمەکە لە سینەما هەبوو؟
 
ماهیر حەسەن: راستییەکەی من حەزم کرد، چونکە ئەم هەموو کورتەفیلمە بۆ فێستیڤاڵەکان دەکرێت، بەداخەوە ئەگەر بمانەوێت خەڵک فیلمەکانمان ببینن، نابێت تەنیا بۆ دەستەبژێر کار بکەین، چەندها کاری جوان لە کورتە فیلمەکاندا کراون، بەڵام دواتر ماندووبوونەکە لە رووی ماددی و مەعنەوەی بە فیڕۆ چووە، من دەمەوێت ئەوە بکەمە کولتوورێک کە هۆڵە سینەماییەکان چۆڵ نەبێت و بەردەوام جمەی بێت و بەردەوام ئەو جوڵە سینەماییە لە کوردستان و بە تایبەتیش لە سلێمانی بمێنێت، نامەوێت ئەو جوڵەیە کپ بێتەوە، مەرج نییە کارەکەت فیلمێکی زۆر بڵند بێت بە قەوڵی رۆژهەڵاتییەکان، ئێمەش پێی دەڵێین فیلمی درێژ، یاخود کورتە فیلمێک بێت، گرنگ ئەوەیە ئایدیاکە چییە؟ تۆ چ کارێک بە بینەر دەدەیت کە تەماشای بکات و لەلای بیمێنێتەوە.
 
من بیرم لەوە کردەوە، راستە ئەمە فیلمێکی کورتە و خۆی لە 40 خولەکەدا دەبینێتەوە، بەڵام نامەوێت وەسفی فیلمەکە بکەم، با خەڵک خۆی بێت بیبینێت، بزانێت ئەو فیلمە لە چ ئاستێکدایە و 'ژان' بە مانای وشە ژانە.
 
رووداو: پێویستە ببینرێت؟
 
ماهیر حەسەن: بۆیە دەڵێم خەڵک بێت ئەو کارانەش ببینێت، بەڕاستی پشت و پەنای ئێمە بینەرەکەمانە، ئەگەر بینەر بە قەد یاریی تۆپی پێ و شانۆ و سینەماش ببینینن، تەنانەت بە چارەگی ئەوانیش فیلم ببینن و سینەما ببینن و شانۆ ببینن، کاری سینەما و شانۆ دەگاتە لووتکە، هونەرمەند رەنجی بە خسار ناچێت.
 
من بڕاوم بە کارەکەم هەیە و دەزانم سیناریۆکە لە چ ئاستێکدایە و دەرهێنان لە چ ئاستێکدایە، هەموو لایەنەکانی دیکەی لە ئاستێکی باشدا کاریان بۆ کراوە، دەمەوێت خەڵک بێت کورتە فیلمیش ببینێت و پشت بە خوا ببێتە کولتوورێک و بینەر بێت هەموو کارەکان ببینێت.
 
رووداو: دوای ئەو هەموو ئەزموونە و تەمەنە لە کارکردن، پلانت هەیە فیلم بۆ فێستیڤاڵەکان دروست بکەیت، بەتایبەت کە فیلمی 'ژان' لە فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک پێشاندرا و دەزانین فێستیڤاڵەکان پێوەری تایبەتیان بۆ فیلم و رۆڵبینینی ئەکتەرەکان؟
 
ماهیر حەسەن: راست و دروستت پێ بڵێم؟
 
رووداو: رێک راست و دروست.
 
ماهیر حەسەن: نەخێر.
 
رووداو: بۆ؟  
 
ماهیر حەسەن: نامەوێت کار بۆ فێستیڤاڵ بکەم، چونکە جاری وا هەیە، من شوێن دیاری ناکەم و بە گشتی قسە دەکەم، کورتە فیلم هەیە زۆر جوانە، بەڵام مافی خۆی پێنادرێت.
 
رووداو: لە فێستیڤاڵەکاندا مافیان دەخورێت؟
 
ماهیر حەسەن: بەداخەوە لە فێستیڤاڵەکاندا فیلمی زۆر جوان هەیە و حەقی دەخورێت، من باس لەم کارەم ناکەم، بە گشتی قسە دەکەم، دەمەوێت کار بۆ بینەر بکەم، کورتە فیلم بێت، فیلمی درێژ بێت، با بینەر بیبینێت، بەداخەوە من خۆم چەندین جار داوام لێکراوە بۆ کورتە فیلم و بۆ فێستیڤاڵەکان بەشداربم، نەمکردووە، لەبەرئەوە حەز ناکەم.
 
رووداو: یەکەمجارە بۆ دروستکردنی فیلم دەچێتە رۆژهەڵاتی کوردستان؟
 
ماهیر حەسەن: وەک کارکردن، بەڵێ یەکەمجارە.
 
رووداو: ئاسوودە بوویت لەگەڵیان، ئەم ئەزموونە بۆ تۆ چی بوو؟
 
ماهیر حەسەن: بەڕاستی زۆر زۆر چێژم لەم کارە بینی، لە دوای فیلمی 'سفر نۆ' کە زۆر زۆر ئاسوودەبووم پێی، ئەم فیلمە بوو، لەبەرئەوەی لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی بە ئەزموون کارم کرد، بە رووحیەتێک و عەشقێکی گەورە بوو بۆ سینەما، لێرەوە رێز و حورمەتم بۆ هەموو ئەو ئەزیز، خۆشەویست و هونەرمەندانەی کەوا کاری هونەرییان لەم فیلمەدا کردووە، بەڕاستی ئەوان دڵداری لەگەڵ کارەکانیاندا دەکەن، ئەوەندە عەشقی کارەکەیانن، بەو پەڕی راستییەوە کار دەکەن، یادگارییەکی فیلمی 'ژان' لەلای من کاڵ نابێتەوە، لە رووی بەرگەگرتن و رێز و حورمەتەوە و لە رووی خۆشەویستیان بۆ ئەرکەکانیان شتی دیکەی پێگوم و شتی دیکەی فێرکردم، لە فیلمی 'سفر نۆ' و لەم فیلمەشدا. 
 
ئەو تێکەڵبوونەش زۆر زۆر پێویستە، بۆ نموونە هونەرمەندی کورد... ئەکتەری باشوور لەگەڵ باکوور و باکوور لەگەڵ رۆژئاوا و رۆژئاوا لەگەڵ رۆژهەڵات، ئەم تێکهەڵکێشییە دەبێتە کۆبوونەوەیەکی گەورە و کاری گەورەتر.
 
بانوو خان تۆ سەیری بکە ئێمە لە هەرێمدا ژمارەی دانیشتووانمان پێنج ملیۆن کەسە، ئایا چەند کەس دێن بۆ بینینی فیلمی سینەمایی؟ لەبەرئەوە تۆ ئەگەر کارەکەت چەند ئەکتەرێکی رۆژهەڵاتی تێدا بێت، باکووری تێدا بێت، ژمارەی بینەرەکەت زیاد دەبێت، سنوورەکەت بەرفراوان دەبێت، من بەو هیوایەم لەمەبەداو سینەماکاران و هونەرمەندانمان بیر لەوە بکەنەوە، کاری هاوبەش بکەن.
 
رووداو: ئینجا کاک ماهیر پرسیارێکم هەبوو، تۆ بۆ فیلمی 'ژان' رۆیشتی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، کاک ئەحمەد جۆڵا لەگەڵ تۆدا چی دەکرد؟
 
ماهیر حەسەن: راستییەکەی کاک ئەحمەد جۆڵاش هاتبوو، چونکە کاک جەمیلی مەفاخیریش فیلمێکی بەدەستەوەیە و لەگەڵ کاک جەمیل و کاک شوان عەتووفدا هاتبوو بۆ بینینی لۆکەیشن. ئینجا زوو زوو دەیگوت ماهیر من جێتبهێڵم، تۆزێ دەڕۆیشت و دووردەکەوتەوە و پێم دەگوت کاکە چاوەڕێی تۆ دەکەن بڕۆ، خۆ من مەلۆتکە نیم بۆ جێم ناهێڵی.
 
رووداو: هەست دەکەم ئەحمەد جۆڵا بێ تۆ ناژی و خەڵکیش وای دەبینێت؟
 
ماهیر حەسەن: لە خودا بەزیاد بێت، هەرچەند نۆ خولەک لە من گەورەترە، لە راستیشدا وانییە.
 
رووداو: ئەم مشتومڕەی تەمەنە چی بوو لە لایڤەکەی رووداویش بینیم؟
 
ماهیر حەسەن: دەیگوت مادەم بە مۆم 60ـە، بەڵام بە تەزکرە 65ـە و خۆیشی دەڵی 63ـم. 
 
رووداو: خۆی تەمەنت چەندە؟
 
ماهیر حەسەن: مرۆڤ بۆ تەمەن دەبێت راستگۆ بێت، بۆ نموونە هەندێ جار کەسێک پێویستی بە نەشتەرگەرییە و کە دەچێتە دەرەوە دەڵێن تەمەنە راستەکەیمان پێ بڵێ چەندە.
 
رووداو: ئێستا خۆی لێرە نییە، راستییەکەی چەندە؟
 
ماهیر حەسەن: 63، حەزم دەکرد وەک ناسنامەکە بوایە، بەڵام 63یە ئینجا دەڵێی چی.
 
رووداو: لە فیلمی 'ژان' لە ئەکتەرێکی ژن دەدەیت، بۆ تۆ وەک پیاوێک ئەمە سەخت نەبوو؟
 
ماهیر حەسەن: بێگومان، بەڵام کەسایەتی جەلال، لەوە نییە کە رقی لە خێزانەکەی بێت، بەڵکو عەشقێکی گەورەی بۆ خێزانەکەی هەیە، بەڵام نەبوونی و نەهامەتی و کۆمەڵێک گیروگرفتی کۆمەڵایەتی وای کردووە لەگەڵ خێزانەکەی نەگونجێت، دوای ئەوە پیاوێک هاوژینی لێی جیاببێتەوە و منداڵەکەی لە رووی جەستەییەوە کەم توانستە، ناتوانێت قسە بکات، وای لێکردووە ببێتە کەسێکی داڕووخاو و داڕماو، بەهۆی کۆمەڵێک گیروگرفت و نەبوونی و هەژارییەوە، خەمی ئەوبوو بگەرێتەوە لە تەک جەلال کێشەکەی بۆ چارەسەر بکات و پشتیوانی بکات، لە رێگەی منداڵەکەوە وای لێبکات جارێکی دیکە سۆزی هاوژینەکەی بجوڵێنێت و بگەڕێتەوە و کێشەکە چارەسەر بکەن و سەر لە نوێ ژیانێکی نوێ دروستبکەن، بۆیە لەو حاڵەتە هیستریایە گەیشتە ئەو حاڵەتەی دەستی دەکردەوە و لە خۆی دەدا، چارەی نەبوو، بەڕاستی بە نیەتی ئەوە چوو کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام نەکرا. بۆیە تووشی ئەو حاڵەتە جیاوازە بوو، دواجاریش ئەوەبوو دەستی لە ژنەکەی بەرزکردەوە.
 
رووداو: بە رستەیەک پێم بڵێ، بۆچی گرنگە خەڵک ئەو فیلمە ببینێت؟
 
ماهیر حەسەن: ئێمە بڕوامان بە کارەکەمان زۆر زۆرە و بڕاوشمان بە بینەرەکەمان هەیە، هەر لەو روانگەیەوە داوایان لێدەکەم بێن ئەو کارە ببینن، مرۆڤیش کە دەکەوێتە ژیانەوە دوو شت هەیە، ئەویش خۆش و ناخۆشییە، خۆشییەکە ئارامیت پێدەبەخشێت، ناخۆشییەکەش ژانت پێدەدات و ژیانیش بەبێ ژان نابێت، بۆیە دەڵێم وەرن 'ژان' ببینن.
 
رووداو: پڕۆژەی داهاتووت فیلمێکی درێژی سینەماییە بەناوی 'خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنادا' لەم بەرهەمەدا ئەحمەد جۆڵات لەگەڵدایە و شوان عەتووفیش دەرهێنەرە، کەی کاری وێنەگرتنی دەستپێدەکات؟
 
ماهیر حەسەن: کاک شوان دەمێکە خەریکی ئەم کارەیە، بە هەڵەدا نەچووبووم دوو ساڵ دەبێت، کاری سیناریۆکەی تەواو بووە، بە ئومێدین ئەمساڵ لە مانگی شەشدا وێنەگرتنی دەستپێبکات و کاک شوان ئێستا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ ئەم فیلمە، بەو ئومێدەین بتوانین کارەکەمان کارێکی باشتر و جیاوازتر بێت، چونکە تۆ کار لە دوای کار دەبێت هەوڵبدەیت هەنگاوی گەورەتر بنێیت؛ شتێکی دیکە بخەیتە سەر کارەکانی دیکەت، لە ئێستاوە خۆمان بۆ ئەو کارە ئامادە کردووە و پەنا بە خوا کارەکە کۆمیدی و جدییە، ئەوەی کە کۆرۆنا چی بەسەر مرۆڤایەتیدا هێنا، بۆ خۆمان دەزانین، ئینشائەڵڵا لە مانگی شەشدا دەست بە کاری وێنەگرتنی دەکەین. 
 
رووداو: هەر کە هاتم گووتت بێژەرە بزێو و بە تواناکە، لە هەڤپەیڤینەکەی من ئاسوودەتر بوویت یان ئەوەی لەگەڵ کاک ئەحمەد؟
 
ماهیر حەسەن: ئینجا تۆ مەیگەیێنە ئەو ململانێیە و شەڕیشمان بۆ دروست مەکە.
 
رووداو: دەبێت وەک تەمەنکەت پێم بڵێی؟
 
ماهیر حەسەن: لەگەڵ ئەحمەد بانوو. لەگەڵ هەردووکتاندا، ستایلی ئەو دیادرەی من و کاک ئەحمەد جیاوازتر بوو، ئەمەشیان جیاوازترە. ئەحمەد چاومە، بەبێ ئەو ئیدارە ناکەین و دەستی تۆش خۆشبێت و ئومێدی ئەوە دەخوازم بەردەوام سەرکەوتووبیت. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.