وەزیری ناوخۆی عێراق: دۆخی ئەمنیی شارە رادەستکراوەکان بە پۆلیس، سەقامگیرترە

17-04-2024
هێمن عەساف
عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق
عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی عێراق لە شاری سلێمانییە و یەکێکە لە میوانانی دیداری سلێمانی، بەشداری لە پانێلی (ئاسایشی هەرێمی؛ دەرکەوتنەوەی پێکدادانەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) کرد، عەبدولئەمیر شەمەری رایگەیاند، ئەو شارانەی عێراق کە دۆسیەی ئەمنییان رادەستی پۆلیس کراوەتەوە، بەراورد بە شوێنەکانی دیکە سەقامگیرترن.
 
بە گوتەی عەبدولئەمیر شەمەری، بەرنامەیەکی 10 ساڵەیان بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەت هەیە، بەڵام لە کۆکردنەوەی چەکی بێ مۆڵەت گرفتیان هەیە، چونکە هاووڵاتیان هێشتاش لە سەقامگیربوونی دۆخی ئەمنیی بە گومانن، بۆیە ئامادەنین چەکەکانیان رادەست بکەن.
 
بەشێکی پرسیار و وەڵامەکانی عەبدولئەمیر شەمەری لە پانێڵەکە:

پرسیار: دۆخی ئەمنیی عێراق بەراورد بە جاران بەرەو باشتر هەنگاو دەنێت، بەپێی پلانی حکومەت، هێزەکانی وەزارەتی بەرگری دەکشێنەوە و وەزارەتی ناوخۆ شوێنیان دەگرنەوە، تاچەند هێزەکانتان ئامادەن بۆ ئەم بەرپرسیاریێتییە؟ 
 
عەبدولئەمیر شەمەری: وەرگرتنی دۆسیەی ئەمنی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان، کارە لەپێشینەکانی کارنامەی حکومەت بووە. هەر لە سەرەتای ئەم کابینەیەدا، بەڕێز فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی بۆ دەرکرد و بەگوێرەی رێکارەکان، رێنمایی بەردەوامی پێدەداین. بەدڵنیاییەوە گۆڕینی بەرپرسیاریێتی کەیسی ئەمنی شار و شارۆچکەکان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە بۆ پۆلیسی شارەکان پێویستی بە ئامراز و کەرەستەی تایبەت هەیە، وەک چۆن پێویستی بە توانای ئەمنی هەیە، کە لە هەموو روویەکەوە توانا ئەمنییەکان جیاوازن لە توانا سەربازییەکان. پێشتر لە 2003ـوە تاوەکو پێکهێنانی ئەم حکومەتە، دۆسیەی ئەمنی لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە بەڕێوەدەبردرا. وەزارەتی بەرگریش لەرێگەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە بەڕێوەدەبردران. منیش لە قۆناخێکی زۆر هەستیاردا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا بووم، لە ساڵانی نێوان 2013-2016دا. دۆسیەی ئەمنیمان بەشێوازی سەربازییەوە بەڕێوەدەبرد و شێوازە سەربازییەکانیش لە رێگەی بازگەکان، خاڵەکانی پشکنین و بەربەستە کۆنکرێتییەکان و ساترەکان. رۆژانە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیمان لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستییەکان هەبووە. ئێستا بە سەقامگیربوونی دۆخی ئەمنی و شکست و قەڵاچۆکردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە رووی سەربازییەوە، دەبووایە بەرپرسیاریێتییەکە بۆ وەزارەتی ناوخۆ بگوازرێتەوە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ چی لە هەگبەدایە بۆ ئەوەی ئەو دۆسیە ئەمنییەی پارێزگاکان لە رەهەندی ئەمنییەوە بەڕێوەببات؟ وەک گوتم، بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی جیاوازە لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی سەربازی.
 
بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی پێویستی بە هەواڵگرییەکی بەهێز، کامێرای چاودێری، بڵاوەپێکردن و تەشەنەکردنی مەفرەزە بەردەوامەکانی هێزە ئەمنییەکان، پێویستی بە پلان و کاری ئەمنی هەیە، جیاواز لەو رێکارانەی لە رووی پلانی سەربازییەوە دەگیرانەبەر. سەرەتا بە پارێزگا سەقامگیر و ئارامەکانەوە لە رووی ئەمنییەوە دەستمانپێکرد. لە 2023ـدا بە پێنج پارێزگا دەستمانپێکرد کە لە بابل، نەجەف، واست، دیوانییە و موسەننا پێکهاتبوون. ئەم پێنج پارێزگایە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە ئارام و سەقامگیرترن. هەروەها رێژەی تاوانەکانی تیرۆر و کەتنەکانیش بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیبوو. بۆیە دەستمانکرد بە وەرگرتنی ئەم پارێزگایانە لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە و رادەستکردنیان بە فەرماندەیی پۆلیسی شارەکان. دوای ئەوەی لە 2003 راوێژکاریێتی ئاسایشی نیشتمانیی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەم ئەزموونە کرد، بۆیان دەرکەوت ئەم ئەزموونە زۆر سەرکەوتوو بووە و دۆخی ئەمنیی شارەکان زۆر ئارام و سەقامگیر بووە. دواتر ئاستی ئامادەباشیی ئەم پارێزگایانەمان زیاتر کرد بۆ ئەوەی لە هەموو روویەکەوە ئارامتر بن و لەسەر ئەم بنەمایە لیوایەکی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیمان ناردە ئەم ناوچەیە کە وەک هێزی ئامادەباشی لەوێ بن. 
 
پرسیار: بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی نایاسایی چیتان کردووە؟
 
عەبدولئەمیر شەمەری: لەبارەی چەکی کۆنترۆڵنەکراوەوە، وەک دەزانن تاوەکو کۆتاییەکانی 2016ـش رووبەڕووبوونەوەی بەردەواممان لەگەڵ داعش هەبوو لە ناوچەکانی دەوروبەری شارەکان. ئەم چەکانەی بەردەستی هۆزەکان و هاووڵاتییەکان بە پشتبەستن بە فەتوای پیرۆزەوە بۆ بەرگریکردن لە خاک و ناوچەکانیان  بەکاریاندەهێنا. بۆیە دوای ئەم قۆناخە، لیژنەیەکی باڵامان پێکهێنا لەپێناو بنبڕکردنی چەکی کۆنترۆڵنەکراو و کۆکردنەوەی لەژێر دەستی حکومەت. ئەم لیژنەیە بەرنامەیەکی تۆکمەی بۆ ماوەی 10 ساڵ ئامادەکرد بۆ ئەوەی هەموو چەکەکان بخرێنە ژێر دەستی دەوڵەت. دەستمانکرد بە پرۆسەی تۆمارکردنی چەک و بە دوو ئاراستە کارمان کرد. ئاراستەی یەکەم کارکردنە بۆ چەکە مامناوەند و قورسەکان. بۆ ئەمەش لە ئەنجوومەنی وەزیران داوای بودجەیەکمان کرد بۆ ئەوەی چەکە مامناوەند و قورسەکان بکڕینەوە. ئاراستەی دووەمیش تۆمارکردنی چەکە سووکەکانی بەردەستی هاووڵاتییان بووە لە بنکەکانی پۆلیس. لە سەرجەم بنکەکانی پۆلیسدا هۆبەی تۆمارکردنی چەکە سووکەکانمان کردەوە و لە رێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنییەوە چەکەکان تۆمارکران. بەدڵنیاییەوە ئاراستەی سێیەممان کارکردن دەبێت بۆ پشکنین. 
 
پرسیار: سەختی و ئاڵنگارییەکان چین؟ 
 
عەبدولئەمیر شەمەری: تاوەکو ئێستاش خەڵک ترسی هەیە لە رادەستکردنەوەی چەکەکانی بەردەستیان. بەهۆی ئەوەی تائێستاش ترسیان لە دۆخی ئەمنی هەیە و بەشێکیان تاوەکو ئێستا دڵنیانین لە کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی و سەقامگیری ناوچەکە و رێکارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و هێزە ئەمنییەکان لە سەپاندنی ئاسایش. ئەمە جگە لە بوونی ناکۆکی نێوان هۆزەکان هۆکارێکی دیکەی هاوکارینەکردنیانە. لەماوەی ساڵی رابردوودا کێشە و ناکۆکییەکانی هۆزەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و دەستبەسەر ژمارەیەکی زۆری چەکەکاندا گیراوە. بۆیە ئێمە لە کۆتایی 2024دا و تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکانی تۆمارکردنی چەکەکان، بەهیچ شێوەیەک رێگە بە چەکی بێمۆڵەت نادەین، جا چەکی سووک بێت یان مامناوەند. دوای 2024 سوورین لە دەستپێکردنی قۆناخی سێیەمی پلانەکەمان کە پشکنین و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت دەبێت. وەک گوتم دوو ئاراستەمان هەیە کە کڕین و تۆمارکردنە. بابەتی متمانەکردنی هاووڵاتییان بە دامودەزگا ئەمنییەکان بەندە بە چوست و چالاکی و کارامەیی ئەم دامودەزگایانە. لە 2003ـدا ژمارەی تاوانەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و بەمەش بۆمان دەرکەوت کە رێژەی تاوانەکانی کوشتن، رفاندن، دەستدرێژی، تاڵان و هەڕەشەکردن و رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی هۆزەکان، بە کۆنترۆڵکردنی ئەم هەموو روانگەیە، دۆخی ئەمنی بەرەو باشتر چووە و دەرخەری ئەوەیە کە لە تواناماندایە بەرپرسیاریێتی ئەمنی بگرینە ئەستۆ هەر لە شارەکان تاوەکو دەگاتە شارۆچکە و ناوچە دوورەدەستەکان. لە سەرەتای 2024ـدا کەیسی ئەمنی پارێزگای زیقار و سامەڕا-مان وەرگرت و سوورین لەسەر وەرگرتنی کەیسی ئەمنی ناوەندی شارەکانی دیکەش. 
 
پرسیار: هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان حکومەت ئیحراج دەکەن، حکومەت چۆن ئەم دۆخە چارەسەر دەکات؟ 
 
عەبدولئەمیر شەمەری: ئەنجوومەنی وەزیرانی پەیوەندیدار بە کاروباری ئاسایشی نیشتمانی هەمیشە بابەتی بە ئامانجکردنی بنکە سەربازییەکانی سەر بە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەخاتە بەرباس و لێکۆڵینەوە، بەڵام بڕیاری هەڵگیرساندنی جەنگ و ئاشتی بڕیارێکی حکومییە. بەدڵنیاییەوە ئەم جۆرە بڕیارانە ئاسان نین و ئاڵنگاری و سەختیی تایبەت بەخۆیان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا حکومەت هەموو رێکارەکانی گرتووەتەبەر و هەمیشە لە رێگەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە هەوڵدراوە کۆنترۆڵی ئەم گرووپە چەکدارانە بکرێت و گوشار بخرێتە سەریان تاوەکو خۆیان لەگەڵ حکومەت و رێکارەکانی بگونجێنن. 
 
پرسیار: پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ترس و دڵەڕاوکێی لای بەشێکی عێراقییەکان و وەبەرهێنەران دروستکردووە؟ لەنێوان ئەم بەرداشەدا چۆن مامەڵە دەکەن؟
 
عەبدولئەمیر شەمەری: بەدڵنیاییەوە ئێمە وەک وەزارەتی ناوخۆ، پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانی وڵاتانی هاوپەیمان هەیە بۆ نموونە لەگەڵ هێزەکانی کاربێنەری ئیتاڵی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشمان هەیە و پێکەوە کار دەکەین. ئەوان نزیکەی هەشت ساڵە مەشق و راهێنان بە پۆلیسی فیدراڵی دەکەن. لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتنی ستراتیژیمان هەیە و بەشێکیان لە رووی ئەمنییەوە کاری هاوبەشیان لەگەڵ دەکەین. نەک تەنیا لە رووی ئەمنییەوە، بگرە لە رووی ئابووریشەوە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە