باڵیۆزی ژاپۆن بۆ بازرگانانی کورد: بەرهەمی کوالێتیی بەرز هاوردە بکەن نەک هەرزان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
شیراز رەئوف
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فوتۆشی ماتسومۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فوتۆشی ماتسومۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق داوا لە بازرگانان دەکات گرنگی بە کوالێتیی ئەو بەرهەمانە بدەن کە هاوردەی دەکەن، نەک تەنیا بەدوای بەرهەمی هەرزاندا بگەڕێن، ئاشکراشی دەکات لە ساڵی 2023 بە بەهای 755 ملیۆن دۆلار کاڵایان هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە و سەرەکیترین بەرهەمی هەناردەکراویش ئۆتۆمبێل و بۆریی نەوت بووە.
 
فوتۆشی ماتسومۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دەڵێت: وڵاتەکەی کارئاسانی زۆر بۆ گەشتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات لە پێدانی ڤیزا تاوەکو سەردانی ژاپۆن بکەن، ساڵانەش چەند دەرفەتێکی خوێندن بۆ خوێندکاران دەڕەخسێنێت کە بەشێوەی ئۆنلاین لە وێبسایتی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە عێراق داواکاریی پێشکێش دەکرێت، کە تێچووی خوێندنەکەی لەسەر حکومەتی ژاپۆنە.
 
باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق باس لە داهێنانێکی نوێی پزیشکی وڵاتەکەیان دەکات لە بواری گرتنی وێنەی تیشکی بەڕوونی و کوالێتیی بەرز، کە ئێستا هاوردەی عێراقی دەکەن و گرتنی وێنەی تیشک بەو ئامێرە نوێیە کە پشت بە ژیریی دەستکرد دەبەستێت کارئاسانی زۆر بۆ پزیشکان دەکات لە دەستنیشانکردنی وردی نەخۆشی و گرفتە تەندروستییەکان.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فوتۆشی ماتسومۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق:
 
رووداو: دوایین پێشهات ئەوەیە کە کوردستان لە سەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەماندایە، وەکو ژاپۆن چۆن چاودێریی ئەم هەڵبژاردنەی کوردستان دەکەن؟ 
 
فوتۆشی ماتسومۆتۆ: سەرەتا دەمانەوێت پیرۆزبایی خۆمان پێشکەش بکەین کە ئەم ئەم هەڵبژاردنە لە 20ی ئۆکتۆبەردا دەکرێت، هەر ئەم بەیانییە گفتوگۆیەکم هەبوو لەگەڵ هاوڕێم دکتۆر هێمن هەورامی لەبارەی هەڵبژاردن و بێگومان ئەو هەموو شتێکی روونکردەوە و وا دەردەکەوێت کە هەموو شتێک لەسەر رێچکەیە بەشێوەیەکی زۆر باش، بێگومان من تەنیا چاودێرێکی بیانیی هەڵبژاردنەکەی ئێوەم و هیوام بۆ خەڵکی کورد ئەوەیە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرتان هەبێت، هەروەها گشتگیر بێت، بۆ ئەوەی دیموکراستییەکەتان بەهێزتر کار بکات، ئەوە ئاواتی منە بۆ خەڵکی کورد. 
 
رووداو: زۆر لە نوێنەرایەتییە نێودەوڵەتییەکان پلانیان هەیە بۆ ئەوەی چاودێر بنێرن بۆ هەڵبژاردن، ئێوە هیچ پلانێکتان هەیە وەکو ژاپۆن بۆ چاودێریکردنی ئەم هەڵبژاردنە؟
 
فوتۆشی ماتسومۆتۆ: لەم ساتە هیچ پلانێکی دیاریکراومان نییە، بەڵام ئەگەر بانگهێشت بکرێین بێگومان بیری لێدەکەینەوە، بە سوپاسەوە.
 
رووداو: کاتێک باسی ژاپۆن دەکەین ئێمە باسی یەکێک لە گەورەترین ئابوورییەکانی جیهان دەکەین، هەروەها باسی ئابوورییەک دەکەین کە هەناردەی ساڵانەی نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلارە، ئێستا ساڵانە نزیکەی 940 ملیار دۆلارە و گەشەی ساڵانەش 2.6٪ـە. بەڵام کاتێک بازرگانیی نێوان عێراق و ژاپۆن دەبینین ساڵانە نزیکەی 600 ملیۆن دۆلارە، نیوەی ئەو بڕە تەنیا ئۆتۆمبێلە. لەو ساڵانەی کە لێرەیت، چیت کردووە بۆ زیادکردنی ئەم بازرگانییە لەنێوان ژاپۆن و عێراق؟ هەروەها کوردستانیش.
 
فوتۆشی ماتسومۆتۆ: تۆ سەرئێشەت بۆ دروستکردم، بێگومان دەبێت دان بەوەدا بنێم بۆ نموونە لە 2023دا هەناردەی ژاپۆن بۆ عێراق نزیکەی 755 ملیۆن دۆلار بوو، سەرەکیترین بەرهەمیش بریتین لە ئۆتۆمبێل و بۆریی نەوت و پەمپ، ئەمە هەناردەکەیە، هەناردەی ئێوەش لە عێراقەوە بۆ ژاپۆن چییە تەنیا 26 ملیۆن دۆلار.
 
ناتوانم بڵێم زۆر جێی رەزامەندییە و روونە کە دەبێت کاری زۆر بکەین، هەروەها ئێمە هانی لایەنی عێراقیش دەدەین بە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتییەوە، بۆ ئەوەی بە بەهێزترەوە بێن و هاوکاربن لەگەڵمان. لێرە زۆر کێشە هەن، بە دیاریکراوی کاتێک دێیتە سەر وەبەرهێنانی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان، نەک تەنیا کێشەی ئەمنی، بەڵکو زۆر رێکار لێرە لە عێراقدا هەن کە پەیڕەو دەکرێن رەنگە زۆر سەرنجڕاکێش نەبن بۆ کۆمپانیا بیانییەکان، لەنێویاندا کۆمپانیا ژاپۆنییەکان، ئیدی ئەوانە هەر رێکار بن، زۆرن، ئێمە گفتوگۆمان هەبوو لەگەڵ حکومەتی عێراق بێگومان لەگەڵ پەیوەندیی بەردەواممان لێرە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئاسانکاری هاتنی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان بۆ بازاڕی عێراق، ئێمە کارمان لەسەر ئەوە کردووە و هەوڵمانداوە. بێگومان کاتێک رووبەڕووی کێشەیەک دەبینەوە کە لەلایەن کۆمپانیا ژاپۆنییەکان دەخرێتە بەر باس، من گفتوگۆ دەکەم لەگەڵ خەڵکی نێو حکومەت لە هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانە یەک بە یەک، بۆ ئەوەی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان بازاڕی عێراق بە سەرنجڕاکێشترن ببینن تاوەکو بێن، بۆیە کاری وامان زۆر کردووە هەروەها پرسی دۆزینەوەی هاوبەشی بازرگانیی لەنێوان کۆمپانیا ژاپۆنییەکان و کۆمپانیا عێراقییەکان، چونکە کێشەیەک هەیە، پرسی لاوازی کەرتی تایبەتی عێراقی، کۆمپانیا گەورەکانی ژاپۆن ناتوانن زۆر بە ئاسانی هاوبەشی پشت پێبەستراو بدۆزنەوە، بۆ نموونە ئەگەر کۆمپانیا ژاپۆنییەکان بەرهەمێک بێنن پێویستیان بە هاوبەشی گەورەیە کە تۆڕێکیان هەبێت لە سەرانسەری عێراق، لە کوردستان و باشووری عێراق، بەڵام بازرگانی لەم شێوەیە نابینیت، بۆ نموومە تەنانەت تۆیۆتا عێراقیش دەبێت بە هەوڵی خۆیان هاوبەشی بازرگانیی تایبەتی عێراقی بدۆزنەوە و ئەمەش سەرئێشەیەکی گەورەیە بۆ کۆمپانیا ژاپۆنییەکان.
 
رووداو: باسی ئۆتۆمبێلت کرد کە نیوەی هەناردەی ژاپۆنە بۆ عێراق، لە عێراق و کوردستانیش، خەڵکی کورد حەزیان لە ئۆتۆمبێلی ژاپۆنییە، تۆیۆتا لە سەرەتاوە ئۆتۆمبێلی خەڵک بووە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا وڵاتانی دیکە و کۆمپانیای دیکەی ئۆتۆمبێل بازاڕێکی گەورەیان لە عێراق و کوردستان دۆزیوەتەوە، ئۆفەری سەرنجڕاکێشیشیان بۆ خەڵک و ئێستا چەندین براندی وڵاتانی دیکە دەبینین، ئایا ئەمە جێی نیگەرانییە بۆ کۆمپانیا ژاپۆنییە گەورەکانی ئۆتۆمبێل لە عێراق و کوردستان، وەکو تۆیۆتا و لێکزس؟ 
 
فوتۆشی ماتسومۆتۆ: من هیچ ترسێکم نییە، چونکە بۆ نموونە، تۆ کە ئۆتۆمبێلی ژاپۆنیت هەیە، ئەگەریشی هەیە ساڵێکی دیکە رەنگە لێکزسێک بکڕیت، بۆیە تۆیۆتا و لێکزس کارێکی مەزن دەکەن و لەگەڵ ئەوەشدا بازاڕی ئۆتۆمبێل لە عێراق لە فراوانبووندایە، من ئامارم لایە، بۆ نموونە لە 2021 قەبارەی فرۆشی ئۆتۆمبێل لە هەموو عێراق تەنیا 85 هەزار ئۆتۆمبێل بووە، دوو ساڵ پاش ئەوە لە 2023 من ئامارەکە دەبینم کە 150٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 130 هەزار ئۆتۆمبێل، بۆیە بەم شێوەیە بازاڕی ئۆتۆمبێل لە گەشەدایە و جێی گومان نییە کە براندی دیکەی ئۆتۆمبێل دێن، نەک تەنیا کۆمپانیای وڵاتانی دیکە بەڵکو کۆمپانیای دیکەی ژاپۆنیش، ئێستا سوزوکی دۆخی باشە و پێشتریش پێکەوە باسی مازدامان کرد کە براندێکی ژاپۆنییە و ئەوانیش دێن، هەندێکی دیکەش لە گفتوگۆکان لەگەڵ هاوبەشی نێوخۆیی عێراقی. بۆیە پێموایە پۆتێنساڵێکی گەورە هەیە بۆ بازاڕی ئۆتۆمبێل لە عێراق.
 
رووداو: کە باسی پەیوەندیی کوردستان و عێراق لەگەڵ ژاپۆن دەکەین، لەم ساڵانەدا کە خۆت لێرە بوویت زۆرترین پەرەسەندن لە چ بوارێکدا روویدا؟ 
 
فوتۆشی ماتسومۆتۆ: جگە فرۆشی ئۆتۆمبێل، بۆ نموونە دەتوانم باسی هاتنی فووجی فیلم یان کۆماتسو بکەم. فووجی فیلم سەرنجی لەسەر کەرەستەی پزیشکییە بە توانایەکی دیجیتاڵی بەهێز، کۆماتسوش کە زۆر بەنێوبانگە لە دروستکردنی ئامێرەکانی بیناسازی، ئێستا ئەم کۆمپانیایانە وا دێن، ئەمە بۆ کەرتی تایبەت لە کەرتی گشتیشدا کۆمپانیای JJC چەندین ساڵێکە لە بەسرە کار دەکات بۆ دروستکردنی پاڵاوگەیەکی گەورە، ئێستا 80٪ی کارەکان تەواوبوون و پاڵاوگەکە تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو 2025 تەواو دەبێت.
 
رووداو: لە رووی تەکنەلۆژیاوە ژاپۆن یەکێکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، ئایا ئەمە تەنیا بوارە کە تێیدا ژاپۆن هەوڵدەدات هاوکاری کوردستان و عێراق بکات لە رووی تەکنەلۆژییەوە؟
 
فوتۆشی ماتسومۆتۆ: ژمارەی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان کە هاتوونەتە بازاڕی عێراق زۆر سنووردارە، ئێمە هانی هەموو کۆمپانیا ژاپۆنییەکانمان داوە هەروەها دەمەوێت بازرگانە عێراقی و کوردەکانیش بێن بۆ تۆکیۆ بۆ ژاپۆن و تاوەکو بزانین بە دیاریکراوی خەڵکی ئێوە چییان لە ئێمە دەوێت. بەڵام تاوەکو ئێستا زۆر لە بازرگانەکان لێرە بە ئیسراحەتی خۆیان دانیشتوون، چونکە رەنگە پارەیەکی باش پەیدا بکەن.
 
من دەمەوێت بێنە ژاپۆن بە دوای شتی هەرزاندا مەگەڕێن، بە دوای تەکنەلۆژیای مۆدێرندا بگەڕێن لە ژاپۆن ئەمە داوای منە بۆ هەموو بازرگانە بەڕێزە عێراقی و کوردەکان. 
 
رووداو: ئایا سەختە بازرگانی نێوخۆیی بدۆزیتەوە کە وەڵامی ئەم داوایە بداتەوە، کە بەدوای کوالێتیدا بگەڕێت نەک شتی هەرزان؟
 
فوتۆشی ماتسومۆتۆ: ئەمە پرسیارەکەیە، جۆرە مەیلێک لای بازرگانە عێراقی و کوردەکان هەیە کە بەرهەمی هەرزان وەکو قازانجی باشتر دەبینن، بۆ ئەوەی بتوانن بیفرۆشن، بەڵام ئەگەر دەتەوێت ئابوورییەکەت پێشبخەیت دەبێت بە دوای بەرهەمێکی بەهادارتر بگەڕێیت، بۆ ئەوەی بەوە بگەیت پێموایە دەبێت بەدوای شتێکی باشتردا بگەڕێیت، نەک تەنیا بەدوای قازانجدا بگەڕێیت.
 
رووداو: هەموومان لە کوردستان جایکا دەناسین، جایکا زۆر هاوکار بووە لە رووی ژێرخانەوە، هەروەها تۆڕی ئاوەڕۆ، دوایین زانیاری لەبارەی پڕۆژەکانی جایکاوە چین؟ 
 
فوتۆشی ماتسومۆتۆ: پێتدەڵێم لە بیست ساڵی رابردوو چییان کردووە، یارمەتییەکانی ئێمە بۆ دابینکردنی قەرزی ژاپۆنی کە لەلایەن جایکاوە دابینکراوە لە ساڵانی رابردوودا گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیار دۆلار، کە ئەمە پێنج پرۆژەی گەورەش لەخۆدەگرێت، یەکەمیان کە کردمان تۆڕی کارەبا بوو لێرە لە کوردستان، دوای ئەوەش پڕۆژەی دابینکردنی ئاو بوو لە چەند شارێک لە کوردستان، بۆیە بۆ من سەیرە کە سەردانی سلێمانی یان هەڵەبجە دەکەم هەموو کەسێک پێزانینیان هەیە بۆ پڕۆژەکانی ژاپۆن لە دابینکردنی ئاوی خاوێن لەوێ. هەروەها وێستگەی کارەبای هایدرۆئەلیکتریک هەیە کە پێیدەگوترێت وێستگەی وزەی دێرەلووک، دوایین پڕۆژەش تۆڕی ئاوەڕۆ بوو لێرە لە هەولێر، بەڵام تەنیا کار لە قۆناخی یەکەمدا کراوە و ئەم پڕۆژەیە پێویستی بە قۆناخی دووەمە، بەڵام لەم ساتەدا وەستاوە.
 
رووداو: شتێک کە خوێندمەوە و جێی سەرنجە بۆم ئەوەیە کە ژاپۆن کورسی خوێندن دابین دەکات بۆ خوێندکارانی کورد و خوێندکارانی عێراق، پێموایە خەڵکێکی زۆر ئێستا سەرنجیان لەسەر ئەمەیە و دەیانەوێت زیاتر بزانن لەبارەیەوە، بۆیە دەکرێت پێمان بڵێی ئەم سکوولەرشیپانە چین؟
 
فوتۆشی ماتسومۆتۆ: حکومەتەکەمان کورسی خوێندن دەداتە ئەو خوێندکارانەی کە بەکالۆریۆس تەواو دەکەن، بۆیە ئەمە بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ قوتابییانی ماستەر و دکتۆرایە، هەموو بەهارێک وێبسایتی باڵیۆزخانەمان کردنەوەی دەرگە رادەگەیێنێت بۆ ئەم سکووڵەرشیپانە کە ناوی مێکستە. بۆ نزیکەی چوار خوێندکارە، داوای لێبوردن دەکەم کە ژمارەکە زۆر نییە، بەڵام ساڵانە نزیکەی یەک یان دوو خوێندکاری کورد سکووڵەرشیپەکە دەبەنەوە، ئەوان ساڵانێک لە ژاپۆن دەخوێنن و دەگەڕێنەوە. ئێمە هانی خوێندکاران دەدەین ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
 
رووداو: چۆن دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن؟
 
فوتۆشی ماتسومۆتۆ: تەماشای ماڵپەڕی باڵیۆزخانەی ژاپۆن بکەن، لەوێ هەموو زانیارییەکان هەن، بەڵام هەموو بەهارێک دەکرێتەوە.
 
رووداو: هەموو تێچووەکەشی لەلایەن حکومەتی ژاپۆنەوە دەدرێت؟
 
فوتۆشی ماتسومۆتۆ: بەڵێ. 
 
رووداو: رووداوێکی زۆر گەورە لەم ناوچەیەدا کە هەیە جەنگی غەززەیە، هەڵوێستی حکومەتەکەت لەسەر جەنگی غەززە چییە؟
 
فوتۆشی ماتسومۆتۆ: بێگومان لە سەرهەڵدانی رووداوەکەوە لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی پار، ئێمە لە نیگەرانییەکی جیددیداین بەم پێشهاتانە، ئەمە بووە هۆی مردنی خەڵکێکی بێتاوانی زۆر لە غەززە، بۆیە ئێمە هەوڵمان داوە لەگەڵ لایەنەکاندا قسە بکەین، هەروەها دەستخۆشی لە هەوڵی ئەو سێ وڵاتەش دەکەین کە بریتین لە ئەمریکا، قەتەر و میسر، بۆ رۆڵ بینین لەنێوان ئیسرائیل و حەماس تاوەکو ئێستا بەداخەوە هەوڵەکان ئەنجامی تۆکمەی نەبووە، بەڵام ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم پڕۆسەیە و گەیشتن بە ئەنجامێک. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە چەندین ساڵە گەورەترین پاڵپشتیکاری فەلەستینییەکانین، لە 1993وە کاتێک رێککەوتنی ئۆسلۆ کرا، لەو کاتەوە ئێمە زیاتر لە 2.5 ملیار دۆلارمانبۆ فەلەستینیەکان  دابینکردووە، بەمدواییانەش 125 ملیۆن دۆلارمان بۆ هاوکاری مرۆیی ئەو کەسانە دابینکرد کە لە غەززە هاوکاری خێرایان پێویستە. ئێمە هەوڵدەدەین متمانە لەنێوان لایەنە هەرێمییەکان دروست بکەین، لەگەڵ پاڵپشتییەکی بەهێز کە بۆ فەلەستینییەکان دابین بکرێت. بۆ ئەم کێشەیە بە هەموو ناوچەکەدا بە گشتی بڵاونەبێتەوە، بە عێراقیشەوە.
 
رووداو: دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر عێراق و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان بۆ بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە دروستکردنی پەیوەندییە لەنێوان خەڵکدا، سەردان و گەشتیاریش یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان بۆ ئەمە، خەڵکێکی زۆر ئێستا لە کوردستان و عێراقەوە زۆر گەشت دەکەن و دەیانەوێت شوێنی زیاتر ببینین، چۆن دەتوانن سەردانی ژاپۆن بکەن؟ چۆن ئاسانکاری بۆ ئەوە دەکەن؟
 
فوتۆشی ماتسومۆتۆ: ئەوە رێک ئەوەیە کە من هانی خەڵک کورد دەدەم بۆ ئەوەی زیاتر سەردانی ژاپۆن بکەن، بەڵام بەداخەوە خەڵکێکی زۆر سەردانی ژاپۆن ناکەن، بەهۆی کێشەی ڤیزاوە نییە، رەنگە پەیوەندی بە ویستەوە هەبێت هەروەها تێچوو، ئەو دوو هۆکارە پێکەوە بەداخەوە وایکردووە ئەنجامەکە کەم بێت، بەڵام ئەگەر کەسێک بە راستی سەرنجی لەسەر ناوچەیەک یان وڵاتێک بێت، پێموایە ئەوە خاڵێکی بنەڕەتییە کە سەردانی بکات.
 
رووداو: هەروەها بەراورد بە وڵاتانی دیکە پڕۆسەی ڤیزای ئێوە زۆر ئاسانترە؟
 
فوتۆشی ماتسومۆتۆ: ئاسانە، تەنیا هەفتەیەک یان 10 رۆژی پێدەچێت، دوو کۆمپانیای گەشتیاری لە هەولێر هەن کە لەلایەن نووسینگەی ئێمە جێی متمانەن و دەتوانن مامەڵەی ڤیزا رایی بکەن، بۆیە زەحمەت نییە و تێچووی ڤیزاکەش زۆر کەمە، بۆیە ئەگەر بە راستی حەزت لێیە وەرە. هەندیک جار وا هەست دەکەم خەڵک لێرە لە عێراق و کوردستان کەمێک شەرمنن، جیهان لایان لە خاڵێکی دیاریکراو تێناپەڕێت، چونکە گەشت دەکەن بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەکو دوبەی و ئیستەنبول و بەیرووت کە ئاسانن، بەڵام لە پشت ئەوەوە رەنگە تەنیا لەندەن و پاریس بێت و تەواو، بەڵام وەرن بۆ ئاسیا و تەماشای رۆژهەڵات بکەن، ئەوە هەمیشە پەیامی منە، بۆیە وەرن بۆ ژاپۆن.
 
رووداو: دەکرێت هەندێک پرسیارت لەبارەی کولتووری ژاپۆنەوە لێ بکەم،  خەڵک لە ژاپۆن کە زۆر کار دەکەن و خەڵکێکی زیرەکن، زۆر جار خوێندوومەتەوە کە کرێکاران و بەرپرسان لە ژاپۆن پشوو وەرناگرن، دەمەوێت بزانم تۆ رۆژانی پشوو وەردەگریت یان نا؟ هەروەها حکومەت و خاوەن کارەکان هانی کارمەندەکان دەدەن بۆ ئەوەی رۆژی پشوو وەربگرن، بۆچی؟
 
فوتۆشی ماتسومۆتۆ: رەنگە ئەوە وێنەیەی کۆنی ژاپۆن بێت، ژاپۆنییەکانی ئەم سەردەمە کەمێک جیاوازن، بۆیە خەڵک حەز دەکەن ئاسوودە بن، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە خەڵک جۆرێک لە ئامانجی ژیان لە کارکردندا دەبیننەوە، بۆیە لە هەندێک لە وڵاتانی رۆژئاوا کارکردن جۆرێکە لە شتێکی پێچەوانەی ئامانجی ژیانت، بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمە هەندێک جۆری کار وا دادەنرێت کە شتێکە بۆی دەژێیت، وشەیەکی زۆر بەناوبانگی ژاپۆنی هەیە کە تەنانەت لە رۆژئاواش زۆر بەناوبانگ بوو کە پێیدەگوترێت "ئیکیگایی"، ئیکیگایی واتە ئەو هۆکارەی کە بۆی دەژێیت.
ئامانجی ژیان، ئامانجێک کە بۆی بژێیت، ئەگەر ئەوە لەدەست بدەیت چیدی هەست ناکەیت کە دەژیت، بەڵام بۆ ژاپۆنییەکان ئەو ئامانجە کارکردنە بۆ نموونە، شتێک لە مێشکتدایە و زۆر گرنگە بۆت، بۆ نموونە ئەگەر من لە جێی تۆ بوومایە و وەکو پێشکێشکارێکی تەلەفیزیۆن کارم کردبا، ئەمە شتێکە بە جۆرێک بۆی دەژیت، نەک تەنیا بۆ قازانجی ئابووری، بەڵکو شتێک لە واتای تێدا دەدۆزیتەوە بۆ ژیان، ئەمە شتێکە کە کۆنسێپتێکی جیاوازە بەراورد بەوەی خەڵکی دیکە چۆن بیر لە ژیانی خۆیان دەکەنەوە.
 
رووداو: تۆ چەند ساڵێکە لێرەت و پێموایە زۆر هاوڕێی کوردیشت هەن، ئەو خاڵە هاوبەشانە چین کە لەنێوان کولتووری کوردی و ژاپۆنیدا دەیبینیت؟
 
فوتۆشی ماتسومۆتۆ: ئەوە پرسیارێکی چاکە، پێموایە خاڵە هاوبەشەکە سادەیی رۆژهەڵاتییە لەگەڵ کەمێک شەرمنی، رەنگە من لەو رووەوە ژاپۆنییەکی نموونەیی نەبم بەو واتایە، چونکە من لە زۆر وڵاتدا ژیاوم و دەبێت کارەکەم بکەم وەکو باڵیۆز، بەڵام ئێمە زۆر قسە ناکەین لە سەرەتاوە کاتێک کەسێکی نوێ دەبینین و هەمیشە دوورییەک دەهێڵینەوە، هەروەها رێز لە کەسانی بەتەمەن دەگرین، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک ببینبم یەک ساڵ لە من گەورەترە ئەوا رێزی دەگرم.
ئەگەر ساڵیک لە من بچووکتر بێت، رەنگە کەمتر رێزی بگرم، کەمێک هاوشێوەی کۆمەڵگەی ئێوەیە، جۆرێکە لە کولتووری رۆژهەڵاتی کە پێکەوە هەمانە.
 
رووداو: شتێکیش کە هەمیشە جێی سەرنجی منە ئەوەیە ژاپۆنییەکان یەکێکن لە تەمەندرێژترین خەڵکی جیهان، خەڵک لەوێ تەمەنیان درێژە و تەندروستن، نهێنی پشتی ئەمە چییە؟
 
فوتۆشی ماتسومۆتۆ: پرسیارێکی زۆر چاکە، تێکڕای تەمەنی خانمانی ژاپۆنی نزیکەی 88 ساڵە، بۆ پیاوانیش نزیکەی 82 ساڵە ئێستا لە ژاپۆن بۆ نموونە نەنکم کە چەند ساڵێک پێش ئێستا مرد، تەمەنی 103 ساڵ بوو، دایە گەورەشم کە ساڵانیک پێش ئێستا مرد، تەمەنی 99 ساڵ بوو، بەڵام ئەو جگەرەی دەکێشا بە پایپی درێژ. دەزانیت ژنانی رۆژهەڵاتی ئەوە دەکەن، ئەو تاوەکو مرد دەیکێشا.. بۆیە نهێنییەکە چییە؟ پێش هەموو شتێک خواردنی باش، ئێمە زۆر ناخۆین و گوتەیەکی بەناوبانگمان هەیە دەڵێین دەبێت تەنیا 80٪ی سکت پڕ بکەیت، سکت 100٪ پڕ خۆراک مەکە، تەنیا 80٪ بەسە. هەروەها زیاتر سەوزە دەخۆین لەگەڵ کەمێک ماسی، کەمتریش خواردنی چەور دەخۆین ئەمانە زۆر گرنگن، لێرە بێگومان خەڵک حەز دەکەن خواردنی زۆر چەور بخۆن لەگەڵ برنج و نان، ئەوە دەبێتە هۆی هەندێک کێشە وەکو شەکرە، بۆیە دەبێت هەموومان زۆر وریا بین لەبارەی تەندروستیمان، بە دیاریکراوی کاتێک دەچمە بەغدا یان دێمە هەولێر، هەموو هاوڕێکانم دەعوەتم دەکەن و خواردنی زۆر ئامادە دەکەن.
 
رووداو: کاتێک ژاپۆن دێتە یادمان هەمیشە کوالیتی ژاپۆنمان بیرە، من ئێستا کاتژمێرێکی ژاپۆنیم لەدەستە و چەندین ساڵە لە دەستی دەکەم و ئۆتۆماتیکە و بە تەواوی میکانیکییە و هیچ پاترییەکی تێدا نییە، ساڵانێکە هەمە و هێشتا بەکاریدەهێنم و رەنگە بۆ دەیان ساڵ بمێنێتەوە، ئەمە تەنیا نموونەیەکە، نهێنی پشتی کوالێتی ژاپۆنی چییە، لە هەموو شتێکدا، لە قەڵەمێکەوە بیگرە بۆ کاتژمێرێک بۆ ئۆتۆمبێلێک، لە هەموو شتێکدا؟
 
فوتۆشی ماتسومۆتۆ: هیچ نهێنییەک نییە، ئێمە زۆرترین گرنگی بە چاودێریی پاکراگرتن دەدەین، بیرتە نزیکەی مانگێک پێش ئێستا تۆیۆتا ئۆتۆمبێلێکی نوێی دایە شۆفێری تاکسی کورد، کە ئۆتۆمبێلە تۆیۆتاکەی یەک ملیۆن کیلۆمەتر لێخوڕیبوو، من قسەم لەگەڵ بەرپرسانی تۆیۆتا کرد، پێیانگوتم ئەو شۆفێرە هەمیشە سەردانی ئۆفیسی تۆیۆتای کردووە بۆ خزمەتگوزاری، هەموو ساڵێک یان هەموو شەش مانگێک زۆر بە رێکی بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لە باشترین دۆخدا بهێڵێتەوە، بۆیە ئێمە گرنگی زۆر بە پاکراگرتن و خزمەتگوزاری دەدەین، نەک تەنیا ئەوەی شتەکان بفرۆشین و بڵێین تەواو، نەخێر نەخێر نەخێر، ئەگەر بەرهەمێک بفرۆشیت دەبێت چاودێری بکەیت لە دوای فرۆشتنی ئەگەر چاودێری نەکەیت و خزمەتی نەکەیت ئەوا بازرگانی و کارەکەت پووچە، بۆیە دەبێت متمانە بەو بازرگانییە بکەیت بتوانێت بەردەوام خزمەتگوزاریت پێشکەش بکات، ئەو کاتە دەتوانیت بەرهەمەکەت بۆ ماوەیەکی زۆر بهێڵیتەوە. ئەمە نهێنییەکەیە، بەڵام شتێکی باوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمیتری پۆلیانسکی، جێگری نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان

جێگری نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: هانی پەیوەندیی نێوان سووریا و کورد دەدەین

دیمیتری پۆلیانسکی رۆژی 22ی ئابی 2024، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی ئۆتۆنۆمی بۆ رۆژئاوای کوردستان "پێویستە لەنێوخۆی سووریادا بڕیاری لەسەر بدرێت". سەبارەت بە پەیوەندیی رووسیا لەگەڵ نەتەوەی کورد بەگشتی دەڵێت: " ئێمە پەیوەندییەکی مێژوویی و دێرینمان لەگەڵ کورد لە سووریا و عێراق هەیە؛ بەردەوامیشین لە پاراستنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵیان".