نێچیرڤان بارزانی: بەغدا دەیەوێ لەگەڵ ئێمە كێشە دروستبكات

17-02-2015
هێڤیدار ئەحمەد
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی
A+ A-

هەڤپەیڤین: هیڤیدار ئەحمەد
 
كاژێر هەشت و نیوی بەیانی لە دوبەی ، بۆ ئەم هەڤپەیڤینە دیاریكرابوو لەلایەن نووسینگەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانییەوە. لە نهۆمی چلی یەكێك لە بەرزترین تاوەرەكانی دوبەی كە هەرچوارلای شارەكەی لێوە دیاربوو، چاوەڕێی دەكردم . كە گەیشتم گوتی هەرچیت دەوێت بپرسە، بەڵام كاتەكە كەم بوو، تەنیا 25 خولەك كاتمان هەبوو. چەند رۆژێك بوو بەشی هەرە زۆری میدیای ئیماراتی بە تەلەڤزیۆن و رۆژنامەكانەوە سەرقاڵی سەردانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بوون كە یەكێك بوو لە بەشدارە هەرە دیارەكانی كۆنگرەی حكومەت لە دوبەی .

نێچیرڤان بارزانی لەو هەڤپەیڤینەدا باسی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای كرد لەسەر نەوت و دەربارەی شەڕی داعشیش گوتی "ئەو شەڕە بۆ ئێمە لەسەرەتادا شۆك بوو، بەڵام پێشمەرگە هەیبەت و شكۆی داعشی شكاند".

 ناتوانم دڵنیایی بدەم كە مووچەی فەرمانبەران چیدی دواناكەوێ

هەر لەوەڵامی پرسیارەكانی تۆڕی میدیایی رووداودا ، باسی رەوشی رۆژئاوای كوردستانی كرد ، هەروەها وەك جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی پەیوەندییەكانی پارتی كرد لەگەڵ  PKKو گوتی كە دانوستاندن لەنێوان هەردوولا هەیە .

رووداو: ئێوە لە كۆنگرەی دەوڵەت بوون لە دوبەی كە باسی 50 ساڵی داهاتووی ئەو وڵاتەی دەكرد. كورد چی فێربوو لەو كۆنگرەیە؟

نێچیرڤان بارزانی: لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆك وەزیرانی ئیمارات بەشداریمان لەم كۆنگرەیە كرد. بێگومان بۆ ئێمە وەك هەرێمی كوردستان دەرفەتێك بوو، بۆ ئەوەی لە ئەزموونی ئەم وڵاتانە فێرببین.

ئەم وڵاتانە هەموویان پێشتر ئەزموونێكی كەم و زۆر وەك ئێمەیان هەبووە. بە ئەزموونێكدا تێپەڕیون ، لە زۆر بواردا توانیویانە پێشكەوتن بەدەستبێنن. بۆ ئێمەش لە هەرێمی كوردستان دەرفەتێك بوو كە هاوكارانم لە كابینەی حكومەتدا بەشداربن و خۆم لەهەندێك پانێلدا بەشداربووم ، بۆ ئەوەی زیاتر بتوانین فێربین و هیوادارین زیاتر ئەو ئەزموونانەی لەم وڵاتانەدا هەن بەشێوەیەك لە شێوەكان، بتوانین بەشە باشەكانیان لە هەرێمی كوردستاندا جێبەجێ بكەین. لەپاڵ ئەمەدا ئێمە هەندێك دیتنی فەرمیمان هەبوو لەڕووی سیاسییەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئیمارات، لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید، لەگەڵ وەزیری دەرەوە لەگەڵ خودی محەممەد بن راشد كۆبووینەوە و لەم دیدارانەشدا پتر باسی دۆخی ناوچەكە بەشێوەیەكی گشتی و عێراق و كوردستانمان كرد . 

بێگومان پەیوەندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئیمارات پەیوەندییەكی نوێ نییە، قەبارەیەكی زۆری بازرگانیمان هەیە، ئەوان كاری وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دەكەن، قەبارەی بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئیمارات بەشێك بوو لە باسەكانی ئەو دیدارانەی لەئیمارات لەگەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە كردوومانن .
كەس نازانێ پارەی عێراق بۆ كوێ رۆیشتووە

رووداو: چ شتی نوێتان لە ئیمارات بیست لەو دیدارانەدا، چونكە گوتەبێژی حكومەتی ئیمارات گوتی هەرێمی كوردستان بۆ ئیمارات زۆر گرنگە؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڕاستی ئارەزوویەكی زۆر هەیە لە هەموو روویەكەوە كە یارمەتی ئێمە بدەن، بەشێكی مومكینە راستەوخۆ، بەشێكیش دەبێ لەڕێگەی بەغداوە بكرێت. هەندێجار كێشە لێرە دروستدەبێ ، ئەگەرنا هەستمكرد لەڕووی هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان، لە ئیمارات ئارەزووی ئەوە هەیە لە هەموو روویەكەوە یارمەتی هەرێمی كوردستان بدەن. لەڕووی بازرگانی و وەبەرهێنانیش ئیمارات یەكێكە لەو وڵاتانەی كە كاری وەبەرهێنان و بازرگانیی زۆری هەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا.

رووداو: لە كۆنگرەی حكومەت لە دوبەی ئەوان باسی 50 ساڵی داهاتووی خۆیان دەكرد، تەنانەت گوتیان چەند ساڵێكی دیكە تەنیا 6%پشت بە داهاتی نەوت دەبەستین، هەرێمی كوردستان چۆن دەتوانێ سوود لەم ئەزموونەی ئیمارات وەربگرێ؟

نێچیرڤان بارزانی: مەسەلەی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان شتێكی هەتا بڵێی نوێیە، ئێمە چەند ساڵێكە دەستمان پێكردووە، پێشتر ئەسڵەن هیچ ژێرخانێكی نەوتی لە وڵاتی ئێمە نەبوو. 

بێگومان پشتبەستنی هەر وڵاتێك بەشێوەیەكی سەرەكی بە نەوت، مەترسییەكی زۆر گەورەیە. ئەوەی گرنگە هەموو وڵاتێك بتوانێ نەوت بەكاربێنێت بۆ دروستكردنی ژێرخانی دیكەی ئابووری، چونكە بە بودجەیەكی كەم كە لە بەغداوە دێت، ناتوانی وڵاتێكی وێران بەو هەموو كێشانەی كە هەیەتی ئاوەدان بكەیتەوە. بێگومان داهاتی نەوت پێویستە سوودی لێوەربگیرێ بۆ دروستكردنی ژێرخانی دیكە كە لەئایندەدا وڵات نەتوانێ هەر پشتبەستووبێت بە نەوت . ئێستا خۆ ئەم وڵاتانەش، تەنانەت ئیماراتیش كە ئەو پرۆسەیەی دەستپێكردووە، ئیعتیمادی سەرەكی لەسەر نەوت بووە، بەڵام ئێستا 35 تاوەكو 40% پشت بە نەوت دەبەستێ و وەكو دیكە پشت بە بازرگانی، خزمەتگوزاری و گەشتوگوزار دەبەستێ، ئەوانە داهاتی سەرەكی ئیمارات دابیندەكەن. دەكرێ ئەمەش ببێتە مودێلێك كە ئێمە بتوانین لە ئایندەدا سوودی لێوەربگرین. بەڵام لەڕاستیدا ئێمە هێشتا لە سەرەتاداین ، هێشتا زۆر زووە بۆ ئێمە.
مووچەی هیچ فەرمانبەرێكی كوردستان نافەوتێ

رووداو: بۆچی دەوڵەتانی كەنداو ئەوەندە گرنگی بە هەرێمی كوردستان دەدەن؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەوان حەزدەكەن ئەم گرنگییە بەهەموو عێراق بدرێت نەك تەنیا بە هەرێمی كوردستان. بەڵام بێگومان ئەگەر لەڕووی مێژووییەوە تەماشا بكەین، هەرێمی كوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا توانیویەتی فاكتەری سەقامگیری بێت لە ناوچەكە و ئەوان زۆرباش لەوە تێدەگەن. تێدەگەن كە لەهەموو ئەو پرۆسەی چەند ساڵەیە ئەگەر لە دوای 2003وە بیژمێرین ، هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی زۆر هێمنانە هەوڵیداوە ببێتە فاكتەری سەقامگیری لە عێراق و ناوچەكە.

ئەوان ئەمە بەچاوی خۆیان دەبینن، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش پێیانخۆشە پەیوەندییەكی باشیان هەبێ لەگەڵ هەرێمی كوردستان و لەبەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانیشە پەیوەندی باشی هەبێ لەگەڵ ئەم وڵاتانە .

رووداو: ئەی بۆچی تائێستا هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتی خۆی لە ئیمارات نەكردووەتەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: بێگومان ئێمە لەو رووەوە كەمتەرخەمین. كارەكانی هەرێمی كوردستان لە ئیمارات زیاتر لەڕێگەی كەرتی تایبەتەوە دەكرێن ، بەڵام ئەمە مەسەلەیەكە بیری لێدەكەینەوە بۆ دانانی نوێنەرێكی بازرگانی لە ئیمارات .

رووداو: بودجەی هەرێمی كوردستان پشت بەداهاتی نەوتی كوردستان و ئەو پارەیە دەبەستێ كە لەبەغداوە دێ. ئێستاش رێككەوتنی نەوتیی نێوان هەولێر و بەغدا كێشەی تێكەوتووە. كێشەی ئەم رێككەوتنە چییە و بۆچی تائێستا پارە لەبەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان نەهاتووە؟ 
پشتیوانی لەو خەباتە دەكەین كە ئەمڕۆ كورد لە سووریا دەیكات

نێچیرڤان بارزانی: من لەوباوەڕەدام كێشەی گەورەی بەغدا لەگەڵ ئێمە ئەوە نییە كە كێشە هەیە، بەڵكو بەغدا دەیەوێ كێشە دروستبكات. من وایدەبینم. با بەوشێوەیە باسیبكەم، كە ئێمە چووینە بەغدا رێككەوتنێكمان كرد ، دوای ئەوە كە گەڕاینەوە لەو 150 هەزار بەرمیل رۆژانەیەی تاوەكو كۆتایی ساڵی 2014 كە دەبووایە بیاندەینێ، پێماندان و ئەو ئیلتیزامەمان بەباشی جێبەجێ كرد. لەسەرەتای ساڵی 2015 رێككەوتنمان لەگەڵ بەغدا بەوشێوەیە بوو كە ئێمە رۆژانە 300 هەزار بەرمیل لەوان وەردەگرین و لە هەرێمی كوردستانیش 250 هەزار بەرمیلیان دەدەینێ ، بەهەمووی دەبێتە 550 هەزار بەرمیل و دەینێرینە دەرەوە. ئێمە دەیگوازینەوەو لەبەندەری جیهان رادەستیان دەكەین و ئێمە تەجهیزی عێراق دەكەین بۆ مەسەلەی بودجە. ئەوان هەر لە هەفتە و دوو هەفتەی یەكەمەوە كردیانە شتێكی زۆر گەورە كە ئێمە ئیلتیزاممان نەكردووە. ئێمە لە هەرێمی كوردستان پێیاندەڵێین، ناكرێ ئێوە رۆژانە حیساب بكەن ، بەڵكو دەبێ موعەدەلی كۆتایی حیساب بكرێ ، ئایا لە موعەدەلی كۆتایی هەرێمی كوردستان پابەندی ئەو رێككەوتنە بووە یان نا. ئەمەیە ئیلتیزامی ئێمە، لەوانەیە رۆژێك 100 هەزار بەرمیل بنێرین، رۆژێكیش 250 هەزار بەرمیل بنێرین، ئەمە هەموو مەسەلەی تەكنیكین نەك مەسەلەی سیاسی. ئەوەی گرنگە تەماشای موعەدەلی كۆتایی بكەی كە ئایا هەرێمی كوردستان پابەندی ئەم رێككەوتنە بووە یان نا. بەداخەوە ئەسڵەن ئەوان تەحەمولی ئەوەیان نەكردووە و پشوودرێژ نین لەسەر ئەوەی كە ئایا هەرێمی كوردستان پابەندی رێككەوتنەكەیە یان نا. ئەوان دەڵێن هەرێمی كوردستان پابەند نەبووەو تەجهیزی ئێمەی نەكردووە لەكاتێكدا نەوتی زیاتر فرۆشتووە. من لە بەغداش زۆر بە راشكاوانە پێمگوتن، ئێمە ئەو بڕە نەوتە دەنێرینە دەرەوە هەرچەندێك بێت، ئێمە تەنیا پابەندی ئەو بەشەین كە رێككەوتنمان لەسەر كردووە لە بەغدا. 

ئەمەش هۆی هەیە، ئەوە نییە من لە خۆمەوە قسە بكەم ، لە 2014ەوە پارەیەكی زۆرمان قەرزكردووە لە دەرەوە، ئەمڕۆ ئێمە پابەندین كە ئەو قەرزانە بدەینەوە، چونكە ئێمە مووچەمان داوە، مووچەی خەڵكی كوردستانمان چۆن دابینكردووە! ئێمە مووچەمان دابینكردووە بەشێوەیەك كە پێشەكی پارەمان لە كۆمپانیاكان وەرگرتووەو ئێستا ناچارین قەرزەكانیان بدەینەوە.

رووداو: بەڵام هەرێمی كوردستان ئێستا دەتوانێ لە رۆژێكدا زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل هەناردە بكات؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ دەتوانێ ...
 پەیوەندیمان لەگەڵ PKK ئاساییە

رووداو: ئەی بۆچی 250 هەزار بەرمیلی بەغدا نادات و كۆتایی بە گلەییەكانی ناهێنێت؟

نێچیرڤان بارزانی: دوای ئەوەی جەنابی عادل عەبدولمەهدی هات، جەدوەلێكمان رادەستی ئەوان كرد ، جەدوەلەكە رۆژانە دیاری دەكات كە هەرێمی كوردستان چەندە نەوت دەداتە بەغدا و جەدوەلەكەشمان بۆ یەك ساڵ تەسلیمی بەغدا كردووە، لە موعەدەلی كۆتاییدا ئەوە دەردەكەوێ كە ئێمە لەسەری رێككەوتووین و دەردەكەوێ كە لەماوەی ساڵێكدا ئێمە ئیلتیزامی خۆمان بەرامبەر ئەوەی رێككەوتنمان لەسەر كردووە بۆ 550 هەزار بەرمیل جێبەجێ كردووە، بەڵام حەقیقەتێك هەیە عێراق پارەی نییە. عێراق لە گەورەترین تەنگژەی داراییدایە.

رووداو: پارەی عێراق بۆ كوێ رۆیشتووەو كێ بردوویەتی؟

نێچیرڤان بارزانی: كەس نازانێ بۆ كوێ رۆیشتووە، دەبێ خۆیان بزانن ئەو پارەیە بۆ كوێ رۆیشتووە. لە كۆتایی ساڵی 2013دا عێراق نزیكەی 18 ملیار دۆلاری لە سندووقی DFI هەبووە، ئێستا عێراق ملیارێكی نییە و ئەم مەسەلەی دابەزینی نرخی نەوتیش كێشەیەكی زۆر گەورەی دروستكردووە. پێشنیازی من بۆ بەغدا ئەوەبوو، ئەگەر كێشەتان متمانەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان كە ئیلتیزامی خۆی جێبەجێ نەكردووە، با سێ مانگ سێ مانگ حیساب بكەین ، ئێوەش سەیر بكەن ئایا ئەو موعەدەلەی ئێمە رێككەوتنمان لەسەر كردووە جێبەجێمان كردووە یان نا ، دوای ئەوە دەتوانن باس لەوە بكەن بودجە دەنێرن یان نا، بەڵام هەر لە رۆژی یەكەم و حەفتەی یەكەم بڵێی چونكە ئەمەت نەكردووە پارە نانێرین، بەڕاستی پێموایە ئەمە لەڕووی ئابوورییەوە هیچ مانایەكی نییە.

رووداو: ئەم پێشنیازەتان ناردووەتە بەغدا؟
بەرپرسیارێتی PKK بەهیچ شێوەیەك هەرێمی كوردستان نییە

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ لەرێگەی كاك د.رۆژەوە ئەم پێشنیازەم گەیاندووە.
 
رووداو: وەڵامی بەغدا چی بووە؟ 

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە وەك هەرێمی كوردستان پابەندی ئەم رێككەوتنەین و دەمانەوێ ئەم رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا جێبەجێ بكرێت. ئەمە لە بەرژەوەندی بەغدا و هەرێمی كوردستانە و، هەموو هەوڵی ئێمە ئەوە دەبێ كە جێبەجێ بكرێت. بێگومان تەوەرێكی سەرەكی قسەكانی ئێمە لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیران حەیدەر عەبادی و بەغدا، ئەم مەسەلەیە دەبێت.

رووداو: دەگوترێت ئەم هەموو سەردانانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لەلاوازی هەرێمی كوردستانەوەیە، چونكە تائێستا حەیدەر عەبادی سەردانی هەولێری نەكردووە، ئایا ئێوە ناچارن بۆیە ئەوەندە سەردانی بەغدا دەكەن؟

نێچیرڤان بارزانی: پێموایە ئەوانە شتی زۆر شكڵین، ئەسڵەن ئەوە گرنگ نییە كێ سەردانی كێ دەكات، بەڵكو ئەوەی گرنگە كارەكە بكرێت. خۆ ئێمە لە یەك وڵاتدا دەژین ، ئەویش سەرۆك وەزیرانی عێراقە. من خۆم بەلامەوە گرنگ نییە ئەسڵەن كێ سەردانی كێ بكات .

رووداو: ئەوەی لای ئێوە گرنگە بودجە و مووچە بێت بۆ هەرێمی كوردستان؟

نێچیرڤان بارزانی: گرنگ ئەوەیە كێشەكان چارەسەر بكرێن و بودجە بێت و ئەو دۆخەی ئێستا تێیكەوتووین لێی رزگار ببین. ئێمە ئامادەین و حەزدەكەی هەموو رۆژێك دەچینە بەغدا.

رووداو: دەتوانی دڵنیایی بدەیە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە چیدیكە مووچەیان دواناكەوێ؟
 لەوە دڵنیابن مووچەی كەس نافەوتێ

نێچیرڤان بارزانی: تائێستا ناتوانم ئەو دڵنیاییە بدەم، با بە واقیعی قسە بكەم. 

بەڵام هەموو هەوڵێكی ئێمە ئەوەیە بتوانین شتێك بكەین ئەم مووچەیە دوانەكەوێ و ئیدی نەبێتە هەواڵ و ئەو هەوڵەمان بەردەوامە. ئەوەی گرنگە بۆ ئەوانەی كە مووچە وەردەگرن لە هەرێمی كوردستان، لەوە دڵنیابن مووچەی كەس نافەوتێ، ئێمە ئیلتیزاممان هەیە و پابەندین پێیەوە. ئەوەی گرنگە خەڵك بزانێ ئەمڕۆ كێشەی ئابووری لە كوردستان نییە، بەڵكو گەورەترین قەیرانی دارایی و ئابووری لەهەموو عێراقدا هەیە. راستە ئێستا لە هەرێمی كوردستان مووچە درەنگ دەدرێ ، بەڵام لە عێراقیش بەهەمان شێوەیە و ئەمە كێشەیەكی یەكجار زۆر و جدییە لەڕووی داراییەوە كە ئێستا یەخەی عێراقی گرتووە.

رووداو: دەڵێن حكومەتی هەرێمی كوردستان 17 ملیار دۆلاری قەرزكردووە، ئەم قەرزە گەورەیە هیچ مەترسییەكی بۆ سەر هەرێمی كوردستان نییە؟

نێچیرڤان بارزانی: كام قەرز؟

رووداو: ئەوەی بۆ مووچە و خەرجی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووتانە، لەو ماوەیەی كە بودجە لە عێراق نەهاتووەو ئێوە قەرزتان كردووە؟

نێچیرڤان بارزانی: نەخێر بەو قەبارەیە نییە، 17 ملیاری چی؟ ئەوەی بەغدا قەرزداری هەرێمی كوردستانە 16 تریلیۆن دینارە كە دەبووایە بەغدا لەساڵی 2014 بیداتە هەرێمی كوردستان، بەڵام نەیداوە. ئێمە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆمان لە هەرێمی كوردستان ، ناچاربووین قەرزبكەین ، بەڵام چۆن ئەو قەرزەمان كردووە؟ ئێمە ئیلتیزاممان داوەتە كۆمپانیاكان و پارەمان لە كۆمپانیاكان وەرگرتووە بەرامبەر ئەوەی كە ئێمە نەوتیان دەدەینێ و، ئێستا ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئەو بەشە نەوتەی كە دەمێنێتەوە بۆ كۆمپانیاكانی دەنێرین بۆ ئەوەی ئەو ئیلتیزامەی خۆمان پڕبكەینەوە.
 
 شەڕی داعش لە سەرەتاوە شۆكێكی گەورە بوو بۆ هەرێمی كوردستان

رووداو: ئەگەر باسی شەڕی داعش بكەین، ئێستا داعش تاچەند مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان ماوە؟

نێچیرڤان بارزانی: شەڕی داعش لە سەرەتاوە شۆكێكی گەورە بوو بۆ هەرێمی كوردستان. لە سەرەتاوە هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە ئێمە دەبێ هەوڵبدەین خۆمان دوورەپەرێز بگرین لەم شەڕەدا و هەر ئەو سیاسەتەشمان پەیڕەوكرد تاوەكو داعش یەخەی هەرێمی كوردستانی گرت. ئەو شۆكە بە بڕوای من تەواوبووە لەهەرێمی كوردستان ، ئەمڕۆ ئێوە دەبینن لەهەموو بەرەكانی شەڕ هێزەكانی پێشمەرگە، ئاسایش، پۆلیس، خۆبەخش، ئێستا موبادەرەی شەڕ زیاتر لەدەست هێزەكانی هەرێمی كوردستاندایە. ئەگەر ئەو خۆڕاگری و ئەو قارەمانی و خوێنی ئەو ئازیزانە نەبووایە، بەڕاستی ئێستا دۆخی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی دیكە دەبوو. 

بەهیممەتی ئەوان، خۆڕاگریی ئەوان، ماندووبوونی ئەوان توانرا دۆخەكە تا حەددێك زۆر باش رابگیرێت. ئەوەی ئێستا هەیە، داعش لە زۆر شوێن هەوڵدەدات بزانێ لە چ شوێنێك خەلەلێكی بچووك هەیە بتوانێ سوودی لێوەربگرێ و زەربە لە پێشمەرگە بدات. ئەوەی ئێستا داعش دەتوانێ بیكات زیاتر زەربە لێدانە نەك گرتنی شوێن، بێگومان ئەو قۆناغەش تێپەڕی كە ئیدی داعش شوێنێك بگرێ و بیپارێزێ، بەڵام تائێستاش دەتوانن زەربە بوەشێنن .

رووداو: دەتوانین بڵێین هەیبەتی داعش بەدەستی پێشمەرگە شكا؟

نێچیرڤان بارزانی: لەسەر ئەرز تەنیا هێزێك كە توانی رووبەڕووی داعش ببێتەوە و زەربەی لێبدات هێزی پێشمەرگە بوو. بێگومان هێزی پێشمەرگە لەسەر ئەرزەوە تەنیا هێزە كە هەیبەت و هەیمەنەی داعشی شكاندووە لەهەموو شوێنێك. خۆت لەوێ بووی، ئەو ناوچانە بە قسە خۆشە ئەوەی كە باس لە ئازادكردنیان كرا. لە شنگال بووی، لەو سنوورە بووی و بینیت، ئەوەی كە كراوە كارێكی یەكجار زۆر گەورەیە، لە جەلەولا و لە سەعدییە، كەركووك، مەخموور و گوێڕ ، لەهەموو بەرەكانی شەڕ.
 تەنیا هێزێك كە توانی رووبەڕووی داعش ببێتەوە و زەربەی لێبدات، هێزی پێشمەرگە بوو

رووداو: سەرۆكی فەرەنسا پێشوازی لە دوو بەرپرسی ژنی (یەپەگە) و (یەپەژە) كرد، هەڵوێستی ئێوە چییە لەسەر ئەم پێشوازییە كە دەوڵەتێكی گەورە بە فەرمی پێشوازی لە وەفدی هێزێكی رۆژئاوای كوردستان كرد؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە زۆر خۆشحاڵین بەوەی كە پێشوازی لەهەر هێزێكی كوردی بكرێت . ئێمە بەڕاستی پشتیوانی لەو خەباتە دەكەین كە ئەمڕۆ كورد لە سووریا دەیكات. قسەی ئێمە بۆ ئەوان تەنیا یەك شتە: یەكگرتووبن و پێكەوەبن، دەرفەت بدەن خەڵكی دیكەش لەگەڵ ئێوەدا كاربكات، دەرفەت بدەن هێزەكانی دیكەش لەگەڵ ئێوە كاربكەن. سەرنجێكی زۆر هەڵە دروستبووە لەسەر پارتی لەوبارەوە. وا پێشان دەدرێت كە پارتی دوژمنایەتی هەیە لەگەڵ ئەوان، بەپێچەوانەوە كاتێك كۆبانێ تووشی شەڕ بوو، سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی دا كە قەناعەت بە ئەمریكا و توركیا بێنێت مۆڵەت بدەن هێز بنێرین بۆ یارمەتیدانی كۆبانێ.

هێزەكان رۆیشتن و یارمەتیشماندان. ئەمڕۆش هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی و بەتایبەتی هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان، چونكە زیاتر لەم مەسەلەیەدا زۆر بەداخەوە دەبینین هەندێ لایەن دەیانەوێ ئەمە بەتایبەت لە دژی پارتی بقۆزنەوەو سوودی لێوەربگرن. ئەمە ئەسڵ و ئەساسی نییە، هەڵوێستی ئێمە و هەموو هێزە كوردستانییەكان پشتگیرییە لەو خەباتەی ئەمڕۆ كورد لە سووریا دەیكات.

هەر هەنگاوێكی سیاسی و سەركەوتنێكی سەربازی جێگەی خۆشحاڵیی ئێمەیە و پشتیوانی لێدەكەین. قسەی ئێمە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هەموو لایەك بۆ ئەوان ئەوەیە یەكگرتووبن و رێگە بە خەڵك و هێزەكانی دیكەش بدەن و پێكەوە كاربكەن تاوەكو بتوانن لەم قوناغە تێپەڕن.

رووداو: پەیوەندی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و PKK چۆنە؟

نێچیرڤان بارزانی: پەیوەندی ئێمە لەگەڵ PKK ئاساییە، مومكینە هەندێ ناكۆكیمان هەبێ لە بیروبۆچوون، بەڵام وەك پەیوەندی دوو هێزی سیاسی پەیوەندیمان لەگەڵ PKK هەیە، دانیشتنمان هەیە و شتەكان زۆر بە ئاساییتر بەڕێوەدەچن لەوەی كە ئێمە لە راگەیاندن دەیبیستین. ئەمە راستییەكەیە و بەردەوامیش ئەم دانوستاندنانە هەن ، ئەوان هێزێكن لەسەر ئەرز هەن ، بەڵام ساحەی خەباتی ئێمە و PKK جیاوازە.
ساحەی خەباتی ئێمە و PKK جیاوازە

بەرپرسیارێتی ئێمە لە هەرێمی كوردستانە و PKKش دەبێ لەوە تێبگات، بەرپرسیارێتی PKK بەهیچ شێوەیەك هەرێمی كوردستان نییە. ئێمە بەرپرسیارین بەرامبەر هەرێمی كوردستان، ئەمە بە پلەی یەكەم بۆ ئێمە ئەولەویەتە و دەبێ هەموو هەوڵێك بدەین كە ئەم بەرپرسیارێتییە بەرێكوپێكی بەجێبگەیێنین.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە