جەیسن سێڵەر دوای کێشانی وێنەی سەرۆک بارزانی بۆ (تایم): دوای 2 خولەک لە پۆستکردنی وێنەکەی 45 هەزار فانم بۆ زیاد بوو

16-08-2024
رووداو @Rudawkurdish
وێنەی سەرۆک بارزانی و جەیسن سێڵەر، ئەو هونەرمەندەی وێنەکەی کێشاوە
وێنەی سەرۆک بارزانی و جەیسن سێڵەر، ئەو هونەرمەندەی وێنەکەی کێشاوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وێنەکێشی ئەمریکی جەیسن سێڵەر، لە ساڵی 2014دا لەسەر داوای گۆڤارێکی نێوداری ئەمریکی وێنەی سەرۆک بارزانیی کردە بەرگی پێشەوەی وەکو گرنگترین کەسایەتیی ساڵ.
 
وێنەکێشی نێوداری ئەمریکی جەیسن سێڵەر، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت دا بۆ رووداو دەڵێت، کاتێک وێنەی پاپای بۆ گۆڤاری تایم کێشا بۆ بەرگی گۆڤاری (تایم) ملیاران کەس بینییان و چەندین هەڤپەیڤینی تەلەڤیزیۆنیی لەگەڵدا کرا، "بەڵام سەدان نامەم بۆ نەهات،" کەچی "کاتێک وێنەی مەسعود بارزانیم کێشا، هەر کە وێنەکەم پۆست کرد، لە دوو خولەکدا بەلای کەمەوە 45 هەزار فانم بۆ زیاد بوو. خۆم شتێک زیاتر لە 100 هەزار فانم هەبوو. دوای ئەوە کە لەپڕ سەیری ژمارەی فانەکانی پەیجەکەمم کردەوە، گوتم: ئەوە چی دەگوزەرێت لە دنیادا؟"
 
ئەو وێنەکێشە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەش کرد، "لەژێر پۆستەکەمدا زۆر کۆمێنت و پرسیار هەبوون. لە بەشی نامەکانمدا هەر نامە بوو بەدوای نامەدا دەهات، گوتم: ئەمە شتێکی زۆر سەیرە. چوومە ناویانەوە و دانە بە دانەیانم خوێندەوە، نەمدەتوانی باوەڕ بکەم. خەڵک وێنەکەمیان بۆ دەناردم کە پێموایە لە تەلەڤیزیۆن و شوێنە جیاوازەکانەوە پێشاندەدران. دەمگوت: ئەمە زۆر سەیرە. هیچم بەبیردا نەدەهات. زۆر خۆشبوو. بەڕاستی ئەزموونێکی جوان بوو. لەوکاتەدا بۆم دەرکەوت کە ئەم پیاوە چەندە خۆشەویستە، چونکە هەر ئەوە نەبوو خەڵک قسەی لەسەر بکەن، بەڵکو سوپاسیشیان دەکردم."
 
لەگەڵ ئەوەش دا، جەیسن سێڵەر حەز دەکات بۆچوونی سەرۆک بارزانی لەسەر ئەو وێنەیە بزانێت کە کێشاویەتی و دەڵێت، "زۆر حەز دەکەم بزانم بۆچوونی ئەو لەسەر وێنەکە چییە.. بەپەرۆشم."
 
سەبارەت بە شێوەی ئەو وێنەیەی سەرۆک بارزانی کە گۆڤاری (تایم)ی ئەمریکی داوایان لێکردبوو، سێڵەر دەڵێت، "نەیاندەویست لاواز بێت، دەیانویست جیددی بێت، دەیانویست بە جۆرێک بێت کە هەستکردن بە شانازی و بەهێزیی تێدا بێت."
 
ئەو وێنەکێشە ئەمریکییە لەسەر وێنەی سەرۆک بارزانی کە خۆی کێشاویەتی دەڵێت، وێنەی چیاکانی بە کاڵی لەپشتەوە داناوە، هەروەها دەڵێت، "شتێک کە لە وێنەکێشانیدا حەزم لێی بوو ئەوە بوو کە چاوەکانی زۆر بەهێز بوون.. چاوی بەهێز و جیددی و بە سەرنج بوون. ئەوەش بنەمای سەرەکیی کارەکەم بوون. بەڕاستی سەرنجم لەسەر ئەوە بوو. هۆی ئەوەش کە ئەوەم کرد لەبەر ئەوە بوو دەمویست خەڵک سەیری دەکەن بڵێن واو، چونکە ئەو رێک چاو دەبڕێتە نێو چاوت."
 
دەقی هەڤپەیڤینی یاسەمەن شەریفمەنش لەگەڵ جەیسن سێڵەر، وێنەکێشی نێوداری ئەمریکی تایبەت بە رووداو:
 
پرسیار: دەمەوێت بەم پرسیارانە دەست پێبکەم. جەیسن پێم بڵێ، سەرەتا کە گۆڤاری (تایم) داوای لێکردیت وێنەی مەسعود بارزانی بکێشیت، ئایا هیچت لەبارەی خۆی یان کوردستانەوە دەزانی؟
 
جەیسن سێڵەر: کەمێکم دەزانی. لەو کاتەدا زۆرم لەبارەیەوە نەدەزانی، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەو کاتەدا گوێم لێدەبوو کە لە کوردستان و عێراق و ئێران چی دەگوزەرێت. زۆربەی کات کە دەبێت وێنە بۆ زۆر لە گۆڤارەکان بکێشم، نازانم کەسە مەبەستدارەکە کێیە. تەنیا ئەوەندەیە کە من لەلایەن ئەوانەوە پەیوەندیم پێوەدەکرێت کە وێنەکەیان بۆ بکێشم. یەکەمین شت کە دەیکەم ئەوەیە، بەدوای وێنەدا دەگەڕێم بۆئەوەی بزانم کەسەکە کێیە و پێی ئاشنا ببم. ئیدی دەستدەکەم بە کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەیەوە. دەستم کرد بە ناسینی ئەو لەکاتی کارکردنم لەسەر وێنەکەی، سەیری ڤیدیۆکانیم کرد لە یوتیوب دا و سەیری وێنەکانیم دەکرد، بەڵام بەڵێ، بەرلەوەی دەست بە کار بکەم ئەوەندە پێی ئاشنا نەبووم.
 
پرسیار: چۆن ئەو وێنەیەت هەڵبژارد؟
 
جەیسن سێڵەر: چۆن وێنەکەم هەڵبژارد، مەبەستت ئەوەیە کە چۆن بەو شێوەیە کێشام؟
 
پرسیار: چەند بژارەت هەبوون؟
 
جەیسن سێڵەر: گۆڤاری تایم دەربڕینێکی تایبەتی پێدام، ئەوان کارەکتەرێکی دیاریکراویان دەویست، نەیاندەویست لاواز بێت، دەیانویست جیددی بێت، دەیانویست بە جۆرێک بێت هەستکردن بە شانازی و بەهێزیی تێدابێت. هەر ئەوەندە بوو. ئەوە بوو چەند وێنەیەکیان وەکو سەرچاوەی کار پێدام کە بەدڵیان بوون، پاشان خۆشم کۆمەڵێک وێنەم پەیدا کردن کە هەستم کرد باشن. ئیدی ئەوە بوو دەستم بە کێشانی سکێچەکە کرد تاوەکو هەستم کرد شتێکی باشە. دواتر چاوەڕێی رەزامەندیی ئەوانم کرد. کاتێک وەڵامیان دامەوە و پەسندیان کرد، یەکسەر دەستم کرد بە وێنەکێشان؛ بەڵام لە بنەڕەتدا هەموو شتێکم بە پشتبەستن بوو بە داواکارییەکانی ئەوان بۆئەوەی کەسایەتییەکی بەهێز دەربخەم. هەر ئەوەندە بوو. شتێکی ئەوەندە ئاڵۆز نەبوو، وێنەکەم کێشا. شتێک لەبارەی ئەم جۆرە کارەوە بیڵێم ئەوەیە، سەرەتا کە دەست پێدەکەم، بە تەواوی نازانم بەڕێوەبەری هونەری چی دەوێت، تاوەکو ئەوکاتەی هەندێک کاری لەسەر دەکەم و بۆچوونی سەرەتایی وەردەگرم. هەندێکجار بەڕێوەبەرێکی هونەری پێتدەڵێت کە وێنەیەکی دیاریکراوی ئەم کەسەمان دەوێت کە بە فڵان شێوە دەربکەوێت. کاتێک وێنەکە دەکێشیت، پێتدەڵێن "ئۆو ئەمە زۆرە"، یان "ئەوە بەس نییە". بۆیە لە سەرەتادا هەندێک لەوە هەبوو، چونکە یەکەم سکێچم کەمێک تووڕە دیاربوو، چونکە برۆیەکانیم کەمێک جیددیتر کێشابوو. ئەوەش لەبەر ئەوەبوو کە وێنەکە هونەری هێڵکاری بوو. نازانم تۆ چەندە لە وێنەکێشان دەزانیت، بەڵام هونەری هێڵکاری زۆر رەقترە لە وێنەکێشان. ئەوە بۆ من وەکو رێنوێنییەک بوو، دەمزانی کە وێنەکە بکێشم بەو جۆرە نابێت. بۆیە ئەوە تاکە شت بوو لەسەر سکێچەکە گوتیان: "کەمێک تووڕە دەردەکەوێت، تۆزێک هێوری بکەرەوە". منیش گوێم پێنەدا، چونکە بەرلەوەی دەست بە وێنەکێشان بکەم، دەمزانی ئەنجامەکەی چۆن دەبێت. هەندێکجار گوێ دەگرم بۆئەوەی دەیڵێن و، هەندێک جاریش هەر ئەوە دەکەم کە پێویستە بەو جۆرە بیکەم کە رێگە دروستەکەیە. بەو شێوەیە، ئەگەر ئەوە روون بێت.
 
پرسیار: باشە، کاتێک دەستت بە گەڕان لەبارەیەوە کرد لە ڤیدیۆکانی یوتیوب و وێنەکان دا، بەلاتەوە چۆن بوو؟ واتە بۆچوونت لەبارەیەوە چی بوو؟
 
جەیسن سێڵەر: بەڕاستی بە هیچ شێوەیەک کاتێکی زۆرم نەبوو بۆئەوەی بە تەواوی لێی بکۆڵمەوە. لێکۆڵینەوەی من بریتی بوو لە زانینی کەسایەتییەکەی، چۆن بەڕێدا دەڕوات و دەجووڵێت و دەربڕینەکانی و ئەو شتانە. کاتم نەبوو تاوەکو زۆری لەسەر بخوێنمەوە. لەکاتی کارکردنم دا تاکە شتێک کە بۆم دەرکەوت ئەوە بوو کە ئەو تەنیا کەسێکە. راستییەکەی، من سەرەتا دەمگوت: "ئەم کەسە کێیە؟ بۆچی بۆ کەسایەتیی ساڵ هەڵبژێردراوە؟" ساڵی پێشووش وێنەی کەسایەتیی ساڵم کێشابوو. پێموایە ئەوە تاکە هۆکار بوو کە جارێکی دیکە منیان هەڵبژاردەوە. منیش لە خۆمم دەپرسی: "ئەم کەسە کێیە؟"، بۆیە کەمێکم لەسەری خوێندەوە و زانیم کێ بوو، بەڵام ئەو خوێندنەوەیە توێژینەوەیەکی قووڵ نەبوو، بەگشتی شتێکی بینراو بوو. بەزۆری بەو شێوەیە لێکۆڵینەوەم دەکرد. جگە لەوە، ئەوەی لە کارەکتەرەکەیەوە دەستمکەوت ئەوە بوو کە ئەو سەرکردەیەکە بەڕاستی خەڵک رێزی دەگرن. بەگشتی ئەوە بوو. شتێکی وا نەبوو تاوەکو ئەوکاتەی گۆڤارەکە دەرچوو و بابەتەکەم خوێندەوە و زۆرم لەبارەیەوە زانی. من گۆڤارەکەم بە چاپکراوی دەستکەوت، چونکە گۆڤاری تایم پێشوەخت بابەتەکەیان بۆ من نەنارد. ئینجا سەرەتا کە خوێندمەوە، بیرمە لە گۆڤاری (تایم)م پرسی: "ئایا ئەمە بابەتێکی لایەنگرانەیە یاخود دژە؟" بۆئەوەی یارمەتیم بدات تێبگەم بابەتەکە چییە. ئەوان گوتیان کە لایەنگرانەیە و بابەتێکی باشە. منیش گوتم: "باشە"، بەڕاستی وێنەکێشانەکە بە زۆری پەیوەستە بە بینراوەوە، ئەوەش ئەوەیە کە من دەیکەم. شتێکی دیکە لە باکگراوندی وێنەکە، ئەگەر سەرنجت دابێت، لە پشتەوەی زنجیرە چیایەکی کاڵ دیارە. ئەوان داوایان لێکردبووم شتێک دروست بکەم کە لەڕووی بینراوەوە هەموو شتێک پێکەوە کۆبکاتەوە و جوان بێت. چەند بیرۆکەی جیاوازم بۆ باکگراوند هەبوو، ڤێرژنی جیاواز، بەڵام دواتر لەسەر زنجیرە چیایەک جێگیر بووم. ئینجا من ئەوەم بە مەبەست کرد، چونکە دەمویست جۆرێک کلاسیکی یاخود وەکو وێنەیەکی کلاسیکی و دێرین دەربکەوێت. ئەوان گوتیان کە دەیانەوێت بەهێز دەربکەوێت. منیش بیرم لە چیا کردەوە، چیای بەهێز. هەمووی پێکەوە هاوئاهەنگن. هەندێک لەو پرۆسەیە دەیخستمە سەر بیرکردنەوە لەوەی چ پەیامێکی بینراو هەیە باشترە لەوەی هەموو شتێک لەبارەی کەسەکەوە بزانیت، چونکە بەڕاستی من زۆرم لەبارەیەوە نەدەزانی. بەڵام ئەوە شتێکی ئاسایی بوو بۆ ئەو جۆرە کارەی دەیکەم کە کاتێکی دیاریکراوم بۆ دادەنرێت. زۆربەی جار وێنەی کەسێک دەکێشم کە نایناسم، بەڵام ئەوە خۆشە، چونکە کاتێک کار لەسەر پرۆژەکە دەکەم بەهۆیەوە شت فێردەبم.
 
پرسیار: کاتێک دەستت بە وێنەکێشان کرد، دەتویست لە وێنەکەدا، لە رووخساریدا چ سیما و هەستێک بەرجەستە بکەیت؟
 
جەیسن سێڵەر: شتێک کە لە وێنەکێشانیدا حەزم لێی بوو ئەوە بوو کە چاوەکانی زۆر بەهێز بوون. هەندێک لە وێنەکانی ئەوەیان تێدا نەبوو، بەڵام چەند وێنەیەکم بینی ئەوەیان تێدا بوو، چاوی بەهێز و جیددی و بە سەرنج بوون. ئەوەش بنەمای سەرەکیی کارەکەم بوون. بەڕاستی سەرنجم لەسەر ئەوە بوو. هۆی ئەوەش کە ئەوەم کرد لەبەر ئەوە بوو دەمویست کە خەڵک سەیری دەکەن بڵێن واو، چونکە ئەو رێک چاو دەبڕێتە نێو چاوت. ئینجا ئەوە شتە سەرەکییەکەیە. کاتێک وێنەی خەڵک دەکێشم، چاو و دەم گرنگترین شتن، چونکە لە رێگەی ئەوانەوە لەگەڵ یەکتردا پەیوەندی دروست دەکەین. هەندێکجار پێویست ناکات بە دەم شت بڵێین، بە چاوەکانمان دەیڵێین. لە وێنەکەدا دەمی گرنگە، بەڵام بەڕاستی زیاتر شتەکە جەختی لەسەر سەیرکردنەکەیەتی، ئەوە ئەو شتەیە کە لەکاتی وێنەکێشانەکەدا بەگشتی سەرنجم لەسەری بووە. شتەکانی دیکەی وەکو لووت و ئەندامەکانی دیکە چۆنیەتی وێنەکێشانیان لەسەر وردێتی و دروستیی بەندە کە چۆن دەربکەوێت. کارەکتەری سەرەکی لێرەدا بوو، لەم ناوچەیەدا. بۆیە ئەگەر سەیر بکەیت، من حەز دەکەم لە وێنەکێشانی رووخسار لە هەندێک شوێن دا زۆر وردەکار و راستەقینە بم، لە هەندێکیان دا ساف و سادە بم. ئینجا ئەوەیشم لەگەڵ رووخساری ئەودا کرد. ئەگەر سەیری بکەیت، لە لێوارەکانەوە ساف و سادە دەنوێنێت. جامانە و کورتەکەکەی سافن، کورتەکەکەی وردەکاریی کەمترە، چونکە ئەو سەرنج بۆ سەر رووخسار دەبات. ئەگەر هەموو شتەکان بە هەمان رادە وردەکارییان تێدا بێت، ئەوا نازانیت سەیری کوێی وێنەکە بکەیت. ئەوە شتێکی سەرەتاییە. خۆزگە بمتوانیایە سەیری بکەم تاوەکو باشتر بمتوانیایە روونی بکەمەوە، دەبێت بەبیرم بێتەوە.
 
پرسیار: هەندێک کەس دەڵێن کە ئەو وێنەیە تووڕەیە. ئایا ئەوە راستە؟
 
جەیسن سێڵەر: نەخێر، هاوڕانیم؛ پێموانییە تووڕە دەربکەوێت، پێموایە جیددی دەردەکەوێت. چەند کەسێک لێیان پرسیوم کە بۆچی ئەوەندە تووڕە دیارە؟ نازانم. رەنگە لەبەر ئەوە بووبێت کە من زۆر ئاشنای نەبووم. ئەو کەسانەی زیاتر ئاشنای ئەون رانەهاتوون بەو سیمایەوە بیبینن، بەڵام ئەوە شتێک بوو پێموابوو لەڕووی دەربڕینەوە بەهێز دەبێت. من لە پاڵ وێنەی واقیعیدا، زۆر کاری کاریکاتێریم هەیە کە ئەوانە زیاتر گاڵتەئامێزن و زێدەڕۆییان تێدا کراوە. کاتێک وێنەیەکی واقیعی دەکێشم، کەمێک لەوەی تێدا بەکاردەهێنم، هەوڵدەدەم جووڵەیەکی تێدا بکەم، ئەویش بە دەستکاریکردنی ماسوولکەکانی رووخسار کە بەرپرسن لە دەربڕین و هەست. بۆیە بەلای منەوە سیمای زیاتر سیمایەکی بەسەرنجی جیددییە. ئەگەر بمویستایە بە تووڕەیی وێنەی بکێشم، ئەوا برۆکانیم زیاتر بەسەر چاوەکانیدا دەهێنانە خوارەوە، ئەم جۆرە دیمەنەی دەبوو. وێنەکە ئەوە نییە. شتێکی دیکە ئەوەیە کە وێنەکێشان شتێکی بابەتییانەیە و خەڵک هەستەکانی خۆیانی لێوە وەردەگرن، بەو جۆرە بیری لێدەکەنەوە کە خۆیان دەیانەوێت. هەندێک کەس پێیانوایە پارچەیەکی هونەریی زۆر باشە، هەندێک کەسیش پێیانوایە خراپە. دوای ئەوەی من کارەکەم تەواو کرد، ئیدی رۆیشتووە، ئەوە خەڵکە دەتوانن قسەی لەسەر بکەن و ئەو شتە بڵێن کە دەیانەوێت. من وەکو خۆم کە یەکەم کەس پێی گوتم تووڕە دەردەکەوێت، بەلامەوە سەیر بوو، گوتم: "بەڕاست؟ نازانم".
 
پرسیار: زۆر کورد نامەیان بۆ ناردوویت و فیدباکت دەستکەوتووە. دوای ئەوە چی روویدا؟
 
جەیسن سێڵەر: هیچ بیرۆکەیەکم نەبوو. با بەم جۆرە بیخەمەڕوو: پاپا بڕیارە لە جیهان دا ئەم کەسایەتییە مەزن و بەرجەستەیە بێت کە هەیە، بەڵام من وێنەی پاپام بۆ گۆڤاری (تایم) کێشا بۆ کەسایەتیی ساڵ و ملیاران کەس بینییان، لە زۆر تەلەڤیزیۆن هەڤپەیڤین و بەرنامەم لەبارەیەوە لەگەڵ کرا، بەڵام سەدان نامەم بۆ نەهات. تەنیا چەند کەسێک نامەیان بۆ ناردم کە وێنەکەمیان بەدڵ بوو و زۆر کەسیش حەزیان دەکرد پیرۆزباییم لێ بکەن، چونکە ئەوە کارێکی گەورە بوو، بەڵام کاتێک وێنەی مەسعود بارزانیم کێشا، هەر کە وێنەکەم پۆست کرد، لە دوو خولەکدا بەلای کەمەوە 45 هەزار فانم بۆ زیاد بوو. خۆم شتێک زیاتر لە 100 هەزار فانم هەبوو. دوای ئەوە کە لەپڕ سەیری ژمارەی فانەکانی پەیجەکەمم کردەوە، گوتم: "ئەوە چی دەگوزەرێت لە دنیادا؟" لەژێر پۆستەکەمدا زۆر کۆمێنت و پرسیار هەبوون. لە بەشی نامەکانمدا هەر نامە بوو بە دوای نامەدا دەهات، گوتم: "ئەمە شتێکی زۆر سەیرە". چوومە ناویانەوە و دانە بە دانەیانم خوێندەوە، نەمدەتوانی باوەڕ بکەم. خەڵک وێنەکەمیان بۆ دەناردم کە پێموایە لە تەلەڤیزیۆن و شوێنە جیاوازەکانەوە پێشان دەدران. دەمگوت: "ئەمە زۆر سەیرە". هیچم بەبیردا نەدەهات. زۆر خۆش بوو. بەڕاستی ئەزموونێکی جوان بوو. لەو کاتەدا بۆم دەرکەوت کە ئەم پیاوە چەندە خۆشەویستە، چونکە هەر ئەوە نەبوو خەڵک قسەی لەسەر بکەن، بەڵکو سوپاسیشیان دەکردم. دەیانگوت: "زۆر سوپاس بۆ کێشانی ئەم وێنەیە". منیش هەر دەمگوت: "سەرچاو، ئەرکی سەرشانمە. سەر چاوم". منیش دڵخۆش بووم. ئەوە ئەو شتەیە کە وام لێدەکات ئەوەندەی دەتوانم باشترین هەوڵی خۆم بدەم. ئینجا کاتێک کارێک دەکەم کە خەڵکی دیکە دڵخۆش دەکات، یاخود شادیان دەکات، ئەوە شتێکی زۆر خۆش دەبێت بۆ من. ئەوەش بەردەوام روودەدات. من هەمیشە کۆمێنتم بۆ دێت، بەڵام نەک بە هەزاران. ئەوەیان لە رادەبەدەر زۆر بوو.
 
پرسیار: ئەگەر گۆڤاری تایم یاخود هەر شوێنێکی دیکە داوات لێبکەن جارێکی دیکە وێنەی رووخساری بکێشییەوە، ئایا هەمان وێنە دەکێشییەوە یان جیاوازتر بەهۆی ئەوەی ئێستا زانیاریی زیاترت هەیە؟
 
جەیسن سێڵەر: نەخێر.. بەر لە هەر شتێک، من هەندێک جار وێنەی هەمان کەس و شت دەکێشمەوە و دەکێشمەوە و هەر دەکێشمەوە. رەنگە بەلایەنی کەمەوە 80 وێنەی ئۆبامام کێشابێت، هیچیان هەرگیز وەکو یەک نین. جار هەیە وێنەکان بە شێوەیەکی دیاریکراو دەردەچن، لەبەر شێوازی هەستی من بەرامبەر بە کەسەکە. بەڵام جاری واش هەیە دەکەوێتە سەر چیرۆکەکە، من چیرۆکێک وێنا دەکەم. ئەگەر هاوڕای باسی چیرۆکەکە نەبم، ئەوا کارەکە ناکەم. بۆیە ئەگەر وێنەیەکی دیکەی مەسعود بارزانی بکێشم، ئەوا لەبەر ئەوە دەبێت کە هاوڕای ئەو شتە بووم کە ئەوان دەیانکرد. بەڵام هەمان وێنە نابێت، چونکە ئەگەر ئەوانیش هەمان جۆر وێنەیان بوێت، ئەوا من ئەوەم بۆ گۆڤاری تایم کێشاوە، بۆیە دەبێت ئەمیان شتێکی جیاواز بێت.
 
پرسیار: چۆن دەبێت؟
 
جەیسن سێڵەر: دەکەوێتە سەر ئەوەی کە، با وای دابنێین ئەگەر بابەتێک بێت وەک ... چۆن بیڵێم؟ هەمووی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چیرۆکەکە لەسەر چییە. من هەرگیز شێوازی کارێک بۆ کارێکی دیکە نازانم. واتە کاتێک بۆ کارێک تەلەفۆنم بۆ دەکرێت یان ئیمەیڵم بۆ دەنێردرێت و دەڵێن: "دەیانەوێت وێنەی کێ بکێشم و چەندم دەدەنێ و  کەی دەیانەوێت، لەگەڵ کورتەیەک لەسەر ئەوەی کە دەیانەوێ من بۆیان بکەم، هەروەها دەپرسن کە ئایا حەزم لێیەتی؟ کاتێک دەڵێم حەزم لێیەتی، ئەوان زانیاریم پێدەدەن. بۆیە بەڕاستی هیچ نازانم تاوەکو ئەوکاتەی بە کارەکە رازی دەبم. بەڵام ئەم کارە تەواو لە هەر کارێکی دیکە جیاوازە. بە لامەوە خۆش بوو کە ئەو پرسیارەت کرد، چونکە زۆر جار روویداوە وێنەم بۆ گۆڤارێک کێشاوە و گۆڤارێکی دیکەش زۆر بە دڵی بووە. ئەوەی پاپا وابوو. وێنەی پاپام بۆ (دێر شپیگڵ) کێشا و، گۆڤاری (تایم) بە دڵی بوو و داوای لێکردم کە هەمان وێنەیان بۆ بکێشمەوە. دەبووایە هەوڵبدەم پێیان بڵێم "نەخێر، هەمان شت ناکێشمەوە. ئەوە مانای نییە، بەڵام دەتوانین شتێکی دیکە بکەین، بۆ نموونە چ شتێکی ئەو وێنەیەتان بەدڵ بوو بۆ ئەوەی بتوانم هەندێک شتی لەوشێوەیە بۆ ئەمەیان زیاد بکەم بۆ ئەوەی رازیتان بکەم؟". من وێنەکێشێکی فریلانسم، نازانم هەفتەی داهاتوو کار لەسەر چی دەکەم. چاوەڕێی ئیمەیڵ دەکەم. هەمیشە شتێکی پڕ نهێنییە.
 
پرسیار: ئایا حەز دەکەیت بزانیت بۆچوونی مەسعود بارزانی لەسەر وێنەکەی چی بووە؟
 
جەیسن سێڵەر: بەڵێ، زۆر حەز دەکەم بزانم بۆچوونی ئەو لەسەر وێنەکە چییە، بەڵێ بەپەرۆشم. رەنگە کە بیبینێت و بڵێت "ئۆو، زۆر خراپە". یان لەوانەیە بڵێ "ئەوە چۆن کردووتە؟" بۆیە هەر زۆر حەز دەکەم بزانم چی دەڵێت. گرنگ نییە چی لە بارەیەوە دەڵێت، من ناڕەحەت نابم. ئەگەر بە دڵت بێت، ئەوە بە دڵتە، ئەگەر بە دڵت نەبێت، ئەوە بە دڵت نییە. لە ژیانمدا چەند جارێک بۆچوونی سیاسییەکان یان کەسانی جیاوازم بیستووەتەوە کە چۆن لەبارەی کارەکەمەوە بیریان کردووەتەوە. جار هەبووە بە دڵیان بووە و جاریش هەبووە بە دڵیان نەبووە، بەڵام هەر کامیان بێت، من هەر پێم خۆشە بزانم کە بینیویانەتەوە. راستییەکە ئەوەیە کە خەڵکێکی زۆر وێنەکانیان بە دڵە و دڵی خەڵکی خۆش کردووە. پێموایە ئەویش بە دڵی دەبێت، بەڵام حەز دەکەم لەبارەی وێنەکەوە قسەی لەگەڵ بکەم و بپرسم: "پێت چۆن بوو؟" لەوانەیە بڵێت: "ئەم ئەمریکییە شێتە لەشی هەمووی تاتووە وێنەی منی کێشاوە؟"
 
پرسیار: بۆچوونت لەبارەی کوردستان و کوردەوە چییە؟ چونکە وەکو دەزانیت ئێستا لە شەڕدان. بەگشتی بۆچوونت لەبارەیانەوە چییە؟
 
جەیسن سێڵەر: راستییەکەی من لەڕووی کولتوورییەوە ئاشنایان نیم، واتە نازانم خواردنیان چۆنە، کولتوور و شتیان نازانم و، بەو خەڵکە ئاشنا نیم، بەڵام تاوەکو دۆخەکە وابێت، لە شەڕدابن و بۆ ئەوە شەڕ بکەن کە نەهێڵن داعش داگیریان بکات، من هەستی زۆرم بۆیان هەیە. چونکە ئەوەندەی من بزانم و تێگەیشتبم وا دەرناکەوێت کە جگە لە مەسعود بارزانی هیچ کەسێکی دیکە هیچ کارێک بکات. پێشتر پێتگوتم کە ئافرەتانیش دەچنە سوپاوە کە لەلایەکەوە سەرنجڕاکێش و دڵخۆشکەرە، چونکە من ئەو تێڕوانینەم هەبوو کە ئافرەتان لە سوپادا ناجەنگن. بۆیە پێموایە ئەوە کارێکی ئازایانەیە و شتێکی زۆر مەزنە، بەڵام دڵتەنگیشم دەکات، چونکە بەهیچ شێوەیەک لایەنگری جەنگ نیم. ئەو راستییەی کە دەبێت هەمووان لە شەڕدا بەشداربن شتێکی ناخۆش و تراجیدییە. پێموایە خەڵکێکی ئازان کە بەرامبەر بەم، نازانم ئاخۆ بشێت بیڵێم، کە بەرامبەر بەم خوێڕییانە دەوەستنەوە. شتێکی بڕواپێنەکراوە، تێناگەم، بۆ من قورسە. من هەرگیز نەچوومەتە ریزی سوپاوە، هەرگیز ئەزموونی ئەو شتانەم نەکردووە تەنیا لە دوورەوە ئەزموونی جەنگم کردووە. وادەردەکەوێت کە کوردستان شوێنێکە تەنیایە و لەم شەڕەدا هەر خۆیەتی بە تەنیا. ئەوەش هەمیشە شتێکی ترسناک و خەمناکە. وەکو پێشتر باسمان کرد، وادیارە هیچ کەسێک بەڕاستی هیچ شتێک لەبارەی داعشەوە ناکات، بەتایبەتی ئەمریکا. ئەوەش بۆ من شتێکی زۆر بێزارکەرە، چونکە پێموایە ئەمریکا بە جۆرێک لە جۆرەکان لە روودانی ئەمەدا بەرپرسیارە. ئەوەش یەکێکە لەو هۆیانەی کە کێشەم نەبێت ئەو جۆرە کاریکاتێرانە بکێشم کە کێشاومن، چونکە ناتوانم بەرگەی کاری سیاسییەکان بگرم، لەهەر لایەک بن، ناتوانم. بۆیە بەو کاریکاتێر و کارانەی دەیانکەم، دەتوانم چیرۆکێک بگەیێنم، هەندێک جار دەبێت وانەیەک بێت بۆ سیاسییەکان یان گاڵتەیەک بێت پێیان. ئەوە رێگەیەکە کە دەتوانم تێیدا بەشداربم، راستییەکەی تاکە رێگەیە کە دەتوانم بیگرمەبەر. 
 
پرسیار: هۆی ئەوە چییە کە کوردێکی زۆر نامەیان بۆ ناردیت و لەسەر وێنەکەی مەسعود بارزانی فیدباکی باشیان پێدایت؟ پێتوایە هۆیەکەی چییە؟ لەوانەیە لەبەر ئەوە بووبێت کە لە جەنگ دا بوون؟
 
جەیسن سێڵەر: راستییەکەی، بۆ ئەوەی راستگۆبم، نازانم. هەستدەکەم کە دیارە دەبێت ئەو کەسێک بێت کە ئەوان بایەخی پێبدەن و بەڕاستی خۆشیان بوێت. تاکە شتێک کە دەتوانم پێی بەراورد بکەم ئەوەیە کاتێک سەرۆک ئۆباما بووە سەرۆک، لە ئەمریکا تۆزێک سەیر بوو، خەڵک کاری سەیریان دەکرد، خەریکبوو بیپەرستن. ئەوەندەی پەیوەندی بە منەوە هەبوو، ئەو زۆر کەسی بێ هیوا کرد و زۆر لە بەڵێنەکانی جێبەجێنەکردن.  ئێستا ئەگەر لەگەڵ ئەمریکییەکان قسە بکەیت، زۆر بێ هیوان. بۆ نموونە، من زۆر وێنەی جوانی ئۆبامام کێشاوە، کەچی هەزاران کەس هیچیان لەبارەوە نەگوت یان پێیان دڵخۆش نەبوون. بەڵام راستیی ئەوەی کە وێنەی مەسعود بارزانیم کێشا و ئەو هەموو کاردانەوانەم بۆهات، دەتوانم بەوە لێکیبدەمەوە کە ئەو کەسێکە خەڵک خۆشیاندەوێت و متمانەیان پێیەتی. بەڵام من ئاگام لە سیاسەتەکانیشی نییە، نازانم بەڵێنی چی بە خەڵکی کوردستان داوە. هەموو ئەوەی دەیزانم ئەوەیە کە خەڵک بەشێوەیەکی سۆزدارانە کاردانەوەیان هەبوو. ئەوە تەنیا شتە کە دەتوانم بیری لێبکەمەوە. کاتێک خەڵک کۆمێنتیان بۆ دەنووسیم، زۆربەیان کۆمێنتەکانیان بە وێنەی ئەوەوە دادەنا. پێموایە هەندێکیان سەرباز بوون کە وێنەیان لەگەڵ گرتبوو و بۆ منیان دەنارد و بە ناوێک ناویان دەبرد کە ئێستا بیرم نایێتەوە، بە دروستی لەبیرم نییە چی بوو، بەڵام دەیان وێنەم لە خەڵکەوە بۆ هاتووە. خەڵک داوایان لێدەکردم جارێکی دیکە وێنەی بکێشمەوە، وێنەی زیاتری بکێشم، وێنەی جیاوازی بکێشم و پێشنیازیان بۆ دەکردم. منیش دەمگوت ئەوە شتێک نییە من لە بێ ئیشیدا بیکەم. بەڵێ، دیارە کە ئەو زۆر خۆشەویستە، ئەوە ئەوەندەیە کە لە بارەیەوە دەیزانم. 
 
پرسیار: دوایین پرسیار ئەوەیە کە خەڵکێکی زۆری کورد تۆیان خۆشدەوێت و سوپاس و پێزانینیان هەیە بۆ کێشانی وێنەی سەرۆکەکەیان. ئایا هیچ پەیامێکت هەیە بۆیان؟ هەر لەبەر ئەوەی کە ئەوان نامەی زۆریان بۆ تۆ ناردووە.
 
جەیسن سێڵەر: بەڵێ.. شتێکی خۆش هەیە کە ئەوەیە من بۆ خودی خۆم سیاسەتێکم هەیە، کاتێک کەسێک نامەیەکم بۆ دەنووسێت، هەوڵدەدەم وەڵامی بدەمەوە. ژنەکەم خەریکبوو بەوە شێت دەبوو، چونکە لە جەژنی سوپاسگوزاری بووین لەگەڵ خێزانەکەی ئەودا و، منیش وەڵامی دانە بە دانەیانم دەدایەوە و دەمگوت: "سوپاس"، چونکە ئەوە بۆ من مانای زۆر بوو. کاتێک خەڵک ئەوە دەنرخێنن کە دەیکەم، چونکە من زۆر کار دەکەم. بەڵێ، پێمخۆشە سوپاسی خەڵكی کورد بکەم کە ئەو هەمووەسوپاسەیان کردم بۆ ئەو کارەی کردم، بەڕاستی زۆر حەزم لەو کارەم بوو کە کردم. ئەوە بۆ من مانای زۆرە. بۆ ئەوەی راستگۆ بم، نامەکان لەرادەبەدەر بوون، زۆر سەیر بوو. هەرگیز چاوەڕوانی ئەو شتەم نەدەکرد. زۆر خۆش بوو. سەرنجڕاکێش بوو.
 
پرسیار: ئایا دەتەوێت شتێکی دیکە بڵێیت؟ چونکە پرسیارەکانم تەواو بوون.
 
جەیسن سێڵەر: نازانم. مەگەر تۆ پرسیاری دیکەت هەبێت، ئەگەرنا من قسەم نییە.
 
یاسەمەن شەریفمەنش: زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە