سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد بۆ رووداو: بەمنزیکانە گەشتیی ئاسمانی هەولێر- ئامەد دەستپێدەکاتەوە

16-02-2024
هێمن عەساف
فڕۆکەخانەکانی هەولێر و ئامەد
فڕۆکەخانەکانی هەولێر و ئامەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد بە رووداوی راگەیاند، وەزیری گواستنەوەی تورکیا پێی راگەیاندووە، بەمنزیکانە گەشتی ئاسمانی راستەوخۆی نێوان هەولێر - ئامەد دەستپێدەکاتەوە.
 
محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد، میوانی بووڵتەنی ئەمڕۆ 16ـی شوباتی 2024ـی باکووری کوردستان و تورکیای رووداو بوو و لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتیی راستەوخۆی ئاسمانیی نێوان هەولێر- ئامەد، هەناردەی ئامەد بۆ باشووری کوردستان، ئاڵنگارییەکانی بەردەم بازرگانیی نێوان باکوور- باشووری کوردستان و ڤیزە و چەندین پرسی دیکە دوا و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
 
محەممەد کایا بە رووداوی راگەیاند، بەمنزیکانە گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکانی نێوان هەولێر و ئامەد دەستپێدەکەنەوە و کارئاسانی زیاتر لەبارەی بازرگانیکردنی نێوان ئامەد و هەولێر دەکرێت؛ باسی لەوەشکرد بۆ نەهێشتنی ڤیزە یان کەمکردنەوەی نرخەکەی و ئاسانکردنی پێدانی ڤیزە، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا راستەوخۆ گفتوگۆ دەکات و بۆ چارەکردنی ئاڵنگارییەکانی بازرگانیی نێوان باکوور و باشووری کوردستان، لەگەڵ جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا قسە دەکات. 
 
دەقی هەڤپەیڤینی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد:
 
رووداو: دوای هەوڵێکی زۆر بڕیاردرا گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی نێوان هەولێر- ئامەد دەست پێبکاتەوە. کەی دەستپێدەکاتەوە؟
 
محەممەد کایا: تاوەکو ئێستا رۆژێکی دیاریکراوی بۆ دانەنراوە، بەڵام لە دیدارمان لەگەڵ وەزیرمان، زانیاری پێداین کە بەمنزیکانە دەست پێدەکاتەوە. 
 
رووداو: دیدارێکی تایبەتتان لەگەڵ یاریدەدەری سەرۆککۆمار هەبوو، جەودەت یڵماز چ بەڵێنێکی پێدان؟
 
محەممەد کایا: ئێوەش دەزانن، بەڕێز جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆمارە و بەرپرسی دێسکی ئابوورییە. بەڕێزیان کەسی دووەمی تورکیان و کەسایەتییەکە زۆر شارەزای ناوچەکەیە و پێشتریش پەرلەمانتار بووە لە بازنەی دیاربەکر و وەزیری پێشووتر بووە لە کابینەی حکومەت؛ زۆر بە ئاسانی گفتوگۆ و دیالۆگمان لەگەڵ بەڕێزیان دەبێت؛ هەروەها بەڕێزیان باش دەزانن کە 55٪ـی کۆی هەناردەی ئامەد بۆ هەرێمی کوردستانە و باش دەزانێت زۆربەی بازرگانەکانمان وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان هەیە. لەپاڵ ئەوەش، باش دەزانێت کە بازرگانانی کورد کە بۆ کارکردن دێنە دیاربەکر و ئەم ناوچەیە، بەتایبەتی گەشتیاریی تەندروستی بەردەوام کێشە و گرفتیان هەیە و لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکەی کردووە و دەکات. بەسوپاسەوە، هەمیشە گوێ لە گرفت و ئاستەنگەکان دەگرێت و ئەمڕۆش کە سەردانی دیاربەکری کرد، لەنێو گوتارەکەیدا موژدەی ئەوەی پێداین کە سەرجەم گرفتەکان چارەسەر دەکات. ئێمەش لە نزیکترین کاتدا سەردانی بەڕێز جەودەت دەکەینەوە و مژاری دیدارەکەمان تایبەت دەبێت بە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر- دیاربەکر و پێکەوە باس لە میکانیزمی زیادکردنی قەبارەی بازرگانی و هەناردەکاریمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەین. 
 
رووداو: پێشتر ئەم گەشتە ئاسمانییانە هەبوون. هۆکاری هەڵوەشاندنەوەیان بۆچی دەگەڕێتەوە؟
 
محەممەد کایا: بێگومان لە ئاداری 2019 دەستیپێکردەوە، بەڵام بەداخەوە بەردەوام نەبوو. چەند هۆکارێکی تایبەتی هەبوون کە ئەرکی ئێمەشە بە وردی چاودێری هۆکارەکان بکەین، بۆ ئەوەی دووبارە نەبنەوە بە ئاستەنگ. هۆکاری یەکەم؛ خشتەی کاتی گەشتە ئاسمانییەکان بوو، نە بۆ بازرگانەکانی ئێمە و نە بۆ بازرگانەکانی هەرێمی کوردستان، کاتەکە گونجاو نەبوو. هۆکاری دووەم؛ پێویستە پاڵپشتی لەم جۆرە گەشتە ئاسمانییانە بکرێت، بە واتایەکی دیکە پێویستە ئەو فڕۆکانەی لەنێوان هەولێر و دیاربەکر گەشتەکان ئەنجام دەدەن، ئەو فڕۆکانە بن کە دەتوانن گەشتی ناوخۆ و نێودەوڵەتیش بکەن، بۆ ئەوەی کارئاسانی بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان بکرێت کاتێک ئەو فڕۆکەیە بەکاردەهێنن، بتوانن لە هەولێرەوە بچنە دیاربەکر، ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ و ئەڵمانیا بۆ نموونە. ئەگەر ئەوە نەکرێت، هەمیشە رووبەڕووی کێشە دەبینەوە. هۆکاری سێیەم؛ ڤیزەیە. کاتێک بازرگانێکی هەولێر و هەرێمی کوردستان دەیەوێت بچێتە نەخۆشخانەیەکەی دیاربەکر، پێویستە لە دەروازە سنوورییەکاندا کارئاسانی زۆری بۆ بکرێت و ڤیزەی خێرا بە خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی بدرێت. نابێت مامەڵەی وەرگرتنی ڤیزە درێژخایەن و بێزارکەر بێت. هۆکاری چوارەم؛ گواستنەوە و گەیاندنە. پێویستە لێرە بۆ هەولێر و پێچەوانەکەشی لە رووی گواستنەوە و گەیاندن ئاسانکاریی زۆر بکرێت بە رادەیەک کارگۆی ئاسمانیشی بۆ دابین بکرێت و بەمەش بازرگانەکانی هەردوولایەن ئاسوودە دەبن و بیر لە ئەڵتەرناتیڤی دیکە ناکەنەوە. لە گەشتە ئاسمانییەکانی پێشوودا هەموو ئەم بابەتانە فەرامۆش کرابوون و ئەوەش نیگەرانی لای بازرگانییەکان دروست کردبوو و بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان. لێرەوە بەهیچ شێوەیەک ئاماژە بە پێشهاتە سیاسییەکان ناکەم، بەم دواییانە بەهۆی گشتپرسییەوە پەیوەندییەکان لە ئاستێکی خراپدا بوون، بەڵام ئێستا لە قۆناخێکی زۆر باشدان و پەیوەندییەکان لە ئاستێکی زۆر باشدا دەبینرێن. هەردوولایەن سەردانی یەکدی دەکەن و ئەمەش مایەی خۆشحاڵییە بۆ ئێمە. دەبێ ئەم پەیوەندییە باشەی ئێستا بقۆزرێتەوە بۆ چارەکردنی ئەو هۆکارانەی بوونە ئاڵنگاری و کێشە لە بەردەم کاروبارەکانمان. ئەگەر هەموو ئەو بابەتانە رێکبخرێنەوە، بە دڵنیاییەوە گەشتە ئاسمانییەکانیش رێکدەخرێنەوە و بێ هەڵوەشاندنەوەیان بەردەوام دەبن. ئێمەش وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دیاربەکر، پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ بەردەوامبوونی گەشتە ئاسمانییەکان رادەگەیێنین و هەر شتێک بە ئێمە بکرێت بۆ باشترکردنی گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکان، بە سوپاسەوە دەیکەین. ئەگەر بێتوو گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکانی نێوان هەولێر و دیاربەکر بەردەوام بن، ئێمەش ئامانجە بازرگانییەکانمان دەپێکین و دەگەینە لووتکە و بازنەی مامەڵە بازرگانییەکانمان فراوانتر دەکەین. 
 
رووداو: نرخی ڤیزەی تورکیا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ڤیزەی شنگن گرانترە، چ هەوڵێکتان هەبووە بۆ چارەکردنی پرسی ڤیزە؟
 
محەممەد کایا: لە راستیدا دوای ئەم لێدوانە یەکەم هەنگاومان بەو ئاراستەیە دەبێت. پێشتریش لەگەڵ وەزیری دەرەوەمان، گفتوگۆمان لەسەر ئەم بابەتە کردبوو. ئەمڕۆ هاووڵاتیانی وڵاتانی باڵکان لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەدیرنە و تەکیرداغ زۆر بەشێوەیەکی رێکخراو و ئاسان هاتووچۆ دەکەن. پێویستە لەگەڵ وڵاتی برا و دۆستمان کە عێراق و هەرێمی کوردستانە، هەمان ئاسانکاری بکرێت بۆ ئەوەی هاتووچۆ رێکخراو بێت. بەمنزیکانە داوای دیدارێکی تایبەت لەگەڵ بەڕێز وەزیری دەرەوەمان دەکەین و لەگەڵ بەڕێزیان رووبەڕوو گفتوگۆ لەبارەی ئاسانکردنی پێدانی ڤیزە دەکەم؛ گرنگی و بایەخی ئاسانکردنی ڤیزە بۆ هەرێمی کوردستان روون دەکەمەوە و پێی دەڵێم، هەولێر لە هەموو روویەکەوە شارێکی زۆر گونجاوە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی تۆکمە لەگەڵ دیاربەکر. خەڵکی هەولێر پێیان باشترە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکانیان سەردانی نەخۆشخانەکانی دیاربەکر بکەن، نەک ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ. ئەوان بە زمانێکی هاوبەش پێکەوە ئاخاوتن دەکەن و لەیەکدی تێدەگەن و ژینگەیەکی گونجاوی هاوبەشیان هەیە؛ بۆ کاری بازرگانیش بەهەمان شێوە بێ ئەوەی هیچ کێشەیەکیان هەبێت، سەردانی دیاربەکر دەکەن و لەگەڵ بازرگانانی دیاربەکر کاردەکەن. بۆیە زۆر گرنگە بە زووترین کات پرسی ڤیزە چارەبکەین. ئێمەش دەزانین بۆ وەرگرتنی ڤیزەی ئاسایی و ڤیزەی نەخۆشیش کێشە هەیە و بە مامەڵەیەکی زۆر قورس و درێژخایەن تێدەپەڕێت. هەروەها بەڵگەی زۆرمان لەبەر دەستە کە پێدانی ڤیزە چەند دواخراوە. سەرجەم بەڵگەنامەکان دەخەمە پێش وەزیری دەرەوە و راستەوخۆ داوای لێدەکەم ئەم کێشەیەمان بۆ چارەبکات. ئەگەر ئەم کێشانە چارەبکەین، دەتوانین کێشەی گەشتە ئاسمانییەکانیش کۆتایی پێ بهێنین و گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی زیندوو بکەینەوە و بەردەوامیشی پێ بدەین. لەم نێوەندەشدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەناردەکاریشمان زیاتر دەبێت. 
 
رووداو: هەوڵەکانتان بۆ نەهێشتنی ڤیزەیە یان کەمکردنەوەی نرخەکەی؟
 
محەممەد کایا: پرسی ڤیزە زۆر گرنگە، ئەگەر بێتوو ڤیزە نەمێنێت و رێکارێکی زۆر ئاسانی بۆ دابنرێت، بۆ هەردوولامان زۆر باش دەبێت. ئەگەر بێتوو سەرەتا ئێمە بێ ڤیزە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەین، دەتوانین لە بەرامبەردا بەبێ ڤیزە بازرگانانی هەرێمی کوردستانیش بێنە دیاربەکر. راستە ئەم بابەتە لەم قۆناخەدا بەهۆی کێشەی کۆچ و پەنابەرانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا سەختە، بەڵام لانیکەم وەک بەڕێزتان ئاماژەتان پێکرد، پێدانی ڤیزە هەرزان و ئاسان بکرێت. لە رابردوودا ئەمە کرا، لە دەروازە سنوورییەکاندا مامەڵەیەکی زۆر خێرا و ئاسان و بە بڕە پارەیەکی زۆر کەم ڤیزە بە هاووڵاتییان دەدرا. ئەم پرسە بە رێککەوتنی هاوبەشی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەکرێت چارەی بۆ بدۆزرێتەوە. بەڵام ئەوەی ئێستا ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین، بتوانین رێکارێکی جیاواز بگرینەبەر بۆ هەرزان و ئاسان دابینکردنی ڤیزەیە. 
 
رووداو: قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەولێر-ئامەد چەندە؟ کرانەوەی گەشتە ئاسمانییەکان تا چەند هۆکارە بۆ باشکردنی کاری بازرگانی و بازرگانان؟
 
محەممەد کایا: سەیربکەن، ئێمە لەگەڵ هەولێر و هەرێمی کوردستان دوو جۆر بازرگانیمان هەیە. یەکەمیان؛ هەناردەی راستەوخۆیە. ئاماری کانوونی دووەمی هەناردەکاری ئامەد راگەیێندرا. سەرباری ئەوەی هەناردەکاریمان لەو ماوەیەدا بەرێژەی 20 ٪ دابەزیووە، بەڵام قەبارەی بازرگانیمان لەگەڵ عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی زیادیکردووە. 55٪ـی کۆی گشتیی هەناردەی کاڵای دیاربەکر بۆ هەرێمی کوردستانە. دەرەنجام ئەم ژمارانە پێمان دەڵێن کە عێراق و هەرێمی کوردستان ئامانجی یەکەمی بازرگانیی دەرەوەی دیاربەکرن و پێویستە ئەم رێژەیە زیاد بکەین و دڵنیام دەتوانین زیادی بکەین. دووەمیان؛ کاتێک سەیری بازاڕی هەولێر دەکەین، زۆربەی براندە بەناوبانگەکانی تورکیا و دیاربەکر لە هەولێر بەدی دەکرێن. کۆمپانیاکان لقیان لە هەولێر هەیە و کاری زۆر باش دەکەن. ئەگەر تۆ پێنج کاژێر یان 10 کاژێر بازرگانی هەرێمی کوردستان لە دەروازەی خابوور و لە بەرامبەردا بازرگانی ئێمە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل رابگریت و بە مامەڵەیەکی زۆر قورس و ئاڵۆز تێپەڕێت، دڵنیابن قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییمان هەرگیز فراوان نابێت و گەشە ناکات. زۆر بەداخەوە، یەک دەروازەمان هەیە و ناچارین تەنیا بەو دەروازەیەدا هاتووچۆ بکەین. هەرچەندە نیازپاکی زۆر نیشان دەدەین، بەڵام ناتوانین ئەم دۆخە خراپە تێپەڕێنین. بۆیە کارگۆی ئاسمانی رێگەخۆش دەکات بۆ گەشەکردنی ئابووری و بازرگانەکانمان لقی زیاتر بۆ کۆمپانیاکان و کۆگانیان دەکەنەوە و بازنەی چالاکییە بازرگانییەکانیشیان فراوانتر دەکەن. ئاسانکردنی هاتووچۆ، زەمینە بۆ گەشەپێدانی ئابووری خۆشتر دەکات. با نموونەیەکی دیکەت بۆ باس بکەم، بازرگانێکی ئامەد بۆ ئەوەی سەردانی هەولێر بکات، دەبێ بچێتە ئیستەنبووڵ، شەوێک لەوێ بمێنێتەوە و بۆ رۆژی دواتر نیوەی شەو دەگاتە هەولێر. بۆ گەڕانەوەش هەمان شت دەکات و سێ رۆژ تەنیا لە رێگە بەسەر دەبات. بەڵام ئەگەر بێتوو گەشتی ئاسمانی راستەوخۆی هەولێر- دیاربەکر کارا بکرێتەوە، هاتووچۆ زۆر ئاسانتر دەبێت و هەردوولایەن ئاسوودەتر دەبن. 
 
رووداو: دەروازەی رووبارۆک لە جۆلەمێرگ کراوەتەوە کە تەنیا بۆ هامووشۆی گەشتیارانە. ئەگەر لە داهاتوودا بایەخی زیاتر بەم دەروازەیە درا، ئەرکی دەروازەی خابوور سووک ناکات؟
 
محەممەد کایا: بە تەنیا زیادکردنی ژمارەی دەروازەکان کێشەکە چارەسەر ناکات. هەردوو وڵات پلانی تایبەتی هاتووچۆی نێوانیان هەیە. ئەگەر بێتوو هاتووچۆی بازرگانی لەگەڵ پلانی هاتووچۆی نێوان هەردوو وڵاتدا نەگونجێندرێت، بەدڵنیاییەوە تەنیا بە زیادکردنی ژمارەی دەروازەکان، بازرگانی گەشە ناکات. دەکرێ ئەم بابەتە بۆ ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوولا باشتر بکرێت، بەڵام سوودی بۆ بازرگانیی گشتیی نێوانیان نابێت. گرنگ ئەوەیە هەردوو وڵات بەپێی پلانێکی هاوبەشی خۆیان دەروازەیەکی نوێ بکەنەوە. ئێستا لە جۆلەمێرگ دەروازەیەکی سنووری بکرێتەوە و هەوڵ بدرێت هاونیشتمانیان پێیدا تێپەڕن و هاتووچۆی بارهەڵگرەکان رێکبخەن، ئەمە لەم قۆناخەدا زۆر ئەستەمە، چونکە لێرەدا نرخی شتەکان زیاد دەبێت و ئەمەش زیان لە کاڵاکان دەدات. بۆیە هاونیشتمانییان و بازرگانان زۆر بایەخ دەدەنە ئەو دەروازە سنوورییانە کە راستەوخۆ بیانگوازێتەوە زاخۆ، دهۆک و ئەو ناوچانەی مەبەستیانە و پێچەوانەکەشی راستە. بەڵام دەروازەیەک لەم هەموو خزمەتگوزارییە بێبەشت بکات، ئەوە سوودی نابێت و تەنیا سوودی بۆ ناوچە هاوسنوورەکان دەبێت. ئەگەر نیاز هەبێت بۆ زیادکردنی ژمارەی دەروازە سنوورییەکان، پێویستە بەرپرسانی هەردوولایەن کۆک بن لەسەر ئەوەی دەروازەیەکی سنووری نوێی نزیک لە خابوور- ئیبراهیم خەلیل بکەنەوە بۆ ئەوەی قەرەباڵخییەکەی سەر خابوور-ئیبراهیم خەلیل کەم بێتەوە. 
 
رووداو: فراوانکردنی دەروازەی خابوور باشترە یان کردنەوەی دەروازەیەکی نوێی نزیک لە خابوور؟ 
 
محەممەد کایا: مەرجە دەروازەی خابوور فراوانتر و گەورەتر بکرێت. ئێستا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان بەتێکڕا لەگەڵ عێراق 14 ملیار دۆلارە و بەردەوام لە رێگەی رووداو پێداگری لەم بابەتە دەکەم و گوتوومە، ئەم گوژمەیەی ئێستا لە ساڵی 2014 تۆمارمانکردووە و دوای 10 ساڵ دووبارە توانیومانە بیگەیێنینە ئەم ئاستە. دووپاتی دەکەمەوە، لە تواناماندایە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانمان بگەیێنینە 50 ملیار دۆلار. ژێرخانی هەردوو وڵات بۆ گەیشتن بەم ئاستە زۆر گونجاوە. ئەگەر بێتوو سەیری هاوردەکارییەکانی تورکیا بکەین لە عێراق و بەپێچەوانەشەوە هەناردەکاریی تورکیا بۆ عێراق لێکدانەوەی وردیان بۆ بکەین، دەتوانین بیگەیێنینە ئەو ئاستەی کە مەبەستمانە. ئەگەر بێتوو توانای فراوانکردن و گەورەترکردنی خابوور دەستەبەر نەکرێت، مەرجە دەروازەیەکی نوێ لە نزیک خابوور بکرێتەوە. ئێستا دەروازەی خابوور بۆ کرانەوەی بازرگانەکانمان بە رووی عێراق و هەرێمی کوردستان گونجاوترین دەروازەیە. کردنەوەی دەروازەیەکی دیکەی نوێی نزیک لە خابوور، باشترین و گونجاوترین چارەیە. بەپێچەوانەوە، کاڵایەک لە غازی عەنتاب و مەرسین و کۆنیا بەڕێبکەوێت و بەرەو جۆلەمێرگ بیگوازیتەوە و لەوێش بیگوازیتەوە هەرێمی کوردستان، ئەوە لە رووی لۆجیستییەوە زیان و بەسەربردنی کاتێکی زۆرە و دەستی رکابەرەکانی تورکیا بەهێزتر دەکات، دەرەنجام ناتوانین کاڵای زیاتر بەرەو کوردستان بنێرین. بۆیە هەمیشە پێداگری لە کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ لە نزیک خابوور دەکەین. باشتر وایە لە پاڵ فراوانکردنی خابوور، دەروازەیەکی نزیکیش لە خابوور بکرێتەوە. 
 
رووداو: هەرێمی کوردستانیش دەخوازێت دەروازەی خابوور-ئیبراهیم خەلیل فراوان بکرێت، بەڵام لایەنی تورکیا بە نیازە دەروازەیەکی ئەڵتەرناتیڤ بکاتەوە و هەرێمی کوردستان فەرامۆش بکات. بۆچی تورکیا قبووڵ ناکات دەروازەی خابوور فراوان بکرێت؟
 
محەممەد کایا: بەڵێ راستە، وایە. ئێمەش گوتوومانە دوای گشتپرسی ئەو هەڵوێستەی تورکیا راست نەبوو. هەروەها پەیوەندییە سیاسییەکانیش نەگەیشتنە ئەو ئاستەی هەمووان پێشبینییان بۆ دەکرد و چاوەڕێی بووین. ئەگەر بێتوو دەروازەیەکی سنووری نوێ لەنێوان هەردوو وڵاتدا بکرێتەوە، هەردوولایەن قازانجی زیاتر دەکەن. ئەگەر بیر لەوە بکرێتەوە تەنیا لایەنێک قازانج بکات و لایەنی بەرامبەر سوودمەند نەبێت، هەرگیز ناگەینە ئەو خاڵە و ئامانجەی مەبەستمانە. ئێستا بەمدواییانە هەنگاوێکی تۆکمە هەیە بۆ گەیاندنی کاڵای چینی بۆ تورکیا و گواستنەوەی بۆ هەموو جیهان، ئەویش لە رێگەی کردنەوەی رێگەیەکی نوێی وشکانییەوە. پێش تەواوبوونی ئەم رێگەیە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا لەسەر ئەوە رێکبکەون کە دەروازەیەکی هاوبەش بکەنەوە و سوود لەم رێگە نوێیەی وەربگرن و پێکەوە قازانج بکەن. ئێمەش دەستمانکردووە بە کۆبوونەوە و دیداری تایبەت و پێداگری لەوە دەکەین کە هەرگیز نابێت دەروازەیەک بکرێتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرامۆش بکات، ئەمەش راست نییە. ئێستا بارهەڵگرەکان لە خابوورەوە بەرەو ئیبراهیم خەلیل و بەپێچەوانەشەوە بێ هیچ کێشەیەکی ئەمنی و بەشێوەیەکی زۆر رێکخراو تێدەپەڕن و هامووشۆی یەکدی دەکەن و کاڵاکان دەگەنە ئەو شوێنەی بۆیان دیاریکراوە. ئەم ژینگە سەقامگیرەی ئێستا بەردەستە، بۆچی دەست بۆ کارێکی مەترسیدار ببرێت کە رەنگدانەوەی خراپ و نەرێنی لەسەر دۆخی بازرگانی ئێستاش هەبێت؟ بازرگان لە ژینگەیەکی نائارام کارناکات و دەیەوێت دڵنیاببێتەوە لەو کاڵایەی دەینێرێت. بۆیە پێویستە هەردوولایەن کۆک بن لەسەر شێوازێکی نوێ کە لە بەرژەوەندیی هەردوولایەندا بێت بەپێچەوانەوە کارێکی هەڵە دەبێت و ئەم هەڵەیەش لە رابردوودا کراوە و زیانی بە ئابووری هەردوولایەن گەیاندووە.   
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە