گوتەبێژی یەکێتی: پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت لە قۆناخی کۆتاییدایە

14-04-2025
پەیمان محەممەد
هەڤپەیڤینی سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی لەگەڵ رووداو
هەڤپەیڤینی سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی لەگەڵ رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی. گوتیشی، پێویستە یەکێتی و پارتی ئاستی داواکارییەکانی خۆیان دابەزێنن، بۆ ئەوەی زووتر بگەنە رێککەوتن و لێکتێگەیشتن.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر تۆمار کرا، لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پڕۆسەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە."
 
زیاتر لە 5 مانگ بەسەر هەڵبژاردن و زیاتر لە سێ مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت رێکنەکەوتوون.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی، بۆ رێککەوتن و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن، "پێویستە هەر کەسێکمان ئاستی داخوازییەکانی خۆمان نزم بکەینەوە."
 
گوتەبێژی یەکێتی باسی لەوەش کرد، ئێستا سەرقاڵی نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی خۆیەتی لە چەندین قۆناخی جیاوازدا کە رووداوی گرنگ و مێژوویی وەکو گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لەخۆدەگرێت؛ گوتیشی، "بەشێکی زۆری بیرەوەرییەکانم تەواو بووە، ئینشائەڵڵا لە ماوەیەکی کورتدا چاپ دەکرێت."
 
بە گوتەی سەعدی ئەحمەد پیرە، "مام جەلال (سکرتێری کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) سامانێکی یەکجار زۆر گەورەی لەدوای خۆی جێهێشتووە کە هەموو رۆژێک لە رۆژژمێرەکەیدا سەرجەم رووادوەکان، دیدارەکانی و تەنانەت رۆژانە نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵکی تێدا نووسیوە، لەوانەش شەکر، برنج و رۆن."
 
گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی دا، لە داهاتوودا ئەو دەستنووس و بەسەرهاتانەی مام جەلال کۆدەکرێنەوە و بە شێوەی کتێبێک چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.
 
دەقی قسەکانی سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
 
رووداو: نەتخوێندووەتەوە؟ لە دووگردکانەوە بۆ بنی دونیا (ناونیشانی کتێبێکی هۆمەر دزەیی)
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: ئەوە رۆژێکیان لە ڤییەنا، ژنێک هات و گوتی بیستوومە تۆ کوردی، منی لە تەلەڤیزیۆن بینیبوو، گوتم بەڵێ. گوتی هۆمەر دزەیی دەناسی؟ گوتم بەڵێ. گوتی من دۆستی دۆستێکی ئەو بووم، گوتی کچێکی هاوڕێی هەبووە بە ناوی ئێریکا. جارێک لەبیرمە هۆمەر شیعرێکی نووسیبوو بە ناوی ئێریکا. من گوتم هۆمەر لای ئێمە وەک [هێمای] عیشق و ئاواز و گۆرانی و ئەوانەیە. گوتی رێک وابوو، بەوەش ئەمەی هەڵخەڵەتاند.
 
رووداو: پێموایە هۆمەر دزەیی هێشتا دڵی زۆر تەڕە.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: وایە دڵی هۆمەر دزەیی لە چەپە، دڵ کە جێی لە چەپ بوو تەڕ دەمێنێت.
 
رووداو: کامەتان دڵتان تەڕترە؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: من و هۆمەر دزەیی؟ من ناگە‌مەوە ئەو. دەزانیت بۆ؟ لەبەر ئەوەی ئەو ماوەیەکی زۆر لەلایەن هەموو برادەران کاک ئەحمەدی برایی، لەلایەن مام جەلال، لەلایەن کاک عومەر دەبابە، لەلایەن کاک سەعدی دزەیی، لەلایەن هەموویانەوە برای بچووک بوو و دەستیان پێیەوە بوو، ئیتر ئەو هەموو پشتیوانییە من نەمبوو لە کاتی خۆیدا، ئەوە جیاوازییەکی زۆری هەیە. من لەبیرمە کاک هۆمەر لە ڤییەنا باس دەکەن لە وەزیرێکی ئەوێ مانگانەی زیاتر بوو. پارەی بۆ دەهات، ئەو ئۆتۆمبێلەی ئەو هەیبووە، ئەوان نەیانبوو.
 
رووداو: بەر لە ڤییەناش لە 1956 دەچێتە ئیستنەبووڵ بخوێنێت.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: بەڵێ بەڵێ، کاک هۆمەر کۆمەڵێک زمان و تورکییەکی باش دەزانێت. ئینگلیزییەکی باش دەزانێت، بە هەموو زمانەکان گۆرانییەکی باش دەزانێت، بە رووسی، بە تورکی، بە ئینگلیزی.
 
رووداو: کتێبەکەی دەمیرتاشت کڕی، کورسییە سپییەکەی دەمیرتاش. پڕۆسەیەکیش هەیە لە باکوور کە ئاگاداری؛ بۆیە ئەو پرسیارەم کرد چونکە ئەو کتێبەی ئەوت کڕی. پێتوایە ئەو پڕۆسەیە (پڕۆسەی ئاشتی) چۆن دەچێتە پێشەوە؟ ئێوە وەکو یەکێتی چ رۆڵێکتان دەبێت بۆ ئەوەی پڕۆسەکە سەرکەوتووتر بێت؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: ئەو رۆڵە لە ئێستاوە نییە، لە زەمانی تورگوت ئۆزالەوە کە سەرۆککۆمار بوو، جەنابی مام جەلالی رەحمەتی هەمووکات دەستی بەوەوە بوو کە بژاردەی شەڕ بژاردەیەکی سەرکەوتوو نییە، بۆیە لە بەرژەوەندیی تورکیایە لە بەرژەوەندیی گەلی کوردە لە تورکیا، بژاردەی ئاشتی و بنیاتنانەوە و پێکەوەژیان هەڵبژێرن.
 
رووداو: چەند ساڵی رابردووش لێرە بووم ئێوەم بینی، ئەم ساڵیش سیاسییە بەتەمەنەکان زیاتر دێن بۆ پێشانگەی کتێب تاوەکو سیاسییە گەنجەکان.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: ئێستا کە ئەو تەکنەلۆژیا، فەیسبووک، ماڵپەڕەکان، ئینتەرنێت و ئەوانە هەمووی بەشێک لە جێگەی کتێبی گرتووەتەوە، بەتایبەتی بۆ ئەوان ئازادانە [مۆبایل] لە گیرفانی پشتەوەیان داناوە و دەریدێنن قسەی پێ دەکەن، ئەوان تاقەتی ئەوەیان نییە 20 لاپەڕە بخوێننەوە. بە چوار یان پێنج پیت پێیان وایە لە جیهان تێگەیشتوون.
 
رووداو: واتا نەوەی سێیەم یان نەوەی نوێی سیاسی کەمتر دەخوێننەوە؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: ئەوان بە ئەلیکترۆنی دەخوێننەوە، بەڵام بە ئەلیکترۆنی هەمووی ناخوێنن، بۆنموونە تۆ بە ئەلیکترۆنی دەتوانیت بچیتە نێو کتێبخانەیەک، باشترین کتێب دەربهێنیت، لاپەڕە بە لاپەڕە تەواوی بکەیت، بەڵام کەی تاقەتی ئەو هەموو خوێندنەوەی هەیە، ئەو کورتکراوەیەکی بینیوە، بەپەلە، نووسراویشە بەپەلە لە سەرەوە.
 
رووداو: ناونیشانەکەی دەخوێنێتەوە؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: بەڵێ، بەپەلە ناونیشانەکەی دەخوێنێتەوە، پێیوایە ئەوە هەمووی بابەتەکەیە، لەنێوان خەتەکانیشدا شتێک هەیە نایخوێنێتەوە.
 
رووداو: باشترین نووسەری سیاسی کێیە؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: مام جەلال نووسەرێکی باش بوو، بەڵام ئەوەی کە بیستوومە هەمووکات نووسەری باش لەنێو کورددا هەبووە. کاک نەوشیروان نووسەرێکی باش بووە، مەسعود مەلا نووسەرێکی زۆر باش بوو، کوڕی مەلای گەورەی کۆیە، مام جەلال نووسەرێکی باشە. کاک فەلەکەدین [کاکەیی] نووسەرێکی باش بوو، ئەمانە کۆمەڵێک نووسەری زۆر باشن، بەڵام بە جیاوازییەوە بێگومان. فەخری کەریم نووسەرێکی باشە، ئەوەی مام جەلال و فەخری کەریم لە چوار یان پێنج خولەکدا بەبێ هەڵە دەتوانیت یەکسەر بچیت چاپی بکەیت و بینووسیت، ئەوە بە هەموو کەس ناکرێت. ئەوەی نەوشیروان لە داڕشتن و لە قۆناخبەندیی نووسینەکان یان رەنگە ستراتیژیی نووسینەکەی بە هەموو کەس نەکرێت.
 
رووداو: پێشتر بەردەوام خوالێخۆشبوو مام جەلالمان دەبینی لە پشتەوەی کتێبخانەیەک هەبوو؛ ئێستا لە پشتەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی کەمترئەو کتێبخانانە دەبینین.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: سەرکردایەتیی یەکێتی ماڵی خۆی لە مام جەلال جیا نەکردووەتەوە. ئەو کتێبخانەی کە دەڵێیت، ئێستاش لەوێیە، لەو ماڵەیە. ئەو کەسانەی کۆدەبنەوە، لەوانەیە لەسەر کورسییەکەی مام جەلال دانەنیشن، بۆ ئەوەی کتێبەکە بخوێنێتەوە، بەڵام ئەو کتێبانە هەمووکات لە بەردەستن ئەگەر کەسێک بیەوێت بەکاریان بهێنێت. جگە لەوەش مام جەلال سامانێکی یەکجار زۆر گەورەی جێهێشتووە کە لە داهاتوودا چاپ دەکرێت. مام جەلال هەموو رۆژێک لە رۆژژمێرەکەی نووسیویەتی ئەمڕۆ کاک محەممەدم بینی، دوو پرسیاری هەبوو، وەڵامەکانی ئەوە بوون، پرسیارەکانی ئەوە بوون، ئەگەر گرنگ بێت باسی کەسایەتیشت دەکات. ئەمڕۆ کێخوا فڵانیم بینی، ئەمڕۆ مامۆستا مەلا فڵانیم بینی، ئەمڕۆ کرێکارێکی بینام بینی، کێشەکانی چی بوون؟ هەموو سەر مێزی مام جەلال هەموو بەیانییان لەسەری نووسراوە کە ئاوی دووکان ئاستی چەندە و چەند کارەبا بەرهەم دەهێنێت؟ ئاوی دەربەندیخان چەند کارەبا بەرهەم دەهێنێت؟ نرخی شەکر چەندە؟ نرخی رۆن چەندە؟ نرخی برنج چەندە؟ ئەوەی کە خەڵک پێویستی بووە. کێ ئەمڕۆ ئەوە دەکات.
 
رووداو: نەوەی نوێی نێو یەکێتی لەگەڵ خوێندنەوە نێوانیان چۆنە؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: ئێمە کە باسی یەکێتی دەکەین باسی وڵاتێکی تر ناکەین، باسی هەرێمی کوردستان دەکەین، نەوەی نوێ لە هەرێمی کوردستان یەکێتی بێت، پارتی بێت یان هەر دامەزراوەیەکی دیکە، هەر وەک یەکدین.
 
رووداو: پار کە هاتی، کۆمەڵێک کتێبت کڕی؛ توانیت چەندیان بخوێنیتەوە؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: زۆر جارە هەیە دێن بۆ ماڵم دەڵێن ئەو کتێبانە هەمووان دەخوێنیتەوە؟ من هەموو کتێب ناخوێنمەوە، خوێندنەوەی من بۆ کتێب جیاوازە من کە بەهۆی کاری رۆژانە لەسەر زۆر کتێب زانیاریم هەیە. کاتێک کتێب دەگرمە دەستم، تەماشای پێڕستەکە دەکەم، پاشان پێشەکییەکەی ورد دەخوێنمەوە، بەتایبەتی زۆر جار هەیە کتێبنووس یەکێکی هەڵبژاردووە پێشەکییەکی بۆ نووسیوە، ئەم کتێبەی کردووە بە حەبی کەپسوول. بچووکی کردووەتەوە، بەڵام رێک واتای کتێبەکە لە دوو لاپەڕە لە سێ لاپەڕەدایە، ئەوە زۆر باش بخوێنیتەوە، تێدەگەیت ئەو کتێبە باس لە چی دەکات، ئینجا لە پێڕستەکە تەماشا دەکەیت، ئەو شتانەی لە کتێبێکی تر نەتخوێندوونەتەوە، دەچمە سەر ئەوان، ئەگەرنا ئەو کتێبە لە بەرگەوە بۆ بەرگ ناخوێنمەوە.
 
رووداو: زۆرێک لەو سیاسییانەی لە تەمەنی ئێوەدان بیرەوەرییان نووسیوە، ئێوە هیچ کارێکی واتان لەبەردەست هەیە؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: بەڵێ. من لە نووسینی بیرەوەریدام، بەشێکی زۆری تەواو بووە، ئینشائەڵڵا لە ماوەیەکی کورتدا دەکەوێتە چاپ. من بیرەوەری بە واتای بیرەوەریم نەنووسیوەتەوە، چونکە د. کەمال فوئادی رەحمەتی هەموو جارێک دەیگوت، ئەوە بیرەوەری نییە، ئەوە بیرەوەریوەکانە. دەمگوت بۆچی بیرەوەریوەکان؟ دەیگوت ئەوە شتێک دەنووسێت حیکایەتی جیان، بەڵام خۆی دەکاتە پاڵەوانی هەموو حیکایەتەکان. ئەوەی منیش دەینووسم حیکایەتی جیاجیان، بەڵام پاڵەوانی هەموو حیکایەتەکان نیم. دەزانم هەولێر ئەم باڵانسەی کە تێکچووە زۆر جار تورکمانەکان دەڵێن ئێمە مەترسیمان لەسەرە، مەترسییان لەسەر نییە، کە شۆڕشی جووتیاران بوو، حکومەتی نووری سەعید ئەو کات جووتیارەکانی بە قسەی ئاغاکان تەنگاو کرد، لە گوندەکانەوە هاتنە شار، کاتێک هاتنە شار رێژەی خەڵکی گوند [لە نێو شار] زیاد بوو، گەڕەکی کووران، سێتاقان، مەنتکاوە و ئەوانە بەو خەڵکە دروست بوون. کاتێک ئەوە روویدا، رێژەی کورد لە هەولێر زیادی کرد. تورکمان زمان، بە واتای ئەوە نییە کورد نین، بەشی زۆری ئێمە هەمانە کورد کە لەدوای ئەم گۆڕانکارییانەوە هاتوون بۆ نێو هەولێر، هەمانە ئەربیلی، ئەربیلی ئەو کەسانەن کە لە کۆنەوە لێرەن، زمانی تورکییان باش زانیوە و زمانی کوردیشیان باش زانیوە، بە چەند خێزان هەیە خۆی بە تورکمان دەزانێت، براکەی یان ئامۆزاکەی کوردە. شتێک لێرە هەڵەیە، دەبێت بەدواداچوونی بۆ بکەیت، بزانین کێ بەرژەوەندی لە چیدایە، ئەوەی کە لەدوای هەبوونی دەسەڵاتی تورکیا لێرە خۆی بە تورکمان دادەنێت، ئەوە بەرژەوەندییە.
 
رووداو: بیرەوەرییەکەتان تاوەکو ساڵی چەند دەنووسن؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: تاوەکو ئێستا.
 
رووداو: گشتپرسی و پرسی یاسای نەوت و گازی تێدایە؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: بەڵێ. [لەبارەی] گشتپرسی من باش دەزانم، چونکە من لەگەڵ د.فوئاد سکرتێری ئەم لیژنەیەی گشتپرسی بووم، زانیاریی باشم لەسەری هەیە. نەتەوە یەکگرتووەکان و 28 وڵاتی ئەورووپی نامەیەکیان نووسی بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی کە مافی چارەی خۆنووسین رەوایە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە دوابخرێت و مەیکەن، ئێمە نەمانکرد. د. ئەحمه‌د ئه‌بو‌لغه‌یت، ئه‌مینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عه‌ره‌بییە، هاتە ئێرە و گوتی من و هەشت وڵاتی تر هیچ گرفتێکمان نییە کورد وڵاتی خۆی هەبێت، بەڵام تکایە ئەمە ئێستا دوابخەن پاڵپشتیتان دەکرێت.
 
رووداو: کەی حکومەت پێکدەهێنرێت؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: من ئەوە نازانم، ئەوە جێدەهێڵین بۆ ئەو لیژنانەی کۆبوونەوە دەکەن، ئێستا رێگەپێدراو نییە بۆ من بە ناوی ئەم دوو لایەنە قسە بکەم، بۆیە جێیدەهێڵم بۆ لیژنەکان، بەڵام پێموایە لە قۆناخی کۆتاییدایە. بۆ گەیشتن بە مەرامەت، دەبێت مرونەتمان هەبێت، هەر کەسێکمان ئاستی داخوازییەکانمان نزم بکەینەوە، بە رادەیەک کە بگەینەوە یەکدی.
 
رووداو: زۆر سوپاست دەکەین.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: سوپاس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە