پەرلەمانتارێکی سویسرا: کورد لەنێو خۆیان رێکنەکەون، سەختە لە ئاستی نێودەوڵەتی هاوبەش بدۆزنەوە

15-07-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سیبێل ئەسلان، ئەندامی پەرلەمانی سویسرا
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سیبێل ئەسلان، ئەندامی پەرلەمانی سویسرا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سیبێل ئەسلان، ماوەی هەشت ساڵە ئەندامی پەرلەمانی سویسرایە، ئەو خانمێکی دیاسپۆرانشینە کە کەسایەتییەکی کاریگەرە لە سیاسەتی ئەوروپیدا و دەڵێت: کورد لەنێو خۆیان رێکنەکەون، سەختە لە ئاستی نێودەوڵەتی هاوبەش بدۆزنەوە. 
 
ئەمساڵ یادی 100 ساڵەی پەیماننامەی لۆزانە و زۆر چالاکیی کوردی لە شاری لۆزانی سویسرا بەڕێوەدەچن، سیبێل ئەسلان لەو لۆزانەی تێیدا شەرعییەتی نێودەوڵەتی درایە دابەشکردنی کوردستان میوانی ئاڵا شاڵی بووە و گفتوگۆیان لەسەر کوردستان لە سیاسەتی دەرەوەی سویسرا و سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر بە پرسی کورد کردووە. 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سیبێل ئەسلان، ئەندامی پەرلەمانی سویسرا 
 
رووداو: بەڕێزتان هەشت ساڵە ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی سویسران، هەڵوێستی سویسرا چییە وەک ئەو وڵاتەی کە تێیدا بڕیاری پێنەدانی سەربەخۆیی بە کوردستان درا؟  
 
سیبێل ئەسلان: ئەوە بە دڵنیاییەوە پرسیارێکی قورسە، چونکە سویسرا پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ وڵاتێکی دیکەدا نییە تا بتوانین لەو روانگەیەوە تەماشای بکەین. لە سویسرا زۆر پەیماننامە واژۆ کراون، پەیماننامەی لۆزانیش یەکێکە لەو پەیماننامانە. ئەو کاتە لە سویسرا ژمارەی کورد زۆر زۆر کەم بوو. ئێستا ژمارەیان دەگاتە 140 بۆ 150 هەزار کورد کە لێرە دەژین. لە راستیدا ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە ئەم پەیماننامەیە ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەهێناوەتە ئارا، بەڵکو نائارامیی لە ناوچە کوردنشینەکان دروستکردووە لەو چوار وڵاتەی کورد تێیاندا دەژی. بەڵام دوای 100 ساڵ ئێستا لەم باڵەخانەدا کە پەرلەمانە لە شاری لۆزان باسی ئەو پەیمانانەمەیە دەکەین. ئەمە لە رووی مێژوییەوە پێزانینێکە کە دوای 100 ساڵ دەتوانین لە شاری لۆزان گفتوگۆ لەسەر ئەو پەیماننامەیە بکەین. 
 
رووداو: دوای 100 ساڵ لە پەیماننامە لۆزان بەڕای ئێوە چی لە دۆخی نێودەوڵەتی گۆڕاوە کە لە بەرژەوەندیی کورد بێت؟
 
سیبێل ئەسلان: زۆر شت لە بەرژەوەندیی ئەوان نەگۆڕاوە. کورد بوونەتە شێوازی ماکیاڤێلیست کە بە بەردەوامی گوێیان لێ بووە دەڵێن: ئەگەر بتەوێت حوکمڕانی بەسەر هەر شتێکدا بکەیت دەبێت بتوانیت بەشی بکەیت، کوردیش لە ناسنامەکانیان، زمانەکانیان، بیروباوەڕەکانیان ئەوەندە جیاوازن کە ئەستەمە بتوانن یەک بگرنەوە. ئەوە هەڵوێستێکی ئەوروپییە، بەڵام پێموایە بەهۆی ئەوەی کورد ناچار بوون ناوچەکانی خۆیان جێبهێڵن، وڵاتی خۆیان بەجێهێشت، ناچار بوون و دەبووایە لە ئەوروپادا بەشداریی بکەن و رۆڵیان هەبێت. بێگومان منیش بەڕێکەوت لێرە نەگیرساومەتەوە، وەکو بەڕێزتان کە لە وڵاتێکی دیکە دەژین. پرسیارەکە لێرە ئەوەیە کە هەموو ئەو کوردانە چی دەکەن کە بەهۆی ئەو دۆخەی تێیدان لە ژیان بێبەش بوون و لە ناوچەکەیان دەرکران؟ دەتوێنرێنەوە. ئیدی ناتوانن لە زێدی خۆیان بمێننەوە؛ ستەمیان لێدەکرێت، بە کەمینە دادەنرێن و ئێستا لە وڵاتێکی دیکە بەدوای شوێنێکدا دەگەڕێن تا ببێتە وڵاتی دووەمیان. ئەوانە چییان بەسەر دێت؟ پێموایە ئەوە پرسیارە وروژێنەرەکەیە، چونکە ئەو گەنجانە لە ئەوروپاش جیاواز دەردەکەون، ناسنامەیەکی جیاوازیان هەیە و شێوازێکی جیاوازیان هەیە، ئەوە شتێکە کە ناتوانرێت تەنانەت لەو وڵاتانەی لێوەی هاتوون بتوانن بەرامبەر بەوە بوەستن و بیگۆڕن.
 
رووداو: پەیوەندی نێوان سویسرا و هەرێمی کوردستانە چۆنە؟ ئێوە دەتوانن چی بکەن لە بواری سیاسی و ئابووری، ئێوە وەک پەرلەمانتارێکی سویسرا دەتوانن چی بۆ کورد بکەن؟
 
سیبێل ئەسلان: لە پەرلەمانەکاندا ئامرازی زۆر هەن کە دەتوانن تێگەیشتنێکیش بۆ ئەو ناوچەی کە کوردی تێدا دەژی دروست بکەن، دەتوانین باسی دۆخی ئێستای کورد بکەین و باسی ئەو ستەمە بکەین کە لە هەموو ناوچە کوردییەکان لێیان دەکرێت و دەردەکرێن لە زێدی خۆیان کە دەتوێنرێنەوە و ناتوانن بە زمانی خۆیان قسەبکەن، هەموو ئەم تێگەیشتنە ئێمە وەک سیاسەتمەداران لە پەرلەمان دەتوانین بەدەستیبهێنین. ئێوە وەک رۆژنامەڤانان یان بوارەکانی دیکەش، هونەرمەندان دەتوانن ئەوە پێشان بدەن. پاشان گرنگە باسی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان بکەین، ئەوە کەمێک سەختە، چونکە ناتوانرێت هیچ وەبەرهێنانێک بە شێوەیەکی دروست لە ناوچە کوردستانییەکاندا بکرێت هەرچەندە دەوڵەمەندن بە کەرەستەی خاو و سامانە سرووشتییەکان، بەڵام سەقامگیری لە ناوچەکەدا نییە. بۆیە پێویستە باس لە گرنگیی سەقامگیری لە ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانی سویسرا بکەین لە هەموو ناوچە کوردنشینەکان. پێویستە ئەمە نیشان بدرێت، چونکە لەلایەک ئەوە مانای وایە کە پەنابەران کەمتر دەبن و کەسیش هەڵنایەت بۆ دەرەوەی وڵات. لەلایەکی دیکەیشەوە، دەتوانین مادەی خاو، نەوت و گاز لە دەوروبەری نزیکیشدا بەدەستبهێنین، ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی کە پێویست نەکات چاومان لە دەستی دەوڵەتە تاکڕەوەکان بێت. پێویستە زیاتر باس لە گرنگیی ئەو ناوچانە بکەین کە سامانی سرووشتییان هەیە بۆ وڵاتانی ئەوروپی. پێویستە زیاتر گفتوگۆ بکەین و پێیان بناسێنین. 
 
رووداو: باسی سەقامگیریی ناوچەکەتان کرد، ئەی پێتان وایە ئەو ناسەقامگیرییە بەهۆی پەیماننامەی لۆزانەوە نییە؟
 
سیبێل ئەسلان: زۆر گرنگە ئێمە ببینن و دان بەوەدا بنێن کە ئێستا دۆخەکە زۆر سەختە بۆ کورد، بەڵام من پێموایە ئێمەی کورد دەبێت بە خۆمان بڵێین کە ئێمە بەردەوام لەم دۆخەدا نابین کە بۆ ئێمە قورسە، گرنگە ئێمە بەدوای رێگەیەکدا بگەڕێین بۆ چارەسەر و یەکێک لە چارەسەر و رێگەکان بێگومان رێگەی دیپلۆماسییە. زۆر کەس هەن چ لە ناوچە کوردستانییەکان و چ لە دەرەوەی وڵات کە ناتوانن کاری وەرگێڕان بکەن. ئەو کاتە هەموو کەسێک چ لە ناوچە کوردنشینەکان یان لە دەرەوەی وڵات وابەستەی هەبوونی گوتەبێژن لە بری هەبوونی داکۆکیکار. مرۆڤ دەبێت خۆی بۆ دۆزی خۆی هەوڵبدات. بەدەستهێنانی تێگەیشتن گرنگە، هەروەها ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە کە ئێمە بڕێکی هاوبەشمان هەبێت بۆ هەموو کوردەکان، بە هەموو هەڵوێست و ناسنامە جیاوازەکانیانەوە کە ئەمەش بۆ خۆی خراپ نییە، منیش سیاسەتمەدارێکی کوردی سویسریم و لە تورکیاوە هاتووم، مەرج نییە ئەم ناسنامە فرەییە خراپ بێت. هەروەها دەکرێت ئەرێنیش بێت. چۆن دەتوانیت چارەسەر لەم ناوچانەدا بدۆزیتەوە پێکەوە لەگەڵ ناسنامە جیاوازەکان بۆ نموونە کوردی عێراق، کوردی سووریا، کوردی تورکیا پێکەوە چارەسەر بدۆزینەوە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانە بکەین کە تێیدا دەژین. پێموایە دەتوانیت شتێک بدۆزیتەوە لەسەر ئاستی دیپلۆماسی بە پەیڕەوکردنی ئەم رێگەیانە و منیش دەڵێم بەدوای رێگەی دیپلۆماسیدا بگەڕێن لە سیاسەت و ئەو شتانەدا، بێگومان ئەم رێبازەی دیموکراسی هەمیشە ئەوەیە کە کورد دەیەوێت پێشی بخات. من باوەڕم بەوە هەیە سەلامەتترین رێگەیە.
 
رووداو: بەڕێزتان پێتانوایە ئەمە لەو وڵاتانەدا بکرێت؟
 
سیبێل ئەسلان: من پێموایە قورسە، چونکە سەقامگیریی نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکو بۆ زۆرینەی کۆمەڵگە لەو وڵاتانەدا نییە. بۆ نموونە ئەگەر تەماشای دۆخی تورکیا بکەین، بۆ تورک و بۆ کوردیش کاریگەریی دۆخی ئابووری و دارایی و دۆخی سەقامگیریی لەسەریان زۆرە. بۆیە دەبێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرنگی بە سەقامگیریی بدەین و نیشانی وڵاتانی ئەوروپای بدەین. بێگومان ئەوە شتێکە کە ئێمە لە ئەوروپا دەتوانین پشتگیریی بکەین. من وەکو سیاسەتڤانێکی پەیوەندییەکانی دەرەوە پشتگیریی دەکەم، فرەناسنامەیی چارەسەرێکی باشە و دەتوانرێت لەو وڵاتانەی کە کوردیان لێیە جێبەجێ بکرێت.
 
رووداو: ئێوە بەشداریی کورد لە دوایین هەڵبژاردنی تورکیا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
 
سیبێل ئەسلان: هەموو بینیمان کە کورد رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت، سەرەڕای ئەوەش هەوڵیان دا داواکارییەکانی کورد بچووک بکەنەوە و نەیهێڵن، بەڵام بینیمان کە ئێستا تا رادەیەک روون بووەوە. سوپاس بۆ کورد کە ئۆپۆزیسیۆن توانی ئەوەندە دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڵام دەبینن کە رەوتێکی راستڕەوانە لە هەموو ئەوروپا و لە تورکیا و دەوڵەتە تاکڕەوەکان و لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە. بێگومان رووسیا و هەنگاریاش نیگەرانیان کردووین و سەرقاڵیان کردووین. بەڵام پێموایە هێشتا کورد رۆڵێکی سەرەکیی هەیە چ لە تورکیا، چ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. گرنگ ئەوەیە کورد رێگەی سیاسی بگرێتەبەر لەو وڵاتانەی کە تێیدا دەژین تاوەکو بتوانن گوێیان لێ بگیرێت و داواکارییەکانیان پەسند بکرێت. من پێموایە لە تورکیا ئەمە تاوەکو هەندێک روویداوە. هێشتا بە تەواوی پەسند نەکراون، بەڵام ئەوەیش بەم نزیکانە روودەدات.
 
رووداو: پەیامت بۆ نەوەی داهاتووی کوردستان چییە، پێویستە کورد چی بکات بەتایبەتی لە ئاستی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی پێگەی خۆی بەهێزبکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی؟
 
سیبێل ئەسلان: جگە لە کارەکەی ئێستام، من پارێزەرم و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کار دەکەم، ئەوەی دووبارە و سێبارە تێبینیی دەکەم ئەوەیە کە کورد، وەک بابەتی یاسای نێودەوڵەتی، ناتوانێت بە تەنیا لەسەر مێزی دانوستاندن بێت، چونکە هەموو کوردەکان ناتوانن رێکبکەون و یەکدەنگ بن. یەک داوکارییان نییە کە مرۆڤ بڵێت باشە ئەوە بۆ هەموو کوردە، چ کوردی سووریا بێت، ئێران، عێراق یان تورکیا بێت. هەر داواکارییەک بێت، بۆ نموونە ئازادیی زمان یاخود هەر شتێک بێت ئەو داواکارییە لە لایەن هەموو کوردەکانەوە داوا ناکرێت و داکۆکی لە مافی خۆیان ناکەن. ئەگەر کورد لەنێو خۆیاندا رێک نەکەون، بێگومان سەختە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هاوبەش بدۆزنەوە لەنێو ئەو رێکخراوانەی کە داکۆکی لە مافی ئەوان بکات و دان بە مافەکانیاندا بنێن، ئەمە یەکێکە لە کێشەکان. کێشەیەکی دیکەش هەیە کە کورد ئێستا هەیەتی. من وەک ئەندام پەرلەمانێکی بەئەزموون قسە دەکەم. کورد خاوەنی "ثینک ثانک" (think thank) نییە تا بتوانێت لە رێگەی ئەمەوە پەرە بە رێگە سیاسی و دیپلۆماسییەکانیان بدەن. کورد تا ئێستا چاوی لە دەستی کەسانی دیکەیە کە ببنە نوێنەریان و لە بری کورد قسە بکەن. ئەوان هێشتا لە پرۆسەی فێربوونی کاری سیاسی و دیپلۆماسیدان کە من تێیدەگەم، چونکە کورد لە دەرەوەی وڵات رێگەیان پێنەدراوە لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتەکانیان بەشداریی کۆبوونەوەکان بکەن و نوێنەریان نەبووە. بۆیە نەیانتوانیوە فێری ئامرازی دیپلۆماسی ببن. بەڵام لەو باوەڕەدام کە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر دەدۆزرێتەوە.  
 
رووداو: کەسانی وەک بەڕێزتان دەتوانن هاوکاربن؟
 
سیبێل ئەسلان: من تاکە کەس نیم، کەسانی زۆر هەن. بەڵام من هەمیشە دەڵێم ئەگەر پابەند بیت بە هەوڵدانەوە، ئەویش ئەوەیە کە بەردەوام دەڵێم رێگەی گۆڕانکاری لە رێگەی دیپلۆماسییەوەیە. من پێشنیازی ئەم رێگەیە بۆ هەمووان دەکەم. ئەویش ئەو رێگەیەیە کە هەموو ئەوانەی بەشدارن، پێکەوە بەدوای چارەسەردا بگەڕێن بەبێ ئەوەی دژی یەکدی بن و ئەگەر چارەسەرێک هەبێت و کەمێک ناڕازییش بن، ئەوا چارەسەرێکی زۆر باشیان دۆزیوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.