باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق : هەموو عێراقییەک دەبێ سەردانی هەڵەبجە بکات

17-03-2023
رۆژ عەلی زاڵە
رۆژ عەلی زاڵە @RojZalla
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فۆتۆشی ماچومۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فۆتۆشی ماچومۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە لایەن دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراقەوە بە "کارەسات" ناو دەبات و دەڵێت، "دەبێت هەموو تاکێکی عێراقی سەردانی هەڵەبجە بکات."
 
فۆتۆشی ماچومۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژ عەلی زاڵە لە تۆکیۆ لەگەڵی ئەنجامی دا، لەبارەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە رایگەیاند، "باوەڕمان وایە ئەم کارە دژی مرۆڤایەتی بوو و، دەبێت لە پێناو مرۆڤایەتیدا ئەم رۆژە یاد بکەینەوە." دەشڵێت، "پێویستە [یادەکە] بیری خۆمان و خەڵکی دنیای بهێنینەوە کە دەبێت لەسەر بنەماکانی ئاشتی بەردەوام بین بۆ ئەوەی هیچ کەسێک هەرگیز نەتوانێت زات بکات پەنا بۆ چەکی کیمیایی یان چەکی ئەتۆمی ببات."
 
باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کە لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکی عێراقی بە گەشتێک لەو وڵاتەن، لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا باسی لەوە کرد، "کردنی هەڵەبجە بە پارێزگای 19یەمی عێراق هەنگاوێکی زۆر باشە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە هەوڵی کەسیی زۆر مەبەستدارانە بۆ بیرهێنانەوەی ئەو شتانە هەبێت کە روویان داوە." گوتیشی، "پێموایە دەبێت هەموو خەڵکی عێراق سەردانی هەڵەبجە بکەن. جا منیش زۆر پێم خۆشە هەر کە گەڕامەوە بەغدا، سەردانی بکەم، چونکە دەبێت بیرهێنانەوەی تاوانەکان و کردەکانی دژی مرۆڤایەتی لە دڵی خەڵکدا بمێننەوە."
 
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فۆتۆشی ماچومۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق:
 
رووداو: بەڕێز باڵیۆز، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. بۆچی لەسەر گەشتەکەت بۆ ئێرە دەست پێ نەکەم کە پێموایە لەگەڵ هەندێک پەرلەمانتاری عێراقیدایە؟ ئەگەر دەتوانیت، بە کورتی باسی ئەو گەشتەم بۆ بکە؟ 
  
فۆتۆشی: زۆر سوپاس، رۆژ. خۆشحاڵم کە لە کوردستانەوە هاتوویت بۆ تۆکیۆ.  
 
رووداو: سوپاس. 
 
راستییەکەی لەگەڵ چوار پەرلەمانتاری عێراقیدا گەڕامەوە کە دووانیان کوردن و خەڵکی هەولێر و سلێمانین. من یاوەریم کردن و پێکەوە لێرەین لە تۆکیۆ و کیۆتۆ و هیرۆشیما. جا ئەمە گەشتێکی نزیکەی هەفتەیی بوو. بۆ ئەوەی پەرلەمانتارە عێراقییەکان بتوانن لە ئەزموونی ژاپۆنییەوە فێر ببن و، هەروەها لەگەڵ سیاسەتمەدارە ژاپۆنییەکاندا [بیروڕا] ئاڵوگۆڕ بکەن. جا ئەوە گەشتێکی خۆش بوو. 
  
رووداو: باشە، پێشتر قسەمان کرد، گوتت کە ئەوان لە هیرۆشیما سەردانی مۆنۆمێنتی بۆردوومانکردنیان بە چەکی ئەتۆمی کرد. جا ئێستا دەزانین کە هێرۆشیما و ناگاساکی مانگی ئایار کۆبوونەوەکانی جی 7 لەخۆبگرن. دەمەوێت ئەمە بگۆڕم و باسی هێرۆشیما و ناگاساکی بکەین. حکومەتی ژاپۆن چ شتێکی بە تایبەت بۆ هێرۆشیما و ناگاساکی کردووە؟  
  
فۆتۆشی: هێرۆشیما و ناگاساکی لە دڵماندا دەمێننەوە، لە دڵی ژاپۆنییەکاندا. جۆرێکن لە هێمای ئاشتی. هەر لەو کاتەوەی دوو بۆمبە ئەتۆمییەکەیان لێ دراوە. دەستبەجێ نزیکەی 210 هەزار کەس لەناوچوون. زۆر تراجیدی بوو. دەبێت ئەم بیرەوەرییە لە دڵماندا بە زیندوویی بمێنێتەوە. نەک تەنیا لە دڵی ئێمەدا، بەڵکو لە دڵی هەموو مرۆڤایەتیدا، بۆیە ئەوە وامان لێ دەکات کار بۆ ئاشتیی ژاپۆن بکەین. جا ئاشتی پایەیەکی سەرەکیی دیپلۆماسیەتمانە لە جیهاندا.  
  
رووداو: باشە. لەگەڵ شەڕی ئۆکراینا-رووسیادا جۆرێکی نوێکراوەی هەڕەشەی شەڕی ئەتۆمی هەبوو و، دەزانم هەندێک لە سەرۆکشارەوانییەکانی هێرۆشیما و ناگاساکی داوایان کرد کە سەرکردەکانی جیهان سەرنج بگێڕنەوە سەر نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی یان چەکە کۆمەڵکوژەکان. جا بە شێوەیەکی دیکە، ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوە نییە کە تەنیا باسی هێرۆشیما و ناگاساکی بێت وەک شوێن، بەڵکو لە راستیدا شوێنێکن بۆ گوشاری چالاک بۆ نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی یان نەهێشتنی چەکی کۆمەڵکوژ. 
 
فۆتۆشی: رێک وایە. راستییەکەی، سەرۆکوەزیران بەڕێز کیشیدا خۆی خەڵکی هێرۆشیمایە. سوورە کە ئەم ئایارە هەندێک کۆبوونەوەی جی 7 لە ئەستۆ بگرێت. ئەوەیش رێک لەبەر ئەوەی ژاپۆن زۆرترین گرنگی بە بنەمای ئاشتی دەدات و، ئێمە تەواو دژی بەکارهێنان و هەڕەشەی چەکی ئەتۆمیین. 
 
بۆیە لەم کاتە هەستیارەدا کە دەبینین قەیرانەکان لە ئۆکراینا رۆژ بە رۆژ گەورەتر دەبن کە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەخۆدەگرێت، پێموایە بۆ ژاپۆن و جیهان ساتێکی زۆر هەستیارە بۆ ئەوەی پیشانی بدات سوورە لەسەر ناردنی پەیامی ئاشتی بۆ جیهان کە دەکرێت تێیدا تەنانەت بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمییش لە لایەن هەندێکەوە پێشبینی بکرێت.  
  
رووداو: وایە. دەزانی، ئێستا ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە کە ئەویش ترجیدیایەکی گەورە بوو. بە گشتی هاوشێوەبوونی کەیسی هێرۆشیما و ناگاساکی لەگەڵ هەڵەبجەدا لە کوێدا دەبینیت؟ 
 
فۆتۆشی: خۆی، بە دڵنیاییەوە دۆخە مێژووییەکە لە پرسی هێرۆشیما و ناگاساکی و هەڵەبجەدا تەواو جودایە، بەڵام ئەمساڵ، بە تەواوەتی ئەمڕۆ، 16ـی ئادار 35 ساڵ بەسەر ئەو رووداوە کارەساتبارەدا تێدەپەڕیت کە لە هەڵەبجە روویدا بەهۆی بەکارهێنرانی چەکی کیمیاییەوە و هەزاران کەسی بێتاوان بە راستی کۆمەڵکوژ کران. 
 
جا هەموومان باوەڕمان وایە ئەم کارە دژی مرۆڤایەتی بوو و، دەبێت لە پێناو مرۆڤایەتیدا ئەم رۆژە یاد بکەینەوە. جا ئەوە جۆرێکی باوی بیرکردنەوەیە کە لەنێوان دوو رووداوەکەی هێرۆشیما و ناگاساکی و هەڵەبجەدا تێیدا هاوبەشین. پێویستە بیری خۆمان و خەڵکی دنیای بهێنینەوە کە دەبێت لەسەر بنەماکانی ئاشتی بەردەوام بین، بۆ ئەوەی هیچ کەسێک هەرگیز نەتوانێت زات بکات پەنا بۆ چەکی کیمیایی یان چەکی ئەتۆمی ببات.  
  
رووداو: باشە، کە باس دێتە سەر هێرۆشیما و ناگاساکی... تازەکی حکومەتی عێراق بڕیاری دا هەڵەبجە وەک پارێزگای 19یەم بناسێنێت و، بە دڵنیاییشەوە ئەوە دەبێت بچێتە پەرلەمان، بەڵام هێشتا لەوێ خزمەتگوازرییەکان کەمن، بۆیە دەمەوێت بزانم لە لایەنی خزمەتگوزارییەوە، لە لایەنی بایەخدان بە پێویستییەکانی خەڵكی هێرۆشیما و ناگاساکییەوە، ئایا حکومەتی ژاپۆن وەڵامگۆی پێویستییەکانیان بووە؟ دەزانم ئەوە ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا بووە و قسە لە ساڵانێکی زۆر پێش [کیمیابارانکردنی] هەڵەبجە دەکەین. ئایا لە هێرۆشیما و ناگاساکی بەراورد بە ناوچەکانی دیکە کەمیی خزمەتگوزاریی هەیە؟  
 
فۆتۆشی: ئەوە خاڵێکی زۆر سەرنجڕاکێشە. لە ژاپۆن هەموو کەسێک، قوتابییان لە قوتابخانەدا لە سەرەتاییەوە تا ئامادەیی لە هەر کوێیەک بژی بە گەشتی قوتابخانە سەردانی هێرۆشیما و ناگاساکی دەکات، بۆیە هەموو کەسێک مۆزەخانەی یادگاری چەکی ئەتۆمی دەبینێت و هەر کەسێکی ژاپۆنی ئەوەی بیر دەمێنێت کە رووی داوە، بۆیە بە راستی لە عێراقیش ئەمە زۆر پێویستە.  
  
پێموایە دەبێت هەموو خەڵکی عێراق سەردانی هەڵەبجە بکەن. جا منیش زۆر پێم خۆشە هەر کە گەڕامەوە بەغدا، سەردانی بکەم، چونکە دەبێت بیرهێنانەوەی تاوانەکان و کردەکانی دژی مرۆڤایەتی لە دڵی خەڵکدا بمێننەوە، بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بەردەوام بیری خۆی بهێنێتەوە کە نابێت ئەوە ببینینەوە کە رووبداتەوە، بۆیە من بە چاوپۆشیکردن لە کوردبوون یان کوردنەبوون، بە راستی هانی هەموو عێراقییەکان دەدەم ساڵانە بچن سەردانی هەڵەبجە بکەن.  
 
رووداو: هێرۆشیما و ناگاساکی لە سەرانسەری جیهاندا زۆر بەناوبانگن و نزیکەی هەموو کەسێک دەیانناسێت. کاتێک بیر لە ژاپۆن دەکەیتەوە، دەزانیت ئەوە بەشێکە لە مێژووی ژاپۆن. ئێستا لە هەڵەبجە هەوڵ دراوە کە هەڵەبجە وەک جینۆسایدی کورد بە گشتی بناسێنن. گەلێک بەربەست هەبوون. من تێدەگەم کە هێرۆشیما و ناگاساکی لە لایەنی تراجیدییەوە زۆر گەورەتر بوون، بەڵام لە هەمان کاتدا تاوان دژی مرۆڤایەتی هەرچییەک بێت هەر تاوانە دژی مرۆڤایەتی. بۆچی یەکێکیان باشتر دەناسێنرێت و یەکێکیان کەمتر؟  
 
فۆتۆشی: خۆی، پێموایە کردنی هەڵەبجە بە پارێزگای 19یەمی عێراق هەنگاوێکی زۆر باشە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە هەوڵی کەسیی زۆر مەبەستدارانە بۆ بیرهێنانەوەی ئەو شتانە هەبێت کە روویان داوە. پێموایە ئەمە لە لایەن دانە بە دانەی خەڵکی ژاپۆنەوە بۆ بیرهێنانەوەی هێرۆشیما و ناگاساکی کراوە، لەبەر ئەوەی برینەکان زۆر قووڵ بوون، چونکە 210 هەزار کەس دەستبەجێ لەناو چوون، بۆیە پێموایە گەورەیی خەمەکە و خەفەتبارییەکە بۆ هێرۆشیما و ناگاساکی لەناوماندا زۆر قووڵ بوو، بۆیە پێموایە ئەوەیش لە هەڵەبجە دەگوترێت. هیوادارم خەڵکی عێراق بۆ هەمیشە ئەوە بە بیر بهێننەوە.  

 

رووداو: باڵیۆز فۆتۆشی ماچومۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.  
 
فۆتۆشی: زۆر سوپاس، رۆژ. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.