حکومەت پلانی نوێی بۆ زیندانییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە

 
 
رووداو دیجیتاڵ

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پێشنیازی کردووە مۆڵەتی زیندانییان لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگ درێژبکرێتەوە و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رەزامەندی لەسەر ئەوە داوە و لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیراندا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. 
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رادیۆی رووداو باسی ئەوە دەکات کە تاوەکو ئێستا تەنیا لەناو چاکسازی گەورانی سلێمانی تووشبووی کۆرۆنا لەنێو زیندانییەکاندا تۆمارکراوە، کە 27 کەس بوونە و ئێستا هەموویان چاکبوونەتەوە و چاوەڕوانی دوایین پشکنین دەکەن.

 

دەقی هەڤپەیڤینەکەی رادیۆی رووداو لەگەڵ کوێستان محەممەد
 
رووداو: ئێستا مژارێکی دیار پرسی زیندانییەکانە کە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داوادەکرێت هەندێکیان بە شێوەی مەرجدار ئازادبکرێن، لیژنەشی بۆ پێکهێندرا، ئێستا جارێکی دیکە کەسوکاری زیندانییەکان خۆپێشاندان دەکەنەوە. ئەم پرسە بەکوێ گەیشتووە؟
 
کوێستان محەممەد: دەمەوێت ئەوە روونبکەمەوە کە دوو جۆر زیدانی هەیە، زیندانییەک ئەوانەن کە راگیراون و هێشتا دادگایی نەکراون، ئەوان سەر بە وەزارەتی ناوخۆن، بەداخەوە ئەوەی دوێنێ لە گەرمیان گیانیلەدەستداوە سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە نەک وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.
 
ئەوانەی لای ئێمەن ئەوانەن کە دادگایی دەکرێن و دەگوێزرێنەوە بۆ چاکسازییەکان کە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی. ئێمە شەش چاکسازیمان هەن کە بریتین لە چاکسازییەکان گەورانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک، هەروەها چاکسازییەکان ژنان و منداڵانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک. ئەوانەی هێشتا دادگایی نەکراون راگیراویان پێ دەڵێن.
لەم شەش چاکسازییە جگە لە چاکسازی گەورانی سلێمانی هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا نەبووە، لە سلێمانی 27 تووشبوو هەبووە و خۆشبەختانە ئێستا هەموویان چاکبوونەتەوە.
 
لەم هەفتەیەدا د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەردانی چاکسازی گەورانی سلێمانی کردووە و وابڕیارە لەم رۆژانەدا تیمێکی تەندروستی بنێرێت ئەو 27 کەسە جارێکی دیکە پشکنینیان بۆ بکرێتەوە بۆ ئەوەی دڵنیابین کە هەموویان ڤایرۆسەکەیان تێپەڕاندووە و ئەو کاتە دەیانبەینەوە هۆڵەکان.
 
 
27 کەس لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوون
 
رووداو: لەو ماوەیەدا چ رێکارێک گیرابووەبەر بۆ ئەو 27 زیندانییە کە تووشبووی کۆرۆنا ببوون؟
 
کوێستان محەممەد: لەو ماوەیەدا ئەو کەسانە کە تووشبووبوون، لە دوو هۆڵی جیا جیاکرابوونەوە و رۆژانە هەمووی جۆرە چارەسەر و خورادنێکی تەندرووستیان پێدەدرا و هەموو رێکارە تەندروستییە پێویستەکان بۆ کەسێکی تووشبووی کۆرۆنا پێویستە، بۆیان دابینکراون. وەکو ڤیتامینەکان و میوەکان، هەروەها رۆژانە براونەتە بەر هەتاو و لە رۆژانی دواییدا کە تەندروستییان باشبووە وەزشیشیان پێکراوە و ئێستا هەموویان چاکبوونەتەوە.
 
رووداو: ئایا پشکنین بۆ زیندانییەکانی دیکەش کراوە؟
 
کوێستان محەممەد: سێ کەس لە کارمەندانی چاکسازی گەورانی سلێمانی تووشی کۆرۆنا ببوون، ئێمە بۆ دڵنیایی لەناو چاکسازییەکەدا بەشێویەکی هەڕەمەکی تێست بۆ سێ زیندانیی لە سێ هۆڵی جیادا کرا بەبێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکیان هەبێت، دەرکەوت کە کۆرۆنایان هەیە، بۆیە تێست بۆ زیندانییەکانی ئەو سێ هۆڵە کرا و 27 تووشبوو دەرکەوت. بڕیارە بۆ دڵنیایی خۆمان 100 زیندانی دیکە لە هەموو هۆڵەکانی چاکسازی گەورانی سلێمانی تێست دەکرێن بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆ دڵنیایی لەوەی کە هیچ کێشەیەکیان نییە. بەڵام وەکو نیشانە تاوەکو ئێستا هیچ زینداییەک نیشانەی نییە.
 
مۆڵەتی سێ مانگی بە زیندانییەکان دەدرێت
 
رووداو: لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا باسی چڕی ناو زیندانەکان کرا، ئەو هۆڵانەی بۆ 9 کەس دروستکراون نزیکەی 20 کەسیان تێدایە، چی دەکەن بۆ کەمکردنەوەی ئەم چڕییە؟
 
کوێستان محەممەد: هەریەک لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ 940 کەس دروستکراوە، بەڵام لە سلێمانی 1300 زیندانی هەیە، لە دهۆک 2250 زیندانی هەن و لە هەولێر نزیکبووەتەوە لە 2000 کەس. هۆکارەکە ئەوەیە کە کۆمەڵێک زیندانی تێدایە کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، ئەوانەن کە بە ماددەی تیرۆر حوکمدراون و خەڵکی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن و ئەمەش بارگرانی بۆ چاکسازییەکانی ئێمە دروستکردووە.
 
لە سەرەتاوە پرۆژەیەکمان دا بە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ چۆنییەتی کەمکردنەوەی ئەو چڕییەی لەناو زیندانەکاندا هەیە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پرۆژەکە جێبەجێنەبوو.
 
دواتر لە کاتی کەرەنتینەدا پێشنیازەکانی خۆمان دا بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و جەختمان لە پێشنیازەکانی پێشوومان کردەوە، دواتر ئەگەر ئەوە نەکرا داوامانکرد لێبووردنی تایبەت یان گشتی بە رێژەیەکی دیاریکراو دەربکرێت بۆ ئەوەی خۆمان لە مەترسی کۆرۆنا بپارێزین، بەڵام دیارە تاوەکو ئێستا نە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێبووردنی تایبەتی داوە و نە پەرلەمانی کوردستانیش.
 
ئێمە 10 رۆژ پێش ئێستا جارێکی دیکە نامەیەکمان نارد بۆ سەرۆکی حکومەت و جەختمان لە داواکارییەکانی خۆمان کردەوە، بۆ ئەوەی لێبووردنی تایبەت یان گشتی دەربکرێت، یان مۆڵەتی درێژخایەن بە زیندانییەکان بدرێت. 
 
خۆشبەختانە ئێستا سەرۆکی حکومەت رەزامەندی داوە لەسەر ئەوەی مۆڵەتی درێژخایەن بۆ ماوەی سێ مانگ بکەینەوە بۆ زیندانییەکان.
 
لە پەیڕەی چاکسازییەکاندا ماددەیەک هەیە تایبەتە بە مۆڵەت و دەبێت هەمواربکرێتەوە، هەموارەکەمان ئامادەکردووە و ناردوومانەتە بەشی یاسایی ئەنجوومەنی وەزیران، دواتر ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردەدات کام ماددانە دەگرێتەوە و کام ماددانە ناگرێتەوە و بە چ مەرجێک مۆڵەتیان پێدەدرێت. ئێمە ماددەکانمان دەستنیشانکردوون لەگەڵ ماوەی مۆڵەتەکە و مەرجەکانیش، هەموارکردنی پەیڕەوەکەمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ پێکەوە ئامادەکردووە، بەڵام ناتوانم بڵێم کامانە دەگرێتەوە و بە چ مەرجێک چونکە ئەمە هێشتا پێشنیازن، دەبێت لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی وەزیران بۆچوونی خۆی لەسەربدات و دواتر دێتە ناو ئەنجوومەنی وەزیران بە دەنگدان و گفتوگۆ ئەوە یەکلادەکرێتەوە، بۆیە تاوەکو ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندی نەکات ماددەکان و مەرجەکان ئاشکرا ناکەم.
 
هۆکاری ئەوەی کە دواکەوت کە ئەم هەفتەیە نەخرایە بەرنامەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، بەهۆی ئەوەبوو بەداخەوە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە فەرمانبەرانی ناو ئەنجوومەنی وەزیران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوون، بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران کەرەنتین کرابوو و نەیانتوانی کۆبوونەوە بکەن لەسەر هەموارەکەی ئێمە، بەڵام دوێنێ سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران داوایکرد پەیڕەوەکەی بۆ بنێرین بۆ نووسینگەیەکی تایبەت لە دەرەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی لیژنەی یاسایی لەسەری کۆببنەوە و ئەم هەفتەیە بخرێتە بەرنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە.
 
رادەستکردنی زیندانەکانی دەرەوە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە
 
رووداو: لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک زۆری زیندانی هەن کە خەڵکی هەرێمی کوردستان نین و زیاتر خەڵکی پارێزگاکانی عێراقن و زۆربەشیان لەسەر پرسی تیرۆر سزادراون کە ژمارەیان 1600 کەسن، هیچ هەوڵێک نەدراوە رادەستی عێراق بکرێنەوە؟
 
کوێستان محەممەد: رادەستکردنی زیندانەکانی دەرەوە، پرسێکە پەیوەندی بە وەزارەتی ئێمەوە نییە، پەیوەندی بە دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بۆیە دەکرێت ئەو پرسیارە ئاڕاستەی ئوان بکرێت.
 
رووداو: وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پلانی هەبوو بۆ دابەشکردنی مینحەیەک بەسەر خێزانە کەمدەرامەتەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی ئەو مینحەیە بەکوێ گەیشت؟
 
کوێستان محەممەد: لیژنەیەکمان پێکهیناوە بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکانی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، ئەوان رێنماییەکیان ئامادەکردووە کە چۆن و کێ بگرێتەوە، هەروەها فۆرمێکیان ئامادەکردووە ئێستا هەموو بەڕێوەبەرەکان کە تایبەتن بە خێزانە هەژارەکان لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان سەرقاڵی تۆمارکردنی ناوەکانن، هەر کاتێک ناوەکانیان تۆمارکرد ئەوکاتە ناوەکان ئاڕاستەی وەزارەت دەکەن و ئێمە پارەکەیان بۆ خەرج دەکەین کە ئێستا لەسەر هەژماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە. کە تێیدا هەر خێزانێک 100 هەزاری بەردەکەوێت.
 
رووداو: کەمئەندامان گلەیی لە دواکەوتنی مووچەکانیان دەکەن، هۆکاری ئەمە چییە؟
 
کوێستان محەممەد: لە وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی مووچە هەیە، پێشتر وەزارەتی پێشمەرگە یەکەم بووە و پەروەردە دووەم بووە و شەهیدان سێیەم بووە و دواتر ئێمە بووین، ئێستاش کە خشتەکە گۆڕاوە ئێمە هەر لەپێشەوەین، ئێستا وەزارەتی تەندروستی وەریدەگرێت، دواتر ناوخۆ و پەروەردە و شەهیدان ئینجا ئێمە. بۆیە دواکەوتنی مووچەی کەمئەندام پەیوەندی بە هەموو مووچەخۆرانەوە هەیە و مووچەی کەمئەندام بەدەر لە خشتەکە دوانەکەوتووە، دوو مانگە مووچە دوادەکەوێت و حاڵی ئێمە و کەمئەندامانیش حاڵی وەزارەکانی دیکەیە. لەو خشتەیەی داندراوە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و مووچەی کەمئەندامان نەخراوەتەوە دواوە و لە 10 وەزارەتەکی پێشەوەین.
 
رووداو: لە ماوەی رابردوودا سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ رایگەیاند کە ئێستا رێگەیان پێنادرێ سەردانی زیندانەکان بکەن، گلەیی هەبوو لەو بڕیارە، ئەوە چارەسەرکراوە؟
 
کوێستان محەممەد: تاوەکو ئێستا من ئاگادارنیم بەڕێز سەرۆکی دەستی مافی مرۆڤ یان لیژنەکانی دەستەی مافی مرۆڤ داوای سەردانیان کردبێت و ئێمە نەماهێشتبێت، بەڕێز سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ و لیژنەکانی داوای رێگەپێدان لە من بکەن ئێستا ئەگەر دەیانەوێت شەممە بچن یان یەکشەممە، هەر بە تەلەفۆن سەرۆکی دەستە داوا لە من بکات بەسەرچاو رێگەپێدان بۆ خۆی و بۆ لیژنەکانیشی دەکەم، هەفتانە لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان سەردانی چاکسازییەکان دەکەن و هیچ رێگرییەک نەکراوە، پەرلەمان پێویستی بە رێگەپێدانیش نییە چونکە بەرزترین دەسەڵاتن و هەرکاتێک بیانەوێت بۆ هەر فەرمانگە و شوێنیک بەبێ پرس و بەبێ مۆڵەت دەتوانن بچن. ئەوان داوای رێگەپێدان بکەن هەرکاتێک دەتوانن بچن.