ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حەماس بۆ رووداو: بەهۆی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە قووڵایی دۆزەخ دا دەژین

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەحمەد حەمید
هەڤپەیڤین لەگەڵ باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس
هەڤپەیڤین لەگەڵ باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حەماس بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر فەلەستین و حەماس بە گۆڕانی ئیدارەکان، گۆڕانی ئەوتۆ بەخۆیەوە نابینێت و، هاتنەوە سەر دەسەڵاتی ترەمپیش، لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی خۆی هەیە.   
 
باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو لەبارەی سووریا، دۆخی بزووتنەوەی حەماس لە قەتەر، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە لوبنان، بارمتە ئیسرایلییەکان، بەڕێوەبردنی غەززە لەدوای شەڕ، چاوەڕوانییەکانی حەماس لە دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا قسەی کرد.
 
لەبارەی سووریا، باسم نەعیم رایگەیاند ئەوەی لەو وڵاتە دا روودەدات، کاریگەریی لەسەر هەموو ناوچەکە دەبێت، "بەڵام ئێمە لە بزووتنەوەی حەماس هەڵوێستی جێگیرمان هەیە و لە هەموو بەڵگەنامەکانی بزووتنەوەکەدا نووسراوە کە دەستوەرنادەینە کاروباری نێوخۆی دەوڵەتان و هیچ ناکۆکییەکی نێوان دەوڵەتان، چونکە ئێمە تەنیا یەک خەباتمان هەیە کە خەباتی سەرەکیمانە، ئەویش خەباتمانە بەرامبەر داگیرکاری ئیسرائیلی."
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی حەماس لەبەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە هۆکاری نەگەیشتن بە ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیل تۆمەتبار کرد، رایگەیاند نەتەنیاهوو "هۆکاری کەسیی خۆی هەیە و دەزانێت ئەگەر ئاگربەست لە غەززە هەبێت، رێکارەکانی لێکۆڵینەوە دەستپێدەکەن لەوەی لە حەوتی ئۆکتۆبەر چی رووی دا؟"
 
هەر لەبارەی بنیامین نەتەنیاهوو، باسم عەباس گوتی "ئەو کۆمەڵێک ئامانجی داناوە لەوانە تێکشکاندنی حەماس، دەرکردنی دانیشتووانی فەلەستینی لە کەرتی غەززە و گەڕاندنەوەی دیلەکان، بەڵام ئەمڕۆ دوای 14 مانگ، شکستیهێناوە لە بەدیهێنانی هەر یەکێک لەو ئامانجانە."
 
بەرپرسەکەی حەماس دەشڵێ جێی سەرسوڕمانە میدیای نێودەوڵەتی و تەنانەت زۆر لە دەزگاکانی راگەیاندن لە ناوچەکە دا، کە باسی دیلە ئیسرائیلییەکان دەکەن، باسی 100 یاخود 120 دیل (ـی لای حەماس) دەکەن لەکاتێکدا "ئێستا، رەنگە 70 یاخود 80 بن و ئەوانی دیکە کوژرابن و، بیریان چووەتەوە نزیکەی 15 هەزار دیلی فەلەستینیش لە زیندانەکاندان، 7 بۆ 8 هەزاریان بەبێ حوکمن و تەنیا راگیراون." 
 
"ئێمە لە بنەڕەتدا لە قووڵایی دۆزەخدا دەژین بەهۆی سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا"، ئەمەش گوتەیەکی دیکەی بەرپرسەکەی حەماسە کە پێی وایە ئیدارەی ترەمپیش هاوشێوەی ئیدارەکەی بایدن دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ فەلەستین و حەماس.

دەقی هەڤپەیڤینەکە لەگەڵ باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس:

رووداو: با لە دۆخی سووریاوە دەستپێبکەین. چۆن دەڕواننە رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد؟
 
باسم نەعیم: سەرەتا سووریا دەوڵەتێکی گەورە و ناوەندییە لەم ناوچەیەدا، دەوڵەتێکی گرنگە و لە سەدان ساڵەوە بەشداریی لە دروستکردنی مێژوو و ئێستای ئەم ناوچەیەدا کردووە، بۆیە بێگومان ئەوەی لە سووریا روودەدات کاریگەریی لەسەر هەموو ناوچەکە دەبێت. بەتایبەتی لەم بەشەی ناوچەکە، بەڵام ئێمە لە بزووتنەوەی حەماس هەڵوێستی جێگیرمان هەیە و لە هەموو بەڵگەنامەکانی بزووتنەوەکەدا نووسراوە کە دەستوەرنادەینە کاروباری نێوخۆی دەوڵەتان و دەستوەرنادەینە هیچ ناکۆکییەکی نێوان دەوڵەتان، چونکە ئێمە تەنیا یەک خەباتمان هەیە کە خەباتی سەرەکیمانە، ئەویش خەباتمانە بەرامبەر داگیرکاری ئیسرائیلی. ئامانجمان رزگارکردنی وڵاتەکەمانە لە داگیرکاری. بۆیە هەر رووداوێک لە دەرەوەی ئەو بوارە، بێگومان هەوڵدەدەین کاریگەری لەسەر خەباتە سەرەکی و ناوەندییەکەمان نەبێت کە رزگاربوون لە داگیرکاری و ئازادکردنی وڵات و گەڕانەوەی خەڵکە بۆ وڵاتەکەیان، بەڵام بەگشتی بێگومان گەلی سووریا گەلێکی برا و ئازیزە و گەلێکە پشتیوانی گەلی فەلەستینی کردووە لە ماوەی دەیان ساڵ دا، چ بۆ سەرکەوتن لە دۆزەکەی دژی داگیرکاری یان لەخۆگرتنی ملیۆنان پەنابەری فەلەستینی. لەوانەیە سووریا تەنیا دەوڵەت بێت کە پەنابەری فەلەستینی تێیدا وەکو هاووڵاتی سووری مامەڵەی لەگەڵ دا کراوە، لەڕووی مافی مانەوە و نیشتەجێبوون و دامەزراندن و تەنانەت سەربازیش. بۆیە ئێمە بێگومان رێز و پێزانینی تەواومان هەیە بۆ ئەم گەلە و هیوای ئاشتی، گەشەکردن، سەقامگیری و یەکگرتوویی بۆ دەخوازین و، چاوەڕێین سووریایەکی یەکگرتوو ببینین، دووربێت لە هەموو دەستتێوەردانە دەرەکییەکان کە دەکرێت زیان بە دەوڵەت و قەوارەی سووریا بگەیێنن. سووریای یەکگرتوو بێگومان پشتیوانی فەلەستینییەکان بووە و هەرواش دەمێنێتەوە بۆ پشتیوانی لە دۆزەکەمان و ناوچەکەش، چونکە لە کۆتاییدا هەر پارچەبوونێکی سووریا وەکو دەوڵەت، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ناوچەکە دەبێت، بۆیە ئاواتمان بۆ گەلی سووریا و سووریای برا بانگەوازە بۆ ئاشتی، سەقامگیری، گەشەکردن، یەکێتی و مانەوە وەکو پشتیوانێک بۆ دۆزی فەلەستین.
 
رووداو: ئێستا بارودۆختان لە قەتەر چۆنە، هیچ گۆڕانکارییەک لە مانەوەتان لە قەتەر هەیە؟
 
باسم نەعیم: بوونمان لێرە لە قەتەر نوێ نییە و پەیوەندیی بەم خەباتەوە هەیە، ئێمە زیاتر لە 10 یان 12 ساڵە بەشێوەیەکی فەرمی لێرەین، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان. بێگومان دەوڵەتی قەتەر وەک دەوڵەتێکی عەرەبی برا پشتیوانیی گەلی فەلەستین دەکات بەگشتی نەک تەنیا حەماس بەتایبەتی، پێیوایە بەشێک لە رۆڵەکەی ئەوەیە پشتیوانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی فەلەستین بکات بەبێ جیاوازی لەنێوان فەلەستینییەک و ئەوی دیکە. لەماوەی دواییدا دەزانین و بیستوومانە کە قەتەر لە چەند لایەکەوە رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بووەتەوە، بەر لە هەموویان لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، ئەوەش بۆ گوشارخستنەسەر بزووتنەوەی حەماس بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک و گەیشتن بە ئاگربەست. لەوانەیە یەکێک لە شێوازەکانی ئەم گوشارە پەیوەندی بە بوونی ئێمەوە هەبێت لەم شوێنە دا. پێموایە قەتەر باش دەزانێت بوونی سەرکردایەتیی حەماس لێرە لە قەتەر، لەبەرژەوەندیی ئەم دۆسیەیە. واتە ئەگەر بتەوێت لەگەڵ لایەنێک دانوستاندن بکەیت بۆ گەیشتن بە ئاگربەست.
 
رووداو: بۆ لادانی گوشارەکان.
 
باسم نەعیم: بێگومان باشترە ئەو لایەنەی کە دانوستاندنی لەگەڵ دەکەیت لەگەڵت بێت و بتوانیت بە ئاسانی پەیوەندی پێوە بکەیت. واتە ئەگەر حەماس بۆ هەر شوێنێکی دیکە بچێت، لەوانەیە کێشەیەکی گەورەمان لە پەیوەندیکردن دا هەبێت. ئەم کارە پێویستی بە پەیوەندی رۆژانە و هەندێک جار پێویستی بە پەیوەندیی 24 کاژێرییە. خاڵی دووەم، قەتەر سوپاسی دەکەین، باش دەزانێت لە ماوەی ساڵێک یان 14 مانگی دانوستاندن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، بزووتنەوەی حەماس هەموو نەرمی و ئەرێنی و هەڵوێستی بنیاتنەرانەی نیشانداوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، چونکە لە یەکەم ساتەوە ئامانج و بڕیارمان وابوو دەبێت کار لەسەر ئاگربەست بکەین بۆ پاراستنی گەلەکەمان لە دووژمنکاری. بۆیە قەتەر وردەکارییەکان دەزانێت کە چۆن حەماس لە هەر وێستگەیەکدا بەدەم بانگەوازەکانەوە دەچوو و نەرمیی نیشاندەدا. خاڵی کۆتایی، ئێمە وەکو بزووتنەوەیەکی بەرخوودانی فەلەستینی کە هەوڵی ئازادکردنی فەلەستین و کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و گەڕاندنەوەی پەنابەران دەدات، دەزانین ئەم هەڵوێستە لە سایەی ئەم هاوکێشە نێودەوڵەتیانەدا نرخی دەبێت، بەشێک لەوە لەوانەیە جووڵە بێت. واتە ئێمە نرخی زۆرمان داوە لەپێناو پابەندبوون بە هەڵوێستمان بۆ رزگاربوون لە داگیرکاری. سەرکردە سەرەکییەکانی بزووتنەوەکە بەدرێژایی ساڵان تیرۆرکران، دوایینیان سەرۆکی بزووتنەوەکە مامۆستا ئیسماعیل هەنییە بوو، دوای ئەو سەرۆکی بزووتنەوەکە لە غەززە و سەرۆکی گشتی بزووتنەوەکە مامۆستا یەحیا سنوار بوو. ئێمە دەزانین ئەمە نرخی هەیە، لەوانەیە بەشێک لەم نرخانە ناچاربوون بێت بۆ چوون لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە. ئێمە لە ئوردن بووین، پاشان چووینە سووریا پاشان هاتینە دەوحە، پێمانوایە لەوانەیە ناچاربین لەهەر ساتێک دا ئەو نرخە بدەین، بەڵام بێگومان مانەوەمان لە هەر شوێنێک لەسەر حیسابی هەڵوێستی جێگیرمان نابێت لە خەبات و بەرخوودان لەپێناو کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی فەلەستین. من پێموایە برایانمان لە قەتەر، سوپاسیان دەکەین، ئەوانیش پابەندن بەم هەڵوێستە کە گەلی فەلەستین مافی هەیە بگاتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و پایتەختەکەی قودس بێت و مافی چارەیخۆنووسین و مافی گەڕانەوەی پەنابەرانی هەبێت، لەبەرئەوەی ئەمە لە بنەڕەتدا بڕیاری نێودەوڵەتییە و ئەمانە بڕیارە نێودەوڵەتییەکانن.
 
رووداو: سەبارەت بە ئاگربەست، ئیسرائیل و حیزبوڵڵا رێککەوتن لەسەر ئاگربەست. بۆچی ئەمە لە غەززە تاوەکو ئێستا بەدینەهاتووە؟
 
باسم نەعیم: من وەکو نوێنەری ئەم بزووتنەوەیە و سەرکردەیەک لەم بزووتنەوەیەدا، وردەکارییەکان دەزانم کە چۆن چەندین جار لە هەفتەکانی سەرەتاوە لەسەر لێواری گەیشتن بووین بە رێککەوتنێک. دوا رێککەوتن لە دووی تەممووز ئامادە بوو بۆ واژۆکردن، بەڵام هەموو جارێک نەتانیاهوو ئەم رێککەوتنەی شکست پێدەهێنا. پێموایە ئەمڕۆ ئەگەر لێدوانەکانی هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکی، لەوەش گرنگتر لێدوانی زۆر لە بەرپرسانی ئیسرائیلی وەکو وەزیری بەرگری ئێستا، وەزیری بەرگری پێشوو، سەرۆکی مۆساد، سەرۆکی شاباک و بەرپرسانی دیکەی ئاگادار لە وردەکارییەکان کارەکان ببینین، راشکاوانە گوتیان کە لە زیاتر لە وێستگەیەک دا لەسەر لێواری گەیشتن بووین بە رێککەوتن، بەڵام نەتانیاهوو شکستی پێدەهێنا، بۆچی؟ دیارە هۆکاری کەسی خۆی هەیە، چونکە دەزانێت ئەگەر ئاگربەست لە غەززە رووبدات، رێکارەکانی لێکۆڵینەوە دەستپێدەکەن لەوەی لە حەوتی ئۆکتۆبەر چی رووی دا؟ 
 
رووداو: لە ئیسرائیل یاخود دەرەوەی ئیسرائیل؟
 
باسم نەعیم: لەنێو ئیسرائیل، لەوانەیە بکەوێتە زیندانەوە. هاوپەیمانێتییەکی راستڕۆی تووندڕۆ هەیە تەنانەت هەندێک لە سەرکردە راستڕۆکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل لەسەر لیستی تیرۆر بوون لە ئیسرائیل نەک لە ئەورووپا و ئەمریکا، وەکو بن گەڤیر و ئەوانی دیکە. بۆیە دەزانێت رێککەوتنی راگەیاندنی ئاگربەست لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتییەکە و رووخانی حکومەت، بەو پێیەش چوون بەرەو هەڵبژاردن، کە لەوانەیە نەتوانێت جارێکی دیکە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. خاڵی سێیەم ئەوەیە نەتانیاهوو کۆمەڵێک ئامانجی داناوە: تێکشکاندنی حەماس، دەرکردنی دانیشتووانی فەلەستینی لە کەرتی غەززە و گەڕاندنەوەی دیلەکان. ئەمڕۆ دوای 14 مانگ شکستیهێناوە لە بەدیهێنانی هەر یەکێک لەو ئامانجانە. راستە سەدان هەزار خانوو، زانکۆ، مزگەوت، کەنیسە و قوتابخانەی وێرانکردووە و هەزاران فەلەستینی کوشتووە، 70٪ـیان ژن و منداڵن، نزیکەی 45 هەزار تۆمارکراو و هێشتا 10 هەزار یان زیاتر لەژێر داروپەردوودان و 120 هەزار بریندار، ئێستا ئۆپەراسیۆنێکی گەورە لە ناوچەی باکووری غەززە هەیە کە 60 رۆژە گەمارۆی داوە، بەبێ خواردن و خواردنەوە و دەرمان و نەخۆشخانە و فریاکەوتن و هیچ شتێک. ئۆپەراسیۆنێکی گەورە کە بووە هۆی بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێکی گەورەی سەربازی و، دووژمن دانی ناوە بە کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر سەرباز. واتە دوای 14 مانگ، تەنانەت لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی خۆی دایناون، ناتوانێت کۆنترۆڵی خۆی بسەپێنێت. بابەتی دیلەکان، تاوەکو ئەم ساتە نەیتوانیوە دیلەکان بگەڕێنێتەوە، چونکە چەندین جار هەوڵیدا بە هێز دیلەکان بگەڕێنێتەوە.
 
رووداو: ئێستا ژمارەی بارمتەکان چەندە؟
 
باسم نەعیم: دڵنیایی لە ژمارەکان دا نییە، چونکە بابەتەکە بابەتی خەمڵاندن نییە. پێشتر باسی 120 دەکرا، واتە لە 110 بۆ 120 دیلی زیندوو ماون لە کەرتی غەززە، بەڵام لەگەڵ بۆردوومانی بەردەوام لە ناوچە فراوانەکان و پچڕانی پەیوەندی هەندێک کات لەگەڵ دیلەکان و ئەوانەی بەدیلیان گرتوون، بێگومان لەو ژمارانە دڵنیانین. دوێنێ سوپای داگیرکەری ئیسرائیلی دانی بەوە دانا کە 6 دیلی لە بۆردوومانی باکووری کەرتی غەززە کوشتووە. 
 
رووداو: ئیسرائیلییەکان؟
 
باسم نەعیم: ئیسرائیلییەکان.. ئێستا راپۆرت هەن ئاماژە بەوە دەکەن کە 6 دیلی دیکەشی لە بۆردوومانی رەفەح کوشتووە. چەندین جار هەوڵیدا بە هێز دیلەکان بگەڕێنێتەوە. لە زۆربەی جارەکان دا سەرکەوتوو نەبوو، تەنیا جارێک نەبێت کە 4 دیلی گرتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەو دیلانەی گرتییەوە، سێ دیلی ئیسرائیلی کوژران و 250 فەلەستینی کوژران و ناوچەیەکی فراوانی وێران کرد. بۆیە تەنانەت ئەو ئۆپەراسیۆنەش کە بە پاڵەوانێتی دەزانێت، بە مانا سەربازییەکەی ئۆپەراسیۆنێکی شکستخواردووە. بۆیە نەتوانینی بەدیهێنانی ئامانجەکان لەبەرئەوەیە ئامانجی زۆر بەرزی داناوە کە نەکراوە بێنە دی و وای لێدەکات دوودڵ بێت. ئێمە ئەمڕۆ بۆ ئەوەی زیاتر ئەرێنی و بابەتی بین لەم باسەدا، جارێکی دیکە دەڵێین گوتاری سەرۆک بایدن و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش هەیە، ئێمە ئامادەین دەستبەجێ بچین بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، کە بریتییە لە راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە هەرچەند پلە بە پلە بێت، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ماڵەکانیان و کردنەوەی دەروازەکان بۆ هێنانی یارمەتی و دووبارە بنیاتنانەوە و گەیشتن بە رێککەوتنێک لەنێوان هەردوولا بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکان بە جۆرێک دیلە ئیسرائیلییەکان بگەڕێنەوە لای کەسوکاریان. جێی سەرسوڕمانە کە میدیای نێودەوڵەتی و تەنانەت زۆر لە دەزگاکانی راگەیاندن لە ناوچەکە دا کە باسی دیلە ئیسرائیلییەکان دەکەن، باسی 100 یاخود 120 دیل دەکەن لە باشترین دۆخ دا، لەوانەیە ئێستا کەمتریش بن، رەنگە 70 یاخود 80 بن، ئەگەر هەندێکیان کوژرابن، لەکاتێکدا بیریان چووەتەوە کە نزیکەی 15 هەزار دیلی فەلەستینی لە زیندانەکاندان، 7 بۆ 8 هەزاریان بەبێ حوکمن و تەنیا راگیراون، رووبەڕووی ئەشکەنجەی بەردەوام دەبنەوە و 35 فەلەستینی لەوانەی لە ماڵەکانیان لە غەززە گیران لە زیندانەکان دا لەژێر ئەشکەنجە مردوون، یان بە ئەشکەنجە یان بە برسیێتی، دەستدرێژیی سێکسی و لاقەکردنی پیاوان و ژنان، ئێمە باسی دۆخێکی مرۆیی دەکەین کە کەس باسی ناکات. لەنێویاندا منداڵ هەن، لەنێویاندا ژن هەن، نەخۆش هەن، بەتەمەن هەن، بۆیە ئێمە رژدین کە دەستبەجێ بگەینە رێککەوتنێک بۆ گەیشتن بە ئاگربەست ئەگەر ئەو دەیەوێت کۆتایی بەم جەنگە بهێنێت و دیلەکانی بگەڕێنەوە و ئێمەش دیلەکانمان وەربگرینەوە.
 
رووداو: لە دوای شەڕ و دوای کشانەوەی ئیسرائیل، ئایا لەگەڵ بزووتنەوەی فەتح رێککەوتوون لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی غەززە؟
 
باسم نەعیم: چەندین کۆبوونەوە لە قاهیرە لەنێوان بزووتنەوەی فەتح و بزووتنەوەی حەماس بە چاودێریی میسر کراون. ئامانجی سەرەکی جگە لە بیرکردنەوە لە دۆخی گشتی فەلەستین و چۆنیێتیی یەکخستنی فەلەستینییەکان و کۆتاییهێنان بە دابەشبوون و... هتد، بیرکردنەوە بوو لە چۆنیێتیی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە رۆژێک دوای جەنگ. هەڵوێستی ئێمە روونە و چەندین جار رامانگەیاندووە ئامانج یان هەڵبژاردەی یەکەممان پێکهێنانی حکومەتێکی فەلەستینیی یەکگرتووە کە کاروباری فەلەستین لە غەززە و کەناری رۆژئاوا و قودس بەڕێوەببات. ئەگەر ئەم بژاردەیە بەردەست نەبێت لەبەر هۆکاری زۆر، چونکە نەتانیاهوو دەڵێت 'من لە غەززە، فەتح و حەماسم ناوێت' لەوانەیە کێشە هەبێت لە بوونی حکومەتێکی فەلەستینی فەرمی. ئێمە کێشەمان نییە، برایانی میسریمان ئاگادارکردەوە کاتێک پێشنیازێکیان هێنا، پێیانڕاگەیاندین لە سایەی نەبوونی توانای پێکهێنانی حکومەتێکی فەلەستینیی یەکگرتوو، دەستەیەک پێکبێت کە کەرتی غەززە بەڕێوەببات. ئەو دەستەیە وەکو دۆخی هەرێمە لە کوردستان، حکومەتێکی خۆجێیی، بەڵام پەیوەستە بە ناوەندەوە، وەکو قۆناخێکی گواستنەوەی ناچاری تاوەکو کۆتاییهاتنی دۆخی داگیرکاری لە کەرتی غەززە.
 
رووداو: مەبەستت دوو حکومەتە لە فەلەستین؟
 
باسم نەعیم: نەخێر. یەک حکومەت، حکومەتی فەلەستینی لە رامەڵڵا وەکو حکومەتی فەرمی دەمێنێتەوە، سەرۆک فەرمانێکی سەرۆکایەتی دەردەکات بۆ پێکهێنانی دەستەیەکی کارگێڕی واتە حکومەتێکی خۆجێیی.
 
رووداو: بەڕێوەبەرایەتییەکی خۆجێی.
 
 
باسم نەعیم: خۆجێیی local government وەکو بیرۆکەی هەرێم لە کوردستان کە کاروباری فەلەستینی بەڕێوەببات. ئەم دەستەیە دەستەیەکی سیاسی نییە، واتە کارەکەی پەیوەندی بە دۆسیەی سیاسییەوە نییە. کار لە بواری تەندروستی، پەروەردە، بەڕێوەبردنی کاروباری دەروازەکان، هاتووچۆی خەڵک، پاسپۆرت، ئاسایش، پۆلیس و ئەوانی دیکە دەکات، بەڵام ئەم دەستەیە سەرپەرشتی فریاگوزاری خەڵک و دووبارە بونیاتنانەوە دەکات و جۆرێک لە سەربەخۆیی کارگێڕی و دارایی هەیە تاوەکو بتوانن کاربکەن، بەڵام مەرجەعیەتی سیاسی ئەم دەستەیە سەرۆکە و مەرجەعیەتی کارگێڕی حکومەتی فەلەستینییە لە رامەڵڵا.
 
رووداو: ئایا ئەمە داواکاری ئێوەیە لە بزووتنەوەی فەتح؟
 
باسم نەعیم: ئەمە لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەکە لە میسرەوە هات، واتە میسر ئەم پڕۆژەیەی پێشکێشکرد و گفتوگۆی لەسەر کرا و ئێمە پێی رازیبووین. برایانی بزووتنەوەی فەتح هێشتا دوودڵن، لە وەڵامدانەوە، دوێنێ هەواڵ هەبوو کە لیژنەی جێبەجێکاری رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین رەتیکردووەتەوە. پێمانوایە لە سایەی مێشکوشکیی ئیسرائیلی و لە سایەی هەڵوێستی ئەمریکی و شکستمان لە پێکهێنانی حکومەتێکی فەلەستینی گشتگیر، بەتایبەتی کە جەنگەکە لەوانەیە لە هەر ساتێکدا کۆتایی بێت و لەوانەیە سبەی یان دوای هەفتەیەک یان دوای مانگێک بگەینە راگەیاندنی ئاگربەست، نازانین. بۆیە ئەگەر راگەیاندنی ئاگربەست روویدا، چۆن کەرتی غەززە بەڕێوەدەبەین و کێ کەرتی غەززە بەڕێوەدەبات، بۆیە دەبێت دەستەیەک هەبێت کە لەڕووی فەلەستینی و لە هەمان کاتدا لەڕووی نێودەوڵەتی و ئەمریکییەوە قبوڵکراو بێت.
 
رووداو: ساڵی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا، ئایا چاوەڕوانی گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئیسرائیل دەکەن دوای هاتنی ترەمپ بۆ سەرۆکایەتیکردنی ئەمریکا؟
 
باسم نەعیم: سێ خاڵ دەتوانم لەم بوارەدا باس بکەم. یەکەم؛ هەڵوێستی ئەمریکی لە دۆزی فەلەستین بەگشتی هەڵوێستێکی ستراتیژی جێگیرە و زۆر کاریگەر نابێت بە ئیدارەکان. واتە ئەگەر هەڵوێستی ئەمریکی لە ماوەی پەنجا ساڵی رابردوودا تۆمار بکەین، چ ئیدارەی دیموکرات بێت یان کۆماری، جیاوازییەکی گەورە نابینین. واتە چ لە ئیدارەی کۆماری یان ئیدارەی دیموکرات، هەڵوێستی راگەیێندراوی ئەمریکی پشتیوانی بێسنووری ئیسرائیل بووە، سەرەڕای ئەوەی کە رێککەوتنی ئۆسلۆ هەبوو و دەکرا دوای پێنج ساڵ، لە ساڵی 1993 دەوڵەتێکی فەلەستینی دابمەزرێت، بۆیە هەڵوێستی گشتی ئەمریکی هەڵوێستێکی جێگیرە و زۆر گۆڕانکاری بەسەردا نایێت. خاڵی دووەم، هاتنی سەرۆک ترەمپ لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە. لایەنی ئەرێنی ئەوەیە کە گوتی من دەمەوێت کۆتایی بە هەموو جەنگەکان بهێنم و نامەوێت جەنگ ببینم، دوێنێ لێدوانی هەبوو کە نەتانیاهوو و کەسانی دیکەی ئاگادار کردووەتەوە کە 'من دەمەوێت پێش ئەوەی بگەمە نووسینگەکەم لە 20 کانوونی دووەمی داهاتوو، جەنگ لە غەززە کۆتایی هاتبێت.' ئەمە شتێکی ئەرێنییە و هیوادارین گوشاری پێویست لەسەر نەتانیاهوو و حکومەتە تووندڕۆکەی بکات بۆ گەیشتنە راگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام لایەنی نەرێنی ئەوەیە کە هەڵوێستی لە چارەسەری دۆزی فەلەستین بەگشتی مەترسیدارە، چونکە دەڵێت ئیسرائیل دەوڵەتێکی بچووکە و شوێنەکە تێیدا جێی نابێتەوە و وەک لە خولی یەکەمی دا پشتیوانی لە دانانی قودس وەکو پایتەختی دەوڵەتی ئیسرائیل کرد و پشتیوانی لە داگیرکردنی گۆلان کرد و ئێستا راگەیاندنی پشتیوانی یان راوێژکارەکانی هەوڵیاندا پشتیوانی بکەن لە داگیرکردنی بەشی ماوەی کەناری رۆژئاوا بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل. بەو پێیە بوونی فەلەستین تێیدا دەبێتە بوونێکی لەنێو کەوانەدا نایاسایی و ناڕەوا، واتە بریتییە لە هاووڵاتییەک کە لەسەر ئەم زەوییە دەژی، بەڵام خاوەنی ئەم زەوییە نییە و مافی ئەوەی نییە چاوەڕوانی دەوڵەت بێت. بەو پێیە ئەم هەڵوێستە واتە سڕینەوەی دۆزی فەلەستین و سڕینەوەی توانای فەلەستینییەکان لەوەی دەوڵەتیان هەبێت، بەو مانایەی لەوانەیە کێشەکە لە غەززە چارەسەر بکات، بەڵام لەسەر حیسابی چارەسەری درێژخایەنی دۆزی فەلەستین.
 
رووداو: بەڵام ترەمپ هەڕەشەی لە حەماس کرد بە دۆزەخ، ئەگەر بارمتەکان ئازاد نەکات دوای 50 رۆژ. چۆن دەڕواننە ئەم هەڕەشەیە؟
 
باسم نەعیم: سەرەتا لێدوانەکەی کە لەسەر زمانی سەرۆک ترەمپ باسکرا، بە دیاریکراوی ئاماژەی بۆ حەماس نەکردبوو، گوتی دەبێت دیلەکان ئازاد بکرێن ئەگەر نا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تووشی دۆزەخ دەبێت.
 
رووداو: بەڵام بارمتەکان لای حەماسن.
 
باسم نەعیم: تەواوە.. بەڵام ئازادکردنی دیلەکان پەیوەندی بە چەندین لایەنەوە هەیە. خاڵی دووەم، من پێموانییە بایدن و ئیدارە دیموکراتەکەی دۆخی فەلەستینییەکانی لە کەرتی غەززە بە حەماسیشەوە لە فیردەوس و لە بەهەشت دانابێت و ئێستا ترەمپ دەیانباتە دۆزەخ. ئێمە لە بنەڕەتدا لە قووڵایی دۆزەخدا دەژین بەهۆی سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەمریکا زیاتر لە 550 هەزار تۆن مادەی تەقینەوە و چەکی ناردووە، لانیکەم 30 ملیار دۆلاری ناردووە، 4 جار لە ماوەی 14 مانگ دا مافی ڤیتۆی بەکارهێناوە بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل. گرنگتر لەوەش سەرۆکی دەوڵەت و وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوە و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و سەرۆکی ئەرکان هەموو ئەمانە بەشداربوون، واتە لە ئەنجوومەنی جەنگی کیانەکەدا دادەنیشتن بۆ پیلاندانان بۆ لێدانی کەرتی غەززە. بۆیە ئەو هەزارانەی لە کەرتی غەززە کوژران و ئەم هەموو تینە دۆزەخەییەی بەسەر کەرتی غەززەدا بارین، بەرهەمی ئەمریکی و بڕیاری ئەمریکییە. بۆیە من پێموانییە دوای ئەم دۆزەخەی پێیگەیشتووین بە پیشەسازی ئەمریکی بە ئیدارەیەکی دیموکرات، شتێکی خراپتر لەوە هەبێت. کێشەی ئەمریکییەکان و نائەمریکییەکانیش لەگەڵ حەماس نییە. ئەمڕۆ کێشەیان لەوانەیە لەگەڵ حەماس بێت، 20 ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ فەتح بوو، 40 ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ بەرەی گەل بوو، 100 ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ شێخ عیزەدین قەسام و عەبدولقادر حوسێنی بوو. بۆیە کێشەیان لەگەڵ گەلێکە کە داوای ئازادی و سەربەخۆیی دەکات. ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، تەنانەت حەماس هۆکارێکی بۆ بەردەوامیدان بە شەڕکردن نامێنێت. ئێمە شەڕ و خەبات دەکەین لەپێناو ئازادکردنی زەوی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و مافی چارەی خۆنووسین و گەڕانەوەی پەنابەران. بۆیە تەنانەت ئەگەر ئەو بتوانێت حەماس لەنێوببات، نەوەیەکی نوێ دێت و دووبارەی دەکاتەوە، چونکە ئەمە لە بەڵێنی بەلفۆرەوە، لە نزیکەی 100 ساڵ پێش ئێستاوە ئێمە لە هەمان سووڕانەوەداین. لە شەڕەوە دەچینە ئارامیی کاتی و پاشان دەگەڕێینەوە بۆ شەڕ، چونکە لە کۆتاییدا گەلێک هەیە سوورە لەسەر ژیان و سوورە لەسەر ئازادی و کەرامەت، بۆیە من پێموانییە بابەتەکە پەیوەندیی بە حەماسەوە هەبێت. ئەبو عەممار، سەرۆک یاسر عەرەفات، کە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ واژۆکردن، ئەوان خۆیان کوشتیان. ئەبو جیهادیش کە رازیبوو بە چارەسەری ئاشتییانە یان چارەسەری دوو دەوڵەت، ئەویشیان کوشت. بۆیە من وای نابینم چیرۆکەکە چیرۆکی حەماس بێت، یان کە ئەوان بتوانن شتێکی زیاتر لەوە بکەن کە ئێستا دەیکەن.
 
رووداو: کێ یاسر عەرەفاتی کوشت؟
 
باسم نەعیم: بێگومان.. ئێمە پێمانوایە بەدڵنیاییەوە کە ئەوەی یاسر عەرەفاتی کوشت ئیسرائیلە.
 
رووداو: بەڵام ئەو نەخۆش بوو.
 
باسم نەعیم: بەڵێ نەخۆش بوو، کوشتن جۆرەها شێوەی هەیە. وەکو هەندێک دەڵێن کوشتنی بەبەزەیی و کوشتنی تووندوتیژ. کوشتن لەوانەیە لە رێگەی هەندێک ژەهرەوە بێت، چونکە هەموو لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژەهر خراوەتە خواردنی سەرۆک یاسر عەرەفاتەوە. ئەو ژەهرەش بریتیبوو لە مادەی تیشکاوی کە کاریگەرییەکانی بە تێپەڕبوونی کات دەردەکەون. بۆیە کۆدەنگییەکی فەلەستینی و عەرەبی هەیە کە سەرۆک یاسر عەرەفات بە ژەهر کوژرا، ژەهرێک کە تەنیا لە دەوڵەتێک دەست دەکەوێت کە مادەی تیشکاوی یان مادەی مەترسیداری هەیە.
 
رووداو: ترسێکی زۆر هەیە لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شوێن و هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق. ئایا چاوەڕوانی هێرشێکی ئیسرائیلی دەکەن بۆ سەر عێراق؟
 
باسم نەعیم: ئێمە ئەوەمان ناوێت، داوا لە خودا دەکەین سەقامگیری و ئاشتی و یەکێتی و گەشەسەندن بە هەموو عێراق ببەخشێت. دووژمنی زایۆنی لە ماوەی بوونی لە ناوچەکەدا رۆژێک لە رۆژان دوودڵ نەبووە لە دەستدرێژیکردنە سەر هەموو ناوچەکە. واتە تۆ ئەگەر چاوخشاندنێک بۆ دەیان ساڵ بکەیت، دەبینیت دەستدرێژی کردووەتە سەر عێراق، سووریا، لوبنان، ئوردن، تونس، لیبیا، دوبەی و میسر. بۆیە ئەمە سیاسەت و باوەڕێکی سەربازی چەسپاوە لای قەوارەکە، مافی ئەوە بەخۆی دەدات بەپێی خوێندنەوەی بۆ دۆخەکە، لە هەر شوێنێک و هەر کاتێک هێرش بکات. دوێنێ بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت چووە ناو خاکی سووریا و ناوچەی نوێی داگیرکرد و ئاڵای ئیسرائیلی بەرزکردەوە. بۆیە دوور نییە، بەڵام من هیوادارم ئەوە روو نەدات.
 
رووداو: لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکانتان لەگەڵ تورکیا بەرەوپێش چوون، ئێستا پەیوەندیتان لەگەڵ تورکیا چۆنە؟
 
باسم نەعیم: پێمانوایە پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا پەیوەندییەکی تایبەت و بەهێزە. تورکیا وەکو دەوڵەت بەگشتی، شتێکی نوێ نییە یان تەنیا لە سەردەمی سەرۆک ئەردۆغان، تورکیا ماوەی دەیان ساڵە پشتیوانی هەڵوێستی گشتی فەلەستینی کردووە، بەڵام بێگومان ئەم پەیوەندییە لە سەردەمی سەرۆک ئەردۆغان و حکومەتەکەی پەرەیسەند و بەهێزتر و پتەوتربوو، لەبەرئەوەی سەرۆک باوەڕی بە مافی گەلی فەلەستینیش هەیە لە بەرخوودان بۆ ئازادی و خەبات بۆ سەربەخۆیی و ئازادی. واتە سوپاس بۆ خودا پەیوەندییەکی باشە.
 
رووداو: دەوڵەتان و رێکخراوە شیعەکان پشتیوانیی حەماسیان کرد، بەڵام هەڵوێستی دەوڵەتان و حیزبە سوننەکان جیاواز بوو. چۆن دەڕواننە ئەوە؟
 
باسم نەعیم: دەتوانم دوو خاڵ بڵێم. خاڵی یەکەم گشتییە و پاشان خاڵێکی تایبەت. خاڵی یەکەمی گشتی ئەوەیە کە ئەم ناوچەیە بەدرێژایی سەدان ساڵ بە قۆناخی سیاسی و حوکمڕانی جیاوازدا تێپەڕیوە، شیعە و سوننە، گەلان و ئایینەکان و نەتەوەکان لەم ناوچەیەدا تێکەڵبوون و ئاوێتەبوون، بە جۆرێک کە پێموایە ئەم نەخشەیە لە ناوچەکەدا یاخود ئەم مۆزایکە تەنیا بە لێکتێگەیشتن لەسەر بنەمای هاوبەشی لە ناوچەکەدا لە ماف و ئەرکەکان جێگیردەبێت. هیچ لایەنێک ناتوانێت، لەهەر نەتەوە و ئایین و تایفە یان ئاراستەیەکی سیاسی بێت، ئەوی دیکە بسڕێتەوە. ئێمە ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا شانازی بەوە دەکەین کە گرووپی بچووکمان هەیە کە لەوانەیە بە هەزاران کەس بن و لە هەزاران ساڵەوە بوونیان هەیە و دەژین. ناوچەکە بە سرووشتی خۆی لەسەر هاوبەشی و پێکەوەژیان و رێزگرتن لە ئەوی دیکە دامەزراوە. بیرۆکەی ئەوەی کە کەسێک ئەوی دیکە بسڕێتەوە پێموایە بیرۆکەیەکی شێتانەیە، من وایدەبینم ئەگەر هەر نەتەوەیەک بەرامبەر نەتەوەیەک، یاخود تایفەیەک بەرامبەر تایفەیەک بچێتە جەنگەوە بۆ 20 یان 30 ساڵ، دوای 30 ساڵ تەنیا یەک بژاردە دەبینن ئەویش ئەوەیە کە دابنیشن لەسەر مێزێک و بیر لە چۆنیەتی پێکەوەژیان بکەنەوە. بۆیە هەر جەنگێک لە نێوان پێکهاتەکانی ئەم ناوچەیە لەسەر هەر بنەمایەک بێت، جەنگی زیانبەخش و بێسوودە و بێهوودەیە. 
 
سەبارەت بە ئێمە وەکو فەلەستینییەکان تەنیا دووژمنی زایۆنی سوودی لێدەبینێت چونکە پارچە پارچەبوون و لاوازی ناوچەکە، توانای مانەوە و بەردەوامبوونی پێدەبەخشێت. کەواتە ئەم ناوچەیە ئەگەر بەهێزبێت، بێگومان ئەو پاشەکشە دەکات و لاواز دەبێت، چونکە یەکێک لە پلانە سەرەکییەکانی بەردەوام لاوازکردنی ناوچەکەیە و سەرقاڵکردنیەتی بە جەنگی بێهوودەوە. سەبارەت بە ئێمە، پێمانوایە و ئەمەش لە بەڵگەنامە سیاسییەکانماندا چەسپاوە کە دۆزی فەلەستین و داگیرکردنی فەلەستین، دۆزێکی ناوەندییە و ئوممەت بە هەموو پێکهاتەکانییەوە و ناوچەکە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دەبێت یارمەتی گەلی فەلەستینی بدەن بۆ گەیشتن بە مافی ئازادی و سەربەخۆیی. بۆیە لە رێگەی بەدیهێنانی ئەم ئامانجەوە دەبێت خۆمان لەهەر جەنگێکی لاوەکی یان لاوازی بەدووربگرین و جەخت لەسەر ئامانجی سەرەکی بکەینەوە کە ئازادکردنی فەلەستین و رزگارکردنی فەلەستینە لە داگیرکاری. ئێمە پێشوازیمان لە هەموو یارمەتییەک کردووە چ لە شیعە یاخود لە سوننە، لە عەرەب یان لە کورد یاخود لە تورک یان لە هەر کەسێک، تەنانەت لە دوورتر لەوەش لە رووسیا و چین. یارمەتیدان، هەر گەلێک بۆ خۆی بریاڕدەدات چ دەکرێت، واتە من ناتوانم بۆ کورد یان عەرەب یان تورک یان ئەوانیدیکە بڕیاربدەم چۆن دەتوانن یارمەتیمان بدەن. ئێمە داوای یارمەتی و پشتیوانییان لێدەکەین، ئێمەش وەکو فەلەستین بەشداریمان لە پشتیوانی لە زۆر گەل کردووە بۆ ئەوەی بگەنە ئازادییان. هەندێک دەوڵەت و هەندێک گەل بڕیاریاندا بە شێوەیەکی سیاسی یارمەتیمان بدەن.
 
رووداو: کورد لەنێویاندایە؟
 
باسم نەعیم: ئێمە داوا لە هەموو گەلانی گۆی زەوی دەکەین پشتیوانیمان بکەن لەم خەباتەدا، چونکە خەباتی ئازادی و کەرامەت خەباتی گەلێک یان ئایینێک نییە، خەباتێکی مرۆڤایەتییە. واتە هەر مرۆڤێک رێز لە خۆی بگرێت دەبێت لە پاڵ هەر مرۆڤێک بوەستێت کە بەرەو ئازادی و سەربەخۆیی دەڕوات، چونکە بنەمای بوونی مرۆڤایەتی ئازادی و کەرامەتە. خودای گەورە کاتێک دروستی کردین بە ئازادی و بە کەرامەتەوە دروستی کردین، دواتر چیرۆکی ئایین و نەتەوە دێت. واتە من دەبێت پشتیوانیی هەر مرۆڤێک بکەم لەسەر ئەم گۆی زەوییە کە خەبات بۆ ئازادی و کەرامەتی دەکات. وتەیەکی بڵاوی عومەری کوری خەتاب هەیە دەڵێ 'کەی خەڵکتان کۆیلە کردووە، لەکاتێکدا بە ئازادی لەدایکبوون''. ئێمە بە ئازادی لەدایکبووین و دواتر بژاردەکانی دیکە هەڵدەبژێرین. ئێستا هەندێک دەوڵەت و گەل بڕیاریانداوە بەشێوەیەکی سیاسی پشتیوانیمان بکەن. بۆ نموونە ئەمڕۆ هەڵوێستی چینی، هەڵوێستی رووسی لە ئەنجوومەنی ئاسایش، بەشێوەیەکی سیاسی پشتیوانیمان دەکەن بە پشتگیریکردنی پێگەی سیاسیمان. هەندێک دەوڵەت لەڕووی داراییەوە پشتیوانیمان دەکەن، واتە زۆر لە گەلان پارە کۆدەکەنەوە.
 
رووداو: گەلان یان حکومەتەکان؟
 
باسم نەعیم: هەندێک گەل و هەندێک حکومەت. واتە هەندێک حکومەت، ئێران پارە دەدات جگە لە پشتیوانی سەربازی، پارە هەیە و دەوڵەتانی دیکەش هەن پارە دەدەن بەبێ ئەوەی ناویان بهێنین. هەندێک گەل هەن پارە دەدەن و پشتیوانی لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن. ئەمڕۆ ئێمە لە تورکیا دەژین، لە قەتەر دەژین، لە قاهیرە و لە عێراق هەین. واتە ئەو بوونەمان جۆرێکە لە یارمەتی و لەخۆگرتن. هەندێک دەوڵەت بواری پشتیوانی بۆیان کراوەترە، وەکو ئێران بڕیاریداوە پشتیوانی دۆزی فەلەستین بکات بەگشتی نەک تەنیا حەماس. حەماس و جیهاد و ئەوانی دیکە و بەرەی گەل کە ئاراستەی چەپیان هەیە، بڕیاریاندا بەشێوەی سەربازیی راستەوخۆ پشتیوانیان بکەن، واتە بە چەک و راهێنان و هەڵوێست. بۆیە ئێمە وەکو فەلەستینی داوا لە هەموو گەلانی گۆی زەوی دەکەین پشتیوانمان بن لەم خەباتەدا، چونکە خەباتی مرۆڤایەتییە دژی ستەم لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی. چۆن و کەی و لە کوێ و بە چ شێوەیەک گەلان دەتوانن یارمەتیمان بدەن؟ ئەمە بۆ دەوڵەتان و گەلان بەجێدەهێڵین.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە