بێستوون تۆک؛ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق باسی چارەسەری دۆزی کوردستان و فەلەستین دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پێیوایە کێشەکانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە ئابووریی بەهێز چارەسەر دەبن. لەبارەی کێشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی رژدە لەسەر چارەسەریی دوو دەوڵەت بۆ ئیسرائیل و فەلەستین و کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزییەکان.
 
شەوی پێنجشەممە، بەرنامەی بێستوون تۆک-ی تۆڕی میدیایی رووداو کە بێستوون عوسمان پێشکێشی دەکات، پەخشکرا و ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق مێوان بوو.
 
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق گوتی کە، وڵاتەکەی لەگەڵ چارەسەریی دوو دەوڵەتن بۆ فەلەستین و ئیسرائیل و رایدەگەیێنێت، کە ئەوان دۆستی ئیسرائیلن دەیانەوێ لەو رێگەیەوە کاریگەرییان لەسەر پرسی ئاگربەست هەبێت. 
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەچێتە لەندەن و ستیڤن هیچن بە رووداوی راگەیاند، سەردانەکە لە چەند مانگی داهاتوو دەبێت و بڕیارە چەندین رێککەوتننامە واژۆ بکرێت.
 
لە بەشێک لە گوتەکانی، باڵیۆزی بەریتانیا باسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە، ئەو کەسێکە لە رێککەوتنی سیاسیدا زۆر باشە و داوا دەکات بۆ بەرنامەی داهاتووی بێستوون تۆک بانگهێشت بکرێت.
 
ستیڤن هیچن قوربانییەکانی کورد بەراورد دەکات بە قوربانیی وڵاتەکەی لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا و داوا دەکات هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان وڵاتەکەیان جێنەهێڵن و دەڵێت، "کێشەکانی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان بە ئابووریی بەهێز چارەسەر دەبن."
 
دەقی تەواوی گفتوگۆی نێو بەرنامەکە: 
 
رووداو: زۆر دڵخۆشم کە بۆ یەکەم جارە لە ژیانمدا دێمە ئەم شارە، زۆر زۆر دڵخۆشم کە جارێکی دیکە کۆ بووینەتەوە، هەرهەموومان بۆ ئەوەی ئەڵقەیەکی نوێ بۆ بێستوون تۆک تۆمار بکەین، ئازیزان ئاگاتان لێیە کە خێزانەکەمان، خانەوادەکەمان چەند گەورە و فراوان بووە، ئێستا ئێمە خێزانێکی زۆر زۆر گەورەین، کە لە چیاکانی کوردستانەوە دەست پێ دەکەین و گەیشتووینەتە کەنداوی عەرەب و بێگوومان ئەم خێزانە رۆژ بە رۆژ گەورەتر و فراوانتر دەبێت لە پێناوی یەک شتدا، لە پێناوی ئەوەی کە ئایندەیەکی باشتر بۆ خۆتان بنیاد بنێن.  بەڕێزان دڵنیام کە کاتێ ئێوە دێن بۆ ئەم بەرنامەیە، کاتێ هەزاران کەس داواکاری پێشکەش دەکا بۆ ئەوەی بێ بۆ ئەم بەرنامەیە، لەبەر ئەوە نایەت کە لەسەر تەلەفزیۆن دەرچێ، تەلەفزیۆن زۆرن، زۆر ئاسانە لەسەر تەلەفزیۆن دەرچی، بەڵام ئێوە پەیامێکتان هەیە دەتانەوێ بیگەیەنن، ئێوە دەتانەوێ ئایندەی خۆتان بەدەستی خۆتان بنیاد بنێن، ئێوە دەتانەوێ کە چیدی چاوەڕێی خەڵکانی دیکە نەکەن، ئایندەی ئێوەو چارەنووسی ئێوە دیاری بکات، بەڵکو خۆتان بە پرسیارە ئازا و ئازادەکانتان بە بیرکردنەوە رەخنەگرانەتان و بە رەخنەی بابەتیانەتان ئایندەیەکی باشتر بنیاد بنێن، بێگومان ئەمڕۆش دڵنیام پرسیاری زۆر زۆرتان دەبێ بۆ ئەو کەسەی کە لەسەر ئەم کورسیە دادەنیشێت، لەبەرئەوەی ئەو کەسەی کە لەسەر ئەم کورسیە دادەنیشێت نوێنەرایەتی دەوڵەتێک دەکا، کە کاریگەرییەکی زۆر زۆری لەسەر عێڕاق هەبووە لە مێژودا و هەیە لە ئەمڕۆدا، لەبەر ئەوە ئێوەش پرسیارتان زۆر دەبێ لێی لەسەر دوێنی و ئەمڕۆ و ئایندەی وڵاتەکەی خۆتان، ئەو کەسە باڵیۆزی بەریتانا لە عێراق ستیڤن هیچنە. هەستت چۆنە کە ئەمڕۆ لە بەسرەیت؟ بەسرەی فەیحا. هەروەها نزیکەی 200 خوێندکار لە سەرتاسەری کوردستان و عێراقەوە لێرەن، کە هی 59 زانکۆی جودان. ئەوان لێرەن بۆ ئەوەی تۆزێک لێت بپرسنەوە. دەترسیت؟
 
ستیڤن هیچن: بەڵێ، زۆر دەترسم. هەر زۆر دەترسم. من ئاواتەخوازم قسە لەگەڵ هەمووتاندا بکەم. تۆزێک دەترسم، چونکە نازانم چ جۆرە پرسیارێکم لێ دەکرێت. پێشبینی دەکەم پرسیاری قورسم لێ بکرێت. دەکرێت داوێک نرابێتەوە یان هەوڵ بدەن لە هەندێک ئابڕووچوونی دیپلۆماسیم بپێچێنن، بەڵام ئەوپەڕی هەوڵی خۆم دەدەم.
 
رووداو: باشە. کەواتە پێتوایە دەبێت لە چ پارێزگایەکەوە دەست پێبکەین؟
 
ستیڤن هیچن: با لە بەسرەوە دەست پێبکەین.
 
رووداو: کەواتە با دەستی ئەوانە ببینم، کێ پرسیاری هەیە لە بەسرەوە؟
 
محەممەد عەلا: پزیشکی ددانم لە بەسڕە. پرسیارم بۆ بەڕێز باڵیۆزە. لە بەسڕە چەندین جۆر شێرپەنجە بەدی دەکرێت. هۆکارەکەشی بۆ گازە هاوەڵەکان دەگەڕێتەوە دوای بەرهەمهێنانیان. دوو کۆمپانیای بەریتانی لە بەسڕە کار دەکەن. ئایا شانشینی بەریتانیا لە بەرنامەیدایە پاڵپشتی لە کەرتی تەندروستیی بەسڕە بکات بۆ بەرگرتن لە شێرپەنجە؟ ئایا هاوکاری منداڵە تووشبووەکان بە شێرپەنجە دەکات؟ پرسیاری دووەمم: دەردانی گازی هاوەڵ بەهۆی بەرهەمهێنانی نەوت، کەشوهەوای گۆڕی و کاریگەری نەرێنی بەسەر ژینگە دروست کرد، بەتایبەتی هۆکاری راستەوخۆیە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما. دەمانەوێ بزانین دواین پێشهات چی بوون لە کۆبوونەوەی پاریس بۆ ژینگە روویاندا؟
 
ستیڤن هیچن: سوپاس بۆ دکتۆر محەممەد. سوپاس بۆ هەمووتان و ئەم دەرفەتە بۆ روونکردنەوەی هەڵوێستەکانی خۆمان و تیشکخستنەسەر تێگەیشتنەکانی خۆمان. پرسیارەکەی ئێوە، یان سەرەتا ئەو دوو کۆمپانیایە: شێڵ و بی پی، ئەمانە کۆمپانیای تایبەتن و کۆمپانیای سەر بە حکومەت نین. هەموو وەبەرهێنانەکانی ئەوان و بڕیارەکانیان هی ئەو دوو کۆمپانیایە خۆیانن نەک حکومەت. دەکرێ دواتر لەبارەی ئەمەوە قسەی زیاتر بکەین، چونکە لە بابەتی کۆمپانیاکان، ئێمە بۆ نموونە وەکو چین نین، کە کۆمپانیاکان سەر بە حکومەتن. هەموو کۆمپانیاکانی ئێمە لە پارێزگای بەسرە و لە عێراق بەگشتی کۆمپانیای تایبەتن. دەرهێنانی نەوت و گاز کاریگەرییەکی گرنگی هەیە لەسەر ئابووریی عێراق. پێموایە ئەو رێژەیەی کە دەوڵەتی عێراق لە نەوت و گازدا بۆ داهاتی خۆی پشتی پێدەبەستێ ناتەندروستە. ئێمە وا پێشبینی دەکەین کە لە ماوەی 10 یان 15 ساڵی داهاتوودا نرخی نەوت روو لە دابەزین دەکات، بۆیە دەمانەوێ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق کار لەسەر چاکسازیی ئابووری و هەمەجۆرکردنی ئابووری بکەین. پێموایە ئەگەر مێژووی عێراق لە هەزاران ساڵی رابردوودا بخوێنیتەوە، سەرچاوەی سروشتیی هەرە بەهادار بۆ هەزاران ساڵ لای ئێوە، بریتی بووە لە خاکی بەپیت. پاشان لەم 100 ساڵەی دواییدا سەرچاوەی سروشتیی بەهادار گۆڕا بۆ نەوت و گاز. پێموایە بۆ سەدەکانی داهاتوو، داهێنان و ئاستی خوێندن و فێرکردن و هۆشیاریی گەل دەبنە سەرچاوەی سروشتیی هەرە بەهادار و هەنگاونان لە ئابووریی نەوتەوە بۆ ئابووری مەعریفە و زانین. دوایین قسەم، ئێمە وەکو بەریتانیا و پێموایە دەوڵەتانی ئەوروپا و رۆژئاوا بەگشتی، چاومان لەوەیە پەیوەندییەکانی خۆمان بەرینتر بکەین نە تەنیا لە بواری نەوت و گاز و یان بۆ نموونە ئاسایش. پێموایە ئەمە بەردی بناغەی پەیوەندییەکانی ئێمە بووە لە دەیان ساڵی رابردوودا، بەڵام ئێستا دەمانەوێ فۆکەس بخەینە سەر نە تەنیا دەرکەوتەکانی ناسەقامگیری لە عێراق، بەڵکو هۆکارەکانی ناسەقامگیری لە عێراق، بۆیە هاوکاریی عێراق دەکەین لە چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، قەیرانی تەندروستی و هەروەها باشکردنی ئاستی خوێندن و فێربوون و هەر ئێستاش هەندێ کۆمپانیای بەریتانی لە بەسرە هەن، وەکو ستێڵین گرووپ کە قوتابخانەی زۆریان هەن، بۆیە دەمانەوێ ئەم پەیوەندییانە بەرینتر بکەین و لە بابەتە تەقلیدییەکانی وەکو ئاسایش و نەوت و گازەوە بگوازینەوە بۆ زۆر بواری دیکە.
 
لەیس محەممەد: کارمەندی سڕکەر-م لە مەیسان. هەڵوێستی بەڕێزتان چییە لە پاڵپشتیکردنی شانشینی بەریتانیا بۆ قەوارەی زایۆنیزم سەرباری ئەو کۆمەڵکوژییانەی رۆژانە روودەدەن؟
 
ستیڤن هیچن: سوپاس بۆ پرسیارە راستەوخۆکەت، بێگومان ئەمە بابەتێکی گرنگە، یەکەم شت دەمەوێ بڵێم ئێمە وەکو بەریتانییەکان هاوسۆزی گەلی فەلەستین و هەموو ئازار و مەینەتییەکانیانین کە لە سەدەی رابردوودا بینیویانە. بە دڵنیاییەوە بەریتانیاش لە سەرەتای ئەم چیرۆکەدا رۆڵی هەبووە، بۆیە جۆرێک لە بەرپرسیارێتیمان دەکەوێتە ئەستۆ و زیاتر لە هەندێ وڵاتی دیکەش گرنگیمان بەم کێشەیە داوە. پێموایە رەنگە هەڵەتێگەیشتنێک رووبدات کاتێک بەراوردەکە دێتە سەر جیاوازیی هەڵوێستی عێراق و هەڵوێستی بەریتانیا لە مەسەلەی فەلەستین و ئیسرائیل و غەززە. ئێمە زۆر لەمێژە لەگەڵ چارەسەری دوو دەوڵەتین. ئەمە هەمیشە بنەمای سیاسەتی بەریتانیا بووەو هەمیشە پێمانوابووە کە جگە لە چارەسەری دوو دەوڵەت هیچ پێشڤەچوونێک بەدی نایەت. لەم کاتەی ئێستادا سێ کاری لەپێشین بۆ حکومەتی بەریتانیا هەن لە سیاسەتیدا لە هەمبەر مەسەلەی فەلەستین. یەکەمیان هەڵگرتنی هەموو قەیدوبەندێکە لەسەر گەیاندنی هاوکاریی دەرەکی بە گەلی فەلەستین، ئەمە خاڵی یەکەم، دووەم شت ئازادکردنی بارمتەکانە بەبێ هیچ مەرجێک و سێیەمیش کە گرنگترینیانە، بریتییە لە راگرتنی دەستبەجێی شەڕ. ئەمەش پێموایە زۆر نزیکە لە، بۆ نموونە ئەگەر دکتۆر فوئاد حوسێن لێرە با، لەوانە بوو هەمان شت بڵێ، رەنگە شێوازی گوتنەکەی جیاواز بێت. بێگومان ئێمە پەیوەندییەکی دۆستانەمان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، ئەمە شتێک نییە بتوانین نکۆڵیی لێبکەین، ئەم پەیوەندییەشمان بەکارهێناوە بۆئەوەی کاریگەرییان لەسەر دابنێین. رەنگە کاریگەرییەکی تەواو نەبووبێ، چونکە ئیسرائیلیش دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، بەڵام پێموایە کاتێک پێویست بووبێ ئیدانەی کارێک بکەین، پێموایە هەر دوو رۆژ لەمەوبەر بوو کە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی زۆر بە تووندی سەرکۆنەی بۆردوومانی ئیسرائیلی بۆ سەر قوتابخانەکانی غەززە دەکەین. پێشمانوایە مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان بکەن پاش ئەوەی لە حەوتی ئۆکتۆبەر روویدا، بەڵام لە هەمان کاتدا بە ئاشکرا سەرکۆنەی هەر کارێکیان دەکەین کە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی تێدا بێ و لە دیدار و دانیشتنی تایبەتیشدا قسەیان لەگەڵ دەکەین و هەوڵ دەدەین کاریگەری لەسەر شێوازی رەفتاریان دابنێین. دوایین شتیش ئێمە بە دڵنیاییەوە نامانەوێ ئەم جەنگە تەشەنە بکات و بگاتە لوبنان، بێگومان ئەگەر تەشەنە بکات بۆ لوبنان و حیزبوڵڵا و حیزبوڵا رابکێشرێتە ناو ئەم جەنگەوە، ئەوە رەنگدانەوەی لەسەر عێراقیش دەبێت. پێموایە لە چەند هەفتە یان چەند مانگی داهاتوودا هەموو هەوڵەکانی خۆمان لەسەر رێگری لە تەشەنەکردنی ئەو جەنگە چڕ دەکەینەوە.
 
رووداو: بەڵام ئەگەر تەرجەمەکە دانێیت، دەستخۆش. بەس لەم کاتەدا کە ئێوە چاوەڕێی مانگەکانی داهاتوون گۆڕانکاریەک بێتە پێشەوە لە غەزە منداڵن، کە ژیان لە دەست دەدەن وەکو خۆشتان باست کرد خوێندنگاکان دەکرێن بە ئامانج و وابزانم رای گشتی هەموو جیهان چاوەڕێی پەرچە کردارێکی زۆر خێراتر دەکات لە بەڕیتانیا و لە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا هەست ناکەن درەنگ کەوتوون لەوی کە پەرچە کردارێکی کاراترتان هەبێت؟ هەست بە بەرپرسیارێتی وژدانی ناکەن بەرامبەر بەو خەڵکانەی ژیان لە دەست دەدەن؟
 
ستیڤن هیچن: من کەمێک سەرم لێ شێوا، نازانم بە عەرەبی قسە بکەم یان بە ئینگلیزی.
 
رووداو: عەرەبی ئینگلیزی، کوردیەکەت چۆنە؟
 
ستیڤن هیچن: باش نییە. 
 
رووداو: دەتوانیت چی بە کوردی بڵێیت؟
 
ستیڤن هیچن: زۆر نا، پشت بەخوا فێر دەبم.
 
رووداو: پشت بە خوا.
 
ستیڤن هیچن: باشە، پرسیارەکە.. پێموایە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای قەیرانەکە لە حەوتی ئۆکتۆبەر، بێگومان بەدڵنیاییەوە هەمووان.. خۆی ئەمە پاشخانێکی هەیە، پاشخانێکی مێژوویی و سیاسی هەیە، کە ماوەکەی یەک سەدەیە، بەڵام ئەوەی لە حەوتی ئۆکتۆبەر روویدا کارەساتێک بوو، کارەساتێکی ئینسانی و پلانێک بوو بە نیەتی کوشتنی زۆرترین خەڵک.. زیاتر لە هەزار کەس. بۆیە ئێمە دەڵێین مافی هەر وڵاتێکە، ئیسرائیل بێت، عێراق بێت یان ئوردن، بەرگری لە خۆیان بکەن کاتێک بەرەوڕووی هێرشێکی لەوجۆرە دەبنەوە. ئەمە هەموو شتێک پاساو نادات، هەرگیز پاساو نییە. شەڕ لە دژی حەماس پاساوی هەیە. ئێمە وەکو بەریتانیا، رەنگە ئەمەش جیاوازییەک بێت لەنێوان هەڵوێستی ئێمە و هەڵوێستی ئێوە. ئێمە لەو باوەڕەدا نین کە حەماس ئایندەیەکی سیاسی باشیان هەبێ. ئەوانیش دژی بیرۆکەی دوو دەوڵەتن. دژی ئەو بیرۆکەیەن، بۆیە پێمانوانییە حەماس رۆڵێکی پۆزەتیڤی لە ئایندەدا هەبێ. پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و یان ئەوەی کە دەڵێن زیانی لابەلا...
 
رووداو: ئەو کارەساتە وەکو ئەوەیە کە روویدا؟
 
ستیڤن هیچن: پێموایە جیاوازییەک لە سیاقەکەدا هەیە، بەڵام خوێنی هەر بێتاوانێک، خوێنی فەلەستینی بێت، ئیسرائیلی بێت، عێراقی بێت یان بەریتانی، بەهای ئەو خوێنە لە هەموو شوێنێک هەمان شتە.
 
رووداو: کە وایە ناوی دەنێی بە کارەسات بە هەمان شێوە؟
 
ستیڤن هیچن: بەڵێ وەزیری دەرەوە دوو سێ رۆژێک لەمەوبەر ئەوەی گوت و رایگەیاند کە دووبارە دەستیان کردووەتەوە بە هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی فریاگوزاریی فەلەستینی. ئێمە نزیکەی مانگێک یان شەش هەفتە رامانگرت، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی هەندێ تۆمەت و هەندێ راپۆرت کە گوایە هەندێ کارمەندی ئەو ئاژانسە لە رووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەردا رۆڵیان هەبووە، بۆیە رامانگرت و پاش لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی نێوخۆیی، ئەنجامگیرییەکە لای ئێمەوە ئەوە بوو کە حەق بە ئێمە بووە و ئێستاش دڵنیایی هەیە کە دووبارە دەستبکەینەوە بە هاوکاری. وەزیری دەرەوە گوتی: تەرخانکردنی پارە بۆ ئاژانسەکانی فریاگوزاری لەناو فەلەستین و کاری مرۆیی لەوێ، گوتی ئەرکێکی ئەخلاقییە لەبەردەم کارەساتێکی مرۆییدا. ئەمە قسەی وەزیرە نوێیەکەی ئێمە دەیڤد لامی بوو کە وەزیری دەرەوەیە.
 
رووداو: کەواتە لە کابینەی تازەی حکومەت گۆڕان لە سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا دەبینین؟
 
ستیڤن هیچن: پێشبینی دەکەم لە سیاسەتی دەرەوەدا هەندێک گۆڕانکاری بکرێن و هەندێک شتیش بەردەوام بن. پێموایە لە ئاستی ئەوروپادا بە نزیکەیی هەمان سیاسەت دەبێت، رەنگە کەمێک جیاواز بێت، لە ئاستی ئەمریکایشدا بە نزیکەیی هەمان سیاسەت دەبێت. گەورەترین شت کە لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا بیکەین رەنگە ئەوە بێت بە نزیکەیی بە هەمان شێوە بمێنینەوە. پێموایە لەبارەی ئیسرائیل و غەزەوە کەمێک گۆڕانکاریتان بینیوە لە شێوازی قسەکردن لەسەریان. باسی ئاگربەستی دەستبەجێ دەکەن. پارەدان بە "UNRWA"یان تازە کردەوە. ئەوە گۆڕانکارییە. پێموایە ئاوازی گفتوگۆکانمان جیاوازە. بەڵام پێموایە لەبارەی عێراقەوە هەمان شت دەبینینەوە، چونکە ... دەدەتوانین دواتر بێینە سەر ئەوە. 
 
رووداو: لە کوردستانەوە کێ پرسیارێکی هەیە؟ با پرسیارێکی کوردستان ببینم.
 
دەشنێ شەمسەدیین لە گەرمیان: من پرسیارێکم لێت هەیە وەکو کوردێک لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە کە روویدا، بەڕێزت زۆر باشتر دەزانی کە لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە لە ناوچە جێناکۆکەکانی کوردستان چی رووی دا و تاوەکو ئێستاش پڕۆسەی تەعریبکردن لەو ناوچانە بەردەوامە، من دەمەوێ ئەو پرسیارە لە تۆ بکەم، کاتێک کە تۆ کوردێکی دەچیتە شارێکی وەکو کەرکووک دەچیتە شارێکی وەکو خانەقین دەبینیت ئاڵایەکی کوردستان لەو شارەدا نییە، تۆ ئەگەر لە جێگای من بی وەکو کوردێک ئامادەی بەو سیاسەتە لەو شارە بەو شێوەیە بمێنیتەوە؟ یاخود دەچیت ئەو وڵاتە جێ دەهێڵیت و دەچیتە وڵاتێکی دیکە دەبیە پەنابەر؟
 
ستیڤن هیچن: پرسیارێکی زۆر باشە، سوپاس. پێموایە یەکەم وەڵامم ئەوە دەبێت کە دەبێت بمێنیتەوە، چونکە ئەمە وڵاتی خۆتە و لێرە جێیەکت هەیە. ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو شتێک بە هەر جۆرێک لە جۆرەکان بێ کەموکوڕی بێت. من دەمەوێت لەبارەی داهاتووی عێراقەوە تەواو گەشبین بم، جا ئەوە لەبەر ئەوە نییە کە گرفتەکان لە بەردەممدا نابینم. بە دڵنیاییەوە ئەو خەڵکە لەنێو گرفتدان، کە ئێستا باست کردن. پێموایە ئەمە بەشێکە لەو میراتە قورسەی لە سەردەمی سەدام حوسێندا هەتانبووە. پێموایە بێمتمانەیی لەنێوان کۆمەڵگەکاندا شتێکە کە لەو سەردەمەوە سەرچاوەی گرتووە و چارەسەرکردنی ئاسان نییە. بۆنموونە پرسی کەرکووک کە پرسێکە چارەسەرکردنی زۆر قورسە. بە درێژایی هەموو ناوچە کێشەلەسەرەکان، موسڵ، دیالە و کەرکووک، کێشەی زۆر قورسن و ئێمە و هەر وڵاتێکی دیکە بە دەستیانەوە زەجرمان کێشاوە و ئێوەیش زەجرتان کێشاوە، هەر لەو کاتەوەی کۆمەڵگەکەتان تا ئاستێک ترۆمایەکی ناخۆشی ئەزموون کردووە. جا کاریگەریی ئەو ترۆما ناخۆشەیش ئەوەیە کە بە لاتانەوە سەختە متمانە بە یەکدی بکەن. لەبەر ئەوەی ئەو ئازارەتان لە کۆمەڵگەکەتاندا هەیە، تەواو بۆتان سەختە متمانە بە دەرەوەی بازنەکەتان بکەن. بە لامەوە سەختە ئەوە بۆ خەڵکی وڵاتەکەم روون بکەمەوە، کە ئێوە بە چیدا تێپەڕیون. تەنیا دەتوانم بگەڕێمەوە بۆ جەنگی یەکەمی جیهانی، کە ئەوە دوایین جار بوو وڵاتەکەم هەستی بەو ئازارە کرد، کە ئێوە تێیدا بوون. ئەوەیش دۆخێکی زۆر جیاوازە، چونکە ئێمەیش لەو شەڕەدا ملیۆنێک کەسمان لە دەست دا. بەڵام یەکەم، بردمانەوە. دووەم، شەڕەکە دژی بیانییەکان بوو. شەڕی ناوخۆیی نەبوو. ئێمە لە لایەن کەسێکەوە نەچەوسێنرابووینەوە. ئەوە تاکە بەراوردێکە کە دەتوانم بۆ روونکردنەوەی ئەوە بیهێنمەوە. بۆیە چارەسەری ئەم پرسانە زۆر سەختە و من ناتوانم بڕیاریان لەسەر بدەم. من وەک باڵیۆزی بەریتانیا ناتوانم بڵێم ئەمە چارەسەری سیاسییانەی تەواوەتییە بۆ کێشەی دیالە یان کەرکووک. هەموو ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە پێموایە ئەگەر ئابووری باشتر ببێت، دەکرێت ئەمە بە تێپەڕبوونی کات باشتر ببێت. لە ئەزموونی خۆمانەوە لەگەڵ دۆخێکی وەک ئەمەدا تاکە شتێک دەتوانم بە نموونەی بهێنمەوە و بەراوردی بکەم بریتییە لە سەختییەکانمان لەگەڵ ئیرلەندای باکوور کە بۆ چەندین ساڵ، بۆ دەیان ساڵ، دوو کۆمەڵگەمان هەبوو کە بەهۆی ئایینەوە دابەش بووبوون، لەسەر هێما شوناسی و ئایینییەکان پەلاماری یەکدییان دەدا. خۆپیشاندان دەکرا و رووداوەکانی 300 ساڵ لەمەو بەر بەبیردەهێنرانەوە و شەڕیان دەکرد. لە ماوەی تەمەنی مندا سێ هەزار کەس لە بەریتانیا بەهۆی ئەوەوە مردوون. ئەوە چارەسەر نەبووە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە بە جۆرێک لە رێککەوتن گەیشتوون کە رێککەوتنێکی بێکەموکوڕی نییە، رێککەوتنێکی هەمیشەیی نییە، بەڵام رێی داوە کە ئابووری دیسانەوە بکەوێتەوە گەڕ. جا هەر کە ئابووری کەوتەوە گەڕ، ئیدی دەرفەت بۆ خەڵک دەڕەخسێت کە نەبنە بەشێک لە میلیشیا و کۆمەڵە تیرۆریستییەکان، بەڵکو بەشێک بن لە بونیاتنانی ژیان لەنێو ئەو کۆمەڵگەیەدا. جا کێشەکە چارەسەر نەبووە. پرسی شوناس چارەسەر نەبووە، بەڵام دەبێت راستگۆ بم کە بڵێم خەڵک خەریکن لە بیری دەکەن، چونکە لە ژیانیاندا شتی دیکەیان هەیە و لە بری ئەوەی کەسێکی 23 ساڵانی بێداهاتوو بن، کەسێکی 27 ساڵانن کە هاوژین و چەند منداڵێک و کاریان هەیە و لە کۆمەڵگەدا بەشدارن. بۆیە تا ئاستێکی زۆر ئابووری ئەو شتەیە کە دەتوانێت ئەم کێشانە باشتر بکات. جا با بگەڕێمەوە سەر ئەو قسەی کە گوتم، دەبێت بمێنیتەوە، چونکە ئەمە وڵاتی تۆیە.
 
رووداو: بەراوردت کرد لەگەڵ بەریتانیا لەگەڵ ئەو ئەوزموونەی کە باست کرد بەڵام ئێمە ئەزموونێکی نزیکترمان هەیە لە بەریتانیا کاتێک سکۆتلەندا ریفراندۆمی کرد بۆ سەربەخۆی هیچ یەکێکمان نەبینی لە هێزەکانی ئینگلتەرا بچێت هێرش بکات و بۆ نموونە گلاس کۆ کۆنتڕۆل بکا. بەڵام ئەوی لە عێراق بینیمان دۆخێکی زۆر زۆر جیاواز بوو چۆن چۆنی دەتوانی ئەو بەراورد کاریە بکەی کە دەشنێ دەپرسێ رێک ئەوەیە چونکە ئێستا راپۆرتی زۆر زۆر هەن لەسەر دروستبوونی دوورخستنەوەی خەڵک لەسەر زەوی و زاری خۆی، خەڵکانی گوندی پەلکانە کە مافی خۆیانە لەسەر زەوی خۆیان کشتوکاڵ بکەن رێگیریان لێ دەکرێ بە هەمان شێوە شاڵاوی تەعریب لە خانەقین دەستی پێ کردووتەوە، بە پێی هەموو ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو دەکرێنەوە و خەڵکی ناوچەکە خەڵکی لۆکاڵى ناوچەکە قسە ئەکەن لەسەر ئەوە ئەڵێی چی؟
 
ستیڤن هیچن: سوپاس. جیاوازیی هەیە. جیاوازییەکە ئەوەیە ... هیوادارم وەک پارێزەر دەرنەکەوم. نامەوێت وەک پارێزەر دەربکەوم ... بەڵام جیاوازییەکە یەکێکیان یاساییە کە سکۆتلەندا وڵاتێکی سەربەخۆ بوو و خۆیان ئەوەیان هەڵبژارد ببنە بەشێک لە شانشینی یەکگرتوو. واتە قەوارەیەکی یاسایی هەبوو بە ناوی سکۆتلەندا کە سەدان ساڵ سەربەخۆیی خۆیی هەبوو و پاشان بڕیاری دا بێتە سەر بەریتانیا.
 
رووداو: زۆر قسەهەڵگرە. 
 
ستیڤن هیچن: ئەوە راستە. ئەوە روویداوە. ئێمە لە ساڵی 1707ـەوە شانشینی یەکگرتووین و بەر لەوە سکۆتلەندا شانشینێکی سەربەخۆ بووە. شانشینی سکۆتلەندا و شانشینی ئینگلەند کە تێکەڵاوییان هەبووەو شەڕیان کردووە. بۆیە هەمیشە ئەگەری ئەوە هەبووە، کە ئەوان بڕیاری رۆیشتن بدەن. ئێستا ئەوان بڕیاریان نەدا بڕۆن، کە من وەک بەریتانییەک زۆرم پێ خۆشە. جیاوازییەکی دیکە بارودۆخەکەیە. ئەو 300 ساڵەی هاوبەشایەتی ئەزموونێکی ئەرێنی بووە و لەو ماوەیەدا سکۆتلەندا نەچەوسێنراوەتەوە و زۆربەی کات ئێمە سەرۆکوەزیرانمان سکۆتلەندی بووە. وەزیری سکۆتلەندیمان هەبووە. ئەوان سوودی زۆریان لە شانشینی یەکگرتوو وەرگرتووە. تووندوتیژی لەنێوان کۆمەڵگەکانماندا نەبووە. کەسی وەک سەدام نەبووە کە خەڵک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە رابگوازێت و کەسانی ئینگلەندی بەسەر سکۆتلەنداوە دابنێت. شتی وا رووی نەداوە. گرژی هەبووە، بەڵام دواجار بە هاوبەشایەتییەکی دڵخۆشانە ماوەتەوە. دەیڵێمەوە، پێموایە ئەمە بەشێکە لەو میراتەی ئێوە لەو مێژووەی سەدامەوە بۆتان ماوەتەوە کە مێژوویەکە لە لایەکیەوە جینۆسایدی گەلی کوردە و لایەکەی دیکەیشی هەوڵە بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی شوناسی ئێوە. لە بەریتانیا هەرگیز ئەوە رووی نەداوە. هەوڵی جیابوونەوە هەبوو کە رووی نەدا. بەڵام ئەگەر جیابوونەوەیەکیش روو بدات، ئەوا جیاوبوونەوەیەکی نێوان دوو دۆست دەبێت نەک ئەوەی ململانێ بێت لەسەر شوناس و خاک.
 
رووداو: ئەی دەتەوێت قسە بکەیت لەسەر ئەو تووندوتیژییانەی ئێستا لە هەندێک ناوچەدا هەن، وەک بەعەرەبکردن و ئەو شتانە بە گوێرەی هەندێک راپۆرت؟
 
ستیڤن هیچن: لە عێراقدا بە ئاشکرا گەلێک شت کەمتر لە تەواون. گەلێک رێگەی جیاواز هەن کە لێرەدا دەتوانین بۆ چەندین کاژێر دابنیشین و گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی مافەکانی مرۆڤ بکەین. من کە ئەوە دەبینم، ئەو پرسیارەی لە مێشکمدایە ئەوەیە تا چەندە ئەمە باشتر دەبێت؟
 
رووداو: باشتر دەبێت؟
 
ستیڤن هیچن: ئایا باشتر دەبێت یان خراپتر؟  
 
رووداو: وەڵامی تۆ بۆ ئەمە چییە؟
 
ستیڤن هیچن: پێموایە دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی شتەکان باشتر ببن.
 
رووداو: بەڵام ئێستا باشتر نابن.
 
ستیڤن هیچن: پێموایە ئەگەر ئێوە ئەوەی ئێستا تێیداین بەراوردی بکەین بە ساڵی 2016 و 17، ئەوا باشترە. ئەگەر بە ساڵی 2012 بەراورد بکرێت، ئێستا باشترە. ئێستا بەراورد بە ساڵی 2006 باشترە. دەڵێم هۆکاری گەشبینی هەن.
 
رووداو: کێ پرسیاری هەیە؟
 
زەید لە کەرکووک: من دەرچووی جیۆلۆجیم. پرسیارەکەم بەمشێوەیەیە؛ وەک دەزانن رێژەی بێکاری لە کەرکووک لە ئاستێکی بەرزدایە. سەرباری ئەوەی خاوەنی گەنجینەیەکی زۆری نەوتە. بۆچی کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیۆم کارەکانی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی باکوور تەواو نەکرد. ئایا بەریتانیا چاوی لە وەبەرهێنانی نەوت و غازی لەگەڵ نۆرس ئۆیل کۆمپانی هەیە؟ پرسیارێکی دیکەشم هەیە بەڕێز باڵیۆز؛ هەمووان رۆڵی ئاشکرای ئەمریکا و ئێران و تورکیا دەزانن، بەڵام کەس رۆڵی شاراوەی ئینگلیز نازانێت. دەمەوێ بزانم پێگەی تورکمان لە سیاسەتی دەرەوەی ئینگلیز لە کوێدایە؟
 
ستیڤن هیچن: سوپاس بۆ ئەو پرسیارە. خەریکە دەمئاڵێنیتە کێشەکانی کەرکووک. سەرەتا پرسیارت لەبارەی بریتش پێترۆلیۆم کرد، ئەوە کۆمپانیایەکی تایبەتە، هیچ بڕیارێکی حکومەتی بەریتانیای لەپشت نەبووە ئەوەی کە پرۆژەکەیان تەواو نەکردووە، ئەمە بڕیارێکە تایبەتە بەو کۆمپانیایە خۆی، بەڵام ئەگەر بمەوێ شتێک بەگشتی بڵێم، کۆمپانیا بەریتانی و رۆژئاواییەکان بەگشتی لە بارودۆخی سەقامگیر و ئاسایش و سەروەریی یاسادا گەشە دەکەن. کۆمپانیا هەن لە وڵاتانی دیکەوە رەنگە لە کەشوهەوای فەوزا و ناسەقامگیردا گەشە بکەن، بەرتیل و هەڕەشە و میلیشیای چەکدار، ئەوە ژینگەی سروشتیی ئێمە نییە. جا ئەگەر عێراقییەکان چاویان لە وەبەرهێنەری رۆژئاواییە، ئەمە تا ئاستێکی زۆر پشت بە پارێزگاری دەبەستێ، چونکە سەرمایە ترسنۆکە. هەر بزنسمانێکیش خۆی بڕیار دەدات کامە هەڵبژێرێ، ئایا وەبەرهێنان لە مەغریب دەکات یان لە کوێت یاخود لە سووریا و لە عێراق. جا ئەو ئەگەر بیەوێ عێراق هەڵبژێرێ، دێت تەماشای ئاسایش و ئاستی پارێزگاری دەکات. پێشموایە هەتا پێنج ساڵێک لەمەوبەر، بزنسمانەکان لە ژینگەی ئەمنی دەترسان، ئێستا لە ژینگەی یاسایی دەترسێن، لەمەدا جیاوازییەک هەیە و پێویستە سەروەریی یاسا هەبێ، بەمە دەتوانی شەپۆلێک لە وەبەرهێنان لە رۆژئاواوە بۆ عێراق رابکێشی. لە مەسەلەی سیاسەتی "شاراوە"ی بەریتانیا...
 
رووداو: رۆڵی شاراوەتان لە عێراق و راتان لەبارەی تورکمان..
 
ستیڤن هیچن: تورکمان لای ئێمە خۆشەویستن.. بەخێربێن و ئێوە باشترین خەڵکن.
 
رووداو: وەڵامێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستییانە.
 
ستیڤن هیچن: زۆر حەزدەکەم بچم سەردانی کەرکووک بکەم، بەڵام تا ئێستا کە سەردانم نەکردوون لەبەرئەوە بووە پارێزگار دەستنیشان نەکراوە و پێموایە پاش دانانی پارێزگار پشتیوان بەخوا سەردانتان دەکەم. بەڵام ئەگەر بکەومە پێش ئەوە و لەکاتی دانوستاندنەکان بێت، هەمووان وا لێکیدەدەنەوە کە ئەوە نیشانەی شتێکە. یان دەڵێن مانای ئەم سەردانە چییە. ئێمە دەمانەوێ سەردانتان بکەین و بۆ هەلی وەبەرهێنانیش بگەڕێین، بۆ هەلی فێرکاری و ئاواکاری و.. پلانمان بۆ ئەوێ هەیە و دەمانەوێ سەردانی بکەین، بەڵام ئەوە دەکەوێتە پاش سەقامگیربوونی بارودۆخەکە لە رووی سیاسییەوە.
 
عەبدوڵڵا خالیدی، خۆێندکارم لە کۆلێژی یاسا: من لە نەینەوا هاتووم، توشبووی تالاسیمیام. لە هەموو عێراق ئەم جۆرە نەخۆشییە باوە و پێموایە ئەمەش بابەتێکی تەواو عێراقییە و بایەخی هەموو عێراقییەکانە. مانگانە سەردانی بەغدا دەکەم بۆ پرۆسەی گۆڕینی خوێن، بەڵام هەواڵێکی خۆشم هەیە. ئەم نەخۆشییە ئێستا لە عێراق چارەسەری نییە، بەڵام هەواڵە دڵخۆشکەرەکە ئەوەیە، بەریتانیا یەکەم مۆڵەتی پێشوەختەی کارکردنیداوە بەناوی چارەسەری جینیاتی کاسڤیری کە لە رێگەی ئەم چارەسەرییەوە جیناتەکانی کریسپەر-9 دەگۆڕن، کە پەیوەندی راستەوخۆی بە چارەسەرکردنی نەخۆشییە بۆماوەییەکانی خوێن هەیە. لەنێو ئەمانەشدا تالاسیمیا دەگرێتەوە. دەکرێ ئەم چارەسەرییە لە عێراقدا بکرێت؟
 
ستیڤن هیچن: سوپاس بۆ پرسیارەکەت و خوا بتپارێزێت. ئێمە بەڕاستی شانازی بە رۆڵی هەندێک لە کۆمپانیا بەریتانییەکانی بواری دەرمانەوە دەکەین. کۆمپانیای ئەسترازینیکا کە لە سەردەمی کۆرۆنادا پێکوتەیەکی دروستکرد، کۆمپانیایەکی سەنگینە و لە 20 ساڵ لەمەوبەرەوە هاتووەتە ناو بازاڕەکانی عێراق. بۆیە پێموایە بوار هەیە بۆئەوەی کۆمپانیا بەریتانییەکان بێنە ناو بازاڕی عێراقەوە. وەکو بەشێک لە ئەرکی خۆم، دیارە من ناتوانم ناچاریان بکەم، ئەوە بڕیارێکی بازرگانییە، بڕیارێکی حکومی نییە، دەبێت راستییەکان وەکو ئەوەی کە هەن بۆ کۆمپانیا هەمەجۆرەکانمان روون بکەمەوە، بریقەدارکردنی نێوبانگ نا، بەڵام بۆیان روون بکەمەوە، بۆ نموونە جیاوازیی نێوان 2024 و 2021، بەرەوپێشچوونێک هەیە لەم ماوەیەدا، بەڵام جاری وا هەیە، رەنگە نێوبانگی وڵاتێک بکەوێتە پاش حەقیقەتی ئەو وڵاتە، بۆیە ئەرکی من ئەوەیە بۆیان روونبکەمەوە کە ئاستەنگەکانی بەردەم وەبەرهێنان چین، هەڕەشەکان چین، بەڕاستیش بڵێم بەشێکی کێشەکانی بەردەم کۆمپانیا بەریتانییەکان، کۆمپانیای دەرمان بن یان هی دیکە، بریتییە لە بڵاوبوونەوەی چەک. هەروەها میلیشیای چەکدار لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، بەتایبەتیش ئەو میلیشیایانەی گوتارێکی دووژمنکارانەیان بەرامبەر رۆژئاوا هەیە، بۆ کۆمپانیاکان زەحمەتە پارەی خۆیان لە وڵاتێکدا بخەنەگەڕ، کارخانە بکەنەوە و نووسینگەیان لە شارە جیاوازەکاندا هەبێت ئەگەر ببینن هەڕەشە لەسەر کارمەندەکانیان هەیە، ئەمە بەشێکە لە وێنەکە.
 
رووداو: بەڵام، بریتیش پترۆلیۆم 100 ساڵە لێرەیە و پارێزراون. بابەتەکە ئەوە نییە. 
 
ستیڤن هیچن: بابەتەکە ئەوەیە، بێستوون. بریتش پترۆلیۆم لە نەیجیریا ئەزموونی کاری نەیجیریای هەبووە، ئەزموونی کاری لە شوێنە سەختەکان هەبووە. بۆیە ئەوان توانای کارکردنیان هەیە لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتە سکیوریتییەکاندا، چونکە ئەوان زۆر گەورەن. ئەگەر کۆمپانیایەکی مامناوەند بیت و بژارەت هەبێت، ئایا کارگەکەت لە میسر دادەنێیت یان لە عێراق؟ ئەوە کە کۆمپانیایەکی مامناوەند بیت نەک کۆمپانیایەکی زۆر گەورە. ئەوا هەموو پارەکەت لە ئاسایشدا خەرج ناکەیت. پێموایە ئەگەر کۆمپانیایەکی نەوتیت هەبێت، رەنگە قازانجەکان ئەوەندە زۆر بن کە بتوانیت ئەو کارە بکەیت. بەڵام ئەگەر کۆمپانیایەکی مامناوەندیت هەبێت، ئەوە ناکەیت. کەواتە ئەوە بەشێکە لە رەوشە گشتییەکەی ئەو جێیە. ئێمە پێمان خۆشە بیانهێنین. دەمانەوێت لە رێگەی ئامێری پێشکەوتووەوە هاوکارییان بکەین.
 
مستەفا جبووری، پارێزەر لە بەغدا: حکومەتی ئێستای بەریتانیا چۆن سەیری سیاسەتەکەی دەکات لەبارەی شۆڕشی 20 و تا چەند کاریگەریی بەسەر پەیوەندییەکانی ئێستای عێراق-بەریتانیا هەیە؟
 
ستیڤن هیچن: بوارم بدە سەرەتا وەڵامی پرسیارەکە وەکو مێژوونووسێک بدەمەوە و پاشان وەکو دیپلۆماتێک. وەکو مێژوونووس، پێموایە ئەو ماوە زەمەنییە، ماوەی پادشایی لە عێراق و هەروەها مانداتی بەریتانی زۆر شت هەن شانازییان پێوە بکەین، وەکو ژێرخان، وەکو یاساکان، مۆزەخانە، پرد و رێگەوبان، شتی دیکەی وەکو وەبەرهێنان لە وڵاتەکە، بەڵام کاردانەوە لە هەمبەر هەژموونی بەریتانیا لە وڵاتێکی دیکەی وەکو عێراق، بە دڵنیاییەوە ئەم هەژموونە بەریتانییە بووەتە مایەی بێزاری و جووڵاندنی هەستی نیشتمانی و سەری کێشا بۆ شۆڕش، بۆیە من شانازی بە تۆماری باپیرانمەوە ناکەم لەم رووەوە، چونکە لە دیدگایەکی ئەخلاقییەوە ئەو هەژموونە بەریتانییە کارێکی دروست نەبوو، بۆیە ئێمە لەو رووەوە هەڵگری هەمان بەهای باپیرانمان نین. ئێستا سوپاس بۆ خوا چووینەتە سەردەمێکی نوێوە لە پەیوەندیی دووقۆڵی، هاوبەشییەکی هاوسەنگ و یەکسانە و لەسەر رێزگرتنی دوولایەنە دامەزراوە. وەکو گوتیشم ئێمە دەمانەوێت ئەم پەیوەندییە بەرینتریش بکەین و لەو بەردی بناخەیەوە کە ئارامی و ئاسایشە، هەنگاو بەرەو بازرگانی و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ماددەی هۆشبەر و شتە هاوبەشەکان بنێین. ئێمە هاوبەشیمان دەوێ و پێموایە محەممەد شیاع سوودانیش هەمان ئامانجی هەیە. پشتیوان بە خوا لە چەند مانگی داهاتوودا سەردانی لەندەن دەکات و هەندێک رێککەوتننامە واژۆ دەکەین.
 
عەباس فازڵ لە نەجەف: من خوێندکاری بەشی پزیشکیی گشتیم لە زانکۆی کوفە. ئایا هیچ دەرفەتێک هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای بەریتانیا بۆ ئەوەی بتوانین گەشت بۆ بەریتانیا بکەین؟ مەبەستم بۆ پێدانی رۆڵی پاڵپشتیکردنی خوێندن و گەشەپێدانە.
 
ستیڤن هیچن: بەداخەوە لە گیرفانمدا نییە مۆر لە پاسپۆرتەکەت بدەم. خۆزگە بەدەستی ناوخۆ دەبوو نەوەک دەرەوە، ئەوە یەکەم شت، بەدەستی ئێمە نییە وەکو باڵیۆزخانە. دووەم شت، حەز دەکەم بڵێم ژمارەی ڤیزا بۆ عێراقییەکان ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت، بە رێژەیەکی زۆریش زیاد دەبێت کە نزیکەی 50%یە، ئەم ساڵ زیاتر بووە لە ساڵی رابردوو یان ساڵی پێش ئەو. ئێمە هەروەها زەمالەشمان هەیە بۆ خوێندن لە بەریتانیا لەلایەنی حکومەتەوەیە، پرۆگرامێکمان هەیە بەناوی چیڤنینگ، پێموایە لە مانگی داهاتووەوە دەرگای پێشکێشکردنی داوا دەکەینەوە. ئەمە بۆ ماستەرە لە هەر زانکۆیەک، لە هەر بوارێک و هەر زانکۆیەک. تێچووی ئەمەش هەمووی لەسەر ئێمەیە، تێچووی خوێندن و سەفەر و دەرماڵەیەکی مانگانەی سادە. دەوڵەتی بەریتانیا لەوەیاندا دەستی نووقاوە، بەڵام بەردەستیشە. زەمالە لە زانکۆ تایبەتەکانیش هەن، ئەمە نزیکەی دوو هەزار کورسییە و عێراقییەکانیش دەتوانن داوا پێشکێش بکەن، داواکانیان راستەوخۆ بدەنە زانکۆکە نەوەک لە رێگەی حکومەتەوە. کەواتە چەندین ئامراز و رێگە هەن بۆ گەیشتن بە بەریتانیا بە شێوەیەکی یاسایی. خەڵکێکیش هەن کە هەوڵ دەدەن بە رێگەی نایاسایی بگەنە بەریتانیا، بەڵام ئەمەیان پرسیارێکی دیکەیە.
 
رووداو: پرسیارێکی دیکە بەڵام دەزانیت ئەنجامەکەی چییە؟ ئەوەیە لە راستیدا بەریتانیا ساڵانە مافی پەنابەریی زیاتر دەدات بەو کەسانەی لە عێراقەوه به قاچاخ دەچن بۆ بەریتانیا وەکو لەوانەی بە فەرمی داوای ڤیزا دەکەن لە بەریتانیا؟
 
ستیڤن هیچن: ئێستا بۆ عێراقییەکان زۆر زەحمەتە مافی پەنابەری لە بەریتانیا وەربگرن، زۆر دەگمەن بووە، چونکە لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان، لەو ساڵانەی کە زوڵم و زۆری سەددام هەبوو، ئێمە شانازی بەوەوە دەکەین کە داڵدە و شوێنێکی ئاراممان بۆ خەڵکێک دابین کردووە لەژێر مەترسیی رژێمی سەددامدا بوون. ئێستاش بارودۆخ لە عێراق نموونەیی نییە، بەڵام زوڵمیش نییە. ناتوانین بارودۆخی سەردەمی سەددام لەگەڵ کورد و لەگەڵ شیعە لە نەجەف و لەگەڵ هەمووان، لەگەڵ سوننەش بە بارودۆخی ئێستا بەراورد بکەین.
 
رووداو: بەو بۆنەیەوە، "ئەکراد" نا، "کورد". دەزانیت ئەو وشەیەمان پێ ناخۆشە؟
 
ستیڤن هیچن: نەمزانیوە.
 
رووداو: با. وشەی "ئەکراد" بۆ ئەوە بەکارهێندراوە کە "کورد" بچووکتر پیشان بدرێن.
 
ستیڤن هیچن: ئەی کۆیەکەی چییە؟ چۆن کۆی بکەمەوە؟
 
رووداو: کۆی نییە. ئایا عەرەب و ئینگلیز کۆیان هەیە؟
 
ستیڤن هیچن: داوای لێبووردن دەکەم. بە مەبەست نەبوو. ئەی وشەی "ئەتراک"؟
 
رووداو: ئەوەیش هەر بۆ سووکایەتییە. 
 
ستیڤن هیچن: باشە. وڵاتەکەتان جوانە، بەڵام دەڵێی کێڵگەی مینە.
 
رەشاد لە ئەنبار: لە خاکی بەسرە و لە شاشەی رووداو-ی کوردی پرسیار ئاراستەی باڵیۆزی بەریتانی دەکەم. لە سەردەمی شۆڕشی 20 لەو کاتەدا چەند سەرکردەیەک سەریانهەڵدا و رۆژێک لە رۆژان ئەفسەرێکی بەریتانی بەناوی موقەدەم لۆجمێن بەدەست سەرکردە عێراقییەکان کوژرا. پێتانوایە ئەمانە سەرکردە بوون لەپێناو نیشتمانی خۆیان گیانیان بەخت کرد؟ رای تۆ چییە لەبارەی ئەوانەی لەپێناو ئازادییان دەجەنگن؟
 
ستیڤن هیچن: بەڵێ بیرۆکەکە گەیشت، سوپاس. ئەوەش کێشەیە باڵیۆزی بەریتانیا بیت نەک باڵیۆزی دانیمارک. ئەگەر باڵیۆزی سوێد بیت هەمان ئەو مێژووەت نییە. هەندێک جار بەڕاستی بۆ نموونە بیر لە باپیرەم دەکەمەوە. من بینیبووم، کە کۆچی دواییکرد تەمەنم 10 – 11 ساڵان بوو، بێگومان باپیرەم بوو زۆرم خۆشدەویست، بەڵام ئێستا بیر دەکەمەوە ئاخۆ رای چی بووە لەسەر ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا لە سەردەمی گەنجیی خۆیدا، ئاخۆ شانازی بەوەوە کردووە یان دژی بووە؟ بۆم ئەستەمە بیهێنمە پێش چاو کە کەسێکی وەکو ئەو ئەخلاقی، باوەڕداری کریستیان و پابەند بە ئایین، چۆن پاساوی ئەوەی داوە دەست بەسەر وڵاتێکی دیکەدا بگرن؟ بۆیە ناتوانم پێتان بڵێم کە... دەمەوێت بڵێم ئەوە بەڕاستی شتێکی حەتمییە، هەر هەژموونێک لە دەرەوە، بۆ نموونە هەژموونی.. تورکی؟ تورکەکان؟ نابێ بڵێم تورکەکان، هەژموونی ئیمپراتۆریی عوسمانی لەسەر وڵاتی ئێوە، لە دەرەوە، لە ئیستەنبووڵەوە، ئەوەش دیسان هەستی بێزاری و ناڕەزایی دروست کرد. بۆیە دەڵێم یاخیبوون، یان شۆڕشی 20 شتێکی حەتمی بوو. ئایا بەریتانییەکان لە ماوەی پاش ئەوە حوکمی ئەم وڵاتەیان بە شێوەیەکی حەکیمانە کرد؟ وەڵامی ئەمە لای ئێوەیە، بەڵام دواتر سەری کێشا بۆ شۆڕشی دیکە. دەتوانین بڵێین ئەو سەربەخۆییەی ساڵی 1932 سەربەخۆییەکی راستەقینە نەبوو، چونکە دیسان هەژموونی بەریتانیا لە پشتی پەردەوە هەر هەبوو. ساتی سەربەخۆیی راستەقینە ئەوکاتە بوو کە سەردەمی پاشایەتی کۆتاییهات. ئەوەشی دواتر لە سەردەمی کۆماریدا روویدا، نازانم رای ئێوە چییە؟ کامیان باشتر بوو، سەردەمی پاشایەتی یان کۆماری؟ وەڵامی ئەمە ئاسان نییە، بەڵام ناتوانم پاساو بۆ هیچ حوکمێکی بیانی لەسەر هیچ وڵاتێک بهێنمەوە. بۆیە پێموایە ئەو کاردانەوەیەی ساڵی 1920 شتێکی ئاسایی بوو.
 
دالیا لە هەولێر: من دالیا فەتحی بارزانیم، خەڵكی هەولێرم. فیزیۆسێراپیستم. ئەگەر بە مێژوودا بتگەڕێنمەوە، لە رۆژی 31ی تەممووزی 1983ـدا هەشت هەزار بارزانی بە فەرمانی رژێمی بەعس لە چیاکانەوە بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق راگوێزران و کوژران. جا تکایە با ساتێک بە بێدەنگی رێزیان لێ بنێین. سوپاس. حەز دەکەم قسەکەم بە کوردی تەواو بکەم.  لە بەرنامەی (سەفیر شۆ) کە بەڕێزتان پێشکێشی دەکەن.. لە ئەڵقەی شەشەم لە شاری نەجەف بوویت، لە دووکانێکی نەجەف دانیشتبووی دووکانی عەبای عەرەبی بوو، داوات لە دووكاندارەکە کرد کە ئەو عەبای کە مێسی لە کاسی جیهانی لەبەری کردبوو تۆش داوات کرد بیپۆشی،  بەو بۆنەیەوە رەنگی بوونیەت (قاوەیی) هەڵبژارد. هەروەها لە سەردانێکت بۆ شاری هەڵەبجە گوتت کە من لە پاییزدا دەگەڕێمەوە بۆ هەنار، بۆ هەناری هەڵەبجە. منیش سەرنجی ئەوەم دا چەندێک جەنابتان سەرسامی کولتوور و دەستووری عێراقی و کوردستانین. بەو بۆنەوەیەوە بڕیارم دا بە دەرفەتێکی گەورەم زانی کە منیش لە کوردستانەوە دیارییەک بۆ جەنابتان بهێنم ئەگەر قبووڵی بکەن. دیارییەکەی من، من پێتان دەڵێم : بەڕێز ئەگەر ئێوە لە وڵاتی بەریتانیا خاوەنی تاجی شاهانەیی گرانبەها و پاشایەتی بن، ئێمە لێرە لە کوردستان خاوەنی جامانەی کوردین، كە رەمزی تێکۆشان و بەرخوودان و قوربانيدانی چەندین هەزار شەهید و ئەنفالکراوەکانە، بۆیە لە دەڤەری بارزانەوە جامانەی سوورم هەڵبژارد، ئەوە نەبێت کە فەرق و جوودایی بێت، بەڵام بەو بۆنەوەی کە یادی هەشت هەزار بارزانییە ئەنفالکراوەکان و 182 هەزار کورد لە کوردستان کە ئەنفال کران و جینۆساید کران. ئەگەر دەرفەتم پێ بدەی خۆشحاڵ دەبم، کە ئەم جامانەیە کە سوپاسی باوکم دەکەم لێرەوە کە بە دەستەکانی خۆی بۆی ئامادە کردووی، پێشکێشی جەنابتی دەکەم.
 
ستیڤن هیچن: دەتوانم بیبەم؟
 
دالیا: بێ گومان. بۆ تۆیە.
 
ستیڤن هیچن: جوانە. سوپاس. نازانم دوای ئەمە خەندە بکەم یان بگریم، بەڵام دەزانم کاتێک لە هەولێر هاوڕێکانم دەبینم، کاک مەسعود و کاک مەسرور و کاک نێچیرڤان، رەنگە ئەمە لەسەر بکەم. بەڵام ئەو رووداوەی باست کرد، ئەنفال و دیارنەمانی هەشت هەزار بارزانی رووداوێکی زۆر ناخۆشە. ناتوانین وێنای بکەین، بەڵام برین جێدەهێڵن. من وەک بیانییەک پێموایە هەر کەسێک دەتوانێت زۆر بە روونی ئەو برینانە ببینێت کە زۆر سەختە 170 هەزار کەس لە دەست بدەیت و جارێکی دیکە متمانە بە کەسێکی دیکە بکەیت. تا رادەیەک ئەستەمە. نازانم ئێوە چۆن دەتوانن خۆتان ناچار بە متمانەکردن دەکەن. ئێستا ئەو کارەی لە ئەستۆی ئەم نەوەیەیە ئەوەیە کە چۆن دەتوانن ئەم مێژووە تێبپەڕێنن و دوای ئەو هەموو شتە ناخۆشە متمانە بە یەکێکی دیکە بکەن. ئەو شتە ناخۆشانە بەسەر هەموو کۆمەڵگەکاندا هاتوون. کوردیش بەسەرهاتی ناخۆشی خۆیانیان هەیە. هەموو کۆمەڵگەکانیش بەسەرهاتی ناخۆشیان هەیە. بەڵام ئەوەی لەمەوە تێیدەگەین ئەوەیە کە ئێوە لە فەرهەنگەکەتاندا شانازییەکی گەورەتان هەیە و، زۆر ئاواتەخوازم لەگەڵ خۆمدا بۆ نیشتمانی ببەمەوە.
 
موهەیمن موسەوی لە کەربەلا: من بەکالۆریۆسم لە زانستە سیاسییەکان هەیە. ئایا رۆڵتان هەیە لە دروستکردنی مەرجەعە ئایینییەکانی شیعە لە عێراق؟ پرسیارەکەم لەوە سەرچاوەی گرتووە کە بەریتانیا پەیوەندییەکی دێرینی لەگەڵ عێراق هەیە و بەرژەوەندیی هاوبەشتان هەیە، کە رەنگدانەوەی بەسەر چەندین قۆناخی مێژووییدا هەبووە. خوێندنەوەتان بۆ پەیوەندییەکانتان لەگەڵ مەرجەعی ئایینی چۆنە و پەیوەندیتان لەگەڵ دامەزراوەکانی سەر بە مەرجەعییەتەکانی ناو عێراق لە چ ئاستێکدایە؟ ئامانجی هاوبەشیشتان چییە؟
 
ستیڤن هیچن: سوپاس بۆ پرسیارەکەت. ساڵی رابردوو سەردانی کەربەلا و نەجەفیشم کرد. پێش دوو یان سێ هەفتەش دووبارە لە نەجەف بووم. لەوێ باسی هەندێک بیرۆکەم کرد و رێزێکی زۆرم بۆ سەماحەتی سەید عەلی سیستانی و رۆڵی مەرجەعیەت لەم ساڵانەی پاش رووخانی رژێمی عێراق دەربڕی. بێگومان رۆڵی سیاسی ئەو دیارە، بەڵام پێموایە ئەو رۆڵەی سەماحەتی سەید عەلی سیستانی و پیاوانی ئایینی و حەوزە دەیگێڕن، لە ژیانی خەڵکدا زۆر گرنگە، بێگومان لە ژیانی شیعەکاندا. هەر ئایین بەگشتی رۆڵێکی زۆری لە ژیانی کۆمەڵگەدا هەیە. من خەڵکی وڵاتێکی عەلمانیم، بەڵام لە ماڵێکدا پەروەردە بووم کە باوەڕدار بووە، بۆیە لە کەشوهەوای ئایینیدا ئاسوودەم. لە عێراقیش دەبینم کە ئایین رۆڵێکی گەورەی هەیە وەکو سەرچاوەی خۆشنوودی و سەرچاوەی خۆشەویستی و سەرچاوەی ئەخلاق لە ژیانی رۆژانەی خەڵکدا. هەندێک جار گوێم لە هەندێک کەس و لایەن دەبێت لە رۆژئاوا کە دەڵێن ئایین شتێکی دواکەوتووانەیە، دیارە ئەوە هەرگیز رای ئێمە نییە.... بەڵام مەرجەعیەت دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و دوورە لە کاریگەریی بەریتانیا. پێموایە سەماحەتی سەید عەلی سیستانی بریکارێکی لە لەندەن هەیە وەکو چۆن نوێنەرانی ئایینە جیاوازەکان لەوێن. ئەگەر تەنیا ئەوە ببینی کە مەرجەعیەت نوێنەرایەتیی لە بەریتانیا هەیە و لەمەوە ئەنجامگیریی ئەوە بکەیت کە ئێمە پشتیوانی لە مەرجەعیەت دەکەین، ئەمە بەشێکی زۆر بچووکی وێنەکەیە. بەریتانیای ئەمڕۆ وڵاتێکی هەمەڕەنگە و ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی باپیرانم، بەریتانیا ئەوکاتە دەوڵەتێکی کریستیان بوو. 99%ی خەڵکەکەی کریستیان بوون، بەڵام ئەمڕۆ چوار ملیۆن موسڵمان لەوێ هەن. چوار ملیۆن موسڵمان لە بەریتانیا. سەرۆکوەزیرانمان بە رەچەڵەک هیندی بوو. موسڵمانمان هەبووە پارێزگاری لەندەن بووە، قایمقام، وەزیری دارایی، وەزیری دەرەوە، سەرۆکوەزیرانی سکۆتلاند، هەموو ئەمانە موسڵمان بوون، بۆیە ئێمە وڵاتێکی هەمەڕەنگین و لە بەریتانیا ئازادیی تەواوی رادەربڕین و ئازادیی پەرستن هەیە. من رێز لە رۆڵی سەماحەتی سەید عەلی سیستانی دەگرم و وا سەیری دەکەین کە دامەزراوەیەکی زۆر گرنگە بۆ ئاییندەی عێراق، بەڵام ئێمە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیادا ناژین. ئەمە سەردەمی نووری سەعید پاشا نییە کە باڵیۆزی بەریتانیا سەرۆکوەزیران دیاری بکات، ئەوە سرووشتی نییە و رۆڵی من ئەوە نییە، رێز دەگرین بەڵام پشتیوانی ناکەین.
 
کاڵێ لە هەڵەبجەوە: زۆر بەخێر بێیت بەڕێز ستیفن، من کاڵێم خوێندکاری بەشی بازرگانیم لە زانکۆی هەڵەبجە، پرسیارەکەم ئەوەیە کاتێک شێخ مەحموود لە دەربەندی بازیان بە برینداری دەستگیر کرا، لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە رەوانەی هیندستان کرا.  پاشان حکومەتی بەریتانیا ویستی جێگرەوەیەک بۆ شێخ مەحموود دابنێت، بەڵام هیچ کەسایەتییەکی کاریزما وەکو ئەو نەدۆزرایەوە، بۆیە بە ناچاری گەڕێندرایەوە. من پرسیارەکەم لێرەدا ئەوەیە کە ئایا کە گەڕێندرایەوە مردنەکەی ئاسایی بوو؟
 
ستیڤن هیچن: ئەوە پرسیارێکی مێژوویی گرنگە کە وەڵامەکەیم لا نییە.
 
رووداو: وابزانم یەکێک لێرە بوو گوتی من نەوەی مەلیک مەحموودم پێش بەرنامەکە، تۆ بوویت؟ ئەو نەوەی مەلیک مەحموودە.
 
ستیڤن هیچن: واو!
 
بەڵێن شێخ موستەفا: من نەوەی شێخ مەحموودی حەفید، مەلیکی کوردستان لە شاری سلێمانییەوە بەشدارم. 100 ساڵ لەمەوبەر حکومەتی بەریتانی بەڵێنێکیان بە گەلی کورد دا بۆ دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ وەکو چۆن بۆ عێراقیان کرد، بەڵام  بۆچی حکومەتی بەریتانیا پاشگەز بووەوە؟
 
رووداو: پرسیارێکی قورسە.
 
ستیڤن هیچن: بەڵێ. بۆ پرسیاری ئاسان نەهاتوومەتە ئێرە. وەڵامی پرسیارەکە نازانم. ئاگام لەو چیرۆکەیە کە بەریتانیا دەینێرن بۆ هیندستان و پاشان دەیهێننەوە. نازانم چۆن مردووە. پرسیاری تایبەت بە سەربەخۆیی کورد و رۆڵی ئێمە تێیدا وەڵامەکەی دوور و درێژ و ئاڵۆزە. دەتوانین چەندین کاژێر لێرەدا دابنیشین و قسەی لەسەر بکەین. ئەگەر لێکۆڵینەوە بکەیت لەسەر ئەوەی بە راستی روویداوە لەنێوان ساڵانی 1919 بۆ 1923دا کە دانوستاندنەکان دەکران، چوار کەس هەبوون کە بریتی بوون لە لۆید جۆرج، ویڵسن، کلێمەنسۆو و یەکێکی ئیتاڵیایی کە دەبوو بڕیار لەبارەی تەواوی ئیمپراتۆریەتی رووخاوی هابسبۆرگ و ئیمپڕاتۆریەتی رووخاوی رووس و ئیمپراتۆریەتی رووخاوی عوسمانییەوە بدەن. ئەوەی کردیان بە روونی بەشێک بوو لە داینامیکی هێز لەنێوان ئەو وڵاتانەدا کە گەورەتر بوو لەو دۆخەی لە سلێمانی و هەولێر هەبوو. ئەوان لەو شتانەدا شارەزا نەبوون، بەڵام دەبوو کار بکەن. زۆر کار هەبوو بیکەن، بۆیە زۆر بە خێرایی کاریان دەکرد. وەڵامی راستەقینەی ئەو پرسیارە ئەوەیە کە بارودۆخی دراوسێکانتان، دراوسێکانی گەلی کورد، رێگەی بە دروستکردنی دەوڵەتی کورد نەدەدا. لەو کاتەدا هەر زۆر سەخت دەبوو دەوڵەتێک بۆ کورد دروست بکرێت. پێموایە وەڵامی دووەمیش ئەوەیە کاتێک ئەوان پرسیاریان لێ کرا کە ئایا گەلی کورد نەتەوەیە یان ئایا گەلی کورد کۆمەڵە هۆزێکی جیاوازن کە شەڕی یەک دەکەن تاوەکو خەڵکی دیکە؟ ئەوا وەڵامەکە "بەڵێ" بووە. وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوە بووە کە کورد کۆمەڵێکی یەکگرتوو نین و بە زمانی جیاواز قسە دەکەن و فەرهەنگی جیاوازیان هەیە و هیچ سەرکردەیەکی رۆحییان نییە.
 
رووداو: لەگەڵ ئەوەیشدا مەلیک مەحموود سەرکردایەتیی گەلی کوردی دەکرد. لە نامەکانی دیپلۆماتێکی بەریتانیدا بەر لەوەی بەریتانیا لە بەڵێنی دەوڵەت بە کورد پەشیمان ببێتەوە، دەتوانین ئەوە ببینین کە وەکو نەتەوە باسی کورد دەکات و مەلیک مەحموودیش وەکو پاشایەکی بەهێز باس دەکات.
 
ستیڤن هیچن: خۆی هەندێک کەس لەنێو سیستمی بەریتانیدا پێیان وابوو کورد گەلن، کەسانی دیکە پێیان وانەبوو. بۆیە گفتوگۆیەکی راستەقینە لەسەر ئەوە هەبوو. هەروەها پێموایە شتی دووەمیش کە گومانی تێدا نییە ئەوەیە کە زۆربەی ئەو بڕیارانەی لەبارەی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دران، پەیوەندییان بە دەسەڵاتی سیاسیی گەورەتر و فراوانتر لە تاکە کەسەوە هەبوو.
 
رووداو: زۆر ببوورە. ئێمە باسی مێژوو دەکەین، بەڵام زۆر نەتەوە کە لەلایەن ئیمپراتۆریەتی بەریتانیاوە دروست کران نەتەوە نەبوون، بەڵام ئیمپراتۆریەتی بەریتانی نەتەوەی بۆ دروست کردن. ئایا پێتوایە ئەمە وەڵامێکی واقیعییانەیە بۆ ئەم پرسیارە مێژووییە؟
 
ستیڤن هیچن: خۆی ئەوەی سنوورەکان لە کوێدا کۆتاییان بێت و لە کوێدا دەست پێبکەن، بابەتی دانوستاندن بوو لەنێوان فەرەنسایی و بەریتانی و ئەمریکاییەکان. ئەوە ئەو شتە بوو کە رووی دەدا. من لێرەدا دانانیشم و بڵێم ئەوە باشترین کار بوو. ئاشکرایە ئەوە باشترین کار نەبوو بۆ دیزاینکردنی شتەکان. سەرنجی من لەبارەی هەوڵدان بۆ روونکردنەوەی ئەوەی ئەو دۆخە چۆن بووە ئەوەیە کە ئەو بڕیارەیان لەبارەی کوردەوە یەکێک بووە لەو 200 بڕیارەی داویانە. ئایا دەبوو بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە بدەن زانیاریی زیاتریان هەبووایە؟ دڵنیام دەبوو بڕیارەکە بدەن. ئایا بۆ ئەو بڕیارە 10 ساڵیان لەبەردەمدا بوو؟ دۆخەکە  شیاوی بەڕێوەبردن نەدەبوو. من هەندێک هاوسۆزیانم بۆ ئەو دۆخەی خۆیانیان تێدا بینیوەتەوە، بەڵام پێم وانییە، ئەوەندەیش سادە نییە کە بڵێن هەموو راستییەکانمان لا بووە و تەواو تێگەیشتووین و بەو بڕیارە گەیشتووین. پیلانگێڕییش نەبوو. ئەنجامی پێکدادانی زلهێزەکان بوو.
 
ئەحمەد محەممەد سەبری لە پارێزگای بابل: من لەدایکبووی 2002م. بچووکترین شێفی حەلوانیم. بەشداریم لە گەورەترین فێستیڤاڵی خواردن و چێشتلێنان کرد کە زیاتر لە 20 وڵات تێیدا بەشداربوون. لە تەمەنی منداڵیمانەوە لە سەرەتاکانی 2003دا گۆڕانکاری لە دەسەڵات روویدا. چاومان لەوە بوو عێراق لەڕووی ئابووری و پیشەسازییەوە گەشە بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمەمان نەبینی. دوای تێپەڕبوونی دوو دەیە دۆخی خزمەتگوزاری و ئابووری و گەشەپێدان لە پاشەکشەی بەردەوامدایە. بەشێک لە سیاسەتڤانان لە لێدوانەکانیاندا تۆمەت دەخەنە پاڵ ئەمریکا و بەریتانیا و دەڵێن بە دەستی ئەنقەست ئەم کارە دەکەن بۆ ئەوەی درێژە بە هەژموونیان بدەن لە عێراق. ئێوە راتان چییە، پێتانوایە وڵاتی دیکەش پەیوەندیی بەم پاشەکشەیەوە هەبێت؟
 
ستیڤن هیچن: سوپاس بۆ پرسیارەکەت و بەخێربێی. لەم دواییەدا لە حیلـلە بووم، چونکە پرۆژەیەکی گەورە هەبوو لەوێ کە هاوکارییە داراییەکەی لەلایەن ئێمەوەیە و تایبەتە بە زێراب و هەروەها تۆڕی ئاوی خواردنەوە بۆ خەڵکی حیلـلە. بودجەی ئەم پرۆژەیە نزیکەی یەک ملیار دۆلارە و بەریتانیا پارەکەی دابین دەکات. پێموایە هەڵە تێگەیشتنێک لەپشت ئەو پرسیارەوە هەیە، کە گوایە ئەمریکا یان بەریتانیا حەزیان لەوەیە لە عێراقدا فەوزا هەبێت، بۆئەوەی بتوانین دەست بەسەر عێراقدا بگرین. کاری لەپێشینەی بەریتانیا و دەوڵەتانی دیکەی ئەورووپاش بە شێوەیەکی گشتی ئەوەیە کە لە عێراقدا سەقامگیری هەبێت. بە پێچەوانەوە ئێمە لە ناسەقامگیریی عێراق دەترسێین، چونکە ئەوە هەم کێشەی نێوخۆیی بەدواوەیە و هەمانکات، هەر نائارامییەک لە عێراقدا کاریگەری لەسەر دەرەوەی خۆیشی دەبێت. ناوچەکە دەشڵەژێنێت و تەنانەت دەگاتە ئەورووپایش. سەرهەڵدانی داعش بۆ نموونە، خۆ پێکهێنەرە سەرەکییەکانی داعش عێراقی و سووری بوون، بەڵام لێکەوتەکانی گەیشتە بەریتانیاش. تەنانەت کێشەی ئەمنیی زۆری بۆ بەریتانیا و فەرەنسا و بەلجیکا دروستکرد. هەموو ئەو کێشانە لە موسڵ و رەققەوە سەرچاوەیان گرت. بۆیە ئێمە ترسێکی زۆرمان لە ناسەقامگیریی عێراق هەیە، نە ئەوەی لە سەقامگیریی ئێرە بترسین. ئێمە دەمانەوێت لێرە دەوڵەتێکی بەهێز هەبێت، دەوڵەتی بەهێز وەکو ئەوەی سەددام نا، دەوڵەتێکی بەهێز کە بتوانێت ئاستی گوزەرانی گەلی عێراق باشتر بکات. ئەم دەوڵەتەی ئێستا بەهێز نییە، بۆیە وەکو گوتم ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا تەنیا لە شوێنێکدا دەتوانن گەشە بکەن کە سەقامگیری و دڵنیایی هەبێت. کۆمپانیاکانی ئێمە دەچنە بازاڕێکەوە کە دڵنیا بن پارێزراو دەبن، کە دڵنیا بن کارمەندەکانیان پارێزراو دەبن، بۆیە ئەوەی ئێمە دەمانەوێت پێچەوانەی فەوزایە. ئێمە دەمانەوێت ئاسایش لێرە هەبێت، چونکە لەڕووی دۆستایەتییەوە ئەمەیان بۆ ئێمە باشە، هەروەها لەڕووی بەرژەوەندیشەوە. لە بەرژەوەندیی ئێمەیە کە ئارامی و ئاسایش لە عێراق و لە ناوچەکە هەبێت، ئەوەی ئێمە لێی دەترسین فەوزایە. بەڵێ دەوڵەتی دیکە هەن کە لە کەشی بێسەروبەریدا گەشە دەکەن. ئێمە هیچ میلیشیایەکمان نییە، ئەمە خۆ ئاشکرایە و نەهاتووین میلیشیا دروست بکەین. لە شوێنێکدا کە بێسەروبەری هەبێت و سەروەریی یاسا نەبێت، بۆ هەندێک لایەن باشە و لەوێدا گەشە دەکەن، بەڵام ئەوەی تایبەت بێت بە وڵاتانی ئەورووپا، ئێمە لە شوێنێکدا وەبەرهێنان دەکەین و دەتوانین کاریگەر بین و پێگەی دیپلۆماسیمان بەهێز بێ کە بۆ نموونە وڵاتێک بێت وەکو سعودیە، یان ئیمارات، چونکە وەبەرهێنان لەوێ دەپارێزرێت، ئاسایش هەیە، میلیشیا نییە، بۆیە لەوێ دەتوانین گەشە بکەین. کەواتە ئێمە دەمانەوێت عێراق وڵاتێکی ئارام بێت، ئەمە چ لەڕووی دۆستایەتی و چ لەڕووی مێژووی هاوبەشمان کە وەکو لە پرسیارەکانتانەوە دەرکەوت شتێک هەیە بۆماوەییە، بووە بە نەریتێک بۆ باڵیۆزی بەریتانیا، من وەکو باڵیۆزی دانیمارک نیم، کەواتە لەڕووی مێژوویش، بەڵام لەوانە گرنگتر لەڕووی بەرژەوەندی، پێشموایە دواجار هەر سیاسەتوانێک لە لەندەن بێت یان لە بەغدا یاخود لە دیمەشق و عەممان، یەکەمین شت و دوایین شت کە بیری لێدەکاتەوە بەرژەوەندییە. ئەمەش ئەرکی منە وەکو باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کە بەرژەوەندییەکانی وڵاتی خۆم بپارێزم. بەرژەوەندی و کاری لەپێشینی ئێمەش سەقامگیریی عێراقە، سەقامگیرییەکی وەهمی نا، سەقامگیری لەڕێی سەرکوتەوە سەقامگیرییەکی وەهمی و لەرزۆکە، سەقامگیریی راستەقینە لە حوکمڕانیی دروستەوە سەرچاوە دەگرێت، لە دامەزراوە و ئابووریی بەهێزەوە سەرچاوە دەگرێت.
 
عەبدوڵڵا میران، قوتابی لە کۆلێژی ئاداب بەشی راگەیاندن: من وەک تورکمانێک دڵخۆشم بەشداریم لەم بەرنامەیە کردووە. زۆر دەمێکە دیموگرافیای کەرکووک دەگۆڕدرێت. لە سەردەمی رژێمی لەناوچوو، سەتان هەزار برای عەرەب لەسەر پارێزگای کەرکووک تۆمارکران. پارە و موڵک و مووچەی مانگانەیان پێدەدرا. دوای رووخانی رژێم، هەندێک لایەنی کوردی هەمان سیاسەتیان جێبەجێ کرد. نامەوێت گشتاندنی بۆ بکەم بەڵام بەشێک لە لایەنی کوردی ئەم کارەیان کرد. هەردوو پرۆسەکە بۆ گۆڕینی دیموگرافیای کەرکووک لە دژی گەلی تورکمان کرا. منیش وەک گەنجێکی تورکمانی هەولێر، خزم و کەسوکارم لە کەرکووک هەیە و لە نزیکەوە ئاگاداری دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەن. ئەمڕۆ کەرکووک شاری پێکهاتە جیاوازەکانە و تورکمانیش بەشێکی رەسەنی ئەم شارەن. ئەمڕۆ تورکمان داوا دەکەن پارێزگاری شارەکەیان پێبدرێت. ئەمەش مافێکی سرووشتیی تورکمانە. پرسیارەکەم بەم شێوەیەیە بەڕێز باڵیۆز، ئایا پشتیوانی لە داواکاریی رەوای گەلی تورکمان لە کەرکووک دەکەن؟ چونکە بوونی زۆر بەهێزتان لە کەرکووک هەیە بەهۆی بوونی کۆمپانیای نەوتی عێرای IPC و رۆڵێکی زۆرتان لە رێگەی شارەزاکانتانەوە هەیە. پرسیاری دووەمیشم بەڕێز باڵیۆز، را و بۆچوونتان بۆ پێکهاتەی تورکمانی عێراق چییە؟
 
ستیڤن هیچن: کەرکووک وەکو گوتم زۆر ئاڵۆزە. نازانم ئەگەر کەسێک هەبێت لە عێراق لەو ئاڵۆزییەی کەرکووک و کێشەکانی تێگەیشتبێت. بێگومان سەددام کە خەڵکی بۆ ئەوێ هێناوە هەوڵی داوە دیمۆگرافیای هەندێک ناوچە بگۆڕێت. پاش هاتنی نەوەیەکی نوێ یان دوو نەوە، زۆر زەحمەتە بگەڕێیتەوە بۆ دۆخی سەرەتا. وەکو مەسەلەی ئیسرائیلە. پاش کۆچی خەڵک بۆ ئەوێ، رەنگە لە ساڵی یەکەم، دووەم یان هەتا پێنج ساڵ بکرێ بگەڕێیتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، بەڵام پاش نەوەیەک، دوو نەوە خەڵکەکە رەگ دادەکوتن. دەبنە خاوەنی ماڵ و ئەمەش مافی خۆیانە. پێموایە پرسیارەکەی تۆ تا ئاستێک دەچێتەوە سەر مەسەلەی پشکپشکانێ کە لە عێراقدا هەیە، ئەمەش بابەتێکە وا من دەیوروژێنم، بابەتێکی هەستیار و قورسیشە. پێموایە مەسەلەی پشک لای هەر گرووپ و پێکهاتەیەک کە بەشێک و پشکێکیان لە حوکمڕانیدا هەبێت، بیرۆکەیەکی باشە بۆ دەرچوون لە دۆخی شەڕ، یان دەرچوون لە قۆناخی کێشە، وەکو سەردەمی دوای سەددام. بەڵام لە کۆتاییدا، پاش 40 بۆ 50 ساڵێک، ئیدی دەرچوون لە سیستمی پشکپشکانێ کارێکی ئاسان نابێت. ئێمە 25 ساڵێک لەمەوبەر لە ئێرلەندای باکوور چووینە ناو سیستمێکی نزیک لەوە، ئامانجەکە هێورکردنەوەی بارودۆخی نێوان توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئەوێ بوو، ئێستا نازانین چۆن لەو سیستمە دەرچین بەرەو سیستمێکی باشتر. پێموایە هەموو خەڵک لە عێراق وای بە باشتر دەزانن.. کە مەسەلەی تاک نەک پێکهاتە، مافەکانی تاک، ئەمە دیدگای ئێمەیە وەکو لیبراڵەکانی رۆژئاوا، ماف دەبێت بۆ تاک بێ نەک بۆ کۆمەڵ.
 
رووداو: بەڵام 100 ساڵ پێش ئێستا بە هەمان بیرۆکەوە هاتنە عێراق گوتتان لە عێراق کۆمەڵگایەکی نوێ دروست دەکەن، کە خەڵکی تێیدا وەکو کۆمەڵگاکانی ئەورووپا تاکگەرایی بێ، نەک پێکهاتە، نەک ئاستی کۆمەڵایەتی، هاووڵاتی خۆی بێت، بەڵام شکستتان هێنا، واتە هێشتا بەنیازن دوای 100  ساڵ بە هەمان شێوە بیری لێ بکەنەوە، ئەم وڵاتە واقیعێکی هەیە کوردی تێدا دەژی، عەرەبی تێدا دەژی، تورکمانی تێدا دەژی، بە نیسبەی جیاواز ئایینی جیاوازی تێدایە و مەزهەبی جیاوازی تێدایە و ئەگەر بابەتەکە ببێت بە زۆرینە و کەمینە هەندێک لەم پێکهاتانە مەترسی لەسەر ژیان و لەسەر بوونیان دروست دەبێت. واتا وابزانم 100 ساڵ تێپەڕی بەسەر ئەو ئەزموونەدا کە بەریتانیا هێنایە عێراقەوە، ئێستاش هەر بە هەمان شێوە بیر دەکەنەوە، گۆڕانکارییەک دروست نەبووە لەوەی کە بینیتان بەو شێوەیە ئیش ناکات ئەمە.
 
ستیڤن هیچن: پێموایە کە لە 1917دا گەیشتینە عێراق، بە راشکاوی دەیڵێم، بیرۆکەی دانانی پاشا بەشێکی بۆ کۆنترۆڵکردن بوو، بەڵام پاشایش بیرۆکەی ئەوەی هەبوو هەوڵ بدات تاکە گەلێک دروست بکات نەک پێکهاتەی جیاواز. تا ئاستێک شکستی هێنا. پێموایە ئەوە بیرۆکەی بەعسیش بوو کە هەوڵی دەدا ئەم شوناسانە تێبپەڕێنێت و شتێکی جیاواز دروست بکات، کە هەمووان وەک یەک بن.
 
رووداو: بەڵام مەڵێ کە پاشا لەلایەن گێرتروود بێڵەوە راهێنانی پێ نەکرابوو.
 
ستیڤن هیچن: گێرتروود بێڵ. تۆ بە باسکردنی چیرۆکی گێرتروود بێڵ بیرم پەرت دەکەیت، چونکە ئەوە چیرۆکێکی باشە. ئێمە بەزۆر شێوە شانازی بە گێرتروود بێڵەوە دەکەین. پێموایە ئەو ئافرەتە زۆر بە ئاشکرا گەلی عێراقی خۆش دەویست و شەیدایان بوو. ئەگەر ئەوە بخوێنیتەوە کە نووسیویەتی...
 
رووداو: زۆر قسە هەڵدەگرێت. مەبەستم ئەوەیە وەکو کوردێکی عێراق.
 
ستیڤن هیچن: باشە. پێموایە ئەگەر ئەوە بخوێنیتەوە کە نووسیویەتی، بۆ خودی من زۆر بە روونی دیارە کە تا چ ئاستێک خەڵکی عێراقی خۆش ویستووە. ئایا ئەوە مانای وایە هەرچییەک ئیمپراتۆریەتی بەریتانی کردبێتی راستە؟ نەخێر. پێم وانییە. بێینە سەر پرسیاری تایبەت بە شوناسە جیاوازەکان لە عێراق. پێموایە ئەوە بۆ ئێوە هێشتا گرفتێکی زۆر گەورەیە. پێموایە سیستمی پشکپشکێنە کە ئەمە بۆ کورد و ئەوە بۆ شیعە و ئەمە بۆ سوننە و ئەوە بۆ کریستیان سوودی هەبووە، بەڵام زیانیشی هەبووە. پێموایە هەموومان بە دڵمان دەبوو کە پرسی تایبەت بە تاکە کەس ببینین، نەک کۆمەڵەکان. ئەوەی چۆنە بە ئەوە دەگەن زۆر قورسە. ئێمە لە وڵاتەکەماندا بە قورسی بەوە گەیشتین، بەڵام تاکە خاڵ کە بۆی دەگەڕێمەوە بریتییە لە پرسی ئابووری. ئەگەر خەڵک لە کۆمەڵگەیەکی گەشاوەدا بەشی هەبێت، ئەوا ئەگەری زۆرە بتوانن هاوکاریی یەکدی بکەن تاوەکو ئەوەی لەسەر سەرچاوەیەکی بچووک شەڕ بکەن. بۆیە ئابووری شتێکی بچووک نییە. شتێک نییە وەک جادوو بێت. ئابووری و خوێندن نزیکترین شتن کە هەمانن.
 
مستەفا رکابی، لە شاری ناسرییە: هەنگاوەکانی حکومەتی بەریتانیا چین بۆ زامنکردنی وەبەرهێنانەکانیان لە پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی عێراق بۆئەوەی نەکەونە ژێر بەهێزبوونی هەژموونی سیاسیی گرووپێکی دیاریکراو لەسەر حیسابی سەقامگیریی نیشتمانی؟ پرسیاری دووەمم؛ بەریتانیا چۆن هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق دەکات لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە؟
 
ستیڤن هیچن: ئێمە لەبەر هۆکاری جیاواز پەیوەندیمان لەگەڵ حیزبە جیاوازەکانی ئێرە هەیە و ئەمە زۆر روونە و دوای هەر دیدارێک تویتێک هەیە، کەواتە نکۆڵی لەمە ناکەین و ناتوانین بیشارینەوە. ئەمە دیارە هۆکاری جیاوازی هەیە. ئێمە هەروەها پەیوەندییەکی بەهێزیشمان لەگەڵ دەوڵەت هەیە، بۆ نموونە کاری کۆنسوڵیمان هەیە. بەرژەوەندییەکی جیاواز هەیە، تەنیا هەر بازرگانی و ئاسایش نییە، کاری کۆنسوڵییە، بۆ نموونە ئەگەر بەریتانییەک گیرابێت، یان بەریتانییەک هاتبێت بۆ سەردانی کەربەلا و پاسپۆرتەکەی بزر کردبێت، ئەمە ئاساییە، بەڵام پێویستمان بەم پەیوەندییانە هەیە لەگەڵ وەزارەتەکان و هەروەها وەزیرەکان، لەمەشەوە ئەو راستییە دەبینین کە حیزبە جیاوازەکان کاریگەرییان لەنێو حکومەتدا هەیە، بۆیە وەکو باڵیۆز، پێویستە پەیوەندیی دۆستانەم لەگەڵ هەموو لایەنە جیاوازەکان هەبێت، دیارە ئەمە لەپاڵ بەرژەوەندییە بازرگانییەکانمان. مەسەلەی گۆڕانی کەشوهەوا، ئێمە لەسەر چەندین ئاستی جیاواز لەم بوارەدا کار دەکەین. لەسەر ئاستی جیهانی، پێموایە شەش مانگێک لەمەوبەر دوو ملیار دۆلارمان وەکو بەخشین بەو سندووقە دا کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا تەرخان کراوە. ئەمە لەسەر ئاستی جیهانی، بڕە پارەیەکی گەورەیە و شتێکی سادە نییە. لەسەر ئاستی عێراقیش وەکو دەوڵەت، وەکو دەزانن تاوەکو ئاستێک پەیوەندیی بە کێشەی هۆشیارییەوە هەیە، بۆیە کار لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە لە بەغدا و لە هەولێریش دەکەین، بۆئەوەی چاکسازی لە میتۆدی خوێندندا بکەن و هەندێک وانەی تایبەت بە ژینگە بخەنە ئەو میتۆدەوە، ئەمە دەبێتە کارێکی ستراتیژی کە هەموو قوتابخانەکانی عێراق بەشداربن لەو هەڵمەتی هۆشیاری لەبارەی ژینگە. هەروەها لەسەر ئاستی لۆکاڵی، لە باکووری وڵات پرۆژەی دیکەمان هەن، بەتایبەتی لە کەرکووک، بۆ نموونە لەگەڵ جووتیاران بۆئەوەی هاوکارییان بکەین و نوێترین جۆری ئەو تۆوانەیان بدەینێ کە دەکرێت لە کەشوهەوای وشکدا بچێندرێن. شتێکی دیکەشمان هەیە لەگەڵ برایانی کوێتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی باهۆزی لم، ئەمە شتێکە کاریگەریی زۆری لەسەر کوێت هەبووە کە دراوسێی ئێوەیە. کەواتە ئێمە پرۆژەیەکمان هەیە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و لەگەڵ کوێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی باهۆزی لم. پرۆژەکانمان زۆرتر لەو بوارانەدان.
 
عەلی ئیبراهیم لە موسەننا: خوێندکاری قۆناخی چوارەمی کۆلێژی دەرمانسازی. دەمەوێت تیشک بخەمە سەر دوو خاڵ، کە بەڕێز باڵیۆز ئاماژەی پێکرد. شانازیکردن بەو یاسایانەی حکومەتی بەریتانیا پێشنیازی کردوون لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق، لەگەڵ دەستەواژەی مافی مرۆڤ، کە لەسەر ئاستێکی فراواندا دەخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوە. حکومەتی بەریتانی لە سەردەمی پاشایەتیدا چەند یاسایەکی پێشنیاز کرد، کە بووە هۆی شێواندنی شیرازەی کۆمەڵگەی عێراقی. لەمانە هاندان بۆ کۆچی جووەکانی عێراق کە لە ساڵی 1950 بوو. لە یاساکەدا ئاماژە بە لێسەندنەوەی رەگەزنامەی عێراقی بوو لێیان. هەروەها یاسای داوای هۆزەکان کە ئەرکی دادگەکانی بە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان سپاردن وەک سەرۆک هۆز و کەسە باڵادەستەکانی ناوچەکە و سیاسەتڤانان. بۆ ئەوەی بارودۆخی خەڵک بەڕێوەببەن. بواری مافی مرۆڤ، ئەم وشەیە کە سەدایەکی زۆر فراوانی لە ئاستی جیهاندا هەیە. دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیی لە راپۆرتێکیدا گوتی، "هێزەکانی بەریتانیا مافەکانی مرۆڤی لە عێراق لە ساڵانی 2003-2009 پێشێلکرد. هەر لە کوشتنەوە دەستیپێکرد تا گەیشتە دەستدرێژیی سێکسی و ئازار و ئەشکەنجەدانی تاکی گەلی عێراق. هەروەها سەرباری ئەوەی سکاڵا پێشکێش کرا بۆ سزادانی سەربازەکان کە بەشێکیان بە تاوانباری جەنگ ناسێندران، بەڵام نەکرا." ئەو خاڵەی مەبەستمە باسی بکەم، لێرە گەنجی کورد و عەرەب هەیە. منیش گەنجێکی عەرەبم لەدایکبووی 2002ـم. زۆر شانازی و خۆشەویستیم بۆ برایانی کورد هەیە. کورد رۆڵێکی زۆر باشیان گێڕاوە و عەلی ناوێک هەیە کوردە هێندەی باوکم شانازی پێوەدەکەم. هەروەها جوان ناوێک هەیە خانمێکی کوردە کاریگەری زۆر بەسەرمەوە هەیە. ئەمڕۆ ئێمەی گەنج، نوێنەرایەتیی باب و باپیرانمان و بۆچوونەکانیان ناکەین، ئێمە دەمانەوێ عێراقێکی نوێ بونیات بنێین. پرسیارەکەم بەمشێوەیە. ئێمەی گەنجان دەمانەوێ مێژوویەکی نوێ دابڕێژین جیاواز بێت لەو مێژووە خوێناوییە پڕ لە داخە کە بەڕێز باڵیۆز شانازی پێوە ناکات لەگەڵ عێراق. ئایا بەڕێز باڵیۆز پلان و بەرنامەی هاوکاریکردنی گەنجانی عێراقی هەیە؟ ئایا ئەم گردبوونەوەیە دەبێتە دەستپێکێک بۆ دروستکردنی پەیوەندیی کەسی بۆ گەنجانی عێراق لەگەڵ حکومەت و باڵیۆزخانەی بەریتانی و لەگەڵ بەڕێزتان؟
 
ستیڤن هیچن: با لەوەی کۆتاییەوە وەڵام بدەمەوە. بە دڵنیاییەوە دەمانەوێت پەیوەندییەکی دۆستانەمان لەگەڵ ئێوە هەبێت. ئەمە بەشێک بووە لە نیازەکانی من و ئەرکەکانی من کاتێک هاتمە ئەم وڵاتە. سەرەتا وێنەی باڵیۆزخانە و بەرپرسانی باڵیۆزخانەم وا دەهاتە پێش چاو وەک ئەوەی دەترسێین لەم وڵاتە، وەکو ئەوەی نائاسودەین لەم وڵاتە و وەکو ئەوەی ئەم وڵاتە هەمووی کێشە بێت و حەزم دەکرد لە شوێنێکی دیکە بم. ئەمە خراپ تێگەیشتن نییە لە کەسەکان، بەڵام 20  ساڵ لە کێشەی ئەمنی و قەیران و ئۆتۆمبێلی دژەگولـلە و تیمی پاسەوانی و وەکو ئەوەی ئێرە وڵاتێکی مەترسیدار بێت، من دەمویست ئەمە هەتا ئاستێک بگۆڕم، هەر ئەمەش یەکێک بوو لەو پاڵنەرانەی بە شەقامەکاندا بە پێ بڕۆم و بە ڤیدیۆ وێنەی بگیرێت، بۆئەوەی دۆستایەتی نیشان بدەم، بەڵام ئێوە ماشەڵڵا 45 ملیۆن کەسن، ناتوانم سەردانی هەمووتان بکەم، بۆیە.. خۆزگە دەکرا، بەڵام لەڕێی ئامرازەکانی سۆشیالمیدیاوە دەرفەتی ئەوەت دەبێت پەیامێک بە خەڵک بدەی کە ئێمە لێرە ئاسوودەین و حەزدەکەین شت بزانین و قسەتان لەگەڵ بکەین. ئەمەش دەرفەتێکی زۆر جوان بوو بۆ من. من ئەگەر بڵێم، ئەگەر بە قسە بڵێم رەوشی ئەمنیی عێراق لە جاران باشترە، ئەمە باشە، بەڵام ئەگەر بە شەقامێکدا بەپێ بڕۆم، ئەوە مانای وایە دەریدەخەم کە رەوشی ئەمنیی عێراق لە جاران باشترە. ئەمە پەیامێکی گرنگترە لەوەی تەنیا بە قسە بیڵێم. کەواتە ئەمە بەشێکە لە کاری ئێمە. دەشمانەوێ پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئێوە هەبێت. مەسەلەی کۆچی جووەکان.. من ئەوەم نەدەزانی و وردەکاریی ئەو یاسایە نازانم. من لەم قسانەوە لەگەڵ ئێوە وەکو عێراقی، وا هەست دەکەم بە جۆرێک بیری ئەو سەردەمە دەکەن کە جووەکان لە عێراق بوون. خواردنەکانیان و میوزیکیان و وەکو ئەوەی شتێک لە ناسنامەی ئێوە بزر بووبێ پاش ئەوەی جووەکان بۆ ئیسرائیل کۆچیان کرد. بێگومان ئەمە چیرۆکێکی درێژە، من دەڵێم ئەوە چیرۆکێکی ئاڵۆزە. ئێستا چیرۆکی کریستیانەکانیش هەیە، کریستیانەکان وا کۆچ دەکەن. ئەمە کارەساتێکە بۆ ناسنامەی عێراقی. ناسنامەی عێراقی لەپاش کۆچی جووەکان بەشێکی بزر بوو، چیرۆکەکە ئەوە نییە کە شتێک هەیە بەناوی ئیسرائیل جووەکان بۆخۆی دەبات. ئێستا کریستیانەکانیش وا هەست دەکەن کە شوێنێکیان لێرە نەماوە، ئەمە پرسیارێکە بۆ هەموو عیراقییەکان، ئەمە وەکو تۆمەتبارکردن ناڵێم، بەڵام پێکهاتە جیاوازەکانی وەکو کریستیان و ئێزدی و سابیئەی مەندایی وا هەست دەکەن کە شوێنێکیان نەماوە، ئەمە بەڕاستی ئاڵنگارییەکی گەورەی بەردەمی ئێوەیە، نە تەنیا لەسەر ئاستی مرۆیی بەڵکو لەسەر ئاستی ناسنامەی نیشتیمانی، ئەم بەشەش لەو ناسنامەیە وەکو جووەکان بزر دەبێ. وەڵامی پرسیارەکەم نەدایەوە، بەڵام ئەمە پەیامێکی گرنگە.
 
رووداو: مادام باسی مەسیحی و باسی ئێزدیت کرد، خوشک و برای مەسیحی و ئێزدیمان لەگەڵن بە دڵنییایەوە، با بۆچوونی ئەوان وەرگرین. مەسیحی، فەرموو.
 
رەبان گۆرگیس لە پارێزگای دهۆک: سەرەتا پرسیارێک ئاراستەی بەرێزتان دەکەم. بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی ئینگلیز هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاوەکو ئەمڕۆ، لە نزیکەوە پەیوەندیی لەگەڵ عێراق هەبووە. پێتانوایە بوونی کریستیانەکان لە عێراق بە شێوەیەکی گشتیی و بەتایبەتیش لەو ناوچانەی کە ناکۆکی لەسەرن. با بڵێین لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و تورکیا. ئێستا بەهۆی شەڕ و ناکۆکی لەنێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، شەپۆلێکی ئاوارەیی و دەربەدەربوون لە ناوچەکەمان و گوندەکانماندا روودەدات. بە بۆچوونی ئێوە و بۆچوونی حکومەتی بەریتانیا هیچ هیوایەک هەیە بە مانەوەی ئەم پێکهاتەیە یان دۆخەکە درێژە دەخایەنێت بۆ ئاڵوزبوونی زیاتر و دواتر نەمانی ئەم پێکهاتەیە؟ بەشی دووەمی پرسیارەکەم. زۆربەی جار حکومەتەکانی رۆژئاوا و حکومەتی بەریتانیاش کاتێک باس لە سیاسەتی دەرەوەی دەکات بەتایبەتی لەبارەی هاوکاریکردنی پێکهاتەکان لە وڵاتە هەژارەکان یان ئەو وڵاتانەی شەڕ و پێکدادان تێیاندا بەردەوامن. دەبینین کاریگەری ئەم هەڵمەت و سیاسەتانەیان بەسەر دۆخی هەڵبژاردن و مانەوەیان لە دەسەڵات دەبێت. بەدڵنیاییەوە کاریگەری ئەرێنی بەسەریاندا دەبێت. پێتانوایە پێداویستی ئەم پێکهاتەیە لەو ئاستەدایە کە گەلانی رۆژئاوا پێی رازیبن؟ ئایا هەڵمەتەکان لەلایەن حکومەتی بەریتانیا بە ئەرێنی هەژمار دەکرێت بۆ پێکهاتەکان؟ پرسیارێکی دیکە، ئێوە باستان لە گۆڕانکاری لە عێراق کرد. پێتانوایە گۆڕانکاری ئەرێنی بەمنزیکانە لە عێراق بەرجەستە دەکرێت؟ یان لە داهاتوویەکی درێژخایەندا دەبێت؟ ئایا گۆڕانکارییەکان لەناوخۆوە سەرهەڵدەدەن یان بە دەستی دەرەکیی و هاوکاری بیانییەوە دەبێت؟
 
رووداو: کۆمەڵگەی کریستیانمان لە عێراق بەر لە 2003 ژمارەیان زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو تا سێ ملیۆن کەس بوو، بەڵام ئێستا دەبینین لە ناوخۆدا ئاوارە بوون یان لە دەرەوە بوونەتە کۆچبەر و زێدی خۆیانیان لە نەینەوا لە سنوورەکانی نێوان کوردستانی عێراق و تورکیا جێهێشتووە. زۆر لە هاوڕێ کریستیانەکانم پێم دەڵێن کە وڵاتانی رۆژئاوا، جیهانی کریستیان و ولاتە دیموکراسییەکانی رۆژئاوا کاتێک مامەڵە لەگەڵ کەیسی کریستیانەکانی عێراقدا دەکەن دووڕوون. باس لەوە دەکەن کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا ئازارەکانیان بۆ بەدەستهێنانی دەنگ بەکاردەهێنن. لە کاتێکدا ئێستا لەو سێ ملیۆنە رەنگە 500 هەزار کریستیان لە عێراق بژین.
 
ستیڤن هیچن: بە عەرەبی وەڵامی بەڕێزت بدەمەوە؟ سەرەتا بەخێربێن، پشت بە خوا لە ئامێدی سەردانتان دەکەم. پێموایە گەلی کریستیان، یان پێکهاتەی کریستیان گەلێکی شارستانین، عەشایەر و حیزبتان نییە و هیچ شتێکیشتان نییە بتانپارێزێت جگە لە یاسا. بۆیە کریستیانەکان لە هەمووان زیاتر پێویستیان بە جێبەجێکردنی یاسایە. تۆ ئەگەر بۆ نموونە عەلی وەردی بخوێنیتەوە، مەبەستم نووسەری مەزن عەلی وەردییە، کە وا بیری دەکردەوە هەڵکشان و داکشان لە هێزی دەوڵەتدا بەندە بەوەی لە دەوڵەتی بەهێزدا کە جێبەجێکردنی یاسا هەیە، گەشەکردن و پێشکەوتن بەدیدێن، جا لە بازرگانی بێت یان لە خوێندن و فێرکردن. لە شوێنێکیشدا کە دەوڵەت بەهێز نییە، بێسەروبەری پەیدا دەبێت. کریستیانەکان لە حاڵەتی بێسەروبەریدا دەگەڕێنەوە بۆ چیاکان. لە بەسرە و بەغدا و شارە گەورەکانەوە روودەکەنە چیا. کاتێک کۆنترۆڵی دەوڵەتیش بەهێز بوو دەگەڕێنەوە بەسرە و بەغدا و موسڵ و ناوچەکانی دیکە. بۆیە کریستیانەکان پێویستیان بە جێبەجێکردنی یاسا هەیە. ئەمەش یەکێکە لە ئاستەنگەکانی بەردەم حکومەتی عێراق و کارێکی ئاسان نییە. پێموایە بڕیارەکەی فائیق زێدان لەبارەی جیاکردنەوەی دادگا لە وەزارەتی داد، ئەمە بەشێک لە سەربەخۆیی دەداتە دادوەرەکان، بەڵام بێگومان پێویستمان بە هەنگاوی باشترە و هەمووانیش کۆکن لەسەر ئەوە. لە بابەتی رۆژئاوا، وڵاتانی رۆژئاوایی مافی پەنابەری بە زۆرینەی ئەو کریستیانانە دەدەن کە لە عێراقەوە کۆچ دەکەن. بەشێکی ئەمانە چوونە کەنەدا، ئوسترالیا، ئەمریکا، فەرەنسا و بەشێکیشیان لە بەریتانیان، ئەمە مەسەلەیەکی سیاسی نییە لە بەریتانیا. بابەتی کریستیانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەسەلەیەکی گەورەی سیاسی نییە لە بەریتانیا. گفتوگۆیەک لەنێوان کەنیسەکاندا هەیە. لە کەنیسەکەی من لە بەریتانیا، هەموو هەفتەیەک نوێژ بۆ چارەنووسی کریستیانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێ، بەڵام وەکو کێشەیەکی سیاسی وجودی نییە. پرسیارەکەی دیکە چی بوو؟ گۆڕانکاری.. گۆڕانکاری، پێموایە چارەنووسی.. من هەمیشە دەڵێم چارەنووسی عیراقییەکان لەدەست عێراقییەکان خۆیاندایە. چارەنووسی عێراق لەدەستی خۆتاندایە. ئەمە بەو مانایە نییە کە دەرەوە هیچ کاریگەرییەکی نییە، کاریگەری لە دەرەوە هەیە، بەڵام... 
 
لیڤیار سامی پزیشک لە کەرکووک: من پزیشکم، ناوم لیڤیار سامی-یە لە کوردستانم خەڵکی پارێزگای کەرکووک. بەهۆی ئەوەی خەڵکی کەرکووکم، دەمەوێت لە ساڵی 2017ـەوە دەست پێبکەم. بە دڵنیاییەوە دەزانیت چی روویدا. داگیرکارییەکەی 16ی ئۆکتۆبەر. بۆیە دەڵێم داگیرکاری، چونکە ئەو کات پێشمەرگەی لێبووە و بەبێ جیاوازی بەرگریی لە هەمووان کرد و قوربانی زۆری دا. ئێوە ئەو کات، بۆچی حەشدتان لە دژی کورد هاندا، ئەمە لە کاتێکدایە کەرکووک لەناو کوردستانە. پرسیاری دووەمم، بریتش پێترلیۆم لەو کاتەدا، کە مەبەستم رۆژی 16ی ئۆکتۆبەرە، رۆڵی لە کەرکووک چی بوو؟ دەکرێت بە ئەرک نەبێت بۆمان روون بکەیتەوە؟
 
ستیڤن هیچن: پێموایە بەڕێزت دەتەوێت رامکێشیتە ناو کێڵگەی مین، بەڵام با دیپلۆماسیانە و لە هەمانکاتدا راشکاوانەش هەوڵێک بدەم. قەیرانی داعش زۆر شتی لە عێراقدا گۆڕی. راستە دەریا داعشی لە موسڵ و کەرکووک و ناوچەکانی دیکە هەڵلوشی، بەڵام ئەو دۆخەی دواتر بینیمان هەمان ئەوەی جاران نەبوو.. زۆر شت گۆڕان. بوون و کاریگەریی حەشدی شەعبی لە هەندێک ناوچەدا و ئەو میلیشیایانە، پێش هاتنی داعش وجودیان نەبوو. یەکێک لە لێکەوتەکانی داعش، بۆ نموونە وجودی حەشدی شەعبی و میلیشیا بوو لە دەشتی نەینەوا. ئەمانە پێشتر نەبوون، هەر شیعەش لەو ناوچانە نەبوون یان زۆر کەم بوون. یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم حکومەتی عێراق ئەوەیە چۆن مامەڵە لەگەڵ بوونی ئەم میلیشیایانە دەکات؟ نە تەنیا لە دەشتی نەینەوا و کەرکووک، بەڵکو لە جەرف ئەلسەخر و ناوچەکانی دیکەش، لە موسڵیش. چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمە دەکەیت؟ پێموایە ستراتیژی حکومەت و دەوڵەت بۆ دەورەدانی میلیشیاکان، 2017 بوو، پێموایە کە میلیشیاکان راکێشرانە ناو دەوڵەتەوە و مووچەیان بۆ دیاریکرا، باشە لەمە تێدەگەین. ئەگەر بەراوردی نێوان 2017 و 2004 بکەین، لە 2004 ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان گەڕانەوە ماڵەکانیان، لە سوپا نەمان، بەڵام چەکیان بەدەستەوە بوو، بۆیە بڕیاری هێنانی میلیشیاکان بۆ ناو حکومەت لۆژیکیە، بەڵام ئەگەر یەکێ لە حەشدی شەعبی کە مووچە وەردەگرێ، دەبێ ملکەچی فەرمانیش بێ. سەرباز مافی ئەوەی نییە بڵێ بەگوێی ئەم فەرمانە دەکەم بەڵام ئەمەیان نا. ئەمە نە سروشتییە و نە لۆژیکییە، بەڵام دیارە ئەمەش کاتی دەوێ و پێویستە واقیعی بین. لەخۆگرتنی میلیشیاکان لەلایەن دەوڵەتەوە، میلیشیاکان لە 2003 وە لەسەر گۆڕەپانی عێراق هەر هەبوونە. لەخۆگرتنی تەواوی میلیشیاکان و دانانیان لەژێر فەرمانی سوپا و سەرۆکوەزیران پێویستی بە کات هەیە. رۆڵی کۆمپانیای بریتش پێترۆلیۆم کە لە کەرکووک بوو، ئەو کۆمپانیایە بەتەواوی لە سیاسەت دوورە. کارمەندانی بریتش پێترۆلیۆم نایانەوێ سیاسی بن و نزیک بن لە سیاسەت، تەنیا دەیانەوێ سەقامگیریی ئەمنی و ئیداری هەبێ، ئەوەش بۆئەوەی بتوانن لەکاری دەرهێنانی نەوت و راهێنانی عێراقییەکان و کارمەندانیان بەردەوام بن. بریتش پێترۆلیۆم کۆمپانیای حکومەت نییە، بەڵام پێموایە وەکو عێراق پێویستتان بە هەندێ کۆمپانیای بیانی هەیە کە ببنە هاوبەشی کۆمپانیا عێراقییەکان و ئەویش یەکێکە لەوانە.
 
محەممەد ئەبولهێل لە دیوانییە: دیوانییە یەکێکە لە ناوچە مێژووییەکان. یەکەم شوێنە کتێبخانەی هەبووە، هەروەها یەکەم شوێن بوو خوێندنەوە و فێربوون تێیدا دەستیپێکرد. پرسیارەکەم بەم شێوەیەیە؛ بەریتانیا چۆن کار دەکات بۆ ناساندنی شوێنەوارە مێژووییەکانی دیوانییە لەسەر ئاستی جیهان بەتایبەتی پێدانی دەرفەت لەپێناو چونە نێو لیستی کولتووریی جیهانی. پرسیاری دووەمم، ئەگە خرایە لیستەکەش، رۆڵی ئێوە چی دەبێت بۆ بەهێزکردنی گەشتیاری کولتووری لە دیوانییە؟
 
ستیڤن هیچن: ئەو پرسیارەی تایبەتە بە کولتوور و شوێنەوار و گەشتیاری لە دیوانییە، پێموایە ئەم وەڵامە بۆ هەموو پارێزگاکان دەبێت. ئێمە وەکو بەریتانیا چەندین پرۆژەمان هەن بۆ پارێزگاری لە کولتووری عێراق بە بینراو و نەبینراوەوە. بەداخەوە لەماوەی رابردوودا دەرفەتی ئەوەمان نەبووە سەردانی هەندێ لە پارێزگاکان بکەین. بەڵام ئێستا وەکو ئەم سەردانەی ئەمڕۆم بۆ بەسرە و پێشتریش چووم بۆ سامەڕا و چووم بۆ حیللە و زۆر شوێنی دیکەی ئەم وڵاتە جوانە، بەڵام پارێزگاکانی ناوەڕاست هەتا ئێستا سەردانم نەکردوون. جەنابی سەرۆکوەزیران زۆر پێداگری دەکات کە بچم بۆ میسان، پشتیوان بەخوا سەردانتان دەکەم. نامەوێ بڵێم هەموو شتێک لە عێراق رزگار دەکەین، ئەمە ئەرکی دەوڵەتی عێراقە، پێموایە هەندێ جار، کاری گونجاو ئەوەیە رۆشنایی بخەینە سەر هەندێ بژارە لەبەردەم حکومەت، پرۆژەی راستەوخۆ نا، وەکو دەڵێن خەڵکی مەککە کاروباری خۆیان باشتر دەزانن، ئێوەش خۆتان هەموو چارەسەرەکان دەزانن، هەموو وەڵامەکان لای ئێمە نین، بەڵام دەتوانین خەڵکی شارەزا بهێنین و دەشتوانین گەشتیاران هان بدەین، بەڵام کێشەی گەشتیاری ئەوەیە پشت بە ئارامی و ئاسایشی وڵات دەبەستێ. بێگومان رەوشی ئەمنی 100 جار لە جاران باشترە، بەڵام هێشتا هەڕەشە لە بەریتانییەکان هەر هەیە. تەنانەت هەڕەشە لەسەر منیش هەیە. هەندێ میلیشیا ئێمەیان خۆشناوێ، بۆیە زەحمەتە بۆ نموونە خزمەکانی خۆم هان بدەم سەردانی عێراق بکەن ئەگەر هەڕەشە هەبێ، جا ئەمە بەشێکە لە کێشەی ناکۆنترۆڵی ئەمنی و نەبوونی کۆنترۆڵ لەسەر بڵاوبوونەوەی چەک، بەڵام پشت بەخوا چاوم لەو رۆژەیە کە گەشتیاران بە ژمارەی زۆر بگەڕێنەوە بۆ سەردانی ئەم وڵاتە جوانە.
 
مورتەزە ساڵح لە واست: هەر لەم کەناڵەدا لێدوانێکتان هەبووەو تێیدا باسی ئەوەتان کرد کە تەقاندنەوەی 25 کگم تەقەمەنی پەیام نەبووە. لە لێدوانێکی دیکەتان لە پانێلێکی ناوەندی رافیدەین لە نەجەف باستان لەوەکردووە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی خاڵی لاوازی عێراقە. بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەبینین دەوڵەتی ئێوە پشتیوانی لە (میلیشیای پێشمەرگە لە باکوور) دەکەن. ئەم دووفاقییە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
 
رووداو: ببوورە، ببوورە، پێشمەرگە میلیشیا نییە.
 
ستیڤن هیچن: ئەوە کێشەی نێوانتانە.
 
رووداو: ئۆۆۆۆۆ ئەوە سیاسەتی بەریتانیایە.
 
مورتەزە ساڵح: لە هەردوو حاڵەتدا بەڕێز باڵیۆز هێزەکان دەبێت لە ژێر فەرماندەی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان بێت. جا ئەگەر پێشمەرگە بێت یان حەشدی شەعبی. لە هەمان کاتدا پاڵپشتی لە سوودانی دەکەن، ئاخۆ ئەمە رێککەوتنێکی هەرێمییە یان بە قەناعەتەوە دەیکەن؟
 
بێستوون عوسمان: یەک خاڵ هەیە حەز ئەکەم ڕوونی بکەمەوە وەکو کوڕە پێشمەرگەیەک من ئەوە ئەڵێم من بە ڕەحمەت بێ باوکم لە ساڵی 1974لە شۆڕشی کوردستان بوو وەکو کوڕە پێشمەرگەیەک ئەوە دەڵێم کە پێشمەرگە هەم بەپێی دەستووری عێڕاقی کە لە ساڵی 2005 زۆربەی زۆری عیراقیەکان دەنگیان بۆ دا بە کوردستانیشەوە ،هەم بەو خەباتەی کە سەد ساڵە دەیکات بۆ ئازادیی وڵات هێزێکی نیشتیمانیی رێزلێگیراوە، کاتێک 2003 پۆڵ بریمەر هات و ئەو وشەیەی بەکارهێنا کە تۆ ئێستا بەکارتهێنا بۆ پێشمەرگە، لەو کاتەدا سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان ئەو وەڵامەیان دایەوە کە پێویست بوو، بۆیە تاوەکو ئێستا پێشمەرگە ماوە و هەر دەشمێنێت وەکو بەشێک لە هێزەکانی پاراستنی هەموو عێراق بەپێی دەستوور و وەکو هێزێکی نیشتمانی کوردستانیش کە بە بەردوامی  ژیانی خەڵكی پاراستوە، حەزم کرد روونی بکەمەوە بۆت.
 
ستیڤن هیچن: کاتێک گوتم بۆمبێک بە 25 کیلۆگرام تەقەمەنییەوە پەیام نییە، ئەوە ئەوکاتە بوو کە هێرش دەکرایە سەر بنکەکانی هاوپەیمانان. هاوپەیمانان کە لە عێراقن، لەسەر داخوازیی حکومەت لێرەن. لەوکاتەدا دەنگی وا هەبوون کە دەیانگوت ئەوە هێرشێکی جیدی نەبووە، تەنیا پەیامێکی ئاگادارکردنەوە بووە لە میلیشیاکانەوە بۆ هاوپەیمانان. منیش لەوکاتەدا گوتم بۆمبێک بە 25 کیلۆ تەقەمەنییەوە ناکرێ پەیام بێت، بەڵکو هەولێکی جدییە بۆ کوشتن، بەکردەوەش روویدا و سێ ئەمریکی کە هاتبوون بۆئەوەی هاوکاریی عێراق بکەن، بەدەستی میلیشیای عیراقی کوژران. ئەوە پەیام نەبوو. تەرمەکان گەڕێنرانەوە بۆ خێزانەکانیان لە ئەمریکا. خەڵکێک کە لەسەر داوای حکومەتی عێراق گەیشتبوونە ئەم وڵاتە، بەدەستی میلیشیا کوژران. ئەوە پەیام نەبوو.. پەیام نەبوو. بۆ خاڵی دووەمت، بوارم بدە بیرۆکەی خۆم روونبکەمەوە. حەشدی شەعبی بەشێکە لە حکومەت، میلیشیاکانی دیکە کە دەکەونە دەرەوەی حەشدی شەعبی، ببوورە حەشدی شەعبی بەشێکە لە دەوڵەت نەک لە حکومەت.. وەکو گوتم تۆ ئەگەر لە حەشدی شەعبی بیت، کەواتە بەشێکی لە سوپا و سەربازیش بژارەی نییە. سەرباز ملکەچی فەرمانە. سەربازێک لە سوپا ئەگەر فەرمانی فەرماندەکەی خۆی رەتبکاتەوە، ئەوە بە هەڵگەڕانەوە هەژمار دەکرێ و ئەمە بۆ حەشدی شەعبیش هەر راستە. میلیشیاکانی دیکە کە چەکیان هەیە، ئێستا وەکو سەرەتا نین، لە 15 ساڵ لەمەوبەرەوە سوپای مەهدی کە  ئەوکاتە ئێمە لە بەسرە بووین، سوپای مەهدی بووبووە ئاڵنگارییەکی گەورەی بەردەم شکۆی دەوڵەت و سەرچاوەی قەیرانێکی ئەمنی لەسەر ئاستی ناوخۆ. ئەو میلیشیایانەی ئەمڕۆ کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتن، بوون بە کێشەیەکی نێودەوڵەتی. کێشەی نێودەوڵەتی لەوانەیە بەبێ ئارەزووی خۆتان و بەبێ ئارەزووی سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێردراو بتانئاڵێنێتە چەندین کێشەی نێودەوڵەتی و تەنانەت جەنگیش. ئەمە گرنگترین پرسیاری بەردەم دەستەبژێری سیاسییە: ئاشتی یان جەنگ؟ بەدەستی خۆیان نییە.. میلیشیا دووربخەنەوە.. میلیشیا دووربخەنەوە، چونکە ئەمە خاڵێکی لاوازییە و دەوڵەت لەرزۆک دەکات. برایانی پێشمەرگە بەگوێرەی دەستوور میلیشیا نین. ئەمە بەپێی دەستوور. لەوە زیاتر درێژەی نادەمێ.
 
سوکونە لە بەسرەوە: ئێوە رستەیەکتان گوت منیش لای خۆم تۆمارم کرد. گوتتان شارەکەتان جوانە، بەڵام کێڵگەی مینە. راستە وڵاتەکەمان جوانە راستە کێڵگەی مینە بە بەڵگەی ئەوەی لەوەتەی لە 2003وە هێزەکانی بەریتانیا لە بەسرەیە و ئەو زەرەر و زیانەی بە شارەکە کەوتووە لە ئەنجامی پاشماوەی بۆمب و مینەکان زۆرن. لەمبارەیەوە پرسیارم هەیە و هیوادارم وەڵامتان هەبێت. یەکەم بۆچی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا نەخشەی مین و پاشماوەی تەقەمەنییە بەجێهێڵدراوەکانی بەریتانی پێشکێشی حکومەتی عێراق نەکرد بۆ ئەوەی بە ئاسانی پووچەڵ بکرێتەوە و جۆرەکانیشی بزاندرێن کە بووە هۆی گیانلەدەستدان و کەمئەندامبوونی خەڵکێکی زۆر. پرسیاری دووەمم؛ بۆچی هێزەکانی بەریتانیا هاوکاری عێراقی نەکرد لە کێوماڵکردنی بۆمب و مینەکان. سەرباری ئەوەی لە رووی ئەندازیاری سەربازییەوە زۆر پێشکەوتووە؟ بوونی ئەم هەموو بۆمب و مینە کاریگەری بەسەر ژینگەش هەیە. بەریتانیا بۆ بونیاتنانی دۆخی خراپی ژینگە و کەشوهەوا چی کردووە پلانی هەیە شتێک بکات. لە کۆتاییدا ئەو پرسیارەش دەکەم، بەریتانیا بە نیازی کردنەوەی کۆنسوڵخانەیە لە بەسڕە؟
 
ستیڤن هیچن: ماشائەڵڵا پرسیارەکانی لە زاخۆوە هەتا زوبێر بوو. سوپاس بۆ پرسیارە هەمەجۆرەکانت. مەسەلەی کێڵگەی مین، بە خاڵێکی وەرمەگرن، رەنگە گونجاو نەبووبێ، بەڵام مەسەلەی مین، ئەوەش بەشێکە لە پاشماوەی کۆمەڵێ جەنگی جیاواز کە بۆ ئێوە بەجێماون. بەڕاستیش زۆرینەی ئەو مینانە کە ئێستاش لە عێراقدا ماون، پاشماوەی جەنگی عێراق ئێرانن لە ساڵانی هەشتاکان و بەشێکیشی هی سەردەمی داعشە. لە 2016 وە، لە چوارچێوەی قەرزێکی بەریتانیا بۆ دەوڵەتی عێراق، بەشێک هەبوو بۆئەوەی بە هاوکاریی کۆمپانیا بەریتانییەکان هەموو ئەو مینانە هەڵبگیرێنەوە. ئەمە ماوەیەکی درێژ مایەوە، چونکە کێشەی دیکەش هەبوون، کێشەی کۆرۆنا هەبوو، ئاڵۆزیی دیکە هەبوون، بەڵام من وەکو بەشێک لە کارە لەپێشینەکانی خۆم وەکو باڵیۆز، لەگەڵ جەنابی وەزیری ژینگە و برایانی ئەو وەزارەتە، خەریکی رێکخستنی کاروبارەکان بووم بۆئەوەی پارە بۆ خاوێنکردنەوەی ئەو ناوچانە تەرخان بکرێ. ئەمە پێویستی بە کار بوو، ئێمەش کارمان لەسەر دەکرد. پرسیارەکەی دیکە... بەڵێ کونسوڵخانە. کونسوڵخانەی بەریتانیا پێموایە هەتا 2011- 2012 هەبوو، پاشان دامانخست. ئێستا ئێمە لە سەردەمێکی نوێداین. سەردەمی داعش نا، لە سەردەمی داعشدا تاکە کاری لەپێشینی ئێمە لە عێراق بە نیسبەت ئێمە و ئێوەش هەروەها، بریتی بوو لە شکستهێنان بە داعش، بۆیە ئەوکاتە پێویستمان تەنیا بە باڵیۆزخانەیەک هەبوو، باڵیۆزخانەیەک و کونسوڵخانەیەکیش لە هەولێر بۆئەوەی لەگەڵ کورد بەشدار بین. ئێستا دەچینە سەردەمێکەوە، دەتوانم بە پڕکێشییەوە بڵێم: رەنگە پشت بە خوا گرنگتریش بێت لە ئاسایش. سەنتەری بازرگانیی عێراقیش کوێ دەبێت؟ بەسرەیە. بۆیە هەلی زۆر لێرە لە بەسرە هەن. بۆ منیش ئەمە جاری دووەمە لە ماوەی دوو سێ مانگدا کە سەردانی بەسرە دەکەم.. زۆر سوپاس.. ئێمە لە سەردانی بەردەوامدا دەبین بۆ بەسرە، چونکە هەلی زۆر هەن و پرۆژەی هەمەجۆر هەن و پشتیوان بەخوا هەندێ لەو پرۆژانە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکەونە بەرچاو. دواتر سەیر دەکەین، ئەگەر بریتش پێترۆلیۆم لێرە بێت و قوتابخانەی بەریتانی هەبن و پرۆژەی هەمەجۆر هەبن، رەنگە ئەمانە ببنە پاساوێک بۆ سەرلەنوێ کردنەوەی کونسوڵخانە.
 
دیار لە سلێمانییەوە: من خاوەن بڕوانامەی دبلۆم لە بواری شیکاری نەخۆشییەکان و خاوەنی چەند داهێنانێکم کە چەن داهێنانێکیان لە وڵاتی بەڕێزتان دەنگدانەوەی هەبوو. پرسیاری یەکەمم ئەوەیە ئایا لە وڵاتەکەی تۆدا كەسێک هەبووە کە خۆ بەخشی بکا بۆ ماوەی هەشت ساڵ بێ ئەوەی هیچ پاداشتەکی هەبێت یاخوود مافێکی بدرێتێ؟ پرسیاری دووەمیان دەربارەی ژیانی تایبەتیتە ئەگەر، هەوادارم نەگاتە ئەو ڕادەیە پێویستت بێت بچیتە نەخۆشخانەیەک لە کوردستاندا دەچیتە نەخۆشخانەیەکی حکومی یان نەخۆشخانەیەکی تایبەت؟
 
رووداو: لە عێراق دەچیت بۆ نەخۆشخانە ئەگەر پێویستت بێت؟
 
ستیڤن هیچن: ئەگەر بە راستی پێویستم پێی بێت، بەڵێ، دەچم. پێموایە پەیوەندیی بە دۆخەکەوە دەبێت. خۆی ئەو شێوازەی رێکمان خستووە ئەوەیە ئەگەر شتێکی گشتی بێت، دەبێت بچمەوە بۆ بەریتانیا. ئەگەر شتێکی لەناکاو بێت، خۆیان دەمنێرنەوە بۆ بەریتانیا. لە بەریتانیا کە کچی یەکەمم لە دایک بوو، لە ئینگلتەرا لە دایک بوو و پزیشکەکە عێراقی بوو. کچی دووەمم لە کوێت لە دایک بوو و پزیشکەکە هەر عێراقی بوو. بۆیە بە تەواوەتی متمانەم بە پزیشکی عێراقییە. 
 
سومەیە لە هەولێر: من سومەیە رەشید کچی پێشمەرگەیەکم لە یەکێک لە گوندەکانی هەولێرەوە هاتووم. بەخێرهاتنی بەڕێزتان دەکەم و پرسیارەکەی من سووک و ئاسانە، خۆتان دەزانن هەڵبژاردنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نزیک بووەتەوە، ئایا حیکمەت لەوەدا چی بوو کە بەڕێزتان لایەنی سیاسی خۆتان ئاشکرا کرد بە سەردانێکی فەرمی بۆ لای لاهوور شێخ جەنگی لە ماوەی رابردوودا.
 
ستیڤن هیچن: سوپاس. خۆشحاڵم کە پێت گەیشتم. پرسیاری ئاسان ئەوەیە کە هاندەری چ یانەیەکی ئینگلیزییت؟ پرسیاری ئاسان ئاوایە. پێموایە بە نزیکەیی چاوم بە سەرکردەی هەموو حیزبە کوردییەکان و ئەو کەسانە کەوتووە کە سەرۆکایەتیی لیستێک دەکەن بۆ هەڵبژاردنەکانی کوردستان. بۆیە چاوم بە لاهوور و کاک بافڵ و قوباد و هەروەها نەوەی نوێ کەوتووە. بە نزیکەیی دیدارم لەگەڵ هەموو حیزبەکاندا کردووە. ئێمە واناکەین کە حیزبێک بەسەر حیزبێکی دیکەدا رەپێش ناخەین. ئێمە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقیشدا لایەنگری کەس نین. بێگومان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی و حکومەتەکەیدا کاردەکەم. لەگەڵ وەزارەتە جیاوازەکاندا کاردەکەم. کاتێک چاوم بە کەسێک دەکەوێت، ئەوە مانای وا نییە کە من هاوڕای بم. رەنگە لە کۆتایی دیدارەکەدا تویتێک بکرێت وێنەی من بێت لەسەر کورسییەک بە جلوبەرگی فەرمییە و بڵێت باڵیۆزی بەریتانیا چاوی بە فڵان کەوت و ئەم بابەتانەیان تاوتوێ کرد. باشە. بەڵام دەکرێت لە پشتی ئەو وێنەیەوە رازینەبوون هەبێت. رەنگە لە پشتی ئەو وێنەیەوە گفتوگۆیەکی زۆر راشکاوانە کرابێت. بۆیە ئێمە لایەنگری کەس ناکەین. نابێت ئێوەیش وای دابنێن کە من دیدار لەگەڵ کەسێک دەکەم، خۆبەخۆ وا بزانیت من پەسەندی دەکەم یان پشتگیریی دەکەم. ئەوە شتێکە کە هەموو سیاسییەکان هەوڵ دەدەن لە هەڵبژاردندا باشترین کاری خۆیان بکەن.
 
ئەڵوەند زنار لە دهۆک: دەمەوێ بۆچوونی بەڕێزت بزانم کە چۆن هەنگاوەکانی نێچیرڤان بارزانی دەبینی لە بەرقرارکردنی ئاشتی لە عێراق و چارەسەرکردنی ئاڵۆزیی نێوان بەغدا و هەولێر؟ تۆ چۆن رۆڵی ئەو دەبینیت؟
 
ستیڤن هیچن: کاک نێچیرڤان دیپلۆماتێکی سرووشتییە. ئەو لە رێککەوتنی سیاسیدا زۆر باشە. ئەو تەنیا کەس نییە کە لەوەدا باشە. پێموایە سەردانی کاک مەسروور و دواتریش کاک مەسعوود هەر زۆر گرنگ بوون. هەموو ئەو سیاسییانەی لە بەغدا چاوم پێیان کەوتووە خۆشحاڵ بوون بە بینینی کاک مەسعوود. هەروەها گوتیشیان کە گفتوگۆیەکی تەواو راشکاوانەیان کردووە. جا پێموایە ئەوە زۆر گرنگە. هێشتا کێشەکان ماون. کێشەکانی بودجە وا دەردەکەون کە چارەسەر بووبن، بەڵام پێموایە دادپەروەرانەیە کە بڵێم کێشە راستەقینە قووڵەکە بۆ چەندین دەیە ئەوەیە کە "خەڵکی کوردستان پێیان وابووە ئەوەی بەغدا لاواز دەکات، من بەهێز دەکات". ئەگەر لە سەردەمی سەدامدا بووبن، گوتوویانە ئەوەی سەدام لاواز دەکات من بەهێز دەکات. لە هەندێک خاڵدا دەبێت بازێکی زەینی هەبێت کە بزانرێت گەشانەوەی ئێمە بە یەکدییەوە بەستراوەتەوە. پێموایە ئەوە بۆ هەردوو لا هەنگاوێکی گەورەیە کە بینێن، چونکە مێژوویەکی دوور و درێژ هەیە و گەلێک سەختی هەبوون و زۆر کەس ئازاریان چەشتووە، بەۆیە زۆر قورسە متمانە بە دەرەوەی بازنەکەی خۆت بکەیت. پێموایە سەردانەکەی کاک نێچیرڤان هەر زۆر باش بوو. هەروەها ئەوانەی کاک مەسروور و کاک مەسعوودیش زۆر گرنگ بوون. هیوادارم باشتربوونی دۆخەکە بتوانێت بە لای کەمەوە ببێتە دەستپێکی چارەسەری هەندێک لە پرسەکان. پرسی زۆر سەخت لەبارەی کەرکووک و نەینەوا و شنگال. ئەوانە هەموویان پێکەوە پەیوەستن. بۆیە چارەسەریان قورسە.
 
موحسین حەسەن حەجی: من لە شنگالی ماڵوێرانەوە لەگەڵتان بەشدارم، پیخۆشحاڵم بەڕێز ستیڤن لێرە ئامادەی و سوپاس بۆ بەرنامەی بێستوون تۆکیش کە ئەمڕۆ لێرە کۆمانبکاتەوە، وەک دیارە لە 3ی ئاب کە رۆژی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکانە لەو رۆژەدا هەڤاڵان، بەڕێز ستیڤن لەم رۆژەدا دیسان کول و برینەکانی ئێمە ئێزدییەکان دەکوڵێنەوەو نوێدەبنەوە، بەهێزترین دایکی ئێزدییان لەسەر گۆڕی رۆڵەکانیان دەگرین کە گیانی خۆیان لەپێناو ئاین و خاکی بەختکردوون   سێ ئاب نەک بەتەنیا ئەمەیە، بەڵکو سێ ئاب بۆ ئێمەی ئێزدییەکان رۆژێکی رەش بووەو جینۆسایدە و نەمانی ویژدانی مرۆڤایەتییە لای ئێمەی ئێزدی، هەروەها کوشت و تاڵانکردن و رفاندن و قوربەسەری بوو بۆ ئێمەی ئێزدی، ئەگەر ئێستا من پرسیاری خۆم لە جەنابت بکەم گوێ لەمن راگرە، بەهەزاران منداڵی ئێمە گەنج و پیر و ژنانی ئێمە لەسەر دەستی گەورەترین تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ناوی داعش بوو کە هاتنەکوشتن، یەکێک لەو قوربانییانە خاڵ و خاڵوژنی من بوو کە کوژران، من چۆن پشتڕاست بم کە ئێوە وەک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی گشتی و خاوەن وڵاتێکن کە بانگەشە بۆ مافی مرۆڤ دەکەن، چۆن پشتڕاست بم کە جارێکی دیکە ئێمەی ئێزدییەکان رووبەڕووی جینۆسایدێکی دیکە نابینەوە.
 
ستیڤن هیچن: سوپاس بۆ پرسیارەکەت. بە داخەوەم بۆ قوربانییەکانت. ئێزدییەکان ئازاری زۆریان چەشتووە. هەموو پێکهاتەکانی عێراق لە سەردەمی داعشدا ئازاریان چەشتووە و هەموویان لە شکاندنی داعشدا قوربانییان داوە. ئێمە لە پشتیوانیی ئێوەدا بۆ بردنەوە لە دژی داعش رۆڵمان هەبووە. سەرکەوتنەکە هی خەڵکی عێراقە نەک هاوپەیمانان. پێموایە شتە گرنگەکە ئەوەیە کە پێویستە بەرپرسیارێتیت هەبێت. پێموایە ئەوەی لە جینۆسایدەکانی پێشوو و هاوشێوەی و کۆمەڵکوژییەکاندا دڵنیایی ئەوەیان داوە کە هەموو کەسێک لە بیردا دەمێنێتەوە. ئەوە هەر ئەوەندە نییە کە جینۆسایدێک رووی دابێت. هەموو کەسێک یادی بە زیندوویی دەمێنێتەوە. ئەوان لە هۆڵۆکۆست و لە روواندا هەوڵی ئەمەیان دا. پێموایە ئەمە ئەرکێکە. لێکۆڵینەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یونیتاد کە ئێمە پشتیوانییان دەکەین و کۆتایی ئەم مانگە کۆتایی دێت. بەڵام هێشتا کار هەیە کە دەبێت بکرێت. هێشتا لە نەینەوا گۆڕی بەکۆمەڵ هەن کە دەبێت هەڵبدرێنەوە. ئەوەیش کارێکی قورس و ناخۆش و بۆ کەسانێک و تەنانەت بۆ حکومەت و وڵاتیش ناخۆشە رووبەڕووی ئەوە ببێتەوە کە روویداوە. بەڵام پێموایە ئەگەر ئێوە وەک کۆمەڵگە رووبەڕووی ئەوە نەبنەوە کە روویداوە، ئەوا ناتوانن لە کۆتایی چیرۆکەکەدا بگەنە بەرپرسیارێتی. ئێستا حکومەتی عێراق داوای لە یونیتاد کردووە بڕوات. ئەوە بڕیاری حکومەتی عێراقە و بڕیارێکی سەروەرانەیە. پێموایە ناتوانین گرەنتتی بدەین، چونکە بە داخەوە ئەوە شتێکە لەنێو مرۆڤدا کە ئێمە لە تواناماندایە ئەم شتانە بکەین. هەر تەنیا لە نەینەوا نییە. تەنیا لە عێراقیش نییە. لە شوێنە جیاوازەکانی جیهانیشدا دەیبینین. بۆیە گەرەنتی نییە. ئەوەی دەتوانین بیکەین ئەوەیە هەوڵ بدەین ئەو کەسانەی ئەمەیان کردووە بدەینە دادگە تا بیانخەنە زیندانەوە و لەمە بەردەوام دەبین. ئێمە لەنێو پۆلیسی بەریتانیا لە بەدواداچوون بەردەوام دەبین. بەردەوام دەبین لە لێکۆڵینەوە لە هەر تۆمەتبارێک، نەک تەنیا لە کەیسی ئێزدییەکاندا، بەڵکو لە کەیسی سپایکەر و کۆمەڵکوژییەکانی دیکەیشدا. بۆیە زۆر بە داخەوەم بۆ زیان و قوربانییەکانتان. پێم وانییە بتوانین ئەو گەرەنتییە بدەین. پێموایە ئەوە شتێکە پەیوەندیی بە گەلی عێراقەوە هەیە کە دڵنیایی بدات بەرپرسیارێتی دەبێت، بە تایبەتی دوای کۆتاییهاتنی یونیتاد. ئێستا ئەوە ئەرکی عێراقە بیکات.
 
رووداو: بەڵام بە داخەوە هێشتا 70 هەزار خێزانی داعش هەن کە رەنگە ئێستا ئەندامی نوێی میلیشیاکان بن لە کەمپی هۆلدا کە رەنگە 50 کیلۆمەتر لە شنگالەوە دوور بێت. ئینجا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لەوێ نییە تا لێیان بپرسێتەوە.
 
ستیڤن هیچن: کێشەی داعش تەواو نەبووە. کێشەی داعش زۆر لە پێشوو باشترە، بەڵام تەواو نەبووە. پرسی باکووری سووریا و بۆشایی لە سووریا بۆ داعش تا خۆیان رێکبخەنەوە تەواو نەبووە. نازانم حکومەتی سووریا چۆن دەتوانێت رۆژهەڵاتی سووریا رێکبخات و بەڕێوەی ببات. حکومەتی سووریا ناتوانێت درعا بەڕێوەببات کە 50 میل لە دیمەشقەوە دوورە. ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات. ناتوانێت خزمەتگوزاریی پێبگەیەنێت. ناتوانێت لە درعا قوتابخانە بکاتەوە. چۆن دەتوانێت رۆژهەڵاتی سووریا کۆنترۆڵ بکات؟ بۆیە بۆشایی بۆ داعش دەکرێتەوە تا خۆی رێکبخاتەوە. بە داخەوە، پێموایە ئەم دۆخەی ئێستا لە عێراق هەیە زۆر لە ئەم ساڵانەی ئایندەی نێوخۆی سووریا باشترە. عێراق تەنیا بەشێکی وێنەکەیە. سەیرم لێ دێت کە پرسیار لەبارەی هاوپەیمانانەوە نەکرا. پێموایە هاوپەیمانان کۆتاییان دێت، بەڵام هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لە سۆماڵ و بەشەکانی دیکەی ئەفریقا و لە سووریا پێویستە بەردەوام بێت، گەرچی لە عێراق کێشەکە زۆر لە پێشوو باشتر بێت.
 
عومەر عادل لە تکریت: رۆڵی سەرەکیی باڵیۆزەکان، نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکانیانە لەناو وڵاتی میوان و جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکانیانە لە عێراق. بەڕێز باڵیۆز، رۆڵتان چی بوو لە کۆبوونەوەی نێو ماڵی شەعلان کەریم کە ژمارەیەک پەرلەمانتاری سوننە ئامادەی بوون؟ ئایا بابەتەکە پەیوەندیی بە خێراکردن بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان؟ پێتانوانییە ئەمە دەستوەردانە بۆ نێو کاروباری ناوخۆی وڵات و لاوازکردنی سەروەرییەکەی؟
 
ستیڤن هیچن: بەگوێرەی رێککەوتننامەی ڤیەننا، ئەو رێککەوتننامەیە بنەمای کاری دیپلۆماسیە، بەگوێرەی ئەو رێککەوتننامەیە، دیپلۆماتکار لە هەر وڵاتێکدا مافی ئەوەی هەیە لەگەڵ هەموو خەڵک قسە بکات نە تەنیا لەگەڵ وەزیرەکان و یان.. دەتوانین لە بەریتانیا، لە فەرەنسا بە وڵاتەکەدا بگەڕێین، ئەمەش لەبەر چەندین هۆ، یەکێک لەوانە قووڵکردنەوەی تێگەیشتنە لەو وڵاتە. من بەڕاستی لە 2013 و 2014 سەردانی عێراقم کردووە. لەو سەردەمەدا، تەنیا دەرفەتی ئەوەمان هەبوو لەگەڵ بەرپرسان لە بەغدا قسە بکەین. بەرپرسانیش لە بەغدا بەمنیان دەگوت هەموو شتێ لەژێر کۆنترۆڵە.. هەتا هەفتەیەک پێش کەوتنی مووسڵ هەر دەیانگوت هەموو شتێ لەژێر کۆنترۆڵە، بۆیە ناتوانین بە تەنیا پشت بە دیدگای سیاسەتکاران و بەرپرسانی گەورە ببەستین. بە دڵنیاییەوە بەشێک لە وێنە گرنگەکە دەبینن، خۆی بەڕاشکاوی وێنە گەورەکە لای ئەوانە. بەرپرسان لە وەزارەتەکان ئاماریان لەبەردەستە و وێنە گەورەکەیان لەلایە، بەڵام ئێمەش لەڕێی گفتوگۆوە لەگەڵ ئێوە بەشێکی وێنەکە وەردەگرین. پارێزگارێک، هاووڵاتییەکی ئاسایی لە بەسرە یان لە زوبێر دۆخەکە لە گۆشەی خۆیەوە دەبینێ. ئەوەی مووسڵ لە گۆشەیەکی دیکەوە. لە سەڵاحەدین دۆخەکە لە گۆشەیەکی دیکەوە دەبینن، بۆیە ئێمە تێکەڵی خەڵک دەبین بۆئەوەی تێگەیشتنی خۆمان قووڵتر بکەینەوە. شێخ شەعلان هاوڕێمە، لە سەڵاحەدینیش کە سەردانم کرد، ئەوە لە چوارچێوەی سەردانێکمدا بوو بۆ پارێزگاکە و ئەویش وەکو سەرۆک عەشیرەت نزیکەی 100 کەسی لە سەرۆک هۆزەکانی ئەو ناوچەیەی کۆکردەوە. لەو دانیشتنەدا گوێم لە تێڕوانینی ئەوان گرت دەربارەی کاروباری پارێزگاکە و هەروەها تێڕوانینیان بۆ رەوشی ئەمنی و ئابووری و کولتووری لە عێراق. ئەوە بەو مانایە نییە کە کاریگەرییان لەسەر من داناوە. من تەنیا گوێم لە را و بۆچوونی ئەوان گرتووە لەو دانیشتنەدا. کەواتە شتەکە لەبەر ئەوە نەبوو کە ئێمە لایەنگری لە شێخ شەعلان دەکەین، یان ئێمە دژی شێخ شەعلانین. ئەم دیدارانە هەلێکن بۆئەوەی تێکەڵی خەڵک بین هەروەکو ئەوەی ئەمڕۆ کە دەرفەت رەخساوە بۆئەوەی تێکەڵی ئێوە بم و لێتانەوە فێر ببم. وەکو گوتم خەڵکی مەککە کاروباری خۆیان باشتر دەزانن، ئێمە وەکو بیانی، بەڕاستی وڵاتەکەتان وڵاتی ئاڵۆزییە.
 
رووداو: کام بیانی وەک ئەوەی ئێستا گەڕاوەتەوە لە عەمارە؟
 
ستیڤن هیچن: وڵاتی شتی سەیرو سەمەرەیە و پێویستمان بەوەیە خەڵک دیدگا و تێڕوانینی خۆیانمان بۆ باس بکەن، بەتایبەتی لە وڵاتێکی ئاوا هەمەڕەنگدا. ولاتێکی هەمەڕەنگ کە هەمووان بە ئێزدی و کریستیان و تورکمان و سوننی و شیعی و.. ماشەڵاتان لێبێ هەمووتان لە یەکدی جیاوازن. بێگومان رای جیاوازتان هەیە و ئێمەش دەمانەوێ گوێ بگرین و سوود وەرگرین و فێربین.
 
رووداو: دوایین پرسیارم بۆ تۆ. پێتوایە دوای تۆ بۆ بەرنامەی دواتر دەبێت کێ لەسەر ئەو کورسییە دابنیشێت؟
 
ستیڤن هیچن: زۆر کەس هەن کە دەتوانم بیریان لێ بکەمەوە. ئەو کەسەی حەز دەکەم لێرە دابنیشێت و خەڵک پرسیاری لێ بکەن، کەسێکە زۆر شتی باشم لە بارەیەوە گوت، کاک نێچیرڤان بارزانییە کە پێموایە کەسێکی زۆر باش دەبێت لێرە دابنیشێت. بە دڵنیاییەوە سەیری ئەو بەرنامەیە دەکەم. پێت دەڵێم کە کێی دیکەیش زۆر باش دەبێت. ئەویش کوردێکی دیکەیە و کاک بافڵ تاڵەبانییە. پێموایە ئەویش کەسێکی زۆر باش دەبێت.  
 
رووداو: بەڵام لە هەولێر.
 
ستیڤن هیچن: جارێکی دیکە دەمخەیتە کێڵگەی مینەوە ... بۆ کەسی سێیەمیش، لەبەر ئەوەی لە بەسرەم و کەسێک کە حەز دەکەم دواتر بیبینم و پێموایە کەسایەتییەکی زۆر گرنگی عێراقە، ئەویش شێخ حەسەن عەیدانییە.