مەشعان جبووری: عێراق ئەو كاتە ئیسراحەت دەكات كە كوردستان ببێتە دەوڵەت

هەڤپەیڤین: هیڤیدار ئەحمەد
رووداو- بەغدا

لە هۆتێل رەشید دادەنیشێ كە تاكە هۆتێلی ناوچەی سەوزە لە بەغدا. ناتوانێ یەك بست لەو ناوچەیە دووربكەوێتەوە. مەشعان جبووری، ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە. 

پێش رووخانی رژێمی سەددام حوسێن وەكو دۆستی نزیكی كورد پێشاندەدرا و لە هەرێمی كوردستان كاری سیاسی دەكرد، بەڵام ئێستا زۆر چارەی كوردی ناوێت و پێیوایە كورد هۆكاری سەرەكی دابەشبوونی عێراق و شەڕی مەزهەبین لە عێراق. جبووری دەڵێ "ئەگەر منیش سەركردەی كوردبم كار بۆ لاوازكردنی عێراق دەكەم". مەشعان جبووری پێیوایە عێراق ئەوكاتە ئیسراحەت دەكات كە كورد ببێتە خاوەنی دەوڵەت.

رووداو: عێراق تاوەكو كەی بەو شێوەیە بە دابەشكراوی دەمێنێتەوە؟

 كورد و ئەمریكا دەستوورێكیان نووسییەوە كە عێراقییەكان بەردەوام یەكدی بكوژن

مەشعان جبووری: تاوەكو ئەوكاتەی كوردستان دەبێت بە دەوڵەت، چونكە كورد وا هەست دەكەن هێزیان لە لاوازبوونی عێراقدایە، لەسەر ئەم تەوەرەش كاردەكەن. بۆیە كورد كێشەكانی عێراق قووڵ دەكەنەوە، تەنانەت دژی پڕچەككردنی سوپای عێراقن.

رووداو: تۆ بەڕاستی نابینی كورد ترسی هەبێ لە پڕچەككردنی سوپای عێراق، چونكە زۆر مەینەتییان بینیوە لەسەر دەستی سوپای عێراق؟

مەشعان جبووری: مەسەلەكە ئەوە نییە مافی كوردە یان نا، ئەگەر منیش كورد بوومایە، هەمان رێگەم دەگرتەبەر. ئەگەر منیش سەركردەیەكی كورد بوومایە، كارم بۆ لاوازكردن و پارچە پارچەكردنی عێراق دەكرد، لەهەمانكاتدا وەكو شەریكێك لە عێراقدا دەمامەوە. لەهەرێمی كوردستان سەربەخۆ دەبووم و لە دەوڵەتی عێراقیشدا بەشدار دەبووم و هەیمەنەم دەبوو لەسەر بڕیارەكانی عێراق تاوەكو خۆم لە شەڕی عێراق بپارێزم. بەڵام من وەكو عەرەبێكی عێراقی وای دەبینم كورد بە ستراتیژییەتەوە كار بۆ لاوازكردنی عێراق دەكات تاوەكو لە مەترسییەكانی ئەم دەوڵەتە خۆی بپارێزێ، كوێتیش بەهەمانشێوە كاری كردووە.

بیرۆكەی لاوازبوونی عێراق و شەڕی مەزهەبی لە عێراق لەئەسڵدا بیرۆكەیەكی ئیسرائیلییە، دەیەوێ دەوڵەتی بچووك بچووك لە ناوچەكەدا دروست ببێ، تاوەكو خۆی بەهێز بمێنێتەوە. ئیسرائیل لە یەكڕیزی و یەكپارچەیی عێراق دەترسێ.

رووداو: مادام ئەمە بیرۆكەی ئیسرائیلە وەكو تۆ دەڵێی، بۆچی كورد تاوانبار دەكەی؟

مەشعان جبووری: چونكە كاتێك ئەم بیرۆكەیە هەبوو، كورد نەیتوانی جێبەجێی بكات. كورد و كوێت لەسەر دەستی عێراق و هێزی عێراق گورزی كوشندەیان پێكەوت. هەموو كەس و لایەنێك مافی ئەوەی هەیە بیربكاتەوە چۆن بەرامبەرەكەی لاواز بكات. 
كورد لە عێراق لە كۆنفدراڵیشی تێپەڕاندووە

داگیركەرانی عێراقیش دەستوورێكیان بۆ عێراق نووسیوە كە لە رێگەی ئەو دەستوورەوە عێراقیان دابەشكردووەو وایكردووە بەردەوام عێراقییەكان یەكدی بكوژن. ئەم دەستوورە بە ئیرادەی ئەمریكا و كورد نووسراوە كە هۆكاری سەرەكی دابەشبوونی عێراق و عەرەبی عێراقە. 

دەزانن بڕیاری لەنێوبردنی سوپای عێراق بیرۆكەی كورد بووە، بەتایبەتی جەلال تاڵەبانی؟ كورد رۆڵێكی سەرەكی هەبووە لە دەركردنی یاسای ریشەكێشكردنی بەعس. دامەزراندنی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، بوونی فیدراڵیەت لەدەستووردا. ئەمانە هەموو هۆكاری دابەشبوونی عێراقن و هۆكاری سەرەكیی بوونی فیتنەن لە عێراق. كورد ئێستا لە عێراق لە كۆنفیدراڵیشی تێپەڕاندووە.

رووداو: واتە بە قسەی تۆ بێ كورد كێشەیەكی گەورەن بۆ عێراق؟

مەشعان جبووری: نەك تەنیا كێشەن بۆ عێراق. یاسای ریشەكێشكردنی بەعسیان لە عێراق دەركرد و سوپای عێراقیان لەنێوبرد و دەستووریان نووسییەوە، ئەمانە بوونەتە هۆكاری دروستبوونی فیتنەیەكی گەورە لە عێراق.

رووداو: ئەگەر كوردستان ببێتە دەوڵەت، عێراق ئیسراحەت دەكات؟

مەشعان جبووری: بەڵێ، ئەوكات چیدی سوننە و شیعە یەكدی ناكوژن، هەموو كێشەكانیش چارەسەر دەكەن. دەزانن ئێستا كورد رێگە نادات دەستوور هەموار بكرێتەوە و سوپایەكی بەهێز لە عێراق دروست بكرێ. من تێدەگەم كورد بۆ لە عێراقێكێ بەهێز دوودڵە. بەڵام قەت بڕوا ناكەم چیدی عێراق لە كورد بدات.

رووداو: بەڵام دوو ساڵ لەمەوبەر مالیكی سوپای عێراقی هێنایە دەوروبەری كەركووك و ویستی لە كورد بدات؟

مەشعان جبووری: جارێ ئەو ئەزموونەی لە عێراق تێپەڕیوە و مالیكی تێیدا دەسەڵاتدار بووە، هیچ پەیوەندی بە دیموكراسیەوە نەبوو.
  نەجمەدین كەریم تاڵەبانی دووەمە نەك قوباد تاڵەبانی

مالیكی نەزعەیەكی دیكتاتۆری هەبوو وەكو هەموو ئەو دیكتاتۆرانە بوو كە لە عێراق حوكمیان كردووە. لەو بڕوایەشدام ئەگەر بەدەستی مالیكی خۆی بووایە دەسەڵاتی رادەست نەدەكرد. پێویستە رێگە نەدەین چیدی لە عێراق دیكتاتۆرێك دەربكەوێ. عێراقێكی دیكتاتۆر مەترسییە بۆ سەر هەموو دنیا.

رووداو: وا لە قسەكانی تۆ گەیشتم كە كورد ناهێڵن عێراق جێگیرببێ تاوەكو هەیمەنەیان زیاتر ببێ؟

مەشعان جبووری: نەك تەنیا كورد، كوێت ئەو دەوڵەتە بچكۆلە و كۆچەریە كە هێندەی پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان نییە، پارەی خۆی بەكارهێنا بۆ لاوازبوونی عێراق.

كوردیش ئێستا بەهەمانشێوە لۆبییەكی بەهێزیان لە ئەمریكا دروستكردووە كە بەرامبەر لۆبیی هەموو دەوڵەتانی عەرەبییە و بەرامبەر پارەی هەموو عەرەبە و رێگەیەكی راستیشیان گرتووەتە. دەزانن سووریا ئەوە سێ ساڵە لەنێو ئاگردا دەسووتێ، بەڵام كاتێك ئاگرەكە گەیشتە شارێكی كورد كە ناوی عەین ئەلعەرەبە (كۆبانی - رووداو) هەموو دنیا بەهانایەوە هات، چونكە كورد دەزانن چۆن ئیدارەی خۆیان بكەن و لۆبی خۆیان بەكاربهێنن.

رووداو: بۆ عەرەب ناتوانێ وەكو كورد بكات؟

مەشعان جبووری: چونكە ئێمە گەلێكی كۆچەرین و مەدەنییەت نازانین و دابەشبوونمان زۆرە، ئەمە عەرەبی گەیاندە ئێرە. ئەوەی عەرەبی دابەش و پارچە پارچە كرد، ویستی كورد بەهێز بكات. ئەوانەی دژی عەرەب وەستان، ویستیان كورد پێشبخەن. كاتێك دەبینن داعش چی دەكات و چ هەمەجیەتێك دەكات كە بەرهەمی عەرەبە، تێدەگەم كە ئەو دەوڵەتانە بۆچی دەیانەوێ ئیدی عەرەب بەلاوازی بمێننەوە.

رووداو: چەند رۆژ لەمەوبەر لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق لە عەرەبستانی سعودیە بووین. وڵاتێكی جوان و پێشكەوتوو، باشە ئەوان بە نەوتی خۆیان ئەوەندە پێشكەوتن، عێراقیش نەوتی هەیە، بەڵام تەنیا خەریكی شەڕی ناوخۆیە؟
ئەوەی عەرەبی پارچەپارچە كرد، ویستی كورد بەهێز بكات

مەشعان جبووری: ئەو تیرۆرەی لە عێراق دەیبینی هەمووی لەلایەن سعودیەوە بەرهەم دێ و رەوانەی عێراق دەكرێ. ئێستا دەزگای وەهابی هەیە لە سعودیە و دەسەڵاتدارانی سعودیەش باش دەزانن. دەزانێت ئەو دەزگایە رێكخستنی قاعیدە دروستی كردووە.

رووداو: بەڵام كاتێ پرسیاری ئەوەم لە وەزیری دەرەوەی سعودیە كرد كە بۆ ئێوە پاڵپشتی داعش و رێكخستنی قاعیدە دەكەن، سەری سوڕما و گوتی ئێمە دژی داعش و قاعیدە دەجەنگین؟

مەشعان جبووری:  هەموو دەزانین كە هەواڵگریی سعودیە بە هاوكاری ئەمریكا قاعیدەی لە ئەفغانستان دامەزراند.

رووداو: گوتت كورد ژیرن و بەباشی كار دەكەن، ئەی خاڵی لاوازی كورد چییە؟

مەشعان جبووری: لاوازیی كورد لە دابەشبوونیانە لەنێو خۆیان، هەروەها بوونی سامانێكی زۆرە، دیسان شوێنە جوگرافییەكەی كورد بەشێكە لە هۆكارەكانی لاوازیی كورد لە ناوچەكە، چونكە هیچ دەروازەیەكی ئاوییان نییە كە پەیوەندی راستەوخۆیان هەبێ لەگەڵ دونیا.

رووداو: عێراق كام خاڵی لاوازی كوردی لەبەرژەوەندی خۆیدا بەكارهێناوە؟

مەشعان جبووری: دەزانی كاری من لە بەغدا هۆشیاركردنەوەیە و وەكو زەنگێك عەرەب لە مەترسییەكانی كورد ئاگادار دەكەمەوە كە كورد كار بۆ پارچەپارچەبوونی عێراق دەكەن، مەسەلەی دابەشبوونی تائیفی لە عێراق قووڵتر دەكەنەوە، بەڵام هەندێجار وا هەست دەكەم من لە دۆڵێكم و هاوار دەكەم، وا دەزانم دەنگم دەگات، بەڵام لەئەسڵدا دەنگەكە تەنیا بۆ من دەگەڕێتەوە و كەس گوێی لێ ناگرێ.
لۆبی كورد لە دنیا بەرامبەر لۆبی هەموو دەوڵەتانی عەرەبییە

بەڵام سەرەڕای ئەوەش من دۆستی كوردم. من یەكەم كەس بووم دەستەواژەی سەرۆك مەسعود بارزانیم بەكارهێناوە، هەر كاتێكیش باسی بارزانی دەكەم دەڵێم سەرۆك مەسعود بارزانی. پێش رووخانی رژێمی سەدام هەر دەمگوت سەرۆك بارزانی و ئەو قسەیە من دامهێناوە. بڕوا بكەن وا تەماشای بارزانیم كردووە كە سەرۆكێكە. دەمەوێ ئەو قسەیە بكەم و بۆ یەكەمجاریشە باسی دەكەم.

من یەكێك بووم لەوانەی كە بارزانی زۆرجار رای وەردەگرتم، دوای رووخانی رژێمی سەدام بانگی منی كرد و گوتی دەمەوێ رای تۆ بزانم ببم بە سەرۆكی عێراق یان سەرۆكی كوردستان. منیش پێمگوت زۆر ئەستەمە كەسێكی دیكە قبوڵ بكرێ سەرۆكی كوردستان بێ، جگە لە مەسعود بارزانی، دوای ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانە لەلایەن بارزانییەكانەوە ناكرێ كەسێكی دیكە ببێتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵام لای من ئاساییە كەسێكی دیكە ببێتە سەرۆكی عێراق. دەزانی زۆربەی ئەو كەسانەی نزیكن لە بارزانی و لە دەوروبەری، ئیرەییان دەبرد بە پەیوەندی نێوان من و سەرۆك بارزانی. 

دوای ئەوەی چوومە لای یەكێتی لە سلێمانی، یەكەمجار كاك كۆسرەتم بینی و پێمگوت پاڵپشتی ئەوە دەكەین تاڵەبانی ببێتە سەرۆكی عێراق، كاك كۆسرەت گوتی ئەمە رای تۆیە یان بارزانی، گوتم رای بارزانیش هەمان شتە. چوومە لای تاڵەبانی و پێمگوت جگە لە تۆ كەسێكی دیكە ناتوانێ ببێ بە سەرۆك كۆماری عێراق. هەموو خەونی جەلال تاڵەبانیش ئەوەبوو ببێ بە سەرۆكی عێراق.

رووداو: پێش ئەوەی ئەم خولە ببی بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە سووریا بووی، كە هاتی بۆ عێراق دەسەڵاتدارانی سووری زانییان دەگەڕێیتەوە عێراق؟

مەشعان جبووری: بەڵێ زانییان. من پەیوەندی باشم هەیە، لەگەڵ سەرۆك بەشار ئەسەدیش كۆدەبوومەوە، دەزانی كاتی خۆی كە حافز ئەسەد وەفاتی كرد، لەگەڵ سەرۆك بارزانی دووجار چووینە لای بەشار ئەسەد و قسەی باشیش لەنێوانیاندا كرا؟ 
نیوەی كورد بوون بە بەعسی من نەبوومە بەعسی

رووداو: قسەی باش وەكو چی؟

مەشعان جبووری: ناتوانم ئەوە بڵێم، چۆن دوو زەعیم لای من قسەیەك بكەن، من قسەكانیان بگێڕمەوە.

رووداو: تۆ بەعسی نەبووی؟

مەشعان جبووری: نەخێر بەعس حیزبێكی فاشی و فاشیل بوو، دەزانی نیوەی كورد ببوون بە بەعسی و من هەر نەبوومە بەعسی؟

رووداو: تۆ پەیوەندیت لەگەڵ كورد خراپ بوو، ئێستا چۆنە؟

مەشعان جبووری: دوای هاتنی داعش رامگەیاند كە دەبێ كێشەكان لەگەڵ كورد چارەسەر بكرێ و پێكەوە بەرگری لە عێراق و هەرێمی كوردستان بكەین. داواشمكرد ئەو عەرەبانەی لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن لەپاڵ كورد شەڕی داعش بكەن. راستییەكیش هەیە ئەوەی كورد بەرامبەر داعش كردی، هەندێكی دیكە نەیانتوانی و شكستیان هێنا.

رووداو: كورد دوای هاتنی داعش سنووری خۆی فراوانتر كردووە و كەركووك و چەندین ناوچەی دیكەی خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆی، ئەمە بۆ كورد دەچێتە سەر؟

مەشعان جبووری: نەخێر قبوڵ ناكەین، بەڵام ئەگەر كورد بەردەوام بن لەسەر ئەوە، ئەوا كەركووك دەبێتە هۆی دروستبوونی شەڕی ناوخۆ لەنێو كورد خۆی. ئێستا ئەسڵی كێشەی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر سلێمانی و هەولێر نییە، بەڵكو لەسەر كەركووكە. كەركووك هەوێنی كێشەی نێوخۆی كوردە. یەكێتی پڕۆژەكەی لە كەركووك بەتەواوەتی جیاوازە لە پڕۆژەی پارتی.
خاڵی لاوازی كورد لە كێشە ناوخۆییەكان و شوێنی جوگرافییە

رووداو: پڕۆژەی یەكێتی چییە؟

مەشعان جبووری: پارێزگاری كەركووك نەجمەدین كەریم، هەڵگری پەیامی بنەماڵەی تاڵەبانییە. تاڵەبانی راستەقینە نەخۆشە و تاڵەبانی ئێستا پارێزگاری كەركووكە نەك كەسێكی دیكە یاخود قوباد تاڵەبانی. هێرۆخان پڕۆژەی گەورەی هەیە و نەجمەدین كەریم ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ دەكات. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ پزیشكێك لە ئەمریكا دەتوانێ بەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان و بنەماڵەی بارزانیدا سەربكەوێ، كە كاریان بۆ كوردستان كردووە و شۆڕشیان لەسەر كەركووك داناوە. بۆیە بڕوا ناكەم سەربكەون، بەڵام دەبنە سەرئێشە بۆ پارتی.