وەزیرێکی ئەڵمانیا بۆ رووداو: کۆچبەر بۆ شوێنە سەلامەتەکانی عێراق دەنێرینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 
 
وەزیری هەرێم لە وەزارەتی داد و کۆچی هەرێمی بادن ڤویرتمبێرگی ئەڵمانیا دەڵێت، نزیکەی هەزار کچ و ژنی ئێزدییان وەرگرتووە و "نزیکەی 200  ئێزدی دیکەیش ساڵی داهاتوو دەهێنینە ئەڵمانیا." باس لەوەش دەکات، 13٪ـی ئەو کۆچبەرانەی دەچنە ئەڵمانیا روو لە هەرێمەکەیان دەکەن. 
 
زیگفرید لۆریک، وەزیری هەرێم لە وەزارەتی داد و کۆچ لە هەرێمی بادن ڤویرتمبێرگی ئەڵمانیا لە هەڤپەیڤێنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی 16ـی تشرینی یەکەمی 2023 پەخشکرا، رایگەیاند، کێشەی کۆچبەران "تەنگژەیەکی گەورەیە.. و دۆخەکە لە توانامان دەرچووە". هەروەک ئەو وەزیرە دەڵێت، هەموو ئەڵمانیا دەتوانێت ساڵانە 200 هەزار کۆچبەر وەربگرێت، بەڵام ساڵی رابردوو تەنیا لە هەرێمی بادن ڤویرتمبێرگ "نزیکەی 176 هەزار کەسمان وەرگرتووە". 
  
زیگفرید لۆریک رایگەیاند، "رۆژانە زیاتر لە 300 کەس دێنە هەرێمی بادن ڤوتمبێرگ. بەڕاستی ناتوانین بەم جۆرە بەردەوام بین." ئێستا ژمارەیەکی یەکجار زۆر کەس لە تورکیاوە دەچنە هەرێمەکەی ئەوان و داوای مافی مانەوە و پەنابەری دەکەن، مانگی ئابی ئەم ساڵ "نزیکەی 40٪ی ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەرییان لە هەرێمی بادن ڤورتمبێرگ کردووە تورک بوون."
 
ئێستا لە هەرێمی بادن ڤویرتمبێرگ 3,275 هەڵگری وڵاتینامەی عێراقی هەن کە بڕیاری دیپۆرتکردنەوەیان دراوە و دەڵێت، "ئێمە ئێستا چاوەڕێی رێککەوتنین لە حکومەتی فیدراڵییەوە، دەمانەوێت رێککەوتن لەگەڵ عێراق بکرێت". هەروەها رایگەیاند، "ساڵی رابردوو 471 عێراقی گەڕێندراونەتەوە. زۆربەیان نێردراون بۆ وڵاتی سێیەم، ئەو وڵاتانەی لێوەی هاتبوون. تەنیا  77 کەس راستەوخۆ نێردراونەتەوە بۆ عێراق."
 
لە هەمان کاتدا دەڵێت، بۆ ساڵی داهاتوو بەگشتی 150 بۆ 200 کەسی ئێزدی دەبەنە ئەڵمانیا، "ئێستا بیری لێدەکەینەوە و ئەم ساڵ بڕیاری لەسەر دەدەین کە ساڵێکی دیکە بیانهێنین."
 
هەڤپەیڤیننی رووداو لەگەڵ زیگفرید لۆریک، وەزیری هەرێم لە وەزارەتی داد و کۆچ لە هەرێمی بادن ڤویرتمبێرگ:
 
رووداو: بەڕێز لۆریک زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە، دەمەوێت یەکەم پرسیارم ئەوە بێت هۆکاری سەرەکی هەموو لەتبوون و کێشەیەک لەنێوان پارتەکانی ئەلمانیا لەسەر پرسی کۆچبەران چییە؟
 
لۆریک: بەڵێ، ئەگەر سەیری بارودۆخی ئێستا بکەین و لە هەمانکاتدا تەماشای ئەو پرسە  لەنێوان لایەنەکاندا بکەین، کاتێک سەیری لێدوانەکانی حکومەتی فیدراڵی دەکەم، دەڵێم ئایا تێگەیشتوون کە بەڕاستی کێشەکە لە کوێدایە؟ ئێمە لە ئەڵمانیا و لە بادن- ڤورتمبێرگیش پرسی کۆچبەرانمان هەیە، بەڕاستی ئەوە تەنگژە و ئاستەنگێکی گەورەیە. هەرێمی بادن- ڤویرتمبێرگ لە باشووری کۆماردایە و 11 ملیۆن دانیشتوومان هەیە. ئێمە بەرپرسیارین لە 13٪ی  ئەو خەڵکەی دێنە ئەڵمانیا. ئەگەر سەیری ژمارەکانی ساڵی رابردوو بکەین، ساڵی 2022 نزیکەی 176 هەزار کەسمان  لە بادن ڤویرتێمبێرگ وەرگرتووە. 176 هەزار کەس شوقە یان شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین بکە لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی کە پێویستە بۆیان بکرێت. بەڕاستی پار ئەمە تەنگژەیەک بوو، بێگومان خەڵکێکی زۆری ئۆکراینییش لەنێو ئەو پەنابەرانەدا بوون. ئەم ساڵیش هاتنی بەلێشاوی کۆچبەران بەردەوامە. بەڕاستی دۆخەکە لە توانامان دەرچووە، بە شێوەیەک کە ناتوانین بە باشی شوێن بۆ ئەو خەڵکە دابین بکەین.
 
رووداو: باشە تەنیا دەمەوێت بزانم بۆچی ناکۆکییەکان هێندە گەورەن کە ناتوانن ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن؟
 
لۆریک: بەڕای من روانگەکان بۆ پرسی کۆچ لەنێوان حیزبەکان  و لە حکومەتیشدا جیاوازن. بۆ نموونە وەزیری ناوخۆ مانگی تشرینی دووەمی  ساڵی رابردوو گوتی ئێمە هیچ کێشەی کۆچمان نییە. بەتایبەتی ئێستا کە لە هەرێمی هێسن هەڵمەتی هەڵبژاردنە، دەڵێت کۆچ پرسێک نییە. لەوێ بابەتی هەڵبژاردن نییە. ئەمە بەڕاستی ئاستەمە. ئێمە کاتێک لەگەڵ بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی زۆربەی هەرێمەکان قسە دەکەین، دەڵێن کێشەمان زۆرە، بەڵام تێناگەین بۆچی حکومەت نایەوێت رووبەڕووی ئەم پرسە ببێتەوە!
 
رووداو: باشە کەواتە با پرسیارەکە بەوشێوەیە بکەم، حکومەتی فیدراڵ و هەرێمەکەی بەڕێزتان هەرێمی بادن ڤویرتمبێرگ دەیەوێت ئەم قەیرانە بۆ ماوەیەکی درێژەخایەن چۆن چارەسەر بکات؟
 
لۆریک: تەنیا دەتوانین لەسەر ئاستی ئەورووپی ئەم کێشەیە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن چارەسەر بکەین، ئێمە ئێستا دۆخێکمان هەیە کە زۆر کەس دێنە ئەوروپا، لە کۆتاییدا دەیانەوێت بێنە ئەڵمانیا. ئەوە ئێستا تەنگژەیە و ئەڵمانیا داوادەکات لەسەر ئاستی ئەورووپا چارەسەر بکرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت لەسەر ئاستی ئەڵمانیاش چارەسەری بکەین. بەڕاستی ئەمەش مشتومڕێکی سیاسیی گەورەی پێویستە تاوەکو بزانین دەتوانین چ بکەین. من پێموایە ئەوە پێویستی بەوەیە کە دەبێت روانگەمان بۆ بینینی پرسەکان بگۆڕین. من دەبینم ئێستا سەرۆکی فیدراڵی، فرانک واڵتەر شتاینمایەر قسەی کردووە. سەرۆککۆماری پێشووتریش، گاوگ، ئەویش لێی دواوە. دەڵێن، ناتوانین بەم شێوەیە بەردەوام بین. ئێمە ئیدی ناتوانین بەردەوام بین. هاتنی کۆچبەران بە جۆرێک زیاد بووە کە تەنیا لە دووشەممەی ئەم هەفتەیەدا 510 کەس هاتوونەتە بادن ڤورتمبێرگ. لە یەک رۆژدا! ئەمە تەنگژەیەکی گەورەیە. رۆژانە زیاتر لە 300 کەس دێنە هەرێمی بادن - ڤوتمبێرگ. بەڕاستی ناتوانین بەم جۆرە بەردەوام بین.
 
رووداو: زۆربەی شارەوانییەکان هەمان شت دەڵێن، باشە بەڵام چۆن دەتانەوێت چارەسەری بکەن. ئێوە دەڵێن لە سەر ئاستی ئەورووپا دەبێ چارەسەر بکرێت. بەتەواوی پێم بڵێ مەبەستت چییە لە سەر ئاستی ئەوروپا؟
 
لۆریک: ئەمانە چەند خاڵی زۆر جیاوازن کە دەبێت چارەسەریان بکەین. یەکەم بابەت گیاسە GEAS (سیستەمی پەناخوازیی هاوبەشی ئەورووپی). ئێمە پێویستیمان بەوەیە سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بە رێکوپێکی بپارێزین. نابێ بە ئاسانی رێگە بدرێت بۆ ئەوروپا و لەنێو ئەوروپادا لە گەشتکردن بەردەوام بن، بەڵام دەبێت لە ئەڵمانیاش بیر لەوە بکەینەوە کە یاسای یارمەتییەکان، یاسای سیستمی سۆسیال بگۆڕین. لە ئەڵمانیا یاسای کۆمەڵایەتی زۆر زۆر بەرزە، ناتوانرێت بەم شێوەیە بەردەوام بین. ئێستا فراکسیۆنێکی پەرلەمانیمان هەیە، فراکسیۆنی کریستیان دیموکراتەکان کە منیش تێیدا ئەندامم، داوا دەکەین یارمەتییە داراییەکان بۆ ئۆکراینییەکانیش کەم بکرێنەوە. ئەو کەسانەی ناچارن وڵات بەجێبێڵن واتە بنێردرێنەوە، ئەوانەیش هاوکارییەکان وەردەگرن. دەمانەوێت بگۆڕدرێت بۆ هاوکاریی شتومەک. واتە راستەوخۆ پارەیان پێنەدرێت، بەڵکو تەنیا شتومەک، خواردن و پێداویستییە بنەڕەتییەکانیان بۆ دابین بکرێت و لەوە زیاتر نەبێت. زۆر شت هەیە کە دەبێت بیانگۆڕین لەگەڵ ئەوانەشدا ناردنەوە. ئەگەر کەسێک مافی نیشتەجێبوونی لە ئەڵمانیا نەبێت، ئەوا دەبێت ئەم وڵاتە بە جێبێڵێت و پێویستە ئەمە جێبەجێ بکرێت.
 
رووداو: بەڵام ئەم پرۆسەیە تائێستا جێبەجێ ناکرێت؟
 
لۆریک: لێرەدا کێشەمان هەیە. با ئاماژە بە عێراق بدەم، بەهۆی نەبوونی هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتی کۆچبەرانەوەیە.
 
رووداو: کەمێکی دیکە دەگەڕێمەوە سەر ئەو پرسە، بەڵام دەمەوێت بزانم ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ناڕەزاییانە دەکەن لەسەر ئەو پرسە لە نێوخۆی ئەلمانیا؟ خەڵکێکی زۆر ناڕازین لە هاتنی کۆچبەران، داوای چارەسەر دەکەن، داوا دەکەن سنوورێک دابنرێت، هەندێکیش داوا دەکەن ئەڵمانیا ژمارەیەکی دیاریکراو وەربگرێت. ئێوە پێتانوایە ئەوە چارەسەربێت؟
 
لۆریک: من پێموایە ئێمە تەنیا کاتێک دەتوانین دڵنیابین کە خەڵک ئیدی ئەم ناڕازیبوونەیان نەمێنێت. بەڕاستی ناڕەزاییەکەیان رەوان، دەبێت ژمارەی هاتنی کۆچبەران بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکرێنەوە. ئەمە داواکارییەکە بۆ حکومەتی فیدراڵی و بۆ ئەوروپا. وەک هەرێمی بادن - ڤورتێمبێرگ ناتوانین کاریگەریمان لەسەر کەمکردنەوەی هاتنی کۆچبەران هەبێت. ئێمە دەبێت پابەندبین بە وەرگرتنی 13٪ی کۆچبەران. واتە پێویستە بە جیدی هاتنی کۆچبەران سنووردار بکرێت. سەرەنجام، دەبێت حکومەتی فیدراڵی رێوشوێنی گونجاو بگرێتە بەر. یەکێک لە رێوشوێنەکان کە هیوادارم بە زووترین کات جێبەجێبکرێت، ئەوەیە ئەو بڕیارە دەربکرێت کە جۆرجیا و مۆڵدۆڤا بە وڵاتانی سەلامەت دەناسێنێت. ئەمە بۆچی گرنگە؟ بۆ ئەوەی خێراتر بتوانین خەڵکی ئەو وڵاتانە بۆ وڵاتەکانیان بگەڕێنینەوە. خەڵکی جۆرجیا مافی پەنابەرییان پێدەدرێت لەبەرئەوەی گوایە گۆشەگیرکراون، کە ئەمە بە رێژەی کەمتر لە 1٪ـە. واتە خەڵک لە جۆرجیا لەژێر مەترسیی گۆشەگیریدا نین. یاخود بەهۆی نەخۆشییەوە مافی پەنابەری وەردەگرن. پاشان دەتوانن بێنەوە، بۆ کارکردن و بەخێرهاتنیشیان دەکەین، بەڵام  بە ڤیزا نەک وەک پەناخواز. ئەمانە ئەو خاڵانەنن کە دەبێت حکومەتی فیدراڵی بە زووترین کات جێبەجێیان بکات.
 
رووداو: بەڵام زۆرینەی کۆچبەرەکان خەڵکی مۆلدۆڤیا و جۆرجیا نین؟
 
لۆریک: بەڵێ، بەڵام  کۆچبەری جۆرجیا ئێستا 5٪ـە کە هیچ کەم نییە. کە بتوانێت 5٪ کەم بکەیەوە، ئەوە توانیت هەندێک لە گۆشارەکە لابەریت. ئەوکات دەتوانی زیاتر ئاگاداری ئەو کەسانە بیت کە بەڕاستی پێویستیان بە پاراستنە. ئەمەش ئەوەیە کە ئێستا هەمانە. بێگومان هاتنی خەڵک لە ئۆکرایناوە بە رێژەیەکی زۆر بەردەوامە. مانگی رابردوو زۆرترین کۆچبەری تورک هاتوون بۆ بادن-ڤورتمبێرگ. مانگی رابردوو نزیکەی 40٪ی ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەرییان لە بادن-ڤورتمبێرگ کردووە تورک بوون.
 
رووداو: باشە دەمەوێت ئەو پرسیارەتان لێبکەم دەتوانم بزانم توانای وەرگرتنی ئەڵمانیا چەندە بۆ کۆچبەران لە ساڵێکدا، بەڕای  ئێوە چەندە؟
 
لۆریک: سنووری توانای وەرگرتنمان تێپەڕاندووە.
 
رووداو: 200 هەزار کەس؟
 
لۆریک: بەڵێ، بەڵام پێموایە ئەستەمە بە ژمارە دیاری بکەین، بەڵام پێموایە ئەوە قەبارەیەکە کە دەتوانین کۆنترۆڵی بکەین، بەڵام ساڵی رابردوو تەنیا لە بادن-ڤورتمبێرگ 176 هەزار کۆچبەرمان وەرگرتووە. بۆیە ئەگەر 200 هەزار بۆ هەموو ئەڵمانیا بێت، ئەوکاتە  26,000 بۆ بادن-ڤورتمبێرگ دەبن. پێموایە زۆر بە باشی دەتوانین دەرەقەتی ئەوەبێین. بەڵام ئەم ساڵ، من واگریمانە دەکەم کە ئێمە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا ئەم 26 هەزارەمان بۆ بادن-ڤورتمبێرگ  تێپەڕاندبێت. پاشان مانگەکانی دیکە دێن. ساڵی رابردوو مانگی تشرینی دووەم زۆرترین کۆچبەر هاتن، چونکە ئەو کۆچبەرانەی لە مانگی هاویندا بەڕێکەوتوون، لە هاوینێکی درەنگ و پاییزدا یاخود لە سەرەتای زستان دا دەگەنە لای ئێمە. واتە پێشبینی دەکەین ژمارەکان بەردەوام زیاد ببن. بۆ ئەمەش وێنەکانی لامپێدوسا ئاماژە بە دۆخەکە دەدەن.
 
رووداو: منیش دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم، رێککەوتنی تونس لەم دۆخەی ئێستادا چەند گرنگە، ئایا کاتێک سنوور بە ژمارە بۆ هاتنی کۆچبەران دانرێت بۆ نموونە 200 هەزار پاشان کۆچبەرێک دێت کە بەڕاستی پێویستی بەهاوکارییە، بەڵام ئەو ژمارەیە تێپەڕێندراوە، باشە دەبێت ئەو کۆچبەر دیپۆرتبکرێتەوە؟
 
لۆریک: ئەوە کێشەی سنووردانانە بە ژمارە. هەمووان ئەوە دەڵێن، بەڵام پێموایە دەتوانین وەک رێژەیەک بۆ ئاراستەکە پابەندی بین. بە بڕوای من، پێویستمان بەم رێککەوتننامانەی گەڕاندنەوەیە. ئێستا حکومەتی فیدراڵی راسپێردراوێکی بۆ ئەم کارانە داناوە، هەرچەندە ساڵ و نیوێکمان پێوست بوو تاوەکو ئەو پۆستەیان تایبەت بەو کارە دروست کرد. ئێمە ئەو رێککەوتنەمان پێویستە، بەهیچ شێوەیەکی دیکە نابێت. هەروەها ئەو کەسانەی مافی پاراستنیان نییە، دەکرێت بە زۆر بگەڕێندرێنەوە. ئەمە کارێکە کە دەبێت جێبەجێی بکەین، چونکە ئێمە قەرزداری گەلەکەمانین. بەڕاستی ئەو کەسانەی تاوانی قورس دەکەن، دەبێت هەموو توانامان بخەینە کار بۆ ئەوەی لەم وڵاتە بچنە دەرەوە.
 
رووداو: بۆچی ئەڵمانیا نەیتوانی پلانی ئەوروپا، پلانی میکانزمی وەرگرتنی کۆچبەران جێبەجێ بکات، نیوەی ئەو ژمارەیە وەرگیراون؟
 
لۆریک: مەبەستت پرۆگرامی خۆبەخشانەی وەرگرتنە؟ بەڵێ، من بە دروستی دەزانم کە ئەڵمانیا ئێستا ئەو پرسەی هەڵپەساردووە. ئیتاڵیا زۆر بە روونی سیستەمی دەبلن رەت دەکاتەوە. تاوەکو ئەوکاتەی ئیتاڵیا ئەو سیستەمە جێبەجێ نەکات و بەپێی یاسا مامەڵە نەکات، ئێمەش ئەم رێکارە خۆبەخشانەی وەرگرتنی کۆچبەران جێبەجێ ناکەین. هەموو شوێنەکانمان پڕبوون لە کۆچبەر. بۆ نموونە شوێنی نیشتەجێبوون پڕە. بەرلین لە سەرەتای هەفتەدا رایگەیاند کە تەنیا شوێنی 200 کەسیان هەیە. بەوجۆرەبێت، دەبێت تاوەکو ئەمڕۆ پڕبووبێت و دواتر ناتوانین زیاتر لەوە وەربگرین، چونکە زۆر کەس لەوانەی گەیشتوونەتە ئەوروپا لە گەشتەکەیان بەرەو ئەڵمانیا بەردەوامن و ئەوەش بۆ ئێمە کێشەیە. 
 
رووداو: بۆچی؟ هۆکارەکە چییە؟
 
لۆریک: بەهۆی چەند هۆکارێکی جۆراوجۆرەوەیە. بێگومان ئێمە رەوەندێکی گەورەمان هەیە کە خەڵک دەیانەوێت بێنە ئێرە بۆ لای کەسوکاریان. پاشان بێگومان ئەڵمانیا بازاڕێکی کاری سەرنجڕاکێشی هەیە و دەبێت بڵێین ئێمە یاسایەکی نیشتەجێبوونی لیبڕاڵیشمان هەیە. زۆر لەوانەی بە سەردان هاتوون، دواتر بە جۆرێک خۆیان دەهێڵنەوە و رێگەیەک دەدۆزنەوە کە بە جۆرێک مۆڵەتی نیشتەجێبوون وەردەگرن. پێموایە زۆر هۆکار هەن کە کەڵەکە دەبن و بێگومان یاسای یارمەتییەکانمان بەشێکە لەوە. ئێمە هاوکاری داراییمان  بەرزە و بۆیە بە بڕوای من زۆر گرنگە و پێویستە ئاستی هاوکاری جارێکی دیکە کەم بکرێنەوە.
 
رووداو: کۆنترۆڵی سەر سنوورەکان پێویستە؟
 
لۆریک: لە راستی دا شتێکی بەوشێوەیە بۆ ناوچەی ئەورووپی نییە، پێموایە ئێستا پێویستیمان پێیەتی، بەڵام ئەگەر چارەسەری نەکەین، دەبێت بەرەو کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان هەنگاو بنێین.
 
رووداو: تۆ لایەنگری ئەوەی؟
 
لۆریک: بەڵێ.. بەڵام لە ئەوروپا هەرگیز ناتوانرێت سنوورەکان بە تەواوی دابخرێن. ئەگەر ببینین بادن-ڤورتمبێرگ هاوسنوورە لەگەڵ سویسرا کە لەڕاستیدا ناوچەیەکی سنووری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپایە. رۆژانە 60 هەزار کەس هاتووچۆ دەکەن بۆ کارکردن؛ ناوچەیەکی ئابوورییە. ناتوانین رۆژانە هەموویان کۆنترۆڵ بکەین، ئەوە ئەستەمە، بەڵام پێویستیمان بە کۆنترۆڵی گونجاوە بۆ ئەوەی بتوانرێت گەڕاندنەوە جێبەجێ بکەیت و یاسای پێویست بۆ ئەو مەبەستە هەبێت.
 
رووداو: چۆن ئەوە جێبەجێ دەکرێت ؟
 
لۆریک: ئێستاش ئەوە دەکرێت. مەبەستی من ئەوەیە کە هەرگیز هیچ سنوورێک بە تەواوی داناخرێت، بەڵام لە کۆتاییدا پێویستمان بە پاراستنێکی دروستی سنووری دەرەکییە. لەڕاستیدا دەبێت بۆ پاراستنی سنووری دەرەکی لە سنوورەکانی دەرەوەی ئەوروپاوە دەست پێ بکەین. یان لە بواری رزگارکردنی دەریاییدا، پێموایە راستە کە ئەو خەڵکە لە دەریای نێوەڕاست رزگار بکەین، بەڵام دواتر بگەڕێنرێنەوە بۆ نزیکترین بەندەر، واتە ئەو شوێنەی خەڵکەکە لێیەوە دێن، نەک دواتر بیانهێنین بۆ ئەوروپا. بە بڕوای من، ئەوە راستە کە دەبێت کۆچبەران رزگار بکەین. گرنگە و راستە، بەڵام دواتر پێویستە بگەڕێندرێنەوە تاوەکو بزانن ئەوە رێگەی کۆچکردن نییە و، پێموایە ئەوکاتە خەڵکێکی کەمتر ئەم رێگە مەترسیدارە دەگرنە بەر.
 
رووداو: با باسی کۆچبەرانی عێراقی بکەین، من دەمەوێت بزانم دۆسیەی رەوانەکردنەوەی پەناخوازە عێراقییەکان چی بەسەرهات؟ عێراقی مافی پەنابەری وەردەگرن؟
 
لۆریک: بەڵێ، بەشێک لە عێراقییەکان مافی مانەوە بەدەستدێنن. لای ئێمە رێژەی ئەو عێراقییانەی مافی مانەوە وەردەگرن لەنێوان 20٪ بۆ25٪ـدایە، بەڵام لەڕاستیدا مانای ئەوەیە کە 75٪ بۆ 80٪ دەبێت بگەڕێنەوە. هیچ مافی مانەوە وەرناگرن.
 
رووداو: ژمارەی ئەو عێراقییانە چەندە کە بڕیاری ناردنەوەیان دراوە. ئەگەر ژمارەتان لایە لە هەرێمی بادن ڤوتمبێرگ؟
 
لۆریک : تەنیا دەتوانم ئاماژە بە ژمارەی هەرێمی بادن-ڤورتمبێرگ بکەم. ئێستا لە بادن-ڤورتمبێرگ 3,275  کەسن کە ئەرکی ناردنەوەیان لەسەرە و لە عێراقەوە هاتوون. ناردنەوە زۆر کەمە، لەم ساڵانەی دواییدا، ناردنەوە یەک ژمارەیی 1 تاوەکو 9 بووە، واتە هەمیشە لە 1 بۆ 9  کەس بووە. بەڕاستی هەر زۆر کەمە. بۆیە  ئێمە ئێستا چاوەڕێی رێککەوتنین لە حکومەتی فیدراڵییەوە، دەمانەوێت رێککەوتن لەگەڵ عێراق بکرێت. بەڕاستی پێویستە، بەڵام ئێمە کەیسمان زۆرن کە ئەویش رەزامەندی گەڕانەوەی دڵخوازانەیە، چونکە خەڵکێکی زۆر هەن بە وردی ئامۆژگاری کراون و دڵخوازانە دەگەڕێنەوە بۆ عێراق.
 
رووداو: ژمارەی ئەوانەی خۆیان دەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ عێراق چەندە؟
 
لۆریک: ساڵی رابردوو لە هەرێمی بادن-ڤوتنبێرگ 907 کەس خۆیان ویستوویانە بگەڕێنەوە. ئەگەر باسی ناردنەوە بکەین لە سەرانسەری ئەڵمانیا، ساڵی رابردوو 471 عێراقی گەڕێندراونەتەوە. زۆربەیان نێردراون بۆ وڵاتی سێیەم، ئەو وڵاتانەی لێوەی هاتبوون. تەنیا  77 کەس راستەوخۆ نێردراونەتەوە بۆ عێراق.
 
رووداو: بەڕێزتان ئاگادارن کە هێشتا بەشێکی ناوچەکان لە عێراق ئارام نین، نموونەی شنگال و دەشتی نەینەوا، سەرباری ئەو دۆخە هێشتا کۆچبەر دیپۆرت دەکەنەوە؟
 
لۆریک: بەڵێ، بەڵام بۆ ناوچە سەلامەتەکانی عێراق. ئێمە ئەو کەسانە بۆ ناوچە سەقامگیرەکان دەگەڕێنینەوە. پاشان ئەو کەسە خۆی دەچێتە کوێ لە عێراق، ئەوە بڕیاری خۆیەتی. ئێمە کەس بۆ ناوچە ناسەقامگیرەکان نانێرینەوە، بەڵام بێگومان دواتر کە دەچێت بۆ کوێ، ئەوەی بڕیاری خۆیەتی.
 
رووداو: هەرێمەکەی بەڕێزتان زۆر کوردی ئێزدی وەرگرت بە پرۆگرامێکی تایبەت. ئایا لە پلانتان دا هەیە ژمارەیەکی دیکەی کوردانی ئێزدی وەربگرن؟
 
لۆریک: بەڵێ، ئەم پرۆگرامەمان هەبوو. نزیکەی 1000 کچ و ژنی ئێزدیمان وەرگرت. کاتی پێکهێنانی حکومەت لە هاوپەیمانیی سەوز و کریستیان دیموکراتەکان رێککەوتین کە پرۆگرامێکی دیکەی زۆر بچووک دابنێین کە نزیکەی 200  ئێزدی دیکەیش دەهێنین بۆ ئەڵمانیا. ئێمە ئێستا لە دانوستانداین بۆ رێککەوتن لەسەری، بەڵام لە ڕووی ژمارەوە زۆر کەمتر دەبێت. هەندێک لەو پرۆگرامانەی پێشووتر تەواو دەکرێن و، رەنگە هەندێکیان  خزم و کەسوکاریان لەوێ مابێت، ئەوانە دەهێنین و ژمارەیەکی کەمی دیکەیش، بەڵام ژمارەیان بەگشتی لە 150 بۆ 200 کەس دەبێت. ئێستا بیری لێدەکەینەوە و ئەم ساڵ بڕیاری لەسەر دەدەین کە ساڵێکی دیکە بیانهێنین.
 
رووداو: شتێکی دیکەش بۆ ئێمە جێگەی سەرنجە بزانین، لەو باوەڕدان کە رێککەوتنێک بەم زووانە لەگەڵ عێراق بکرێت؟
 
لۆریک: من ئاگادارنیم ئایا رێککەوتن کراوە یان نا، بەڵام ئاگادارم کە لە گفتوگۆدا بوون. راگەیێندراوێکم خوێندبووەوە کە [رێککەوتنەکە] تەواو بووە، بەڵام گەیشتوونەتە کوێ، ئاگادار نیم. ئەوە لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە.
 
رووداو: دەمەوێت بزانم ئەڵمانیا بۆ دەستی کار توانای وەرگرتنی چەند کۆچبەری هەیە؟
 
لۆریک: بەڕاستی زۆر هێزی کارمان پێویستە. پێشنیاز دەکەم بۆ هەمووان، بۆ نموونە سەیری پۆرتاڵی  make-it-in-germany.com  بکەن. دەتوانن لەوێ سەبارەت مەرجەکانی هاتن بۆ ئەڵمانیا هەموو زانیارییەکان بەدەستبێنن. بە هەبوونی بڕوانامەی گونجاو، مرۆڤ بەختی باشی دەبێت بۆ هاتنە ئەڵمانیا. بۆ ئەوەش هەندێک ئاسانکاریی دیکە کراون. ئێمە پێویستیمان بەوەیە ئەو کەسە بڕوانامەی پیشەیەکی هەبێت و بڕوانامەی زانینی زمانیش هەر زۆر گرنگە.
 
رووداو: پێویستە چ توانایەکیان هەبێت؟
 
لۆریک: مەرجی  جۆراوجۆر هەن. بەپێی ئەوەی چ بڕوانامەیەکت هەیە لە کارەکەت دا. هەندێک جار پێویستیت بە شارەزایی زمان نییە؛ بەپێی کارەکەت، دەبێت زانیاری وەربگریت.
 
رووداو: باشە لە چ بوارێکدا پێویستیتان بە هێزی کارە؟
 
لۆریک: ئێمە لە بواری ئایتیدا بەڕاستی پێویستیمان بە هێزی کارە، بەڵام بۆ نموونە لە بواری پەرستاریشدا پێوستیمان بە خەڵکە.  پرۆگرامی زۆر سەرنجڕاکێشمان هەیە کە ئەو کەسە دەتوانێت بێت بۆ ئێرەو لێرە زمان فێرببێت و پاشان پیشەکە فێرببێت. بە کورتی، پێوستیمان زۆر بە هێزی کاری پیشەگەرە، بەڵام بەومەرجەی لێهاتوویی و توانای ئەو کارەیان هەبێت.
 
رووداو: بەڕێزتان پێشتر تێکەڵکردنی کۆچبەر و دەستی کارتان بە هەڵە ناوبرد، مەبەستتان چی بوو؟
 
لۆریک: هەمیشە تێکەڵ دەکرێت. ئەوانە دوو شتی تەواو جیاوازن. ئێمە لەلایەک مافی پەنابەریمان هەیە، واتە مافی پاراستن دەدەینە ئەو کەسانە کە دەچەوسێندرێنەوە. ئەمە هیچ پەیوەندی بە کۆچی هێزی کارەوە نییە. هەمیشە ئەو گفتوگۆیەمان هەیە کە باسی گۆڕینی ئاراستەکان دەکرێت. پەناخوازێک وەک کرێکارێکی لێهاتوو پەسند بکرێت، بەڵام ئەگەر کەسێک مافی مانەوەی هەبێت دەتوانێت کاریش بکات. ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین کەسێک لێرە مافی مانەوە وەربگرێت، لە کۆتاییدا کار بکات و پارەی بژێوی خۆی پەیدا بکات. ئەوە کارە راستەکەیە، بەڵام ئەگەر کەسێک لە وڵاتێکی تەواو سەقامگیرەوەبێت، دەتوانێت وەک کرێکارێک بێتە ئەڵمانیا. ئەمە بە تەواوی گونجاوە، نەک لە رێگەی پەناخوازییەوە. بەداخەوە ئەمە لە دانوستاندنە سیاسییەکاندا تێکەڵ دەکرێت. دەڵێن هەموو ئەو کۆچبەرانە هێزی کارن. نەخێر وانییە، چونکە سەیری بڕوانامەی کۆچبەرەکان بکە، هێزی کار نین. لێرەدا دەستی کار جیاوازە لە کۆچبەر، بەڵام بێگومان کۆچبەریش هەیە کە پێویستیان بە مافی پاراستنە و بڕوانامەی باشیشیان هەیە کە لە دوای تەواوبوونی پرۆسەی پەناخوازییەکەیان دەتوانن کار بکەن.
 
رووداو: بەڕێز لۆریک، ئەو قەیرانەی ئێستا لە ئەڵمانیا هەیە  2015ش لەکاتی حکومڕانیی خاتوو مێرکل سەری هەڵدا، بەڕێزتان سەر بە پارتی پارتی کریستیان دیموکراتەکانن کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنە، ئەوکات ئەو گوتی ئێمە دەتوانین. ئەمڕۆ هەمان کێشەمان هەیە و بەڕێزتان رەخنەی تووند دەگرن لە دۆخەکە، پارتی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا، کە پارتێکی راستڕەوە، دۆخەکەی قۆستووەتەوە و ترس دەخاتە دڵی خەڵکەوە. ئێستا باس لەوە دەکرێت کە پارتەکەی بەڕێزتان نزیکە لە بۆچوونەکانی ئەو پارتە، ئێوەی چی دەڵێن؟
 
لۆریک: باوەڕم وایە کە هەموو بڕیارەکانی ساڵی 2015 راست نەبوون. پێموایە دروستبوو کە ئەو خەڵکەمان لە بوداپێست رزگارکرد، بەڵام پێموایە ئێستا دەچینە سەر سیستەمێکی دابەشکردنی ئەورووپی. جا بیرمان نەچێت،  مێرکڵ ساڵانی 2015 و 2016 رایگەیاند کە نابێ ئەمە دووبارە ببێتەوە، بەڵام ئەگەر ئێستا سەیری ژمارەکان بکەین، دەبینین هەمان شت دووبارە دەبێتەوە و زۆر زۆر خراپتریشە. بۆیە چاوەڕێدەکەم حکومەتی فیدراڵ کار بکات. کاتێک سەیر دەکەم کە وەزیری ناوخۆ لە نۆڤێمبەری ساڵی رابردوو گوتی "ئێمە کێشەی کۆچبەرانمان نییە"، گوتم "ئەو کەسە خۆی بە چی دەزانێت؟"، ئێستا لە سەرەتای مانگی سێپتێمبەردا لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی: "پرسی کۆچبەران پرسێکی هەڵمەتی هەڵبژرادنەکانی هەرێمی هەیسن نییە". ئێستا دەبێ حکومەتی فیدراڵ بە زووترین کات بە دوای چارەسەرێکدا بگەڕێت. کریستیان دیموکراتەکان بەرپرسیارێتییان لە حکومەت دا نییە، بەڵام بە بڕوای من ئێمە پرسەکان دیاری دەکەین و چاوەڕوانییشیان لێدەکەین. پەیمانی ئەڵمانیا بۆ چارەسەری پرسی کۆچبەری لەلایەن راوێژکارەوە هات. ئێستا پێویستە هەموو پارتە دیمۆکراتخوازەکان شان بە شان کاربکەن بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا چارەسەری دۆخەکە بکرێت، بەڵام لەلای هەندێک لە پارتە سیاسییەکان بەتایبەتیش باڵی چەپەکانی پارتی سەوز و سۆسیال دیموکراتەکان پێدەچێت ئاگاداری دۆخەکە نین.
 
رووداو: لە چوار هەرێمی ئەم وڵاتە پارتی ئالتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (ئەی ئێف دی) لە راپرسییەکاندا  30٪ی دەنگی پێدراوە، ئەمە ئێوە ناترسێنێت؟
 
لۆریک: بێگومان ئێمە دەترسێنێت، هەر بۆیە چاوەڕێ دەکەم حکومەتی ئەڵمانیا کێشەکە چارەسەر بکات. دەبێت بە زووترین کات چارەسەرێک بدۆزنەوە، ئیتر ئێمە ناتوانین لە بەڕێوەبردنی ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەراندا سەرکەوتووبین.
 
رووداو: پارتەکەی بەڕێزتان دەیەوێت چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر بکات؟
 
لۆریک: کێشەکە ئەوەندە ئاڵۆز و قورسە، تەنیا یەک چارەسەری نییە. چەندین بەشن کە دەبێت پێکەوە دابنرێن، وەک یاسای هاوکاری دارایی. بۆ نموونە لە کۆچبەرانی ئۆکراینا، زۆربەیان کە پێشتر لە وڵاتانی ئەورووپی دیکە بوون، ئێستا دێنە ئەڵمانیا، بەڵام لە بەشی پەنابەریشدا زۆر دێنە ئەڵمانیا لەبەر ئەو خزمەتگۆزارییانەی لێرە پێیان دەدرێت. ئێمە پێویستیمان بەوەیە کەیسەکانی مافی پەناخوازی خێرا یەکلایی بکەنەوە بۆ ئەوەی زوو ئەو خەڵکانە بگەڕێندرێنەوە. وڵاتانی دیکە لەم بوارەدا ئەزموونی باشیان هەیە. ئەگەر کەیسەکان بەخێرایی یەکلایی بکرێنەوە و خەڵکەکە بنێردرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، ئەوکات زوو ئەم هەواڵە بڵاودەبێتەوە و ئیتر خەڵکی دیکە نایێن. واتە زۆر رێکار هەن کە پێوستیمان پێیانە. شتێکی دیکەش کە پێویستیمان پێیەتی، دەبێت بەبێ ئەملا و ئەولا ئەو کەسانەی تاوانیان کردووە زۆر بە تووندی بنێردرێنەوە و ئەو تاوانانەی کراون کاریگەرییان لەسەر کەیسی داواکاری مافی پەناخوازییەکەیان هەبێت. بەوپێیەیش دەبێت لێیان قەدەخە بکرێت کە دووبارە بێنەوە. یاخود بۆ نموونە رێکارێکی یاساییمان هەیە، ئەگەر کەسێک داواکارییەکەی رەتکرابێتەوە و داوایەکی دیکە بۆ درێژەدان بە کەیسەکەی پێشکەش بکات یاخود داواکاری لەسەر داوکاریی پێشوو پێشکێش بکات، نابێ بنێردرێتەوە. پێویستە حکومەتی فیدراڵی زوو کار بکات و ئەم هەڵە یاساییە لاببات.
 
رووداو: دوایین پرسیارم لە بەڕێزتان ئەوەیە، عێراق بۆ ئێوە وڵاتێکی سەلامەتە؟
 
لۆریک: بەڕای من ئەگەر سەیری هەواڵەکان بکەن، هەرچەندە من تایبەتمەندیی سیاسەتی دەرەوە نیم، بەڵام هەندێک شوێنی عێراق هەن کە سەلامەتن، هەندێکیشی کەمتر یاخود سەلامەت نین. بۆ ئێمە گرنگە ئەگەر کەسێک دەنێرینەوە، بینێرینەوە ناوچە سەلامەتەکان. بە بڕوای من، دەبێت خەڵکی عێراق پێش ئەوەی بێن بۆ ئەڵمانیا بیر لەوە بکەنەوە. دۆخی ئەڵمانیا ئەوەندە گرژە، هاوشێوەی ساڵانی 2015 و 2016یە، کێشەی نیشتەجێکردنی کۆچبەرانمان هەیە. دەبێت چاوەڕێی ئەوەبن کاتێک کەسێک لە عێراقەوە دێت، ناتوانێت بچێتە شوقەوە، چونکە شوێنمان نەماوە. دەبێت چاوەڕێی ئەوەبن کە بیانبەینە نێو هۆڵی وەرزشی قوتابخانەکان، لەبەرئەوەی شوێنمان نییە. ئێستا ئەمەیە راستییەکەیە.