یاریدەدەری پێشووی وەزیری وزەی ئەمریکا: دەبێت هەولێر و بەغدا بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز سازش بکەن
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری پێشووی وەزیری وزەی ئەمریکا دەڵێت: هەموو کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان کێشەی پارەدانیان هەیە. ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە دوو ساڵی داهاتوودا دەردەکەوێت و دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.
ماتیو زەیس، یاریدەدەری پێشووی وەزیری وزەی ئەمریکا و جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN بۆ وزە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، پێشكێشکاری ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی 12-3-2023 پەخشکرا، ئاماژەی بەوەکرد، کەڵەکەبوونی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان کاریگەریی لەسەر وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی هەنووکەیی هەیە، کۆمپانیاکان بەرگەی ئەو دۆخە ناگرن کە بێ وەرگرتنی پارە بەردەوامبن لە کارکردن.
جێگرەکەی سەرۆکی کۆمپانیای HKN بۆ وزە ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوان "شانازی" دەکەن کە کۆمپانیایەکی کوردی-عێراقی دروستدەکەن بە هاوکاریی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، "دەرهێنان بۆ زیاتر لە 10٪ـی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەین و ئێستا 74٪ـی کارمەندەکانمان کوردن."
لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی دەرکردنی یاسای نەوت و گاز ماتیو زەیس دەڵێت: دەبێت هەردوولا چەند سازشێک بکەن، "گەشبینین کە بەغدا و هەولێر بگەنە رێککەوتن، پێموایە سوودانی و حکومەتی عێراق پێویستیان بە یاسای نەوت و گاز بێت."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ماتیو زەیس:
رووداو: بەڕێز ماتیو، خۆشحاڵم کاتێک دەڵێم بەخێربێنەوە بۆ کوردستان.
ماتیو زەیس: سوپاس محەممەد، خۆشحاڵم بە بینینت.
رووداو: رێگەم بدە لە دوایین هەواڵەکانەوە دەستپێبکەم، نزیکبوونەوەیەک لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە لەبارەی پرسەکانی نەوت، بەتایبەت یاسای نەوت و گاز. تۆ چی دەڵێی لەو بارەیەوە؟
ماتیو زەیس: پێموایە ئێمە بە پارێزەوە گەشبینین کە بەغدا و هەولێر بگەنە رێککەوتن، بەو هیوایەی سەرەتا لەبارەی بودجەوە کە دەتوانێت هەندێک لە گوشارەکان کەم بکاتەوە، کە هەندێک لە ئێمە، لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بەهۆی نەبوونی بودجەوە ئەزموونی دەکەین. دواتر بەو هیوایەی یاسایەکی نەوت و گاز هەبێت لە نێوان هەولێر و بەغدا، پێم وابێت نیگەرانییەکە لەوەیە کە لە ساڵی 2006ـەوە یاسایەک نەبووە، مەبەستم ئەوەیە لە 16 ساڵی رابردوودا یاسایەک نەبووە و ئەوەی ئایا ژینگەکە گونجاوە بۆ یاسایەک دواجار لە عێراق دەربچێت، یاسایەک کە هەرگیز نەبووە.
رووداو: بەڵام پێتوایە حکومەتی سوودانی بتوانێت رێبەرایەتیی عێراق بکات بۆ ئەوەی دواجار یاسای نەوت و گازی هەبێت؟
ماتیو زەیس: دەبێت هیواخواز بین، ئەوە مەرجی هەرێمی کوردستان بوو بۆ چوونە نێو حکومەت، ئەوەش بەشێک لەو رێککەوتنە بوو، کە بۆچی ئەم حکومەتە دروست کرا، ئەوەی بودجە و یاسای نەوت و گازیش هەبن، بە جۆرێک جێی رەزامەندیی هەردوولا بن، بۆیە پێموایە سوودانی و حکومەتی عێراق رەنگە پێویستیان بە یاسای نەوت و گاز بێت.
رووداو: تا چ رادەیەک پێتوایە یاسای نەوت و گاز لە توانایدایە پرسەکانی نێوان حکومەتەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر بکات؟
ماتیو زەیس: سەیرکە، پێم وابێت زۆر پرسیار و پرسی قورس هەن لە نێوان بەغداد و هەولێر، کە دەبێت چارەسەر بکرێن بەر لەوەی یاسای نەوت و گاز بێتە ئاراوە. مەبەستم ئەوەیە دەبێت هەردوولا چەند سازشێک بکەن. پێم وابێت واقیعی نییە چاوەڕێ بکەین ئاسان بە دەستەوە بدات، وا دەزانم دەبێت هەندێک چاوەڕوانی واقیعیمان هەبێت لەبارەی ئەو ئاستی کۆنترۆڵەی کە عێراق دەیبێت بەسەر کەرتی نەوت و گازی کورستانەوە، بە تایبەت کە بۆ ماوەی 15 ساڵە مۆدێلێکی گرێبەستی تایبەت بە خۆی هەیە، پێم وابێت یاساکە دەبێت لەبارەی هەندێک پرسەوە هەندێک سازش بکات.
رووداو: بە روانینی تۆ، لە دوای دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز، ئایا چاوەڕێ دەکەیت کۆمپانیاکانی نەوت، یان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت خواستیان زیاد بکات بۆ وەبەرهێنان لە کوردستان، تەنانەت لە عێراق؟
ماتیو زەیس: پێم وابێت ئەگەر بڕێک زیاتر دڵنیایی هەبێت، واتە دڵنیایی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی کەرتەکەوە، دەتوانێت وەبەرهێنانی زیاتر رابکێشێت، چونکە بەو جۆرە دڵنیایی لە پارەدان و دڵنیایی گرێبەستەکان دێنە ئاراوە، بۆیە بەڵێ، بە دڵنیاییەوە هاوکار دەبێت ئەگەر دڵنیایی سیاسی هەبێت، دڵنیایی بۆ دوورخستنەوەی تەمومژەکان لە ژینگەی هەنووکەیی.
رووداو: لە مانگی ئابدا، بەر لە شەش مانگ، ئێوە چاوپێکەوتنێکتان لەگەڵ رووداو کرد، ئەو کاتە گوتت، بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی نەوت و گازی کوردستانەوە کاریگەیی لەسەر کاری ئێوە، پڕۆژەی ئێوە لە کوردستان نابێت. ئەی ئێستا چۆنە؟ هێشتا هەمان بۆچوونت هەیە؟
ماتیو زەیس: پێموانییە بڕیاری دادگەی فیدراڵی بتوانێت کاریگەری لەسەر چۆنێتیی کارکردنی ئێمە لە کێڵگەکانی نەوت هەبێت. ئەوە ئەو شێوازەیە کە ئێمە بەردەوام کارمان کردووە و ئەوەیە کە چۆن بە باشترین شێوە بیکەین، بەڵام ئەوەی وەک کاریگەری دەربکەوێت، جارێکی دیکە دەیڵێمەوە کاریگەریی لەسەر دڵنیایی سیاسی دەبێت لەبارەی کارکردن و وەبەرهێنان لە عێراق.
پێم وابێت، ئەوەی بینیمان ئەوە بوو کە ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی و بڕیارەکانی دواتر زیاتر سرووشتێکی سیاسییان هەیە و کاریگەریی نەرێنییان دەبێت، بەڵام پێموایە بەداخەوە بە نەرێنی کاریگەریی لەسەر بەغداش دەبێت، چونکە پرسیارێک لەسەر دامەزراوەکانی عێراق دروست دەکات، ئایا شایەنی ئەوەیە وەربەرهێنانی تێدا بکرێت، ئایا شوێنێکە بۆ وەبەرهێنان گونجاو بێت، نەک بە تەنیا کوردستان، بەڵکو عێراقی فیدراڵیش.
رووداو: بۆ ئێستا، بۆ ئەو دۆخەی دوای گفتوگۆی نەوت و گاز، کامیانت لا پەسەندە، نموونەی عێراق یان نموونەی کوردستان؟ گرێبەستی پی ئێس سی یان گرێبەستی فرۆشتن؟ تۆ کامیانت لا پەسەندە؟
ماتیو زەیس: پێموابێت قسەکە لەبارەی پەسەندکردنەوە نییە، وا دەزانم دوو نموونەی جیاوازن، بۆیە بیرۆکەی تێکهەڵکێشانی ئەو دووانە زۆر قورس دەبێت. نموونەی پی ئێس سیی کوردستان جۆرێکە کە بە تەواوی لەسەر بنەمای وەبەرهێنانی دەرەکی دروست کراوە، تەواوی کەرتی نەوت لە کوردستان بەهۆی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی، هیچ پارەیەکی ناوخۆیی لەو کەرتەدا خەرج نەکراوە.
عێراق چیرۆکێکی جیاوازە بە گرێبەستی خزمەتگوزاریی تەکنیکی، ئەو نموونەش بە هەمان شێوە ناوازەیە و لە راستیدا ئێستا گۆڕاوە، ئێمە ئەمەمان لە گەڕی پێنجەمین خستنەڕوودا بینی، عێراق نەیتوانی لەڕێگەی گرێبەستی کۆنی خزمەتگوزایی تەکنیکییەوە وەبەرهێنەری نوێ رابکێشێت. ئەو جۆرە بۆ هیچ کەسێک سەرنجڕاکیش نەبوو، هەر لەبەر ئەوەش بوو زۆر لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت عێراقیان جێهێشت.
ئێستا لەگەڵ گەڕی پێنجەمین خستنەڕوودا نموونەی هاوبەشیکردنی داهات زۆر باشتر کراوە، ئەوە سەرنجی هەندێک کۆمپانیای راکێشا، بەڵام بە دڵنیاییەوە سەرنجی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی رانەکێشا، بەڵام پێموایە لەبەر ئەوەی کەرتی کوردستان لەسەر بنەمای پی ئێس سی دروست کراوە، ئەوە شتێکە ناتوانیت لای ببەی، چونکە ئەوە بناخەکەیە، ئەوە بناخەی ئەو خانووەیە کە کەرتەکەی لەسەر دروست کراوە.
رووداو: بەڵام دەزانی ژمارەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە کوردستان، رۆژ لە دوای رۆژ کەم دەکات، لە کۆی 40 کۆمپانیا، ئێستا کەم بووەتەوە بۆ 10 کۆمپانیا، ئەمە چۆن؟
ماتیو زەیس: مەبەستم ئەوەیە هەندێک لەو کەمبوونەوە سرووشتییە، پێموایە لە سەرەتادا راستەوخۆ حەزێکی زۆر هەبوو بۆ ئەم شوێنە نوێیە بۆ وەبەرهێنان و گەڕان. پێموایە سەرەتا هەڵپەیەک دەبێت، هەمووان دەیانەوێت پارچەیەک لە ئیشەکەیان دەستبکەوێت، بەڵام دوای ئەوەی شتەکان جێگیر دەبن، ئەو کۆمپانیایانەی کە دەتوانن، شوێنی خۆیان دەکەنەوە و دەست بە کار دەکەن و بەو جۆرە ژمارەیەکی ئاسایی کۆمپانیاکان دەبینی.
پێم وابێت کوردستان هاوشێوەی عێراق کێشەی هەیە، ئەویش هێڵانەوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانە. بەشێکی زۆری بەهۆی بڕیاری دادگەی فیدراڵییە، قازانجی تی ئێس سی کە یەک لە خراپترینەکانە لە جیهان و هەرێمی کوردستاندا و، هەروەها نادڵنیایی سیاسی لەبارەی کارکردن لێرە.
رووداو: با باسی کۆمپانیاکەت بکەین، HKN، پەیوەندیتان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆنە؟
ماتیو زەیس: زۆر باشە. ئێمە شانازی دەکەین کە کۆمپانیایەکی کوردی-عێراقی دروست دەکەین، 74٪ـی کارمەندەکانمان کوردن، ئێمە لە 2007ـەوە لێرەین. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هاوبەشی ئێمەیە.
رووداو: لە سەرسەنگ، وایە؟
ماتیو زەیس:بەڵێ، لە سەرسەنگ.
رووداو: تەنیا لە سەرسەنگ، یان لە شوێنی دیکە...
ماتیو زەیس: نەخێر، ئێمە شانازی دەکەین ئێستا زیاد لە 10٪ـی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنین، ئێمە گەورەترین وەبەرهێنی ئەمریکیین لە کوردستان، بۆیە ئێمە شانازی بە تۆماری خۆمانەوە دەکەین، کە لە 2007ـەوە لێرەین و ئێمە هاوبەشێکی گەورەمان هەیە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.
رووداو: ئەی لەبارەی پارەدانەوە، ئایا هیچ کێشەیەکتان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە؟
ماتیو زەیس: سەیرکە، پێم وابێت هەموومان کێشەمان لەگەڵ پارەداندا هەیە، پێشم وایە ئەمە کاریگەریی لەسەر وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی هەنووکەیی هەیە و هەروەها لەسەر وەبەرهێنان لە دوو ساڵی داهاتوو دەبێت، بۆیە پێویستی بە چارەسەرێکی بەردەوام و ماوەدرێژ هەیە، چونکە ئەو دۆخەی ئێستا کە ئێمە وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنان دەکەین و پارە وەرناگرین شتێکە بۆ ماوەیەکی درێژ ناتوانێت بەرگە بگرێت.
رووداو: ئایا ئێوە هیچ پلانێکتان هەیە بۆ بەرفراوانکردنی پڕۆژەکەتان؟
ماتیو زەیس: پێموایە بۆ زۆر لە کۆمپانیاکان هەمان شتە، ئێمە دەتوانین فراوانی بکەین ئەگەر هاتوو ژینگەکە لەبار بوو بۆ وەبەرهێنانی زیاتر، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئێمە دەتوانین فراوانی بکەین، هاوشێوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکەی نەوت، بەڵام ئەوە دەبێت ژینگەیەک بێت کە دڵنیایی بدات بۆ پارەدان و ئێمە دڵنیابین بتوانین وەبەرهێنان بکەین و بەرهەمی ئەو وەبەرهێنانەش وەربگرین.
رووداو: کەواتە تائێستا هیچ پلانێکتان نییە کوردستان بە جێ بهێڵن، وایە؟
ماتیو زەیس: نا، بە دڵنیاییەوە نا.
رووداو: بە بۆچوونی تۆ، کەسێک دەبێت گەشبین بێت یان رەشبین لەبارەی کەرتی نەوت و گازی کوردستان، یان لەبارەی پەیوەندیی نێوان کوردستان و بەغدا، لەبارەی داهاتووی کوردستان و عێراق؟
ماتیو زەیس: من گەشبینم. من لەبەر دوو هۆکار گەشبینم: یەکێک ئەوەی کە پێموایە کەرتی نەوت و گاز [لێرە] بزوێنەری ئابوورییە. ئەگەر هاتوو هاوسەنگی لە دەستبدات، دەبێت هاوسەنگیی خۆی بگێڕێتەوە، ئەگەر نا، ژانی ناهاوسەنگییەکە ئەو کات بۆ هەمووان زۆر زۆر بە ئازار دەبێت.
پێم وابێت هەمان شت بۆ پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا راستە. کاتێک پەیوەندییەکە خراپ دەبێت، یان رووداو روو دەدەن، وەک بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی و بڕیارەکانی دواتری ئەو دادگە، لە راستیدا تیشک دەخاتە سەر هەموو عێراق و هەموو دامەزراوەکانی عێراق. ئەوەش رەنگە وردبینییەکی یارمەتیدەر بێت، کە دەبێت لە بەغداش جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت کە پەیوەندییەکی دروستکەر هەبێت، بۆیە پێموایە هەموو کات دەکرێت ناهاوسەنگییەک بێتە ئاراوە، بەڵام دەکرێت چارەسەر بکرێت و من گەشبینم کە ئەوە روو دەدات، چونکە هێندە گرنگە ناتوانی نەیکەیت.
رووداو: ئایا هیچ تێبینییەکت هەیە لەسەر سیاسەت و ستراتیژی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان؟
ماتیو زەیس: پێموابێت لە باشترین دۆخدا دەتوانم بە نوێنەرایەتیی HKN قسە بکەم. بۆچوونی ئێمە وایە کە ئێمە لێرەین، ئێمە لە 15 ساڵی رابردوودا لێرە بووین. دەشمانەوێت بۆ ماوەیەکی درێژتر لێرە بین. دەمانەوێت وەبەرهێنانی زیاتری تێدا بکەین و هیوام وایە دۆخەکە باشتر ببێت بۆ ئەوەی بتوانین ئەوە بکەین.
رووداو: بەڕێز ماتیو، زۆر سوپاس
ماتیو زەیس: سوپاس محەممەد.
رووداو: پێزانینمان هەیە، سوپاس بۆ ئەو کاتەی پێت بەخشین.
ماتیو زەیس: سوپاس