کۆنسوڵی یۆنان لە هەولێر: هیوادارم هەرێمی کوردستان هەر پشت بە نەوت و گاز نەبەستێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆنسوڵی یۆنان لە هەولێر هیوا دەخوازێت هەرێمی کوردستان تەنیا پشت بە نەوت و گاز نەبەستێت و دەشڵێت، "گرنگە کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری ببنە هێزی بزوێنەری ئابووریی هەرێمی کوردستان" و پێیوایە کە هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی "زۆر گرنگ دەبێت" بۆ هەرێمەکە.
 
ستاڤۆرس کیریمیس، کۆنسوڵی یۆنان لە هەولێر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، کە نمە نەبەز لەگەڵی سازکردبوو، ئاماژەی بەوەش کرد، "بە دڵنیاییەوە ئێستا پێشمەرگە ناوێکی مارکەیە" و "کوردستان شوێنێکی جادووییە."
 
لەبارەی خوێندنی ماستەر لە وڵاتەکەی، کۆنسوڵی یۆنان لە هەولێر گوتی، خوێندکارانی کورد دەتوانن داوای خوێندنی ماستەر بکەن و "هەمان ئەو مافانەیان دەبێت کە خوێندکارە یۆنانی یان ئەوروپییەکان هەیانە." بە گوتەی کۆنسوڵی یۆنان، تێچووی خوێندنی ماستەر لە یۆنان لەنێوان سێ بۆ پێنج هەزار یۆرۆیە و تێچووی خوێندکارێک لە یۆنان مانگانە هەزار یۆرۆیە.
 
لەبارەی ژمارەی یۆنانییەکانیش لە هەرێمی کوردستان، ستاڤۆرس کیریمیس گوتی، "نزیکەی 12 یۆنانی لە هەرێمی کوردستان دەژین." کورد لەلای یۆنان و ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وەکو کۆنسوڵی یۆنان دەڵێت، "بەنرخن." دەشڵێت، "یۆنانییەکان زۆر هاوشێوەی کوردن."
 
رووداو: یۆنان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لێرە لە هەولێر لە هەرێمی کوردستانی عێراق نوێنەرایەتیی هەیە، هەروەها لە لایەنەکانی شوێنەوارناسی و فەرهەنگییەوە گەلێک لێکچوونی لەگەڵ فەرهەنگی کوردیدا هەیە. ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز د. ستاڤۆرس کریمیس، کۆنسوڵی گشتیی یۆنان لە هەولێر دەمانەوێت باسی ئەو پڕۆژانەیان بکەین کە لە بواری شوێنەوارناسی، فەرهەنگی، پەروەردە و گەشتیاریدا هەولێر هەنیان، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. 
 
ستاڤۆرس کیریمیس: سوپاس بۆ تۆ و بۆ هاوڕێیانی رووداو.
 
رووداو: سوپاس. پێتوایە هەرێمی کوردستان و یۆنان چ شتێکی هاوبەشیان هەیە کە هەردوو حکومەتەکە بتوانن پێکەوە کار بکەن؟
 
ستاڤۆرس کیریمیس: خۆی کە هەرێمی کوردستان و یۆنان دەبینیت، ئەوە بەڵگەیەکی تەواوەتییە کە دوو بیرۆکەی گەورە هەن: یەکێکیان کشتوکاڵییە و ئەوی دیکەیشیان گەشتیارییە، ئەم دوو بیرۆکەیە، وەکو خۆت زۆر باش دەزانیت، هێزی بزوێنەری ئابووریی یۆنان بوون بۆ بووژانەوەی لە دەیەی رابردوودا، هەروەها هیوام هەیە کە ئەم دوو هێزە بزوێنەرەیش ببنە بیرۆکە بۆ پێشکەوتن و فرەچەشنکردنی ئابووریی هەرێمەکە و هەر پشت بە نەوت و گاز نەبەستێت.
 
رووداو: ئایا هیچ پرۆژەیەکی کشتوکاڵیتان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیاز کردووە؟
 
ستاڤۆرس کیریمیس: پێشتر بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ دوو جار و کەریم سڵێمان، بریکاری وەزیری کشتوکاڵیش جارێک سەردانی ئەسینایان کردووە. زۆر بیرۆکە هەن و هەوڵیان بۆ دەدرێت و وردەکارییان دیاری دەکرێت، چونکە تا بازرگانیی هەناردەکردنی [بەرهەمی] کشتوکاڵی گرنگیی زیاتری پێ بدرێت، بڕوانامەکانی پرۆسەکانی ژێرخانی ئابووری گرنگییان زیاتر دەبێت کە ئەوەیش بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگ دەبێت، لەم خاڵەدا دەمەوێت تیشک بخەمە سەر ئەو دیدگەیەی سەرۆکوەزیرانی ئێرە کە دەیەوێت، یۆنان بۆ بازرگانی و کشتوکاڵ و ئابووریی ئێرە ببێتە ناوەندێک لەنێوان هەولێر و یەکێتیی ئەوروپادا.
 
رووداو: زۆر چاکە. یۆنان زۆر شوێنی شوێنەواریی هەیە کە بوونەتە جێی سەرنجی گەشتیاران و راکێشانیان بۆ یۆنان و بوونەتە سەرچاوەیەکی ئابووری بۆ وڵاتەکە. ئایا هیچ پلانێکتان هەیە کە شوێنە شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێنە سەرچاوەیەکی ئابووری و راکێشانی سەرنجی گەشتیاران؟
 
ستاڤۆرس کیریمیس: بە دڵنیاییەوە. پار تەواوی تیمی شوێنەوارناسیی هەرێمی کوردستان لە یۆنان بوون و سەردانێکی هەمەلایەنە بوو، سەردانی سێسالۆنیکییان کرد، هەروەها دوو جار سەردانی وەزیری شارەوانییان کردووە. پەیوەندییەکی زۆر نزیک هەیە. هەروەها سەردانی وەزیری فەرهەنگیشیان کردووە و، ئەمانەیش گرنگن و ئەو ئەجێندایە دەخەنە روو کە ئێمە  تیمی شوێنەوارناسیی هەرێمی کوردستانمان ئامادە کردووە، ئاڵنگارییە گەورەکە ئەوەیە کە چۆن ئەم کەلەپوورە زۆر دەوڵەمەندە و مێژووە مەزنەی هەتانە بگۆڕین بۆ جۆرێک لە داهات بۆ پەروەردە و هەروەها بۆ ئابوورییش. جا یەکێک لە پرسیارە گەورەکان ئەوەیە بۆچی مۆزەخانەی نەتەوەییمان هەبێت؟ چۆن مۆزەخانەکەتان لە  بگۆڕین بۆ دەزگایەکی چالاک لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی هاونیشتمانییاندا؟ مۆزەخانە چۆن دەتوانێت بۆنە فەرهەنگییە دۆستانەکان پێشوازی لە کارسازە ئابوورییەکان بکات. بۆیە هەموو ئەم زانیارییانە گوازراونەتەوە. بەڵام تۆ تێدەگەیت کە نزیکەی 30 ساڵ لە لایەن یەکێتیی ئەوروپاوە هاوکاری نەکراوە و، ئەوەندەیش ئاسان نییە کە لە چەند مانگێکدا لە لایەن هاوڕێ کوردەکانەوە قبووڵ بکرێیت.
 
رووداو: ئیستا هیچ تیمێکتان هەیە کە کار لەسەر شوێنە شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان بکات؟
 
ستاڤۆرس کیریمیس: بەڵێ. یۆنانییەکان زۆر خۆشحاڵن کە هەرێمی کوردستان متمانەی پێ کردووین کار لەسەر دوو شوێنی شوێنەواری بکەین کە لە هەولێرەوە نزیکن. ئێمە شانازی دەکەین کە پرۆفیسۆر کۆمپانیاس لە 2010وە بۆ هەڵکۆڵینی ئەم شوێنە شوێنەوارییانە هاتووە، ئێستا دوو ئەندامی تیمی شوێنەوارناسیی هەرێمی کوردستان لە ئەسینا ماستەر لە مێژوو و شوێنەوارناسیدا دەخوێنن.
 
رووداو: جوانە.
 
ستاڤۆرس کیریمیس: پێمان خۆشە لە مانگی تشرینی یەکەمدا کارمەندی حکومیی زیاتر لە بواری شوێنەوارناسی و بابەتەکانی پەیوەست بە فەرهەنگدا بتوانن بێن بۆ یۆنان و بخوێنن بۆ ئەوەی ئەو بیرۆکانە بۆ هەرێمی کوردستان بهێننەوە. 
 
رووداو: باشە. بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆ لەسەر شوێنە شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان، پێت وایە کامیان هەرێمەکە دەتوانێت زۆرترین سوودی لێ وەربگرێت تا ببێتە شوێنێکی گەشتیاری؟ 
 
ستاڤۆرس کیریمیس: بۆ ئەوەی لەگەڵت راشکاو بم، دەزانی، قەڵای هەولێر بە لای منەوە وەک زۆر سەرنجڕاکێشە. وزەیەکی ناوەکی زۆری بۆ بەرەوپێشچوون هەیە. دوو شوێنەکەی دیکەیش زۆر سەرنجڕاکێش و جوانن کە لە دەوروبەری ئاکرێ و ئامێدین، هەروەها پێم وایە شارە کۆنەکەی سلێمانی و بازاڕەکەی دەتوانن بۆ گەشتیارە جیهانییەکان ببنە شوێنێکی زۆر جوان و سەرنجڕاکێش. ئەمە سێ-چوارێکیانن، بەڵام شوێنەواری زۆر زیاتر هەن کە دەتوانن ببنە تۆڕی سەرنجڕاکێشانی گەشتیارە جیهانییەکان لە ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا و وڵاتانی دیکە. 
 
رووداو: ئایا هیچ لێکچوونێک لەنێوان شوێنەوارەکانی هەرێمی کوردستان و هیچ کام لەوانەی خۆتان لە یۆنان دەبینیت؟ 
 
ستاڤۆرس کیریمیس: بە دڵنیاییەوە. دەزانی، ئێمە ئەسکەندەری مەزن کە پاشخانێکی کریستیانییانەی هەیە. هەروەها پاشخانی […] هەیە کە زۆر جوانە. هەروەها مۆنومێنتی ئیسلامییش هەیە. بەلام خۆت دەزانیت کە هەرێمی کوردستان بەشی سەرەوەی مێزۆپۆتامیایە. مێزۆپۆتامیا تاکە شوێنە هەر کەسێکی رۆشنبیر لە سەرانسەری دنیادا خەونی پێوە دەبینێت. شتێکە کە دەبێت لە وێناتاندا، لە ناوە مارکەکەتاندا، بیخەنە پێشەوە. بە دڵنیاییەوە ئێستا پێشمەرگە ناوێکی مارکەیە و زۆر رێزی هەیە و داهاتووی ئەم دەوڵەمەندی و فرەچەشنییە فەرهەنگی و شوێنەواری و زمانییەیە کە هەتانن.
 
رووداو: باشە. ئەم پرسیارە بە شێوەیەکی دیکە دەکەم. ئایا وەک حکومەتی یۆنان هیچ پلانێکتان بۆ باشترکردنی کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان هەیە؟ 
 
ستاڤۆرس کیریمیس: خۆی دەبێت کورد سەرەتا لەپێشترییەکانی رێکبخات. ئەوجا ئێمە وا بکەین دەستیان بە کەرتی جۆراوجۆر و جیاواز بگات، ئێمە گەشتیاریی ئایینناسی، خۆراکناسی، گەڕان و شاخرەویمان هەیە. هەزاران لایەنی جۆراوجۆر هەن و شوێنەوارناسییش زۆر زۆر بەهێزە، سەرەرای ئەوەیش، بۆ ئەوەی هاوڕێ کوردەکانمان بڕیار بدەن چۆن لەپێشترییەکانیان رێکبخەن، ئەوە باشترین نەخشەڕێیە بۆیان، چونکە پێویستی بە بەرەوپێشچوون و وەبەرهێنان و زانیاریی زۆرە، چونکە بەبێ فیربوون هیچ شوێنەوارناسییەک نییە.  
 
رووداو: ئایا هانی گەشتیارانی یۆنانی دەدەیت بۆ هەرێمی کوردستان بێن؟ 
 
ستاڤۆرس کیریمیس: نەک تەنیا یۆنانییەکان، بەڵکو هەموو ئەوروپاییەکان. دەزانی یۆنان وەک وڵاتێکی رۆژئاوایی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە و کۆمەڵگەیەکی جیهانیی هەیە و، بەشێکی زۆر گرنگە. خەڵکی یۆنان چاو بۆ شوێنگرەوە دەگێڕن بۆ گەشتیارییەک کە نەچووبن. جا کوردستانیش شوێنێکی جادووییە. ئێوە ئاسایشتان هەیە کە ئەوەیش زۆر زۆر گرنگە. لێرە فڕۆکەخانەتان هەیە کە ئاسانکارییە. هێڵی گواستنەوەتان هەیە و خەڵکەکەیشتان رەسەن و متمانەپێکراون. بۆیە یۆنانییەکان یان ئەوروپییەکان یان هەر گەشتیارێکی بیانی سەیری متمانە دەکەن. جا سوپاس بۆ خوا کوردستان متمانەپێکراوە و هیوادارم بۆ چەند ساڵ و دەیەیەکی دیکەیش هەر وا بێت.
 
رووداو: ئایا هیچ هاوکارییەک لەنیوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و یۆناندا هەیە بۆ باشترکردنی جووڵەی گەشتیاری لەنێوان هەردوو لادا؟ 
 
ستاڤۆرس کیریمیس: لەم ساتەدا شتێکی وا نییە، شتێکی یەکلابووەوە لە بواری گەشتیاریدا نییە.  محەممەد جانان، بریکاری وەزیر و زاخاراکی، وەزیری گەشتیاریمان کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان کرد و ئێستا لەژێر گفتوگۆدایە. بەڵام دیسانەوە گرنگترین شت بۆ هەرێمی کوردستان دیدگەیەتی بۆ رێکخستنی لەپێشترییەکان، چونکە رێی هەزاران هەنگاو لە هەنگاوێکەوە دەست پێدەکات. بۆیە پێویستی بە لەپێشتریی وەبەرهێنان و هەوڵی چڕ. ئەوە بۆ کورد ئاسان نەبوو و بۆ یۆنانییەکانیش ئاسان نەبوو. بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێمە لە یەکێتیی ئەوروپاداین و بە پشتیوانیی برۆکسل و ئێستا یۆنانییەکان زیاتر یەکگرتوو و بەرچاوڕوونن.
 
رووداو: باشە. یەکێک لەو کێشانەی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان رووبەڕوویان دەبێتەوە کاتێک بۆ ئەوروپا گەشت دەکەن، بۆ نموونە بۆ یۆنان، کێشەی ڤیزایە. ئایا ئێوە لەم لایەنەوە هیچ ئاسانکارییەک دەکەن؟ 
 
ستاڤۆرس کیریمیس: بەڵێ، لای ئێمە ئەگەر بە دەستهێنانی ڤیزا هەیە. خزمەتگوزارییەکان لە دەرەوە پێشکەش دەکرێن یان لە لایەن کۆمپانیایەکی جیهانیی یۆنانییەوە کە "جی ڤی سی دەبلیو"ە و "ڤی ئێف ئێس"ـی هەولێر وەک هاوبەشێکی ناوچەیی بەکاردەهێنێت و ئامادەکاری دەکات و خزمەتگوزاریی فەرشی شینمان بۆ ئەو کەسانە هەیە کە چاوپێکەوتنی بەپەلەیان دەوێت تا باشتر قبووڵ بکرێن.  
 
رووداو: باشە. دەتوانیت هیچ ژمارەیەکم بدەیتێ؟ بۆ نموونە، ساڵانە چەند گەشتیار لە کوردستانەوە دەچن بۆ یۆنان و چەند گەشتیار لە یۆنانەوە دێن بۆ کوردستان؟ 
 
ستاڤۆرس کیریمیس: بەڵێ. لەبەر ئەوەی گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ نییە، ئاسان نییە ژمێرە بکرێت. خەڵک حەز دەکەن لە هەرێمی کوردستانەوە گەشت بکەن بۆ یۆنان. ئەوەیش بە دڵنیاییەوە لە رێگەی ئەستەنبووڵەوە دەبێت. هەروەها لە دەوحە و دوبەی و عەممان و قاهیرە و ڤیێنایشەوە دەکرێت. ئینجا تۆمارکردن بۆ ئەسینا لەم فڕۆکەخانانە دەبێت. جا لەبەر ئەوەی بە پاسپۆرتی عێراقییشە، ژمارەی تەواوەتی نییە، بەڵام نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڵکو یۆنان لەگەڵ کۆماری قوبرسدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکترین وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپان. هەر بۆیە گەشتکردن بۆ یۆنان لەناو خەڵکدا زۆر باوە.
 
رووداو: باشە. با باسی پەروەردە بکەین. کۆنسوڵخانەکەتان لە هەرێمی کوردستان لە بواری پەروەردەدا زۆر چالاکە. ئەو پرۆژانە چین کە پێشکەشیان دەکەن؟ 
 
ستاڤۆرس کیریمیس: چەند مانگ لەمەو پێش ئێمە لە لایەن حکومەتی یۆنانەوە ناساندنێکی زۆر گرنگمان بۆ هەموو زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق هەبوو. ئەوەیش مانای وایە هەر کەسێکی هەڵگری بڕوانامەی زانکۆکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زانکۆی سەڵاحەدین، سلێمانی و زانکۆ کومییەکانی دیکە دەتوانن داوای خوێندنی ماستەر لە یۆنان بکەن. جا بۆ ئەمەیش، ئەمڕۆ یان سبەی، پێشانگەیەکی ڤێرچواڵی جیهانی دەکرێتەوە کە من هەوڵ دەدەم هەڵمەتێکی زۆر گەورەی بۆ بکەم بۆ ئەوەی وا بکەم کورد ئاشنا ببن بە زیاتر لە 200 دەرفەتی خوێندنی ماستەر. ئەم ماستەرانە لە لایەن زانکۆی حکومەتی یۆنانەوەن و بۆ هەمووانن. هەروەها هەمان ئەو مافانەیان دەبێت کە خوێندکارە یۆنانی یان ئەوروپاییەکان هەیانە، ئەوە دەرفەتێکی زۆر گەورەیە بۆ کورد و تێچووی ئەم خوێندنی ماستەرانەیش تەواو مامناوەندە و لەنێوان سێ بۆ پێنج هەزار یۆرۆدایە بۆ خوێندنی زانستە مرۆڤایەتییەکان و، زیاتر لە پێنج هەزار یۆرۆیە بۆ خوێندنی پزیشکی، وەک دەزانن، تێچووی گوزەران لە یۆنان تەواو مامناوەندە. بۆیە بۆ خوێندکارێک تەواو باش بژی، مانگانە هەزار یۆرۆی بەسە. لە دەوروبەری شارۆچکەکاندا 700 یۆرۆیە و لە ناو شارۆچکەکانیشدا 800 یۆرۆ.  
 
رووداو: باشە. ئێستا جەند خوێندکاری کورد لە یۆنان دەخوێنن؟  
 
ستاڤۆرس کیریمیس: وەک پیم گوتیت، ئامارێکی روون نییە. دەزانم خوێندکاری شوێنەوارناسیمان هەیە. جا حەز دەکەین خوێندکار ی زۆر زیاترمان بۆ بێت، هەروەها کارمەندی حکومەت بۆ خوێندن بێن بۆ یۆنان، ئێمە خوێندکاری جیهانیی زۆرمان هەیە. هەروەها خوێندکاری زۆری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان هەیە. بۆیە کوردانی عێراقیش زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێ دەکرێت بۆ خوێندن لە یۆنان. 
 
رووداو: تەنیا پرسیارێکی دیکەت لەسەر ئامار لێ دەکەم.  
 
ستاڤۆرس کیریمیس: بپرسە. 
 
رووداو: ئێستا چەندە یۆنانی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن؟ 
 
ستاڤۆرس کیریمیس: لە 12 کەس زیاتر نین. 
 
رووداو: بۆچی ژمارەکە ئەوەندە کەمە؟ ئایا هەلی کار نییە؟ 
 
ستاڤۆرس کیریمیس: ئێمە هیوادارین ئاڵوگۆری بازرگانی و ئەکادیمی و پەروەردەیی چەند هێندە ببێت و ئەم ژمارەیە زیاد ببێت. هەرچەندە تا ئێستا ئەم ژمارەیە لە هەرێمی کوردستانن، بەڵام هەموو ئەوانەی لێرە دەژین زۆر دڵخۆشن، چونکە لە بارەی پیشەکانیان یان کارە تایبەتییە خیزانییەکانیانەوە تەواو دڵخۆشن کە لێرە دەژین. ئەوان لە منەوە وەک کۆنسوڵی گشتی زۆر نزیکن و هەندێک جار کواڵیتی لە چەندێتی باشترە. من لە سیدنیی ئوسترالیا کۆنسوڵی گشتی بووم و 250 هەزار یۆنانیی لێ بوو. هەموو ئەوانەی ئێرە زۆر لە کۆنسوڵی گشتییەوە نزیکن و زۆر لەگەڵ من و چەند هاوڕێیەکمدا بەشدار دەبن بۆ ئەوەی لە هاوڕێ کوردەکانەوە نزیک بین. ئینجا هیوادارین لە داهاتوودا ئەم ژمارەیە زیاد ببێت.  
 
رووداو: ئایا هیچ کۆمپانیایەکی گەورەی یۆنانی لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکات؟ 
 
ستاڤۆرس کیریمیس: بەڵێ، بە لایەنی کەمەوە کۆمپانیای وەن سایکلۆن هەیە کە لە بواری مەڵهەمدا کار دەکات. ئەویش یەکێکە لەو چەند کۆمپانیایەی لە سەردەمی تاریکی داعشدا لێرە مایەوە. ئێمە شانازی بەمەوە دەکەین کە بە لایەنی کەمەوە ئەم کۆمپانیایەمان هەیە. هیوا دەخوازین کە کۆمپانیاکانی دیکەیش بتوانن بێن بۆ ئێرە. 
 
رووداو: خۆی هەموومان دەزانین کە هەریەکە لە کوردستان و یۆنان فەرهەنگ و مێژوویەکی تەواو دەوڵەمەندیان هەیە. پلانتان چییە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی نێوان یۆنان و هەرێمی کوردستان؟ 
 
ستاڤۆرس کیریمیس: خۆی تۆ لە من باشتر دەزانیت کە داهاتوو هی گەنجانە. بۆیە دەبێت ئامانجمان گەنجان بێت. دەزانی، ئەرکی لەپێشینە و دیدگەم بۆ پەیوەندیی نێوان ئەسینا و هەولێر سێ کاری لەپێشینەن: پەروەردە، پەروەردە، پەروەردە، پەوروەردە بۆ دیموکراسیەت پێویستە. پەروەردە بۆ مافەکانی مرۆڤ پێویستە. پەروەردە بۆ بەڕێزبوون پێویستە بۆ ئەوەی ببیتە پیاو یان ژنێکی بازرگانی بەڕەوشت. بۆیە هەموو هەوڵم بۆ پەروەردەیە و لە سنووری پەروەردەدایە. جا من زۆر شانازی پێوە دەکەم کە رایبگەیەنم سەرۆکی زانکۆی کوردستان لە ئەسینایە و هاوکارییش لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی سلێمانی هەیە و یەکەمین ماس ماستەری جیهانیی یۆنانی ئەسیناییان لە بوارەکانی ئەخلاقناسی، سیاسەت و سەرکردایەتیدا واژۆ کردووە. ئەمە هەر تەنیا بۆ کورد وا نییە، بەڵکو بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. نۆ مانگ لە ئەسینا دەخوێنرێت و سێ مانگ لە هەولێر و سێمانگیش لە سلێمانی دەخوێنرێت.
 
رووداو: ئەوە پرۆگرامێکی ئاڵوگۆڕییە؟ 
 
ستاڤۆرس کیریمیس: نا.
 
رووداو: تەنیا بۆ خوێندکارانی هەرێمی کوردستانە؟
 
ستاڤۆرس کیریمیس: ئەوە بڕوانامەیەکی رەسەنی ئەسینایی-یۆنانییە لە یەکێتیی ئەوروپادا دوو زانکۆی بۆ هاوکاری لە خۆ گرتووە. ئەوەیش مانای وایە ئەو کەسانەی لە خوێندنەکەدا سەرکەوتوو دەبن بروانامەیەکی رەسەنی یۆنانیی ناو یەکێتیی ئەوروپایان هەیە کە لە یەکێتیی ئەوروپا و دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپادا کاری پێدەکرێت کە پشتی بە یاسای یۆنانی و کۆنگرێسی یەکێتیی ئەوروپا بەستووە. ئەوە بڕوانامەیەکی جیهانیی بازرگانییانەی ئاست نزم نییە.
 
رووداو: چ شتێک لە فەرهەنگی کوردیدا بە لاتەوە زۆر سەرنجڕاکێشە؟
 
ستاڤۆرس کیریمیس: فرەچەشنی فەرهەنگی. بە لای منەوە ناسینی ئێزدی و تورکمان و کلدانی و سریانی و سریانییە ئۆرسۆدۆکسەکان و کاکەییەکان و ناسینی ئەم هەموو فەرهەنگە نەریتییە شتێکی زۆر نائاسایی و سەرنجراکێش بوو، هیوادارم کورد لەم هەرێمەدا ئەم رەسەنایەتییە بپارێزن و ئەم رەسەنایەتییە ببێتە خاڵێکی بەهێز کە لە داهاتوودا پشتیوانیی پێکهاتە ئایینییەکان بکەن، چونکە ئێوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان. لەگەڵ ئەوەیشدا ئێوە هەر زۆر تایبەت جیاوازن، بۆ ئێمە وەک یۆنانی، وەک ئەوروپایی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەنرخن. پێمان وایە ئەمە سەرنجڕاکێشە، لەم لایەنەوە ئێمە زۆر لە ئێوەوە نزیکین بۆ پاراستنی ئەم رەسەنایەتییە و بەرەوپێشبردنی بە شێوازی خۆتان.
 
رووداو: ئەگەر بیانییەکان لە بارەی کوردستان و خەڵکی کوردەوە پرسیارت لێ بکەن، چۆن بۆیان باس دەکەیت؟
 
ستاڤۆرس کیریمیس: زۆر لە یۆنانییەکانەوە نزیکن، بەڵام ئێمە کەمتر جێگیرین، سوپاس بۆ یەکێتیی ئەوروپا، هەروەها زۆر وەک‌یەکیمان لە هزر و بیرکردنەوە و گرنگیدان بە خێزاندا هەیە و پەیوەندییەکی زۆر بەهێز لەنێوان خوشک و برادا هەیە و خێزانەکان فراوانترن. ئەگەر کەسێک بپرسێت، ئەوا ئەوان لە یۆنانییەکان دەچن. یۆنانییەکانیش زۆر هاوشێوەی [کوردن]، بەڵام جۆر جێگیرترن، چونکە ئێوە زۆر لە چیاکانەوە نزیکن و، ئێمەیش لە یۆنان دەریای زۆرمان هەیە بۆ بینینی ئاسۆ.
 
رووداو: دکتۆر ستاڤۆرس کریمیس، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.