یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی پاریس: زۆر قەرزداری پێشمەرگەین

14-04-2025
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
هەڤپەیڤینی ئاڵا شاڵی لەگەڵ یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی پاریس
هەڤپەیڤینی ئاڵا شاڵی لەگەڵ یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی پاریس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس لە نەورۆزی ئەم ساڵ دا رایگەیاند کە شەقامێک لەنێو پارکێکی پاریس بەناوی (پێشمەرگە) دەکاتەوە. ئارنو نگاتچا، یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی پاریس، رۆژی 13ـی ئەم مانگە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا باسی چیرۆکی ئەو ناونانە دەکات و دەڵێ "ئەم بڕیارە لە نووسینگەی من درا، دوای دیدارێکی من و عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا. ئەو هات و گفتوگۆمان لەسەر ئەو ویستە کرد، کە شوێنێک هەبێت لە پاریس بۆ رێزگرتن لە پێشمەرگە، بەدڵنیاییەوە دوای ئەوە لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی پاریس خاتوو ئانیدالگو قسەم کرد و ئەویش دەستبەجێ بە ئەرێنی وەڵامی دامەوە".
 
ئارنو نگاتچا، یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی پاریس، باسی سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێ "دەزانم کە سەرۆکەکەتان لێرەیە و سبەی سەرۆک ماکرۆن دەبینێت، بۆیە دەبێت ئێمە کارەکان تەواو بکەین و ئەو رووداوانە پێکەوە ببەستینەوە"، بەڵام سەبارەت بە کاتی تەواوبوونی دەڵێ کاری سەرۆک شارەوانی ئێستای پاریس لە ئاداری 2026 تەواو دەبێت، پارکەکە بەر لەوە تەواو دەبێت. 
 
یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی پاریس دەڵێ کە سەرۆکی شارەوانی پاریس چەند جارێک سەردانی کوردستانی کردووە "هەروەها دەزانن ئەو زۆر پابەندە بە پەیوەندییەکەی بە کوردستانەوە، بۆیە بەلای ئەوەوە ئاسایی بوو کە ئێمە بتوانین رێزگرتنێکی بەوشێوەیە بکەین بۆ پێشمەرگە، کە جەنگاون بۆ ئەوەی ئەو ئازادییەی ئێستامان هەبێت. هەروەها ئێمە دەزانین کە زۆر قەرزاری پێشمەرگەین، چونکە ئەوان دژی داعش جەنگاون، بەو جەنگانەیان وایانکرد، ئێمە ئێستا خاوەنی بەشێک لەو ئازادییە بین، ئێمەش بەو کارەمان دەمانەوێت شتێکیان پێبدەین بەرامبەر ئەوەی کە بۆیان کردووین". 
 
هەڤپەیڤین: ئاڵا شاڵی
 
رووداو: بەڕێز ئارنو نگاتچا سوپاس بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمەی
 
یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی پاریس: سوپاس بۆ ئێوە کە ئەو کاتەتان تەرخانکردووە بۆ ئەم هەڤپەیڤینە لەگەڵ من و دڵخۆشم کە بتوانم وەڵامی پرسیارەکانی ئێوە بدەمەوە.
 
رووداو: لە پاریس پارکێک بە ناوی (پێشمەرگە)وە کراوە، ئەمە کوردی زۆر دڵخۆشکرد، چۆن ئەم بڕیارە درا؟
 
یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی پاریس: ئەم بڕیارە لە نووسینگەی من درا، دوای دیدارێکی من و عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا. ئەو هات و گفتوگۆمان لەسەر ئەو ویستە کرد، کە شوێنێک هەبێت لە پاریس بۆ رێزگرتن لە پێشمەرگە، بەدڵنیاییەوە دوای ئەوە لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی پاریس خاتوو ئانیدالگو قسەم کرد و ئەویش دەستبەجێ بە ئەرێنی وەڵامی دامەوە، چونکە وەک دەزانن پاریس و هەولێر دەستەخوشکن و تەنانەت لێکگەیشتنێکی هاوکاریش لەنێوانیان واژۆکراوە و سەرۆک شارەوانی پاریسیش زۆر پەیوەستە بە هەولێرەوە، دەشزانن کە چەند جارێک سەردانی کوردستانی عێراقی کردووە، هەروەها دەزانن ئەو زۆر پابەندە بە پەیوەندییەکەی بە کوردستانەوە، بۆیە بەلای ئەوەوە ئاسایی بوو کە ئێمە بتوانین رێزگرتنێکی بەوشێوەیە بکەین بۆ پێشمەرگە، کە جەنگاون بۆ ئەوەی ئەو ئازادییەی ئێستامان هەبێت. هەروەها ئێمە دەزانین کە زۆر قەرزاری پێشمەرگەین، چونکە ئەوان دژی داعش جەنگاون، بەو جەنگانەیان وایانکرد، ئێمە ئێستا خاوەنی بەشێک لەو ئازادییە بین، ئێمەش بەو کارەمان دەمانەوێت شتێکیان پێبدەین بەرامبەر ئەوەی کە بۆیان کردووین. بە ناونانی ئەو شوێنە بە ناوی پێشمەرگە لەنێو ئەم پارکەدا.
 
رووداو: کارێکی پیرۆز و گەورەتان کردووە، کەی پارکەکە دەکرێتەوە؟
 
یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی پاریس: کردنەوەی پارکەکە زۆر درەنگ ناکەوێت، چونکە ئێمە ئێستا لە گفتوگۆ و پەیوەندیداین بۆ چالاکییەکە و دوایین جار کە سەرۆکی شارەوانیی پاریس پێشوازی لە پارێزگاری هەولێر کرد، کاتێک هات بۆ پاریس گفتوگۆیان لەسەر ئەو بابەتە کرد و چارەسەرکردنی چەند وردەکارییەکی کۆتایی ماوە، دەزانم کە سەرۆکەکەتان لێرەیە و سبەی سەرۆک ماکرۆن دەبینێت، بۆیە دەبێت ئێمە کارەکان تەواو بکەین و ئەو رووداوانە پێکەوە ببەستینەوە و بیکەینە بۆنەیەکی نێودەوڵەتی، ئەوەی کە دەتوانم پێتان بڵێم سەبارەت کاتی کردنەوەکەی ئەوەیە، کە سەرۆکی شارەوانیی پاریس داوایکردووە پێش کۆتاییهاتنی خولی سەرۆکایەتییەکەی تەواوی بکات، واتە پێش مانگی ئاداری 2026، بۆیە دەتوانم بڵێم زۆری نەماوە.
 
رووداو: بەنیاز نین پەیکەرێکی پێشمەرگە یان هێمایەکی کوردستانی لەنێو پارکەکە دروست بکەن؟
 
یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی پاریس: هەندێ نهێنی و تایبەتمەندیی هەیە دەبێت بیانپارێزم، بە تایبەتی کە رێزگرتنێکی هاوشێوە هەیە دەبێت هەندێکی شت بە نهێنی بمێننەوە، کە چۆن دەبێت و چی روودەدات و بە دیاریکراوی چۆن دەبێت، بۆیە من هەموو وردەکارییەکتان پێنادەم، چونکە ئەوە رۆڵی من نییە باسی بکەم، بەڵکو رۆڵی سەرۆکی شارەوانیی پاریسە، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەو رێزگرتنە لە پێشمەرگە لە ئاستی پێگەی پێشمەرگەدا دەبێت و دڵنیام ساتێکی تایبەت دەبێت.
 
رووداو: لە هەولێر سەنتەری کولتووریی میتران دەکرێتەوە، ئێوە چۆن بەشداری دەکەن؟
 
یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی پاریس: بەڵێ، بەرەوپێشبردنی ئەو هاوکارییە تەوەرێکی گفتوگۆی نێوان سەرۆکی شارەوانی و پارێزگاری هەولێر بوو لە دوایین دیداریان و منیش ئامادە بووم، بە تایبەتی بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتوورییەکانی نێوان هەردوولا. هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی شارەوانی پاریس هانیداین، هەنگاوەکانی پتەوکردن و بەرەوەپێشبردنی پەیوەندیی و هاوکارییە کولتوورییەکان خێراتر بکەین. دەزانین هەولێر شارێکی مێژوویی و سەرنجڕاکێشە و ئێستا لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی هاوکاری کولتووریی کارێکی وابکەین ئەو کولتوورە جوانە بەرەوپێشەوە ببەین، کە کولتووری ئێوەیە، هەروەها بەشداریکردنی پاریس لە کارکردن لە پڕۆژەی نوێکردنەوەی خانوویەک لە نێوەڕاستی قەڵا مێژووییەکەی هەولێر ئامانجەکەی ئەوەیە کە پاریس شوێنێکی هەبێت لەو شارە مێژووییە و لەو قەڵا جوان و بێهاوتایەی هەولێر.
 
رووداو: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوە و خوانی نیوەڕۆ میوانی سەرۆکی فەرەنسایە، چۆن دەکرێت زیاتر پەرە بە پەیوەندیی هەولێر و پاریس بدرێت؟
 
یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی پاریس: من دڵخۆشم بەو دیدارەی نێوان سەرۆککۆماری فەرەنسا و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، ئەمە بۆ سوپاسکردن و بەهێزترکردنی رۆڵ و پێگەی وڵاتەکانە لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و ئەو گرنگییە زیاترەی کە ئەمڕۆ هەیەتی لە چوارچێوەی گۆڕانە نێودەوڵەتییەکان دا. هەڵبەتە کاری من نییە شرۆڤەی بڕیارەکانی سەرۆککۆماری فەرەنسا بکەم و ئەو سەرۆکی دیپلۆماسیی فەرەنسایە، بەڵام ئەوەی من دەتوانم بیڵێم وەک جێگری سەرۆکی شارەوانی پاریس بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، پاریس وەک شارێک کە پابەندییەکی زۆری هەیە لەگەڵ هەولێر، پابەندییەکە زیاتریش دەبێت کە کردنەوەی ئەو شوێنە بەناوی پێشمەرگە، ئەوەیە کە من زۆر دڵخۆشم کە سەرۆککۆماری فەرەنسا و لە رێگەی ئەویشەوە فەرەنسا و دەوڵەتی فەرەنسا پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردستان درێژە پێدەدات و بەهێزتریان دەکات. وەک گوتم ئەوە زۆر گرنگە و ئێمە زۆر قەرزداری ئەوانین. کورد بۆ ئارامی ناوچەکە زۆر گرنگن و تاوەکو ئێستاش، هەرچەندە ئالۆزیش بێت ئەوان کاردەکەن بۆ ئارامی و ئاشتی ناوچەکە، بەڵام بەهەرجۆرێک بێت دەتوانم بڵێم رۆڵی کوردستان زۆر گرنگە، لەسەر ئاستی دەوڵەتی فەرەنسا، بێگومان سەرۆککۆمار ئاماژە بە بەهێزکردنی شێوازی پەیوەندییەکان دەکات لەنێوان وڵاتەکەتان و فەرەنسا، ئێمەش وەک شارەوانی پاریس بەردەوام دەبین لەو پەیوەندییە و هاوکارییەکانمان بەردەوام دەبن، بەتایبەتی لە رێگەی ئەو نۆژەنکردنەوانەی کە لە قەڵای هەولێر دەکرێن و ئێمە تێیدا بەشدارین، هەروەها پەرە بە پەیوەندییە کولتوورییەکانیشمان دەدەین.
 
هەروەها خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە سەرۆکی شارەوانی پاریس پێشتر بڕیاریداوە، کە هەولێر ببێتە ئەندامی کۆمەڵەی شارەوانییە فرانکۆفۆنییەکان لەگەڵ ئەوەی کە ئێوە وڵاتێکی فەرەنسی زمانیش نین، بوونی هەولێر بە ئەندام لەو کۆمەڵەیەی شارە فرانکۆفۆنەکان نیشانەیەکی بەهێزی پابەندبوونمانە وەک پایتەختی شارە فرانکۆفۆنییەکان بە هەولێرەوە و ئەو گرێدانە قوڵەمان نیشاندەدات، کە بۆ هەولێر هەمانە ، چونکە ئێوەش هەمان ئەو بەهایانەتان هەڵگرتوون کە ئێمە هەمانن. ئێوە بەهاکانی ئازادی، یەکسانی و ئاشتیتان هەن، بەهای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری ئیسلامی رادیکال، ئەمانە ئەو بەهایانەن کە زۆر نزیکن لە ئێمەوە، بۆیە ئێمە دڵخۆشین کە هەولێر بەشێکە لە کۆمەڵەی شارەوانییە فرانکۆفۆنەکان و دەتوانێت لەو گۆڕەپانەدا پەیوەندی لەگەڵ هەموو شارەوانییە فرانکۆفۆنەکانی جیهان هەبێت، ئەمە داواکاریی سەرۆکی شارەوانی پاریس بوو و وەک پارێزگاری هەولێریش بە خاتوو ئانیدالگۆی راگەیاند، کە ئەوانیش بەو بڕیارە دڵخۆشن و شانازی پێوە دەکەن.
 
رووداو: شارەکەی بەڕێزتان (پاریس) دەستە خوشکی هەولێرە، پلانتان بۆ داهاتوو چییە؟
 
یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی پاریس: وەک باسمکرد و ئەو چالاکیانەی ئێستا هەن و تێیاندا بەشدارین وەک  ئەو  نۆژەنکردنەوانەی کە لە گەڕەکە مێژووییەکانی هەولێر، کە ئێستا دەکرێت و کارکردن بەردەوامە، لەلایەکی دیکەوە هاوکارییە کولتوورییەکانیش بەردەوامن، هەروەها ئاڵوگۆڕ و ناردنی تیمە کارگێڕییەکانی پاریس بۆ راهێنانکردن و بە کارمەندانی ئەوێ و، جگە لەوە دروستکردنی پەیوەندیی لەنێوان یەکە کارگێڕییەکانی هەردوولا،  بۆ ئەوەی بتوانن راهێنان بە کەسە تایبەتمەندە کارگێڕییەکان بکرێت لە کاروباری رۆژانەیان، هەروەها بۆ داهاتوو وەک پێمگوتن لە چوارچێوەی دوایین دیداری سەرۆکی شارەوانی پاریس و پارێزگاری هەولێر، بریاردرا بەخێراتر کردن و بەهێزتکردنی پەیوەندییە کولتوورییەکان، بەڵام تەنیا لە یەک لایەنەوە نا، دەبێت ئێمەش لێرە لە پاریس بتوانین ئەو دەرفەتە بۆ پاریسییەکان بڕەخسێنین، کە باشتر لەگەڵ کولتوور و هونەری ئێوە ئاشنا ببن، ئەوە ئەو شتەیە کە ئێستا ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین ، هەر بۆیەشە سەرۆکی شارەوانی داوای لە یاریدەدەرەکەی بۆ کاروباری کولتووری کردووە، کە کار بۆ ئەو مەبەستە بکات و ئەو هاوکارییە کولتوورییەی کە هەیە بەهێزتری بکات، هەروەها دەمەوێ بڵێم کە ئێمە بۆ هەر پێویستییەک کە سوود بە پارێزگای هەولێر بگەیێنێت لەهەر بوارێکدا بێت ئامادەین، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە کەشوهەواوە بەتایبەتی لە کاتێکدا کە هەموو لایەک رووبەڕووی کێشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بوونەتەوە، پایتەختی فەرەنسا و خودی سەرۆک شارەوانی پاریس زۆر پابەندە بە کارکردن لەسەر ئەو بابەتە، بێگومان بۆ ئەو بابەتەش رێککەوتن و لێکگەیشتنی هاوکاری هاوبەش هەن کە دەکرێت کاریان لەسەر بکرێت بۆ هاوکاریکردنی هەولێر و شارە جوانەکەیان.
 
رووداو: زۆر زۆر سوپاس.
 
یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانی پاریس: رەنگە بتوانم و رێگە بە خۆم بدەم بڵێم ئەوە شتێکی خۆش بوو کە ئێمە ئەو هەڤپەیڤینەمان لەو هۆڵەدا کرد، کە (شانۆی دو لە ڤیل)ە کە یەکێکە لە گەورەترین هۆڵەکانی شانۆ لە پاریس، ئەوە خاڵێکی سەرنجڕاکێش بوو بۆ من، کە لەو هۆڵە ئەو هەڤپەیڤینەمان کرد و لە قسەکانماندا زۆر باسی پەیوەندییە کولتووریەکانمان کرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە