کۆنسوڵی فەلەستین: وەزیری دەرەوەمان بەدواداچوون بۆ نیگەرانیی عەفرینییەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین لە هەولێر دەڵێت، لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی و وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی فەلەستین بەدواداچوون بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی زۆرەملێی نیشتەجێبوون لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان دەکەن. دەشڵێت، فەلەستینییەکان خۆیان قوربانیی کۆمەڵگەی زۆرەملێن و هەرگیز نابنە هۆکارێک بۆ داگیرکردنی خاکی هیچ گەلێک.
نەزمی حزووری، کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین لە هەولێر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات و رۆژی پێنجشەممە 15-09-2022 پەخشکرا، باسی لە دروستکردنی کۆمەڵگەی زۆرەملێی نیشتەجێبوون لە عەفرین، پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و چەندین پرسی دیکە کرد و رایگەیاند، پەیوەندیی نێوان گەلی کورد و گەلی فەلەستین پەیوەندییەکی مێژووییە و ئێستاش پەیوەندییەکانیان لە ئاستێکی زۆر باشدایە.
کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا ژمارەی ئەو فەلەستینییانەی لە هەرێمی کوردستان دەژین نزیکەی 250 خێزانن و بەشێکی ئەو خێزانانە لە ساڵی 2014ـەوە لە موسڵەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و لێرە جێگیربوون.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ نەزمی حزووری، کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین لە هەولێر:
رووداو: بەڕێز نەزمی، سوپاسی هاتنت دەکەم بۆ رووداو.
نەزمی حزووری: سوپاس بۆ تۆ سوپاس سوپاس.
رووداو: با سەرەتا لە دوایین بابەتەوە دەستپێبکەم کە بووەتە جێی سەرنجی زۆر کەس، شاندێکی کەسایەتییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، کورد و عەفرینییەکان هەفتەی رابردوو سەردانیان کردن. رێکخراوێکی فەلەستینی کۆمەڵگەی نیشتەجێکردن بۆ خەڵکی هاوردەی غەیرە کوردی سووری لە عەفرین دروستدەکات، گفتوگۆکە چۆن بوو؟ داوای چییان لێکردن و وەڵامی ئێوە چی بوو؟
نەزمی حزووری: سەرەتا رێز و خۆشەویستیم لێرەوە بۆ یەکە بەیەکەی ئەندامانی شاندەکە لە کەسایەتییەکانی عەفرین دەگەیێنم. بەدڵنیاییەوە، ئامادەبوونیان مایەی خۆشحاڵی بوو، منیش بەگەرمی پێشوازیم لێکردن. دیدارێکی باش بوو، هاوسۆزیمان بۆ دۆخەکەیان و کەیسەکەیان دەربڕی. لە رێگەی ئەوانیشەوە، رێز و سڵاوم بۆ کەسوکارەکانمان لە عەفرین دەگەیێنم. بەگشتیی گەلەکەمان لە سووریا کە تووشی ئەم نەهامەتییە بوونەتەوە لە دەستدرێژیکردن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرییان کە بووە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونیان. هەروەها لە پێگەی خۆمەوە گرنگە لێرەوە سەری رێز و نەوازش بنوێنین بۆ شەهیدانی کورد لە رۆڵەکانی سووریا.
بەشێکی شەهیدەکانم لە رۆڵەی حەسەکە و عەفرین و ناوچەکانی دیکە دەناسی. هەروەها بەشێکیان خەباتگێڕی مەزن بوون و بە شۆڕش و دۆزی گەلی فەلەستینەوە پابەند بوون. هەروەها قوربانیی زۆریاندا و شەهیدیان هەبوو، مێژووی گەورەیان تۆمارکرد و هەرگیز لەیاد ناکرێن. ئەوان لە دڵ و یادەوەریی مێژوویی ویژدانماندا زیندوون و یادیان بەخێر دەکەینەوە. خەباتی شەهیدانی کورد لە رۆڵەکانی سووریا بەدڵسۆزییەوە بەرز دەنرخێنین. لەسەر ئەم بنەمایە دەڵێم، مێژوو و خەبات و خوێن ئێمەی بەیەکدی گرێداوە، بۆ دۆزی فەلەستین زۆریان کرد. سەری رێز و نەوازش بۆ هەر کەسێک دەنوێنین تەنانەت بەڕستەیەکیش بۆ دۆزی فەلەستین نووسیبێتیان، بەتایبەتیش نووسەرانی عەفرین و حەسەکە و ناوچەکانی دیکەش. هەروەها ئەو شاعیرە بەڕێزانەی کە فەلەستین تاکە خەم و سەرچاوەی شیعرەکانیان بوو. ئەو شاعیرانەی شیعریان بۆ مەحموود دەرویش و کەسایەتییەکانی دیکە دەنووسی. مەحموود دەرویش ئەویش لەبارەی کورد نوسیوویەتی.
رووداو: ئەوەی مەبەستی بوو بەگوێرەی ئەوەی تێگەیشتووم، ئەم قەسیدەیە بۆ سەلیم بەرەکات نووسرابوو بە دیاریکراوی، کورد جگە لە با هیچی دیکەی نییە، مەبەستی ئەوەیە کە کورد خاکەکەی بەدەستەوە نییە و خاوەنی ئاسمانەکەشی نییە، ئەوەی هەیەتەی ئەوەیە کە لەنێوان زەوی و ئاسماندایە. بەڵێ وەسفێکی مەجازییە، بەڵام ئەمە وەسفی مەحموود دەروێش بوو و بەداخەوە ئەم وەسفە هێشتا لەسەر زۆر کورد جێبەجێ دەبێت، بەڵام کەسایەتییەکانی عەفرین بە خەمێکەوە هاتن بۆ لاتان، رەنگە پێشبینی ئەوەیان نەکردبێت رێکخراوێکی فەلەستینی کۆمەڵگەی نیشتەجێکردن لە ناوچەیەک دروستبکات کە ئەوان دەڵێن داگیرکراوە و بەگوێرەی راپۆرتی نێودەوڵەتی، رووبەڕووی گۆڕانی دیموگرافی دەبێتەوە. ئەوکەسەشی باش ئاگاداربێت و بتوانێت هاوسۆز بێت لەگەڵ ئەم ئاریشەیە لە هەموو جیهاندا رەنگە فەلەستینییەکان بن، کەس نییە هێندەی فەلەستینییەک بتوانێت هاوسۆز بێت لەگەڵ ئەمە. چۆن ئەمەتان وەرگرت و وەڵامتان چی بوو؟
نەزمی حزووری: یەکەم شت، ئێمەی گەلی فەلەستینی بەدەست داگیرکارییەوە دەناڵێنین، بەدەست نیشتەجێبوونی زۆرەملێ بۆ سەر خاکەکانمان دەناڵێنین، بەدەست داپڵۆسینەوە دەناڵێنین. لەبارەی سروشتی داگیرکارییەوە هەستێکی تایبەتمان هەیە، بەتایبەتیش بۆ بابەتی زەوتکردنی خاک و نیشتەجێبوونی زۆرەملێدا زۆر هەستیارین. بەڵێ گۆڕانکاری نەژادی و دیموگرافیش بەهەمانشێوە. ئەوەی رۆژانە لە قودس، شێخ جەراح، گوند و دێهاتەکانی قودس کە سیاسەتی بە جووکردن پەیڕەو دەکات. ئەمڕۆ حکومەتی داگیرکاری ئیسرائیل 200 ملیار شیکل بۆ بەجووکردنی قودس تەرخان کردووە. بۆ نیشتەجێبوونی زۆرەملێ تەرخان کردووە، وەک ترەمپ گوتی، بۆ ئەوەی قودس بکرێتە پایتەختی سەرەکی و یەکگرتوویی جووەکانی ئیسرائیل. ئەمە پیلانێکە بەتۆکمەیی کاری بۆ دەکرێت، بەڵام ئارامی و بەرگریی گەلەکەمان و مکوڕی سەرکردایەتیی نیشتمانیمان بەسەرۆکایەتیی پێشەوا و سەرۆکمان مەحموود عەباس، توانراوە رووبەڕووی ئەم پرۆژە ببینەوە و قودس بپارێزین.
لە قودس بەبەهاترمان نییە و نابێ هاوشێوەی هەموو خاکی فەلەستین کە بەهای هەژمار ناکرێت. دەرەنجام، بابەتی داگیرکاری، بەهۆی ئەوەی خۆمان بەدەست ستەمی داگیرکارییەوە دەناڵێنین، بەهەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە و بەرەنگاری داگیرکار دەبینەوە. ئەوەی برایان ئەندامانی شاندەکە لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی عەفرین باسیان لێوەکرد. منیش راستییەکەی سەرم سوڕما و دۆش دامام بەهۆی ئەم هەموو لافیتانەی بینیم و ئەم هەموو درووشمەی هەڵواسرابوون، لەنێویاندا فەلەستینی و چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی کە لەسەر ئاستی فەرمیدا بوون. ئەوەی پەیوەندیی بەخودی منەوە هەیە وەک فەلەستینییەک، کۆی هەموو ئەم لایەنانە، بەهیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی بڕیاری سیاسیی و نیشتمانیی فەلەستین، دەوڵەتی فەلەستین و رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی ناکات. ئەوەی زانیومانە چەند رێکخراوێک لەژێر چەند ناونیشانێکەوە ئەم کارانەیان کردووە. بەم رێکخراوانە دەڵێین، باشتروایە با بچن پاڵپشتیی لە گەلەکەمان لە خاکی قودس بکەن. قودسی رۆژهەڵات کە بەدەست داگیرکارانەوە بووەتە دۆزەخی گەلەکەمان و لەژێر هەژموونی داگیرکاراندا پیلان بۆ بەجووکردنی دەکرێت. هەروەها نەهامەتییەکی دیکەی گەلەکەمان لە یەرمووک هەیە، لە خێوەتگەکانی سووریادا و بەهەمانشێوە بۆ رۆڵەکانی گەلەکەمان لە خێوەتگەکانی لوبنان، ئەگەر مەبەستیان لەژێر ئەم ناونیشانەدا کاری خێرە، باشتر وایە بۆ فەلەستین بیکەن.
رووداو: رەنگە ئەم رێکخراوانە سەربەخۆ بن و مافی ئەوەیان هەبێت لە هەر شوێنێک کار بکەن، بەڵام لە کۆتاییدا وەک دەزانیت ئەوان نوێنەرایەتیی روویەکی فەلەستین دەکەن، لە کارەکانیشیان وا تێدەگەین کە لە ژێر ناونیشانێکی فەلەستینی دەیکەن، رەنگە خەڵکی ئاساییش جیاوازی لەنێوان وڵاتێک و رێکخراوێک کە لەژێر ناوی وڵاتێکدا کاردەکات نەکەن، ئایە بڕیارتاندا لێکۆڵینەوە لەمەدا بکەن یان نووسراوێک ئاراستەی حکومەت لە رامەڵڵا بکەن، چی دەکەن؟
نەزمی حزووری: بۆ روونکردنەوە، چەندین رێکخراوی جیاجیا هەن لەژێر ناونیشانی زۆر جیاوازەوە وەک هاریکاریی ئیسلامی و دەستەی ئیسلامی و تا دواتر کار دەکەن، بەڵام هیچکامیان نوێنەرایەتیی فەرمیی فەلەستین ناکەن. ئەوانە رێکخراو و کۆمەڵەن، رەنگە هەڵوێستمان لەبارەی هەندێکیانەوە هەبێت، بۆ نموونە ئەمانە کێن کاریان چییە و ئامانجی دامەزراندن و چالاکییەکانیان چین و بۆ کوێ و هەر کەسێک کاربکەن یان دەیکەن، بۆیە دووپاتی دەکەینەوە ئەمانە بەهیچ شێوەیەک لەژێر رێنمایی دەسەڵاتی فەلەستینی کارناکەن. لەبارەی یەکەی نیشتەجێبوون جا بەناوی فەلەستین بێت یان هەر ناوێکی دیکە بێت، ئەمە بەهیچ شێوەیەک بڕیاری سیاسیی فەلەستینی نەبووە. هەموومان دەزانین لە هەموو جیهان بەناوی رێکخراو و کۆمەڵە کاردەکەن. رێکخراو و کۆمەڵە هەن هاوکاری دەگەیێننە ئەفغانستان و بەناوی جیاجیاوە سەردانی بۆسنە و هەرسک و وڵاتانی دیکەیان کردووە.
بەشێکیان لەژێر ئەم ناوانەدا کاریان بۆ "تیرۆریستان و رێکخراوە تیرۆریستییەکانیش" دەکرد. ئێمە هەمیشە هەڵوێستمان لەبارەیانەوە هەبووە، بۆیە دووپاتی دەکەمەوە ئەمە کاری دەسەڵات و بڕیاری سیاسیی فەلەستین نییە. باسم کردوو و دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە دەبێ دڵسۆز بین و پێیانم راگەیاند، رۆڵەکانی کورد لە سووریا خەباتیان لە پێناو فەلەستین کردووە و قوربانییان داوە و خوێنیان رژاوە و شەهیدیان داوە. پێیانم راگەیاندن کە خەباتگێڕە کوردەکان لە گۆڕەپانی دلێری و مەردایەتییدا تا گیانیان بەخت کرد، دەنگیان بۆ دۆزی گەلی فەلەستین و بەدیهێنانی مافەکانی گەلی فەلەستینی هەڵبڕی بوو. باوەڕیان بە دۆزی گەلی فەلەستینی هەبووە و لە دژی تاوانەکان و کاری تیرۆری داگیرکاران وەستاون. بۆ ئەم رۆڵە بەرزەی لەپێناو دۆزی رەوای گەلی فەلەستین پێشکێشیان کردووە، ئەرکی سەرشانمانە دڵسۆزییان بۆ بنوێنین.
رووداو: بەڵام ئایە باشتر نییە بۆ حکومەتی فەلەستینی لانی کەم گوتارێک ئاراستەی ئەم رێکخراوانە بکات و بڵێت ئەوەی لە عەفرین دەیکەن باشترین نوێنەرایەتیی فەلەستین و گەلی فەلەستین نییە؟
نەزمی حزووری: باشە، لەبارەی سەرکردایەتیی فەلەستینییەوە، ئەمە دیسان لێرەوە دووپاتی دەکەمەوە. لەبارەی شاندی کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی عەفرین ئەوانەی سەردانیان کردم، سوپاسیان دەکەم. وەک گوتم تاوتوێی دۆخەکەمان کرد و باسمان لە میکانیزمی بەدواداچوونی رێکخراو و کۆمەڵەکانمان کردووە و بەڵێنی بەدواداچوونمان کرد. لە راستیدا دوای بەدواداچوون، چەند زانیارییمان لەملاو لەولا دەستکەوت کە نازانین تا چەند زانیارییەکان پەسندن و لە سەرچاوەکانیان دڵنیانین، بەڵام بەر لەوەی لێرە ئامادەبم، بەمەبەستی دڵنیابوون لە زانیارییەکان پەیوەندیی تەلەفۆنیم لەگەڵ هاوڕێیەکم هەبوو. ویستم لەم بابەتە دڵنیاببمەوە لەبارەی ناوی رێکخراوەکان، ناونیشانی کاریان، کارمەند و ئەندامەکانیان ئایا ئەمانە فەلەستینین یان لە کوێوە هاتوون؟ ئەگەر فەلەستینی بن تەنیا ناوەکانیان پێمان بگات دەردەکەوێت ئاخۆ ئەمانە فەلەستینین یا نا؟ رەنگە کۆمەڵەکان یان رێکخراوەکان تەنیا لە لافیتەکاندا ناوی فەلەستینیان بەکارهێنابێت، بۆیە ئەوەی مەبەستمە لێرەوە دووپاتی بکەمەوە و دەیکەمەوە، ئەمانە نوێنەرایەتیی فەلەستین و بڕیاری دەسەڵاتی فەلەستینی و تەنانەت نوێنەرایەتیی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستینیش ناکەنەوە. رێکخراوێک ئەگەر هاریکارخواز بێت، دەبێ دەستی هاوکاریی و هاریکارییەکانی بۆ رۆڵەکانی گەلی فەلەستین درێژ بکات جا لە خاکی فەلەستین بێت یان لە سووریا و لوبنان.
رووداو: هەڵوێستی فەرمیی فەلەستین لەبارەی ئەوەی لە عەفرین روودەدات چییە؟
نەزمی حزووری: بە بەڕێزتان و کەسوکارەکانمان لە رۆڵەکانی گەلی عەفرین و تەواوی ئەو ناوچانەی رووبەڕووی ئەم جۆرە نەهامەتییانەوە بوونەتەوە دەڵێم، دوای سەردانیکردنی ئەو شاندەی کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی عەفرین، بەدواداچوونی رژدم بۆ بابەتەکە کردووە و پەیوەندیم بە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و ئێستا بابەتەکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێز وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی فەلەستینە و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. هەروەها دووپاتی دەکەمەوە، ئەم بابەتە ئیدی لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی فەلەستینی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، بۆیە ئەوانەی ئاماژەم پێکردن، جەخت دەکەمەوە هەرگیز قبووڵی ناکەین خەڵک رابگوازرێنەوە و ئێمە ببینە جێگرەوەی ئەوان یان ببینە لایەنێک بۆ دروستکردنی بەناو یەکەی نیشتەجێبوون.
لە راستیدا تووشی دڵەڕاوکێ بووم کاتێک گوێم لە دەستەواژەی یەکەی نیشتەجێبوونی زۆرەملێ بوو. ئێمە ئەم دەستەواژەیە رەتدەکەینەوە بەتایبەتی ئەگەر لەسەر ئێمە حیساب کرابێت لە دژی خەڵکی دیکە بەتایبەتی لەسەر خاکی سووریا. سووریا وڵاتێکە سەروەریی خۆی هەیە، یاسای خۆی هەیە و رۆڵی تایبەتی خۆی هەیە. دەرەنجام بەهیچ شێوەیەک نابێ کەسانی دەرچوو لە یاسا لەژێر هەرناو و ناتۆرێک بێت، یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکەن، ئەگەر بەناوی دەستەی هاریکاری کرابێت و لە لایەن چەند کەسانێکی دیاریکراوەوە کرابێت، دەبێت روون بکرێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر فەلەستینی بن، دەبێت بزانرێت بۆچی و چۆن هاتوونەتە ئێرە؟ چۆن گەیشتوونەتە ئێرە؟ ئەگەر فەلەستینی بن دەبێ بزانرێ بۆچی یەرمووکیان جێهێشت و هاتوونەتە ئەم شوێنەی سووریا؟ هەموو ئەم بابەتە مایەی تێڕامان و پرسیارە؟ ئایا فەلەستینییەکان چۆن و بە چ مەبەستێک هاتوون و ئایا دۆخێکی تایبەتیان هەبووە یان ناچار کراون روو لەم شوێنە بکەن؟ بۆیە ئێمە ئەم بابەتە لەم روانگە ئەمنییەوە لێکدانەوەی بۆ دەکەین یان بەهۆی دۆخێکی تایبەتی گوزەرانیانەوە بووە یان چیدی لەپشتە؟ لە کاتێکدا دەزانین کە دۆخی یەرمووک ئاسایی بووەتەوە و پێشوازی لە گەڕانەوەیان دەکرێت و ئاوەدانیش لەوێ دەستیپێکردووە. هەروەها هیچ ئاستەنگێک بۆ گەڕانەوەی فەلەستینییەکان بۆ یەرمووک نییە.
رووداو: کەواتە ئێوە هاوسۆزن لەگەڵ ئەو کەسایەتییانەی عەفرین کە سەردانیان کردن؟
نەزمی حزووری: بەدڵنیاییەوە ئەو کەسایەتییانەی بابەتەکەیان وروژاند لە سۆنگەی خەمخۆرییان بووە بۆ خاک و نیشتمانیان کە پەیوەندیی بە ویژدان و یادەوەریی و مێژوو و داهاتووی نەوەکانیانەوە لە عەفرین هەیە. هەروەها ئەوەی باسیان کرد و هەڵوێستی خۆیان دەربڕی لە بارەی هاوسۆزییان بۆ پەیوەندیی نێوان کورد و فەلەستین. ئەوان لەو سۆنگەیەوە بابەتەکەیان وروژاند کە لە داهاتوودا بەهیچ شێوەیەک گومان لە دۆستایەتی و برایەتیی نێوان کورد و فەلەستینییەکان نەبێت. جەختیان لەوە کردەوە کە دووبەرەکییەک و کێشەیەک رەنگدانەوەی نەرێنی بەسەر پەیوەندیی دۆستانەی ئەم دوو میللـەتە نەبێت. یان بەهۆی رەفتاری نەرێنیی چەند لایەنێکی دیاریکراو، ئەم پەیوەندییە تۆکمەیە نەکاتە ئامانج. بە بەڕێزتانم گوت و بە کەسوکارەکانمان لە عەفرین دەڵێم، بە هۆشمەندیی فەلەستینیی و روانینی فەلەستینی و تێگەیشتنمان لە قوربانییەکانی گەلی کورد لە سووریا دەڵێم، برایانی کورد هەمیشتە لە پاڵ دۆزی رەوای گەلی فەلەستیندا خەباتگێڕ و دۆست و قوربانیدەر بوونە. هەر لە بزووتنەوەی فەتح و بەرەی رزگاریخوازی فەلەستین بەرەی دیموکراسیی بۆ رزگارکردنی فەلەستین و ئەوەی ئێستا گوێیان لێمە، هاوسۆزن و یادەوەریان لەگەڵماندا هەیە. سەرباری نەهامەتییەکانیشیان کەچی بەگیان و بەدڵ بەهەموو خۆشەویستییەوە تاوەکو ئێستاش فەلەستین بە دۆزی خۆیان دەزانن.
رووداو: هاوئاهەنگی لە ئاستی باڵا هەبوو لەنێوان شۆڕشی کوردی و سەرکردایەتیی فەلەستینی، بەڵام شتێکی دیکە، من ئەمە دەبیستم لە کوردستان و کاتێکیش سەردانی بەغدا دەکەم، نهێنی ئەو هاوسۆزییە فەلەستینییە لەگەڵ سەدام حوسێن چییە، پەیکەرێک بۆ سەدام حوسێن لە رامەڵڵا! شەقامێک بە ناوی سەدام حوسێنەوە لە رامەڵڵا! لانیکەم ئەوەی لە هەواڵەکان دەبینم، ئەمە هەستیارییەکی زۆر دەجووڵێنێت، ئەمەت لێ دەپرسم، چونکە کۆنسوڵی دەوڵەتی فەلەستینی.
نەزمی حزووری: یەکەم، ئەمەیان لە دەرەوەی دەقەکە بوو.. لە دەرەوەی پرسیارەکان بوو.
رووداو: بەڵێ لە دەرەوە بوو، بەڵام ئێستا بە بیرمدا هات.
نەزمی حزووری: لە دەرەوەی ئەو پرسیارانەیە کە ناردبووتان. خۆت دەزانیت فەلەستینییەکان بۆچوونیان هەیە و، هەندێک جار زۆربەیان لە سۆنگەی وەفادارییەوە رێز لە سەرۆک سەددام حوسێن دەگرن، بە هۆی دوایین گوتەی ئەو بەر لە ماڵئاوایی لە ژیان، کە گوتی "بژی فەلەستینی عەرەب و ئازاد"، ئیتر دەتەوێت فەلەستینی چ بڵێت؟ دوایین وتەی لە ژیاندا ئەوە بوو: بژی فەلەستینی عەرەب و ئازاد.
رووداو: ئەم پرسیارەم بیرکەتەوە، چونکە باسی رژدی عەفرینییەکانت کرد لەسەر پەیوەندییەکانی فەلەستین و کورد.
نەزمی حزووری: عێراق بە گشتی لەگەڵ فەلەستین بوو، لە هەموو قۆناخەکان و لە سەردەمی هەموو سەرۆکایەتییەکاندا، گەلەکەیشی. شانبەشانی گرووپە فەلەستینییەکان، سوپای عێراق لە 1948، 1967 و1973 لە فەلەستین شەڕی کرد. عێراق سەربازگە و مەشق و چەک و توانا و پاڵپشتیی بۆمان دابین کرد و، لە عێراق باڵیۆزخانەمان هەیە. ئەمە مێژووە.
رووداو: عێراق یان گەلی عێراق؟
نەزمی حزووری: گەلی عێراق بەردەوام لەگەڵ فەلەستین بووە، هەروەها گەلی کوردیش.
رووداو: ژمارەیەکی زۆری فەلەستینی لە هەرێمی کوردستان دەژین، ژمارەیان چەندە و دۆخی مرۆییان چۆنە؟
نەزمی حزووری: یەکەم، بوونی فەلەستینییەکان لێرە، جووڵە بەخۆوە دەبینێت و جێگیر نییە. وەک جووڵەی ترانزێتە. هەندێک جار 300 خێزانن جار هەیە 200 خێزانن، واتە جووڵەیەک و ناجێگیرییەک هەیە. بەهۆی چوونە دەرەوە بۆ کارکردن.
رووداو: وڵاتی سێیەم؟
نەزمی حزووری: بوونی فەلەستینییەکان لێرە، نزیکەی 250 خێزان هەن بە سەر دوو جۆردا دابەش دەبن، بەشێکیان رۆڵەی پەنابەرەکانن لە عێراق؛ لە 1948ـەوە هاتوون و، بەشێکیان بۆ کارکردن هاتوون وەک پزیشک و ئەندازیار و دەرمانساز و تەکنیکار و کرێکار. هەندێک لە رۆڵەکانی پەنابەرانی 1948 لە بەغداوە هاتوون و هەندێکیشیان لە موسڵەوە پاش ئەو رووداوانەی بەهۆی تیرۆرەوە روویاندا.
رووداو: دۆخی مرۆییان چۆنە، ئایە هیچ هاوکارییەکی مرۆیی وەردەگرن؟
نەزمی حزووری: لەڕاستیدا، لێرە دەڵێین سوپاس بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە ساتی یەکەمەوە ئەو فەلەستینییانەی لە 2014دا لە موسڵەوە هاتن ئاسایشیان بۆ دەستەبەر کرا لەگەڵ نیشتەجێکردنیان لە کەمپی بەحرکە. دەزگای بارزانی هەموو پشتیوانییەکی بۆیان دابین دەکرد لە شوێنی نیشتەجێبوون و خۆراک و خزمەتگوزاریی تەندروستی و خوێندن.
رووداو: بەوپێیەی پەنابەرن، ئەوان لە بەرپرسیارییەتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندان، ئایە هیچ هاوکارییەکی نێودەوڵەتی وەردەگرن؟
نەزمی حزووری: جاروبار لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتیوانی دەکران، بەڵام ئەو پشتیوانییە بە شێوەیەکی بەردەوام نەبوو. پشتیوانییە بەردەوامەکە لە لایەن دەزگای بارزانییەوە بوو. ئەو هەموو ئەو پشتیوانییەی بۆیان دابین دەکرد. ئێستا لە کەمپی بەحرکە 13 خێزان ماون کە پێشتر نزیکەی 120 خێزان بوون. ژمارەکە کەمبووەتەوە، بەشێکیان سەفەریان کرد و بەشێکیان گەڕانەوە بەغدا.
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو فەلەستین، لە چ ئاستێکدایە؟
نەزمی حزووری: ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پەیوەندییەکی تایبەت دادەنێین و لە ئاستێکی بەرزە. لە سەرەتادا، وشیاریی مێژوویی لای هەردوو گەلی فەلەستین و کورد ئەم پەیوەندییەی دامەزراند. پەیوەندییەکە مێژووییە و بە هۆی هۆشیاریی هەردوو سەرکردایەتیی فەلەستین و کوردەوە بەردەوام بوو. ترۆپکەکەیشی ئەمەیە کە فەلەستین لە سەر خاکی هەولێر نوێنەرایەتی دەکرێت و ئاڵای فەلەستین لە ئاسمانی هەولێر دەشەکێتەوە و، سەردانی جەنابی سەرۆک مەحموود عەباس بۆ هەرێمی کوردستان لە 2009دا، دواتر لە 2011 بەڕێز وەزیری دەرەوە ریاز مالیکی سەردانی کرد و ئاماژەبوو بۆ کردنەوەی کۆنسوڵخانەی دەوڵەتی فەلەستین لە 29ـی نۆڤەمبەری 2011دا و کردنەوەکەی بەچاودێریی تایبەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بوو کە خۆی لێرە ئامادە بوو و، بە ئامادەیی و چاودێریی ئەو ئاڵای فەلەستین هەڵکرا و بووە دەستپێکی کاری کۆنسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی فەلەستین. ئەم ئامادەییە کە تا ئێستا بەردەوامە و دەمێنێت، پشت بە پەیوەندی مێژوویی و تێگەیشتنی هاوبەشمان و ئاواتەکانی داهاتوومان دەبەستێت، بۆ پێکەوەکارکردن بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانی هەردوو گەلمان کە پەیوەندییەکی گرنگە و جێی رێز و شانازییە. ئێمە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەموو پشتیوانییەک دەکرێین، لە لایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە. رێزی تایبەتمان بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کە بە یەکەوە پەیوەندییەکی گرنگمان دامەزراند. هەروەها وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئاسایشی بۆ رۆڵەکانی جالیەی فەلەستین دابین کردووە.
رووداو: سوپاس بەڕێز نەزمی.
نەزمی حزووری: سوپاس بۆ تۆ، سڵاو لە خەڵکی عەفرین هیوادارین عەفرین و هەموو سووریا بگەڕیتەوە دۆخی ئارامی و ئاسایش.