سەرۆکی لووتکەی تەندروستیی جیهان لەڕێگەی رووداو هۆشداری دەدات: ئامادەنین بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتایەکی دیکەی جیهانی
رووداو ئەڵمانیا
لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیاوە سەرۆکی لووتکەی تەندروستیی جیهان لەڕێگەی رووداو هۆشداری دەدات لەوەی جیهان هەرچەندە وانە لە کۆرۆناوە فێربووە، بەڵام ئامادەش نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتایەکی دیکەی جیهانی.
دکتۆر ئەکسل پریس، سەرۆکی لووتکەی تەندروستیی جیهان لەم هەڤپەیڤینەدا بە رووداوی گوت "ئێمە (لە کۆرۆناوە) فێربووین و وانەمان وەرگرت، بۆ نموونە ئێمە لە بەرلین ئامادەکاریمان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتا، هەروەها هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان باشترە، بەڵام هەمووان دەڵێن ئەگەر ئێستا جارێکی دیکە هەڕەشەیەکی لەو شێوەیە رووبدات، زۆر خراپترین وەک لەیەکەمجار و پێش کۆرۆنا."
لووتکەی تەندروستیی جیهان رۆژی یەکشەممە (15ـی تشرینی یەکەمی 2023) بەئامادەبوونی 400 قسەکەر لە 140 وڵاتی جیاوازەوە لە بەرلین دەستیپێکرد. زیاتر لە 60 هەزار کەس لەڕێگەی ئۆنلاین و چوار هەزار کەسیش بەشێوەی راستەوخۆ لە هەرسێ رۆژی لووتکەکەدا بەشداردەبن.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا دکتۆر ئەکسل دەڵێ ئامانجی سەرەکییان لەو لووتکەیە ئەوەیە "بەڕاستی دەست بە دەستپێشخەری بکەین، هەروەها بەشداران رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی پێکەوە مامەڵە لەگەڵ پرسە گرنگەکاندا بکەن، لەلایەک بۆ نەخۆشییە گوازراوەکانی وەک Covid، لەلایەکی دیکە بۆ نەخۆشییە نەگوازراوەکانی وەک، جەڵتەی دڵ، قەڵەوی، شێرپەنجە، تەندروستیی دەروونی و هەندێکی دی، پاشان ئامانجی نوێ دروست بکەین، ئەوە ئامانجی سەرەکیی ئەم لووتکەیە."
لووتکەی تەندروستیی جیهان لە ساڵی 2009 بۆ یەکەمجار لەلایەن زانکۆی شاریتەی ئەڵمانیا رێکخرا، لەوکاتەوە ساڵانە لە مانگی ئۆکتۆبەردا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا سازدەکرێت.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دکتۆر ئەکسل پریس، سەرۆکی لووتکەی تەندروستیی جیهان:
رووداو: بەڕێز دکتۆر پریس، زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە، دەمەوێت بزانم گرنگی ئەم لووتکەیە چییە؟
دکتۆر ئەکسل پریس: ئەم لووتکەیە زۆر گرنگە، چونکە بەهۆی ئەم جۆرە لووتکانەوە بەشداران لە سێکتەرە جیاجیاکاندا لە هەموو ناوچەکانی جیهانەوە کۆدەبنەوە و تیشک دەخەنە سەر ئامانجی هاوبەشی تەندروستیی جیهانی. ئەگەرچی ئەوەندە گرفت و رێبازی دەمارگیری لە جیهاندا لەنێوان ئایین و نەتەوەکاندا هەن، بەڵام لووتکەی تەندروستیی جیهانی هەموومان بەیەکدی دەگەیێنێت، بەرەو ئامانجی هاوبەش و ژیانێکی باشتر لە جیهانێکی باشتردا.
رووداو: ئامانجی سەرەکیی ئەم لووتکەیە چییە؟
دکتۆر ئەکسل پریس: ئامانجی سەرەکی ئەوەیە؛ بەڕاستی دەست بە دەستپێشخەرییەکان بکەین، هەروەها بەشداران رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی پێکەوە مامەڵە لەگەڵ پرسە گرنگەکاندا بکەن، لەلایەک بۆ نەخۆشییە گوازراوەکانی وەک Covid، لەلایەکی دیکە بۆ نەخۆشییە نەگوازراوەکانی وەک، جەڵتەی دڵ، قەڵەوی، شێرپەنجە، تەندروستیی دەروونی و هەندێکی دی، پاشان ئامانجی نوێ دروست بکەین، ئەوە ئامانجی سەرەکیی ئەم لووتکەیە.
رووداو: دەتوانیت بەکورتی پێمانبڵێیت، مژاری گرنگی ئەم سێ رۆژەی لووتکەی تەندروستی چین و کێن ئەوانەی قسەیان دەبێت؟
دکتۆر ئەکسل پریس: ئیمە 300 پاناێڵیستمان هەن، زۆرینەیان ژنن، لە 100 وڵاتی جیاوازەوەن و لەسەر چەندین بابەتی جیاواز گفتوگۆ دەکەن، بۆ نموونە وەک بابەتی کەشوهەوا و تەندروستی، کە یەکێکە لە هەرە بابەتە گرنگەکان، هەروەها رێگریکردن لە پەتا، خۆئامادەکردن بۆ هەڕەشەی زیاتری ڤایرۆسەکان، بەڵام لە هەمانکاتدا باسی تەندروستیی دەروونی، تەندروستیی لاوان و تەندروستیی ژنانیش دەکرێت. بەڕاستی بابەتەکان زۆرن و ناتوانم بڵێم کامەی گرنگە، چونکە لە چەندین پانێڵدا باس لە هەموو بابەتەکان دەکرێت کە هەموویان هاوشێوەی یەکدی گرنگن.
رووداو: بەڕێزتان سەرۆکی ئەم لووتکەیەی تەندروستیی جیهانین، پێتوایە ئێستا جیهان دەتوانێت رووبەڕووی پەتای جۆراوجۆر ببێتەوە؟ ئایا چی لە کۆڤید نۆزدەوە فێربووین؟
دکتۆر ئەکسل پریس: ئێمە، فێربووین و وانەمان وەرگرت، بۆ نموونە ئێمە لە بەرلین ئامادەکاریمان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتا، هەروەها هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان باشترە، بەڵام هەمووان دەڵێن ئەگەر ئێستا جارێکی دیکە هەڕەشەیەکی لەو شێوەیە رووبدات، زۆر خراپترین وەک لەیەکەمجار و پێش کۆرۆنا، چونکە ئێمە ئێستا گرژیی نێودەوڵەتی زۆرمان هەن، هەروەها متمانە لەنێوان هەندێ وڵاتدا زۆر کەمە. پێویستە زۆر کاربکەین. وەک وەزیری تەندروستی بەرێز لاوتەباخ گوتی 'ئەگەر تاوەکو ساڵی داهاتوو رێککەوتنی پەتا بەدەستنەهێنین، ئەوا بۆ پەتای داهاتوو کەمتر ئامادەین.' وەک لەوەی بۆ دووایین پەتا ئامادەبووین.
رووداو: عێراق و هەرێمی کوردستان یەکێکن لەو وڵاتانەی بەدەست هەندێ پەتاوە دەناڵێنن، بۆ نموونە کۆلێرا، ئێوە چۆن دەتوانن بۆ تەندروستی ئەو وڵاتانە هاوکاربن؟
دکتۆر ئەکسل پریس؛ پێویستە ئێمە لە سەرانسەری جیهاندا رووبەڕووی نایەکسانی و نادادی ببینەوە. بێگومان ئەوە کێشەیەکە، کە مرۆڤایەتی بە هەزاران ساڵە هەیەتی، بەڵام بەهۆی گوشارە دەرەکییەکانەوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و سیستمی تەندروستیی جیهان، بەردەوام زیاتر دەبێت. کەواتە ئەگەر ئێمە فێرنەبین باشتر سامانەکەمان تا رادەیەک دادپەروەرانە دابەشبکەین و بە هاوبەشی لەگەڵ یەکتردا کاربکەین، ئەوا کێشەی گەورەمان دەبێت. ئەمڕۆ زۆر شتمان لە گەنجەکانەوە بیست کە وزەیەکی زۆریان هەبوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشانە و هیوامان پێیانە.
رووداو: رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هاوکاری ئەو وڵاتانە دەکات، کە کەرتی تەندروستییان پێشکەتوو نییە، هاوکاریکردنی ئەو وڵاتانە چەند گرنگە؟
دکتۆر ئەکسل پریس: رێکخراوی تەندروستی جیهانیی میکانزمی زۆری هەن بۆ ئەوە، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان میکانزمی خۆیان هەن، بەڵام بە باوەڕی من ئەو وڵاتانەی ئابوورییان باشە وەک لێرەدا ئاماژەیان پێدا هاوکاری دارایی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی ناکەن تاوەکو بتوانێت باشتر هاوکاربێت، چونکە دەبێت WHO ئەو توانایەی هەبێت لە کاتی قەیرانەکاندا بە باشتر و بە بەهێزتر بتوانێت هاوکاری بکات و بەشداربێت.
رووداو: کاتێک بەڕێزتان گوێبیستی گۆڕانی کەشوهەوا دەبن، لە چی نیگەران بین؟
دکتۆر ئەکسل پریس: گەورەترین نیگەرانی ئەوەیە؛ مرۆڤایەتی لە کاتی خۆیدا مامەڵە ناکات، بەڵکو چاوەڕێدەکات تا زۆر زۆر گران دەبێت. ئێمە 1.5 پلەمان راگەیاندووە. ئێمە بەدەستی ناهێنین و لە زۆر وڵاتدا مەیلێکی تێگەیشتوو هەیە بۆ شاردنەوەی ئەو پرسە و دەڵێن با باسی نەکەین، بەهەر حاڵ ناتوانین هیچ بکەین. بەڵام من دەڵێم دەبێت بە گەشبینییەوە لێی نزیک ببینەوە بە وزەیەکی زۆر، ئەگەرنا هەمووان ئازار دەچێژن.