مونیرە قازی محەممەد: دەوڵەمەندەكانی سابڵاغ ئامادەنەبوون پارەی پارێزەر بۆ قازی محەممەد بدەن
رووداو - سلێمانی
لە حەوت كچەكەی پێشەوا قازی محەممەد، یەكێكە لەو چوار كچەی كە تاوەكو ئێستا لە ژیاندا ماون. مونیرە قازی محەممەد لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ بەرنامەی پەنجەمۆر كە ئەمشەو هەینی لە كەناڵی (رووداو) بڵاودەكرێتەوە، دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی دامەزراندنی كۆماری مهاباد و لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێكانی. مونیرەە پێیوایە باوكی میهرەبانترین باوك بووە، بەڵام كوردی لە منداڵەكانی خۆشتر ویستووە. بە گوتەی ئەو، هەندێ خەڵكی سابڵاغ واژۆیان بۆ لە سێدارەدانی قازی كردووە، بەڵام ئەوان لەو خەڵكە خۆشبوون، چونكە پێیانوابووە خەڵك لە ترسان ئەو كارەی كردووە.
رووداو: حەز دەكەم لە چیرۆكی دایكی قازییەوە دەستپێبكەین، دەڵێن ئەو لە منداڵییەوە هەستی كردووە قازی محەممەد دەبێتە كەسێكی دیار، ئەمە چۆن بووە؟
مونیرە قازی: دایكی باوكم بەگزادە بووە، خانمێكی زۆر لایەق بووە، ناوی گەوهەر تاج خانم بووە. ئەوكاتەی باوكمی لەسكدا بووە، لە خەونیدا مانگ كەوتووەتە نێو كۆشی. خەونەكەی بۆ باپیرم گێڕاوەتەوە، ئەویش بۆ خەڵكی دیكەی گێڕاوەتەوە. گوتوویانە ئەوە كوڕی دەبێت و كوڕەكەشی بەنێوبانگ دەبێ.
رووداو: هەڵسوكەوتی ئەو وەكو باوكێك لەگەڵ ئێوە چۆن بوو؟
مونیرە قازی: باوكێكی زۆر میهرەبان بوو بە هەموومان رادەگەیشت. بۆ نموونە من قژم درێژ بوو، بە شانەكردنی ناڕەحەت دەبووم. ئەو دەهات لەسەر سەرم رادەوەستا و دەیگوت مریشكێك هاتووە لە بەغدایە، یەكیش هاتووە لە بەسرایە، سەری كچی من دەكا رەعایە. وای دەكرد من مەشغوڵ بم و ناڕەحەت نەبم. فێری شیعری دەكردین، فێری زمانی ئینگلیزی دەكردین. هەموو بەیانیان بانگی دەكردین كەوچێك رۆن ماسی دەداینێ، پاشان شیرینی دەداینێ. رۆن ماسییەكە زۆر ناخۆش بوو، بەڵام لە خۆشیی شیرینییەكە دەمانخوارد. باوەڕ ناكەم باوكێك هەبێ لە باوكی من میهرەبانتر، بەڵام باوكم كوردی لە ئێمە خۆشتردەویست. دایكم پێیگوت من چ لەو منداڵانە بكەم؟ گوتی من لەسەر منداڵی تۆ ئابڕووی خۆم نابەم. من بەڵێنم بە میللەتی خۆم داوە. لە خۆشی و ناخۆشی لەگەڵیان دەبم.
رووداو: ئەوكات قوتابخانەی كوڕان و كچان تێكەڵاو بوو؟
مونیرە قازی: نەخێر جودا بوو، قوتابخانەی كوڕان سەیفی قازی باپیری ئاغاكەی من كردییەوە، قوتابخانەی كچانیش بابم هێنای بۆ مهاباد، چونكە باوكم رەئیسی فەرهەنگ و ئیدارەی سجیل بوو.
رووداو: جەنابی پێشەوا پەیوەندی لەگەڵ ئەو كەسانە چۆن بوو كە موسوڵمان نەبوون؟
مونیرە قازی: ئەوان جەژنی تایبەتی خۆیان هەبوو، خواردنیان بۆ ئێمە دەنارد، جا دایكم كەسێكی وەسواس بوو، پاك و خاوێن بوو، دایكم دەیگوت مەیخۆن، باوكیشم دەیگوت تۆ چۆن دەڵێی مەیخۆن، ئەوانە زۆر زۆر لە ئێمە پاكترن. پیاوە ئاینییەكانیان زۆر دەهاتنە لای باوكم لە دادگا، زۆر رێزیان لێدەگرت.
رووداو: باوكت بە چ جلوبەرگێكەوە دەچوو بۆ دادگا؟
مونیرە قازی: هەر بە جلی مەلایەتییەوە، تەنیا رۆژی راگەیاندنی كۆماری كوردستان جلێكی كوردی رەنگی ئەرتەشی لەبەر كردبوو.
رووداو: تۆ رۆژی راگەیاندنی كۆمارت لەبیرە؟
مونیرە قازی: بەڵێ زۆرباش لەبیرمە، نێوەڕاستی زستان بوو. كەشوهەوا زۆر خۆشبوو، خەڵك هەڵدەپەڕین، دەهۆڵ و زوڕنایان لێدەدا. ئێمە لە قوتابخانە بووین، لەبەر ئەوەی كچی پێشەوا بووین، وەپێشیان دەداین، بەڵام باوكم زۆری پێناخۆش بوو لەگەڵ قوتابییەكانی دیكە جیاوازیمان پێ بكرێ.
رووداو: ئەو رۆژەی جەنابی قازی چوو بۆ راگەیاندنی كۆمار، رۆژێكی ئاسایی بوو یان جیاواز؟
مونیرە قازی: زۆر جیاواز بوو، بێ ئەندازە میوانمان هەبوو. پێشتریش بەردەوام میوانمان هەبوو، چونكە ئەوكاتی هوتێل بەو جۆرە نەبوو، بۆیە ئەوەی دەهاتە مهاباد رووی لە ماڵی ئێمە دەكرد. ماڵمان زۆر گەورە بوو، سێ كوچەی داگرتبوو.
رووداو: لە كاتی راگەیاندنی كۆماری كوردستان، خەڵك لە باشووری كوردستانیش هاتبوون، ئەوانەت لە بیرە؟
مونیرە قازی: بەڵێ، یەكێك لەوانە مستەفا خۆشناو بوو، چوار كچی هەبوو. كچە ناوەنجییەكەی هات لە پێش بابم شیعری خوێندەوە. باوكیشم دەمانچەیەكی بە دیاری پێدا.
رووداو: چیت لە بیرە لەبارەی هاتنی بارزانییەكان؟
مونیرە قازی: باوكم هەتا كەڵكی بەگزادان بۆ پێشوازی مەلا مستەفا چووبوو. تەواوی ئەوانەی هاتبوون ماڵیان بۆ دابین كردن. دوو ماڵی بارزانی لە نێو ماڵی ئێمەدا بوون. بیرمە خانمەكە نێوی خەدیج بوو، گوتی بریا پێڵاوی پێشەوام لەپێ بووایە، بچوومایە رووبار ئاو بێنم. عیسمەت خانم كە خوشكی گەورەم بوو، بە بابمی گوت، باوكم پێڵاوەكانی خۆی داكەند و گوتی بۆی ببەن. هەموو كەس بە هاتنی ئەوان خۆشحاڵ بوو.
رووداو: پەیوەندی پێشەوا لەگەڵ دراوسێكانی چۆن بوو؟
مونیرە قازی: شەوان لە گەڕەك منداڵان یاری میر میرانێیان دەكرد، میر داوای هەر كەسێكی بكردایە دەبوو بۆی بێنن. شەوێك میر داوای كردبوو، قازی محەممەدی بۆ بێنن، منداڵەكانیش هاتبوون بە باوكمیان گوتبوو: میر داوای تۆ دەكات، باوكیشم لەگەڵ منداڵەكان چوو بۆ ئەوەی بزانێ میر چی دەوێت، باوكم ئاوا بوو لەگەڵ خەڵكی گەڕەكێ.
رووداو: بۆچی بە عەلی قازیی برات دەڵێن كوڕی رەش؟
مونیرە قازی: بە ناوی باپیرم كراوەتەوە. جا عادەت وابوو هەر كەسێك بەناوی كەسێكی دیكە بكرابایەوە ناوێكی دیكەیان پێدەگوت. كوڕی من بەناوی محەممەد سەید خان كرابوو. پێماندەگوت ئاغا، بەڵام باوكم دژی ئەوە بوو بە ئاغا و خان بانگی منداڵەكان بكرێ، دەیگوت هەموومان وەكو یەكین، دەبێ ناوی یەكدی بڵێین. جا كاكم لەبەر ئەوەی چاو و برۆی رەش بوو، پێیاندەگوت كوڕی رەش.
رووداو: جەنابی پێشەوا زۆرتر حەزی لە چ خواردنێك بوو؟
مونیرە قازی: یەك سفرەمان رادەخست هەموو خزمەكان لەدەوری دادەنیشتین، باوكم هەمیشە پارێزی هەبوو، پێی خۆش نەبوو قەڵەو بێ، زۆرتر مرەبای ئاڵوباڵووی دەخوارد. ژنێكمان لابوو خان زێڕین، نانكەر بوو، منداڵێكی بچووكی هەبوو، باوكم دەیبردە لای خۆی و پێیدەگوت جەعفەر وەرە لەگەڵ من نان بخۆ. بابم زۆر پارێزی دەكرد، هەتا نانی بەیانیانی نەدەخوارد.
رووداو: پێشەوا لەگەڵ عیبادەت چۆن بوو؟
مونیرە قازی: نوێژەكانی بەڕێكوپێكی دەكرد، بەڵام بە كەسی نەدەگوت نوێژ بكە. هەموو كەس ئازاد بوو. بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستا و وەرزشی دەكرد.
رووداو: كە بوو بە سەرۆك كۆمار هەڵسوكەوتی گۆڕابوو؟
مونیرە قازی: نەخێر. لە جاران میهرەبانتر بوو. دەیگوت من ئێستا بەرپرسیارێتیم زیاترە. ئێستا دەبێ زۆرتر ئاگام لە خەڵكی بێ. سێڵاو هاتووە بە ئەسپی خۆی خەڵكی رزگار كردووە. هەمیشە كاری هەبوو، هەمیشە لەگەڵ خەڵك بوو.
رووداو: قازی لەگەڵ خوێندنەوە و نووسین چۆن بوو؟
مونیرە قازی: بابم كتێبخانەیەكی زۆر گەورەی هەبوو، كاك سەڵاحی ئاشتی هات، كاكم گوتی كتێبخانەكەی بدەنێ بۆ كاك مەسعود. بابم بەردەوام كتێبی دەخوێندەوە. لە ئەمریكاوە گۆڤاری بۆ دەهات. دایكم هەموو ساڵێك كتێبەكانی پاك دەكردەوە، جا دیار بوو هەندێك لە كتێبەكانی تەواو نەكردبوو، لەو شوێنەی راوەستابوو كاغەزی لەنێو دانابوو. یەك دەقیقەش كتێبی لە خۆی دوور نەدەكردەوە.
رووداو: جەنابی پێشەوا بە چەند زمان قسەی دەكرد و دەینووسی؟
مونیرە قازی: حەوت زمانی دەزانی. رووسی و ئینگلیزی و فەرەنسی وەكو زمانی دایكی دەزانی.
رووداو: پرس و رای بە دایكت دەكرد؟
مونیرە قازی: بەڵێ بەڵێ زۆریش، من هەمیشە بە كوڕەكەم دەڵێم بابم هەموو پرس و رایەكی بە دایكم بوو، دایكم ژنێكی زۆر عاقڵ بوو. دایكم حیزبێكی تایبەت بە ژنانی دامەزراندبوو بە ناوی حیزبی یایان.
رووداو: ئەو حیزبە بەربڵاو بوو یان هەر لەنێوخۆدا بوو؟
مونیرە قازی : نەخێر تەواوی خانمی مەلاكان لەگەڵی بوون. ژنە دەوڵەمەندەكانی سابڵاغێ بوون. رۆژێك گوتبوویان پێشمەرگە كەموكوڕیی هەیە، دایكم گوارەكانی لە گوێی كردبووەوە، ژنەكانی دیكەش چاویان لەو كردبوو، زێڕەكانی خۆیان دانابوو.
رووداو: باوكت زۆرتر سەفەری كوێی دەكرد؟
مونیرە قازی: زۆرتر دەچوو بۆ تاران و باكۆ، هەتا جارێك لە باكۆ لەگەڵ كاربەدەستانی ئەوێ كۆبووەوە، لەوێ گوتبوویان دەبێ مهاباد ببێتە بەشێك لە ئازەربایخان، بابیشم لەوێ دەستی بە مێزەكەدا كێشابوو، گوتبووی ئێمە ئەگەر خزمەت بكەین، خزمەتی برا گەورە (تاران) دەكەین، بە خوشكی بچكۆلەی ناكەین. ئێمەی كورد دەبێ سەربەخۆ بین.
رووداو: لە ماوەی تەمەنی كۆماردا زۆرجار وەفدی ئێرانی دەهاتن...
مونیرە قازی: نەدەهاتن، كاتێك شەڕی سەقز بوو كە مەلا مستەفا و حەمە حوسێن خان لەو شەڕەدا بوون، دیلیان گرتبوون، زۆر كەس دەیانگوت تەماشا ئەو ئەسیرانە چۆن بەخێو دەكەن. بابیشم دەیگوت ئەوانە ئەسیرن دەبێ بە چاوی برا تەماشایان بكەین. دەڵێن سەرهەنگ هومایون جارێك خۆی كردبوو بە قەندفرۆش هاتبوو بۆ ماڵی بابم. كە ئەرتەشیش گەڕایەوە لە رێگا دەستیان بە كوشتنی خەڵك كردبوو، دەڵێن 28 هەزار كەسیان كوشتبوو، باوكم بەرەو پیریان چووبوو بۆ ئەوەی چیدی خەڵك نەكوژن. پاشان بابم و ئەوان گیران و لە ماڵێك دانران پێش ئەوەی بیانبەنە سەربازخانە.
رووداو: چەند لە زیندان مانەوە؟
مونیرە قازی: نزیكەی چوار مانگ لە زیندان بوون.
رووداو: دەچوون بۆ لایان؟
مونیرە قازی: نەیاندەهێشت، ئەفسەر و سەربازەكان لەگەڵ بابم نانیان دەخوارد، پیاوەكان دەهاتن نانیان بۆ دەبردن. بەشی سەربازەكانیان بۆ جێدەهێشتن و بەشی بابیشمیان دەبردە ژوورێ. جارێكیان من چووم بۆ لای بابم، ئەو هێندە میهرەبان بوو، لەسەر زەوی خۆی درێژ كردبوو لە ژێر دەرگا تەماشای منی دەكرد، پاسەوانەكە كە ناوی سوڵوجو بوو، سكی پێ سووتابوو، منی ئیزن دا بۆ لای.
رووداو: چەند لای باوكت مایەوە، هیچی پێنەگوتی؟
مونیرە قازی : هەر 10 دەقیقەیەك مامەوە. پێیگوتم بە دایكت بڵێ با قژت بۆ چاك بكات. عیفەت خانی خوشكم لە من گەورەتر بوو، قژی لوول بوو، هەواڵی رادیۆی دەنووسییەوە و دەنێو قژی خۆی دەنا بۆ باوكم و ئەوانی دەبرد.
رووداو: لە زیندان كێ لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرد؟
مونیرە قازی: لە تارانەوە هاتبوون. لێكۆڵەری شا هاتبوو. كە قسەی بە ئاڵای كوردستان و كورد گوتبوو، باوكم هەستابووەوە بە كورسی لێیدابوو. محامییەكەی كەسێك بوو بەناوی سەروان شەریفی، ژنەكەی عەجەم بوو، هێندە سەرسام بوو بە بابم، لە داخان جلی ئەفسەری داكەند و ژنی كوردی هێنا و وازی لە ئەرتەش هێنا.
رووداو: ئەی هەڵوێستی وەزیر و خەڵكی سابڵاغ چۆن بوو، هەوڵی ئازادكردنیان نەدا؟
مونیرە قازی: نەخێر، هەتا دایكم دەیگوت كچم ئێمە ئەو خەڵكەمان بەخشیوە كە واژۆیان كردبوو قازی لە سێدارە بدرێ. جا نازانم لە ترسان بووە یان لە حەسوودیان، تەنیا یەك دوو نەفەر ئیمزایان نەكردبوو، گوتبوویان ئێمە بێ ئیمان دەبین چۆن شتی وا دەكەین.
رووداو: ورەیان چۆن بوو لە زیندان؟
مونیرە قازی : زۆر شاد بوو، كە ئێمەی دەدیت زۆر خۆشحاڵ دەبوو، ئێمەی لەسەر كۆشی خۆی دادەنا.
رووداو: هەندێك پارە لە ماڵەكەتاندا هەبووە دایكت پارەكە دەداتە مەلا مستەفا، ئەمە چۆن بووە؟
مونیرە قازی : كە بارزانییەكان رۆیشتن نانیان بۆ كردن. كوپە پەنیریان بۆ خستنە نێو نانەكە. مەلا مستەفا زۆر كەیفی پێهاتبوو. گوتبووی دەچم دوعاخوازی لە میناخانم دەكەم. كاتێك هاتبوو زۆر سوپاسی دایكمی كردبوو، گوتبووی چۆنت زانی ئێمە پێویستیمان بە پێخۆرە، گوتی چۆن نازانم! ئێوە دەڕۆن و لە رێگاش كەس ناوێرێ یارمەتیتان بدات. جا من باشم لە بیرە دەستم لە پانتۆڵی مەلا مستەفا دەدا زۆرم پێ جوان بوو، مەلا مستەفا دەیگوت حەیف قازی محەممەد بە دەستی عەجەمۆكان لەسێدارە دەدرێ. ئەوكاتی 300 تمەنمان لە ماڵێدا بوو دایكم بە پوورمی گوت ئەو پووڵەش ببە خزمەتی مەلا مستەفا. پووڵمان دەماڵێدا نەمابوو، دایكم كاتێك چوو پارێزەر بۆ باوكم بگرێ، لە دەرگای ماڵی چەند دەوڵەمەندێكی مهابادی دا، كەس یارمەتی نەدابوو، پێیانگوتبوو ئاگر لە ماڵێمان بەرمەدە. ئیدی پەنای بۆ جووەكان بردبوو، چوو بۆ لای دادە نیسان زێڕەكەی خۆی لەلای دانابوو و 7000 تمەنی لێ وەرگرتبوو بۆ پارێزەر. بەڵام دوای شەهیدكردنی باوكم خەڵك زۆر یارمەتیداین، بە تایبەتی گەنجەكان هەموو ئیشێكیان بۆ دەكردین.
رووداو: دوایینجار مەلا مستەفا و قازی محەممەد كە یەكدییان بینی چییان گوت؟
مونیرە قازی: هەر ئەوەی كە مەلا مستەفا باسی كردووە و دەڵێت زۆر داوای لە پێشەوا كردووە وەرە بڕۆین، بەڵام ئەو گوتبووی میللەتی خۆم جێناهێڵم.
رووداو: رۆژی لەسێدارەدانی قازی محەممەد، چۆنتان زانی و خەڵك چی دەكرد؟
مونیرە قازی: پیاوێك لە ماڵەكەمان ئیشی دەكرد ناوی هاشم بوو، پارێزەری باوكم گوتی هاشم ئەو منداڵانە ببە ماڵی نەنكیان (دایكی دایكم) كە ماڵەكەیان بەسەر گۆڕەپانی چوارچرادا دەیڕوانی، بەڵام نەنكم دوو لە منداڵەكانی ناردنەوە و گوتی با تەنیا مونیرە لێرە بێ، بینیم لە مەیدانی چوارچرا دارەكانیان دادەكوتا. من نەمدەزانی چییە، بەڵام نەنكم لە خۆی دەدا و دەیگوت بۆ ئاغایان نەبێ. پاشان سەربازەكان هاتن پاڵیان بە نەنكم و خاڵمەوە نا. گوێم لە دەنگی باوكم بوو. هەر ئەوەندەم لەبیرە گوتی ئەوڕۆ قازی محەممەدێكی دەكوژن بەیانی هەزاران قازی لە دایك دەبن. دووجار تەنافی پساندبوو، هەردوو جارەكە لە چەند ئەفسەرێكی دابوو. دونیا بۆ ئێمە دەگریا.
رووداو: تا چەند تەرمەكان لەوێ مانەوە؟
مونیرە قازی : زوو بردیانن بۆ مزگەوت و پاشانیش بۆ سەر قەبران.
رووداو: خەڵك لەگەڵیان چوون بۆ گۆڕستان؟
مونیرە قازی: بەڵێ، بەتایبەتی خەڵكی فەقیر. دەوڵەمەندەكان زۆر دەترسان.
رووداو: چ شتێكی پێشەوا ماوە لەلای ئێوە لە مۆزەخانە بپارێزرێ؟
مونیرە قازی: جلەكانی، هێرۆخان داوای كرد و لە مۆزەخانە داینا. دایكم هەموو شتەكانی هەڵگرتبوو، هەموو شتەكانی ماون، بەڵكو مۆزەخانەیەكی گەورەی بۆ بكرێتەوە و لێی دابنێین.
رووداو: هیچ دەستنووسی هەبوو؟
مونیرە قازی: بەڵێ زۆری هەبوو، سێ نمایشنامەی نووسیبوو. د.قاسملو وەریگرت. دایكم شەش مانگ قاسلموی لە ماڵەوە شاردەوە. هاتن بیگرن دایكم كارێكی پێكردن هەر خواخوایان بوو بڕۆن. بۆ خۆشی لە یادەوەرییەكانیدا نووسیویەتی من توودەیی بووم، لە كتێبخانەكەی پێشەوا بووم بە دیموكرات.