رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی دەڵێت، ئەوان لە هەموو هەوڵێک بەشدارن بۆ لێکتێگەیشتن و راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس و ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان.
ئەحمەد ئەبو غێت لە دووبەیەوە قسەی بۆ سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، ئێستا جیهان گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی؛ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین کارێکی پێویستە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو ململانییە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەحمەد ئەبو غێت:
رووداو: کاریگەریی کۆمکاری عەرەبی چییە و چەندە رۆڵی لە راگرتنی شەڕی ئیسرائیل لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە هەیە؟
ئەحمەد ئەبو غەیت: ئێمە، لە هەموو هەوڵێکی عەرەبی کە ئامانجی یەکەم و سەرەکی گەیشتنە بە ئاگربەست، بەشدارین و دواتر لێکتێگەیشتن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان، دیلە فەلەستینییەکان لە بەندیخانەکانی ئیسرائیل و دیلە ئیسرائیلییەکان لە بەندیخانەی فەلەستنییەکان، پاشان دەست دەکەین بە پرۆسەیەکی سیاسی کە هەڵوێستێکی سیاسی راستەقینە بێت بۆ گەیشتن بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین و پاشان پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی فەلەستین.
رووداو: بەڕای تۆ رێگە چییە بۆ ئەوەی هەردوولا رێکبکەون؟
ئەحمەد ئەبو غەیت: ئێستا جیهان گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی؛ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی کارێکی پێویستە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو ململانییە، کاتێک شەڕ راگیرا، ئەوسا کاردەکرێت بە ئاراستەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستن.
رووداو: ئایا تاوەکو ئێستا دەستێک هەیە بۆ کۆچپێکردنی خەڵکی غەززە و چۆڵکردنی؟
ئەحمەد ئەبو غەیت: بە دڵنیاییەوە، نازانم مەرامی لە لێدوانە شێتانەکانی وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل چییە لەبارەی دەرکردنی فەلەستنییەکان.
رووداو: چۆن تەماشای بارودۆخی عێراق و پەیوەندیی عێراق و ئێران دەکەن؟
ئەحمەد ئەبو غەیت: ئێستا کاتی باسکردنی ئەم بابەتە نییە، ئەمە پرسێکە عێراقییەکان خۆیان لە دۆخی وڵاتەکەیان باشتر دەزانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ