محەممەد تۆفیق عەللاوی: ئەمجارە ئەگەری ساختەکاری لە هەڵبژاردن لە جارانی پێشوو کەمترە

 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆکی حیزبی مونقیزوون و ناوێکی دیاری کایەی سیاسیی عێراق. لە دوو خوولی پەرلەماندا ئەندام بووە، هەروەها دوو جار پۆستی وەزیری لە دوو کابینەی حکومەتدا وەرگرتووە، دوو جاریش ناوی هاتووە و بەربژێر بووە بۆ پێکهێنانی حکومەت، دوایینجار ساڵی 2020 بوو کاتێک حکومەتی عادل عەبدولمەهدی لەسەر داخوازی خۆپیشاندەران دەستی لەکار کێشایەوە. لەم هەڤپەیڤینەدا باسی دۆخی سیاسی عێراق دەکات.
 
سەرۆکی حیزبی مونقیزوون پێیوایە، بۆ حیزبە گەورەکان یاسا کۆنەکەی هەڵبژاردن باشتر بووە، بەڵام بۆ حیزبە بچووکەکان و سەربەخۆکان ئەم یاسا نوێیە باشترە.
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی باسی لەوە کرد، "یەکێ لە سەرۆکوەزیرەکان، نامەوێت ناوی بهێنم، لە ناوچەی سەوز بووین، رێک دەقاودەق پێی گوتم، ئەگەر ئەم بارودۆخە هەر ئاوا بەردەوام بێت، دوور نییە خەڵک هەڵبکوتنە سەر ناوچەی سەوز و ئەم سیاسییانە بەدوای ئۆتۆمبێلدا رابکێشن، بۆیە ترسێکی راستەقینە هەیە.. هیوادارم ئەم سیاسییانە بۆ رازیکردنی خەڵک بە شێوەیەکی دروست رەفتار بکەن، ئەگەرنا ئەنجامەکەی مەترسیدار دەبێت".
 
رووداو: بەڕێز عەللاوی بەخێربێن.
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: سڵاو لە ئێوەش، بەخێربێن و سڵاو لە بینەران.
 
رووداو: حیزبەکەتان مونقیزوون بەشدارە لە هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق کە مانگی 10ی ئەمساڵ ئەنجامدەدرێت. ئێوە لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان قسەتان کردووە، بەتایبەتی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ شارەزاییتان هەیە، وای دەبینن ئێستا عێراق ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنەکان؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بەڵێ بێگومان، ئێستا پێموایە ئەمە پرسێکی زۆر بنەڕەتییە، مەبەستم ئەوەیە خاوێنیی هەڵبژاردن پرسێکی زۆر گرنگە و هەموومان دەبێت زۆر جەخت لەوە بکەینەوە کە خەڵک دەنگ بدەن و لە دەنگدانیشدا ئازاد بن و هیچ ساختەکارییەکیش نەکرێت، بەڵام هێشتاش ترسێکی زۆر هەیە، بەڵێ ئەمجارە ئەگەری ساختەکاری لە جارانی پێشوو کەمترە. بازنەی بچووکمان دەبن.. بازنەی بچووکیش زەحمەتترە لە بازنەی گەورە بۆ کاری ساختەکاری، بەڵام ئێمە... پشت بە خوا، هیوا دەخوازین هەڵبژاردنێکی دروست و دوور لە ساختەکاری بەڕێوەبچێت و هاونیشتمانیان بتوانن دەنگ بدەن.. ئێوە دەزانن جاری پێشوو نزیکەی کەمتر لە 20%ی خەڵک دەنگیان دا، بە داخێکی زۆرەوە، بەڵام ئەمجارە هیواخوازین هاونیشتمانیان هۆشیارتر بن و بە دڵگەرمییەوە بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن.
 
رووداو: بە بۆچوونی ئێوە یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق یاسایەکی چۆنە؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بڕوانە، بەڕاستی بڵێم.. بۆ حیزبە گەورەکان یاسا کۆنەکە باشتر بوو، بەڵام بۆ حیزبە بچووکەکان و سەربەخۆکان ئەم یاسا نوێیە باشترە. لەبارەی ساختەکاری، بە دڵنیاییەوە ئەم یاسا نوێیە باشترە، چونکە لە رابردوودا، بۆ نموونە لە بەغدا کۆمەڵێک بنکە هەن، کۆی ئەم بنکانە وابزانم نزیکەی دوو هەزار بنکە دەبوون، ئێستا لە یەک بازنەدا نزیکەی 100 بنکە هەن. ئەم 100 بنکەیە دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت و بەربژێریش دەتوانێت تەماشای ئەو دەنگانە بکاتەوە کە تێیدایە، بۆیە ساختەکاری بەراورد بە جاران زەحمەتترە.. پشت بە خودا ئەمە سوودی دەبێت و لە بەرژەوەندیی ئایندەی ئەم وڵاتە دەبێت.
 
رووداو: ئێوە دەڵێن ئەم یاسا نوێیەی هەڵبژاردن باشە بۆ حیزبە گەورەکان، لە هەمان کاتدا بۆچوونێک هەیە کە ئەگەر حیزبە گەورەکان بە باشی خۆیان ئامادە نەکەن، ئەگەری هەیە دەنگ لەدەستبدەن.
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: نا، من گوتم بۆ حیزبە بچووکەکان باشترە نەک گەورەکان. حیزبە گەورەکان بە پێچەوانەوە، ئەمە لە بەرژەوەندییان نییە، بەڵام حیزبە بچووکەکان بەڵێ بە دڵنیاییەوە. بە بڕوای من ئەم پەرلەمانە نوێیە زۆر حیزبی بچووک دێنێتە پێشەوە.. زۆر لە سەربەخۆکانیش دەتوانن رۆڵ و بەشدارییان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی داهاتوودا هەبێت.
 
رووداو: باسی رێژەی بەشداریی خەڵك دەکرێت، هەڵبژاردنی پێشتر رێژەی بەشداریی خەڵک کەمتر بوو لە 20%، پێتانوایە لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی بەشداریی خەڵک زیاتر بێت؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: ئێمە ئێستا بانگهێشتیان دەکەین.. خەڵک تووشی نائومێدی هاتوون و وایان لێهاتووە رقیان لە هەڵبژاردن دەبێتەوە، بەڵام من لە هەموو گفتوگۆکانمدا پێداگری دەکەم کە دەبێت بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، ئەوەش لەبەر یەک هۆی سادە.. ئەگەر ویستیان... چونکە بارودۆخی سیاسی لە عێراق بەڕاستی خراپە و ئەم بارودۆخە سیاسییەش مومکین نییە بگۆڕێت، مەگەر بە بەشدارییەکی بەرفراوان لە هەڵبژاردن. هاونیشتمانی کە ئەم واقیعە رەتدەکاتەوە لەنێوان دوو بژارەدایە: یان ئەوەتا هەڵوێستێکی نێگەتیڤ وەردەگرێت و لە ماڵی خۆی دادەنیشێت و دەنگ نادات و بەم جۆرەش ئەم بارودۆخە خراپە هەر بەردەوام دەبێت، یان دەچێت و بەشداری دەکات، تەنانەت ئەگەر ساختەکارییش هەبێت، بەلای کەمەوە رێژەی ساختەکاری زۆر کەمتر دەبێتەوە، بۆیە هەمیشە ئامۆژگاریی هاونیشتمانیان دەکەم بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بدەن لەپێناو گۆڕینی واقیعی سیاسیمان بەرەو باشتر.
 
رووداو: مانگێک ماوە بۆ هەڵبژاردن، لە نێو شەقامەکانی بەغدا وەکو پێشتر وێنەی بەربژێرەکانم نەبینی، دەگوترێت لێدەکرێنەوە و دەدڕێندرێن، هەستدەکەم خەڵک بڕیاریانداوە بەشداری نەکەن.
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بەڵێ بێگومان.. خەڵک تووشی نائومێدی هاتوون.. خەڵک بێ هیوا بوون و وا لێی دەڕوانن کە هەمان توێژی سیاسی دێنەوە.. سیاسییەکان خۆیشیان دەیانەوێت ئاوا لە خەڵک بگەیێنن.. بەداخەوە ئێمە ماوەی 18 ساڵە لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەڕۆین، ئێمە پشتیوان بە خودا بە هیواین کە بارودۆخەکە بگۆڕێت، بەڵام هاونیشتمانی بێ هیوا بووە و ناتوانین پاڵی بنێین و بڵێین بڕۆ دەنگ بدە، بەڵام دەبێت هەوڵ بدەین، چونکە بەبێ هاتنە دەرەوەی خەڵک و بەشدارییان لە دەنگدان ناتوانین ئەم رەوشە بگۆڕین. بەڵام وەکو ئێوە گوتتان بەهۆی نائومێدبوونی خەڵک هیچ حەزێک نەماوە و ئەسڵەن هاونیشتمانی هەر کەسێک ببینێت خۆی بەربژێر کردووە بە چاوی گومانەوە تەماشای دەکات.. ئەمە هەڵوێستی خەڵکە بە شێوەیەکی سرووشتی.
 
رووداو: مافی خەڵک نییە نائومێد بن و بڵێن ئیدی بەشداری ناکەین کاتێک هەمان دەموچاو دەبیننەوە و کاتێک دەبینن گۆڕانکاری ناکرێت؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بەڵێ، بڕوانە ئەمە ترسی خەڵکە.. خەڵک دەترسێن، بەڵام من بە باوەڕی خۆم.. باوەڕی تەواوم هەیە کە پشتیوان بە خودا و ئەم بانگەوازەشمان پشت بە خودا بەفیڕۆ ناچێت، ئەم بانگەوازە ئەگەر هاونیشتمانیان گوێی بۆ رادێرن و بەشدارییەکی بەرفراوان لە هەڵبژاردن بکەن، بە دڵنیاییەوە دەتوانن ئەم بارودۆخە بگۆڕن و دڵنیاشم ئەگەر گۆڕانێک لەم بارودۆخە رووبدات، گۆڕانێکی گشتگیر دەبێت و هەموو بنکە سیاسییەکە دەگرێتەوە و ئەم رووخسارە سیاسییانە بەشێکی زۆریان دەگۆڕێن، دەڵێم بەشێکی زۆریان ناتوانین بە رەهایی قسە بکەین، بەڵام بەشی زۆریان پێشبینی دەکەم بگۆڕێن پشتیوان بە خودا.
 
رووداو: وەکو کێ؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: ئێستا وا باشە ناو نەهێنین، بە ناو نازانم کێ بەڕاستی، بەڵام ئێوە دەزانن ئێمە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بابەتێکی گرنگ هەیە کە ساڵی 2018 روویدا.. ساختەکارییەکی زۆر بەرفراوان کرا و بەدوایدا کۆگای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان سووتا، پاشان رایانگەیاند کە ئەوانەی دەستیان لەو کارەدا هەبووە ئاشکرا بوون. ئەو کەسانەش ئەندامی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بوون و هەندێکیشیان پۆلیس بوون، بەڵام پاش ماوەیەک، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە راگیرا، بەبێ ئەوەی هیچ رێکارێک ببینین.. ئەمە بەڵگەیە بۆ چی؟ بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە بەشێکی زۆری ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەڕێی ساختەکاری هاتوون، ئەمانە بە هیچ جۆرێک لە بەرژەوەندییان نییە ئەنجامەکان بگۆڕێن، یان ئەوانە ئاشکرا ببن کە ساختەکارییان کردووە. هیوادارم ئەمجارە ئەمە بگۆڕێت، بەتایبەتیش بەشداریی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا. ئەگەر بێن و رۆڵێکی گرنگ لەم هەڵبژاردنەدا ببینن، ئەوکاتە پێشبینی دەکەم، ناڵێم بە رەهایی، بەڵام پێموایە تاوەکو ئاستێکی بەرز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو باشتر دەبێت.
 
رووداو: دواتر پرسیارێکم هەیە لەسەر ئەو گوشارەی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام ئێستا دەپرسم ئێوە چۆن خەڵک رازی دەکەن کە دەبینن تۆ ئەندامی پەرلەمان بوویت، دوو جار وەزیر بوویت، نزیکی لە خەڵک، کەسێکی سیاسی، خەڵک چۆن جارێکی دیکە باوەڕ بە سیاسییەکان بکات؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: پێموایە خەڵک بێگومان، بەداخەوە ئەمە دەڵێم، ئێمە ئێستا شتێکمان هەیە بەناوی پشکپشکێنەی سیاسی. لەم پشکپشکێنەیەدا هەر حیزبێکی سیاسی وەکو نووسینگەیەکی ئابووریی لێهاتووە، هەموو داهاتی وەزارەتەکان بۆ خۆیان دەبەن.. بێگومان ئەمە حاڵەتێک لە نائومێدیی دروستکردووە و جار لەدوای جاریش ئەم نائومێدییە زیاتر دەبێت. ئەمە رەوشێکی ترسناکە.. سەرباری ئەمەش داهاتی وڵات کەمتر بووەتەوە، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و ئەو بڕەی هەناردە دەکرێت، کە زۆر کەمترە لە جاران. بۆیە پێموایە ئەمجارەیان دۆخەکە کە خەڵک لێی دەترسێن، ئەگەر لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا ئەم رەوشە وەکو ئەوەی کە هەبووە بەردەوام بێت، حکومەتێکی زۆر خراپی لێ بکەوێتەوە، بەڵام من متمانەیەکی زۆرم بەوەیە کە پشت بە خودا ئەگەر خەڵک بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، ئەم بارودۆخە دەگۆڕێت.
 
رووداو: پێشتر راتگەیاندبوو لە عێراق هەندێک گرووپی چەکدار هەن کە مەترسین بۆ سەر وڵات، بە تیڕوانینی تۆ ئەو گرووپانە مەترسین بۆ سەر هەڵبژاردن؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بڕوانە، ئێمە بە داخێکی زۆرەوە حاڵەتێکمان هەیە بەناوی چەکی کۆنترۆڵنەکراو. ئێمە هێزێکمان هەیە بەناوی حەشدی شەعبی کە رۆڵێکی گەورە و گرنگیان لە تەفروتوناکردنی داعشدا بینی، بەڵام بەشێکی ئەم هێزە بە هیچ جۆرێک لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا نییە. لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا نین، ئەمانە بە راشکاوی بڵێم، سەرچاوەی مەترسین لەسەر وڵات و نابێت ئەمە قبووڵ بکەین، بەڕاستی بە هیچ جۆرێک ئەوە قبووڵ ناکەین هێزێک هەبێت لە دەرەوەی دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کە دەبێت فەرماندەیەکی راستەقینە بێ و لە سەرووی هەموو هێزە چەکدارەکانی وڵاتەوە بێت.. بوونی ئەم گرووپانە لە دەرەوەی کۆنترۆڵ، بە مانای بوونی چەکە لە دەرەوەی کۆنترۆڵ و ئێمە وا ئەمە دەبینین، بۆ نموونە دەبینین زۆر کەس کوژراون.. دەبینین هێرش دەکرێتە سەر باڵیۆزخانەکان، شتی وا چۆن دەبێت، با وا دابنێین ئەمانە دوژمنی ئێمەشن، ناکرێت و نابێت، وڵات دەبێت بە شێوەیەکی دروست بەڕێوەبچێت. ناکرێت پەلاماری باڵیۆزخانە بدەیت، ئەمە هەرگیز رەوا نییە، تۆ بیردەکەیتەوە چۆن سەرمایە بهێنیتە ئەم وڵاتەوە، چۆن وەبەرهێن بهێنی بۆ عێراق، کە من بچم پەلاماری باڵیۆزخانە بدەم، مانای وایە ئەم وڵاتە کۆتاییهاتووە، نە سەنگێکی ماوە و نە بەهایەک، بۆیە ناکرێت بیروڕا و بۆچوونی خۆمان تێکەڵی سیاسەت بکەین. سیاسەت بەو جۆرە ناکرێت، ئێستا لەوانەیە من لەگەڵ سەرۆکوەزیران ناکۆک بم، بەڵام لەسەرمە بڵێم سەرۆکوەزیران دەبێت فەرماندەی راستەقینەی هێزە چەکدارەکان بێت و نابێت هیچ گرووپ و لایەنێک بە ئارەزووی خۆی جموجۆڵ بکات و بە چەکی لە کۆنترۆڵ دەرچوو پەلاماری ئەم و ئەو بدات، ئەمە بە هیچ جۆرێک مایەی قبووڵ نییە، چونکە لێکەوتەی زۆر خراپ و مەترسیداری لەسەر ئایندەی ئەم وڵاتە دەبێت.
 
رووداو: کاتی هەڵبژاردنەکان، مەترسی ئەو گرووپە چەکدارییانە زۆرتر نابێت بەهۆی زۆریی چەکی کۆنترۆڵنەکراو؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بەڵێ بێگومان، چەکی لە کۆنترۆڵ دەرچوو مەترسییەکی گەورەیە، چونکە ئەمانە چەکیان لە دەستە و رەنگە بچنە ناو بنکەکانی هەڵبژاردنەوە، بەڵێ بە دڵنیاییەوە دەتوانن کاریگەری دروستبکەن. ئەمە شتێکی دوور نییە.
 
رووداو: چ رێگەیەک هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو چەکە؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بێگومان ئاوا نییە بڵێین لە ساتێکدا وێنەکە گوڵڕەنگ دەبێت، بە رای من ئەمە کاتی دەوێت، ئەمە بابەتێکە پێویستی بە کاتە.. قۆناخێک هەیە دەتوانین ناوی بنێین قۆناخی لەدایکبوون، با شۆڕشی فەرەنسا بە نموونە وەرگرین. پاش شۆڕشی فەرەنسی گیلۆتین پەیدا بوو کە ئێمە پێی دەڵێین میقسەڵە.. رۆبسبیر هات، دانتی هات، پاش ئەوان ناپلیۆن هات، ئینجا لویسی هەژدەهەم، قۆناخی لەدایکبوون و شێوەگرتن بوو تاوەکو دواجار قۆناخی سەقامگیری هات.. بێگومان سەقامگیری لە پاش دەیان ساڵ هات، هیوادارم ماوەی ئەم قۆناخەی ئێمە زۆر کورتتر بێت.. ئەم رەوشە نەرێنییە بەڵێ بەردەوام دەبێت، بەڵام پێموایە ماوەیەکی دیاریکراو دەخایەنێت و دواجار ئەم بارودۆخە هەر دەبێت سەقامگیر ببێت.. هیوادارین وەکو سەردەمی شۆڕشی فەرەنسی دەیان ساڵی پێویست نەبێت، هەر چەند ساڵێک بێت و کۆتایی بێت.
 
رووداو: پێشبینی دەکەیت چەند ساڵی دیکە عێراق لەم رەوشەدا بێت؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بێگومان ئاساییبوونەوەی بارودۆخ هەنگاو بە هەنگاو دەبێت، چونکە کۆی قۆناخەکە قۆناخی لێژبوونەوەیە. لە ساڵی 2003 تاوەکو 2021 قۆناخی لێژبوونەوەیە. من پێشبینی دەکەم و هیواداریشم سەرەتای ئاساییبوونەوە لە دوای 2021 دەربکەوێت، ئێستا جارێ نازانین.
 
رووداو: لەبەر هەڵبژاردن؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بەڵێ بێگومان.. ئێستا.. رەنگە بپرسی بۆچی دەگاتە ئەو دۆخە.. دەزانن ئێستا خەڵکی عێراق گەیشتوونەتە پلەیەکی بەرزی بێ هیوایی.. بێ هیوابوون مەترسیدارە و رەنگدانەوەی بەسەر کۆی بارودۆخەکەوە دەبێت، ئەمە لەوانەیە خەڵک بگەیێنێتە ئاستی تەقینەوە. دەزانن لە جارەکانی پێشوودا لە یەکەم کابینەی بەڕێز عەبادی خۆپێشاندەر هاتنە سەر شەقامەکان و لە ئەنجامدا هەندێک رێکاریان سەپاندە سەر حکومەت کە تەنانەت پێچەوانەی دەستووریش بوون.. ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ترسی شەقام دەنگیان بۆ هەندێک شت دا کە لەگەڵ دەستوور ناکۆک بوون. دواتر کەوتنە یاریکردن. تشرینییەکان هاتن و بە هێزەوە دەرکەوتن، بەڵام زۆر بە داخەوە هەندێک لایەن شکستیان بە بزووتنەوەکە هێنا پاش ئەوەی هەندێک حیزبی سیاسی تێکەڵی بوون، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاری کۆتایی لای خەڵکی عێراقی و شەقامی عێراقی و لای گەلە.. دەنگی کۆتایی لای ئەوانە. من بە بۆچوونی خۆم ئێستا رۆڵێکی... ئەمەی باسی دەکەم پێشتریش لە زیاتر لە شوێنێک باسم کردووە.. یەکێ لە سەرۆکوەزیرەکان، نامەوێت ناوی بهێنم، لە ناوچەی سەوز بووین، رێک دەقاودەق پێی گوتم، ئەگەر ئەم بارودۆخە هەر ئاوا بەردەوام بێت، دوور نییە خەڵک هەڵبکوتنە سەر ناوچەی سەوز و ئەم سیاسییانە بەدوای ئۆتۆمبێلدا رابکێشن، بۆیە ترسێکی راستەقینە هەیە.. هیوادارم ئەم سیاسییانە بۆ رازیکردنی خەڵک بە شێوەیەکی دروست رەفتار بکەن، ئەگەرنا ئەنجامەکەی مەترسیدار دەبێت.
 
رووداو: باشە، پێشبینی دەکەن دوای هەڵبژاردن خۆپێشاندان سەرهەڵبدەنەوە؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: پێموایە بەڵێ، ترسێکی راستەقینە هەیە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندان ئەگەر رەوشەکە بە ئاراستەیەکی دروست نەڕوات. ئەگەر بە شێوەیەکی دروست نەڕوات، بەڵێ مەترسی هەیە و مەترسییەکەش دووبارە سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندانە، بەڵێ ئەوە دوور نییە.. هیوادارین شتی وا روونەدات، چونکە خۆپێشاندان ئەگەر سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە، ترسی ئەوە هەیە سەربکێشێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکداری، ئەمە جێی مەترسییە و پشتیوان بە خودا ناگەینە ئەو ئاستە.
 
رووداو: ئێوە دەڵێن خەڵک خۆپێشاندان ناکەن، ئەگەر رەوشەکە بە ئاراستەی دروست بڕوات، ئەو رێگە دروستە چییە؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: رێگەی دروست ئەوەیە کە دیموکراسییەکی راستەقینە هەبێت.. دەمانەوێت دیموکراسی هەبێت.. هەڵبژاردنی بێ ساختەکاری هەبێت و خەڵک کە دەنگی خۆیان دەدەن دەیانەوێت خەڵکی گونجاو سەربخەن و ئەم خەڵکە گونجاوە بگەنە شوێنی گونجاو، ئەمە پێموایە ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات، جگە لەوەش بێگومان، کۆتاییهێنان بە پشکپشکێنە، ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە، چونکە هاونیشتمانی کاتێک دەبینێت حکومەتەکەی لە بەرژەوەندیی ئەحزاب ئیش دەکات و لە دژی بەرژەوەندیی ئەوە، بێگومان زۆر خراپ کار دەکاتە سەری و هەستدەکات پارەی ئەو هەمووی دەڕوات بۆ گیرفانی لایەنە سیاسییەکان.. ئێستا لایەنە سیاسییەکان، بڕوانە، ئەمە تەنیا لە عێراق هەیە با ئەمەت بۆ باس بکەم، لە هەموو جیهاندا سیاسییەکان، بۆ نموونە تۆنی بلێر، هاوژینەکەی بە میترۆ هاتووچۆ دەکات، تەنانەت تەکسییەکیشی بۆ ناگرێت. مێرکڵ ماڵەکەی بریتییە لە شوقەیەکی بچکۆلانە و دەبێت بە قادرمە بۆی سەرکەوی. لە هەموو جیهاندا توێژی سیاسی لە چینی ناوەندن، دەوڵەمەندەکان ئەوانەن کە بزنس دەکەن، لای ئێمە شتەکە لینگەوقووچ بووە، سیاسییەکان لە دەوڵەمەندترین چینی کۆمەڵگەن.. باشە ئەم پارانەیان لە کوێ هێناوە؟ کاریان کردووە و هەوڵیان داوە و پرۆژەی وەبەرهێنانیان هەبووە؟ نەخێر بێگومان بەهۆی پێگە سیاسییەکەیان بردوویانە.. هاووڵاتی ئەمە دەبینێت و هەستی پێدەکات.
 
رووداو: تۆش بەشێکی لەوان؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بەڵێ؟
 
رووداو: تۆ دەڵێی لە وڵاتان سیاسییەکانی دیکە بە شەمەندەفەر و میترۆ هاتووچۆ دەکەن. لە عێراق تۆش سیاسیت، تۆش وەکو سیاسییەکانی ئێرەی یان وەکو سیاسییەکانی ئەوروپا؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: نا.. باشە منیش سیاسیم.. بێگومان منیش سیاسیم و سیاسیی عێراقیم، بەڵام سوپاس بۆ خودا، سوپاس بۆ خودا، ئەمە بەرئەنجامی گەندەڵییە، من دژی گەندەڵی وەستام و وەستانێکی بەهێزیش.. سوپاس بۆ خودا من هەتا ئێستا تەنانەت خانەنشینیم نییە، بەڵام ئێمە بنەماڵەیەکین هەمیشە دەستمان لە کاری بازرگانی و پیشەسازیدا بووە، بۆیە باری دارایی ئێمە جیاوازە، بەڵام من هەرگیز و بە هیچ شێوەیەک نە لە رابردوودا و نە ئێستا پشتم بە موڵک و ماڵی دەوڵەت گەرم نەبووە. ئەم شیرینی و شتەی کە وەریدەگرن سوپاس بۆ خودا من لێی دووربووم و پشتیوان بە خودا لەسەر ئەم رێچکەیە بەردەوام دەبم.
 
رووداو: بگەڕێینەوە سەر هەڵبژاردن؛ حکومەتی عێراق رایگەیاند گرووپێکیان دەستگیرکردووە کە بەنیازبوون ساختەکاری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بکەن. نەگوتراوە ئەو گرووپە کێن، بەڵام ترستان نییە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا گوشار بخرێتە سەر ئەندامانی کۆمیسیۆن لەلایەن گرووپی چەکدار یان لایەنی سیاسی و فراکسیۆنە بەهێزەکانی عێراق بۆئەوەی جارێکی دیکە ئەنجامەکانی هەڵبژردن بگۆڕن؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بەڵێ، بێگومان ئەو لایەنانەی چەکدارن، چەکەکانیان بەکاردەهێنن، لایەنە سیاسییەکانیش نفووز و دەسەڵاتی خۆیان بەکاردەهێنن ئەمە گفتوگۆ هەڵناگرێت، بەڵام من دووبارەی دەکەمەوە، با نموونەیەکت بدەمێ.. ئێستا هەر بەربژیرێک لە نزیکەی 100 چاودێر، هەموو چاودێرەکان دەچنە بنکەکانی دەنگدان، خۆی ساختەکاری لە کوێدا دەکرێ.ت. رۆژی هەڵبژاردن، بڕوانە جیاوازیی نێوان عێراق و وڵاتانی دیکە، ئەنجامەکان لە هەمان رۆژ راناگەیێنن، بەڵکو دەیخەنە دوای دوو سێ هەفتە و هەندێکجار مانگێکیش، لەو ماوەیەدا، ئەمانەی لە کۆمیسیۆنن دەستکاریی ئەنجامەکان دەکەن. هەر کەسێک دێت بڕێک پارەیان دەداتێ. یەک کەسیان بۆ پەرلەمان سەردەخست بە 350 هەزار دۆلار، پارەکە دەدات و دەبێتە ئەندامی پەرلەمان، ئەم سەردەخەن و یەکێکی دیکە لەبری لادەبەن.. ئێستا ئەمە وەکو جاران نەماوە و دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت و بەربژێر دەتوانێت لە هەر بازنەیەک، نزیکەی 70- 80- 100 بنکەی هەیە، ئەگەر 100 چاودێری هەبێت وێنەی ئەنجامەکانی بۆ دەگرن، چونکە لە هەر بنکەیەک ئەنجامەکان بە پۆڵ سکانەر چاپ دەکرێت و هەڵدەواسرێت، بۆیە پێموایە ئەمجارە زەحمەتە و هیوادارم ئەمجارە ئەنجامەکانیش هەر لە هەمان رۆژ رابگەیێندرێن بۆئەوەی هیچ بوارێک بۆ دەستکاریی ئەنجامەکان نەمێنێت.. رەنگە ئەمجارە ئەنجامەکان هەر لەلایەن بەربژێرەکان خۆیانەوە رابگەیێندرێن، هیوادارم وا بێت.
 
رووداو: دەتوانرێت ئەنجام لە هەمان رۆژی هەڵبژاردن رابگەیێندرێت؟ کۆمیسیۆن ئەو توانایەی هەیە؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بەڵێ بێگومان، لەبەر یەک هۆی سادە، با ئەمە بڵێم، ئێمە هەندێک ئامێرمان هەن پێی دەڵێن پۆڵ سکانەر، ئەم ئامێرانە لە کۆتایی رۆژی هەڵبژاردن ئەنجامەکەت بۆ دەردەکات، ئەنجامەکە دەردەکات، دەزانیت چۆنە؟ کاخەزەکان دەخەنە ناوی و لە کۆتاییدا ئەنجامەکان لەسەر شریتێک دەردەکات، هەموو بەربژێرەکان و ئەنجامی دەنگەکانیانی تێدایە، لە هەر ناوچەیەکی هەڵبژاردن با وای دابنێین 100 بنکە هەیە. هەر بنکەیەک چوار وێستگەی هەیە کە دەکاتە 400 وێستگە یان 500 وێستگە.. 500 وێستگە دەکرێت ئەم ئەنجامانە بە چەند کاژێرێک جیابکرێنەوە. بە سێ چوار کاژێر، کاتی لەوە زیاتری ناوێ، پێموایە هەر ئاواش دەکەن. پشت بە خودا وا دەبێت.. ئەمە بەڕاستی دەبێت خەڵک هانبدات بۆ بەشداری.. با بەشداری بکەن و نەترسێن.. هاووڵاتی نایەوێت بەشداری بکات، چونکە دەڵێت دواتر ئەنجامەکان دەگۆڕن، بەڵام ئەمجارە ناتوانن.. من ناڵێم هیچ شتی وا روونادات، چونکە وەکو تۆ گوتت رەنگە چەک بەکاربێنن و بە زەبری چەک هەڕەشە بکەن بێگومان، مەترسییە گەورەکەش لەسەر مێن فرێم دەبێت، واتە ئەو کۆمپیوتەرە سەرەکییەی دەکرێت ئەنجامەکانی لێوە بگۆڕن، بەڵام مادام ئەنجامەکان هەر لە بنکەکان دەردەچن و وێنەیان دەگیرێت و دۆکیۆمێنتی لەسەرە، گۆڕینی ئەنجامەکە زەحمەتە.
 
رووداو: مەبەستت ئەوەیە ئەم جۆرە ژماردنەی دەنگەکان ساختەکاریی کەمتری تێدا دەکرێت؟ داخوازییەک هەبوو لەلایەن هەندێک لایەن کە دەبێت دەنگەکان بە دەست بژمێردرێن؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بڕوانە، بە دڵنیاییەوە لە هەموو جیهاندا ئەلیکترۆنییە، جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی وردە و بە دڵنیاییەوە دروستە و هیچ گفتوگۆیەک هەڵناگرێت، بەڵام کێشەکە لە کوێدایە؟ لە جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی؟ لە کۆمپیوتەری سەرەکییە، ئەم ئەنجامانە وەردەگیرێن و لەوێ دەستکاری دەکرێن، بەڵام کاتێک ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان، تەنانەت بە ئەلیکترۆنیش ئەگەر لە هەمان بنکە بێت، ژماردنی بە دەستیش هەمان راستی دووپات دەکاتەوە، بۆیە بڕوا ناکەم... مەترسیی جیاکردنەوەی دەستی لەوەدایە ئەگەر کاتێکی درێژ بخایەنێت، لەو ماوەیە دەکرێت.. لە رابردوودا بە دەست جیایان دەکردەوە، بۆئەوەی ئەنجامەکان بگۆڕن، بۆیەش کاتیان دەویست، ئەگەر لە هەمان رۆژدا رابگەیێندرێت، پێموایە ئەنجامەکان راست و دروست دەبن.. چەندی ماوەکە درێژببێتەوە، چونکە لە کۆتاییدا ئەو کەسەی لە کۆمیسیۆنە، دەیەوێت پارە وەرگرێت، بۆیە دەبێت موعامەلە بکات لەگەڵ بەربژێرەکە و پارەکە وەرگرێت و ئەمەش کاتی دەوێت و ناکرێت بە چەند کاژێرێک پێش راگەیاندنی ئەنجامەکان بکرێت.
 
رووداو: بەگوێرەی راپرسییەکان، چ مەیدانی، چ ئەلیکترۆنی، دەرکەوتووە رێژەی بەشداریی خەڵک دەگاتە 35%، رێژەکەش لە ناوچە شیعەنشینەکان کەمترە. بۆچی؟ لە کاتێکدا چەندین ساڵە دەسەڵات لە دەست شیعەدایە؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: ئێ بێگومان لەبەرئەوەی خەڵک بێ هیوا بوون، بەڵام 35% لە جاری پێشوو باشترە.. جاری پێشوو کەمتر بوو لە 20%. نزیکەی 18% بوو.. 35% مانای وایە دوو ئەوەندەی جاری پێشوو، بۆیە بە دڵنیاییەوە 35% باشترە و بە هیواین پشت بە خودا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا رێژەکە زیاتریش بێت.
 
رووداو: مەبەستت ئەوەیە لەو ناوچەی شیعەی لێن، ئەو نائومێدییە زۆرترە؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بەڵێ بێگومان نائومێدبوون هەیە لە کۆی رەوشی سیاسی، نەک هەر لە هەڵبژاردن.
 
رووداو: نووری مالیکی یەکێک لەو کەسانە بوو کە ئەو کاتەی وەزیری گواستنەوە بووی، ناکۆکیتان لەگەڵی هەبوو، ئێستا پەیوەندیتان چۆنە؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بە راشکاوی قسە بکەم، ئەمە سیاسەتە.. سیاسەتیش هەڵبەز و دابەزە، رەنگە هەندێک ناکۆکیی مەبدەئیم لەگەڵی هەبێت، بەڵام تەنانەت لەم دواییەش... من بە سرووشتی خۆم لە ناخی خۆمدا هیچ رق و هەڵوێستێکی نێگەتیڤ هەڵناگرم، هەربۆیە لەم دواییەدا، نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر، دیدارمان هەبوو، پەیوەندیمان ئاسایی بووەوە، ئەمە سیاسەتە، خۆتان دەزانن، وەکو هاوڕێیەتی ئاسایی نییە، ئێمە دەبێت...
 
رووداو: پێش دوو هەفتە چاوتان بە یەکدی کەوت، ئەو چاوپێکەوتنە چۆن دروستبوو؟ باسی چیتان کرد؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: باسی رەوشی سیاسیمان کرد بەگشتی، خۆت دەزانیت ناکرێت ئێستا و لە سایەی ئەم بارودۆخە سیاسییەی هەیە، دەبێت لێکنزیکی و لێکتێگەیشتن لە نێوان سیاسییەکان هەبێت.. ناکۆکی رەنگە وەکو چەرچڵ دەڵێت: بەریتانیا نە هاوڕێی هەمیشەیی هەیە و نە دوژمنی هەمیشەیی، بەڵکو بەرژەوەندیی هەمیشەیی هەیە. بەرژەوەندیی وڵات وا دەخوازێت کە لە پەیوەندی و لێکتێگەیشتندا بین.. من کاتێک قسەیان لەگەڵ دەکەم، نە بیر لە خۆم دەکەمەوە و نە لەو، بیر لە بەرژەوەندییەکانی وڵات دەکەمەوە، ئەمەش وا دەخوازێت لەگەڵ هەموو سیاسییەکانی وڵات لە پەیوەندیدابم.
 
رووداو: لەسەر دەستپێشخەریی کێ بوو؟ چونکە ناکۆکییەکانتان گەیشتبوونە ئاستێک کە هەڕەشەش هەبووە.
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بێگومان من دەستپێشخەر بووم.. بەڵێ من دەستپێشخەر بووم، هەمیشە دەستپێشخەرم لەم جۆرە شتانە، رابردوو لەبیردەکەم، چونکە پێموایە بەرژەوەندییەکی باڵای وڵات هەیە و ئەم بەرژەوەندییە لێکگەیشتنی لەم جۆرە دەخوازێت.
 
رووداو: لەبەرئەوەی مالیکی یەکێک بوو لەو کەسانەی دژی ئەوە بوو تۆ لە ساڵی 2020 حکومەت پێکبهێنیت، دەمەوێت بزانم بە تێڕوانینی تۆ ئەگەر ئێستا تۆ سەرۆکی حکومەت بوویتایە، رەوشەکە چۆن دەبوو؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بێگومان ئەوە وەکو ئەگەرێک هەر دەمێنێت، بەڵێ ئەوە ئەگەرێکە... بێگومان ئەگەری زۆر هەیە.. من ناتوانم.. ئەمە مەسەلەی ئایندەیە و عیلمی غەیبیش لای خوای گەورەیە، بەڵام لە کۆتاییدا هەموو شتێک مومکینە و پێموایە لە هەموو حاڵەتەکاندا دەبێت هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتنم لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەبێت و دەشمەوێت دووپاتی بکەمەوە کە بیر لە بەرژەوەندیی تایبەتی خۆم ناکەمەوە، بەڵکو بیر لە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات دەکەمەوە.
 
رووداو: ئەگەر تۆ سەرۆکی حکومەت بوویتایە چی شتێکی جیاوازت ئەنجامدەدا بەراورد بەوەی حکومەتی ئێستا دەیکات؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: زۆر شت.. وڵات لەبەردەم بارودۆخ و ئایندەیەکی ترسناکدایە، من هەمیشە ئەمە چەندبارە دەکەمەوە و ئێستاش دەیڵێمەوە.. ئابووریی ئێمە بە تەواوی پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە.. نەوت نزیکەی 95%ی داهاتی وڵات پێکدەهێنێت، پێداویستیی جیهانیش بە نەوت تاوەکو دێ کەمتر دەبێتەوە. تاوەکو ساڵی 2030، نزیکەی زۆرینەی وڵاتانی جیهان دروستکردن و هەناردەکردن و هاوردەکردنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە رادەگرن کە بە سووتەمەنیی شل ئیش دەکەن و هەموویان روودەکەنە وزەی خاوێن.. بەکاربردنی نەوت لە جیهاندا 67%ی بۆ سووتەمەنیی ئۆتۆمبێلە، ئەگەر ئەمە راوەستا، مانای وایە جیهان ئیدی پێویستی بە یەک لەسەر سێی ئەو نەوتە دەبێت کە ئێستا بەرهەم دێت، ئەمە مانای چییە؟ مانای ئەوەیە کە بڕی دەرهێنانی نەوت زۆر کەم دەکات و مانای ئەوەشە کە لە کۆتاییدا نرخەکەی زۆر دێتە خوارەوە، چونکە کێبڕکێی نێوان وڵاتانی هەناردەکار زۆر تووند دەبێت. بۆیە تۆ بیهێنە پێش چاوت، ئێستا ئێمە کاتێک بودجە دادەنێین، داهاتی نەوتمان هەمووی دەڕوات بۆ مووچە.. بیهێنە پێش چاوت، ساڵی 2030 ئێمە دەتوانین تەنیا یەک لەسەر سێی ئەم مووچەیەی ئێستا بدەین، بەڵام ئاوا نییە بڵێین ساڵی 2030 لەپڕ ئەمە روودەدات، نا، لە لێژبوونەوەدا دەبین لە ئێستاوە تاوەکو 2030.. کەواتە ئێمە بەسەر بارودۆخێکدا دەکەوین کە داهاتمان نابێت.. ئەو داهاتە چیدی بەش ناکات، چونکە کێشەی ئێمە لە عێراق چییە؟ ئێمە نزیکەی پێنج ملیۆن فەرمانبەری دەوڵەتمان هەیە، دوو ملیۆن و 800 هەزار خانەنشینیشمان هەیە، واتە نزیکەی هەشت ملیۆن کەس لەسەر مووچەی دەوڵەت دەژین.. ئەمانە دەگەنە ئاستێک کە تەنیا دەتوانن یەک لەسەر سێی مووچەکانیان وەرگرن، بەم جۆرە ئابووریمان بە یەک جار دادەڕووخێت.. هەروەها بەهای دیناریش دادەڕووخێت. ئێستا تەماشا بکە، لیرەی لوبنانی ئەوکاتەی دۆلار 1500 بوو، ئێستا بووە بە 22 هەزار.. عێراقیش لە نەوەتەکاندا بەمەدا رۆیشت، ئەو کاتەی دینار هەرەسی هێنا.. لە کاتێکدا یەک دینار سێ دۆلار بوو، پێچەوانە بووەوە و دۆلار بووە سێ هەزار دینار.. کەواتە مەترسییەکی گەورە هەیە کە جارێکی دیکە دیناری عێراقی و ئابووریمان هەرەس بهێنن.. لەبەرئەوە من هەستدەکەم ئێمە.... ئەمانەش بە داخێکی زۆرەوە.. من لە ساڵی 2017 لە کۆنگرەیەکدا قسەم لەگەڵ ژمارەیەک پسپۆڕی ئابووری و راوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیران کرد، ئەوکاتەی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیران بوو.. گوتم ئێمە بەرەو بارودۆخێکی وەها دەڕۆین، پلانی ئێوە چییە بۆ رۆژێکی ئاوا، بینیم تەماشای یەکتر دەکەن! هیچ پلانێکیان نەبوو.. ئەمانە بەرپرسن، تۆ ئەگەر تەماشات کردبێت، راپۆرتەکانی بانکی نێودەوڵەتی، هەموو ساڵێک راپۆرتیان هەیە و ئەم راپۆرتانە دێن بۆ عێراقیش.. کە راپۆرتەکە دەخوێنیتەوە، هەر لە سەرەتاوە دەبینیت نەوت بەرەو ئاوابوونە.. ئەمەی من دەیڵێم واقیعەکەیە.. ئەمانە هیچ گرنگی بەم مەسەلانە نادەن، بە داخێکی زۆرەوە، من وا هەستدەکەم ئەم وڵاتە لەسەر ئاگرە، خۆڵەمێشە و لەژێریدا ئاگرە، ترسێکی زۆر هەیە کە ئەم وڵاتە لەناکاو بسووتێت.
 
رووداو: واتە جەختی تۆ لەسەر لایەنی بازرگانی و ئابووریی وڵات دەبوو ئەگەر سەرۆکی حکومەت بوای؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بێگومان.. لایەنی ئابووری زۆر زۆر گرنگە و ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر چەند لایەنێک دەبێت.. رەنگدانەوەی لەسەر لایەنی سیاسی و ئەمنی دەبێت.. ئەمە سێ لایەنی زۆر گرنگن، بۆیە پێموایە گرنگیدانی سەرەکیمان دەبێت بەم مەسەلەیە بێت، بەڵام بێگومان دەبێت گرنگی بە لایەنی ئەمنیش بدەین، بۆ نموونە وەکو گوتمان ئەو چەکانەی لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت نین، ئەمە لایەنی ئەمنییە و مەسەلەیەکی دیکەیە، لایەنی سیاسیش دەبینیت هێشتا پشکپشکێنە هەیە، واتە سێ لایەن هەن کە دەبێت بیر لە چارەسەریان بکەینەوە، بەڵام یەکێک لەوانە کە لایەنی ئابوورییە، بە تەواوی دوورە لە بیرکردنەوەی خەڵک، بەداخەوە.
 
رووداو: ساڵی 2020 بەڕێز موقتەدا سەدر و بەڕێز هادی عامری پشتگیریی تۆیان کرد بۆ پێکهێنانی حکومەت، پێشبینی دەکەن دوای هەڵبژاردن رەوشەکە چۆن بێت؟ پێتوایە تۆ یەکێک بیت لەو کەسانەی بەڕێز سەدر بەربژێرتان بکات بۆ پێکهێنانی حکومەت؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: زانیاریم لەبارەی ئەوە نییە، ئەوە بابەتی ئایندەیە و زۆر مەسەلە رۆڵی تێدا دەبینن.. ناشتوانم لەبری بەرێز موقتەدا سەدر قسە بکەم.. ناتوانم قسە بکەم. ناتوانم لەبری بەڕێز هادی عامریش قسە بکەم، چونکە گۆڕانکاریی زۆر لەم ماوەیە روویداوە، بۆیە ناکرێت.. دەتوانیت پرسیار لەوان بکەیت و ئەوان رای خۆیان بڵێن، بەڵام من لە زاری ئەوانەوە قسە بکەم، ناکرێت... بەڵام ئامانجی من رزگارکردنی ئەم وڵاتەیە.. هەستدەکەم ئەم وڵاتە خەریکە دەسووتێت، بۆیە دەبێت هەوڵبدەین و هەموو تواناکانمان بخەینەگەڕ بۆ رزگارکردنی. من دوورم و ئێستا پێگەیەکم لە دەسەڵاتی جێبەجێکردندا نییە.. تاکە شتێک کردوومە کۆنگرەیەک بوو.. ئەمە بوارێکە کە دەتوانم تێیدا بجوڵێم. لەو کۆنگرەیەدا ویستم تواناکان کۆبکەمەوە. توانای عێراقیی خاوێن و دەستپاک کە دڵیان لای وڵاتەکەیانە، چونکە لە کۆتاییدا ئەم توانایانەن کە وڵات بنیات دەنێن و هیوایەکیش لای خەڵک دروستدەبێت کە چینی سیاسی ئەگەر گەندەڵیش بن، ئەوا خەڵکێک هەن کە دوورن لە گەندەڵی و دەتوانن شوێنی چینی سیاسیی کۆن بگرنەوە.
 
رووداو: بەڵام ئێوە ئامانجتان هەیە و دەخوازن حکومەت پێکبهێنن؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بڕوانە، من وەکو خۆم بیر لەوە ناکەمەوە و ئەو نەفەسەم نییە کە لە پێگەیەکدا بم و سەرۆکی حکومەت بم، ئەو خولیایەم نییە.. بەڵێ جاری پێشوو بە شێوەیەک داوا لە من کرا بۆ ئەوە، پێمبڵێی ئامادەییت هەیە بۆ بنیاتنانی عێراق؟ بەڵێ.. بۆ رزگارکردنی عێراق؟ بەڵێ، جا ئەمە لە پۆستی سەرۆکی حکومەتدا بم یان تەنانەت راوێژکارێکی سەرۆکی حکومەت بم، بەڵام راوێژکارێکی پاشکۆ نا، نەخێر راوێژکار بیت بۆ هەستاندنەوەی وڵات و دەرکردنی لەم دۆخە ئابوورییە و هەروەها رزگارکردنی لە کارەساتی ئەمنی و کارەساتی سیاسی، چونکە ئێمە سێ کێشەی گەورەمان هەیە، بەڵام ئەمە بێگومان دوور نییە و رەنگە.. ئەگەرێکی زۆر هەیە سبەی و دوو سبەی من بەربژێر بکرێم وەکو جاری پێشوو، بەڵام مەحاڵە قبووڵ بکەم لە پۆستی سەرۆکوەزیراندا بم و پشکپشکێنە هەبێت، چونکە مادام پشکپشکێنە هەیە، مانای وایە گەندەڵی هەیە، گەندەڵییش شتێکە بە هیچ جۆرێک رێگەی پێنادەم، چونکە مانای وایە دەبمە شەریک، ئەگەر گەندەڵیم قبووڵ کرد، دەبمە شەریکی وەزیرەکان بۆ دزینی پارەی عێراقییەکان، ئەگەر بەوە رازی بووم.
 
رووداو: ساڵی 2020 گوتت پێش هەموو شتێک من پشکپشکێنە قبووڵ ناکەم، دواتریش حکومەت پێکنەهات. وای نابینن ئەوە دەبێتە رێگر ئەگەر بتەوێت حکومەت پێکبهێنی جارێکی دیکە گرفتت بۆ دروست نابن؟ لەچاو ساڵی 2020 چی گۆڕاوە کە وا هەست بکەیت ئەمجارە پشکپشکێنە نامێنێت؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بەڵێ، ئەگەر دۆخەکە وەکو 2020 بێت مەحاڵە قبووڵی بکەم.. من لە 2020 خۆم قبووڵم نەکرد ببمە سەرۆکوەزیران، ئەگەر رەوشەکەش هەر ئاوا بێت، مەحاڵە قبووڵی بکەم.
 
رووداو: چ شتێک گۆڕاوە لە کاتێکدا تۆ هێشتا سووری لەسەر ئەو مەرجە؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: ئێستا هیوای ئێمە ئەمەیە.. هیوای ئێمە بە هەڵبژاردنە، هەر لەبەر ئەوەشە داوا لە خەڵک دەکەم .. داوا لە دەنگە بێدەنگەکان دەکەم کە 80%ی خەڵکن، بەشداری بکەن بۆئەوەی ئەو رەوشە بگۆڕێت.. ئەگەر ئەم رەوشە هەر ئاوا بمێنێتەوە، بۆ من مەحاڵە، دەڵێم مەحاڵە بۆ من.. با شتێکت بۆ باسکەم: هەمان ئەو رۆژەی کە داوای لێبووردنم خواست لە بەربژێرکردنم، لە مێشکی خۆمدا گوتم، جارێکی دیکە ناگەڕێمەوە ناو کاری سیاسی، چونکە ئەمانەی ئێستا زۆرینەیان فاسیدن و من ناتوانم لەگەڵ خەڵکی فاسید هەڵبکەم.. فوول ستۆپ. ئەمە کۆتاییە. بەڵام دواتر، دوای ئەوەی وڵاتم بەجێهێشت، زۆر کەس پەیوەندییان پێوە کردم.. لە هەموو پارێزگاکانەوە، تەنانەت لە دهۆکەوە.. لە دهۆک، لە هەولێر، لە سلێمانی و لە هەموو پارێزگاکانەوە...
 
رووداو: سیاسییەکانن یان ئەکادیمین؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بەڵێ، زۆرینەیان ئەکادیمی بوون.. پەیوەندییان پێوەکردم و داوایان لێکردم بگەڕێمەوە عێراق و سەرکردایەتیی پرۆسەی سیاسی بکەم.. پاش ئەو پەیوەندییانە رام گۆڕی و گوتم، باشترە بگەڕێمەوە. کە هاتمەوە گردبوونەوەیەکم دامەزراند و ناویم نا "رزگارکەران" و لەنێو پرۆسەی سیاسی کەوتمەوە جووڵ. ئێستا من هیوام زۆرە کە ئەم دۆخە دەگۆڕێت، بەڵام ئەگەر هەر ئاوا بمێنێتەوە، مەحاڵە.. لە ئێستاوە دەڵێم مەحاڵە و مومکین نییە...
 
رووداو: بەڕێز مستەفا کازمی دەرفەتی هەیە ببێتەوە سەرۆکی حکومەت؟ پێتوایە لایەنێک بەربژێری بکاتەوە بۆ ئەو پۆستە؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: هەموو ئەگەرەکان کراوەن، بەڵام من بە باوەڕی خۆم پێموانییە هیوایەکی هەبێت.
 
رووداو: بۆچی؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: لەبەرئەوەی هیچی بەدینەهێنا.. لە کۆتاییدا لەو گۆشەیەوە سەیری کەسێک دەکەیت کە چی کردووە؟ بە داخێکی زۆرەوە، دەڵێم بە داخێکی زۆرەوە.. با هەموو ئاستەکانی وەرگرین.. نە لەسەر ئاستی ئابووری، کە ئەوە گرنگترین شتە، ئێمە وڵاتێکین بەرەو لێژبوونەوە و نەمانتوانیوە ئەڵتەرناتیڤێک بۆ نەوت بدۆزینەوە، بۆیە ئێمە بەردەوامین لە لێژبوونەوە.
 
رووداو: ببورە قسەت پێ دەبڕم! ئەو پرۆژانە کە ئامانجیان شوێنگرتنەوەی نەوتە، هێندە پرۆژەی درێژخایەن و ستراتیژی نین کە بە تەنیا بە ساڵێک بەدەست نەیەن؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بەڵێ بێگومان، بەڵام دەتوانیت هەنگاوی یەکەم هەڵێنیت.. بڕینی هەزار کیلۆمەتر یان هەزار مایڵ بە هەنگاوێک دەستپێدەکات.. کە یەکەم هەنگاوی دروستت نا، بەردەوام دەبیت.. بەڵام کە هەنگاوی یەکەمت نەنا، مانای وایە بەو ئاراستەیە ناڕۆیت.
 
رووداو: چ تێبینییەکی دیکەتان لەسەر کازمی هەن؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: ئااا، بێگومان ئەمە خاڵی یەکەم، خاڵی دووەم، ئەویش هات پشکپشکێنەی جێگیر کرد.. وەزارەتەکانی لەسەر حیزبەکان دابەشکرد و هەر حیزبێک وەزارەتێکی برد، زۆریش بەداخەوە حیزبەکان هەموویان تەنیا ئیش بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەکەن، واتە هەمان شت بوو، وەزارەتەکان وەکو جاران دابەشکران. وەزارەتیش سەرچاوەی داهاتە بۆ حیزبەکان، کەواتە بەردەوامی بە هەمان دۆخی پێشوو درا.. باشە لە لایەنی ئەمنیشەوە هێشتا چەک هەیە لە دەرەوەی کۆنترۆڵ و رۆژانە مووشەک دەبینین.. ئەمە شتێکە دەبوو چارەسەری بکەیت. خاڵی سێیەمیش، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا بە منی گوت، ئیعتیرازی لەسەر حکومەتی عادل عەبدولمەهدی هەبوو، زۆر بە روونی بە منی گوت، گوتی ئێمە لەبەر دوو هۆکار ئامادە نین هاوکاریی حکومەتی عادل عەبدولمەهدی بکەین، یەکەمیان گەندەڵی و دووەمیان نزیکەی 600 کەس لە خۆپێشاندەران کوژران و بکوژەکانیان نەدۆزرانەوە. کە مستەفا کازمی هات بەڵێنی بە خەڵک دا بکوژانی خۆپێشاندەران دەدۆزێتەوە، بەڵام یەک کەسیش لەوانە نەدۆزرایەوە، بەم جۆرە خوێنی 600 کەس هەر ئاوا بەفیڕۆچوو، باشە؟ ئەمە یەکێک بوو لە ئەرکەکانی. خاڵێکی دیکە، سەبارەت بە گەندەڵی، دیسان بەهۆی پشکپشکێنە گەندەڵی هەر بەردەوام بوو، لەبەرئەوەشە یەکێتیی ئەوروپا چی کرد؟ یەکێتیی ئەوروپا کە کازمی لە مانگی پێنجی 2020 دەستبەکاربوو، لە مانگی حەوت عێراقی خستە لیستی رەشەوە، بەهۆی گەندەڵی و شووشتنەوەی پارە. ئێمە دەبێت کۆتایی بەم گەندەڵییە بهێنین، ئەگەر گەندەڵیی بنبڕ کردبا، بەڵێ من ئامادەبووم پشتیوانیی بکەم.. من، وەکو خۆم ئامادەم، من نامەوێت ببمە سەرۆکوەزیران، بەڵام ئامادەم پشتیوانیی بکەم ئەگەر گەندەڵی و پشکپشکێنەی نەهێشت.. بە داخەوە هیچکام لەم دووانەی نەکرد.
 
رووداو: کام لایەن گەندەڵی دەکەن؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: ئێستا نامەوێت ناوی لایەن بهێنم، بەڵام دەتوانم بڵێم زۆرینەی سیاسییەکان و لایەنە سیاسییەکان دەستیان تێدایە.. ئێستا وام لێ مەکە بچمە ناو ئەو باسە.
 
رووداو: دوا پرسیارم لەبارەی هەڵبژاردن، دواتر دەچمە سەر چەند بابەتێکی دیکە. بۆ مەسەلەی هەڵبژاردن ئەنجامەکان هەرچۆنێک بن، وای دەبینن دوای هەڵبژاردن نزیکبوونەوەیەک دروست ببێت لەنێوان هادی عامری و موقتەدا سەدر؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: نا من پێموایە ئەمجارە دەگۆڕێت، بە شێوەیەکی گەورە ناگۆڕێت، بەڵام بە رێژەیی دەگۆڕێت، بۆچی؟ لەبەرئەوەی پێموایە سەربەخۆکان ئامادەییان دەبێت، هەروەها خۆپێشاندەرانی تشرینی ئامادەییان دەبێت، پشت بە خودا و هیوادەخوازم لە پەرلەمانیشدا هەبن... باشە؟ ساختەکارییش کەم دەبێتەوە. کە ساختەکاری کەم بووەوە، زۆر لە دەموچاوەکان دەگۆڕێن، ئەوانەی بە ساختەکاری هاتوون، نامێنن، بۆیە پشتیوان بە خودا پێموایە گۆڕانێکی گەورە لە پەرلەماندا دەبینین و رەوشەکەش بەگشتی بەرەو باشی دەڕوات.
 
رووداو: بۆ مەسەلەی فەتح و سائیروون، یان هادی عامری و موقتەدا سەدر، پێتوایە لێکنزیک ببنەوە؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: لە کۆتاییدا ئەمە مەسەلەی نزیکبوونەوە و نزیکنەبوونەوە نییە.. لە کۆتاییدا سەرۆکوەزیران دەبێت تەوافوقی هەموو لایەنەکانی لەسەربێت، بەتایبەتیش لایەنە شیعییەکان. لەو ماوەیەشدا بەهێزترین دوو لایەن بریتی بوون لە فەتح و موقتەدا سەدر و لە نێوان خۆیاندا رێککەوتن.. خۆی هەر دەبوو ئاوا بێت، بەڵام بۆ قۆناخی داهاتوو نازانین، بەڕاستی نازانم ئایا سەدرییەکان هەر بەردەوام دەبن؟ ژمارەیان زیاد دەکات یان کەم دەکات؟ زانیاریم نییە. فەتح هەروەها، دەمێننەوە، زیاد دەکەن، کەم دەکەن؟ نازانین...
 
رووداو: پێشبینی چی دەکەن؟ لە شیعەکان کامیان دەنگیان زیاد دەکات و کامیان کەم دەکات؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: رەنگە تاکە لایەن کە بتوانێت ژمارەی خۆی بپارێزێت و تاڕادەیەک مسۆگەر بێت، پێموایە رەوتی سەدرە، رەوتی سەدر چونکە بنکەی جەماوەریی هەیە و ئەم بنکەیەش نەگۆڕە، کەواتە ئەوان بە جێگیری دەمێننەوە، بەڵام بۆ ئەوانی دیکە پێموایە گۆڕانی زۆر گەورە بەڕێوەیە.
 
رووداو: دەمەوێت وەکو کەسایەتییەکی سیاسی بۆچوونت بزانم لەبارەی هەبوونی هێزی سەربازیی بیانی لە عێراق؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: من بەڕاستی، با شتێکت بۆ بگێڕمەوە لەبارەی ئەو کاتەی داوایان لێکردم ببمە سەرۆکوەزیران. یەکەم شت لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا قسەم کرد و گوتم ئەم شتە لە دەستی مندا نییە، من دەبوومە سەرۆکوەزیران و دەسەڵاتی باڵای وڵاتیش لە کۆتاییدا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانە، بۆیە پرسیارم لێکرد، گوتم ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی بۆ دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا داوە، گوتم من ئێستا نازانم پێویستمان بەم هێزە ماوە یان نا، چونکە ئەمە شتێکە ئەو هێزانە بڕیاری لەبارەوە دەدەن کە لە وڵاتدان، دەبێت قسەیان لەگەڵ بکەم و پرسیار بکەم، بەڵام دەمەوێت رای ئێوە بزانم لەوبارەوە.. باڵیۆز ئاوا وەڵامی دامەوە و گوتی: ئێمە دوو ساڵمان لە عێراق ماوە، ئێستا وادیارە ئەوە جێگیر بووە.. لێدوانەکانی ئەمدواییە تەماشا بکە، لێدوانەکانی حکومەتی بایدن ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە. کاتێک بەڕێز مستەفا کازمی سەردانی ئەمریکای کرد، ئەوەیان دووپاتکردەوە، بۆیە پێموایە ئەم کێشەیە کە بەم دواییە ئاوا ئاڵۆز بوو، هەر کە سوپای ئەمریکا دەرچوون کە بە قسەی خۆیان دوای دوو ساڵە، کۆتایی دێت.
 
رووداو: مەبەستم تەنیا هێزەکانی ئەمریکا نەبوو، بۆ نموونە هێزی تورکیا لەنێو عێراقە، ئێران بەمدواییانە هێرشی کردە سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، دەستوەردانی هێزی بیانی چۆن رادەگیرێت؟ چۆن لە عێراق سنوورێک دابنرێت؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: ئەوە بێگومان بە هیچ جۆرێک مایەی قبووڵ نییە. ئێمە سەروەریمان هەیە، نە هێزی تورکی قبووڵ دەکەین و نە هیچ هێزێک دەستوەربداتە کاروباری عێراق.. بە هیچ شێوەیەک ناتوانین ئەوە قبووڵ بکەین.
 
رووداو: چۆن بوەستێندرێن؟ چۆن ئەو هێزانە بوەستێندرێن لە دەستوەردان لە عێراق؟ پلانێک و ستراتیژێک هەیە؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: پێموایە یەکەمین ئامراز دەبێت گفتوگۆ بێت.. باوەڕم بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی سیاسی هەیە و پێموایە لە کۆتاییدا دەتوانین بگەینە خاڵی هاوبەش و جۆرێک لە رێککەوتن. هەرگیز لەگەڵ رووبەڕووبوونەوە نیم، بەڵام قەناعەتم وایە بە دیالۆگ و سیاسەت دەتوانین هەموو ئەو کێشانە چارەسەر بکەین.
 
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان چۆنە؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: سوپاس بۆ خودا.. بەم دواییەش دیدارمان هەبوو لەگەڵ فەخامەتی سەرۆک مەسعود بارزانی و دیدارێکی زۆر بەرهەمداریش بوو.. باسی زۆر شتمان کرد، زۆر مەسەلە و بێگومان باسی مێژوو، ئێمە مێژوویەکمان پێکەوە هەیە و پەیوەندیمان کۆنە. هەروەها باسی ئایندەی وڵاتمان کرد و پێموایە یەکێ لە مەسەلە گرنگەکان کە دەمەوێ لێرەدا جەختی لەسەر بکەمەوە، ئەوە بوو کە فەخامەتی سەرۆک بارزانی گوتی، ئێمە دەمانەوێت لە حوکمی ئەم وڵاتەدا هاوبەش بین، گوتم منیش لەگەڵ ئەوەم. باسی شتێکی کرد کە منیش لەگەڵی بووم، باسی کێشەی مووچەی کرد لە هەرێمی کوردستان، گوتم بڕوانە با من باسی خۆم بکەم.. گوتم، لایەنێکی ئەمە سیاسییە و لایەنەکەی دیکەی پەیوەندیی بە رۆڵی سەرۆکوەزیرانەوە هەیە. گوتم، لەلایەنی سیاسی رەنگە من و تۆ ناکۆک بین، ئەمە شتێکی دوور نییە.. ناتوانم بڵێم هەرگیز لەگەڵ تۆ ناکۆک نابم، بەڵام کاتێک من لە پێگەی سەرۆکوەزیراندا بم، ئەمە وەکو پێگەی باوکایەتی وایە بۆ تاک بە تاکی گەلی عێراق. ئەو کەسەشی لەم پۆستەدا دەبێت، نابێت جیاوازی لە نێوان هیچ دوو لایەنێکی گەلی عێراقدا بکات. گوتم ئەمە شتێک نییە بۆ موجامەلە بیڵێم، نا ئەمە لای من پرەنسیپە، شتێکە من وەکو پرەنسیپ باوەڕم پێیەتی و بەهایەکە باوەڕم پێیەتی.. کەواتە یان دەبێت لەو ئاستە بیت... تۆ سەرۆکوەزیرانی عەرەب یان شیعە یان سوننە نیت.. سەرۆکوەزیرانی هەموو عێراقی و دەبێت لەسەر ئەو بنەمایانە رەفتار بکەیت.. ئەمە باوەڕ و پرەنسیپی منە، لەوێ تەنیا روونم کردەوە، ئەگەرنا ئەم تەرحەی من هی ئێستا نییە، جاری پێشوویش کە پێکهێنانی حکومەتیان پێ سپاردم، هەروەکو ئێستا روون بووم لەو مەسەلەیەدا.
 
رووداو: لەسەر مەسەلەی مافی کوردان لە عێراق، پێش ساڵێک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان 55 ماددەی دەستووریی ریزکرد کە عێراق جێبەجێی نەکردوون، پێتوایە عێراق مافی کوردی نەداوە؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: مادەی 55؟
 
رووداو: 55 ماددەی دەستوور.
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: ئەها 55 ماددەی دەستووری...
 
رووداو: هەرێمی کوردستان دەڵێت جێبەجێ نەکراون. عێراق جێبەجێی نەکردوون لە کاتێکدا پەیوەندییان بە مافەکانی کوردەوە هەیە. پێتوایە مافی کورد دراوە؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: بەڵێ، بەڵێ.. سەیرکە پرەنسیپی من، تەنانەت لەو بەرنامە سیاسییەی کە خستوومەتەڕوو، دەڵێم هەرچی کێشە هەیە دەبێت بە شێوەیەکی ریشەیی چارەسەر بکرێن. ئەمە مەسەلەیەکی بنەڕەتییە.. من لەگەڵ هەڵپەساردنی کێشە نیم، ئەوەش سرووشتی من نییە کاتێک سیاسەت دەکەم، لە رووکەشدا جۆرێک زانیاری بدەم و لە پەنهانیش نیازی شتێکی دیکەم هەبێت.. پێموایە ئێمە هەر کێشەیەکمان هەبێت دەبێت بیخەینە بەر گفتوگۆ و بە دیالۆگ بگەین بە هەر ئەنجامێک کە دەمانەوێت.. کاتێک نەفەسی دوژمنکارانە هەبوو، نەفەسی تۆڵە و رووبەڕووبوونەوە، کارەکان تێکدەدەین وەکو چۆن لە رابردوودا وا کراوە.. من بە هیوام پشتیوان بە خودا هەموو کێشەکان چارەسەر ببن، باسی ئایندە دەکەم، ئێستا نازانین چۆن دەبێت، بەڵام قەناعەتم وایە کە بە رێگەی گفتوگۆ دەتوانین هەموو کێشە هەڵواسراوەکان چارەسەر بکەین.
 
رووداو: وەڵامی منت نەدایەوە. کورد لە عێراق مافی خۆیان وەرگرتووە یان نا؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: ئاااا، سەیرکە، وەکو مێژوو سەیری بکەین، بێگومان زوڵم لە کورد کراوە.. ئەنفال و هەڵەبجە کە لە سەردەمی رژێمی پێشوو کراون.. ئەوەی ئێستا هەیە ناکۆکییە و ئەو ناکۆکییانە بەڕاستی مرۆڤ لە دوورەوە نازانێت وردەکارییەکەی چۆنە، چونکە منیش وەکو یەکێکم لە دەرەوە سەیرم کردووە، بەڵام پێموایە هەر کەس تێڕوانینێکی هەیە، یان روانگەی پێچەوانەیە لەگەڵ روانگەی بەرامبەر، من باوەڕم وایە کە دەبێت هەر مەسەلەیەک بخرێتە بەر گفتوگۆ، ئەوە هیچ کاتێک مایەی قبووڵ نییە لایەنێک هەبێت زوڵمی لێ کرابێت و لایەنێکیش زاڵم بێت.. ئەمە پرەنسیپی نییە و پشتیوان بە خودا هەموو ئەم کێشانە بە تێپەڕینی کات چارەسەر دەبن.
 
رووداو: ناکۆکی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان زۆرن، بودجەیە، نەوتە، ماددەی 140ـە، کەرکووکە، پێتوایە ئەم کێشانە چۆن چارەسەر دەبن، بەتایبەتی کەرکووک؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: پێموایە دەبێت دەستوور مەرجەع بێت.. مادام ئێمە دەستوورمان هەیە کە تاکە بەڵگەنامەی ئێمەیە و بەڵگەنامەیەکە کە هەموو گەلی عێراق لەسەری کۆکین، کەواتە مەرجەعی ئێمە دەستوورە و دەبێت هەموو ئەو کێشانەی کە هەن، بەگوێرەی دەستوور چارەسەر بکرێن. بەڵێ من لەگەڵ ئەوەشم کە دەبێت ئەم دەستوورە هەمواربکرێتەوە، بەڵام ئەم هەموارکردنەش دەبێت بە رێککەوتن بێت لە نێوان هەموو لایەنەکانی گەلی عێراق، کەواتە دەبێت جۆرێک لە دیالۆگ هەبێت بۆ هەر هەموارکردنێکی دەستوور، بەڵام لە کۆتاییدا ئەم بەڵگەنامەیە کە دەستوورە، دەبێت مەرجەعی هەموومان بێت.
 
رووداو: لەسەر مەسەلەی بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان لە شایستە داراییەکانی عێراق، ئەمە چۆن چارەسەر دەبێت؟ هەموو ساڵێک کێشەکە سەرهەڵدەداتەوە، چۆن چارەسەر دەبێت؟
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: سەیرکە، ئێستا بەڕاستی بڵێم، تەنانەت ئەو رۆژەش لەگەڵ فەخامەتی سەرۆک باسمان کرد، گوتم من دەبینم، گفتوگۆکەمان کراوە بوو، گوتم دەبینم ئێستا ئێوە، هەرێمی کوردستان، وا دەبینم هەولێر پەرەسەندنی زۆر گەورەی بەخۆوە بینیوە، بەڵام لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بەداخەوە رەوشێکی کارەساتبار هەیە.. گوتی باشە ئێمە 17%ی بودجەمان هەیە، 83%ی باقی بودجە کوا، منیش هەمان پرسیارم کرد، گوتم باشە کوا 83%ی بودجە؟ بۆ کوێ چوو؟ بە داخێکی زۆرەوە ئەوە رەوشی ئێمەیە. پێموایە هەموو ئەو مەسەلانە و ئەم ناکۆکییانە، ناتوانم بڵێم، چونکە لەناو وردەکارییەکەی نەبووم، بەڵام من وەکو پرەنسیپ دەڵێم بە دڵنیاییەوە دەبێت عەدالەت هەبێت و یەکسانی هەبێت و هەر لایەک مافی خۆی وەرگرێت.. بڕوانە شتێک هەیە، تەنانەت لەوێش باسم کرد. پێش نزیکەی 10 ساڵ لە سکۆتلاند گشتپرسی کرا، لە بەریتانیا.. ریفراندۆمەکە بۆ جیابوونەوە بوو، بەڵام لە کۆتاییدا گوتیان ئێمە ئامادەین ئەم بڕیارەی گشتپرسی جێبەجێ بکەین، بەڵام بە مەرجێک لانیکەم 50%ی گەلی سکۆتلاند بەشداری لە دەنگدان بکەن، تەنانەت ئەوانە بۆ نموونە نیوە کۆ یەکی، واتە ئەگەر 26%ی خەڵک دەنگیان بۆ جیابوونەوە دا، دەتوانن جیابنەوە، کەچی لە کۆتاییدا 20%ی دەنگیشیان نەهێنا، بۆچی؟ چونکە هاووڵاتیی سکۆتلەندی هەست ناکات هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ یەکێکی ئینگلیز هەیە. من حەزدەکەم عێراق بگاتە ئەو ئاستە.. هەر کەسێک هەست بکات جیاوازی لەنێوان ئەو و یەکێکی دیکە ناکرێت.. کەس بە چاوێکی جیاواز سەیر نەکرێت. کەی هەستیان کرد هەمان ماف و ئەرکیان هەیە و یەکسانن، ئیدی وەکو برا پێکەوە دەژین... ئێمە لە عێراق دەزانین لە کۆتاییدا ئەگەر ئەم نەوتە بەهای نەما، هیچ رێگەیەکی دیکەمان نامێنێت جگە لەوەی دەست لەناو دەستی یەکدی بنێین بۆ بنیاتنانی عێراق و پەرەپێدانی ئابووریی عێراق، ئەمەش بە هاوپشتی نەبێت بەدینایەت.. پشتیوان بە خودا ئەمە لە داهاتوودا بەدیدێت.
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە و ئەم دەرفەتە بەڕێز محەممەد تۆفیق عەللاوی.
 
محەممەد تۆفیق عەللاوی: خودا بتانپارێزێت و سوپاس بۆ ئێوەش.