وەزیری نەوتی عێراق لە رووداوەوە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیان لەبارەی نەوتی کوردستان ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حەیان عەبدولغەنی لەڕێگەی رووداو ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی دوو رۆژی رابردووی شاندە باڵاکەی وەزارەتی نەوتی عێراق لە هەولێر رووندەکاتەوە و، ئاشکراشی کرد باسیان لە گۆڕانکاری لە نموونەی گرێبەستە نەوتییەکان کردووە.
ئامانجی شاندەکە لەو سەردانەدا بەگوتەی حەیان عەبدولغەنی چارەسەرکردنی پرسەکانە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەپێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، هەروەها بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان.
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25ـی ئاداری ئەم ساڵ دوای بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە ئەنجامی سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا راگیراوە، سەردانەکەی شاندە باڵاکەی عێراق کە حەیان عەبدولغەنی سەرۆکایەتیی دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسەیە.
وەزیری نەوتی عێراق لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو باسی ئەوە دەکات کۆبوونەوەیەکی فراوانیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کارمەندانی پێشکەوتووی وەزارەتەکە و، کۆمەڵێک راوێژکاری کاروباری تەکنیکی کردووە، تێیدا ''سروشتی گرێبەستە نەوتییە واژۆکراوەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرهێنان'' باس کرا.
حەیان عەبدولغەنی دەڵێ "وەک دەزانن گرێبەستەکان بەشداریکردنە لە بەرهەم، بەڵام بۆ ئێمە وەک حکومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور ناکرێت بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە گرێبەستانەدا بکرێت، بۆیە باس لە گۆڕانکاری لە نموونەی گرێبەستەکان کرا، لەگەڵ ناساندنی مۆدێلی ئابووریی ئەم گرێبەستانە. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان روونکردنەوەی تەواوی دایە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی. سرووشتی ئەم گرێبەستانە بۆ وەزارەتی نەوت روون بوونەوە لەگەڵ بەشی حکومەتی فیدراڵی و بەشی حکومەتی هەرێمی و بەشی کۆمپانیاکان."
بەمڕۆوە 235 رۆژ (حەوت مانگ و 21 رۆژ)ـە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە، کە تائێستا زیانی زیاتر لە حەوت ملیار دۆلاری لە داهاتی عێراق داوە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق:
رووداو: جەنابی وەزیر دوو رۆژ مانەوەتان لە هەولێر و کۆبوونەوەتان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت، چۆن بوو؟
حەیان عەبدولغەنی: بەناوی خودای گەورە و میهرەبان، ئێستا ئێمە لە پارێزگای هەولێرین لە هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوت هاتووین کە دوو بریکار و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی و ژمارەیەک کارمەندی پێشووی وەزارەتەکە لەخۆدەگرێت، ئامانجی سەرەکی سەردانەکە چارەسەرکردنی پرسەکانە لەگەڵ برایانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەپێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێم. لە دوو رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوە کراون، کۆبوونەوەی یەکەم لەگەڵ رێزدار مەسرور بارزانی بوو، روونکردنەوە درا لەبارەی هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە نەوت. دواتر کۆبوونەوەیەکی فراوانمان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کارمەندانی پێشکەوتووی وەزارەتەکە و کۆمەڵێک راوێژکاری کاروباری تەکنیکی کرد، تێیدا هەموو جومگەکانی ئەم دۆسیەیە تاوتوێکران، سەرەتا سروشتی گرێبەستە نەوتییە واژۆکراوەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرهێنان باسکرا، وەک دەزانن گرێبەستەکان بەشداریکردنە لە بەرهەم، بەڵام بۆ ئێمە وەک حکومەتی فیدراڵیی بەپێی دەستوور ناکرێت بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە گرێبەستانەدا بکرێت، بۆیە باس لە گۆڕانکاری لە نموونەی گرێبەستەکان کرا، لەگەڵ ناساندنی مۆدێلی ئابووریی ئەم گرێبەستانە. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان روونکردنەوەی تەواوی دایە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی. سرووشتی ئەم گرێبەستانە بۆ وەزارەتی نەوت روون بوونەوە لەگەڵ بەشی حکومەتی فیدراڵی و بەشی حکومەتی هەرێمی و بەشی کۆمپانیاکان.
پرۆژەیەکمان هەیە بۆ ئەوەی ئەو گرێبەستانە لەگەڵ یاسا بگونجێنرێت بەشێوەیەک دەستووری عێراقی رێگەی پێبدات. هەروەک دەزانن لە چوارچێوەی گەڕی پێنجەمی مۆڵەتی کارکردندا، وەزارەتی نەوت گرێبەستی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیا لەسەر بنەمای دابەشکردنی قازانج کردووە، نەک دابەشکردنی بەرهەم. پشتیوان بە خودا رێککەوتین لەسەر گونجاندنی گرێبەستەکان بەم شێوەیە. وێڕای ئەوەش هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراقی - تورکی باسکرا. رێککەوتن لەسەر زۆر خاڵ کرا. هەندێک بابەت پێویستی بە چارەسەر و روونکردنەوەیە، لەبارەی سرووشتی گرێبەستەکانەوە روونکردنەوەمان لە برایانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، ئێمەش لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە بۆ ئەو گرێبەستانە دەکەین لەگەڵ زانینی سرووشتی گرێبەستەکان، ئەوەش بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی (هەناردەکردنەوەی) نەوت. زۆر رژدین لەسەر ئەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت پەلەی تێدا بکرێت. وەک هەمووان دەزانن یاسای بودجەی دەوڵەتی فیدراڵی، ئەوەی بەسەر هەرێم سەپاندووە کە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم، رادەست بکات، ئەم بڕەیە لە رێگەی هێڵی بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی عێراقی - تورکی هەناردە دەکرێت؛ چونکە بودجەی دەوڵەتی عێراق بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت، ئێمە لەم ماوەیەدا ئەم بڕەمان لەدەستداوە، پشت بەخودا لەگەڵ برایانی هەرێم جدین لە نزیکترین کاتدا دەست بە بەرهەم و هەناردەکردنەوەی نەوت بکەینەوە. دەگەڕێینەوە بەغدا بۆ لێکۆڵینەوە لەو گرێبەستانە و شییاندەکەینەوە، پشت بەخودا لە رۆژانی داهاتوودا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەگەینە رێککەوتن.
رووداو: رەنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی لەگەڵ پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی نەوت نەبێت، بەڵام کۆمپانیاکان کێشەیان هەبێت، لەگەڵ کۆمپانیاکان قسە دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە؟
حەیان عەبدولغەنی: لەگەڵ برایانی هەرێم بەدیاریکراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان گفتوگۆکرا، رێککەوتین لەسەر کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و نوێنەرانی کۆمپانیا بیانییەکان کە لە هەرێم کاردەکەن. پشت بە خوا هەردوولا لەسەر میکانزمێک رێكدەکەوین بۆ تاوتوێکردنی بابەتی کۆمپانیاکان و دەگەینە چارەسەرێک، کە جێگەی رەزامەندی هەمووان دەبێت.
رووداو: ئەو کۆمپانیانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن دەڵێن 'حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک ملیار دۆلار قەرزارمانە لە بەرهەمهێنانی ئەم ماوەیەدا'، کێ دەبێت ئەو پارەیە بدات؟ جگە لەوەی داوای سێ ملیار دۆلاری دیکە دەکەن، کە پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی فرۆشتووە، ئەمە چۆن چارەسەردەکەن؟ نەوتی داوە و پارەی وەرگرتووە، ئەمە یەکێکە لە کێشەکان و ئەم بابەتە چۆن چارەسەر دەکەن؟
حەیان عەبدولغەنی: برایانی هەرێم ئەو قەرزە و داواکارییانەیان لەبارەی کۆمپانیا بیانییەکان خستەڕوو کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، لەکاتی گفتوگۆ و دیالۆگەکانی داهاتوودا ئەمە لەبەر چاو دەگیرێت، پشت بە خوا لەسەر ئەمە دەگەینە چارەسەری کردەیی.
رووداو: گەشبینن بەم نزیکانە هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە؟
حەیان عەبدولغەنی: پشتیوان بە خوا گەشبینین، هەموو ئەو کەشەی لە گفتوگۆکاندا بینیومانن ئەرێنی بوون، هەردوولا پێداگیرن پەنا بە خودا، لە خێراترین کاتدا هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە.