سالم ئەنساریئۆغڵو: سەردانی نێچیرڤان بارزانی لەکاتێکی زۆر گونجاودایە

 
رووداو دیجیتاڵ

سالم ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری سەربەخۆی پەرلەمانی تورکیا بە تۆڕی میدیایی راگەیاند کە سەردانی ئەمڕۆ،  16ـی ئۆکتۆبەری 2024 بۆ ئەنقەرە و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا لەکاتێکی زۆر گونجاودایە، "ئەم کاتەی زۆر بە باشی هەڵبژاردووە و بەڕێز سەرۆککۆماریشمان بە هەمان شێوە کاتێکی باشی دەستنیشانکردووە بۆ ئەوەی بانگهێشتی بکات."
 
هەروەها گوتی بەهۆی "تەوقەکردنی بەڕێز باخچەلی لەگەڵ هەدەپە (دەم پارتی)دا لەم کاتە پڕ قەیرانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا زۆر بە گرنگ دەزانم. هەربۆیە هاتنی بەڕێز بازرانیی سەرۆک لەم کاتەدا بۆ تورکیا زۆر بەنرخە. بەڕاستی دڵخۆشی کردم."
 
سالم ئەنساریئۆغڵو کێیە؟
 
- ساڵی 1955 لە ئامەد لەدایکبووە
- کوردی زازایە
- دەرچووی ئامادەییە
- ساڵی 1983-2007 ئەندامی پارتی دۆغرویۆڵ بووە
- ساڵی 2007-2010 ئەندامی پارتی دیموکرات بووە
- ساڵی 2018-2023 ئەندامی ئیی پارتی بووە
- ساڵی 2023 دەستی لە ئیی پارتی کێشایەوە
- لە 05-10-1995 تاوەکو 30-10-1995 وەزیری دەوڵەت بووە
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ سالم ئەنساریئۆغڵو:
 
رووداو: چۆن سەردانەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەڵدەسەنگێنن؟ چەند لایەنێک هەن باس لەوە دەکەن کە ئەمە پەیوەندیدارە بە پرۆسەی چارەسەرییەوە. بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەم سەردانە چییە؟
 
سالم ئەنساریئۆغڵو: سەرەتا رێز و سڵاوی خۆم پێشکێشی هەمووان دەکەم. من زازاکی و کوردی دەزانم و لە ماڵەوەش قسەی پێ دەکەین، بەڵام با لێرە بە زمانێک قسە بکەم کە هەمووان لێی تێبگەن؛ ئەم سەردانەی بەڕێز سەرۆک [نێچیرڤان] بارزانی بۆ تورکیا زۆر بەهادارە. بە دڵنیاییەوە بەڕێز سەرۆککۆمارمان بیری لەمە کردووەتەوە و بانگهێشتی کردووە. من نێوەڕۆکەکەی نازانم، بەڵام کاتی سەردانەکە زۆر لە جێگەی خۆیدایەتی و بەهادارە. بۆ نموونە، تەوقەکردنی بەڕێز [دەوڵەت] باخچەلی لەگەڵ دەم پارتی لەم کاتە پڕ قەیرانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا زۆر بە گرنگ دەزانم. هەربۆیە هاتنی بەڕێز بازرانیی سەرۆک لەم کاتەدا بۆ تورکیا زۆر بەنرخە. بەڕاستی دڵخۆشی کردم. سوپاسی بەڕێز سەرۆککۆمارمان تەیب ئەردۆغانیش دەکەم؛ ئەوەی لێیان دەوەشێتەوە هەر ئەمەیە. ئێمە ساڵی 1923یش هەر قارەمان بووین، ئەمڕۆش پێویستە بەیەکەوە هێزی خۆمان نیشان بدەین. هیچ کەس ناتوانێت دەستوەردان لە تورکیا بکات و کورد و تورک بچەوسێنێتەوە. ئێمە خاوەن هێزێکی وەهاین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە دەتوانین وەڵامی هەوڵی لەم جۆرە بدەینەوە.
 
رووداو: گفتوگۆ لەسەر پرۆسەی چارەسەریش هەیە. بەڕای ئێوە دەوڵەت دەبێت چ هەنگاوێک بنێت؟ باس لە زۆر تەوەر دەکرێت وەکو خوێندن بە زمانی کوردی و ناوی کوردیی گوندەکان. بەگشتی باس لە نەخشەڕێگەیەکی دوورودرێژ دەکرێت. بەڕای ئێوە چ تەوەرێک لەپێشینەیە؟ سەرەتا دەبێت چ هەنگاوێک بنرێت؟
 
سالم ئەنساریئۆغڵو: سەرەتا دەمەوێت بڵێم، ئەو هەنگاوەی دەوڵەت باخچەلی زۆر دڵخۆشی کردم، ئەمە بەوپەڕی راستگۆییمەوە دەڵێم. ئەمەشی لێ دەوەشایەوە. بێگومان پڕۆسەی چارەسەری ئیدی پێویست ناکات لە رێگەی چەکەوە بکرێت، بەڵکو دەبێت لە رێگەی دیالۆگەوە بکرێت و لە پەرلەمان بکرێت. ئینجا پێویستە بەڕێز باخچەلیش لەنێو ئەو کارەدا بێت. دەبێت هەموومانی تێدا بین، واتە ئەگەر لە تورکیادا کەموکوڕی لە مافە دیموکراسییەکان، دادپەروەری و ئازادیدا هەبێت، ئەمە کێشەی کورد و تورکیشە. هەربۆیە پێویستە گفتوگۆ لەسەر پرسی کورد بکەین، قسەی لەسەر بکەین و بەرگەی یەکدی بگرین، واتە ئەگەر پەرلەمانتارێکی دەم پارتی چووە سەر سەکۆی پەرلەمان و گوتاری پێشکێش کرد، پێویستە پەرلەمانتارانی دیکە بە ئارامی و رێزەوە گوێی لێ بگرن. ئەگەر مەهەپەییەکیش گوتاری پێشکێش کرد، بە هەمان شێوە دەبێت رێزی بگیرێت و گوێی بۆ بگیرێت. ئەگەر گوتەیەکی نایاسایی هەبوو، ئەوە لە پرۆتۆکۆڵی پەرلەماندا تۆمار دەکرێت. دوای تەواوبوونی گوتارەکە ئینجا رێگەی یاسایی بگیرێتەبەر. پێویست ناکات ئەو پەرلەمانتارە لەکاتی گوتارەکەدا لەسەر سەکۆ بهێندرێتە خوارەوە و شەڕ دروست ببێت. ئەگەر پەرلەمانتارێک لە پەرلەماندا بە ئازادی نەتوانێت گوزارشت لە بیروڕای خۆی بکات، ئەوکات مانایەکی نامێنێت.
 
رووداو: ئایا رۆڵی نێچیرڤان بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم پرۆسەیە چۆن دەبینیت؟ هەروەها پەیوەندییەکانی هەولێر - ئەنقەرە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
 
سالم ئەنساریئۆغڵو: بەم جۆرە باسی پەیوەندییەکانی هەولێر - ئەنقەرە دەکەین، سەرەتا با هەڵە تێگەیشتن روونەدات. تورکیا نیشتمانی تورکەکان و کوردەکانیشە. ئێمە وڵاتێکین کە لە کۆندا براگەورەییمان بۆ عەرەبەکانیش کردووە. لە عوسمانییەوە تاوەکو ئەمڕۆ. لەو باوەڕەدام بەڕێز بارزانی پشت ئەستوور بەوانەی باسم کردن، ئەم کاتەی زۆر بە باشی هەڵبژاردووە و بەڕێز سەرۆککۆماریشمان بە هەمان شێوە کاتێکی باشی دەستنیشان کردووە بۆئەوەی بانگهێشتی بکات. رێزی خۆم ئاراستەی بەڕێز سەرۆککۆمارمان دەکەم، چونکە ئەو دیدارە باشەی رێکخستووە. لەبەر ئەوەی نێوەڕۆکەکەی نازانم، نامەوێت راڤەی دۆخەکە بکەم. بەڕای من، ئەم دیالۆگە پێویستە لەگەڵ سووریا، عێراق، ئێران، هەروەها لەگەڵ عەرەبەکان و کوردەکانیش بەردەوام بێت.
 
رووداو: سوپاستان دەکەم بەڕێزم.