راوێژکارێکی سوودانی: پانتاییەکى فراوان بۆ گەیشتنە رێککەوتن لەنێوان عێراق و ئەمریکا هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری سیاسیی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، پانتاییەکى بەرفراوانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکا هەیە و کاری لە پێشینەی شاندی عێراق رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیژییە لەنێوان بەغدا و واشنتن.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەمریکایە و لە کۆشکی سپی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لێ دەکات. فادی شمەری، راوێژکاری سیاسیی سەرۆکوەزیران دەڵێت: زۆر دۆسیە هەن کە لەسەر مێزى گفتوگۆ دەبن، لەوانە دۆسیەى سیاسی، دۆسیەى ئابوورى، دۆسیەى وەبەرهێنان، دۆسیەى وزە، دۆسیەى تەکنەلۆژیا و ژینگە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی فادی شەمەری، راوێژکاری سیاسی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ رووداو:
 
رووداو: سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانێکی چاوەڕوانکراو و پلان و بەرنامە بۆ داڕێژراو لە واشنتنە و لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دیداری لووتکەی هەیە، ئەو مەلەفە گرنگانە چین کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ خۆی بردوونی بۆ کۆشکی سپی؟
 
فادى شمەرى: بەڵێ، بە ناوى خواى بەخشندە و میهرەبان، سڵاو بۆ ئێوە و بۆ بینەرانتان، بەدڵنیاییەوە سەردانى سەرۆکوەزیران بۆ واشنتن سەردانێکى گرنگە، بەتایبەت لەم کاتە هەستیار و ئاڵۆزەدا کە عێراق و ناوچەکەى پێدا تێپەڕ دەبێت، تاوتوێى چۆنێتى پەیوەندى نێوان بەغدا و واشنتن، لە کارى لەپێشینەى ئەجێنداى کۆبوونەوەى هاوبەشیانە و بە شێوەیەکى چڕ لەلایەن بەرپرسانى باڵاى کۆشکى سپى لەگەڵ سەرۆکوەزیران و شاندى یاوەرى باس دەکرێت، زۆر دۆسیە هەن کە لەسەر مێزى گفتوگۆ دەبن، لەوانە دۆسیەى سیاسی، دۆسیەى ئابوورى، دۆسیەى وەبەرهێنان، دۆسیەى وزە، دۆسیەى تەکنەلۆژیا و ژینگە. لەراستیدا زۆرێک دۆسیەن کە ئامادەییان هەیە لە سرووشتى بڕیارى عێراق و تێڕوانینى عێراقدا، بەدڵنیاییەوە لە پێش هەموویانەوە کاراکردنى بەندەکانى رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیژى لەنێوان بەغدا و واشنتن و سنووردارنەکردنى لە دۆسەى سەربازى و ئەمنى کە ساڵانى رابردوو سرووشتى پەیوەندى نێوان هەردوو وڵاتى پێوە دەبەسترایەوە، هەموو ئەم پرسانە، هەموو ئەم ئەجێندانە لەسەر مێزى هاوبەشیان ئامادەییان دەبێت، پێمان وایە کە پانتاییەکى بەرفراوان هەیە لەنێوان هەردوولا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنى هاوبەش کە خزمەت بە عێراق بکات کە ئەمە لە بنەڕەەتدا بەلاى ئێمەوە گرنگە، هەروەها خزمەت بە هەردوو لایەنى رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیژى بگەیێنێت، هەروەها لە ئەجێنداى کۆبوونەوەکان و لە پەراوێزیاندا باس لەوە دەکرێت کە لێژنە ئەمنى و سەربازییەکان بەچى گەیشتوون لەگەڵ بەردەوامى کۆبوونەوەکان لەم چوارچێوەیەدا، بەدڵنیاییەوە بەوەشەوە کە چۆن عێراق پارێزگارى لە ئاسایش و سەروەرى بکات، هەروەها هێنانەکایەى تێڕوانینى هاوبەش کە خزمەتى عێراق بکات وەک دەوڵەت و خزمەت بە ناوچەکە و سەقامگیری و بوژاندنەوە بکات و دەرفتەکانى ئاشتى بەهێز بکات لە ناوچەکە.
 
رووداو: بەڕێز فادی، باسی کارەکانی لیژنەی هاوبەشی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتت کرد، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش پێش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا گوتی، مەلەفی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکاش یەکێک دەبێت لە مەلەفە گرنگەکان، لە ماوەی رابردوو لیژنە هاوبەشەکانی نێوان هاوپەیمانان و عێراق گەیشتوونەتە کوێ و ئەم بابەتە لەم سەردانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەمریکا بە مانەوە یان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا یەکلایی دەبێتەوە؟
 
فادى شمەرى: لێژنەیەکى عێراق- ئەمریکى هاوبەش هەیە کە تاوتوێى وردەکارى تەکنیکى و ئەمنى و سەربازى و رێوشوێنەکان و چەندین دۆسیە و پرچەککردن دەکەن،هەروەها تاوتوێى چوارچێوەى بوونى ئەمنى و سەربازى و لە بەرامبەریدا پاشماوەى تیرۆرى لە ناوچەکە دەکرێت کە لە سووریا بێت یان هەر ناوچەیەکى دیکە، هەموو ئەم دۆسیانە لە لێژنەى هاوبەشی نێوانیان هەیە، بەدڵنیاییەوە ئەوەى کە ئەم لێژنەیە پێى دەگات لە بارەى کات و رێوشوێن و میکانیزم و گریمانەکان، دەکەونە ژێر رێککەوتن و لێکتێگەیشتنى هەردوولا لە بارەى ئەرکى بڕیارى عێراقى، کە رون و ئاشکرایە و  کۆتایی هێنانە بە ئەرکى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى و هەنگاوناون  بەرەو پەیوەندى دوو قۆڵى نێوان بەغدا و واشنتن، لە نێوان بەغداو وڵاتانى دیکەى نێو هاوپەیمانى نێودەوڵەتى کە 83 وڵاتن،ئەوەى بەلاى عێراقەوە لە بارەى ئەو وڵاتانەوە گرنگە، عێراق دەیەوێت تێگەشتنى هاوبەشى لەگەڵ ئەو وڵاتانە فراوان بکات، نابێت لە دۆسیەى ئەمنى وسەربازى سنووردار بکرێت،دۆسیەى دیکە هەیە و عێراق لە بەردەم رابوونێکى گەشەپێدان و بونیاتنانەوەیە، هەروەها لە دۆسیەى دیکەى وەک ئاو، ژینگە ، کشتوکاڵ، تەکنەرلۆژیا، زیرەکى دەستکرد، ئەوە جگە لە دۆسیەى سیاسى هاوبەش لە نێوان بەغداو ئەو وڵاتانە، هەموو ئەم دۆسیانە ئامادە دەبن لە چوارچێوەى ئەوەى کە  لێژنەى ئەمنى عێراق ئەمریکى هاوبەش پێى دەگەن و هەڵى دەهێنجن،هەروەها باسى ئەو ئەنجامانەش دەکرێت کە دیالۆگەکان پێى گەیشتوون،هەروەها سروشتى بەردەوامى ئەو دیالۆگانەش لە  گفتووگۆکانى نێوان سەرۆک سوودانى و سەرۆک بایدن و لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى واشنتن باس دەکرێت،بە دڵناییەوە هەموو ئەم دۆسیانە ئامادە دەدەبن،هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە مەوداى لێکڵتێگەیشتن  هەیە، مەوداى رێککەوتنى ئامادەیە، ئەگەر هەیە هەردوولا بگەنە کۆمەڵێک لێکتێگەیشتن و رێککەوتن، وەک ئەوەى پێشتر باسم کرد کاراکردنى بەندەکانى رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیژى لە نێوان بەغداو واشنتن جێگەى گرنگى و کارى لەپێشینەى شاندەکەى عێراقە، لە سەروو هەموویانەوە سەرۆکوەزیران.
 
رووداو: بەڕێز فادی، راستە مەلەفی زۆر هەن لەنێوان عێراق و ئەمریکا، هەر لە مەلەفی سیاسی و ئابووری تاوەکو مەلەفی پرسی کەشوهەوا، بەڵام جارێکی دیکە دەچمەوە سەر مەلەفە ئەمنییەکە، بەو بارودۆخە سیاسییەی کە باست کرد و لەم کاتەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە واشنتنە، ئەو بارودۆخە سەربازییەی ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕێت، ئەمریکا دەکشێتەوە بەو ئاسانییە؟ ئەمریکا لە ناوچەکە ئامادەییەکی زۆری هەیە و هاوپەیمانە سەرەکییەکەی کە ئیسرائیلە لە شەڕدایە، ئەمریکا دەکشێتەوە؟
 
فادى شمەرى: بەدڵنیاییەوە باسکردنى پێشهاتە ئەمنى وسەربازییەکان لە ناوچەکە یەکێکە لەو پرسانەى کە لە سروشتى گفتووگاندا ئامادە دەبن، عێراق لە بڕیار و تێڕوانین و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیاندا و روون و ئاشکرایە کە بەمدواییە کردویەتى یان لەدواى رووداوەکانى پاش 17ى ئۆکتۆبەر روویاندا، بەوەى عێراق پاڵپشتى ئەوە دەکات و هاوکارە و رۆڵى دەبێت لە کەمکردنەوەى ئاڵۆزییەکان و راگرتنى کارى دوژمنکارانە لەدژى غەززە و راگرتنى ئەو کوشتارگەرەى  لە دژى کەسوکارمان لەوێ دەکرێت، لەلایەکى دیکەوە عێراق نایەوێت پەیوەندى لەگەڵ ئەمریکا سنوورداربێت بە لایەنى سەربازى وئەمنی،دەیەوێت سروشتى ئەو پەیوەندیە بەرفراوان و رێکبخاتەوەو پێى بگەیێنێت،تاوەکو هاوبەشی راستەقینە بگرێتەوە، هاوبەشی هەبێت لە دۆسیە نێودەوڵەتى و هەرێمایەتییەکاندا،مەوداى خزمەتگوزاریی و ئەمنى و دۆسیەى وزە و دۆسیە گرنگە و هەستیارەکان بگرێتەوە، بۆ عێراق خۆى لە پێش هەموو شتێکەوەیە لەسەر حسابی دۆسیەى ئەمنى و سەربازیى،کە بەدڵنیاییەوە لێژنەى هاوبەشی عێراق و ئەمریکا پرسی سروشتى گفتووگۆکان و کاتەکان لە پرسی کشانەوە یەکلا دەکەنەوە، بڕیارى عێراق روونە، حکومەتى عێراقى بەشێوەیەکى شەفاف و راشکاوانە گوزارشتى لە ویستى خۆى کردووە لە بارەى کۆتایی هێنان بە ئەرکى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى و هەنگاونان بەرەو پەیوەندى دوو قۆڵى، بەدڵنیاییەوە دەبێت هەردوولایەک بچنە ژێربارى بڕیارى حکومەتى عێراق، بەوپێیەى عێراق خاوەنى سەروەرییە و بەگوێرەى دەستوور سەرپشکە لە راگەیاندنى تێڕوانین و ویست و تێڕوانیى و لۆژیکى و هاوبەشی لەگەڵ ئەوەى کە دەیەوێت و پێى وایە بەرژوەندى تێدا هەیە.
 
رووداو: بەڕێز فادی، جەنابت باست کرد کە کۆمەڵێک مەلەفی گرنگ و زۆر لە جانتاکەی سوودانی هەیە بۆ ئەمریکا، شاندێکی گەورەیشی لەگەڵەدایە، چاوەڕێی هیچ رێککەوتنێک دەکرێت؟ یان ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە چین کە رەنگە لەم سەردانە لەنێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندەکەی لەگەڵ شاندی ئەمریکی روو بدات؟
 
فادى شمەرى: با پێش رووداوەکان نەکەوین، تاوەکو سروشتى ئەو ساتە سیاسیە بهێنینە بەرچاو کە دیدارەکانى هەردوولاى تێدا روودەدات، لەسایەى ئەو پێشهاتانەى ناوچەکەى گرتووەتەوە، راگەیاندنێکى روون دەبێت لەلایەن هەردوولاوە، لەرێگەى راگەیێندراوى هاوبەش و راگەیێندراوى دیکە کە لەلایەن هەردوولاوە دەردەکرێت لە بارەى سروشتى ئەو رێککەوتنانەى کە پێى دەگەن و ئەوەى کە چۆنێتى ئەو رێککەوتنە و لێکتێگەیشتنانە چى دەبن؟ کاردانەوەى سەردانەکە گەورەیە و تەنها لە سەردانیکردنى کۆشکى سپى کۆبوونەوە ناگرێتەوە لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى ئەمریکا لە بارەى پرسی سیاسى و سەربازى و رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیژى، بەڵکو کۆبوونەوەى دیکە لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانى ئەمریکا دەکرێت لەبوارەکانى خوێندن، وزە، گاز و بوارى دیکە،هەروەها دیدارى دیکە دەبێت لە نێوان وەبەرهێنەرانى عێراق و ئەمریکا، دیدارى گرنگ دەبن، ئەوگفتوگۆیانەى کە لە کۆشکى پیى لەگەڵ وەزارەتى گەنجینە و بانکى فیدراڵى و گەورە بانکەکانى ئەمریکا دەبن بۆ ئەوەى نەخشە رێگەیەکى هاوبەش دابنرێت کە بەغدا و ئەو لایەنانەى ئەمریکا پێى قایل بن، بۆ گەرەنتیکردنى ئەوەى کە عێراق بەشێوەیەکى ئاسایی و سروشتى بە سیستمى دارایی جیهانییەوە ببەسترێتەوە،هەروەها لەلایەکى دیکەوە نەخشە رێگەیەک دابنرێت بۆ ئەوەى سزاى سەر هەندێک لە بانکەکان لە بەغدا لاببرێت لە سزا دراون، نەخشتەرێگەیەک هەیە کە عێراق دایڕشتووە و لەبارەیەوە لەگەڵ هاوپەیمان و دۆستەکانى گفتووگۆى کردووە،هیوامان وایە کە لەو بارەیەوە بگەنە لێکتێگەیشتنى هاوبەش کە بەگوێرەى پێشبینیم کۆتایی هەفتە یان لەکۆتایی سەردانەکەدا رادەگەیێندرێت. 
 
رووداو: بەڕێز فادی، پێش سەردانەکەی بۆ واشنتن، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایشی دا، ئێستا پەیوەندییەکی باش لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا هەیە، ئەوە چەند مانگێکە بەغدا مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات، کێشەکان بە تەواوی چارەسەر بوون؟ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەت لەسەر بابەتی مووچە و بودجە کەوتووەتە سەر سکەی خۆی و کێشەکە چارەسەر بووە؟
 
فادى شمەرى: بەدڵنییایەوە تێڕوانین و ویستێک هەیە لەلایەن حکومەتى عێراق و بەڕێز سوودانى و بەپاڵپشتى سیاسى هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت، بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکانى دادگەى فیدراڵى، تاوەکو بتواندرێت هەموو رێوشوێنەکان تەواو بکرێت بە گوێرەى ئەو وادانەى کە بەغدا و هەولێر لەرێگەى لێژنەى هونەرى نێوانیان لەسەرى رێککەوتوون، بەگوێرەى فەرمانى سەرۆکوەزیران بۆ دامەزراوە پەیوەندارەکان، مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەدرێت، بەدڵنیاییەوە دەزانین کە کەسوکارمان لە کوردستان لە هەولێر و دهۆک و لە سلێمانی و ناوچەکانى دیکە لە قەیرانێکى دارایییدا تێپەڕ دەبن و پێداویستیان هەیەو دەبێت حکومەتى فیدراڵى بە هاوکاری و یارمەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان کەسوکارمان لەوێ لەبەرچاو بگرن، ئەمە بڕیارێکى ستراتیژییە و مرۆڤایەتیانەیە بەوپێیەى کە هاوڵاتیانى عێراق لە باکوورو بێت یان باشوور یان رۆژهەڵات یان رۆژئاوا یان هەرێمى کوردستان لە ئەستۆى حکومەتى عێراقە.