راوێژکارێکی پێشووی ترەمپ: پشتیوانیکردنی هەسەدە لەلای ئەمریکا بابەتی ئاسایشی نەتەوەییە
رووداو دیجیتاڵ
وەلید فارس، راوێژکاری پێشووی کەمپەینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، ترەمپی ئەم جارە جیاواز دەبێت لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی و چاوەڕێی خولێکی ستراتیژی دەکەین بۆ ئیدارەکەی.
لەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ رووداو، فارس باسی پەیوەندیی نێچیرڤان بارزانی و دۆناڵد ترەمپ، هەڵوێستی سەرۆکی ئەمریکا لە ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، مامەڵەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، رێککەوتنی ئەتۆمی و چەند پرسێکی دیکە دەکات.
لەبارەی پرسی کورد، ئەو راوێژکارە ئاماژەی بەوە کرد، "بەڕاستی پەیوەندی سرووشتی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پێکهاتەی کورد بەتایبەتی لە عێراق و دواتر لە سووریا، پێویستی بە بیرهێنانەوە نییە، رای گشتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی بنەمای مافی گەلی کورد و هاوپەیمانەکانیان دەکات لە کەمینە نەتەوەیی یان گرووپە نەتەوەییەکانی دیکەی ناوچەکە کە ئاسایشیان هەبێت. ئەمە گرنگترین شتە."
ئەو دەشڵێت، "با لە وەزارەتی دەرەوە دەستپێبکەین: وەزیری نوێ مارکۆ رۆبیۆ یەکێکە لەوانەی باسی پێویستی پاراستن و دابینکردنی پاراستنی گەلی کوردی کردووە لە ناوچەکەدا بەتایبەتی لە عێراق و سووریا، مێژوویەکی لەم لێدوانە هەیە."
وەلید فارس باسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، بۆ ئەمریکا "هەرێمی زۆر تایبەتە."
هەروەها لەبارەی دیداری نێچیرڤان بارزانی و دۆناڵد ترەمپ لە داڤۆس و پاریس رایگەیاند، "لەم وێنەیەوە دەرکەوت کە تێگەیشتنێک لەسەر ئاستی کەسی هەیە و ئەمەش زۆر گرنگە. دەرکەوت کە پشتیوانییەک هەیە چ لەم کۆنگرێسە یان لە رای گشتی ئەمریکیدا بۆ پێویستی نزیککردنەوەی زیاتری پەیوەندییەکان. چونکە سەرۆکی کوردستان پێگەیەکی زۆر تایبەتی هەیە لە ناوچەکەدا، دەتوانێت رۆڵی لایەنی پشتیوان ببینێت لە هەر دانوستانێکی ئاشتیدا نەک تەنها لەنێوان ئیسرائیل و عەرەب، بەڵکو باسی عێراق و سووریا و تورکیا و وڵاتانی دیکە دەکەین. ئەمە ئێستا دەرکەوتووە. بێگومان دوای ئەوەی سەرۆک ترەمپ دەچێتە کۆشکی سپی، دەبێت چاودێری ئەم پەیوەندییانە بکرێت کە بە بۆچوونی ئێمە لانیکەمی مسۆگەرە، بەڵام ئەمڕۆ ئەوە بەس نییە و زۆرتر داواکراوە، چونکە قەیرانەکان لە ناوچەکە گەورەن."
ئەمریکا پاڵپشتی سەرەکیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدەیە. لەبارەی بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئەو هێزە، وەلید فارس دەڵێت: "ئەمە بابەتێکی تایبەت بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکی بووە سەرەڕای هەر ئیدارەیەک، چونکە پابەندبوونێکی ئەمریکی هەیە بە ئیدارەی ئێستا و بێگومان ئیدارەی داهاتووش بە چەندین بابەتەوە. یەکەم، هاوبەشی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەم دەسەڵاتە خۆجێییە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، واتە هەسەدە، کە بەشێوەیەکی بنەڕەتی و گەورە بەشداربوو لە رووبەڕووبوونەوەی داعش."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ وەلید فارس
رووداو: سەرەتا دەمەوێ ئەو بزانم ئایا دۆناڵد ترەمپی نوێ جیاوازی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی پێشوو دەبێت؟
وەلید فارس: بەڵێ، ئیدارەی سەرۆک ترەمپ لە خولی دووەمدا کە دوای چەند رۆژێک دەستپێدەکات، جیاواز دەبێت لە خولی یەکەمی، چونکە لە خولی یەکەمدا قەیرانی نێوخۆیی لە واشنتن هەبوون کە رێگربوون لە جێبەجێکردنی هەموو ئەو پلانانەی هەیبوون. سەرەڕای ئەوەی وەکو دەزانین دەستکەوتی گەورەی لە بواری سیاسەتی نێوخۆیی و ئابووری و دەرەکیدا هەبوو، بەڵام خولی دووەم دا زۆر وانە هەیە فێریان بووە، بۆیە چاوەڕێی خولێکی دووەمی ستراتیژی دەکەین بۆ ئیدارەی دووەمی ترەمپ.
رووداو: ئایا تیمی دۆناڵد ترەمپ شارەزای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن؟ ئایا ئاگاداری سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن؟
وەلید فارس: پرسیارێکی زۆر باشە. بەختی ئەوەم هەبووە کە خۆم زۆربەی ئەوانە دەناسم کە لە ناوەندی بڕیاری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەییدان. تەنها باسی چەند پۆستێک دەکەم: وەزیری بەرگریی نوێ کاتێک کۆنگرێس پەسەندی دەکات، دەیناسین و تێڕوانینی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەزانین. هەروەها راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دەناسین، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەیناسێت و خزمەتی لەو ناوچەیەدا کردووە. بەرپرسی نوێی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە کۆشکی سپی باش دەناسین و بیروباوەڕی سەبارەت بە مەترسییە تیرۆریستییەکان دەزانین، هەروەها سەرۆکی دەزگاکانی دیکەش. دەتوانم وەکو راوێژکاری ترەمپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی یەکەمدا ئەوە بڵێم کە ئەم تیمە زیاتر لە هەر تیمێک کە من ناسیبێتم یان گەلی ئەمریکا ناسیبێتی، شارەزای ناوچەکەن. ئێستا سەبارەت بە دۆخی ئێستا، بێگومان سەرۆک ترەمپ پێویستی بە تیمێکی لەم جۆرەیە، پۆڵایین و بەتوانا، چونکە دۆخەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر گۆڕاون. دۆخەکان ئەمڕۆ زۆر قورسترن لەوەی کاتێک لە ساڵی 2017 هاتە کۆشکی سپی. بەڵام بڕوام وایە سەرەڕای هەموو ئەو دۆخە زۆر قورسانە، بەتایبەتی ئەوەی لەناوچەی مانگی بەپیت روودەدات، واتە عێراق و سووریا و لوبنان و شەڕی غەززە و هەموو ئەم دۆسیانە قورسترن لە جاران، بەڵام ئەم تیمە بەبڕوای من تێدەگات لەوەی روودەدات و چاودێری رووداوەکانی کردووە و ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان.
رووداو: ئەوانەی دەبن بە بەرپرس لەنێو ئیدارەی ترەمپ دا، ئایا هەمان هەڵوێستی خۆیان دەپارێزن کە پێش وەرگرتنی ئەو پۆستانە هەیانبووە؟
وەلید فارس: یەکەم، لەسەر ئاستی ناسینی کەسی، بە تەواوی دەزانم کە هەموو بیرکردنەوەیەک گۆڕانکاری بەسەردا دێت. هەر کەسێک لە پۆستە باڵا و نەتەوەییەکاندا دابمەزرێت، وەکو ئاسایشی نەتەوەیی و پەیوەندییە دەرەکییەکان و وەزارەتی دەرەوەوە و بەرگری و کۆشکی سپی و دەزگا هەواڵگرییەکان و تاوەکو باڵیۆزی نوێ لە ئەنجوومەنی ئاسایش، بێگومان دەزگا نەتەوەییە ئەمنییە ناوخۆییەکانیش، ئەوانە هەموویان پێشتر پێکەوە کاریان کردووە. گرنگترین شت کە دەیڵێم ئەوەیە کە هەموویان سەرچاوەی مەترسی تێدەگەن بەتایبەتی لەسەر هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە لە عەرەب و ئیسرائیل، دەکرێت ئەمڕۆ بڵێین لە کورد و گرووپەکانی دیکە و کۆمەڵگە مەدەنییەکان. ئەمە شتێکی زۆر گرنگە تاوەکو سەرۆک ترەمپ بتوانێت بڕیاری ژیرانە بدات، کە ناکۆکی نێوخۆیی لەسەر بیروڕا ستراتیژییەکان نەبێت. ئەمە شتێکە بە بڕوای من دەبێت گەلانی ناوچەکە پێی دڵخۆش بن. بەڵام وەکو گوتم، ئیدارەی پێشوو کە ئێستا کۆتایی هات ساڵانێکی زۆر سەختی هەبوو کە تێیدا رووخانی ئەفغانستان، گەڕانەوەی تاڵیبان، تاڵیبانیش نزیکەی وەکو داعشن، ئەندامانی داعشن، ئەوەی لە ئۆکراینا روویدا، شەڕی ئۆکراینا، بێگومان ئەو شەڕانەی دوای حەوتی ئۆکتۆبەر، هەموو ئەمە دۆخەکەی لەسەر ئاستی حکومی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەژاند. ئێستا هیوادارین تیمی ترەمپ سوودی لەم ئەزموون و ئاستەنگانە وەرگرتبێت، بەڵام لەگەڵ ئامادەیی ئەوان، ئاستەنگ لەسەر زەوی هەن. واتە ئەوەی لە سووریا روویداوە بۆ نموونە پێویستی بە رێکخستنەوەی هەڵوێستی ئەمریکی هەیە. ئەوەی لەسەر زەوی لە عێراق روودەدات لە ئەگەری گەڕانەوەی هەندێک خانەی داعش. ئەوەی لە غەززە روودەدات و ئەوەی دەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخەکە لەوێ بکرێت. هەموو ئەمانە گرنگن. بێگومان تەنانەت ئەگەر سەیری باشوور بکەین واتە یەمەن و ئەوەی میلیشیاکانی حوسی دەیکەن، پێویستی بە بڕیاری یەکلاکەرەوە هەیە. من پێموایە ئەو سێ مانگەی لەبەردەم ترەمپ دەبێت بۆ وەرگرتنی هەموو ئەم هەڵوێستانە، ئەو و جێگری سەرۆک و تیمەکە بەگشتی، لە گرنگترین کاتەکان دەبێت بۆ ناوچەکە.
رووداو: ئایا ئەو بەرپرسانە وەکو وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەباشی کورد دەناسن؟
وەلید فارس: با راستگۆ بین، هەریەکێک لەو بەرپرسانە مێژوویەکی سیاسییان هەیە. با لە وەزارەتی دەرەوە دەستپێبکەین: وەزیری نوێ مارکۆ رۆبیۆ یەکێکە لەوانەی باسی پێویستی پاراستن و دابینکردنی پاراستنی گەلی کوردی کردووە لە ناوچەکەدا بەتایبەتی لە عێراق و سووریا، مێژوویەکی لەم لێدوانە هەیە. بەڕاستی پەیوەندی سرووشتی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پێکهاتەی کورد بەتایبەتی لە عێراق و دواتر لە سووریا، پێویستی بە بیرهێنانەوە نییە، رای گشتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی بنەمای مافی گەلی کورد و هاوپەیمانەکانیان دەکات لە کەمینە نەتەوەیی یان گرووپە نەتەوەییەکانی دیکەی ناوچەکە کە ئاسایشیان هەبێت. ئەمە گرنگترین شتە، ئاسایش. دووەم ئەوەیە کە ئێستایەکی گەشەسەندوویان هەبێت لەسەر ئاستی ئابووری. ئەمەش شتێکی ئاسان نییە لە دۆخی ئێستادا چ لە عێراق یان سووریا بێت، بەڵام دەتوانم بڵێم کە وەزیر و یاریدەدەرە باڵاکانی کاتێک لە کۆنگرێس یان لە ئەنجوومەنی پیران بوون، هەڵوێستی باشیان هەبووە لە پشتیوانیکردن و تێگەیشتن لە پێداویستییەکانی گەلی کورد لە ناوچەکەدا.
رووداو: سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی 6 ساڵ پێش ئێستا لە داڤۆس لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبوویەوە، لەو ماوەیەی دواییشدا لە فەرەنسا جارێکی دیکە یەکدیان بینی. بەبڕوای تۆ ئەو دیدارانە چ کاریگەرییەکی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت؟
وەلید فارس: بێگومان، یەکەم ئەو وێنەیەی بڵاوکرایەوە کاریگەری ئەمڕۆی زیاترە لەوەی لە رابردوودا هەیبوو هەرچەندە هەمان وێنەیە. سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک ماکرۆن و سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی کوردستان قسەیان دەکرد. لەم وێنەیەوە دەرکەوت کە تێگەیشتنێک لەسەر ئاستی کەسی هەیە و ئەمەش زۆر گرنگە. دەرکەوت کە پشتیوانییەک هەیە چ لەم کۆنگرێسە یان لە رای گشتی ئەمریکیدا بۆ پێویستی نزیککردنەوەی زیاتری پەیوەندییەکان. چونکە سەرۆکی کوردستان پێگەیەکی زۆر تایبەتی هەیە لە ناوچەکەدا، دەتوانێت رۆڵی لایەنی پشتیوان ببینێت لە هەر دانوستانێکی ئاشتیدا نەک تەنها لەنێوان ئیسرائیل و عەرەب، بەڵکو باسی عێراق و سووریا و تورکیا و وڵاتانی دیکە دەکەین. ئەمە ئێستا دەرکەوتووە. بێگومان دوای ئەوەی سەرۆک ترەمپ دەچێتە کۆشکی سپی، دەبێت چاودێری ئەم پەیوەندییانە بکرێت کە بە بۆچوونی ئێمە لانیکەمی مسۆگەرە، بەڵام ئەمڕۆ ئەوە بەس نییە و زۆرتر داواکراوە، چونکە قەیرانەکان لە ناوچەکە گەورەن. لەبەر ئەوەی رۆڵی کوردستان هەرچەندە هەرێمێکە لە هەرێمەکانی عێراق، بەڵام هەرێمێکی زۆر تایبەتە، ئەو دەستکەوتانەی بەدەستهاتوون لەنێو ئەم هەرێمە و لەنێو ئەم حکومەتەدا، تەنها سەربازی نین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا. سەیری هەولێر بکە ئەمڕۆ چۆن بووە بە یەکێک لە شارە گەورە سەرکەوتووەکانی ناوچەکە. بۆیە پێویستە لەسەر ئیدارەی ترەمپ و کۆنگرێس و من دەڵێم یەکێتی ئەورووپاش پردێک لە جیهانی رۆژئاواوە بۆ کوردستانی عێراق و پشت بە خودا بۆ کوردستان لە سووریا دروستبکەن دوای چارەسەرکردنی هەموو ئەم کێشانە.
رووداو: پێتوایە سیاسەتی نوێی ترەمپ لە عێراق هەمان سیاسەتی پێشووی دەبێ؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێنێتەوە؟
وەلید فارس: سەرۆک ترەمپ ئامانجێکی دوور مەودای هەیە و بەڵێنی بە بنکە جەماوەرییەکەی و دەنگدەرانی داوە کە دەیەوێت هێزەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرەبەرە بگەڕێنەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەو لەسەر بنەمای کۆتاییهێنان بە جەنگەکان و گەڕاندنەوەی هێزە ئەمریکییەکان بۆ ئەمریکا هەڵبژێردراوە. بەڵام لەوانەیە شرۆڤەکاران تێنەگەیشتبن کە لەنێوان بڕیاری گەڕانەوە و گەڕانەوە یان کشانەوەی ئەم هێزانەدا دەبێت دۆخێکی بابەتی لەسەر زەوی هەبێت کە رێگە بەمە بدات. ئەم دۆخانەش یەکەم پاراستنی هاوپەیمان و هاوبەشەکانە لەسەر زەوی لە لایەنە تیرۆریستییەکان کە لە دەرەوەش پشتیوانیان دەکرێت و هەڕەشە لە ئاسایش و سەلامەتی کوردستان و عێراق تەنانەت هاوپەیمانەکانی ناوچەکەش دەکەن. من باسی هەموو هاوپەیمانێتی عەرەبی دەکەم بۆ نموونە ئوردن و ئیمارات و سعودیە و میسر و هەموو کۆمەڵگە مەدەنییەکانی ناوچەکە. هەموو ئەمانە دەبێت توانایەکیان هەبێت چ بەکۆمەڵ یان تاکەکەسی کە بتوانن خۆیان بپارێزن. بۆیە وایدەبینم لە سەرەتای ئەم ئیدارە نوێیەدا بەرزبوونەوەی پشتیوانی بۆ هاوبەشەکان ببینین تاوەکو بتوانن خۆیان، خۆیان بپارێزن. ئەمەش گرنگترین نهێنییە لە ئەجێندای سەرۆک ترەمپ دا. ئامانجی کۆتایی ئەوەیە ئەم پێکهاتانە ببنە هێزێک کە بتوانن خۆیان بپارێزن و هاوبەشییان لەگەڵ واشنتن هەبێت، بەڵام ئەمە پێویستی بە ئامادەکاری و رێکخستن هەیە. سەبارەت بە کشانەوەش، سەرۆک ترەمپ گوتوویەتی بە ئاشکرا باسی ناکات، بۆ ئەم بڕیارانە لەگەڵ سەرکردە سەربازی و هەواڵگرییەکان و ئەوانی دیکە کۆدەبێتەوە تاوەکو بەشێوەیەکی ستراتیژی بڕیاربدەن چی بکەن. با نموونەیەکی زۆر روون بهێنینەوە: تواناکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کوردستانی عێراق تواناگەلێکن بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. واتە ئەگەر بڕوایەک لە واشنتۆن هەبێت کە هەر هەڕەشەیەک لە ناوچەکە بۆ سەر ئەم پێکهاتەیە کۆتایی هاتووە، بێگومان بوونی ئەمریکی کەم دەکرێتەوە. بەڵام ئەگەر ئیدارەکە بینی، ئەمەش دوای چەند هەفتەیەک دەیزانین، کە مەترسی گەڕانەوەی ئەم هێزە تیرۆریستیانە هەیە کە خۆیان بە جیهادی یان شتی دیکە ناودەبەن یان میلیشیاکانی پەیوەست بە رژێمی خومەینی لە ئێران، ئەگەر ئەم مەترسیانە گەڕانەوە، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ هاوبەشیکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئامادە دەبێت. کاتێکیش دۆخە مەترسیدارەکە کۆتایی هات، بێگومان دەستدەکات بە بیرکردنەوە لە کشانەوە یاخود جێگۆڕکێ.
رووداو: ئایا دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ئێران چی دەکات، رێککەوتنێکی نوێی لەگەڵدا واژۆ دەکات؟
وەلید فارس: سەرۆک ترەمپ چەندین جار لە هەفتە و مانگەکانی رابردوودا لەدوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەم پرسیارەی لێکراوە و دەڵێت: سەرەتا دەچمە کۆشکی سپی، لەگەڵ ئیدارەکەم کۆدەبمەوە، لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە هەڵسانگاندن دەکەین و دوای ئەوە بڕیار دەدەین. بڕیار و پڕۆژەکان لە واشنتن لەوانەیە واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بێت کە دەسەڵاتدارانی ئێران تەنازولی زۆر گەورەی تێدادەکەن تاوەکو دۆخەکە لە ناوچەکە جێگیربێت. لەو دۆخەوە تاوەکو جووڵەیەکی ئەمریکی، لەوانەیە ئەمریکی-رۆژئاوایی-عەرەبی، لەوانەیە رۆڵی ئیسرائیلیشی تێدا بێت، ئەگەر هاتوو تاران سوور بوو لەسەر درێژەپێدان بە رووبەڕووبوونەوەکان و درێژکردنەوەی جەنگەکان و پشتیوانیکردن لە تیرۆر. ئەگەری هەموو ئەوانە هەیە؛ لە ئاشتییەوە بۆ جەنگ، بەڵام مەیلێک لەلای ئیدارەی ترەمپ هەیە تاوەکو بتوانرێت دانوستاندن لەگەڵ رژێمی ئێستای ئێران هەبێت، ئەویش یەکەم دەبێت ئێران پشتیوانی ئەو میلیشیایانەی ناوچەکە نەکات کە هەڕەشە لە رۆژئاوا بەگشتی و گەلانی ناوچەکە دەکەن. ئەوەی لە یەمەن روودەدات بۆ نموونە، بەردەوامبوونی بۆردوومانی حوسییەکان بۆ ئامانجەکان نێو ئاوە نێودەوڵەتییەکان یان تەنانەت لە ناوچەکە یان ئیسرائیل، ئیدارەی ترەمپ ئەوە قبووڵ ناکات. دەتوانم بڵێم لەوانەیە ئاستەنگ لەبەردەم حوسییەکان هەبێت ئەگەر بەردەوام بن لەم بابەتە. بابەتی بارمتەکان لە غەززە، ترەمپ گوتوویەتی و ئەمە شتێکی نوێ نییە، دەبێت بە زووترین کات ئازاد بکرێن پێش ئەوەی خۆی بڕیارێک بدات کە رەهەندەکانی نازانین، بەڵام بڕیاری داوە و بەڕوونی گوتوویەتی ئەم بابەتە دەبێت یەکلایی بکرێتەوە، لەبەرئەوە دەبێت شەڕی غەززە کۆتایی پێبێت. سێیەم سەبارەت بە لوبنان، بێگومان بە روانگەی ئیدارەی ترەمپ دەبێت بڕیاری 1559 جێبەجێبکرێت واتە چەککردنی هەموو میلیشیاکان و رادەستکردنیان بە سوپای لوبنان. لەگەڵ ئەوەشدا دۆخێک لە نێو ئێران هەیە، ئەم دۆخە وەڵاممان نییە بۆی، بەڵام زۆر روونە کە بەردەوامبوونی سەرکوتکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێران و لەسێدارەدان و زیندانەکان، ئەمە تەنها بابەتێکی ئەمریکی نییە، ئێستا بووە بە نێودەوڵەتی. لەسەر بنەمای هەموو ئەوانە، ئەگەری ئەوە هەیە و ترەمپ گوتوویەتی لەوانەیە دانوستاندن بکات بۆ رێککەوتنێکی زۆر باشتر لە رێککەوتنی ناوەکی ئێران. ئەگەر رژێم بەم رێککەوتنە نەگەیشتە ئەوەی ترەمپ دەیەوێت، ئەوکات سیاسەتێکی جیاوازی ئەمریکا دەبینین.
رووداو: سەبارەت بە سووریا و دەستەی تەحریری شام، ئایا دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا ئەحمەد شەرع و دەستەی تەحریری شام لە لیستی تیرۆر دەردەهێنێت؟
وەلید فارس: کەس بە تەواوی نازانێت بە کام ئاراستەدا دەڕوات، وەکو گوتمان، ئەم هەڤپەیڤینە پێش چوونە سەرکاریەتی، بۆیە دەبێت چاوەڕێ بکەین، بەڵام گەلان پێش چوونە کۆشکی سپی وەڵامیان دەوێت. ئەمە دەڵێین: دۆخەکە لە سووریا رەگوڕیشەوە گۆڕاوە. رژێمی بەشار ئەسەد هەبوو، بوونی سەربازیی گەورەی رووسی هەبوو، میلیشیای ئێرانی لە نێو سووریا هەبوون، ئەو گرووپانەی کە لە دەستەی تەحریری شام کۆببوونەوە تەنها لە ئیدلب هەبوون، بەڵام لە دوای گۆڕانکارییە گەورەکانەوە، واتە دەرچوونی ئەم میلیشیایانە و دەستەی تەحریری شام بۆ حەلەب و شارە گەورەکانی سووریا و دەستبەسەرداگرتنی بڕیاری سیاسی دەوڵەتی سووریا، پێویستە بۆ ئەم بابەتە یاریدەدەرانی ترەمپ بڕیارێک بدەن یان راسپاردەی هەندێک بڕیار بکەن. ترەمپ هێشتا نەیگوتووە چ بڕیارێک دەدات، ئەو گوتوویەتی راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەم میلیشیایانە بە کردەوە کۆنترۆڵی زۆربەی سووریایان کردووە، نەک هەموو سووریا، هەروەها لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت. ئەو باسی ئەوەی کردووە کە سەرۆک ئەردۆغان دەناسێت، واتە هەوڵی دانوستاندن دەدات لەگەڵ دەوڵەتێکی ئەندامی ناتۆ کە تورکیایە. واتە دوو لایەنی سەرەکی لەم بابەتەدا هەن، لەوانەیە سێ: لایەنی یەکەم تورکیایە چونکە لە پشت دەستەی تەحریری شامەوە دەوەستێت و بەهێزی دەکات و پشتیوانی دەکات. دەوڵەتی ئیسرائیل هەیە کە ئێستا نیگەرانە لەوەی لە باشووری سووریا روودەدات، بۆیە لەوانەیە حکومەتی ئیسرائیلی بە کردەوە پشتیوانی هەندێک گرووپ بکات لەسەر زەوی تاوەکو ئەو میلیشیایانە زۆر لە گۆلان نزیک نەبنەوە. هەروەها سێیەم، وڵاتانی عەرەبی دوورن لە گۆڕەپانەکە بەڵام پێگە و هەڵوێستیان لای ترەمپ گرنگە. بێگومان گرووپە مەدەنییەکان لەسەر زەوی هەن. کێشەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەیە کە زۆرینەی کوردن و لەگەڵیان کەمینەی عەرەبی سوننە و مەسیحی هەن، لە باشوور درووزەکان هەن. هەروەها ئەوەی لە ناوچەی عەلەوی لە لازقیە و شوێنەکانی دیکە روودەدات. کەواتە دەبێت تیمی ترەمپ لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەم بابەتانە بکات تاوەکو سەرۆک لە دانوستانەکانی لە ناوچەکە لەگەڵ تورکیا و ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بتوانێت بڕیاری گونجاو بدات. ئامانجی ئەو جێگیرکردنی دۆخەکەیە، هەروەها دروستکردنی دۆخێکی ئاسایشی قبووڵکراوە. ئامانجی دووەمی ئەوەیە داعش نەگەڕێتەوە ناوچەکە. بێگومان بیستوومانە هەڵوێستێکی ئەمریکی دەبێت کە داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق دەکات بەردەوام نەبێت لە پێشڕەویی سەربازی و، بەڵکو دانوستاندن لەگەڵ ئەو لایەنانە بکات. بۆیە زیاتر ئەوەی دەبیستین ئەوەیە دانوستاندن لەگەڵ دەستەی تەحریری شام دەکرێت کە زۆر کەس لێرە لە واشنتن و لە کۆنگرێس تۆمەتباری دەکەن کە هێشتا لەسەر لیستی تیرۆری ئەمریکیدایە. بێگومان گفتوگۆ لەنێوان هەردوولا دەبێت، لەنێوان ئیدارەی سەرۆک ترەمپ و دەستەی تەحریری شام لەڕێگەی تورکیاوە. بەڵام لە بەرامبەردا داواکارییەکی ئەمریکی هەیە کە کارە سەربازییەکان لەم قۆناخەدا رابوەستێنرێن.
رووداو: گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا هێرش دەکەنە سەر کۆبانێ، تورکیا هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و خەڵکی مەدەنی دەبنە قوربانی. بەبڕوای تۆ ترەمپ رێگری لەو هێرشانە دەکات؟
وەلید فارس: بە وردبوونەوە لە دەوڵەتی ئەمریکا، هەروەها بەبڕوای من سەرۆکی هەڵبژێردراو ترەمپ ئەو بابەتەی لەبەرچاوی دەگرێت ئەوەیە کە هەموو شتێک بەهای خۆی هەیە. با خراپترین ئەگەرەکان دابنێین، ئەگەر سەرکردایەتی تورکیا لە ئەنقەرە و لە سەرووی هەموویانەوە سەرۆک ئەردۆغان بڕیاری کردەوەیەکی سەربازی گەورە بدەن لە ناوچەی کوردانی رۆژئاڤا یاخود هەسەدە، بەداخەوە ئەنجامگەلێک لەسەر زەوی روودەدەن کە هەمووان پێی رازی نابن، چونکە هەر شەڕێک بەتایبەتی لەنێوان دەوڵەتێکی ئەندامی ناتۆ و لایەنێک کە لەژێر پاراستنی هێزی سەربازیی ئەمریکادایە، سەردەکێشێت بۆ دۆخێک کە لە رابردوودا نەمانبینیوە. دەرئەنجامە سەرەتاییەکان لەسەر ئابووری تورکیا و بێگومان لەسەر ئابووری سووریا دەبن. ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە و ترەمپ توانای دانوستاندنی تێدا هەیە. دووەم، لەسەر زەوی ئەمە دۆخەکە یەکلایی ناکاتەوە، پێویستە بە کردەوە رێز لە تایبەتمەندییەکانی کورد بگیرێت، بەدەر لە رێکخراوە سیاسییەکان و کەمینەکانی دیکە، ئەمە راستییەکی حاشا هەڵنەگرە. ئەم لایەنە لە سووریا یارمەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدات لە رووبەڕووبوونەوەی داعش. ئەمە راستییەکە. ئایا لە داهاتوودا دەگۆڕێت؟ ئایا چارەسەرکردن لەنێو سووریا دەبێت؟ ئەمە ئێستا بابەتێکی دوورە، بەڵام ئیدارەی ترەمپ لە یەکەم رۆژەوە تاوەکو بکرێت کاردەکات بۆ راگرتنی ئاگربەست لەنێو سووریا و یەکلاییکردنەوەی رووبەڕووبوونەوەکان. بێگومان دەوڵەتی تورکیا داواکاری هەیە و ئیدارەی نوێش گوێیان لێدەگرێت. بەبڕوای من راستییەکی ئامادە لە سووریا هەیە. راستییەکە ئەوەیە کە هێزێکی سەربازی نوێ هاتووەتە دیمەشق. ئەمە راستییەکە و دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. من پێموایە کاری لەپێشینەی دەستەی تەحریری شام لە ناوخۆیە نەک لە بەرەکان لەگەڵ کورد یان درووز یان عەرەبی بەدەوی یان ئەوانی دیکە. ناوخۆ واتە کۆمەڵگەی مەدەنی سووری. ئەوەی ئێستا لە ڤیدیۆکان و لەو بەڵگانەی پێمان دەگەن دەیبینین ئەوەیە کە لە کۆتاییدا دەبێت شێوەی دەوڵەتی سووری یەکلایی بکرێتەوە. ئایا دەوڵەتێکی ناوەندییە کە فرەیی قبووڵ ناکات؟ ئایا دەوڵەتێکی ئایینییە کە لیبراڵی قبووڵ ناکات؟ ئەم پرسیارە گەورانە لەسەر لایەنەکان نین، دەکرێت دانوستاندن لەسەر لایەنەکان بکرێت. لێرەدا چاودێریی پەرەسەندنی پەیوەندییەکان دەکەین لەنێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و دەسەڵاتی ئێستا لە دیمەشق. ئەوەش زۆرێک لە پێشڤەچوونەکانی داهاتوو یەکلایی دەکاتەوە.
رووداو: پێتوایە ئیدارەی ترەمپ بەردەوامی دەدات بە هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات؟
وەلید فارس: ئەمە بابەتێکی تایبەت ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکی بووە سەرەڕای هەر ئیدارەیەک. چونکە پابەندبوونێکی ئەمریکی هەیە بە ئیدارەی ئێستا و بێگومان ئیدارەی داهاتووش بە چەندین بابەتەوە. یەکەم، هاوبەشی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەم دەسەڵاتە خۆجێییە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، واتە هەسەدە، کە بەشێوەیەکی بنەڕەتی و گەورە بەشداربوو لە رووبەڕووبوونەوەی داعش. ئەمە بابەتێکە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت. دووەم، مەترسی داعش هێشتا ماوە. کاتێک ئەمە دەڵێین شتێکی فۆلکلۆری نییە، ترسێک هەیە کە داعشەکان ئازاد بکرێن ئەگەر رووبەڕووبوونەوە رووبدات بەتایبەتی لەنێوان سوپای نیشتمانی سووریای پشتیوانیکراو لە تورکیاوە و هەسەدە. ئەگەر رووبەڕووبوونەوە روویدا، ترەمپ نایەوێت رووبەڕووبوونەوە رووبدات، بەڵام ئەگەر روویدا و هێزەکان لەسەر زەوی نەیانتوانی هەزاران شەڕکەری داعش کۆنترۆڵ بکەن، ئەمە کێشە دەبێت بۆ هەمووان. چونکە لەنێوان داعش و کورد و عەرەبی سوننە و مەسیحییەکان هێڵێکی روونی جیاکەرەوە هەیە، دەکرێت بزانرێت کێ کێیە، بەڵام ئەگەر داعش لە سووریا بڵاوبووەوە لەو شوێنانەی کە ئێستا هێزەکانی دەستەی تەحریری شام کۆنترۆڵی کردوون، ترسێک هەیە کە تێکەڵبوون رووبدات و نەزانرێت کێ داعشە و کێ داعش نییە لەنێو دەستەی تەحریر. ئەوکات بارودۆخەکە زۆر سەخت دەبێت. چونکە داعش دەتوانێت ئەم دەستەیەی ئێستا بخەڵەتێنێت. دەستە بەتوانا و بەهێزن، بەڵام وەکو لە 10 ساڵی رابردوودا بینیمان چۆن داعش چووە نێو بنکە سەربازییەکان و زۆر کەس نەیانتوانی بزانن ئەم رێکخراوە کێیە و رێکخراوەکەی دیکە کێیە و لە ئەنجامدا دەستەی تەحریری شام لەت بوون. ئەمە بابەتێکە دەستەی تەحریر دەیزانێت، تورکیا دەیزانێت و هەمووان دەیزانن کە کاری لەپێشینە کۆنترۆڵکردنی داعشە. ئەمەش پێویستی بە رێککەوتنی هەرێمی هەیە، لە دۆخی ئێستادا ئەم شوێنانەی کە هێزە داعشییەکانی تێدایە لە سووریا هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان. بەڵام ئەگەر ئەم کۆنترۆڵە نەما خودا دەزانێت چی روودەدات. بۆیە باشترە بۆ ئیدارەی سەرۆک ترەمپ کە دۆخی ئێستا کۆنترۆڵ بکرێت و سەیری چۆنیەتی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی داعش بکرێت. چونکە داعشی دووەم بەهێزتر و دڕندەتر دەبێت لە داعشی یەکەم.
رووداو: زۆر سوپاس
وەلید فارس: سوپاس