فریاڵ کلارک: پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە بەرژەوەندیی کورد و ئابووریی ناوچەکەدایە
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی بەریتانیا کە سەر بە پارتی کاری پێکهێنەری حکومەتی وڵاتەکەیە دەڵێت، حکومەتەکەیان دان بەوەدا دەنێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد لە ناوچەکەدا "گرووپ و گەلێکی گرنگن بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵیان." پێیوایە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان لە بەرژەوەندیی کورد و ئابووریی ناوچەکەدایە.
فریاڵ کلارک، پەرلەمانتاری بەریتانیا و بریکاری وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری زانست، داهێنان و تەکنەلۆژیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ زنار شینۆ، نێردراوی رووداو بۆ وڵاتەکە وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە، لەنێویاندا پرسی کورد لە رۆژئاوا و باکووری کوردستان.
ئەو پەرلەمانتارە بەریتانییە لەبارەی دۆخی سووریا و کورد لە رۆژئاوای کوردستان گوتی، "کورد هەمیشە ئازاری چەشتووە و یەکەم کەس بوون لەو ناوچەیە لەلایەن داعشەوە هێرشیان کرایە سەر. بۆیە بۆ من زۆر گرنگە کورد کە شەڕیان کردووە و قوربانیی گەورەیان داوە لە ناوچەکەدا، بتوانن بەشێک بن لە هەر پرۆسەیەکی دیموکراسی کە لە ناوچەکەدا دەست بە گەشەکردن دەکات."
لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، کلارک بە پێویستی زانی تورکیا بەدوای ئاشتیدا بگەڕێت لەگەڵ کورد و دەڵێت، "ئەوە لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەدایە، لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی کورددایە و لە بەرژەوەندیی ئابووریی ناوچەکەشدایە. ناوچە کوردییەکان بەهۆی کەمیی وەبەرهێنان تێیاندا دەناڵێنن. وڵاتەکە بەهۆی بەشدارینەکردنی تەواوەتیی کوردەکانەوە دەناڵێنێت."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە لە منداڵییەوە لەگەڵ ئەوەدا گەورە بووە کە گفتوگۆی ئاشتی لە تورکیا شکستی هێناوە، هیوایشی خواست، "دواجار ئەمانە گفتوگۆی راستەقینە بن و ببنەهۆی پرۆسەیەکی ئاشتی لە تورکیا."
رووداو: وەزیر کلارک، پارتەکەتان ئێستا فەرمانڕەوای ئەم وڵاتە مەزنەیە. دەتوانیت پێمان بڵێیت دۆخی ئێستای پەیوەندیی نێوان بەریتانیا و گەلی کورد لە لایەکەوە و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان چۆنە؟
فریاڵ کلارک: زۆر سوپاس کە لێرە ئامادەیت و ئەم دەرفەتەت پێ بەخشیم. وەکو دەزانیت، حکومەتی بەریتانیا، چ حکومەتی پارتی کار یان حکومەتەکانی پێشوو بێت، بەردەوام گرنگیی بە پەیوەندی لەگەڵ گەلی کورد و حکومەتی هەرێم[ی کوردستان] داوە. حکومەتەکانی پێشوو زۆر روون بوون سەبارەت بەوەی ئەو پەیوەندییانە چەندە گرنگ بوون. من ئەندامی گرووپە فرە پارتییەکانی نێو پەرلەمانی بەریتانیا بووم کە ئەو کاتە لەلایەن پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگارانەوە سەرۆکایەتی دەکرا. هەربۆیە ئاگاداری ئەوەم کە حکومەتەکانی پێشوو بایەخیان پێ دەدا. ئێستا، سەبارەت بە حکومەتەکەم، حکومەتی کار کە ئێستا لە دەسەڵاتدایە، دەتوانم بڵێم کە ئەو پەیوەندییە زۆر گرنگە. ئەو پەیوەندییە بە راستی گرنگە. بەم دواییانە، پێش ماوەیەک و کۆتایی ساڵی رابردوو، وەزیری ناوخۆ سەردانی کوردستانی کرد، کەواتە پەیوەندییەکان خەریکە دروست دەبن. ئێمە تەنیا شەش مانگە لە حکومەتداین. حکومەت [حکومەتی بەریتانیا] ئێستا هەوڵی دروستکردنی ئەو پەیوەندییانە دەدات و دان بەوەدا دەنێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد لە ناوچەکەدا گرووپێکی گرنگن و خەڵکێکی گرنگن بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵیان.
رووداو: وەزیر کلارک، ئێستا هەموو چاوی کورد لەسەر سووریایە، چونکە کورد لە سووریا هەیە و گۆڕانکارییەکی گەورە لە سووریا هەیە، بەڵام ئێستا بەشداریی بەریتانیا لە سووریا وەکو ئەڵمانیا یان فەرەنسا نابینین؟ هۆکارەکەی چییە؟ ئایا بەریتانیا گرنگی بە سووریا نادات؟ دوای ئەوەی کۆبوونەوەی وەزیر لامیم بینی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێستای سووریا. هەڵوێستی بەریتانیا سەبارەت بە دەستەی تەحریری شام، فەرمانڕەوای نوێی سووریا چییە؟
فریاڵ کلارک: سەرەتا، گەلی سووریا ماوەیەکی درێژە ئازار دەچێژن، لەنێویاندا گەلی کورد لە رۆژئاوا هەن. ئەوان ئازاریان بینیوە و زیانی زۆر گەورەیان بەرکەوتووە. هەربۆیە زۆر گرنگە سەقامگیری لە سووریا ببینین. کورد هەمیشە ئازاری چەشتووە و یەکەم کەس بوون لەو ناوچەیە لەلایەن داعشەوە هێرشیان کرایە سەر. بۆیە بۆ من زۆر گرنگە کورد کە شەڕیان کردووە و قوربانی گەورەیان داوە لە ناوچەکەدا، بتوانن بەشێک بن لە هەر پرۆسەیەکی دیموکراسی کە لە ناوچەکەدا دەست بە گەشەکردن دەکات. ئێمە وەک وڵاتێک بە وردی چاودێری ئەوەی لە سووریا روودەدات و گەشەدەکات، دەکەین. خۆم هیوادارم کە ئیدارەی نوێ بە گرنگی سەیری هەموو کۆمەڵگەکە بکات کە بە ئاشتی دەژین. ئەوە کۆمەڵگەی عەلەوییەکانە، ئەوە کوردە لە رۆژئاوا، ئەوە مەسیحی و ئاشووری و موسڵمانەکانن، هەموو کۆمەڵگەکان مۆزایکێکی گەورەی کولتوورەکان، ئایینەکان و نەتەوەکانن کە ماوەیەکی زۆر ئازاریان چەشتووە. بۆیە بەریتانیا زۆر بە وردی چاودێری دەکات. ئێمە دەمانەوێت سەقامگیری ببینین و دەمانەوێت ببینین وڵاتەکە بەرەو دیموکراسی دەڕوات. بۆ خۆم، هەست دەکەم ئەوە روونادات تاوەکو دەنگی کورد لە دەسەڵاتی نوێدا نوێنەرایەتی نەکرێت.
رووداو: با پرسیارێکی دیکەت لەبارەی کوردی تورکیا لێبکەم. ئایا چاودێری گفتوگۆکان دەکەیت یان بۆ تۆ ئەوە پرسێک نییە؟
فریاڵ کلارک: بەڵێ، چاودێریی گفتوگۆکانی تورکیا دەکەم. دەبێت تورکیا بەدوای ئاشتیدا بگەڕێت لەگەڵ کورد. ئەوە لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەدایە، لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگای کورددایە و لە بەرژەوەندی ئابووری ناوچەکەشدایە. ناوچە کوردییەکان بەهۆی کەمیی وەبەرهێنان تێیاندا دەناڵێنن. وڵاتەکە بەهۆی بەشدارینەکردنی تەواوەتیی کوردەکانەوە دەناڵێنێت. لە منداڵییەوە لەگەڵ ئەوەدا گەورە بووم کە گفتوگۆی ئاشتی شکستی هێناوە. بۆیە هیوادارم، هیوادارم کە دواجار ئەمانە گفتوگۆی راستەقینە بن و ببنەهۆی پرۆسەیەکی ئاشتی لە تورکیا؛ کە کوردەکان، ملیۆنان کورد کە لە تورکیا دەژین، هەست بکەن وەک هاووڵاتی یەکسانی ئەو وڵاتەن کە بۆ سەدان ساڵ بەشێک بوون لێی.
رووداو: بەڕێز کلارک، با پرسیارێکت لێ بکەم سەبارەت بە ئەرکەکەت لە حکومەت، ئەجێندای ئێوە بۆ ساڵی داهاتوو بۆ ژیری دەستکرد چییە؟ ئایا ئێستا ژیریی دەستکرد کێشەیەکی گەورەیە؟ زۆرێک لە دادگەکان چاودێریی ژیری دەستکرد دەکەن و هەوڵ دەدەن بۆ پێداویستی رۆژانە بەکاریبهێنن. لێرە لە بەریتانیا، دەتوانیت پێمان بڵێیت بەرنامەی ئێوە چییە؟
فریاڵ کلارک: شۆڕشی ژیریی دەستکرد دەستی پێکردووە و چاوەڕێی کەس ناکات. بۆیە دەبێت سەیری ئەوە بکەین چۆن دەتوانین هێزی ژیریی دەستکرد بەکاربهێنین بۆ باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییانمان لە بەریتانیا. ئێستا بەریتانیا پێشەنگە؛ پێشەنگێکی جیهانە لە ژیریی دەستکرددا، تەنیا لەدوای ئەمریکا و چینەوە دێت، بۆیە دەمانەوێت دڵنیا بین کە بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە پێشەنگی گەشەپێدانی ژیریی دەستکرد تاوەکو دانیشتووانی سەرانسەری وڵات بتوانن سوودی لێ ببینن. دەتوانین ژیریی دەستکرد بەکاربهێنین بۆ گۆڕینی خزمەتگوزاری تەندروستیمان. دەتوانین ژیری دەستکرد بەکاربهێنین بۆ باشترکردنی پەروەردەی منداڵەکانمان لە پۆلدا. مامۆستایان دەتوانن ژیری دەستکرد بەکاربهێنن بۆ بەرەوپێشبردنی پلانی وانەکان. ژیری دەستکرد دەتوانی کرداری نمرەدانان بۆ مامۆستان بکات و کات بۆ مامۆستایان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کاتی زیاتر لەگەڵ قوتابییان بەسەر ببەن. دەرفەتەکان بێ کۆتان. دوێنێ پلانی کردەیی دەرفەتەکانی ژیری دەستکردمان راگەیاند و پلانێک بوو کە داوامان لە مات کلیفۆرد کرد حکومەت گەشەی پێبدات. پلانەکە 50 راسپاردەی تێدایە و دوێنێ سەرۆکوەزیران رایگەیاند کە هەر 50 راسپاردەکە بەرەوپێشەوە دەبەین بۆ دڵنیابوون لەوەی بەریتانیا یەکێک لە باشترین وڵاتان دەبێت لە ژیری دەستکر و ژیری دەستکرد بەکار دەهێنین بۆ باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیانمان و دڵنیابوون لەوەی ژیری دەستکرد بەکاردەهێنین بۆ دەستپێکردنی سەردەمێکی گەشەی ئابووری.
رووداو: پێویستتان بەوە هەیە کە لە بەریتانیا یان لە جیهان زیاتر ژیری دەستکرد رێکبخەن؟
فریاڵ کلارک: سەلامەتی لەگەڵ تەکنەلۆجیایەکی گشتی زۆر گرنگە و بۆیە لە بەریتانیا زیاتر لە 16 رێکخەرمان هەن. کۆمەڵێکی زۆر، زۆر بەهێزی رێکخەر و رێسامان هەیە و هەر یەکەیان تایبەتن بە سێکتەرێک، ئەوانیش سێکتەری تەندروستی یان سێکتەری پەیوەندییەکان بێت. بەڵام ئێمە هەمیشە سەلامەتی دەخەینە پێشینەی کارەکانمان. لە راگەیێندراوی پێشوودا حکومەت رایگەیاند، کە پابەندە بە پێشکێشکردنی یاسایەکی زۆر چڕ و ورد کە ئاگاداری مۆدێلەکانی ژیری دەستکرد بێت. هەر لەبەر ئەوەشە کە لە بەریتانیا دامەزراوەی سەلامەتی ژیری دەستکردمان هەیە کە پەیوەندی لەگەڵ ئەم مۆدێلانە و ئەم کۆمپانیایانە هەیە و تاقییان دەکەینەوە. بۆیە دەمانەوێت ئەو پەیوەندییە بکەین بە فەرمی و دەمانەوێت دامەزراوەی سەلامەتی ژیری دەستکرد لەسەر بنەمایەکی یاسایی دابنێین. ئەوە پابەندبوونێکە کە کردمان و لەم پەرلەمانە بەرەوپێشەوە بچێت.