گوتەبێژی تاڵیبان بۆ رووداو : کوردستان یەکێکە لە کێشەکانی جیهانی ئیسلامی و دەبێ چارەسەر بکرێت

15-10-2022
عەبدولسەلام ئاکنجی
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق دەڵێت، "ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ هەموو موسڵمانان پەیوەندیی باش و قووڵمان هەبێت. تاوەکو ئێستاش هەوڵەکانمان بۆ ئەوە بووە". دەشڵێت، "بابەتی کوردستانیش یەک لە بابەتەکانی وڵاتە ئیسلامییەکان و یەک لە کێشەکانە و خوا بکات رێگەچارەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە."
 
رۆژی شەممە 15-10-2022 زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵگەی یەکگرتووی زانایانی ئایینی وەڵامی چەند پرسیارێکی رووداوی دایەوە، لەبارەی ناساندنی کوردستانەوە رایگەیاند، "ئێمە کوردستان دەناسین، چونکە هاوڕێی کوردمان هەیە و پەیوەندیمان هەیە لەگەڵیان".
 
لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە گوتەبێژی تاڵیبان دەڵێت، "ئێمە داوای یەکگرتنی موسڵمانان دەکەین و شەڕی نێوان موسڵمانانمان ناوێت، چونکە بە زیانیانە و بانگهێشتی هەموو وڵاتانیش دەکەین و دەڵێین: ئێمە زیانەکانی شەڕمان بینیوە و وا باشە موسڵمانان یەکگرتوو بن لەنێو خۆیاندا و کێشە نێوخۆییەکانی هەر وڵاتێکیش لە هەر نەتەوەیەک بن، دەبێ لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت." 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی تاڵیبان
 
زەبیحوڵڵا موجاهید: سوپاستان دەکەم. منیش زۆر خۆشحاڵم کە لەگەڵ ئێوەم و هاتوومەتە دیاربەکر. 
 
رووداو: نێوەڕۆکی بەرنامەکەتان بەتایبەت لەبارەی ئیسلام و رەوشی سیاسیی کوردانی جیهان چۆن دەبینن؟ 
 
زەبیحوڵڵا موجاهید: ئێمە کە لێرەین لەلایەن کۆمەڵگەی یەکگرتووی زانایانی ئایینییەوە، ئەوان کۆبوونەوەیەکی ئایینییان هەبوو سەبارەت بە یەکگرتنی زانایانی ئایینی و یەکگرتنی خوێندنگەکان و کێشە هاوبەشەکانی موسڵمانان، بابەتی کوردستانیش یەک لە بابەتەکانی وڵاتە ئیسلامییەکان و یەک لە کێشەکانە و خوا بکات رێگەچارەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە. بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە، یەکگرتن و یەکبوونی موسڵمانانە و لە رێگەی زانایانی ئایینییەوە ئەو بابەتە زۆر باش دەڕواتەپێش. کاریگەریی زانایانی ئایینی و زانستەکانیان زۆر بەباشی دەتوانێ کێشەکانی ئێمە و ئێوەش چارەسەر بکات. 
 
رووداو: ئێوە شوێنێک بە ناوی کوردستان دەناسن؟
 
زەبیحوڵڵا موجاهید: بەڵێ، ئێمە کوردستان دەناسین، چونکە هاوڕێی کوردمان هەیە و پەیوەندیمان هەیە لەگەڵیان. بەڵام دیسانیش دەمانەوێت لەم سەردانەماندا، بابەتەکان لە سیاسەتەوە بەدوور بن و زیاتر جەختەکان لەسەر بابەتی زانستی و خوێندن و زانایان بێت. ئەوەی دیکە بابەتێکی سیاسییە و دواتر دەتوانین باسیان بکەین.
 
رووداو: ئەو شوێنانەی کورد لێی دەژین بەردەوام کێشەیان لەسەرە، بە بۆچوونی ئێوە تورکیا دەبێت چۆن لەو بابەتە بڕوانێت؟
 
زەبیحوڵڵا موجاهید: بابەتی کوردستان تەنیا کوردەکان نییە. دوای ئەوەی بەریتانییەکان پلانیان دژ بە ئیسلام داڕشت، سەرەتا هەوڵیان دا نەتەوەی زۆر گرنگی ئیسلام واتە عەرەبەکانیش تووشی کێشە و ناکۆکی بکەن. نەتەوەی زۆر گرنگ لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا، کوردەکان بوون، تورکەکان بوون، بەلووچەکان و پشتوونەکان بوون. بەریتانییەکان هەوڵیاندا ناکۆکی بخەنە نێوان هەموویان. بەڵام تکای ئێمە ئەوەیە بەر بە ناکۆکییەکان بگرین و بەرەو یەکگرتوویی و یەکبوونی موسڵمانان بڕۆین. سەرەڕای ئەوەی کە وڵاتی جیاوازمان هەیە، بەڵام گرنگی بە بەها ئیسلامییەکان و رەوشتە ئیسلامییەکان بدەین و خواستمان یەکگرتوویی موسڵمانان بێت.
 
رووداو: پەیوەندیی ئێوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق چۆنە و چۆن لێی دەڕوانن؟
 
زەبیحوڵڵا موجاهید: ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ هەموو موسڵمانان پەیوەندیی باش و قووڵمان هەبێت. تاوەکو ئێستاش هەوڵەکانمان بۆ ئەوە بووە و دیسانیش قسەکەی پێشووم دووپات دەکەمەوە و دەڵێم: ئێمە هاتووینە ئێرە بە مەبەستی کۆبوونەوەی ئایینی لەگەڵ کۆمەڵی زانایان، نامانەوێ باسی بابەتە سیاسییەکان بکەین.
 
رووداو: دوای شەڕی نێوخۆی سووریا، کوردانی رۆژئاوای کوردستان داوای مافی خۆیان دەکەن، ئێوە چۆن لەوە دەڕوانن؟
 
زەبیحوڵڵا موجاهید: هەرچۆنێک بێت ئێمە داوای یەکگرتنی موسڵمانان دەکەین و شەڕی نێوان موسڵمانانمان ناوێت، چونکە بە زیانیانە و بانگهێشتی هەموو وڵاتانیش دەکەین و دەڵێین: ئێمە زیانەکانی شەڕمان بینیوە و وا باشە موسڵمانان یەکگرتوو بن لەنێو خۆیاندا و کێشە نێوخۆییەکانی هەر وڵاتێکیش لە هەر نەتەوەیەک بن، دەبێ لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت. 
 
رووداو: ماوەیەکە لە ئێران دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی سەری هەڵداوە، ئێوە چۆن لەو بابەتە دەڕوانن؟
 
زەبیحوڵڵا موجاهید: ئەم بابەتە بابەتێکی نێوخۆیی ئێرانە و وا باشە رێگە بدەین خەڵکی ئێران خۆیان چارەسەری بکەن. گەورەکردنەوەی ئەم بابەتە و بە سیاسی کردنی، کارێکی دروست نییە. خەڵک زۆر دەمرن و مەهساش دیار نییە بە چ هۆکارێک گیانی لەدەستداوە یان کوژراوە. وا باشترە ئەم بابەتە نێوخۆییەی ئێران بخرێتە ئەستۆی حکومەتی ئێران و خەڵکەکەی.
 
رووداو: رەوشی خەڵکی ئەفغانستان چۆنە لە رووی ئابووری و سیاسی و خوێندنی کچان؟
 
زەبیحوڵڵا موجاهید: سەرەتا دەبێ بڵێم؛ سپاس بۆ خوا لە ئەفغانستان ئاسایش جێگیر بووە و لە داگیرکاریی ئەمریکا رزگاری بووە و متمانەی ئەوەش هەیە کە حکومەتێکی بەهێز هاتووەتە سەرکار کە بەدەست زانایانەوەیە. بۆ بابەتی فێرکاریش دەبێ بڵێم بەردەوامە، بەڵام لە چەند پۆلی شەش بۆ دوانزەی کچان، لەبەر بابەتی ئایینی، کولتووری و باڵاپۆشی و چەند بابەتی دیکە، وەستاوە و کارمان بۆ کردووە کە دیسان دەستپێبکاتەوە. ئێمە رێگە لە فێرکاری و پەروەردە ناگرین و لایەنگریشی دەکەین. لەبارەی ئابووریشەوە دەبێ بڵێم؛ سەرەڕای ئەوەی ئەفغانستان بەهۆی شەڕەوە ئابوورییەکی لاوازی هەیە و دنیاش لەگەڵمان نییە، بەڵام دیسان رۆژبەڕۆژ خەریکە ئابوورییەکەمان گەشە دەکات و پڕۆژەی گەورەی ئابووری جێبەجێدەکرێن. توانیومانە تاوەکو ئێستا رای 30 وەڵات لەگەڵ خۆمان یەکبخەین و بازرگانان و وەبەرهێنەرانیان داوەت بکەین بۆ وەبەرهێنان لە ئەفغانستان. 
 
رووداو: پەیوەندیی ئێوە لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکا چۆنە؟
 
زەبیحوڵڵا موجاهید: ئێمە داوای ئەوە دەکەین کە لاپەڕەی شەڕ بگۆڕدرێت. ئەمریکییەکان هاتن و 20 ساڵ لە ئەفغانستان شەڕیان کرد و سەرکەوتوو نەبوون. چونکە شەڕ رێگەچارە نەبوو. بەڵام، 18 مانگ لە دەوحە دانوستاندنمان کرد، رێگەچارەمان دۆزییەوە.  ئێستاش ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا هەمانە، تێبینی خۆمان لەسەری هەیە، بەڵام دەمانەوێ لەگەڵیان دانوستاندن و لێکتێگەیشتنمان هەبێت و لە رێگەی دیالۆگ و پەیوەندی دیپلۆماتیکەوە، هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین.
 
رووداو: سەردانی هەرێمی کوردستانتان کردووە، پلانتان هەیە سەردانی بکەن؟
 
زەبیحوڵڵا موجاهید: بەداخەوە تاوەکو ئێستا سەردانی هەرێمی کوردستانمان نەکردووە، چونکە خەریکی شەڕ بووین و کاتی کەممان هەبووە. بەڵام لە هەوڵداین هەموو وڵاتانی ئیسلامی بگەڕێین و شوێنە مێژووییەکان و نەتەوە جیاوازەکان ببینین و لەگەڵیان کۆبینەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.